ئاڤێرنۆ

لە ئینگلیزییەوە: هیوا قۆچاڵی

تۆ دەمری کاتێک گیانت دەمرێ

ئەگینا، دەژی.

ڕەنگە شتێکی ئەوتۆش لە ژیان هەڵنەکڕێنی، لێ هەر دەمێنی-

شتێک کە دەستی خۆتی تێدا نییە.

 

کاتێک ئەمە بە منداڵانم دەڵێم

گوێم لێ ناگرن.

خەڵکی پیر، وادەزانن-

ئەمە ئەو شتەیە کە هەمیشە دەیکەن:

باسی ئەو شتانە دەکەن کە کەس نایانبینێ

بۆ شاردنەوەی ئەو خانانەی مێشکیان کە دەمرن

چاوێکیش لە یەکتر دادەگرن؛

گوێ لەو پیرە پیاوە بگرە، باسی گیان دەکات

چونکە ناتوانێ ناوی کورسی بیر بکەوێتەوە.

 

سەختە تەنیا بیت.

مەبەستم نییە بە تەنیا بژیم-

تەنیا بوون، بە جۆرێ هیچ کەس نەتبیستێ.

 

من ناوی کورسیم بیرماوە

تەنیا دەمەوێ بڵێم- چیدی خولیام نەماوە.

 

بە دەم بیرکردنەوە لەوە بە ئاگا دێم

پێویستە ئامادە بیت

بەمزووانە گیان دەستبەردار دەبێ-

هەموو کورسییەکانی جیهان فریات ناکەون.

 

دەزانم چم پێ دەڵێن کە لە ژوورێ دەچمە دەرێ

کە دەبێ بچمە لای کەسێ، کە دەبێ حەبێکی نوێی خەمۆکی وەربگرم

گوێشم لێیانە، بە چرپە، خەریکی دابەشکردنی نرخن.

 

منیش گەرەکمە بقیژێنم

هەمووتان لە خەوندا دەژین.

 

خراپیشە، وا دەزانن، کە دەمبینن لێکدەترازێم

خراپیشە بەبێ ئەو وانانەی ڕۆژانە بۆم دەڵێنەوە

وەک بڵێی مافی من بێ ئەو زانیارییە نوێیە بزانم.

 

دەی، ئەوانیش هەمان مافیان هەیە.

 

ئەوان لە خەوندا دەژین و من خۆم ئامادەدەکەم

ببم بە خێو. دەنگی خۆم بگەیەنم.

 

تەمەکە ڕەوییەوە-

چەشنی ژیانێکی نوێ:

ئێوە هیچ بەرژەوەندییەکتان لە ئاکامەکەیدا نییە؛

خۆتان ئاکام دەزانن.

 

بیری لێ بکەنەوە: شەست ساڵ دانیشتن لەسەر کورسی. ئێستاش گیانی نائەبەدی

ئاشکرا و بێ ترس دەگەڕێ بەدوای-

لادانی پەردە.

تا بزانرێ ئێوە خەریکن ماڵئاوایی لە چ دەکەن.

 

ئاڤێرنۆ: لە ناوی دێرینی ئاڤێرنوس وەرگیراوە. دەریاچەیەکی بچووک، دە میل لە ڕۆژئاوای ناپۆلی ئیتاڵیا. ڕۆمانەکان بە دەروازەی جیهانی هەناوی زەوییان دەزانی.

photo_٢٠٢١-٠٣-٢٨_١٧-٣٩-٤٥

سەرنجێک بنوسن