دووجار تەنیایی

ڕەش (وەک تاریکی)

ھەردوو دەستت خستە بن گوێیەکانت. پەنجەی دۆشاومژەت نوشتاندبوویەوە. پەنجەکانی ترت ئاوەڵا. پرچی زەردت لەسەر شانت پەخشان. ڕووخساری سپیت زەرد ھەڵگەڕاو. چاوی ڕەشت داخراو. لێوی تەنکت لەرزیوو. وردە وردە دەکشایەوە گۆشەی ژوورەکە. پێڵوی چاوی ڕاستت بەرز دەکردەوە. سەیری قەرەباڵغی ژوورەکەت دەکرد. دڵت خێرا لێی دەدا. ھاواریان دەکرد. ھاوارت دەکرد. دەگریان، دەگریای. پرچی خۆیان دەڕینیەوە. دەستت دەخستە بن گوێیەکانت. پێڵوی چاوی ڕاستت بەرز دەکردەوە. دەتبینین. نەیان دەبینی. خێرایی دڵت زیادی دەکرد. چوارمەشقی دانیشتی. گوێت لێیان بوو، دەیانقیژاند. گوێیان لێت نەبوو، دەگریای.  ئەوانە کێن؟ نەتدەزانی. چیان دەوێت؟ نەتدەزانی. لە ھیچ شتێک تێندەگەیشتی. زۆرجار تێناگەی. دەرگە بە قایمی دادەخەن. دەنگێ ڕاتدەچڵەکێنێت. پێڵوی چاوی ڕاستت بەرز دەکەیەوە. تاریکی. دەترسێی. دەقیژێنی. قیژەت لەگەڵ قیژەیان تێکەڵ دەبێت. دەگریت. فرمێسک بە ژێر پێڵوە داخراوەکانت دێنە خوارەوە. قەترە قەترە لەسەر برژانگت دەتکێنە سەر ڕووخسارت. لینجییەکی سپی لە لووتت دێتە خوارەوە، تێکەڵ بە فرمێسکەکانت دەخزێنە سەر لێوت. سوێری دەڕژێتە دەمت. دەرگە دەکەنەوە. ڕووناکی بە دەرگەدا دێ. پێڵوی چاوت بەرز دەکەیەوە. چەند پیاوێکی باڵابەرز. دەترسی. دەقیژێنیت. گوێیان لێت نییە. پێڵوی چاوی ڕاستت بەرز دەکەیەوە. پیاوە باڵابەرزەکان دەبینی. بەتانییەکی لولدراویان ھەڵگرت. بردیانە دەرەوە. ئەوانەی لە دەوریشی بوون ڕۆیشتن. دەرگەکەیان بە توندی داخست. ڕاچڵەکای. تاریکی. ترسایت. گریایت. وردە وردە دەنگی گریان و قیژەکە دوور دەکەوتەوە. تا بێدەنگی. تا تەنیایی.

 

ئاوێنە

لەبەردەمی ئاوێنە. پرچە زەردەکەمم دادەھێنا. لە ڕووخساری سپیمم دەڕوانی. سەیری چاوە ڕەشەکانمم دەکرد. بە زمانم سووراوم لەسەر لێوی تەنکم پەڕش دەکرد.

سووراوەکەم ھەڵگرت و ھاتمە لات. بەرانبەرم پێدەکەنیت. لێوە تەنکەکانتم ڕەنگ کرد. شانەیەکم ھێنا و پرچە زەردەکەتم داھێنا. کلم لە چاوەڕەشەکانت کرد. چوارمەشقی دانیشتی و دەخەنییەوە. دەستتەکانت بەرز کرد بووە، تا ئاستی گوێت. پەنجەی دۆشاومژەت نووشتاندبووە. وەک ھەموو جارێک.

ـ چەند جوانیت

ئاوینەیەکی بچووک دێنم. خۆتت نیشاندەدەم. پێدەکەنی.

نیوچاوانت ماچ دەکەم. ھەولدەدەم بچمە دەرەوە. بەدوامدا دێیت. لەنیوەی ژوورەکە، زنجیرەکە قاچت دەگرێت. ھەوڵدەدەی بەدوامدا بێیت، ناتوانیت. سەیرێکی دەکەی.  سەرێکی زنجیرەکە لە چوارپاکە بەسراوەتەوە و سەرەکەی تری قاچی چەپتی بەستۆتەوە. چەند ئاسانە گەر بتەوێت بیکەیتەوە. نایکەیتەوە. ناتوانیت. نازانیت. تێناگەیت. دەگەمە نزیک دەرگە.

ـ ئممـ ئممممـ 

پێت لە زەوی دەکوتی. خڕەی زەنجیر دێ. ھاوار دەکەی.

دەرگە دەکەمەوە، دەچمە دەرەوە. گوێم لە گریانت دەبێت. چاوەکانم دادەخەم. تەزووێک بە گیانمدا دێت. دڵم ژان دەکا. ئاھێک ھەڵدەکێشم. ئەوە ئیشی ھەموو ڕۆژێکمە.

 

سێو (دوولەتی وەک یەک)

دوو لەت بووین. دوو لەتی سەربەخۆ. یەک ڕەنگ، یەک باڵا. یەک جل. تا ئەو کاتەی مندال بووین. ئێستا جلەکانی من بە بەری تۆ گەورە. جلەکانی تۆ بە بەری من تەسک. جلەکانی تۆ چەند دەستە جلێک. جلەکانی من زۆر.

بەغیلم پێت دەبرد. زیاتر لە من، لە باوەشیان دەکردیت. زیاتر لە من ماچیان دەکردیت. زیاتر لە من داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکردیت. قاپی برنجەکەت سەرەونخوم بکردباوە، برنجەکەت بە چوار دەورت پەرش کردبا دەنگیان لەگەڵت نەدەکرد. چەند دنکە برنجێک لە قاپەکەم ڕژابا. لێیان دەدام، ھاواریان بەسەردا دەکردم.

ـ وەک بەشەر نان بخۆ.

دەگریام و خوانەکەم جێدەھێشت. کەس لای گرینگ نەبوو. یارییەکانتم شکاندبا لێیان دەدام. یارییەکانت شکاندبام، ھیچیان نەدەگوت. ئیتریان بۆ دەکڕییەوە. یارییەکانتم شکاندبا لێیان دەدام. یارییەکانمت شکاندبا ھیچیان نەدەگوت. ئیتریان بۆ نەدەکڕیم.

گەورەبوویت. گەورەبووین. ھەموو شتێک گۆڕا. جگە لە دایکم، کەس بەرگەی نەدەگرتیت. تاقەتیان لێت چوو. تەنیا دایکم وەک ھەمیشە خۆشیدەویستی. باوکمان، براکانمان، خوشەکەکانمان لێت ھەڵدەھاتن.

ـ ئەو ناوەی ھەموو کردۆتە خوێن. وەرە پاکی کەوە.

ـ ھاواری بەسەردا مەکە، ھیچ نازانێت.

ـ نازانم چیم کردووە، خودا تۆڵەم لێدەکاتەوە؟

دایکم بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە، دەیبردی بتشوا. بەزەیم پێتدا دەھاتەوە. چیتر خۆزگەم پێت نەدەخواست. چیتر بەغیلیم پێ نەدەبردی. چیتر ئێمە دووانە نەبووین. جلەکانم بە ئارەزووی خۆم دەکڕی. بە ئارەزووی خۆم دەڕۆیشتم. قسەم دەکرد.

چیتر سێوێک نەبووین کرابینە دوو لەت. ئیتر تۆ لەتێکی نەخۆش بوویت. لەتێک بوویت تەنیا شێوەت لە من دەچوو. لەتێکی چرچ.

 

دووانە

ئێمە چوار مانگان بووین، کاتێک زانیان تۆ ئاسایی نیت. دکتۆر بە باوکمی گوتبوو کە ئۆتیزمتە. باوکم گریا بوو. بە دایکمی گوتبوو، دایکم توند بە سینگی خۆیەوە نوساندبووی.

دکتۆر پێی گوتبوون، دەبێ بە ئارامی ھەڵسوکەوتت لەگەڵ بکەن. نازی زیاترت پێبدەن. خۆشیان بووێیت.

ببووین بە دە ساڵی میزم لەبنە خۆم نەدەکرد. دایکم ھەوڵی دەدا فێرت بکا، کە میزت ھات بچیتە سەر ئاو. فێر نەبوویت. فێری کردی بانگی بکەی، بتبا میزت پێبکات.

درەنگتر لە من بەسەر پێکەوتبووی. درەنگ فێربووی بڕۆیت. فێربوویت دەڕۆیشتیت. بەڵام بۆ کوێ؟  نەتدەزانی. ملی ڕێگەت دەگرت و دەڕۆیشتیت. ون دەبوویت. باوکم بێزار ببوو، لە ڕۆیشتنت. بە زەنجیر تۆی بەستەوە.

چوومە بەر خوێندن. بەدوامدا دەگریایت. دایکم دەفتەرەکانمی دەخستە ژێر دەستت. دەیویست فێرت بکا، چۆن قەڵەم بگریت. فێر نەبوویت. فێر نەبوویت، چوار پەنجەت لە دەوری قەڵەمەکە دەنووشتاندەوە. ھێڵت بەناو دەفەتەر و کتێبەکاندا دەھێنا. توڕە دەبووم. دەگریام. دایکم بەڵێنی پێدەدام دەفتەری ترم بۆ بکڕێت. ژیر دەبوومەوە. ھاوڕێکانم دەھاتنە ماڵەوەمان. ھاوڕێت نەبوو.

  دایکم خۆشەویستی پێدەبەخشی. دایکم وەک ھەر ژنێکی تر بوو لات. ھیچ ھەستێکت بۆی نەبوو. باوەشی پێتدا دەکرد. دەیگوشیت. ماچی دەکردی. دەستەکانت شۆڕ دەکردنەوە.

 

مەرگ

زەنگی مۆبایلی ھاوسەرەکەم لێیدا. وەڵامی دایەوە. ڕەنگی گۆڕا. پەشۆکا.  مۆبایلەکەی داخستەوە.

ـ خۆت بگۆڕە، بابچینە ماڵی باوکت.

ـ چی بووە؟ بۆ ڕەنگت تێکچوو؟

ـ ھیچ ھیچ، خێراکە با بڕۆین.

ـ نا نا، شتێک بووە، چیم لێدەشارییەوە؟

لووتی خوراند. کراسە ڕەشەکەی لەبەر کرد.

ـ ھیچ نەبووە نا، دایکت کەمێ ناساغە.

ـ درۆ دەکەی مردووە.

ھیچ وەڵامی نەدامەوە. لەقیژەم دا. پرچی خۆم ڕنییەوە. دڵی دامەوە. ماچی کردم. باوەشی پێدا کردم. دەستی منداڵەکانم گرت و خێرا چوومە ناو ئۆتۆمبێلەکە. بە خێرای دەیھاژووشت.

کە گەیشتینە بەر دەرگە. براکانمم بینی دەگریان. دابەزیم. بەرەو ڕووم ھاتن. باوەشیان پێدا کردم. بە خێرایی ڕووە و ناو ماڵەکە چووم. لە ژووری نووستن درێژیان کرد بوو. چوومە سەر سەری. خوشکەکانم دەگریان. دەیانقیژاند. پرچی خۆیان ڕادەکێشا. باوەشم پێیدا کرد. ماچم کرد. براکانم ھاتنە ژوورەوە. دەرگەکەیان بە تووندی داخست. توڕە بوون.

ـ لە دوێنێ شەوێوە مردووە. کەس نەیزانیووە.

ـ کە باوکم مرد، دەبوو بیبەینە لای خۆمان. بە تەنیا ئەو ژنە لێرە بێت ھەروای بەسەر دێت.

بەتانییەکی شینیان ھێنا. دایکمیان ھێنا و لێیان پێچاوە. بردیانە دەرەوە. لەگەڵی ڕۆیشتین. شوشتمان. کفنمان کرد. ناشتمان.

 

لانە

کە دایکم مرد. تۆمان بیر نەبوو. لە ژوورەوە جێمانھێشتی. ئێوارە برایەکەم تۆی بیرھاتەوە. خواردنی بۆ ھێنای. لە ھیچ تێنەدەگەیشتی. دەگریاین. نەدەگریایت. لە براکەم، لە براکانمان، لە من، لە خوشکەنمان دەکشایتەوە. دەترسایت. خواردنەکەی لە پێشت دانا. خواردت. سێ ڕۆژی پرسە. ئێواران خواردنمان بۆ دەھێنای. نەماندەتوانی لەگەڵ خۆمان بتبەین. نەماندەتوانی لەگەڵت ھەڵکەین. بەرگەمان نەدەگرتی.

ـ چی بکەین؟

ـ خانەیەکی تایبەت بەو جۆرە نەخۆشانە ھەیە. ئەوانەی ئۆتیزمیان ھەیە چاودێریان دەکەن.

ئێرە باشترە بۆ تۆ. ئێرە لانەی تۆیە. ئیتر زەنجیر لە پێتدا نییە. یاری دەکەیت. دایکـمت لەلا نییە. ئافرەتانی ئێرە گرینگیت پێدەدەن. دەزانم لەلات ھیچ جیاوازییەکی نییە. دایکم یان ئافرەتێکی تر بێت. نانەکەت دەخۆیت. یاری دەکەیت. دەتشۆن. جەلەکانت دەگۆڕن. ھیچ ھاوڕێیەکت نییە. تەنیای، بەڵام لە تەنیایی ناگەیت. پارەی کارکەناری باوکم، مانگانە دەدەینە ئەو خانەیە. بە باشی ئاگایان لێتە. دەزانم ئەو قسانەم بۆ تۆ قسەی بێمانان. تۆ لە ھیچ شتێک ناگەیت. من دەگریم و تۆش زەردەخەنە لەسەر لێوەکانتە. من لێرە دەڕۆم و فرمێسک بە چاوانم دێنە خوارێ. تۆ ئیتر لەدوای من ناگریت. چوار مانگە یەکترمان نەدیبوو. باوەشم پێدا کردی. ماچم کردی. دەستتەکانت شۆڕکردنەوە. ھیچ کاردانەوەیەکت نەبوو. نازانم ئێستا دەمناسییەوە یان نا؟ بەڵام دڵخۆش دیاریت. دڵخۆش بە.