نامەی سێلین بۆ گاستۆن گالیمار

(کە پەیوەستی دەستنووسی هەوەڵ ڕۆمانەکەی کردبوو) (١٩٣٢)

لە فەڕەنسییەوە: مسلم ئەحمەدی
وێنەی دەستنووسی نامەکەی سێلین

بەڕێز،

دەستنووسی “سەفەر بەرەو کۆتایی شەو”تان پێشکەش دەکەم (بەرهەمی پێنج ساڵ کارکردنم).

بە تایبەتیش خۆشحاڵ دەبم ئەگەر لە زووترین کاتدا پێم بڵێن ئاخۆ لە چاپی دەدەن و ئەگەر بەڵێ لە چ هەل‌ومەرجێکدا. ئێوە داواتان لێکردووم پوختەیەکی کتێبەکەمتان بۆ باس بکەم. لە ڕاستییدا ئەمە ئەرکێکی سەیروسەمەرەیە کە خستووتانەتە سەر شانم و شتی وا هەر بە خەیاڵیشمدا نەدەهات.

لەوانەیە پێم بڵێن کەواتە ئێستا وەختیەتی. دڵنیا نیم بۆ، بەڵام هەست دەکەم هیچ دەڕۆستی ئەو کارە نایەم. (هەنێک وەک ئەو غەواسانەی نێو فیلمەکان کە شڵپەشڵپ لە ئاوەکە دێنە دەرەوە و خۆیان دەگەیەننە لەنگەرگە…) من هەوڵی خۆم دەدەم بەڵام چاوەڕوانیییەکی واتان لا دروست نەبێت. پێموانییە پوختەکەم واتان لێ بکات ئیشتیای خوێندنەوەی کتێبەکەم بکەن.

لە ڕاستییدا ئەم “سەفەر بەرەو کۆتایی شەو”ە چیرۆکێکی خەیاڵییە کە لە فۆرمێکی ئێگجار تایبەتدا نووسراوە بە جۆرێک کە من نموونەی وا بە گشتیی لە ئەدەبیاتدا نابینمەوە. من بەمجۆرەم نەدەویست. بەڵام بەمجۆرەی لێ هات. دەتوانم بڵێم بە جۆرێک سەمفۆنییەکی ئەدەبیی، سۆزەکیییە تاکوو ڕۆمانێکی ڕاستەقینە.

خاڵی لاوازی ژانری ڕۆمان وەڕەزکەربوونیە. پێموانییە ئەوەی من وەڕەزکەر بێت.

لە ڕوانگەی سۆزەکیییەوە ئەم چیرۆکە ڕێک لە پەنای ئەو هەستەدایە کە لە مۆسیقاوە وەریدەگرین یان دەبێت وەریبگرین.

ئەم ڕۆمانە بەردەوام لە سنووری هەستەکان و وشەکاندا، لە سنووری وەسفە ورد و دەقێقەکاندا دەمێنێتەوە بێجگە لەو چرکە گرنگانە کە ئیدی دەگەنە ئەوپەڕی وردبینیی خۆیان. هەر لەم چرکانەشەوەیە کە ژمارەیەک دیڤێرتیمێنتۆ[1] وردەوردە دێنە بابەتی ڕۆمانەکەوە و لە کۆتاییشدا وای لێ دەکەن وەک پارچە مۆسیقایەک دەنگ هەڵێنێت. هەموو ئەمانە بە هەراوهوریایەکی زۆرەوە کراوە و ئەگەر کارەکە باش لە ئاو دەرنەهاتبێت کەواتە سنووری گاڵتەجاڕییشی تێپەڕاندووە. ئیتر بۆ خۆتان داوەر بن. بۆ من کارەکە سەرکەوتوو بووە.

هەستی من بەرانبەر خەڵک و شتەکان وەهایە. حاڵم بە حاڵیان نەبێت. گرێچنەی چیرۆکەکە هەم ئاڵۆزە و هەمیش سادە. سەر بە ژانری ئۆپێراشە. (ئەمەش پێشنیار نییە!) ئەم ڕۆمانە نیگارەیەکی دیواریی مەزنە، سەر بە شێوازێکی غەنایییە کە ڕووی لە مەردمە، کۆمۆنیزمێکی خاوەن ڕۆحە و بۆیەش بزیوە و ئاخنراوە لە ژیان. چیرۆکەکە لە مەیانی کلیشییەوە و لە سەرەتای شەڕدا دەس پێ دەکات و پازدە ساڵ دواتر لە فستیڤاڵی کلیشی کۆتایی پێ دێت. ٧٠٠ لاپەڕە سەفەر بە نێو دنیا، مرۆڤەکان و شەودا، بە نێو ئەڤیندا، بە تایبەت ئەڤین کە شوێنپێی هەڵدەگرم، شێوەی دەشێوێنم و کاتێک بە هەموو ئەمانەدا تێدەپەڕێت ماندوو، دڵسارد و دۆڕاو دەردەکەوێتەوە.

لە تاوان و وڕینە و دۆستۆیەڤسکییزم، لە هەمووشت شتێک لە کارەکەی مندا دەدۆزرێتەوە، کە هەم شتی لێوە فێر بی و هەم کەیفی پێوە بکەی.

هاوڕێم، ڕۆبینسۆن[2]، کە کرێکارە، دەچێتە شەڕ (شەڕ لە ڕوانگەی ئەوەوە دەبینم)، بە جۆرێک لە جۆرەکان خۆی لە شەڕەکان دەدزێتەوە و هەڵ دێت… دەچێتە ئەفریقای گەرمەسیریی… پاشان ئەمریکا… وەسف…وەسف…هەراوهوریا… دەچێتە هەر شوێنێک بەردەوام ناڕاحەتە (ئەمەش ڕۆمانتیسیزمە، خراپەی سەدەی بیستەم). گێژ و واق‌وڕماو دەگەڕێتەوە فەڕەنسا… لە سەفەرکردن، لەوەی دەچێتە هەر شوێنێک هەر دەیچەوسێننەوە و لە مردن لە بەر برسان و بەربەستەکان ماندوو بووە. پرۆلەتەرێکی مۆدێرنە. پاشان بڕیار دەدات پیرەژنێک بکوژێت و بەمجۆرە دەست بە سەر سەرمایەیەکی بچووکدا بگرێت، ئەوە، خاڵی دەستپێکی ئازادییە. بەڵام، هەوەڵ جار، لە کوشتنی پیرەژنەکە سەر ناکەوێ. خۆی بریندار دەکات. کاتیی خۆی کوێر دەکات. لەوێوەش کە بنەماڵەی پیرەژنەکە هاودەستی ڕۆبینسۆن بوونە هەموویان دێنە باشووری فەڕەنسا کە سەروسڕەکەیان بشارنەوە و کەس پێیان نەزانێت. ئێستە ئیدی پیرەژنەکەیە کە ئاگای لە ڕۆبینسۆنە و هۆشی پێوەیە. لە باشووردا پیشەیەکی سەیریان هەیە. لە ژێرخانەکانیاندا تەرمی مۆمیاییکراو پێشانی خەڵک دەدەن و پارەی پێ دەردێنن. ڕۆبینسۆن دیسان چاوی دەکرێتەوە و بینایی بۆ دەگەڕێتەوە. دەستی ژنێکی گەنجی خەڵکی توولووز دەگرێت و بڕیار دەدات لەسەر ژیانێکی ئاسایی دامەزرێت. بەڵام ژیانی ئاساییش پێویستی بە سەرمایەیەک هەیە. بۆیە دیسانەوە کەڵکەڵەکەی کوشتنی پیرەژنەکە لە کەلەی دەدات و ئەمجارە ئیتر سەر دەکەوێت. پیرەژن تەواو مردووە. ئیدی سەرمایەی پیرەژن بە خۆی و ژنەکەی دەگات.

خۆشبەختیی بوورژوایی چاوەڕوانی دەکات. بەڵام شتێک ڕێی گەیشتن بە خۆشبەختیی بوورژوایی، بە ئەڤین و ئارامیی مادیی لێ دەگرێت. شتێک! ئاخ! ئاخ! و ئەم شتەش هەموو ڕۆمانەکەیە! سەرنج بدەن! لە دەسگیرانەکەی و لە خۆشبەختییش هەڵ دێت. دەسگیرانەکەی دوای دەکەوێت و یەک لە پاش یەک جەنجاڵ دەنێتەوە. جەنجاڵی ئیرەیی. ئەو، ئەو ژنە هەتاهەتایییەیە کە بەرانبەر پیاوی نوێ دەوەستێتەوە… لەئاخری شەوە دەیکوژێت.

هەموو ئەمانە بە باشترین شێوە پێشکەش کراوە. بە هیچ شێوەیەک نامەوێت ئەم بابەتەم لە دەس دەر بچێت. ئەم ڕۆمانە بژیوی سەدەی داهاتووی ئەدەبیاتە. خەڵاتی گۆنکووری ١٩٣٢ە[3] کە نراوەتە سەر سینی و پێشکەشی ئەو چاپەمەنیییە خۆشبەختە کراوە کە ئەم بەرهەمە بێوێنەیە، ئەم چرکەساتە مەزنەی سرووشتی مرۆڤ، لە چاپ دەدات…

بە هیوای باشترینەکان،

لویی دێتووش


[1] دیڤیرتیمێنتۆ پارچەمۆسیقایەکە کە وەک پێوەندەرێک بەشە جیاجیاکانی پارچەمۆسیقا گەورەکە بە یەک دەبەستێتەوە

[2] لە دەستنووسەکەدا ڕۆڵی باردامو و ڕۆبینسۆن پێچەوانەیە

[3] “سەفەر بەرەو کۆتایی شەو” بە دوو دەنگ کەمتر خەڵاتی گۆنکوور دەدۆڕێنێت