١
لە سوورەدێ
بۆ لێکردنەوەی گوێزێ
دەبێ پیاسەی سەرگەینێڵ بکەی
لە پیرە پیاوێ بپرسی
کام پیرەدار بوەشێ؟
باپیرم
گەر خەیاڵێ نەیبردبێ
بە بزووتنی پێڵووی چەپی
شەرم دەتگرێ
جا..
بە دەنگەژێی سەدەیەیەک لەمەوبەرەوە:
“لە قەندیل
دار و بەرد مانی گرتووە.”
٢
باپیرم
ساڵانی شەڕ
هەر توتنی دەچاند
کوڕی ئەو خەڵکی دەکوشت
من
دێراو دێرو
بەدوای شەمامەوە بووم.
پەراوێز:
سوورەدێ و سەرگەینێڵ دوو گوندی هەڵدێری قەندیلن.
