بۆچی گوندنشینم؟

لەسەر لێژاییەکی توندوتۆڵی دۆڵێکی پان و شاخاوی، لە بەری باشووری “دارستانی ڕەش” و لەسەر بەرزایی هازاروسەتوپەنجا مەتری، کۆخێکی بچووک (بۆ پشوو و وەرزی ‘ئیسکی’) هەڵکەوتووە کە ژێرخانەکەی شەش بە حەوتە. میچی کورتی کۆخەکە، سێ هۆدە دادەپۆشێ. ناندین کە هۆڵیشە، ژووری نووستن و هۆدەیەکی گچکە بۆ خوێندنەوە.

بە درێژایی بەستێنی تەنگەبەری دۆڵەکە و لەسەر لێژاییە هاوتاکەیشی کە هەر هێندەش توندوتۆڵە، دەکرێ خانووانی گوندیی بە سەربانە خەبەنگەکانیانەوە ببینی کە لە هەموو جێیەک و دوور لە یەک پەرتەوازەن. مێرگوزارەکان و لەوەڕگاکانی سەرتری ئەم لێژاییەش بەرەو دارستانێکی شین بە سنۆبەرە پیر و بەرزەکانی دەڕۆن. ئاسمانی ساماڵی هاوین هەموو جێیەکی داپۆشیوە و لە بەرینایی ڕۆشنی ئەودا، دوو سەقر کەیفخۆشانە لە جوغزەکانی بۆشاییەک بە دەوروخولی یەکدا باڵەفرکێیانە.

دیمەنێک لە کۆخەکەی هایدێگەر، ئەم وێنەیە هاوینی ٢٠٢٠ لە لایەن هاوڕێـمان (دەهام محەمەد)ەوە گیراوە.

ئەمە دنیای کاریی منە لە دیدی کەسێک کە دەیبینێ، لە دیدی میوانێک یان موسافیرێکی پشووەکانی هاوین؛ بەڵام ڕاشکاوانە بڵێم خۆم ئەم دیمەنانەم هەرگیز نەبینیوە. من گۆڕانکارییەکانی کاتژمێر بە کاتژمێر، ڕۆژ بە ڕۆژ و شەو بە شەوی دیمەنەکانم لە هاتن و چوونی بەشکۆی وەرزەکان ئەزموون کردووە. قورسایی چیاکان و سەختی گابەردە دێرینەکان، باڵاکردنی سەرسەختانەی سنۆبەرەکان، شکۆی سادە و دڵگیرانەی چیمەنە تازە پشکووتووەکان، شڵپ و هۆڕی جۆباری شاخاوی لە شەوی درێژی پاییز و سەفای بێگەردی دەشتە بەرینە بە بەفر داپۆشراوەکان. هەموو ئەمانە دزەیان کردووەتە نێو بوونی هەر ڕۆژەی ئەو سەرە  و هەمیشەییە؛ ئەویش نەک لە ساتە بە تۆپزییەکانی لێوانلێو لە وەجدی جوانیناسانە و تێگەیشتنی ناڕەسەنانە، بەڵکو تەنیا کاتێک کە بوونی کەسێک، لە پانتایی کارەکەی ئامادە دەبێت. تەنیا کارە کە ئیمکانی گەشەی ڕاستەقینەی ئەم کێوانە چێ دەکات. لە ڕاستیدا ڕێسای کار، لە پێشهاتگەلێک شاراوەتەوە کە لەوێدا ڕوودەدەن.

تێڕامانە فەلسەفییەکان

شەوێکی قووڵی زستان کە کڕێوەیەکی وەحشی مشت لە کۆخەکە دەکووتێ و هەموو شتێ گەمارۆ دەدا و دادەپۆشێ، شەوێکی سەیروسەمەرەیە بۆ تێڕامانی فەلسەفی. ئەو کات کە پرسیارەکان گەرەکە سادە و بنەڕەتی بن. لە هەر ئایدیایەک تێبفکری، تەنیا جیدی و ئاڵۆزە و هەوڵەکانت بۆ پەستانی شتێ لەنێو دەفری زمان، دەبێتە چەشنی هەوڵدانی سنۆبەرە زۆر بەرزەکان لە بەرانبەر باگرۆ.

بەڵام شێوازی ئەم کارە فەلسەفییە، ئیتر هاوشێوەی تێڕامانی دوورەپەرێزەکان نییە، بەڵکو ڕێک لە ژیواری کاری گوندییەکان دەچێ؛ چەشنی کاتێ کە لاوێکی گوندی، تاخورکە قورسەکەی ڕاکێش ڕاکێش لە لێژاییەکە تێدەپەڕێنێ و لەگەڵ ئەوەی کە پڕی دەکا لە دەخڵودان، ئەو ڕێگە پڕ مەترسییە بەرەو ماڵەکەی، لەو خوارە دەبڕێت، وەکو کاتێ کە پیاوی شوان، نووقم لە هزرەکانی هێواش هەنگاو هەڵدەگرێ و مێگەلەکە بەرەو سەرەوەی لێژایی دۆڵەکە دەبات و کاتێ کە پیاوی وەرزێر لە خانووچکەکەی خۆی دانیشتووە و پەردووی مێچی خانووەکەی ساز دەکات؛ کاری منیش لەم جۆرە کارانەیە، هاوڕیشە و گرێدراو لەگەڵ گوندییەکان.

شارنشینێک پێیوایە ئەگەر کەمێک خاکەڕا بێت و لەگەڵ گوندییەکدا گەرموگوڕ بێت، کارێکی عەوامانەی کردووە. هەرچەند ئێمە، پاشنیوەڕۆیان کە وەختی پشوومە، لە دەوری ئاگری گوندییەکان یانژی لە پشتی مێزێ لە سووچێ دادەنیشم، بە زۆری قسە ناکەین، پایپەکەمان لە بێدەنگییەکی پەتی دەکێشین و وەخت و ناوەخت یەکێ بگات کە: «لەم ڕۆژانە کۆکردنەوەی دارودووڕ لە دارستان تەواو دەبێ»؛ کە «دوێشەو چەقەڵ هیرشی کردووەتە سەر دەواجنێک»؛ کە «سبەی بەرەبەیان پێدەچێ مانگاکان بزێن»؛ کە «مامی فڵانەکەس جەڵتە لێی داوە»؛ یان ئەوەیکە «بە زوویی گیژەلووکەیە».

پێوەندی قووڵی کارەکەم لەگەڵ دارستانی ڕەش و خەڵکەکەی، ڕیشەیەکی پتەو و سەدان ساڵەی لە خاکی ئەڵمانیا و شوایە هەیە و لەگەڵ هیچ شتێکیشدا ناکرێ بگۆڕدرێتەوە.

blank
وێنەیەکی گوندەکە کە لە پەنجەرەی کۆخەکەی هایدێگەرەوە گیراوە. فۆتۆ: دەهام محەمەد

کەسی شارنشینی بە ڕواڵەت کە نیشتەجێ گوند دەبێ، ئاخیرەکەی بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو. بەڵام کاری من، هەمووی پشتئەستوور بە دنیای ئەم کێوانە و خەڵکەکەیەتی و بە ئاماژەی ئەوان ڕێنوێنی دەکرێ. ئێستا ماوەیەکە کە کارەکانم لەو سەرەوە، هەر ماوەیەک بە کۆنفرانسەکان، گوتاربێژییەکانی دووری شار،‌ کاروبار و ڕاسپارەکان و ئەو کاتانەی کە لەم خوارە، لە فرایبۆرک وانەبێژی دەکەم، بە هەدەر دەچێ؛ بەڵام لەگەڵ گەڕانەوە، تەنانەت هەر لە چەند کاتژمێرەی یەکەم، دنیای پرسیارەکانی پێشووم هەر بەو شێوەیەی کە جێمهێشتبوون، دیسان گوشارم دەخەنەوە سەر. حاڵم لەگەڵ ڕیتمی کارەکە هاوئاهەنگ دەبێ و بە شێوەیەکی قووڵ هەست دەکەم هیچ ئیرادەیەکم لەسەر ئەم ڕێسا شاراوەیە نییە.

خەڵوەت

بۆ خەڵکی شار زۆربەی جار سەیرە، کە کەسێک، تاک و تەنیا بۆ ماوەیەکی وەها درێژ و خەمهێنەر لەنێوان کێوەکان و لەنێو گوندییەکان بەسەر ببات؛ بەڵام ناوی ئەمە تەنیایی نییە؛ خەڵوەتە. لە گەورەشارەکان دەکرێ لە هەر جێیەکی دیکە تەنیاتر بی؛ بەڵام هیچ کات ناکرێ هەست بە خەڵوەت بکەی. دەسەڵاتی سەیر و تەیبەتمەندی ڕەسەنی خەڵوەت نشینی، لە جیاکردنەوەمان لە کۆمەڵ نییە، بەڵکو لە هەڵکۆڵینی گشت بوونمانە بە پانتایی نزیکی حزووری شتەکان.

لە گەورەشارەکان دەکرێ لە هەر جێیەکی دیکە تەنیاتر بی؛ بەڵام هیچ کات ناکرێ هەست بە خەڵوەت بکەی.

لە دنیای ڕۆژانەدا دەکرێ یەکشەوە بە ڕۆژنامە یا گۆڤارێک بەناوبانگ ببی. هەمیشەش ئەمە دڵنیاترین ڕێگەی هەڵەلێکدانەوە لە کەسەکی ترین هەبووەکانی تاک و لەبیر کردنیان بووە و هەیە. بەڵام شێوەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زەینی گوندییەک، کە بە پێچەوانەوە لێوانلێوە لە سادەیی و ڕاستگۆیی، هەرگیز لە بیری کەس ناچێتەوە. هەر ماوەیەک لەمەوبەر، ژنێکی گوندی لە سەرەمەرگدا بوو. هەمیشە دەیویست پێکەوە دەمەتەقێ بکەین و چیرۆکی کۆنی زۆریشی لەبارەی گوندەکەوە بۆم باس دەکرد. زمانی پتەو و پڕ وێنای، هێشتا ئەو وشە و پەند و حکایەتە کۆنانەی کە بۆ نەوەی لاوی گوند، ئیدی نەناس بوون، لە خۆ دەگرت و بۆیە زمانی باوی لەمێژینەکانی پاراست بوو.

هەر ساڵێ لەمەوبەر کە چەند هەفتەیەکم تەنیا لەو کۆخەدا بەسەر دەبرد، زۆربەی کات ئەم ژنە لادێیە بە هەشتاوسێ ساڵ تەمەنەوە، ئەو لێژاییەی بە ئومێدی بینینی من دەبڕی. بە وتەی خۆی هەر جارێک دەهاتە ئەوێ کە بزانێ ئاخۆ هەم، یانژی نا و، نەوەکا “کەسێ” لەپڕێکدا هاتبێت و منی دزی بێت! شەوی مەرگی لای بنەماڵەکەی بوو. ساعت و نیوێک بەر لە کۆتایی ژیانی، داوای لێکردبوون کە سڵاوی بگەیەنن بە “پرۆفیسۆر”. وەها یاد و بیرەوەرییەک، بۆ من لە پسپۆڕانەترین وتار لە بڵاوکراوەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی هزرە گوایە فەیلەسوفانەم بە بەهاترە.

دنیای شار، لە مەترسی ئەنجامدانی هەڵەیەکی وێرانکارانەدایە. هاتووە سەربارییەکانی بە هۆڕن و کەڕنا و بە شێوەی ماندوویی نەناسانە و شیک، بە ناوی دڵەڕاوکی لە دۆخی دنیا و بوونی کەسی گوندیی سەپاندووە. هەرچەندە ئەمە ڕێک پێچەوانەی تەنیا کارێکە کە هەنوکە دەبێ بیکەی؛ کە بوونی ئەم خەڵکە پتر لە هەمیشە بۆ خۆیان لێگەڕێین؛ نەوەکا کە بە هەڵیت و پەڵیتی فێڵبازانەی بەرهەمی ئەدەبی «خەڵک پەسەند» و «خۆماڵی بوون»دا رۆچێ. گوندی، نە پێویستی بەم لاپرسەنی کردنە شاریانە هەیە و نە دەشیەوێ. شتێ کە ئەو دەیەوێ و پێویستی پێیەتی، پاراستی حورمەتێکە کە بە شێوەی “بوون: و “سەربەخۆیی” خۆیەوە بەستراوەتەوە.

blank
مارتن هایدێگەر (١٨٨٩-١٩٧٦) فەیلەسوفی ئەڵمانی

دڵەڕاوکێ ساختەکان

بەڵام ئەمڕۆژانە، زۆرترین شارنشینانێ کە ڕێ و لارێی ئەوێ شارەزان و لەنێو “ئیسکی بازەکانی” دەڤەرەکەش کەم دەبینرێن، بە شێوەیەک لە گوند یان کێڵگە هەڵسوکەوت دەکەن کە وەک بڵێی لە سەیرانگای شاری خۆیانن و ڕادەبوێرن. شتێ کە ئەم ڕێبوارانە یەک شەوە بە بای دەدەن، پتر لە تەواوی ئەو شتانەیە کە بە سەتان ساڵ وانەبێژی وردبینانە لەبارەی کەسایەتی خەڵک و کولتووری خۆجێییان، تەنیا ئومێد بە بوژانەوەیەتی. وەرن ئەم هەڵسوکەتە بەزەیی هێنە و دڵەڕاوکێ ساختانەمان بۆ «پۆپۆلیستی» بەس بکەین و فێربین بوونی سادە و سەرسەختانەی ئەو سەرەوە چۆن بە جیدی وەبگرین. تەنیا ئەو کاتەیە کە جارێکی دیکە ئەم “بوون”ە قسە دەکات.

بەم تازەییانە بۆ دووەمین جار، لە لایەن زانکۆی بەرلینەوە داوەتنامەیەکی وانەبێژیم بۆ هات. هەر ئەو کات لە فرایبۆرگ هاتمە دەرێ و بۆ کۆخ گەڕامەوە. گوێم ڕادێرا بۆ سرتە سرتی کێوەکان و دارستان و کێڵگەکان و پاشان ڕۆیشتم بۆ دیداری دۆستێکی دێرینم کە جوتیارێکی حەفتاوپێنج ساڵەیە.هەواڵی داوەتی زانکۆی بەرلینی لە ڕۆژنامە خوێندبوویەوە. یانی ڕای چی بوو؟ ماوەیەک بە چاوە ڕۆشن و دڵنیاکانی لێم ڕاما و هەر وا کە بە تۆپزی دەمی داخستبوو، دەستە وەفادارەکانی بە هێمنی خستە سەر شانم. سەری بە سەختی و هێواشی تکان دا کە یانی: «دیارە کە نا»