له میدیاكه‌وتن
دیجیتاڵ، میدیای هه‌نووكه‌یه. كاته‌كه‌ی په‌یوه‌سته به ڕووداوه‌وه. له‌نێو په‌یوه‌ندی دیجیتاڵیدا، زانیارییه‌كان بێ هیچ نێوه‌ندگرێك به‌رهه‌م ده‌هێنرێن و ده‌نێردرێن و وه‌رده‌گیرێن. زانیارییه‌كان فیلته‌ر ناكرێن و ئاراسته‌كردنیان له لایه‌ن هیچ كه‌سێكه‌وه دیار نییه. لایه‌نی نێوه‌ندگێر به شێوه‌یه‌كی زۆر توند ڕه‌تده‌كرێته‌وه. نێوه‌ندگیری و نوێنه‌رایه‌تی وه‌ك میدیایه‌كی لێڵ و بێ كه‌ڵك ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك قوڕگێك له‌نێو كات و شه‌پۆلی زانیاری ده‌رده‌كه‌وێت.
میدیا ئه‌لكترۆنییه ساده‌كان هاوشێوه‌ی ڕادیۆ توانای دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی تاكلایانهیان نییه. له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره ئامفیشانۆییهی[1] ڕێگره له هه‌ر كرده‌یه‌كی هاوبه‌رانبه‌ر. شه‌پۆله ڕادیۆئهكتیڤهكانیان هه‌رگیز جارێكی تر هه‌نارده ناكرێنه‌وه. ئه‌وانه‌ی ئه‌م شه‌پۆلانه وه‌رده‌گرن مه‌حكوومن به پاسیڤ بوون. تۆپۆلۆژیای ئه‌نته‌رنێت زۆر جیاوازتره له ئهمفیشانۆ ـــ كه لایه‌نێكی تری ده‌سه‌ڵاته ــ كه سه‌نته‌رێكی په‌خشكردنی هه‌یه.
له ئه‌مڕۆدا ئێمه چیتر وه‌رگر و به‌كارهێنه‌ری زانیارییه‌كان نین، به‌ڵكو ئه‌وانه به‌رهه‌م ده‌هێنینه‌وه و بڵاویان ده‌كه‌ینه‌وه. ئێمه چیتر ڕازی نابین به‌وه‌ی به‌كارهێنه‌رێكی پاسیڤی زانیارییه‌كان بین، ده‌مانه‌وێت له‌مه‌ودا ئه‌و زانیاریانه به شێوه‌یه‌كی چالاك به‌رهه‌م بهێنینه‌وه و له ڕێگایه‌وه په‌یوه‌ندی دروست بكه‌ین.
دیجیتاڵ به ته‌نیا په‌نجه‌ره‌یه‌ك بۆ بینه‌ره پاسیڤه‌كان ناكاته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و ده‌رگایانه‌ش ده‌كاته‌وه كه ئێمه ده‌توانین له ڕێگایانه‌وه ئه‌و زانیاریانه ههڵڕژێنینهوه ده‌ره‌وه كه خۆمان به‌رهه‌ممان هێناوه.
ئێمه به‌جارێك به‌رهه‌مهێنه‌ر و بهكارهێنهریشین. ئه‌م دوو ڕۆڵه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌ڵه‌كه‌بوونی زانیارییه‌كانی زیاتر كردووه. دیجیتاڵ به ته‌نیا په‌نجه‌ره‌یه‌ك بۆ بینه‌ره پاسیڤه‌كان ناكاته‌وه، به‌ڵكو ئه‌و ده‌رگایانه‌ش ده‌كاته‌وه كه ئێمه ده‌توانین له ڕێگایانه‌وه ئه‌و زانیاریانه ههڵڕژێنینهوه ده‌ره‌وه كه خۆمان به‌رهه‌ممان هێناوه. ئه‌م په‌نجه‌ره و ده‌رگایانه ئه‌و ویندۆزانه‌ن كه یه‌كسه‌ر و بێ هیچ لایه‌نێكی نێوه‌ندگر په‌یوه‌ندی ده‌كه‌ن به ویندۆزه‌كانی تره‌وه. له ڕێگای ویندۆزهكانهوه، چیتر چاوی ئێمه له‌سه‌ر فه‌زای گشتی نییه به‌ڵكو له‌سه‌ر ویندۆزه‌كانی تره. هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌یه كه میدیای دیجیتاڵ خۆی له ماسمیدیای وه‌ك ڕادیۆ یان ته‌له‌فزیۆن جیا ده‌كاته‌وه. میدیای هاوشێوه‌ی وێبلاگه‌كان، تویته‌ر و فه‌یسبووك خه‌ریكن په‌یوه‌ندییه‌كان له میدیایی ده‌خه‌ن. كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆمان كه هه‌ڵپه و برسی بیروڕا و زانیارییه، متمانه‌ی به‌م په‌یوه‌ندییه له میدیاكهوتووانهیه.
ئه‌م له میدیاكهوتنهی په‌یوه‌ندییه‌كان له ڕێگای ڕۆژنامهنووسهكانهوه تێده‌په‌ڕێت، واته ئه‌م نوێنه‌رانه‌ی پێشووی نوخبه‌كان، ئه‌م “بیروڕا سازانه”، ئه‌م قه‌شانه‌ی بیروڕا، ئه‌ویش بۆ چین و توێژێكی پاتاڵ و كۆنه‌پارێز.
دیجیتاڵ هه‌موو چین و توێژی قه‌شه‌كان ده‌سڕێته‌وه. له میدیاكهوتنی گشتی كۆتایی به سه‌رده‌می نوێنه‌رایه‌تی دێنێت. له ئه‌مڕۆدا هه‌مووان ده‌یانه‌وێت ڕاسته‌وخۆ ده‌ركه‌ون و، بیروبۆچوونه‌كانیان بێ هیچ نێوه‌ندگرێك بخه‌نه ڕوو.
ئه‌م گوشاره زۆره‌ی كه هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره لهمیدیاكهوتن، گه‌یشتووه‌ته ناوه‌ندی سیاسه‌تیش. ئه‌م گوشاره دیموكراتی نوێنه‌رایه‌تیشی خستووه‌ته بارودۆخێكی قورسه‌وه. نوێنه‌ره سیاسییه‌كان چیتر وه‌ك ههناردهكهرهكان ده‌رناكه‌ون، وه‌ك نوێنه‌ری [لایه‌نه‌كان]، به‌ڵكو پتر وه‌ك به‌ربه‌ست دێنه پێش چاو. ئه‌م گوشاره خوازیاری جۆرێك له به‌شداری زیاتر و شه‌فافیه‌تی زیاتره. “حیزبی چه‌ته ده‌ریاییه‌كان[2]” یه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنی خۆی قه‌رزاری ئه‌م پێشكه‌وتنه‌یه له سیستمی میدیاییدا. سنوورداربوونی هه‌نووكه، كه بهرهئهنجامێكی زۆر هه‌ستیارانه‌ی سیستمی دیجیتاڵه، به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ڕه‌شه له پره‌نسیپی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات.
نوێنه‌رایه‌تی زۆرجار وه‌ك فیلته‌رێك ڕۆڵ ده‌گێڕێت كه كاریگه‌رییه‌كی زۆر ئه‌رێنی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. به كرده‌ی هه‌ڵبژاردانه، پاوانكاری مسۆگه‌ر ده‌كات. بۆ نموونه خانه‌كانی وه‌شاندن، كه كهتهلۆگێكی باشیان هه‌یه، ڕۆڵێكی باشیان له پێگه‌یاندنی كولتووری و رۆشنبیری به‌شداربووانیاندا هه‌یه.
له میدیاكه‌وتن له هه‌ندێك بواردا ئه‌نجامه‌كه‌ی عهوامگهری لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌م خانانه‌ی وه‌شاندن گه‌شه به زمان ده‌ده‌ن. هه‌ندێك له ڕۆژنامه‌نووسه‌كان ته‌نانه‌ت ژیانی خۆیشیان له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌نێن كه ڕاپۆرتێك به كوالێتییه‌كی باش بنووسن. به پێچه‌وانه‌وه، له میدیاكه‌وتن له هه‌ندێك بواردا ئه‌نجامه‌كه‌ی عهوامگهری لێ ده‌كه‌وێته‌وه. هه‌ر بۆیه سه‌ره‌نج ده‌ده‌ن به ڕووكشكردنی زمان و كولتووری لێ ده‌بێته‌وه كه ده‌بێته شتێكی زۆر عه‌وامانه.
هه‌ر بۆیه كه‌سێكی وه‌ك بلا ئاندر[3]، كه نووسه‌رێكی پڕفرۆشیی ئه‌مریكییه ده‌ڵێت: “ده‌توانم كتێبه‌كانم خێرا چاپ بكه‌م. چونكه سه‌ره‌تا من پێویستیم به قهناعتپێكردنی هیچ ده‌ڵاڵێك نییه. ده‌توانم ڕێك ئه‌و كتێبه بنووسم كه خوێنه‌ره‌كانم ده‌یانه‌وێت. خوێنه‌ره‌كانی من، خۆمم[4]“. هیچ جیاوازییه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌نێوان “خوێنه‌ره‌كانم و مندا نییه، خوێنه‌ره‌كانی من، خۆمم”.
“خوێنه‌ره‌كانی من، خۆمم” به واتای كۆتایی هاتنی مرۆڤی سیاسی دێت، به واتایه‌كی قووڵی تێماكهش بریتییه له‌و كه‌سه‌ی له باتی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خواستی دهنگدهرهكانیدا بێت، تا دوا ڕاده داكۆكی له پێگه‌ی خۆی ده‌كات و له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه له‌وان له پێشتره.
بانگه‌شه‌ی شه‌فافییه‌ت له نووسیندا ده‌بێته هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی. ئه‌گه‌ر هاتوو نووسینه‌كه‌شی تایبه‌تی بێت، یان پێكه‌وه‌یی، شه‌فاف، ئه‌وه ته‌نیا كه‌ڵه‌کەكردنی پیته و هیچی تر.
داهاتوو، وه‌ك كاتیگۆرییه‌كی كات له سیاسه‌تدا له ناو ده‌چێت. سیاسه‌ت چالاكییه‌كی ستراتیژییه، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتی به سه‌ر زانیاری‌دا هه‌بێت و حوكمی به سه‌ر به‌رهه‌مهێنان و بڵاوكردنه‌وه‌یدا هه‌بێت. هه‌ربۆیه ناكرێت به ته‌واوه‌تی چاوپۆشی له‌و ژینگه داخراوانه بكرێت كه زانیارییه‌كان به ئه‌نقسه‌ت ده‌شارنه‌وه. نهێنی پارێزی زانیارییه‌كان یه‌كێكه له پێكهێنه‌ره پێویسته‌كانی په‌یوه‌ندی سیاسی، واته ستراتیژی. كاتێك هه‌موو شتێك به شێوه‌یه‌كی له‌ناكاو بخرێنه به‌رده‌ست گشت كه‌سێك و به گشتی بكرێن، سیاسه‌ت هه‌ستی ماوه درێژی خۆی و ڕوانگه‌ی خۆی له ده‌ست ده‌دات و له‌نێو هه‌واڵی ساخته و پڕوپاگه‌نده‌دا نوقم ده‌بێت. شه‌فافیه‌تی ته‌واو، كاتێكی ناسه‌قامگیر و بهرنامهداڕێژییهكی له‌سه‌رخۆ و ده‌سه‌په‌نێت به سه‌ر په‌یوه‌ندی سیاسی‌دا. چیتر ئه‌گه‌ری پێگه‌یشتنی هیچ شتێك نامێنێت. داهاتوو كاتی شه‌فافیه‌ت نییه. شه‌فافییه‌ت له ژێر هه‌ژموونی هه‌نووكه‌یی، ههنووكهدایه. سته‌مكاری شه‌فافیه‌ت ده‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م ده‌ربڕینی هه‌ندێك بیروڕای جیاواز و ئایدیای ناباو. بوێری كه‌م ده‌كاته‌وه. ئه‌م ناچاریی شه‌فافیه‌ته وه‌ك خۆگونجاندنێكی به‌هێز ڕۆڵ ده‌گێڕێت. هاوشێوه‌ی كامێرای چاودێری، هه‌ستی چاودێری كردنمان تێدا دروست ده‌كات. ئا لێره‌دایه كه كاریگه‌رییه پانۆپیتكهكهی[5] ده‌رده‌كه‌وێت. دواجار هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی لێ دروست نابێت و، هه‌مان شت دووباره ده‌بێته‌وه: “چاوی له هه‌موو شوێندابووی میدیا، وایكرد كه ئێمه [سیاسییه‌كان] ئازاد نه‌بووین له‌وه‌ی ڕاشكاوانه له بابه‌تێكی دۆستانه، یان مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیار یان شتێك به دڵی خه‌ڵك نه‌بێت گفتووگۆ بكه‌ین، ئێمه ده‌بێت به‌رده‌وام وێنای ئه‌وه بكه‌ین كه‌سێك ده‌چێت و ڕاپۆرتی قسه‌كانمان ده‌دات به میدیا[6]“. دیرك ڤۆن گۆلن[7]، نووسه‌رێك كه وه‌به‌رهێنانێكی گه‌وره‌ی كردووه له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌كی جه‌معی كتێب به ناونانیشانی “دوا ڤێرژن به‌رده‌سته[8]” بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه پرۆسه‌ی نووسینی خۆی شه‌فاف ده‌كات. به‌ڵام ئه‌م ئیشی نووسینه ته‌واو شه‌فافه چییه؟ بۆ پیته‌ر هاندكێ[9] نووسین گه‌شتێكه به ته‌نیا. سه‌فه‌ره بۆ نێو شوێنه نه‌ناسراو و نه‌دۆزراوه‌كان. به‌م شێوه‌یه‌یه، كه نووسین به واتا قووڵه‌كه‌ی زاراوه‌كه ده‌گاته كرده و هزر. هه‌روه‌ها له ڕێگای هزره‌وه‌یه كه هایدیگه‌ر به‌ره‌و شتی كه‌شفنه‌كراو ده‌ڕوا. شه‌قه‌ی باڵه‌كانی ئیرۆسی خواوه‌ند، گشت جارێ ئه‌وه ده‌ڵێـت كه ده‌بێت له‌نێو هزریدا هه‌نگاوێكی بنه‌ڕه‌تی بهاوێ و خۆی بخاته به‌ر مه‌ترسی ڕێگه نادیاره‌كان[10]. بانگه‌شه‌ی شه‌فافییه‌ت له نووسیندا ده‌بێته هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی. ئه‌گه‌ر هاتوو نووسینه‌كه‌شی تایبه‌تی بێت، یان پێكه‌وه‌یی، شه‌فاف، ئه‌وه ته‌نیا كه‌ڵه‌کەكردنی پیته و هیچی تر. ئه‌م نووسینه بێتوانایه له گۆڕانكارییه‌كی ته‌واو، واته له تاقانه‌یی. نووسینی شه‌فاف ته‌نیا زانیارییه‌كان له ته‌نیشت یه‌كه‌وه كه‌ڵه‌كه ده‌كات. كه‌ڵه‌كه‌كردن زۆر به ساده‌یی شێوازی دیجیتاڵه. ئه‌م ناچاری شه‌فافییه‌ته ده‌كه‌وێته ئه‌و دیو ویست و به‌شداری ئازادی زانیارییه‌وه. ئاماژه‌یه بۆ گۆڕانی پاردایمهكان. ئه‌م پارادایمه نوێیه تا ئه‌و شوێنه‌ی بڕیار ده‌دات كه چییه و یان ده‌بێت چی بێت نۆرماڵه. ئه‌م پارادایمه پێناسه‌ی بوونێكی نوێ ده‌كات.
ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه. ئه‌وه‌ی كه ئێمه ئه‌مڕۆ له ئه‌وروپادا پێیدا تێپه‌ڕده‌بین، قه‌یرانی ڕۆحه
له‌نێو دیمانه‌یه‌كدا، میشێل بوتور باس له قه‌یرانێكی ڕۆحی ده‌كات، كه ئه‌م شته وه‌ك قه‌یرانی ئه‌ده‌بیاتیش خۆی ئاشكرا ده‌كات: “ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه ئێمه تێیدا ده‌ژین به ته‌نیا قه‌یرانی ئابووری نییه، قه‌یرانی ئه‌ده‌بیشه. ئه‌ده‌بی ئه‌وروپی له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دایه. ئه‌وه‌ی كه ئێمه ئه‌مڕۆ له ئه‌وروپادا پێیدا تێپه‌ڕده‌بین، قه‌یرانی ڕۆحه[11]“. كاتێك سه‌باره‌ت به سه‌مپتۆمه‌كانی ئه‌م قه‌یرانه پرسیاری لێ ده‌كه‌ن، بویتهر له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: “ماوه‌ی ده یان بیست ساڵه، تا ڕاده‌یه‌ك هیچ شتێك له‌نێو ئه‌ده‌بدا ڕووینه‌داوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌م شه‌پۆلی چاپ و بڵاوكردنهیهوهش، دیسان ئه‌مه سستی ڕۆشنبیرییه. هه‌موو ئه‌مانه له‌به‌ر هۆكاری قه‌یرانی په‌یوه‌ندییه. كه‌ره‌سته نوێیه‌كانی په‌یوه‌ندی جێی ستایشن، به‌ڵام ژاوه‌ژاوێكی سه‌یریان دروست كردووه. ئه‌و ژینگه‌یه‌ی ڕۆح و زه‌ین له خۆ ده‌گرێت، بێده‌نگییه. له كاتێكدا ئه‌وه ئاشكرایه كه په‌یوه‌ندی دیجیتاڵی بێده‌نگی ته‌فرووتوونا كردووه. كهڵهكردن، دایكی ژاوه‌ژاوی په‌یوه‌ندییه و، ئه‌مه شێوازی زه‌ین و ڕۆح نییه.
پەراوێزەکان
[1]Amphithéâtre شانۆی ڕۆمانی كه به چوارده‌وریدا بینه‌ری هه‌یه و راسته‌وخۆ هه‌موو كه‌س ئه‌كتی شانۆكه ده‌بینێت.
[2]Parti des pirates پارتی چه‌ته‌كان، كه پارتێكی سیاسییه له ئه‌ڵمانیا و له ساڵی 2006 دامه‌زراوه، یه‌كێك له دروشمه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پارته بریتی بوو له ده‌نگدان به ئه‌ندامه‌كانیان به شێوه‌ی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بۆ خستنه ڕووی شه‌فافیه‌ت زیاتر له كاری حیزبی‌دا.
[3]Bella Andre
[4]Die Zeit, 23 août 2012.
[5]Panoptique دیزاینی جۆرێك بیناسازی زیندانه، كه وا ده‌كات پاسه‌وانه‌كان چاودێری ته‌واوی زیندانییه‌كان بكه‌ن بێ ئه‌وه‌ی زیندانییه‌كان ئه‌وان ببینین، بۆیه به‌رده‌وام هه‌ست ده‌كه‌ن له ژێر چاودێری دان، فوكۆیش له كۆنترۆڵ و سزادان باسی ئه‌م جۆره زیندانه‌ی كردووه.
[6]Interview avec l’ancien maire de Hambourg, Olevon Beust, in Die Zeit, 31 janvier 2013
[7]Dirk von Gehlen
[8]Eineneue Version istverfügbar
[9]Peter Handke
[10]Martin Heidegger, “Ma chère petite âme”, Lettres à sa femme Elfride. 1915-1970, trad. Marie-Ange Maillet, Seuil, p. 345.
[11]Die Zeit, 12 juillet 2012.
سه‌رچاوه:
Byung-Chul Han, DANS LA NUÉE, RÉFLEXIONS SUR LE NUMÉRIQUE, ACTES SUD, 2015.