هاوشوناسبوون

گەر ئەو شەوە لەو ژوورە نەبام، فەتانە و ڤیڕۆنیکام نەناسیبان و ڤیڕۆنیکا ئەو پۆرترێیەی نەکێشابا، بیری ڤیانم نەدەکەوتەوە و لێرە نەدەبووم، بۆ نووسینەوەی ترس و یادەوەری لە چیڕۆکێکدا. وەک ئەوەی نیشانەشکێنێکی بە ئەزموون، ئەو یادەورییەی ئاراستە کردبم. پێکامی. بەر لەوەی دەست بە نووسینەوەی بکەم، بۆ دوو کەسم گێڕاوەتەوە (ڤیڕۆنیکا و مامەی شەنگالی). ئەوەی بۆ مامەی شەنگالیم گێڕایەوە، دەینووسمەوە. لەتەک ڤیڕۆنیکای، وشە خارخارۆکەییی مارێم لێ بارەکەن.

‘دەهاتە کتێبفرۆشییەکە. ماوەیەک لەوێ کارم دەکرد. جانتایەکی کەلوپەلی وێنەکێشان بە شانییەوە و قاوەیەک لە دەستی. لەوێ یەکترمان دەدواند. ناویم نەپرسی. ناومی نەپرسی. “جاری پێشوو هەندێک لە وەرگێڕانەکانی (وەلید عومەر)ی داوا کردبوو، بۆم هێنا. ئێستا هەموویانی دەوێ. بەڵێنی پەیداکردنیانم پێی دا”. بە بەڕێوبەرەکەمم وت. دوو کۆڵان ئەولاتری کتێبفرۆشییەکە گەلەرییەکی پەیمانگای هونەری لێبوو. تابلۆکانی ڤیڕۆنیکایان نمایش نەکردبوون. وتبوویان بەر مەرجەکانی ئێمە ناکەوێ. پۆرترێتێکیان نەدابوویەوە. گوایە ونبووە. دەمزانی دڵی بۆی تەنگ بووە، چووم بۆی بێنمەوە. چوومە ژوورەوە، ئەو تابلۆیانەی هەڵواسرابوون تەنێ کۆمەڵە ڕەنگێک بوون فڵچەیەکی نەزان تێکەڵی کردبوون. ئەفەندییەکی لێبوو، لێم هاتە پێشەوە و فەرمووی لێکردم. پرسیاری پۆرترێتەکەم لێی کرد. بە بێزارییەوە دەستی ڕووەو قونیشکێکی ساڵۆنەکە درێژکرد. دەرگایەکم بینی. چوومە ژوورەوە. دە ژوورەکەدا، بێناز کەوتبوو. دەناو تەپوتۆزی ئەوێ، ئەکریلیک لەسەر کانڤاس. فەتانە بوو. پرچەکانی، لەملاولای دەسماڵەکەی فیلاریان کردبوو. دە بەردەمیا، دوو سێ پەڵە هەوری بچووک بچووک، نەمزانی ڕەمزی چیین. هەوری سپی بوون. نە وەک هەوری یادەوەریم ڕەش. لە چەشنی دەف، گوێم لە دەنگی بوو. لە پەنجەرەکەوە، بایەک خۆی خزاندە ژوورەوە. لە گریژنەی دەرگاکەوە؛ زیڕەیەک. لە ئاوازێکی حەسەن کامکار دەچوو. یادەوریم تەژیی لە چەهچەهەی ئەو کیژانەیە، چوون بولبول جوان بوون، بەر تفەنگی شەڕەف کەوتن. گەڕاندمیەوە، پۆرترەیتەکە؛ بۆ شەقامە بێزراوەکانی ڕابردوو. بەهەڵەداوان لە ژوورەکە دەردەچم. بێ ئاگا لەوەی یادەوەریم خەیاڵمی تەنیوە. زۆری نەبرد، گەیشتمە کۆڵانە تەنگەبەرەکەی لای ماڵی زەمەن. جێژوانی کاوێسی ئایشە بەقاڵ و ڤیانی دادەی زەمەن، ڤیان دە پەنجەرە شینە بچوکەکەی و کاوێسیش دە کۆڵانێ. هەموو ئەو جارانەم سەرلێدان، کە بە پیاسەیەکی بێهۆ ژووانەکەیانم تێکدابوو. کاوێس لەسەر کڵاوە حەسیرەکەی دانیشتووە و پاڵی بە دیوارەکەوە داوە. بەو کاوێسە نەدەچوو، کە دە (تی ڤی)دا بینیم. قسە ئەکات و تەپوتۆز لە خۆی دائەکوتێ. شیعر ئەڵێ و موسرەکە لە جلەکانی ئەکاتەوە. گۆرانی ئەڵێ و لیتە تەپتەپ لە جزمەکانی بەردەبێتەوە. چاوی بڕیوەتە قژە تەڕ و تێکئاڵاوەکەی ڤیان. لێیانم تێکدایەوە. “توخوا بە زەمەنی مەڵێ.” وەک هەرجار ڤیان گووتی. شەرمێک و چاوداخستنێک بەمانای ڕازی بوون.’

‘زەمەن، وەک ڕۆژەکانی تر نەبوو. ئەو ڕۆژە دەبووایە کەمدووتر با. زۆر قسەی کرد. باسی ڤیان، باسی ئەوەی چۆن شەو هاتووە، ماچی کردووە و تێر بۆنی پێوە کردووە. دەفتەرێک و دیوانی (حافز)، پێچراو دەناو هەورییەکەی، هەموو ئەوە بوو کە بۆ زەمەنی جێهێشت. زەمەن بەیانییەکەی بەوەی زانیبوو، دە کۆتا پەڕی دەفتەرەکە، ڤیان نووسیویەتی: دەڕواتە ناو ڕیزەکانی پژاک. “ئاغای ساڵحی نەیهێشت هی کاوێس بم. ئێستا هی نیشتمانم”. گووتی نووسیویەتی گوتوویانە دۆزی کورد و ژن، پێویستی بە ژنە. دەفتەرەکەی ڤیان، لەوانەبوو کە زۆربەی کچانی هاوتەمەنی، لەو کاتە هەیانبوو. ناویان لێنابوو (دەفتەر یادگاری). وێنەی بورجی ئیڤڵی لەسەر بوو. قوفڵێکی بچووکیشی پێوەبوو. ڤیان بە خەتی (فارسی) نوسیبووی. من نا، زەمەن دەیزانی. بۆ منیشی دەخوێندەوە. [یارم وەکو گوڵ ڕووبەندی لادا. مووژدەی وەساڵی بە عاشقان دا.] گۆرانییەکانی فەتانە بوون. فەتانەی وەلیدی.

“ئەو زیلانەی جەنگاوەرانیان بۆ جەنگ هەڵگرتن، ئێستاش حیکایەتی خوێن دەگێڕنەوە.” زەمەن گوتی. دوای ئەوەی زانیمان، خۆشەویستەکەی فەتانە لە جەنگ کوژراوە.’

‘لە سەرەتای شەقامە سەرەکییەکەوە، سێیەم کۆڵان ماڵی زەمەنی لێبوو،

 دووەم خانوو بە دەستی چەپ، ساڵانێک بوو کەسی تێدا نەدەژییا. “لە  کۆن ماڵی قەشە یۆڤاڵ بوو. دوای ئەوەی بەعس قەشە یۆڤاڵ و خێزانەکەی زیندەبەچاڵ کردن، نەسرەدینی خۆراک هاتە ناوییەوە، پێشمەرگە نەسرەدینیان کوشت. لە عەللافەکانی شار سەرانەی وەردەگرت، ئارد و ئازوقە. دەیدایە ڕەبایەکانی بەعس. سوعادی خێزانی نەسرەدین، شەوانی دوای کوژرانی نەسرەدین بە لەرزەوە خۆی دەکرد بە ماڵی ئێمەدا و دەیگوت نەسرەدین هاتۆتەوە و ئەیەوێ من و منداڵەکان ببا. منداڵەکانیش دەیانوت تارمایی باوکمانمان دیوە. سوعاد مێردی کردەوە و ئەوێیان جێهێشت. لەو کاتەوە ئەو خانووە بە بەتاڵی ماوەتەوە.” حەمایل خان کە پیرترین ژنی ئەو ناوە بوو جارێکیان وای گووت.

ڤیان کۆریتێکی لێ دروستکردبوو بۆ پشیلە. کە لە کۆلێژ یان هەر شوێنێک دەگەڕایەوە، لایەکی بەلای پشیلەکاندا دەکردەوە. سەدان ئێوارە لەبەردەم ماڵی زەمەن، لەو کیژانەمان دەڕوانی، کە دەهاتنە ناو گەڕەکەوە. گەر ڤیان بێت دەڕواتە لای پشیلەکان. گەر نەڕۆشتە ئەوێ ڤیان نییە. پشیلەکان بێناز مان. ڤیانیش نەهات.’

‘باوکی کاوێس دە شەڕی ناوخۆدا کوژرا بوو. ئایشێی دایکی لە گوندێکی بناری هەیبەت سوڵتانەوە کاوێسی هەڵگرتووە و هاتوونەتە کۆمەڵگاکەی ئێمە. ئەوکات دوو ساڵان بووە. دایکی نەیویستووە هەڵگری میراتی پیشەییی باوکی بێ. بە بەقاڵی گەورەی کردووە.

“ئەو کاتەی ئایشێ هات، بۆ ماڵمان. بۆ داخوازی ڤیان. باوکم برۆیەکی هەڵتەکاند و بە لە خۆڕازیبوونێکەوە وتی: وەک ئەوەی کچی خۆمم لەناو شیاکە هەڵگرتبێتەوە”. زەمەن، بە قەهرەوە گێڕایەوە.’

مامەی شەنگالی دیاربوو زۆری لە قسەکانم نەدەبڕیەوە. بەڵام من بەردەوام بووم.

– وەرە سەر لەوحەکە لەوحەکە. (بە بێزاریییەوە)

– دە سەبرت هەبێ ماروەدان. با تەواویکەم.

مامە پیرە پاسەوانی دووکانەکانی ناوشار بوو. شەوان کە دەچوومەوە، دەکەوتە سەر ڕێگاکەم. دەقم بەوەوە گرتبوو، دوو چایی گەرمم لەسەر عارەبانەیەک دەبرد، تا درەنگ دادەنیشتین.

لایەتە دەستیییەکەی داگیرساند و کلاشینکۆفەکەی کردەوە شانی.

– با جەولەیەکی ئەم ناوە لێدەین. بەدەم ڕۆشتنەوە بیگێڕەوە.

– بەدەم ڕۆشتنەوە، ناتوانم. من دەو بابەتەی دا ئیمۆشناڵم.( لەگەڵ ڤیڕۆنیکاش ئیمۆشناڵم بەکار هێنا). دواتر بۆم ڕوونکردەوە کە، مەبەستم ئەوەیە عاتفیم پێی.

کاوێس، کە زانی ساڵحی کچەی ناداتێ. هەرزوو ڕووەو هەندەران ملی لێنا. ماوەیەک بێخەبەر کەوت.

چەند شەوێک دواتر، دە کۆڵانێ دا یاریمان دەکرد. هاواری ئایشە تاساندمانی. چ هاوارێک! هاوارێک بوو بۆنی هەموو ئەو کەلاکانەی دا بە لوتمدا کە دە کەناراوەکان و ڕێیە سەختەکان دا جێمابوون. هاوارێکی قورس بوو. تا حەوشەکەیان ڕۆیشتم. چیدی نەمتوانی. هاوارەکە وێنەی ئەو دایکانەی پێبوو، سەر دەنێو چۆکان، دە چاوەڕوانی ڕۆڵەکانیان دا کەزی سپی دەهۆننەوە. بەرەو ناو ئەو کاولەیە خۆم تاودا. دوو ساڵ پێشتر شارەوانی بە بیانووی نەبوونی تاپۆ، هاتن بۆ ڕووخاندنی. دیوارە بە قوڕ و بەردکراوەکەی حەوشەیان ڕووخاند. بە پاڕانەوەی هەموو دانیشتووانی گەڕەک، شۆفێری شۆفڵەکەی شارەوانی ئەوێی جێهێشت. حەمەومین بەگ، کە دەیانوت کۆنە جاش بووە. داوای ڕووخاندنی کردبوو. لەوانەم بیست کە بیستبوویان گوتویەتی: سیمای گەڕەکی شێواندووە. کوێرایت دایە حەمەومین.

کۆنە بەتانییەکی بە دەرگاکەوە کردبوو. بە بنیدا چووم. ژوورێ شین دەچووەوە. ‘تی ڤی’یەکە هەواڵی مەرگی کاوێسی پێبوو. حەوت گەنجی ئاوارەبوون. نەزاندرابوو ئایا قاچاغچی یان سنوورپارێزەکانی یۆنان کوشتبوونیان. هەر ئەو کاوێسە بوو، دە کۆڵانی زەمەن دەمدیت. ئەوەی گۆڕابوو: دوو پل سەرووتری گوێی ڕاستی، بە فیشەکێک کونێکی تێکەوتبوو. خوێن بەو ناوەدا فیچقەی کردبوو. ئەو کەمە کەلوپەلەی ناو ماڵی ئایشێ، ماتەمیان بەستبوو. بایەکی سارد لە درزە بلۆکەکانەوە، خۆی کرد بە ژووردا. دڵۆپە ئارەقەکانی من و فرمێسکەکانی زەمەن و ئایشێی تەزاند.’

نۆتەی دەنگم دە کۆنتڕۆڵی مندا نەمابوو. نەوعێک بوو. مامە پیرە خرینکەی گریانی لێ بەرزبووەوە. منیش، کە بۆ ڤیڕۆنیکام گێڕایەوە، لەوەدابوو بگریم. دەزانم ڤیڕۆنیکا، دواتر منی بیرکەوتۆتەوە. پێکەنیوە، بەوەی ویستم خۆم بکەمە پاڵەوانی ڕزگارکردنی تابلۆکانی. زۆر پێکەنیوە. پێش ئەوەی بۆی بگێڕمەوە، زۆر شتمان باسکرد. لە فیلمەوە دەستمان پێکرد. لە کۆمەڵەی هۆزانڤانە مردووەکانەوە، من ناوەکەیم وت. ئەویش دیبووی، “هم، خۆشە”. وای وت. فیلمەکانی کیشلۆڤسکی، ستانلی و هیتریش. باسی فڕۆیدمان کرد. ڕقی لێی بوو. سیمۆن، ڕۆزا لۆکسمبێرگ و لاکان. وتی کارل یۆنگ، لەو بیرمەندانەیە کە تێزەکەی بەلای منەوە ناوازەیە. ژیژەکیش وتبووی، بەبێ ناسینی یۆنگ، تێگەیشتن لە فیلمی وەک (ژیانی دووفاقەی ڤیڕۆنیکا)ی کیشلۆڤسکی مەحاڵە. بۆیە بە ڤیڕۆنیکا بانگی ئەکەم. وتی بەڵام دە نووسیندا بە دوو(ا). بیرم لەوە دەکردەوە چیڕۆکەکەی ئێمەش هەروایە. ڤیان بە فەتانە بووە. لای ئێمە وا باوە، یاخی(کە بە شێت ناساندییان)یان دەڕواتە شاخ، یان بۆ شێتخانە.

– گەر شتێکت هەیە بە فاریکی بڵێی

– ڤیڕۆنیکا مامە. بۆیم ڕاستکردەوە.

– ئێ ئەو. پێی مەڵێ، هەندێکجار وشەکان بێ بایەخن. بیرم لەوە دەکردەوە، ئەی بۆ ئەو وشانەی ئاغای ساڵحی، ئەو وێرانەیەیان هێنا؟