تۆپى پێ و فەلسەفە/ ئارسناڵى نیچە

وەرگێڕانى شۆڕش غەفووری

پوختە:

ڕەنگە لەسەر خوو و ڕەوتار و تێهزرینەکانى، کەس (فردریک نیچە ـ Friedrich Nietzsche) بە لایەنگرى وەرزشە گشتییەکان نەزانێت، بەڵام ئاخۆ دەکرێت تۆپى پێ بە یارییەکى تاکى هەژمار بکەین؟ دەیڤید کیلپاتریک لەم وتارەدا لە هەوڵى نیشاندانى ئەوەیە کە ئەگەر نیچە لە سەردەمى تۆپى پێى بوایە، عاشقى دەبوو! کیلپاتریک بە توێژینەوەى هەڵبژاردە و یانە جیاوازەکان گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەى کە “نیچە دەبووە هاندەرى تۆپچییەکانى لەندەن”.

ئایا دەکرێت لە ڕوانگەى نیچەوە، تەماشای پێکهاتەى یانەى ئەرسناڵ بکەین؟

وەڵامەکەى دەیڤید کیلپاتریک(بەڵێ)ـیە.

***

ڕێک پاش ئەوەى نیچە گوتى “خوا مرد”، شەیدایێکى نیچە دەپرسێت: “چ یارییەکى پیرۆز دابهێنین؟” ئەگەر خوا مانا بە ژیانى مرۆڤ دەبەخشێت و دینێکى تەیار بە سیستەمێکى ڕخنەگرانەى هاوبەش خەڵکى یەک دەخات، ئەوا پێویستە ئەم لەدەستدانە قەرەبوو بکاتەوە. سەرەڕاى شرۆڤەیلى جیاواز لەبارەى مەبەستەکەى نیچە بۆ بەنێوبانگترین ڕستەى کە بۆ یەکەم جار و لە ساڵى (١٨٨٢) و لە کتێبى (حیکمەتى شادان) بڵاو بووەوە، ئێستا ئیتر ئەوە بە ڕاست گەڕاوە کە لە ڕێنوێنیکردن و ئاراستەکردنى ژیانى زۆرینەى خەڵکى، چیتر مەسیحیەت گرنگترین ڕۆڵ ناگێڕێت. ئەوڕۆکە کڵێسەکان جێگەى خۆیان داوەتە یانە و ستادیۆمەکان. لە چوارچێوەى وەرزشدایە کە ئەنجوومەنى حیکایەت و گێڕانەوەى هاوبەش دروست دەبێت، لە گۆڕەپانى تۆپى پێیە کە قارەمانە هاوچەرخەکان دروست دەبن و دەپەرەسترێن. تۆپى پێ، لە هەر وەرزشێکى دیکە، ئەو دیاردە جیهانییەیە کە بە تەواوەتى لە ژیانى مۆدێڕن جێگەى دینى گرتووەتەوە.

وا دەگوترێت کە ڕەگ و ڕیشەى ئەفسانەى تۆپى پێ بۆ سەدەى نێوەڕاست و کۆنتریش دەگەڕێتەوە.  (کۆجۆ ـ cuju)ى چینى، (کیمار  ـ kemari)ى ژاپۆنى، (ئیپسکیرۆس ـ episkyros)ى یۆنانى، (هارپاسترۆم ـ  harpastrum)ى ڕۆمى، (پیتز ـ pitz)ى مایانەکان و ئەو تۆپى پێیەى کە لەنێو کۆڵان و شەقامەلادێیانەکانى بەریتانیا ئەنجام دەدرا، هەموو ئەمانە وەک پێشینانى ئەم یارییە جوانە ناسێنراون. ئەم هەوڵانە بۆ پێکەوەگرێدانى تۆپى پێى هاوچەرخ لەگەڵ ڕووکاری کۆنینەى وەرزشە لە ڕێگەى ئەفسانە و ڕیشەکانەوە و دەبنە هۆى ئەوەى مۆدێڕبوونى تۆپى پێ بە جوانى نەبینرێت و گەشە خێرا و جیهانییەکەى لە کۆتایی سەدەى نۆزدەیەم و سەرەتاى سەدەى بیستەم زۆر گوێى پێ نەدرێت.

blank
بە تێپەڕینى سەدەیەک لە فۆرموولەبوونیان، تیم و یانەکانى تۆپى پێ لە هەر کڵێسەیەک و ئەستێرەکانیشیان لە هەر کەسێکى پیرۆزتر، هەوادار و سەرسپاردوویان بۆ خۆیان پەیدا کردووە.

نیچە لە ساڵى (١٨٨٩) لە شەقامەکانى تۆرین بە دەست شێتییەوە دەیناڵاند و قەت دەرفەتى ئەوەى نەبوو شاهیدى گەشەى چاوەڕواننەکراوى یارى مۆدێڕنى تۆپى پێ بێت. یەکەم یاساى یارییە نوێیەکە لە ساڵى (١٨٦٣) لە لایەن ئەنجوومەنى تۆپى پێ لە لەندەن کارى لەسەر کرا و تا ساڵى (١٨٩١) نەکرایە ئەڵمانى[1]. ئەنجوومەنى تۆپى پێى ئەڵمانیا، لە ساڵى (١٩٠٠) دامەزرا، ساڵێک پاش مەرگى نیچە، بۆیە ڕەنگە نیچە سەرەتاکانى گاگۆڵکێى تۆپى پێى بینیبێت. نیچە لە بەهارى ساڵى (١٨٨٨) چووە تۆرین، ئەوە لە کاتێکدا بوو کە یەکەم یارى تۆپى پێ لەوێ و ساڵێک پێشتر ئەنجام درابوو. [2] بەڵام ئەو قەت ستادیۆمێکى پڕ لە هەزاران هەوادارى(جمهور) دەمارگیرى نەبینى و نەشیدەتوانى پێشبینى ڕۆڵى سەرەکى تۆپى پێ لە ژیانى ملیۆنان مرۆڤى مۆدێڕن بکات، کەسانێک کە یارى بۆیان بووەتە دینێکى سیکۆلار، بووەتە تریاکێکى بەکۆمەڵ کە زۆر بەهێز و نەشئەکەرانەترە لە هەر دینێکى نەریتى. بە تێپەڕینى سەدەیەک لە فۆرموولەبوونیان، تیم و یانەکانى  تۆپى پێ لە هەر کڵێسەیەک و ئەستێرەکانیشیان لە هەر کەسێکى پیرۆزتر، هەوادار و سەرسپاردوویان بۆ خۆیان پەیدا کردووە. پیاوە دێوانەکەى نیچە، نەیدەزانى ئەو یارییە پیرۆزە داهێنراوە، پووچیەتى سەرچاوەگرتوو لە مەرگى خوا لە نێو دەبات.

(دیۆنیسۆس ـDionysus) و تیم:

هەندێک جار ڕووبەڕووى ئەم مشتومڕە دەبمەوە کە نیچە نەیدەتوانى هیچ حەز و خۆشەویستییەکى بۆ وەرزشە تیمی و گرووپییەکان هەبێت، چونکە ڕۆحى ڕاستەقینەى نیچەیی تەنیا لە وەرزشە تاکییەکان دەبینرێت، بەت ایبەت لە وەرزشە زۆر مەترسیدارەکان. ئاخۆ ئەم ڕستەیەی کە گوا (ئێڕنێست هەمینگوای) دەیڵێت: “تەنیا سێ وەرزش هەن: گاوێن (گاوبازى یا ماتادۆر)، ماتۆڕسوارى و شاخەوانى، ئەوانى دیکە تەنیا یارین”، هەستى قارەمانپەروەریى نیچەیی ناگەیەنێت؟ دەزانین کە نیچە زۆر حەزى لە گاوێن بوو لە (نیس)[3]، ئەو شوێنەى کە یەکەم کێبەرکێى تڕۆمبێلهاژووشتنی لە ساڵى (١٨٩٧) تێدا بەڕێوە چوو. کەوایە تڕۆمبێلهاژووشتنیش وەک تۆپى پێ، پێش لە شێتبوونى نیچە ڕەونەقێکى وەهاى نەبووە. حەزى ئەو بۆ شاخەوانى (یا بەلانى کەمەوە پیادەڕەوى)یش تەواو ڕاستە، کەوایە دەتوانین بێدوودڵی بڵێین کە نیچە دوو لەم سێ وەرزشەى قەبوڵ بووە و بە لانى کەمەوە گریمانەیەکى بەهێز هەیە کە هەوادار و پاڵپشتى ئەو وەرزشە تاکییانە بووە کە خاوەن هەستێکى مەترسیدارى زاتین.

واپێدەچێت ئەو شتەى لە وەرزشە تاکییەکان شوێنى بەتاڵە، تەنگەژەى نێوان تاک و کۆمەڵە. کاتێک یاریکەر لەگەڵ ولاشى فەریقەکەى لە لایەن هەوادارانیانەوە چەپڵەباران دەکرێن، دەکەونە جەنگ لەگەڵ تیمەکەى بەرامبەریان. ئەم تەنگەژەیە ڕێک ئەو شتەیە کە نیچە لە یەکەم کتێبیدا (لەدایکبوونى تراژیدى)، بە واتاى ئاپۆڵۆنى و دیۆنیسۆسى قسەى لەبارەوە دەکات. ئاپۆڵۆنى، بە ڕەچەڵەک تاکگەراییەکە کە بە باوەڕى نیچە لە تراژیدیاى یۆنانییەکان بە ئازارکێشانى قارەمانەکان نیشان دراوە، لە بەرامبەردا دیۆنیسۆسى، یەکێتیی بنەما و لەدەستدانى نەشئەئامێزى تاکیەتییە کە لە تراژیدیای یۆنانییەکان دەخرێتە چوارچێوەى گرووپى کەڕەوە، گرووپێک کە وەک یەک کەس قسە دەکەن.

بە باوەڕى نیچە، یۆنانى کۆن ئەودەمەى توانى ئەم دوو ئاستى کۆتا ئاپۆڵۆنى و دیۆنیسۆسییە لە تەنیشت یەکترەوە دانێت، گەیشتە باڵاترین دەستکەوتى هونەرى. ئایا نما و نیشانەیەک هەیە لە نمایشکردنى ئەم دوو ئاستە ئیفراتییە کە بەهێزتر بێت لەو ساتەى دەگاتە ئەنجام؟ یاریزانى گۆڵکەر، سەرکەوتنى تایبەتى خۆى بە خۆشى و شەوقەوە جێژن دەگرێت، شەوقێک کە لە ڕاڕاییە تایبەتییەکەى واوەترى دەبات و لە سەرچاوەى وزەى ژیانى مارە دەکات. ولاشەکانیشى بە کۆمەڵەکەیان ئەو شادییە جێژن دەگرن، ئاخر هەموویان لە گۆڕینى یاریەکە و گەیشتن بە گۆڵ ڕۆڵیان هەبووە و لە هەمان کاتیشدا هاواداران (ئەوانەى کە لە ستادیۆم یا لە شوێنە گشتییەکان و لە تەلەفزیۆنەوە یارییەکە دەبینن) جێژەکەیان هاوبەشى پێ دەکەن، یا بێهیواییەکەیان ئەگەر لە تیمى شکستخواردوو بن.

تۆپى پێ وەک دیاردەیەکى جوانیناسى:

زۆرجاران تۆپى پێدا دەبینین کە سوود لە تاکتیکە نەرێنییەکان وەردەگیرێت، واتە تیمێک بەقەدەر ئەوەى هەوڵى بەرگرتن لە گوڵکردنى تیمى بەرامبەر دەدات، هێندە هەوڵى گۆڵکردن نادات، یان گەر هەوڵى گۆڵکردنیش بدەن، ئەم کارە بە کەمترین ڕیسک ئەنجام دەدەن – لێدانێکى بەرز بۆ هێرشبەرێکى چاوەڕوان کە هیوادارە سوود لە هەلێکى غافڵبوون وەرگرێت و کارەکەى ئەنجام بدات -، لە کاتێکدا نیچە لە وتارى (هەڤڕکێى هۆمێر) بە باشە قسە لەسەر کێبەرکێ و هەڤڕکێکارى دەکات.[4] و ئاراستەى چاونەترسیی سەرکەوتن لە یۆنانى کۆن تاووتوێ دەکات و هەندێک لە تاکتیکە قۆڕەکانیان – قوربانیکردنى هەموو شتێک بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن بە هەر بەها و قیمەتێک – ئیحساساتى نیچە دەڕەنجێنێت. کەوایە بە لەبەرچاوگرتنى بایەخى بوونناسییە بەنێوبانگەکەى لە کتێبى (لەدایکبوونى تراژیدى): “تەنیا وەک دیاردەیەکى جوانیناسییە کە بوون و دونیا بە فۆڕمێکى ئەبەدى ئاراستە کراون”. بە بڕواى من، دەتوانرێت لە ڕوانگەیەکى نیچەییەوە تۆپى پێ تەنیا وەک دیاردەیەکى جوانیناسى باس و ئاراستە بکرێت. بە واتایەکى دیکە، نیچە تەنیا ئەو کاتە تۆپى پێ قبوڵ دەکات کە هونەرمەندانە ئەنجام بدرێت – بە شێوەیەکى زیرەکانە، ئەرێنیانە و خەیاڵاویانە – بە وەبەرچاوگرتنى هێز و توانای یاری بۆ جوانى.

یانە لەبەرامبەر وڵات:

باشە ئەگەر نیچە حەزى لە تۆپى پێ بوایە، دەبووە هەوادارى چ یانە و تیمێک؟

ئەگەر ئەو یانانە وەبەرچاو بگرین کە لە زێدى نیچە هەڵکەوتوون، (ئێف.سی بازل ـ FC Basel)، (نیس ـ Nice)، یا بە هۆى خۆشەویستیی بۆ (تۆرین ـ Turin)، (یوڤەنتوس ـ Juventus )، شتێک نامێنێتەوە بۆ مشتومڕ. بێگومان (خانمى پیر) ڕیکۆردى سەرکەوتنى لە دەستە کە لە ئیرادەى تیکەڵ بە هێزى مانەوەیەتى، بەڵام بۆ کەسێک کە خۆى بە (قەلەندەر) هەژمار دەکات، نابێت “شوێن” فاکتەرى دیاریکەر بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، بۆ وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە دەبێت لەنێوان (فەلسەفەى نیچە) و (فەلسەفەى تۆپى پێ) بەدواى لایەنە پێکچووەکانەوە بین.

 بە ڕەچەڵەک و ئەشرافیبوونى (مانچێستەر یونایتد ـ Manchester United) بێت زۆر لە سیمبولگەراى مەسیحیەت دەچێت، بەڵام کەسێک کە بە دواى (ئەودیوی باشە و خراپە)وەیە قەت ناتوانێت هورا بۆ شەیتانە سوورەکان بکێشێت. شێوەى یاریکردنى (بارسلۆنا) لە ئاستى بەرزترین ستانداردى جوانیناسییە، بەڵام یانەکە زیاد لە پێویست بە ناسیۆنالیزمى کەتالۆنیاوە دەبەسترێتەوە.

ئەوەندە بەسە سەیرێکى یانەکان بکەین تا گریمانەى ئەوە بکەین کە ئەم بیرمەندە ئاڵمانییە ڕەنگە لایەنگرى تیمێکى ئەڵمانى بێت، چونکە نیچە ناسیۆنالیزم بە یەکێک لە کێماسییە گەورەکانى مۆدێڕنیتە هەژمار دەکات. هەرچەندە سوودوەرگرتنى نازییەکان لە نووسینەکانى نیچە تەواو گومڕاکەرانەیە. لەگەڵ ئەوەی لە بەشێکى یەکەم کتێبیدا چاوەڕوانى لەدایکبوونى دووبارەى ئوستوورەیەکى ئەڵمانییە، کەچى دە ساڵ دواتر لە (حیکمەتى شادان) و لە بەشێکى بە ناوى “ئێمە، ئەوانەى کە قەلەندەرین”، دەڵێت:

“ئێمە بە پێى پێویست نەکراوینەتە ئەڵمانى… تا لایەنگرى لە ناسیۆنالیزم و ئاپارتاید بکەین و بتوانین بە هۆى نەتەوەگەراییەوە چێژ لە برینداربوونى دڵەکان و ژەهراویبوونى خوێنەکان وەربگرین، ئەو شتەى ئێستا نەتەوەکانى ئەورووپا بەرەو ئاراستەى لە بەرامبەر یەک وەستان دەبا، وەک ئەوەى یەکترى کەرەنتینە بکەن.”

جارى وایە نیچە خۆى بە “ئەورووپاییەکى باش” دەزانێت، بۆیە ویژدانى ناهێڵێت لایەنگرى تیمێک بکات کە بە ناوى دەوڵەت-نەتەوەوە بە دواى سەرکەوتن و شکۆوەیە. لە باس و مشتومڕى (وڵات لەبەرامبەر یانە) بەڕێوەبەرانى تۆپى پێ لەسەر ئەو بڕوایەن کە دەبێت یاریزان و لیگەکان لە خزمەتى فیدراسیۆنە میللى یا ڕێکخراوەکانى تۆپى پێدا بن و ئامانجى کۆتاییان بردنەوەى کێبەرکێ نێونەتەوەییەکانى وەکو جامى جیهانی بێت. بێگومان نیچە ئەم ڕووداوە نێونەتەوەییانەى ڕەت دەکردنەوە. لە بەشى یەکەمى کتێبی (وەها گوت زەردەشت/ چاپى ساڵى ١٨٨٣)، دەوڵەت بە “بتى نوێ” هەژمار دەکات کە عەزەمەتى بووەتە هۆى ئەوەى کە بپەرەستترێت. نیچە دەڵێت: “دەوڵەت ناوى ساردترینى هەموو دێوەزمە ساردەکانە و بە ساردى درۆ دەکەن. و ئەم درۆیە لە دەمیان دەردەپەڕێت کە (منى دەوڵەت، هەمان گەلم) ئەمە درۆیە”[5] ڕەنگە بتوانرێت بگوترێت جامى جیهانى، لە هەر ڕووداوێکى وەرزشى دیکە، ناسنامەى هەواداران بە تیمە میللییەکەیان دەدات و پەرەستنى ئەم بتە درۆیین و دێوئاسایە ئەبەدى دەکات. نیچە، یانەکە لە وڵاتەکەى بەرزتر دەزانێت.

لە جاڕسکەرەوە تا گۆڵکار:

سەرنجدان بەم دۆخەى ئێستا، تیمێک هەیە کە وەک ئایدیاڵترین بژاردە و وەک یانە خۆشەویستەکەى نیچە خۆى نیشان دەدات: یانەى ئەرسناڵ لە باکوورى لەندەن و پرێمەرلیگی بەریتانیا. لەوەوە کە نیچە وەک تۆپچییەک لە سوپادا خزمەتى کردووە، ڕەنگە لەگەڵ وێنەى تۆپى سەر لۆگۆى یانەکە هەست بە نێزیکى بکات، بەڵام ئەوە ستایل و شێوەى یاریکردنى شکۆدارانەى ئارسناڵە کە یانەکەى پێ دەناسرێتەوە. ئەو شێوەیەى لە پاییزى (١٩٩٦) و بە هاتنى (ئارسن وێنگێر ـ Arsène Wenger) وەک ڕاهێنەر بۆ نێو یانەکە، فۆرموولە بوو. واپێدەچێت ئەم ستایل و شێوەى دەستکەوتنە لەگەڵ حەز و چێژى نیچە وێک بێتەوە. بەر لە هاتنى وێنگێر، یانەکە بە هۆى ڕەهەندى میکانیکى و ئەنجامەکانیەوە، بە درووشمى (ئارسناڵ جاڕسکەرى جاڕسکەر) گاڵتەى پێ دەکرا، بە تایبەت لە سەردەمى ڕاهێنەرى (جۆرج گراهام ـ George Graham/ وەرزەکانى ١٩٨٦)، ئەو دەمەى بە زۆرى “یەک هیچ لە بەرژەوەندى ئارسناڵ” باشترین ئەنجامى خوازراو بوو. ئەمە بە هاتنى وێنگێر، خێرا گۆڕانى بەسەردا هات و ئەویش بێ یەک و دوو دەستى بە گۆڕینى فەرهەنگى یانەکە کرد.

نیچە لە (ئاوابوونى بتەکان) پێداگرى لەوە دەکاتەوە “بۆ زۆرێک لە خەڵکى و مرۆڤایەتى گرنگە فەرهەنگ لە چ شوێنێکى دروستەوە دەست پێ بکات… شوێنى دروست جەستە، ڕەفتار، ڕێجیمى خۆراکى و فیزیۆلۆژییە، ئەوانى دیکە لە دووى دێن”

هەروەک چۆن نیچە لە (ئاوابوونى بتەکان) پێداگرى لەوە دەکاتەوە “بۆ زۆرێک لە خەڵکى و مرۆڤایەتى گرنگە فەرهەنگ لە چ شوێنێکى دروستەوە دەست پێ بکات… شوێنى دروست جەستە، ڕەفتار، ڕێجیمى خۆراکى و فیزیۆلۆژییە، ئەوانى دیکە لە دووى دێن”، وێنگێر بەر لە یەکەم یارى کە میوانى (بلاکبێرن ـ Blackburn) بوو، “داواى لە یاریزانەکانى کرد لە هۆتێل و بۆ نیو سەعات ئەو ڕاهێنانانە بکەن کە ماسوولکەکانیان بەهێزتر دەکات”.[6] نیو سەعات ڕاهێنانى ڕاکێشانى ماسوولکە، پێش و پاشى هەر یارییەک ئەنجام دەدرا و ڕاهێنانى خێراییش بە بەرنامەى ڕاهێنانەکانەوە زیاد کرا. وێنگێر کە پێشتر لە ژاپۆن ڕاهێنەرى کردبوو، بە ڕەخنە بێپەردەکانى لە ڕێجیمى خۆراکى بەریتانیا، کۆمەڵگەى وەرزشى ئەو وڵاتەى تووشى شۆک کرد. لە یەکەم حەفتەى ڕاهێنەری خۆی لە باکوورى لەندەن، گوتى: “وابزانم ئێوە لە بەریتانیا شەکر و گۆشتى زۆر دەخۆن و بەپێى پێویست سەوزەوات ناخۆن. من دوو ساڵ لە ژاپۆن ژیام و باشترین ڕێجیمى خۆراکیم لەوێ ئەزموون کرد. هەموو ژیان پەیوەندى بە سەلامەتییەوە هەیە.[7] بۆیە نەریتى ستەیکخواردن بەر لە یارى و لەگەڵ گێزەرى خام و کەرەوز، ماسى یا مریشک، هاڕدراوى پەتاتە و سەوزەى هەڵمپەز لەگەڵ ئاوى سێو (بێ هیچ شتێک) جێگەى شیرینى گرتەوە.[8] لەگەڵ ئەوەیشدا فەرهەنگى خواردنەوەى مەشرووبەکان کە وەک شتێکى جێگیر لە مێنۆى خواردنى یاریزانەکان هەبوو، لابرا. یاریزانێکى کۆنەکارى وەک کاپیتان (تۆنى ئادامز) لەبەرامبەر ئەم ڕێگەیەى وێنگێر  وەستایەوە و لە یەکەم کاردانەوەیدا گوتى: “ئەم فەڕەنسەوییە چى لە تۆپى پێ دەزانێت؟ ئەو چاویلکە لە چاوى دەکات و وەک مامۆستاکانى قوتابخانە ڕەفتار دەکات”[9]، بەڵام یاریزانەیلێکى وەک ئادامز زۆر زوو بۆیان دەرکەوت کە شێوازەکانى “مامۆستا” چ سوودێکیان هەیە. ئارسناڵ لە یەکەم ئامادەبوونى لە وەرزى (١٩٩٧ ـ ٩٨) بووە قارەمانى لیگ و جامى حەزفى، قارەمانیەتییەک کە بە دووبارە گیان وەبەرهاتنەوەى یاریزانە کۆنەکارەکانى بەریتانیا پێنج یاریزانى بەنێوبانگ: (دەیڤید سیمن ـ گۆڵچى، مارتین کئۆن، نیجل وێنتربرێن، لی دیکسۆن و کاپیتان تۆنى ئادامز) و لەگەڵ یاریزانە کڕدراوە نوێیەکانى ئەوروپا (مامۆستاى هۆڵەندى دنیس بێرگ کەمب لەگەڵ کڕینە سەرەکییەکانى وێنگێر واتە پاتریک وێرا، مارک ئۆرمارس و ئیمانوێل پتى) هاتە دى. ئەم ڕێکخستنى یاریزانە کۆن و تازە دۆزراوانە زۆر زوو گونجان و، نیشانیان دا نوێگەرى لە ڕاهێنان و ڕێجیمى خۆراکى نە تەنیا سەرکەوتن بەدى دەهێنێت، بەڵکو بەهێزبوونى جەستەیی زۆر دەبێتە هۆى ئەوەى تەکنیک بگاتە لووتکە و سەرکەوتنەکان هاوڕا بن لەگەڵ تۆپی پێیەکى ڕەوان و هێرشبەرانە.

وێنگێر و هاوکارەکانى چاودێرى تەواویان لەسەر گەڵاڵەى ناوەندى ڕاهێنانى یانە لە کۆڵنى لەندەن هەبوو کە لە ساڵى (١٩٩٩) کرایەوە ـ دەگوترێت تەنانەت مۆدێلى قاپەکانى سەر مێزى نانخواردنیش بە چاودێرى ڕاهێنەرەکە هەڵبژێردراون ـ ئەم ناوەندە یارمەتى ڕاهێنەرانى دا تا یاریزانەکان لە باشترین دۆخدا ڕابهێنن و کاردانەوەى فیزیکى، زەینى، تاکتیکى و تەکنیکییان بگەیەننە بەرزترین ئاست. زەردەشتى نیچەیش دەڵێت: “مرۆڤ شتێکە کە دەبێت بەسەریدا سەرکەویت” و دەپرسێت: “بۆ سەرکەوتن دەبێت چ بکرێت؟” لە واتاى تۆپى پێ، وێنگێر بە دروستکردنى تاقیگەیەکى تۆپى پێ لە لەندەن، بە دواى ڕوانگەیەکى گشتگیرى پەروەردەکردنى یاریزانەکان و دروستکردنى ستانداردگەلى نوێوە بوو تا بتوانێت بگاتە باشترین کاردانەوە بۆ چاندنى تۆوى بانمرۆڤى لە تۆپى پێدا.

کاتێک ئەرسناڵ لە ساڵى (٢٠٠٢) و لە دوو جامدا قارەمانى بەدەست هێنا، وێنگێر هەروەک چۆن شێوەى یاریکردنى یانەکەى بنیاتنابووەوە، خودى یانەکەشى سەرلەنوێ بنیات نایەوە. زۆرێک لە یاریزانە کۆنەکان کە گەیشتبوونە میراتى خۆیان، جیابوونەوە یا ڕۆڵیان بەرتەسکتر کرایەوە، لە کاتێکدا ستانداردى کڕینە نوێیەکان باشتر بووـ لە هەموویان زیاتر (تیرى ئانرى)، کەسێک کە وەک گۆشەنشینێک لە (یۆڤەنتوس) ڕوو لە مرین بوو و وێنگێر کردیە باشترین و شاعیرترین هێرشبەرى لیگى باڵاترى بەریتانیا. لە ڕۆژى جێژنى قارەمانیەتى لە (ئیسلینگتۆن)ـدا، (دەیڤید سیمن) باسى ئەو گۆڕانانەى کرد کە لە سەردەمى ڕاهێنەرى وێنگێر لە چاو سەردەمى (گراهام) ڕوویان دابوو. ئەو بە (دەیڤید فراست)ـى گوت: “ئارسن ڕەهەندێکى نوێى بە ئارسناڵ زیاد کرد، پێویستى نوێى ڕاهێنان، ڕێجیمى ڕاهێنان و ڕێجیمى خۆراکى نوێ و شێوەى باشتر بۆ یاریکردن. خەڵکى چێژ لە شێوەى یاریکردنى ئێمە وەردەگرن و ئێستا بەو شێوەیەى کە یارى دەکەین شەڕى قسە ناخۆشەکەى ئارسناڵى جاڕەسکەرمان لەکۆڵ بووەتەوە.[10] ئارسناڵى جاڕسکەرى جاڕسکەر گۆڕاوە بۆ ئارسناڵى گۆڵکەرى گۆڵکەر.

واتاى (تۆپى پێى کامڵ) بە گشتى وەک داهێنانێکى هۆڵەندى دەناسرێت، بەڵام هەڵبژاردەى نارنجی پۆش بە هونەرکارى (یۆهان کرایۆف) و بە ڕاهێنەرى (ڕینۆس میکائلز)، قەت نەیتوانى سەرکەوتنێکى گرنگ بەدەست بهێنێت و یارییە جوانەکەى کامڵ بکات و بیگەیەنێتە لووتکە. سەرەڕاى قارەمانیەتى سێ لایەنەى (ئاژاکس) لە ساڵى (١٩٧٢)، ئەفسانەى تۆپى پێى کامڵ هەموودەم بۆ چاوەکان دوان بوو، بەڵام بۆ بردنەوەى جامى زانستى واپێنەدەچوو. ئارسناڵى بن دەستى وێنگێر، توانى یارییەکى بێ غەوش و ئازاد و بە پاسی کورت و هێرشبەرانە ئەنجام بدات، بە شێوەیەک کە ڕەخنەگران یارییەکەیان بە شاعیرانە، هەماهەنگ و سەمفۆنیکیانە و تەنانەت ئیرۆتیک لەقەڵەم دا. ئەوان بە قارەمانى لە لیگى باڵا بێ هیچ شکستێک لە وەرزى (٢٠٠٣-٠٤) توانیان بگەنە لووتکە و نازناوى (تێکنەشکێنراوەکان)ـیان پێ بدرێت. تەنانەت ڕاهێنەرى ئەفسانەیی (برین کلۆ)یش بە ڕقەوە پیرۆزبایی لە ئەرسناڵ کرد بۆ سەرکەوتنەکانى و گوتى: “بەو جۆرە تۆپى پێ دەلاوێننەوە و لەمسى دەکەن هەروەک ئەوەى کە من هەموودەم ئارەزووى لاواندنەوە و دەستپیاهێنانى مێرلین مۆرنۆ دەکەم”[11]. یانەکە، چلونۆ یارى لیگى بێشکستى ئەنجام دا، وەها بردنەوە و کەماڵێکى بەردەوام و ئامادەبوون لەم وەرزشە مۆدێڕنە بێوێنەیە و کاتێک کە ڕووکارى جوانیناسیانەى شێوەى یارییان وەبەرچاو بگرین، بەهاکەى دەبێتە دوو هێندە. لێرەدا ڕوانگەیەک بۆ وەرزش هەیە کە سوود لە تەکنیک وەرناگیردرێت وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجێکى تایبەت و ڕوانگەى بەرژەوەندیخوازانە بۆ یارى ڕەت دەکرێتەوە، ڕوانگەیەک کە یارى دەکات تا نەدۆڕێت و سوود لە کاریگەرترین و باشترین کەرەستە وەردەگرن تا بگەنە سەرکەوتن. ئارسناڵ بە شێوەیەک یارى دەکات کە وەک ئەوەى بردنەوە تەنیا وەک دیاردەیەکى جوانیناسانە شیاوى بەدەستهێنانە، لایەنگرانیش دەچنەوە سەر ڕێگەکەى وێنگێر و بە دواى قارەمانییەوەن، بەڵام هەم وەک بەرهەمێکى هونەرى، یان سەرگەرمى و یان بۆ ئەفراندنى شتێکى نوێش یان تەنانەت بە دواى گەیشتن بە هەستی ڕەچەڵەکى شەیدابوون و  توانایی.

تۆپچییە جەحێڵەکان:

وێنگێر پاش گەیشتنە یانەیەکى شکستنەخواردوو، بە خێرایی بوون و کرۆکى یانەکەى گۆڕی و لە ڕەفتارکردن لەگەڵ یاریزانە پیرەکان کەمترین سازش و نەرمى نەنواند. ئەم ڕەقبوونەى، وەک ڕادیکاڵترین بڕیارى یانەکە لە سەردەمى پڕۆفیسۆر لە هەموو شوێنێک نیشان درا: گواستنەوە لە (ماڵى تۆپى پێ)ـى مێژوویی لە (هایپۆر) بۆ ئیماراتەکەى واتە (ستادیۆمی هێنرى) لە نێزیکى (ئیشبرتۆن گرووپ) لە ساڵى (٢٠٠٦)، ستادیۆمە نوێیەکە (زۆر نێزیک بە ستادیۆمە کۆنەکە) ماڵێکە کە تەواو وێنگێر دروستى کردووە، تەنانەت وردەکارییەکانى ستادیۆمەکە وەک مۆدێلى قەفەسەکان و کاشى و خشتەکانى زەوییەکەیش بە وردییەوە لە لایەن ڕاهێنەرەوە کارى لەسەر کرا و دروست کرا.

تەنیا دوو ساڵ لە پاش یاریکردن لە ماڵە نوێیەکە، ئوستوورەیلى وەک (وێرا) و (ئانرى) زەوییەکەى (ئیشبۆرن گرووپ)ـیان جێ هێشت، بەڵام ڕۆحى تۆپى پێى کامڵ بە یارى (تۆپچییە جەحێڵەکان)ـى وێنگێر وەک (سێسک فابرگاس) و (ڕۆبن فێنپرسى) هێشتا لەوێ ستایش دەکرێت. لەگەڵ ئەوەى کە ئارسناڵ پاش (FA Cup) لە ساڵى (٢٠٠٥) کاسێکى دیکەى نەبردبووەوە، هێشتایش چێژبەخش و ئیلهامدەرانەیە. (ڕاسێل برێند) کۆمیدیەنى بەنێوبانگ بەم شێوەیە وەسفى ئارسناڵ دەکات: “ئارسناڵ وەک ژن و مێردێکن کە هێشتایش بە دڵەوە عاشقى یەکترین، ڕەوان، دڵفریودەرانە و بە ئامانجەوە یارى دەکەن، شتێک وەک پەیوەندییەکى یوگایی کە هەموودەم حەزم لێیە وابیر بکەمەوە (ئیستینگ) و (تۆردى ستایلێر)یان پێکەوە هەیە. ئارسناڵ گەیشتووەتە قووڵترین توێى بڕوابەخۆبوون و لێهاتووییە دەوڵەمەندەکانیان قورسایی سەر شانەکانیانى کەم کردووەتەوە، ئەوان بە هۆى جوانیناسییەوە ختووکەى کاریگەریبوون دەدەن”.[12]

واپێدەچێت وێنگێر بە کارکردن لەسەر سێیەمین پێهکاتەى سەرەکى ئارسناڵ، دەبوو بەرگرى لەسەر بنەما و فەلسەفەى تۆپى پێیەکەى لەبەرامبەر ڕەخنە جیاوازەکانى هەواداران و دوژمنانى بکات. ئەوانەى دژى وێنگێر و ئەرسناڵ بوون دەڵێن، عەشقى ئەوان بۆ یارى جوان، تواناییەکانیانى بۆ ئەنجامێکى باش پەک خستووەـ تەنانەت ئەوان بە هۆى لێدانى گۆڵێکى بێ عەیب و کەموکۆڕی، گۆڵە ئاسان و سەداسەدەکانیان لەدەست دەدەن. لایەنگرانیان، سەرەڕاى بانگەشەى وەک قسەکانى (متیۆ سید) بەرگرى لە ئەرسناڵ و ڕوانگەکەى دەکەن. سید دەڵێت: “خواستى بێبەزەیی و بێگەردى ئارسناڵ بۆ جوانى خۆى شتێکە: سەفەرێکى بوێرانە، حەماسى و نزالێکراو کە ئەم یارییە ئینگلیزییە بە پێچەوانەى هەموو چاوەڕوانییەکان کێشاوەتە نێو قەڵەمڕەوى هونەرییەوە.” لە برى ئەم هەڵەیە کە تۆپچییە جەحێڵەکان هیچ کاپێکیان بەرز نەکردووەتەوە، (سید) پێداگرى لەسەر “ڕێزگرتن لە شتێکى نێو یانەکەى وێنگێر، لە سەرکەوتن و شکست زۆر گەورەترە” دەکاتەوە. بە بڕواى ئەو، “ئەم ستایشە فەلسەفەیە.. وێنگێر ئەوە دەزانێت لەم سەفەرە عاجبایەتییەدا کە ناوى ژیانە، شتەیلێک هەن کە بەهاکەیان لەسەرووى کاریگەریی ڕەهاوەیە”.[13] ئەوە ڕەتکردنەوەى سوودگەراییە کە یارى ئەرسناڵ دەکێشێتە نێو ڕووبارى شاعیرانەوە.

نەگریس وەک دژە مەسیح:

بە باوەڕى زۆرینە، وەها ڕەفتارێک پەسەند نییە. هەروەک (نیک هۆرنبی) لە کتێبی (لووتکە ـ Penguin, 2000) دەڵێت: “بەشێکى زاتى ئەزموونى ئەرسناڵ ئەمەیە کە ئەوان نەگریسن (لەبەرچاوکەوتوون).” پێشتر لەبەر (جاڕسکەر)بوونیان نەفرەت و نزایان لێ دەکرا و ئێستایش لەبەر (بیانى)بوونیان. لەو ڕەخنانەى کە هەمیشە لەم ڕاهێنەرە لەدایکبووەى (ئالزاس) دەگیردرێت، شتێکى وەک (بێگانەترسین ـ Xenophobia)ـى تێدا دەبینرێت. وێنگێر یەکەم ڕاهێنەرى بیانییە یانەیەکى بەریتانى گەیاندووەتە قارەمانى، بەڵام هەر جارەى کە پێکهاتەى یانەکەى گۆڕیوە، ژمارەى یاریزانە بەریتانییەکان کەمتر و کەمتر بوونەتەوە، تا ئەو یارییە بەنێوبانگەى کە ئارسناڵ بە یانزە یاریزانى بیانییەوە هاتە نێو گۆڕەپانى یاری، بۆیەش ڕەخنەى هەڕەشەبوون و وێرانکردن تۆپى پێى بەریتانیاى لێ گیرا. بێ وەبەرچاوگرتنى نوێگەرییەکانى بوارى ڕێجیمى خۆراکی و ڕاهێنانەکانى کێشانى ماسووڵکە کە لە نێو یانە ئینگلیزییەکاندا بە (de rigueur) بەنێوبانگ بوو، لە ڕوانگەى زۆرێکەوە لەدەستدانى یاریزانى بەتوانا لە ئارسناڵ بۆ پێشکەوتنى تواناگەلى بەریتانى و بۆ هەڵبژاردەى خودى بەریتانیا زەرەرمەندە.

blank
زەردەشتى نیچە بە پشتکردنە سەرزەوینەکانى باب و باپیران، دەڵێت: “نها، من تەنیا سەرزەوینى منداڵانم خۆش دەوێت”، ئەم پەیمانبەستنە لەگەڵ جەحێڵایەتى لای وێنگر یەکناگرێتەوە.

وەها دژایەتیگەلێکى توند کە لە شێوەى کارى وێنگێر دەگیردرێت، نیشان دەدات نەفرەتلێکراویەتى ئەرسناڵ هەر بەردەوامە، بەڵام ئەم سیاسەتى یاریزانى جەحێڵى بیانى بە دڵى نیچەیە، چونکە ناسیۆنالیزم لە خواست و هیواى جەحێڵان دوور دەکاتەوە.

کەس بە قەدرا سەرۆکى فیفا (سپ پلاتێر) بە هۆى سنووردارکردنى یاریزانە بیانییەکان لە پێکهاتەى سەرەتایی تیمەکان بە یاساى (شەش بە پێنج) ـ واتە پێویستە شەش یاریزانى خۆماڵى بە پێنجى بیانى بێت ـ پاڵپشتى ئەو کەسانەى کە دەیانهەوێت بەهاى یارییە خۆماڵییەکان بپارێزرێت، سەرنجى ڕانەکێشرا. وێنگێر یەکێک لە ڕەخنەگرانى جددى شەش بە پێنج بوو، ئەو پێداگرى لەسەر ئەوە دەکردەوە “ئەو کارەى کە دەیانەوێت بیکەن زۆر سیناعى و دەستکردە. بە بڕواى من کوڕیژگەیەک دەتوانێت لە هەر شوێنێکى دونیا گەورە ببێت و ئامانج و خەونى گەورەى هەبێت و پێشیان بگات. ئێمە لێرەین تا ئیزنى ئەو کارەى بدەینێ”.[14] هەر لەم کاتەدا بوو کە (میشێل پلاتینى) ناڕەزایەتى خۆى دەربڕی. ئەو دەڵێت: “من حەزم لە سیستەمى وێنگێر نییە.” سیستەمێک کە تیایدا مێرمنداڵە بیانییەکان (ئەوانەى بەریتانى نین) دابمەزرێنرێن و ڕابهێنرێن تا بە شێوەى ئەرسناڵ یارى بکەن.[15] (کارۆڵ هیتز)ى سەرۆکى (بایرن مۆنیخ)ـیش بە دووبارەکردنەوەى قسەکانى پلاتینى، (فایرێگاس)ـى وەک نمونە هێنایەوە کە وڵاتەکەى خۆى واتە ئیسپانیاى لە پانزە ساڵى جێهێشت تا بێتە ئەرسناڵ: “ئارسن وێنگێر ساڵ بە ساڵ دەبێتە شوێنى یاریزانە فەڕەنسییەکان و شوێنەکانى تر. ئێمە دەبێت ئاگامان لەوە بێت کە ئەم مۆدێلى قاچاخى منداڵە پێویستە بوەستێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پرسە قەبارەیەکى گەورەتری بە خۆیەوە گرتووە، چیتر کارەکە زۆر دوور نییە لە منداڵدزین.”[16] وەها دژایەتیگەلێکى توند کە لە شێوەى کارى وێنگێر دەگیردرێت، نیشان دەدات نەفرەتلێکراویەتى ئەرسناڵ هەر بەردەوامە، بەڵام ئەم سیاسەتى یاریزانى جەحێڵى بیانى بە دڵى نیچەیە، چونکە ناسیۆنالیزم لە خواست و هیواى جەحێڵان دوور دەکاتەوە. زەردەشتى نیچە بە پشتکردنە سەرزەوینەکانى باب و باپیران، دەڵێت: “نها، من تەنیا سەرزەوینى منداڵانم [Kinderland] خۆش دەوێت”، ئەم پەیمانبەستنە لەگەڵ جەحێڵایەتى، ناسین و گەشەى تواناکان بێ گوێدانە پاسپۆڕت و گەڕان بە دواى یاریزانانێک کە دەتوانن بە لێزانى و حەز و زەوقەوە یارى بکەن کە ئیلهامبەخشى سیاسەتى ئێستا (تۆپچییە جەحێڵەکان)ـى ئەرسناڵە.

(هەوادار ـ Gooner)ى ئارسناڵبوون:

ناتوانرێت بگوترێت نیچە تەنیا لەبەر  وێنگێر دەبێتە هەوادارى ئەرسناڵ، ئاخر ڕەنگە مامۆستایەکى زمانناسى، کەسانى دیکەی وەک (ئەورووپاییە باشەکان)ـیش ببینێت. ئەمە ڕوانگەى هەموو ڕەهەندەکانى یانەکەیە تامى لەسەر زمانى نیچە دەنیشێت. لە کۆتایی وەرزى (٢٠٠٨ ـ ٠٩)، پرسیاریان لە وێنگێر کرد لەبارەى میراتەکەى لە ئەرسناڵ:

“فەلسەفەیەک هەیە، ئەوەشێوەی یاریکردن و فەرهەنگییە ئەوە دیاری دەکات کە چۆن یارى دەکەن. ئێمە هەموویمان هەیە… ئەو شتەى کە زۆر گرنگە پێشکەوتنى یانەکەیە و درێژە بەو پێشکەوتنە بدات. ئەمە بۆ من گەورەترین شانازییە، بۆ هەر ڕاهێنەرێک کە حەزى لە پێشکەوتن هەیە و فەلسەفەى ئەرێنى خۆى هەیە.[17]

ئەم نمونەى ئەرێنییە لە ئیرادەى تێکەڵ بە دەسەڵات و، ئەم پرسە کە فەلسەفەیەکى بەرژەوەندیخوازانە و داهاتووبین بووەتە ئیلهامبەخشی یانەیەک بە هەموو پێکهاتەکەیەوە، بە دڵنیاییەوە شتێکە کە وا لە نیچە دەکات ببێتە لایەنگرى ئەرسناڵ.

گەر سەرنج بدەینە فەلسەفەى ئارسناڵ، تێدەگەین کە یانەکەى زۆر لە ئوسوڵ و بنەماى نیچەیی نێزیکە. ڕووکار و مەیلى فراوانى نیچە لە چاو بلیمەتەکان، نێزیکییەکى قووڵى لەگەڵ ڕەفتارى ڕاهێنەر و یاریزانەکانى ئێستاى ئەرسناڵ هەیە. ڕۆژە بەشکۆکانى ئەرسناڵ پاش چەندین دەیە گەڕاونەتەوە، واتە ئەو کاتەى کە (ڕابێرت چاپمێن/ لە ١٩٢٥ تا کاتى مردنى ١٩٣٤) ڕاهێنەرى ئەرسناڵ بوو. چاپمێن یەکەم ڕاهێنەرى گەورەى تۆپى بوو، کەسێک کە داهێنانەکانى وەک تۆپى سپى، پڕۆجێکتەر و کراسى ژمارەدار، ئیتر ئێستا لە تۆپى پێ جیا ناکرێنەوە. لە وەرزى (١٩٣٠ ـ ٣١)، چاپمێن دەیویست گۆڵچییەکى نەمسایی بهێنێتە نێو تیمەکەیەوە، بەڵام بەرپرسە باڵاکان پێشیان پێ گرت، چونکە کرێکارێکى بەریتانى لە کار بێبەش دەکرد. کاتێک لایەنێکى یاسایی دۆزییەوە و گۆڵچییەکى ئەڵمانى هێنایە نێو تیمەکەى، فیدراسیۆنى تۆپى پێ و یەکێتى یاریزانان و دەوڵەت لەسەر ئەوە ڕێک کەوتن کە هێنانى یاریزانى بیانى (واتە نابەریتانی) یاساغ بکەن.[18]

چاپمێن زیاتر لەبەر گەڵاڵەى سیستەمى (M-W) بەنێوبانگە و فەلسەفەى تۆپى پێیەکەى لەم ڕستەیەدا کورت دەبێتەوە: “هەوادارانى نمایشێکى خێرا، حەز بە هێرشى شمشێری و ڕۆحى کونجکۆڵى و تەنانەت گۆڵى زیاتر دەکەن”.[19] زۆر ئایسان دەکرێت وەها ڕەستەیەک لە قسەکانى ئەم ڕاهێنەرەی ئێستاى ئەرسناڵ بە هەڵە وەربگرین و بە کورتى نیشاندەرى تایبەتمەندى سەرەکى شێوەى جوان یاریکردنى ئەرسناڵە.

نووسینەکانى نیچە بە شێوەیەکن کە بوارى شرۆڤەى هەڵەى زۆریان تێدایە، بەڵام من لەو بڕوایەدام کە ئەم جۆرە یاریکردنە لەگەڵ نیچە، لەگەڵ ڕۆحیدا وێک دێتەوە.

هیوادارم بەم نووسینە، گفتوگۆ و نێوانى “هەوادارانى دانایی” و “هەوادارانى تۆپى پێ”ـم باشتر کردبێت. خۆشەویستى یەکێک لەم دووانە دەبێتە هۆى خۆشەویستى بۆ ئەویتر. زۆر لەمەوپێش یارییەکانى ئارسناڵم دەبینى، کاتێک کە سەردەمى گۆڕینى یانەکە بۆ (بانیانە)م بینیوە، ئەوا ناتوانم بیر لە ڕستە یا مەبەستێکى نیچە نەکەمەوە و هیوادارم ئەم خووە لە مندا تەشەنەئەستێن(واگیردار) بێت. نووسینەکانى نیچە بە شێوەیەکن کە بوارى شرۆڤەى هەڵەى زۆریان تێدایە -تەنانەت بە ئاقیبەتێکى سیاسى کارەساتبار – بەڵام من لەو بڕوایەدام کە ئەم جۆرە یاریکردنە لەگەڵ نیچە، لەگەڵ ڕۆحیدا وێک دێتەوە.

ڕێک وەک زۆرێک کە بانگەشەى ئەوەیان کردووە پاش مەرگ لەگەڵ فەیلەسووفێک دۆستایەتییان بەستووە، هەموو هەوڵى من لێرەدا ئەوە بووە کارێک بکەم تا وەک هاوڕێیەک ببێتە هەوادارىیانە خۆشەویستەکەم. نها دەبێت ددانى پێدا بنێم کە بەر لە وێنگێر، زۆر چێژم لە (ئارسناڵى جاڕەسکەر) وەردەگرت و دەشزانم ئەم حەز و خۆشەویستییەم پاش سەردەمى وێنگێریش هەر درێژەى دەبێت، بەڵام بە دیتنى ئەم فەلەسەفەى یارییەى کە یانەکە پێک دەهنێت، تێگەیشتووم کە درکێکى زیاترم بۆ تۆپى پێ لا دروست بووە هەروەک چۆن بە خوێندنەوەى نیچە درکێکى زۆر باشترم لە ژیان لا دروست بوو و ئامانجم ئەوەیە ئەم دوو حەز و خولیا و خۆشەویستییە دە یەکترى موتووربە بکەم.

پەراوێز و سەرچاوەکان:


[1] David Goldblatt, The Ball Is Round, Penguin, 2006, p. 159

[2] Goldblatt, p. 152

[3]  Curtis Cate, Friedrich Nietzsche, Overlook, 2005, p. 447

[4]  The Portable Nietzsche, Penguin, 1959, pp. 32–39

[5] نیچه، چنین گفت زرتشت، ترجمه‌ی داریوش آشوری، نشر آکه، 1386، ص61

[6]  Amy Lawrence, “How Wenger Changed English Football” Guardian Observer, 1st October 2006

[7]  Evening Standard, 18th October 1998

[8]  “The Arsenal Diet,” BBC News website, 20th May 1998

[9]  Alex Fynn and Kevin Whitcher, Arsènal: The Making of a Modern Superclub, Vision Sports, 2008, p. 47

[10]  Breakfast with Frost, 12th May 2002

[11] Quoted in Flynn and Whitcher, p. 47

[12] Russell Brand, “Watching Arsenal, Thinking of Sting and Trudie,” Guardian Online, 5th January 2008

[13] Matthew Syed, “Why Arsène Wenger Should be Proud Rather than Cowed,” The Times, 10th April 2008

[14] Quoted in Arsenal: The Magazine, August 2008, p. 75

[15] Quoted in John Ley, “Michel Platini Criticizes Arsène Wenger’s Policy,” Daily Telegraph, 31st October 2007

[16] quoted in Alan Dawson, “Bayern Chief Accuses Arsenal Boss Wenger of ‘Child-Trafficking’,” Goal.com, 29th April 2009

[17]  (Quoted in Chris Harris, “Wenger: The Season Has Not Been a Disaster,” Arsenal.com, 22nd May 2009

[18] Simon Page, Herbert Chapman: The First Great Manager, Heroes, 2006, p. 168

[19] Quoted in Arsenal: The Magazine, July 2009, p. 72