سەمای جاڵجاڵووکە
دوو چیرۆک
چیرۆکی یەکەم
“سەمای جاڵجاڵووکە”
یه‌ک، دوو، سێ… به‌رده‌وام ژماره‌کانی ئاسانسۆڕ به‌ره‌و سه‌رێ ده‌چوو… هه‌ستم ده‌کرد باڵنده‌یه‌کی به‌رزه‌فڕم، یه‌که‌م ڕۆژی ئیش دڵه‌خورپه‌ی پێ خستبووم… ده‌چووم به‌ره‌و نووسینگه‌ی خاوه‌ن کاره‌که‌م، هه‌رچه‌ند به نابه‌دڵی ئه‌م ئیشه‌م هه‌ڵبژاردبوو، به‌ڵام پاره‌کەی باش بوو.
گه‌یشتمه نهۆمی سه‌رێی باڵاخانه‌که، له په‌نجه‌ره‌کانه‌وه ته‌واوی شارم لێ دیار بوو، له‌وسه‌ره‌وه مرۆڤه‌کان ده‌تکوت مێروون، چکۆله و ته‌نیا، هه‌ریه‌کی به لایه‌کدا ده‌ڕۆیشتن، خۆزگه نووسینگه‌ی منیش له‌م نهۆمه یاخۆد له نهۆمێکی سه‌ره‌وه بایه.
چوومه ناو ژووری به‌رپرسه‌که‌م، کە قسه‌کانمان ته‌واو بوو لەگهڵم هات تا ژووری ئیشه‌که‌م نیشان بدات، چووینه ناو ئاسانسۆڕ، خۆزگه‌م ده‌خواست زۆر نه‌چینه خوارێ. هه‌رچه‌نده ئیشه‌که‌م به دڵ نه‌بوو، به‌ڵام باڵاخانه‌که تا بڵێی دڵگیر بوو… یه‌ک نهۆم، دوو نهۆم، سێ نهۆم… به‌رده‌وام ده‌چووینه خوارێ.
به‌رپرس ڕۆیشت و له ژووره‌که‌م به‌جێی هێشتم، له ژێرخان، ژوورێکی تاریک، سارد، دیواره‌کانی په‌ڵه‌په‌ڵه ڕووخاو، سهندهڵییهکی دارین، مێزێکی ئاسنین، بنمیچێکی پیس.
به‌رپرسه‌که‌م به‌ڵێنی پێدام زۆر زوو ژوورێکی خاوێنترم بۆ دابین بکات. ته‌واو له ئیشه‌که‌م سارد بوومه‌وه.
ڕۆژێ 10 تا 15 که‌س سه‌ردانیان ده‌کردم. منیش ئیشهکانیانم جێبەجێ ده‌کردن. زۆر به ته‌نیا ده‌مامه‌وه، هاوڕێیهک نه‌بوو له ته‌نیشتم له‌گه‌ڵی بدوێم. له‌و هۆڵه گه‌وره‌یه ته‌نیا نووسینگه‌ی منی لێ‌بوو. کاتێک موشته‌رییه‌ک ده‌هات پڕ به دڵ شاد ده‌بووم. قه‌ت بیرم نه‌ده‌کرده‌وه ڕۆژێک من به‌م جۆره له دیتنی مرۆڤه‌کان هه‌ست به خۆشی بکه‌م.
حه‌وتوویه‌ک تێپه‌ڕ ببوو، ته‌نیا بووم، لەپڕدا جاڵجاڵووکه‌یه‌کی زل و ناحه‌ز لەژێر مێزه‌که وه‌ده‌ر که‌وت.
تا چاوم هه‌ڵێنا له ترسان گه‌یشتبوومه سه‌ر مێزه‌که… باش بوو که‌سی لێ نه‌بوو ده‌نا حه‌یام ده‌چوو… تا خۆم کۆ کرده‌وه و هاتمه خوارێ جاڵجاڵووکەکە دیار نه‌ما.
ڕۆژی دواییش جاڵجاڵووکهکه، لەسه‌ر دیوار، خۆی وه‌دیار خست، ئه‌مجار ئازا بووم، به له‌تێک کاغه‌ز که‌وتمه دوای تا بیکوژم، به‌ڵام هه‌ڵات، که‌سێکم دیت له دووره‌وه ده‌هات، خۆم ڕێکوپێک کرده‌وه و چوومه‌وه سه‌ر مێزەکەم.
ئه‌گه‌ر که‌سێک ده‌هات ده‌بوومه به‌رپرسی نووسینگه، که ده‌ڕۆیشت ده‌بوومه ڕاوچی جاڵجاڵووکه.
دوای چه‌ند ڕۆژێک نه من ڕاوچییه‌کی چاکم لێ ده‌رهات، نه جاڵجاڵووکهکهش وازی دەهێنا… به‌رده‌وام ده‌هات و ده‌چوو، منیش سه‌یری هه‌نگاوه‌کانیم ده‌کرد. دڵه‌خورپه‌ی ئه‌وه‌م هه‌بوو نه‌کا بکه‌وێته ژێر پێی که‌سێک؛ بێئه‌وه‌ی خۆم بزانم، ببوومه هاوڕێی جاڵجاڵووکهکە…
هاوڕێ چکۆله‌که‌م ده‌هاته سه‌ر مێزه‌که، بەسه‌ر لاپه‌ڕه‌کاندا ده‌هات و دەڕۆیشت، جارجار به ده‌وری پێنووسهکهمدا ده‌هات، منیش یاریم لەگه‌ڵ ده‌کرد. ده‌تکوت به ده‌وری پێنووسهکهمدا سه‌ما ده‌کات. پێنووسم به ده‌وریدا ده‌هێنا، ئه‌ویش لەگه‌ڵی ده‌سووڕا. ئیدی پێم خۆش نه‌بوو که‌س سه‌ردانی نووسینگه بکات، پێم‌خۆش بوو ته‌نیا من و هاوڕیکه‌م بین؛ هاتنی مرۆڤ ده‌یترساندم، نه‌کا هاوڕێکه‌م پان بکه‌نه‌وه.
ڕۆژێک پێش ئه‌وه‌ی بچمه سه‌ر ئیش، له شووشه هێلانه‌یه‌کی چکۆله‌م بۆ هاوڕێکه‌م ساز کرد تا بتوانم لەگه‌ڵ خۆم بیبه‌مه‌وه ماڵێ.
دیاریم بۆ هاوڕێکه‌م ده‌برد، کاتێک ده‌رگای نووسینگهم کرده‌وه، لەپڕ ده‌تکوت ته‌واوی نهۆمه‌کانی باڵاخانه‌که به سه‌رمدا ڕووخا.
نووسینگه‌یان بۆ ڕه‌نگ کردبووم، ته‌واوی کون وکهلێنهکانیشیان گرتبوو.
به هێلانه‌ی به‌تاڵه‌وه نووسینگهم به جێهێشت و قه‌ت نه‌چوومه‌وه سه‌ر ئه‌و ئیشه.
چیرۆکی دووەم
“ئێواره”
له جاده‌ێ ده‌رەوه‌ی شار خه‌ریكی هه‌ڵاتن بووم، هه‌موو ئێوارهێهك به‌م ڕێگایه‌دا هه‌ڵده‌هاتم. جلوبه‌رگی وه‌رزشم له‌به‌ردا بوو… نیوه‌ێ ڕێگام بڕیبوو… منداڵانی یه‌كێك له گونده‌كانی سه‌ر ڕێگاكه پۆل پۆل یاریان ده‌كرد. به‌شێكیان تۆپێن… هەندێكیان زۆرانبازی… پۆلێکیشیان هه‌ڵات هه‌ڵات، ده‌نگی پێكه‌نین و ههراوهوریایان تێکەڵ بە ده‌نگی باڵنده‌كان، ئێوارهێهكی پڕ له خۆشی بۆ من ساز كردبوو.
له‌پڕدا ژنێكی لاوم دیت، به گریانه‌وه به‌رەو ڕووی من ده‌هات. فرمێسك له‌سه‌ر ڕوخساری بوو. ساردبوومه‌وه… ڕاوه‌ستام، ئه‌ویش ڕاوه‌ستا. چاوی له من ده‌كرد. لێی چوومه پێشێ. جلوبهرگەکەی شپرزە بوو.
“داده گیان بۆ ده‌گری… چی بووه؟”
به هەنسكه هەنسكهوه كوتی “منداڵه‌كه‌م… پێكه‌وه له‌و سێڕایە[1] بووین، نازانم له كوێدا لێم ون بوو… ده‌ترسم وه‌به‌ر ماشین كه‌وتبێ… یان ڕفاندبێتێان.”
سێڕاکەی نیشاندام. ڕێگایه‌كی بهرهوگوندێك ده‌چوو، دوو ڕێگاكه‌ی دیكه‌یش ئه‌و جادهیە بوو كه من هه‌موو ئێواره‌یه‌ك پێیدا ده‌هاتم.
“هیچ نییه داده‌گیان، پۆلێكی زۆر منداڵ له نزیك سێڕاكه خه‌ریكی یاری بوون، ڕه‌نگه چووبێته لای ئه‌وان.”
“سێڕاكه زۆر دووره… منیش وا زوو ناگه‌مێ، چی بكه‌م؟”
كوتم: داده گیان، من به هه‌ڵاتن ده‌رۆم به‌رەو سێڕاكه. تۆێش ورده ورده وه‌ره. تا تۆ ده‌گه‌ی، من منداڵه‌كه‌ت ده‌دۆزمه‌وه.
ژنه‌م به‌جێهێشت و به هه‌ڵاتن به‌ره‌و سێڕاكهگهڕامهوه. خۆزگه‌م ده‌خواست منداڵی ئه‌و ژنه هه‌ژاره ببینمه‌وه.
كاتێك گەیشتمه سێڕاكه، چووم به‌ره‌و لای منداڵه‌كان، تازه وه‌بیرم هاته‌وه، ناوونیشانی منداڵی ژنه‌م نه‌پرسیوه، ته‌نانه‌ت نازانم كچه یان كوڕ. چوومه ناو منداڵه‌كان. سه‌یرم كردن. هه‌موویان خه‌ریكی یاری بوون. به ده‌نگی به‌رز هه‌رام كرد:
“كێ دایكی ون كردووه؟ كێ دایكی به جێیهێشتووه؟”
كه‌س وه‌ڵامی نه‌دامه‌وه. له‌پڕدا ژنه‌م بینی. زۆر له من زیاتر رۆشتبوو. له‌ناو پۆلێكی دیكه‌ی منداڵاندا، له منداڵه‌كه‌ی خۆی ده‌گەڕا. زۆرم پێ سه‌یر بوو. چۆن گەیشتووه‌ته ئه‌وێ. من زۆر خێرا هه‌ڵده‌هاتم… به‌ڵام دایكه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی منداڵ، وره‌ی پێداوه. به‌ره‌و لای ژنەکە چووم.
“داده گیان، منداڵه‌كه‌ت نه‌دییه‌وه؟”
“نا، دیار نییه… تكات لێ ده‌كه‌م، بیدۆزه‌وه بۆم. ئه‌گه نه‌یدۆزمه‌وه… ئه‌گه كاره‌ساتێكی به‌سه‌ر هاتبێ. چی وه‌ڵامی مێرده‌كه‌م بده‌مه‌وه. تكات لێ ده‌كه‌م بیدۆزه‌وه.”
“داده… نهتكوت ناوی منداڵه‌كه‌ت چییه؟جلوبه‌رگی چۆنی له‌به‌ر دایه؟”
تا سه‌رم هه‌ڵێنا، ژنه چووبووه لای پۆلێكی دیكه. ئه‌و ژنه زۆر خێرا ده‌ڕۆێشت. به هه‌ڵاتن چوومه لای ژنه‌كه، پرسیارم لێ كرد؟
“په‌یات نه‌كرد؟ ناوی چییه؟ چی له‌به‌ر دایه؟”
ژنه هاته بهرامبەرم، قۆڵی گرتم، به‌گریانه‌وه دهیكوت “تكا ده‌كه‌م منداڵه‌كه‌م بدۆزه‌وه”
“باشه نێوی چییه؟”
ژنه دهێقیژاند و به‌رده‌وام ده‌كوت
“منداڵه‌كه‌م… منداڵه‌كه‌م”
منداڵان ههریەكێ به لایه‌كدا ڕۆیشتن. ژنه‌یش به دوایاندا ده‌ڕۆشت… چاوی لێ ده‌كردن و ده‌گەڕا… له سێڕاكه منداڵان به‌ره‌وگوندی خۆێان ده‌ڕۆشتنه‌وه. ژنهیشم دیت به پێكه‌نینه‌وه له‌گه‌ڵیان ده‌ڕوا….
زۆرم پێ خۆش بوو، وا دیاره ژنه منداڵهكهێ دۆزیوه‌ته‌وه. به هه‌ڵاتن به‌ره‌و شار ڕۆشتمه‌وه. نزیك شار ببوومه‌وه. ماشینه‌كان چراكانیان هه‌ڵكردبوو. هه‌موو كات تاریك و ڕوونی ئێواره دهگەیشتمهوه ماڵێ، به‌ڵام ئه‌مشه‌و دواكه‌وتم. له‌پڕدا له‌وبه‌ری دیكه‌ی جاده‌كه له پشت ماشینێكی گه‌وره، ژنه‌م دیت كه هه‌ڵده‌هات. ڕاوه‌ستام چاوی لێكه‌م، به‌ڵام كه‌سم نه‌دی. ئێواره‌یه، دیاره چاوم به‌هه‌ڵه دیتوویه‌تی، كه ڕووم كرده پێشێ ژنه له‌به‌ر ده‌مم ڕاوه‌ستابوو.
“تكایه… تكایه منداڵەكهم ببینه‌وه”
به په‌نایدا هه‌ڵاتم و ڕانه‌وه‌ستام. دڵه‌كوته‌م گرت، خه‌یاڵ بوو یان ڕاسته‌قینه. هه‌رچی بوو زۆر ترسابووم. خێراتر هه‌ڵده‌هاتم. نه‌مده‌وێرا چاو له دواوه بكه‌م. هه‌ستم به قورسایی ده‌كرد له‌سه‌ر سینگم. ماشینه‌كان زۆر خێرا ده‌ڕۆیشتن. خۆزگه دۆستێك، ئاشنایه‌ك، كه‌سێكم تووش ده‌بوو، ده‌یگه‌یاندمه‌وه ماڵێ. به‌ڵام كه‌س نه‌بوو، نه‌مده‌وێرا ڕاوه‌ستم و ده‌ست له ماشینێك هه‌ڵێنم. هه‌ستم به سه‌رما كرد له‌سه‌ر دموچاوم، ئاوڕێكم دایەوه، ژنە له دووره‌وه دیار بوو، به‌ره‌و من ده‌هات، زۆر خێراتر له مروڤێكی ئاسایی، دڵه‌كوته‌م هەندێ جار زیاتر ده‌بوو، وڵات تاریكتر ببوو، به‌ڵام زۆر سه‌یر بوو، چراكانی نێو شارم نه‌ده‌دی، ده‌بوایه تا ئیستا له‌نێو شار بم. ده‌مێكه هه‌ڵدێم، هه‌رچی زیاتر ده‌ڕۆم هیچ نیشانه‌یه‌ك له شار نابینم.
ترس ته‌واوی گیانمی داگرتبوو. بڵێی چه‌ته بێ؟ ده‌یه‌وێ بمكوژێ؟ بۆچی له‌گه‌ڵی به‌شه‌ڕ نه‌یه‌م… كوا ژنێك ده‌ره‌قه‌تی پیاوێكی وەرزشكار دێت؟
به‌ڵام ئه‌و ژنه ده‌یه‌وێ منداڵه‌كه‌ی بۆ بدۆزمەوە… نا نا پێموانییه منداڵیشی بێت، ڕاوه‌ستام، هێزم نه‌مابوو. هه‌ستم كرد ڕێگای شارم لێ تێكچووه. چاوم له دواوه كرد، ژنه دیار نه‌بوو. چراكانی نێوشار له پشت سەرم بوون،.. یانی من به پێچه‌وانه هاتووم، ڕێگایه‌ك كه هەموو ئێواره‌یه‌ك پێیدا دێم، لێم تێكچووه؟ به‌ره‌و شار كه‌وتمه‌وه ڕێ. ژنە دیار نه‌بوو. به هه‌ڵاتن ده‌ڕۆشتم، ئاوڕێكم دایەوه، دیسان ژنه‌م دیت، به‌دوامدا ده‌هات، مووچركێكی ترس به گیانمدا هات. خێراتر هه‌ڵاتم، ده‌نگی ژنه ده‌هات.
“تكات لێ ده‌كه‌م، منداڵه‌كه‌م بدۆزه‌وه.” خێراتر و خێراتر هه‌ڵاتم.گەیشتمهوه سه‌ر سێڕای دێهاتهكه. چراكانی نێو دێهاتهكه دیار بوون. له سێڕاكه ڕاوه‌ستام. ئه‌گه‌ر بچم به‌ره‌و دێهاتەكه، ده‌توانم ماشینێك دهستخهم و بچمه‌وه بۆ ماڵێ، به‌ڵام نه‌موێرا لاده‌م. دیسان به‌ره‌و شار ده‌ڕۆشتم، وڵات تاریك و ڕوون بوو، زیاتر به‌ره‌و ڕووناكی ده‌چوو، چراكانی شار پۆل پۆل ده‌كووژانه‌وه. ژنه دیار نه‌بوو. زۆر ماندوو بووم. ڕاوه‌ستام پشوویه‌ك بده‌م. نێو دمم وشك ببوو. زۆرم توونی بوو. چاوێكم له سێڕاكه كرد. ڕهشاییەك دیار بوو. لێمڕوون نه‌بوو به‌ره‌و من دێت یاخود لێم دوور ده‌کەوێته‌وه. ته‌موومژ وڵاتی داگرتبوو، ده‌تكوت به‌یانی زووه، چۆن شتی وا ده‌بێ، ئه‌لان ئێواره بوو. به‌ره‌و سێڕاكه چوومه‌وه. ژنێكی لاوی خه‌ڵكی ناو دێ بوو. گەیشتمه به‌رامبەر ژنه‌كه، به شڵه‌ژاوی سڵاوم لێ‌كرد. ژنه ڕاوه‌ستا.
“كاكه… كاكه بۆ وا ترساوی؟ چی بووه؟”
كوتم: داده منداڵه‌كه‌م… منداڵه‌كه‌م ون بووه. هه‌رچی ده‌گه‌ڕێم نایبینمه‌وه. تۆ نه‌تدیوه؟
ژنه لێم ترسا. لێم دوور كه‌وته‌وه. هه‌رچی هه‌رام لێ‌كرد ئاوڕی نه‌دایەوه. به پێچه‌وانه‌ی ڕێگای شار هه‌ڵده‌هات. منیش به گریانه‌وه به‌دوایدا ڕۆشتم.
“داده… داده، منداڵه‌كه‌م، تكات لێده‌كه‌م… منداڵه‌كه‌م ون بووه.”
به‌ڵام ژنه وه‌ڵامی نەدامەوه و زۆر لێم دوور كه‌وته‌وه. ڕاوه‌ستام له قه‌راغ جاده‌كه، دوو جانتام دیت، به‌ره‌و جانتاكان چووم، یه‌كیان جانتای خۆم بوو، جانتا چكوولهکەش کە چاوم لێ‌كرد، جانتای كوڕه‌كه‌م بوو. ئه‌ی كوڕه‌كه‌م كوا؟ به‌په‌له و به هه‌نسكه هه‌نسك، چاوم له ده‌وروبه‌رم كرد… كوڕه‌كه‌م چی لێهاتووه؟ خۆ پێكه‌وه هاتبووین بۆ وه‌رزش… جار به جار ده‌نگم زیاتر هه‌ڵده‌هێنا، ده‌منه‌ڕاند، كوڕه‌كه‌م دیار نییه چی به‌سه‌ر هاتووه؟ سه‌ر سینگم قورس ببوو… دڵه‌كوته‌م زیاتر بوو. دمم وشك ببوو. به‌رچاوم تاریك بوو.
به هه‌ناسه‌یه‌كی زور توند ڕاچڵه‌كام، هه‌ستم به تهڕای كرد له‌سه‌ر دموچاوم. سێ، چوار منداڵ له‌سه‌ر سه‌رم ڕاوه‌ستابوون.
“خاڵه… چیت لێهاتووه؟ باشی؟ ده‌توانی هه‌ستی؟”
كاتێك هه‌ستامه سه‌ر پێ، خۆم له سێڕاكه دیت. منداڵه‌كان كه دیتیان من باشم لێم دووركه‌وتنه‌وه.
دوو ژنم دیت، به‌ره‌و من ده‌هاتن، گەیشتنه به‌رامبه‌رم… یه‌كیان ئه‌و ژنه بوو كه منداڵهكهێ لێ ون ببوو… ئهویكهیشیان ئه‌وه بوو له من ترسا. لێیان چوومه پێشێ. له‌پڕدا من له‌نێوان له‌شیانه‌وه تێپه‌ربووم. سه‌رمایه‌ك ته‌واوی گیانمی داگرت، هه‌رام لێ‌كردن، وه‌ڵامیان نه‌دامه‌وه.
“داده منداڵی منیش ون بووه.”
ژنه‌كان به‌ره‌و ناو دێ ڕۆیشتن. وه‌ڵامیان نه‌دامه‌وه. ڕووم بەرەو ئەو ٤ منداڵه وەرگێڕا كه ئاویان پێداكردم، ئه‌وانیش دیار نه‌مابوون. زۆر ترسابووم. چوومه سه‌ر جاده‌كه و به‌ره‌و شار كه‌وتمه ڕێ. چوومه ناو جاده‌كه. به هه‌ڵاتن به‌ره‌و شار ده‌ڕۆیشتم. ماشینه‌كان به ناو جاده‌دا ده‌هاتن، به‌ڵام ماشینه‌كان له‌ناو له‌شمه‌وه تێدەپەڕین. منێش زۆر به ئاسایی ده‌چوومه نێو ماشینه‌كان. چراكانی شار ده‌نكه ده‌نكه هه‌ڵ ده‌بوون. زۆر سووك ببووم. نه ماندوو بووم نه سینگم قورس بوو. گەیشتمهوه نێو شار و…
[1] سێڕیان