زەنگی چیرۆکەکان

خوێندنەوەیەک کۆچیرۆکی "لەناکاو زەنگی تەلەفۆنەکە لێی دا"

چیرۆک، خەلقکردنی جیهانێکە بەرانبەر جیهانی واقیعی، هەردوو جیهانەکە ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە. جیهانی واقیعی، جیهانێکە چیرۆکنووس دەیکاتە ژێدەری خۆی بۆ خەلقکردنی جیهانی چیرۆک. کەواتە چیرۆکنووس بە ڕژدی سوود لە واقیع وەردەگرێ، جا چ واقیعی دەستلێدراو، یان واقیعی زەینی بێت، بە ئامانجی خەلقکردنی واقیعێکی دیکە. ئەو واقیعەی دەیخولقێنێت خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی. بۆ نموونە بە جۆرێک کارەکتەرسازی و ڕووداوسازی تێدا دەکرێت، خوێنەر دەتوانێت دەست لە کارەکتەرەکان بدات، هەستیان پێ بکات. لە چیرۆکی نوێدا تۆ ناتوانیت خەت بە ژێر دێڕێکدا بهێنیت و بە کاریگەری بزانیت، بەڵکوو کۆی چیرۆکەکە کاریگەریت لەسەر جێدەهێڵێت. دەبینین لە چیرۆکی کۆندا تۆ دەتوانیت ڕستەگەلی کاریگەر و جوان خەت بەژێردا بهێنیت.

کۆچیرۆکی “لەناکاو زەنگی تەلەفۆنەکە لێی دا”ی “دانا فایەق“، بڵاوکراوەی غەزەلنووس ٢٠٢٠

کۆچیرۆکی “لەناکاو زەنگی تەلەفۆنەکە لێی دا”ی “دانا فایەق“، بریتییە لە پێنج چیرۆک، هەر پێنجیان هێڵێکی درامی بەهێز بە یەکەوەیان دەبەستێتەوە. هاوکات خوێنەر دەتوانیت هەر چیرۆکەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ بخوێنێتەوە، بەڵام کاتێک هەموویان بە یەکەوە دەخوێنیتەوە، ئەوا هێڵی درامی گێڕانەوەکە کامڵتر دەبێت. یەکەم جار، کە چیرۆکەکانم خوێندەوە، واتە لە یەکەم چیرۆک “کەسێک کە لەناو دوو گۆڕەدا نێژرا” بۆ کۆتا چیرۆک “زەنگەکانی نیوەشەو“، کە دەکاتە پێنج چیرۆک، هێڵێکی درامی هەموویانی بەیەکەوە دەبەستەوە. جاری دووەم لە چیرۆکی کۆتاییەوە، کە ژمارە یەکی بۆ دانراوە بۆ چیرۆکی یەکەم، کە ژمارە پێنجی بۆ دانراوە، چیرۆکەکانم خوێندەوە، هەمان هێڵی درامی کۆی چیرۆکەکانی بەیەکەوە دەبەستەوە. دەمەوێ بڵێم خوێنەر بە هەردوو باردا دەتوانێت چیرۆکەکان بخوێنێتەوە. لێرەوە هەوڵدەدەم لە چەند ڕوویەکەوە قسە لەبارەی ڕەهەندە هونەرییەکانی ئەم کۆچیرۆکە بکەم.

blank
دانا فایەق چیرۆکنووسی کورد

١. زمانی چیرۆکەکان

زمان لەم چیرۆکانەدا ڕۆڵی لە داڕشتنی پێکهاتە و بنیادی چیرۆکەکاندا هەیە. زمانی گێڕانەوە، زمانی پێدانی زانیاری نییە، بەڵکو زمانێکە کەشفی چەمک و جوڵە و بیرکردنەوەکان دەکات. بە واتایەکی دیکە زمان تەنی ئامرازێک نییە بۆ گواستنەوەی وشە و ڕستەکان، بەڵکو ڕەگەزێکە بەشدارییەکی کارای لە بنیادی کۆی چیرۆکەکاندا هەیە. لە ڕێی زمانەوە خوێنەر دەتوانێ شێوازی ئەو چیرۆکنووسە دیاری بکات. زمان لەم چیرۆکانەدا گواستنەوەی وێنەکانە، نەک زانیاری، زمانێک نییە وەکوو هەقایەت، یان گێڕانەوەی کۆن لە ڕێی وەسفەوە هەوڵی بەخشینی زۆرترین زانیاری لەبارەی ڕووداو، کارەکتەر و شوێنەکانەوە بدات. لە چیرۆکی “کەسێک لەناو دوو گۆڕدا نێژرا” وەگێڕ دیمەنێکمان نیشان دەدات: هەر هێندەت لە بیرە، خۆتان کرد بە ژێر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگرەکەدا. کاتێک بە ئاگا هاتیتەوە، لە نەخۆشخانە بوویت. نەتدەزانی چەندێکە لەوێیت. کە چاوت هەڵێنا، هەموویان لێت نزیک بوونەوە. نەتدەزانی چی دەڵێن و چی ڕووی داوە. دواتر زانیت. پرسیت:

  • چیتان لێ کردن؟
  • خستماننە ژێر خاک… هەردووکیان پێکەوە لە چاڵێکدا. وایان گوت.

لە چیرۆک و ڕۆمانی نوێدا هەر کارەکتەرێک خاوەن بیرکردنەوە و ئەزموون و شێوازی قسەکردنی تایبەت بە خۆیەتی. زمانەکەی دەبێت دەرخەری ئەزموون و چیرۆکی ئەو کەسە بێت.

وەک گوتم زمان ئامراز نییە بۆ گواستنەوەی زنیاری، لەم پەرەگرافەدا وەگێڕ هەموو شتێک، هەموو زانیارییەک بە خوێنەر نادات. بەڵکو بوار بۆ خوێنەر دە‌هێڵێتەوە خۆی وێنەکان تەواو بکات. بە واتایەکی دیکە خوێنەر دەبێت لەناو زمانی گێڕانەوەدا هەوڵی پێکەوە لکاندنی پارچە و دیمەنەکان بدات. زمان، ڕۆڵی گێڕانەوە دەبینێت، زمانێک نییە خوێنەر هەست بکات لە دەرەوەی دەقەکە وەستابێت. زمان وروژێنەری چەندین پرسیارە، بۆ نموونە لەم پەرەگرافەدا: بۆ کەوتنە ژێر بارهەڵگر؟ چۆن گەیەندرانە نەخۆشخانە؟ کێ بوون لێیان نێزیک بوونەوە؟ ئەمەیش هانی خوێنەر دەدات بەردەوام بێت لە خوێندنەوە بۆ ئەوەی دیمەنەکە تەواو بکات. زمان لەم چیرۆکانەدا فرەڕەنگە، فرەدەنگە. ئاشکرایە لە دوای ڕێنسانسەوە لە ئەورووپا بە کاریگەری پێشکەوتنە زانستی و فەلسەفییەکان گۆڕینی گەورە لە کۆمەڵ ڕوودەدات، ئەدەبیات و کولتوور پێش دەکەون. فەیلەسووفانی وەکو دیکارت، لۆک و هیۆم بە کتێبەکانیان زەمینەخۆشکەربوون بۆ دروستکردنی تاک. ئەزموونی و تاک و تاکایەتی برەو پەیدا دەکات. هەموو کەسێک خاوەن ئەزموون و شێوازی قسەکردن و چیرۆکی تایبەت بە خۆی دەبێت. لە چیرۆک و ڕۆمانی نوێدا هەر کارەکتەرێک خاوەن بیرکردنەوە و ئەزموون و شێوازی قسەکردنی تایبەت بە خۆیەتی. زمانەکەی دەبێت دەرخەری ئەزموون و چیرۆکی ئەو کەسە بێت. واتە خوێنەر لە ڕێی زمانی ئاخاوتنی ئەو کارەکتەرەوە دەتوانێت باری کۆمەڵایەتی، ئایدیۆلۆجیا و بیرکردنەوەی ئەو کارەکتەرە کەشف بکات. کارەکتەرانی ناو چیرۆکەکانی “لەناکاو زەنگی تەلەفۆنەکە لێی دا” لە ڕێی قسەکردنیانەوە دەتوانین چیرۆکی ژیانیان بزانین، دەتوانین شێوازی بیرکردنەوەیان ئاشکرا بکەین. لە چیرۆکی “هاوارێک لە سەنگەرەکانەوە” کاتێک فەرماندەی پێشمەرگەکان قسان بۆ کارەکتەر دەکات، بۆ ئەوەی هاوڕێیەکی خۆی بکوژێت، چونکە بە قەولی ئەوان ناپاکە. هەر کارەکتەرە و قسەکردنی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆیەش دەبینین هەمیشە پەیڤ و قسەی ئەو کارەکتەرانانەمان لە بیردا دەمێننەوە، کە خاوەن بیرکردنەوە و جیهانبینی تایبەت بە خۆیانن. لەو ڕێیەوە خوێنەر هەست بە کارەکتەرەکان دەکات، ژیانیان دەبینێت، چونکە کەسانێکن سەربەخۆ دەژین. زمان لەم چیرۆکانەدا بە شێوەیەک کاری تێدا کراوە، کارەکتەری هەر چیرۆکێک دەناسینەوە. لە ڕێی زمانەوە هەست بە کەمئەندامی کارەکتەری چیرۆکی پێنجەم دەکەین، کاتێک لەسەر وێڵچێرەکەی دانیشتووە، جوڵەی تایەکان، لەرینەوەی دەرلینگی پانتۆڵەکەی، هەموو ئەمانە بە شێوەیەک دەربڕدراون دەتوانین دەستیان لێ دەبین. بە کورتی لەم چیرۆکانەدا زمان هەوڵێکە بۆ پیشاندانی ژیانی کارەکتەرەکان، بە شێوەیەکی زیندوو.

ئەگەر چیرۆک خوێنەر لەو واقیعیەی تێیدا دەژی دانەبڕێت، ئەوا پاتەی واقیعی خوێنەری کردۆتەوە. “گوڵشیری لەبارەی چیرۆکنووسینەوە دەڵێت: ئەولەویەتی نووسینی چیرۆک بەشە لە گشتدا. مرۆڤ بەشێکە لە گشت. کۆی کارەکتەرەکانی ناو ئەم چیرۆکانە وەکوو بەش لە گشتێک نیشان دەدرێن.

٢. واقیعیەتسازی

لە سەرەوە گوتم چیرۆک خولقاندنی جیهان و واقیعێکی دیکەیە، خوێنەر کاتێک بەر ئەم واقیعەی ناو چیرۆک دەکەوێت، دەبێتە بەشێک لەو واقیعە. ئەگەر چیرۆک خوێنەر لەو واقیعیەی تێیدا دەژی دانەبڕێت، ئەوا پاتەی واقیعی خوێنەری کردۆتەوە. “گوڵشیری لەبارەی چیرۆکنووسینەوە دەڵێت: ئەولەویەتی نووسینی چیرۆک بەشە لە گشتدا. مرۆڤ بەشێکە لە گشت. کۆی کارەکتەرەکانی ناو ئەم چیرۆکانە وەکوو بەش لە گشتێک نیشان دەدرێن. لە چیرۆکی “کەسێک لەناو دوو گۆڕدا نێژرا” باسی کەسێکە، سەرباز بووە، دوای ئەوەی هاوڕێکانی پارچە پارچە دەبن، دەچێتە شاخ دەبێتە پێشمەرگە، لەوێش، کە شەڕی براکان دەبینێت، دێتەوە شار و دەکەونە بن لۆرییەک و قاچی دەپەڕێت. دەبینین باسکردنی کارەکتەرێکە، کە بەشێکە لە گشتێک، کە جەنگە. وەگێڕ نایەت باسی ورد و درشتی جەنگمان بۆ باس بکات، بەڵکو لە ڕێی بەشە کاریگەرەکانی ناو جەنگەکانەوە. لە چیرۆکی “دەسبەنێکی خوێناوی“دا باسکردنی کەسێکە، دەیەوێ خۆی بکوژێت لە تاو جیابوونەوەی لە خۆشەویستەکەی. چیرۆکنووس لە کۆی چیرۆکان دەیەوێت پێگەی زەینی کارەکتەرەکان، ژیانیان وەسف بکات. بۆ ئەمەیش بەبێ ئەوەی ڕەچاوی شوێنی نیشتەجێبوون، شار و دەوروبەریان بکات. هەر یەک لە کارەکتەرەکان خاوەن خۆیانن و جودا لەوانی دیکە. هێندە هەیە بۆ پێویستییەکانی خۆی پێوەندی بە وانی دیکەوە هەیە. بۆ نموونە لە چیرۆکی یەکەم “زەنگەکانی شەو” وەگێڕ دەبێتە کەسی یەکەمی تاک، وەگێڕ باسی ئەو تەلەفۆن کردنانە دەکات، کە بۆ پێویستی بە وشەیەک بۆ چیرۆکێکی خۆی زەنگ بۆ ئەوانی دیکە لێ دەدات. لەم ڕێیەوە چیرۆکی چوار کەسی دیکە دەگێڕێتەوە. بەڵام خۆی نابێتە وەگێڕیان، بەڵکو کەسی دووەمی تاک دەبێتە وەگێڕ. ئەوەی جێی سەرنجە کۆی کارەکتەرانی ناو چیرۆکەکان، خاوەن فیکرن. واتە کەسانێکن بیردەکەنەوە، لە ڕێی بیرکردنەوەی ئەوانە باری کۆمەڵایەتی و دەوروبەریان کەشف دەبێت.

وەگێڕی چیرۆکەکان، هێندەی لەناو زەینی کارەکتەرەکاندا دەجوڵێتەوە، ئەوەندە لەناو ژیان و دەرەوەی ئەواندا نییە. واتە ئەوەندەی زەین و ململانێیەکانی ناوەوەی کارەکتەرەکان نیشان دەدات، ئەوەندە ڕووی دەرەوەیان دیار ناخات. کۆی کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکان، کەسانێکن تەنیان، بەو واتایەکی خاوەن دنیای تایبەت بە خۆیانن، لەناو دنیاکەی خۆیاندا دەژین. جار جار وەگێڕ بۆ ئەوەی هەندێک ڕوونکردنەوە لەبارەی لایەنی ژیانی کارەکتەر بدات، بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی کارەکتەرەکان دەگەڕێتەوە. هەموو ئەوانە هەوڵن بۆ ئەوەی واقیعێکی دیکەی جیاواز لەو واقیعەی خوێنەر تێیدا دەژی دروست بکات. وەگێڕیش هەمان باری هەیە، ئەویش لە ڕووی زەینی و دەروونییەوە ئاڵۆزە، وشەیەک هەموو ژیانی سەرقاڵ کردووە، هاوکات گوێزەرەوەی دەرد و خەمی ئەوانی دیکەشە.

٣. شەپۆلەکانی ناو هۆش

پنتی فەزاسازی لە نێوان هەر پێنج چیرۆکەکە، فەزای ژوورە، ژوورێک سەنتەری ململانێیەکانە. کارەکتەرەکان لەناو ژوورەکانیان لەناو هۆش و ئاگایی خۆیاندا کار لەبارەی ڕووداوسازی دەکەن. لە دەمی خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا خوێنەر هەست دەکات هەموو ژیانی کارەکتەر لەناو ئەم ژوورانەدا ڕوو دەدەن. لە چیرۆکی پێنجەمدا کەسێک لەسەر وێڵچێرەکەیەوە لە ژوورێکە و بیر لە تەنیایی خۆی دەکاتەوە. دانیشتن لەسەر وێڵچێر و بە تەنیا لەو ژوورە کۆی ڕووداوەکانی ژیانی و بڕینەوەی قاچی دەچنێت. لە چیرۆکی چوارەمدا کەسێک لە ماڵەکەیدا مەچەکی دەبڕێت و خۆی دەکوژێ. لە چیرۆکی سێیەمدا کەسێک لە ژوورەکەیدا هەموو ڕابردووی بیر دێتەوە، کە چۆن لە سەنگەری پێشمەرگە و لە سەنگەری بەعسدا جەنگاوە. لە چیرۆکی دووەمدا، ژووری نووستن، نیوەشەوە، کارەکتەر بە دیار ژنەکەیەوە دانیشتووە، ئەویش خەوتووە. هەموو بیرۆکە و ڕووداوەکان وەکوو شەپۆلێک لەناو ئاگایی کارەکتەرەکان دێن و دەچن، بێگومان ئەمەیش پێوەندی بە دەروونی کارەکتەرەکانەوە هەیە. هەموو کارەکتەرەکان بە دەست گرێیەکەوە دەناڵێنن. ئەوەی سەیرە زەنگی تەلەفۆنێک دەبێتە بەهانە بۆ جوڵە و بەرز و نزمی شەپۆلی ئەو بیر و یادەوەریانە. واتە لەم چیرۆکانە کار لەبارەی ئەو ڕووداو و هەستانە دەکرێت بە شێوەیەکی لەناکاو لە هۆشی کارەکتەرەکاندا دروست دەبن، بەبێ ئەوەی کارەکتەرەکان خۆیان بۆ ئامادە کردبێت. چرکەساتی دروستبوونی هەست و بیرکردنەوەکان لە هۆشی کارەکتەر یەکسەر دەخرێنەڕوو، بەبێ ئەوەی بۆ گێڕانەوە ئامادەکرابن. واتە بەبێ ئەوەی قسەکان مۆنتاج، یان دەسکاری بکرێن. لە چیرۆکی سێیەم، کارەکتەر لەسەر جێگەکەیەتی: ((جارێکی دی خۆت وەردەگێڕیتەوە سەر لای چەپ و دیسان خەوت لێ ناکەوێت. چرکە چرکی کاتژمێری دیوارەکە ڕێک دەڵێی چەکوشە و دەیکێشن بە سەرتدا. لەناو جێگەکەتدا دێیتە دەرێ؛ پیلی کاتژمێرەکە دەردێنیت و چرکەی لێ دەبڕیت.)) ئەم بارە دەروونییە، یەکسەر و لە ناکاو کۆمەڵێک بیر و قسە و یادەوەری بە زەیندا دێنێت، بەبێ ئەوەی لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیدا بن، بیرەکان شەپۆل دەدەن و دێنە دەرەوە. ئەمە لە کۆی چیرۆکەکانی دیکەیش ڕوودەدات، بەڵام هەر جارەی بە شێوەیەک. هەرچەندە هەموویان فەزایەکی لە یەکچوویان هەیە.

شەپۆلی هۆش هێندەی گرینگی بە ناوەڕۆکی دەق دەدات، هێندە گرینگی بە تەکنیک و ئامانجەکانی نادات.

کۆی کارەکتەرەکان لە ڕێی وڕێنە و شەپۆلەکانی ناو زەینی خۆیانەوە بۆ واقیع و دەرەوە دەڕوانن. بە بڕوای “ڕۆبەرت هیمفری” شەپۆلی هۆش هێندەی گرینگی بە ناوەڕۆکی دەق دەدات، هێندە گرینگی بە تەکنیک و ئامانجەکانی نادات. کەواتە شەپۆلی هۆش تەکنیکێکە پێکهاتەی زەینی کارەکتەرەکان لەڕێی وەسفەوە پێشکەش دەکات. بەڵام ئەوەی لەم چیرۆکانە بەری دەکەوین، ئەوەندەی گێڕانەوە و پیشاندانی وێنەکانە، ئەوەندە وەسف نییە. هەرچەندە دەتوانین لە ڕێی وەستان لەسەر وشەکان وەسفی کەسەکان، بارودۆخەکان، شوێنەکان هەست پێ بکەین. ئەوەی زۆر جێی سەرنجە زۆربەی وشەکانی ناو زەینی کارەکتەرەکان جۆرێک لە ئاوازیان تێدایە. بۆ ئەمە دەتوانم سوود لە چەمکی ئۆنۆماتۆپیا- Onomatopoeia وەرگرم. ئەم چەمکە لاساییکردنەوەی دەنگە. بۆ نموونە دەنگی تەقینەوە، ئێمە وشەی گرمەمان بۆ داناوە، یان بۆ دەنگی با، بۆ دەنگی باران، بۆ دەنگی مریشک، کار، بەرخ… تاد. بە هۆی شەپۆلی هۆشەوە وشەکان جۆرێک لە ئاوازیان تێدایە. واتە وشەکان زەنگدارن. واتە جۆرێک لە وشە لەناو ڕستەکاندا دەبینینەوە لە نێوان وشەکە و هەستی کارەکتەر هاوڕێکی هەیە، چونکە وشەکان ڕێک گوزارشتن لەو هەستەی، کە کارەکتەر هەیەتی. هاوکات ئەمە پێوەندی بە لەرەی دەنگ و باری دەروونی کارەکتەرەوە هەیە. لە چیرۆکی چوارەمدا بەر ئەم ڕستەیەی کارەکتەر دەکەوین: ((زۆر جار هەڵبژاردنی شێوازی خۆکوشتن، لە خۆکوشتنەکە زەحمەتترە. ڕەنگە هەر ئەوەیش وای کردبێت کە زۆر کەس خۆیان نەکوژن)). لە چیرۆکی دووەمیش بەر ئەم ڕستانە دەکەوین: ((دەستت لەسەر دەسکی دەرگاکەیە و بیر لەوە دەکەیتەوە ئەو کاتەی لەپڕ خۆت بە ژووردا دەکەیت، ئەوان بە ڕووتووقوتی لە ئامێزی یەکدا بەرانبەرتن و واقیان وڕ دەمێنێت.)) لە ڕستەکانی یەکەمدا چەند جار بەر وشەی خۆکوشتن دەکەوین، لە ڕستەی دووەمدا هەستی کارەکتەر هەست پێ دەکەین لە کاتی کردنەوەی دەرگاکە. دەمەوێ بپرسم ئەرکی ئەم وشە زەنگدارانە چین؟ بە واتایەکی دیکە ئەو وشانەی جۆرێک لە مۆسیقایان دروست کردووە ئەرکیان چییە؟ هەوەڵین شتێک ئەم وشانە گوزارشتێکی ڕاستگۆیانەی هەستی کارەکتەرن، زیندووێتی واقعی دەروونی و ناوەوەی کارەکتەر نیشان دەدات. چیرۆکنووس بۆ ئەوەی بێ دروستکردن واقیعێکی کەسێک لە هۆشی کارەکتەر نیشان بدات، پەنا بۆ ئەم تەکنیکە دەبات، بەمەیش خوێنەر ڕاستەوخۆ بەر هەستێک دەکەوێت، کە هەستێکی ڕاستەقینەیە.

٤. کارەکتەرسازی

مەبەستم لە کارەکتەرسازی قسەکردن نییە لەبارەی چیەتی کارەکتەر لە ڕووی تیۆرییەوە، بەڵکو مەبەستم چۆنیەتی خولقاندنی کارەکتەرە، چۆنیەتی هەڵسوکەوت و دەربڕینی بیرکردنەوە و چیرۆکی کارەکتەرەکانە. ئەوەی زۆر جێی سەرنجە چیرۆکنووس بە هیچ شێوەیەک دەست ناخاتە ناو ژیان و بیرکردنەوەی کارەکتەرەکان. هەر کارەکتەرە لە فەزا و ژیانی تایبەتی خۆیدا دەژی. ئەمە واتای ئەوە نییە، چیرۆکنووس بخرێتە دەرەوەی دەقەکە، بەڵکوو چیرۆکنووس دەتوانێت چیرۆکەکە لە تێڕوانین و جیهانبینی خۆیەوە بنووسێت، بەڵام نابێت ڕێگر بێت لەوەی کارەکتەرەکان هەست و بیرکردنەوەی خۆیان دەربڕن. کارەکتەرانی ئەم چیرۆکانە بەو شێوەیەی دەیانەوی هەڵسوکەوت دەکەن، ئەوەی لەسەر چیرۆکنووس پێویستە تەنیا نیشاندان کارەکتەر و ژیانی کارەکتەرە. ڕاستە کارەکتەری هەموو چیرۆکەکان لە فەزایەکی هاوبەشدا دەژین، هەموویان گرفتاری شتێکن. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە سەربەخۆ نەبن. لەم چیرۆکانە بەر کارەکتەرێک ناکەوین، کە خراپ، یان باش بێت. واتە کەسایەتی باش و خراپمان نییە، بەڵکوو کارەکتەرەکان خودی ژیان دەژین. ئەوان لەناو دنیای خۆیاندا دەژین. لە چیرۆکی دووەمدا کارەکتەر لە ژووری نووستنە و بەردەوام سەرقاڵی خۆیەتی، هەست دەکات کەسێک بەردێکی گرتە پەنجەرەی ژوورەکەیان، ئەمە وای لی دەکات وا بیربکاتەوە ژنەکەی ژوانی لەگەڵ کەسێک هەیە، بەڵام ئەم هەستە ڕیشەی بۆ پێشتر دەگەڕێتەوە. هەموو ئەو قسە و هەستانەی ئەم کارەکتەرە دەری دەبڕێت، خودی خۆی دەریان دەبڕێت بەبی ئەوەی چیرۆکنووس دەست بخاتە ناو ژیانیەوە، یان لە جیاتی ئەو قسە بکات. بە واتایەکی دیکە کارەکتەرە خۆی ژیانی خۆی دەژی، نەک چیرۆکنووس ئەو بجوڵێنێت.