١. کەسێک کە بە دەستێکی عەلاگەیەکی هەڵگرتبێت، بەنێو قەرەباڵغییەکدا بڕوات و لەنێو ئەو کەسانەی کە بەرامبەریان دەڕوات، لەتەنیشتیانەوە دەڕوات، بەلایاندا دەڕوات، لەخواریانەوە دەڕوات، کەسێکیان سەرنجی ئەوە بدات کە ئەم کەسە ملی کەمێک بەرەو لای ئەو دەستەیدا کە عەلاگەکەی پێ هەڵگرتووە لار کردووەتەوە و ئەم دیمەنە کاری لێ بکات.
٢. گرنگ نییە کەسەکە کە سەرنج دەدات چۆنبێت، تەنیا بەتازەیی عەلاگەیەکی ون نەکردبێت. لە کاتی سەرنجدانەکەشدا ئاسایییە خەریکی هەرشتێک بێت: بۆ نموونە وەرگرتنەوەی باقییەکی دڕاو لە دوکاندارێک.
٣. سەبارەت بە کارتێکردنەکەش، بەجۆرێک بێت کە کەسەکە هەر لە هەمان ڕۆژدا – هەتا گەر بۆ چەند دەقەیەکیش بووبێت – بیر لە هەموو ئەو مللارکردنەوانە بکاتەوە کە لە ژیانیدا بینیویەتی: دەتوانێت بە مللارکردنەوەی باوکی دەست پێ بکات بەسەر تەرمی مامیدا بەدەم گریانەوە، یانیش بەدەم پێکەنینەوە مللارکردنەوەی منداڵانی گەڕەک بەسەر تەرمی سەگێکدا، دوای ئەوەی کە بەردیان تێ گرتووە. لەگەڵ هەرکامیاندا بوو، مللارکردنەوەکانی خۆیشی بیر بکەوێتەوە، کاتێک بەرامبەر خۆشەویستەکەی وەستاوە و چاوی کەوتووەتە سەر دەمارە شینە وردەکانی پێڵووەکانی.
جگە لە وێنە، چەند جارێکیش دەنگی جۆراوجۆر بێتە بەر گوێی کە هەموویان یەک شت دەڵێنەوە: «ملت یەکتۆز ڕێککەرەوە»، بۆی جیا نەکرێتەوە دەلاکن خاوەنی ئەو دەنگانە یان وێنەگر و ئەمە وای لێ بکات کەمێک پێ بکەنێت.
٤. گەر بە هەر هۆکارێک نەتوانێت دەرفەتێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە بینیویەتی، ئەوا خەونێک ببینێت کە تێیدا مرۆڤەکان، بە ناسیاو و نەناسیاوەوە، لە بارودۆخی ئاسایی و نائاساییدا، ملیان بە بەردەوامی لارکردبێتەوە. بە ترسەوە خەبەری بێتەوە، یەکسەر دەست بۆ ملی ببات و بۆ یەکەمینجار لە ژیانیدا، هەست بە خزییی پێستی ملی بکات.
٥. لە شوێنێکدا کە پەیوەندیی لەگەڵ یادەوەرییەکانیدا دەپچڕێت یان دەیەوێت بپچڕێت، خەیاڵی ئەم چەند چیرۆکە بکەونە سەرییەوە:
چیرۆکی یەکەم: بۆ ماوەیەکی نادیارە ئەشکەوتنشینێک لە تاریکیدا ملی لارکردووەتەوە و بەوردی گوێ لە دەنگی شکان و توانەوەی ئەو سەهۆڵ و بەفرە دەگرێت، کە لە دوای هەرەسێکی چاوەڕواننەکراوەوە، دەرگای ئەشکەوتەکەیان گرتووە.
چیرۆکی دووەم: ئەکتەرێکی شانۆ لە میانەی نمایشێکدا بەڕێککەوت چاوی دەچێتە سەر یەکێک لە ئامادەبووان کە ملی لار کردووەتەوە و لە جێیەک دەڕوانێت لە پشتی ئەمەوە. کاتێکیش ئاوڕ دەداتەوە، سێبەری خۆی دەبینێت بە دیواری پشتی تەختەی شانۆکەوە. لە بەردەوامی نمایشەکەدا، بێ ئەوەی بهێڵێت کەس پێی بزانێت، ئەکتەرەکە بۆ هەمیشە شوێنی خۆی لەگەڵ سێبەرەکەیدا ئاڵوگۆڕ دەکات.
چیرۆکی سێیەم: جادەکان کراونەتەوە بەڵام باوکی دەڵێت خۆی دێت بەدوایدا. خۆپیشاندانەکەیان کۆتایی پێ هێنراوە. لە ڕێگای ماڵەوەدا، کە بۆ ئەو ناکۆتا دەردەکەوێت، هیچ شتێک لە نێوانیاندا ناوترێت. هەست دەکات چیتر بەرگە ناگرێت، جامی پەنجەرەکەی دەهێنێتە خوارەوە و ملی بۆ دەرەوە لار دەکاتەوە؛ نمەنمە باران دەبارێت.
٦. گەر نەیتوانی خەیاڵ بە هیچەوە بکات، بڕوات بۆ تەوالێت و بێ ئەوەی بە خۆی بزانێت ملی لار بکاتەوە؛ بەدیار سەیرکردنی ئاوی ڕۆشتووی نێوان کاشییەکانەوە.
٧. هەرکاتیش هەستی کرد گەشتووە بە دواسنووری خەیاڵی خۆی، ئەوسا هەوڵ بدات بیر لەو مانایانە بکاتەوە، یان هەتا ئەو هەستانەی کە دەکرێت لەو جووڵەیەدا ئامادەییان هەبێت. بگات بە دەرئەنجامی جۆراوجۆر، هەتا دژبەیەکیش، بەڵام توانای سەلماندنی هیچیانی نەبێت؛ سەرەڕای ئەوەی دەزانێت هەمووشیان دەتوانن ڕاست بن.
٨. ماوەیەکیش بیر لەو ژمارە زۆرە لە جنێو، سووکایەتی و دۆعایانە بکاتەوە کە دوور و نزیک پەیوەندییان بە ملەوە هەیە. پێی وابێت کردنی ئەوە یارمەتی دەدات لە نزیکبوونەوەی زیاتر لە بابەتەکە لە گۆشەیەکی ترەوە، کە خۆیشی نەزانێت دەکەوێتە کوێوە.
٩. بە تێپەڕینی کات لەم ڕووداوە و هەموو ئەو بیر و خەیاڵانەی کە لەگەڵ خۆیدا هێنای، تەنیا وێنەیەکی بۆ بمێنێتەوە؛ وێنەیەک کە دوای دیارنەمانی هەموو وێنەکانی تر دەربکەوێت: ژنێک لە سووچێکی حەوشەیەکدا ملی لار کردووەتەوە و لە تەنکی سەربانەکەیان دەڕوانێت.
شەوێک کە بای بێت، لە پارکێکدا لەسەر کورسییەک دابنیشێت و بیر لە سەرچاوەی ئەو وێنەیە بکاتەوە.
١٠. پاسەوانی ئەو شەوەی پارکەکە لەسەر یەکێک لەو کورسییانەی کە بە لایاندا دەڕوات، بە بەردەمیاندا دەڕوات، بەرەوڕوویان دەڕوات، کەسێک ببینێت کە چاوی داخستووە، هەر لەو کاتەدا با لقێکی درەختەکەی تەنیشت کەسەکە تا نزیک ملی لارەوەبووی بچەمێنێتەوە؛ بۆ پاسەوانەکە وا دەربکەوێت وەک بڵێی سەریان خستبێتە سەر شانی یەکتر و، ئەم دیمەنە کاری لێ بکات.
***
بە ئاڕاستەی ئاوی وەستاودا
لە سووچێکی حەوشەیەکدا ژنێک بە قۆلی هەڵکراوەوە نیگا و ملی بەنێو مێوێکدا لار کردووەتەوە، کە بووە بە چەرداخ بۆ سەر چەند پارچە ئاسنێکی ڕایەڵکراو و سێبەرێکی تەنکیش بۆ ئەو نیوەڕۆیە و لە تەنکی سەربانەکەیان دەڕوانێت.
«ئاخۆ زۆری مابێ پڕبێ؟»
ژنەکە لەبەرخۆیەوە وا دەڵێت و کۆترێک لە سووچێکی تری حەوشەکەدا، ملی لە دانەوینەوە ڕووەو وردەنانەکانی بەردەمی دەوەستێنێت؛ بۆ کەمتر لە چرکەیەک.
وردە وردە لێوەکانی ژنەکە لە یەکتری دادەبڕێن، وەک نیشانەی دەستپێکردن بە حساباتێکی ڕۆژناڕۆژانە، کە دوای چەندین ساڵ هێشتا بۆی وەک یەکەمجار وایە؛ حساباتێک کە ئەنجامەکەی بەدەگمەن نەبێت بەو جۆرە دەرناچێت کە لەسەری ئەودا بووە، لانیکەم بە هەمان ڕیزبەندی:
یەکەمجار شۆرینەوەی عەرز و دیواری تەوالێتەکە، لەگەڵ بەردانەوەی ئاوەکە بۆ نێو تەشتەکە و جێهێشتنی، دواتر شۆرینەوەی نێو ڕاڕەوەکە، هاوکات لە ڕاڕەوەکەدا سڕینەوەی ئاوێنەکە، پێش دەستکردن بە شۆرینەوەی حەمامەکەش ڕۆشتن بۆ مەتبەخەکە و پڕکردنەوەی ئاوی بەڕادەکە، هاوکات بەردانەوەی ئاوی سەر سنگەکە بۆ نێو سوراحییەک و لە سوراحییەکەوە بۆ نێو سەماوەرەکە، دوای ئەوە گەڕانەوە بۆ شۆرینەوەی حەمام و پێش بەتەواوی تەواوکردنی حەمامەکە، ڕۆشتنەوە بۆ مەتبەخەکە و خستنە سەر ئاگری ئەوەی لە نانی ئێوارە ماوەتەوە و گەڕانەوە بۆ حەمامەکە، بەڵام پێش ئەوە گرتنەوەی ئاوی تەوالێتەکە، لە کۆتاییشدا تەواوکردنی حەمامەکە…کوژاندنەوەی ئاگری ژێر خواردنەکەش.
بێ ئەوەی فریا بکەوێت هەست بە وشکبوونەوەیان بکات، لێوەکانی ژنەکە لەنێوان ئەم بەشەی حساباتەکە و بەشی دواتردا، بەر یەک دەکەون و سەرلەنوێ جیا دەبنەوە:
دوای پڕبوونی تەنکی سەربانەکە کۆتا شت پڕکردنی چەند سەتڵەکەی حەوشەکە، پێش ئەوە ڕاکێشانی سۆندەکە بۆ ژێر درەختەکان لە هەمان کاتی شۆردنەوەی حەوشەکە و کۆکردنەوەی گەڵا وەریوەکاندا، کەمێک پێشتریش فێنککردنەوەی سەکۆکە، ئینجا یەکەم شت: پرکردنی تەنکی حەوشەکە.
بە تێکەڵبوونی بیرکردنەوە لە ئەگەری ئەوەی ئاویان لێ ببڕێت و بیرکەوتنەوەی ئەو چەند جارە کە لە مەودای ئەو چەند ساڵەدا ئەوە ڕووی داوە، لێوە لە یەک دوورەکانی لەرەیان تێ دەکەوێت، وەک لەرینەوەی چڵی درەختەکانی حەوشەکە دوای هەڵفڕینی هەر چۆلەکە پاسارییەک؛ بۆ زیاتر لە چرکەیەک.
وا بڕوات ئەمڕۆش بە شۆرینەوەی بەردەرگاکەیان ڕاناگات، سەرەڕای ئەوە هێشتا ئومێدەوارە و لە حساباتەکەیدا جێیەکی بۆ دەکاتەوە؛ کەم ئەو ڕۆژانەی نەدیوە کە پەرجوویەک بووەتە هۆکار تا ئاوەکە درەنگتر ببڕێت و فریای شۆرینەوەی بەردەرگاکەیان بکەوێت.
«باشە گوڵەکانم ئاو یاوە.»
بەوپەڕی دڵخۆشییەوە، بەڵام بێ نیشانەی پێکەنینێک، لە کۆتا لەبەرخۆوە قسەکردنی ڕۆژەکەیدا وا دەڵێت، ئەمجارە بەڵام بێکاریگەر لەسەر جووڵەی ملی کۆترەکە.
ملی ژنەکە وردە وردە ڕێک دەبێتەوە؛ تەنکی سەربانەکە پڕبووە و لێی دەڕژێت. زۆری پێ ناچێت تا دەزانێت ئەوەی لێی دەڕژێت ئاو نییە. هەر لەو کاتەدا لە ماڵەکەی ئەوبەر دەنگی هاوارێک دێت.
تاکە شتێک لەو چرکەیەدا ژنەکە بتوانێت بیری لێ بکاتەوە ئەوەیە کە هەمدیس پلانەکەی تێكچووە.