ڕۆمانی “ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟”

ڕۆمانی “ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟”ی نووسەری بەتوانای کورد “کاروان عومەر کاکەسوور” لەسەر ئەرکی “ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە”، چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم ڕۆمانە نزیکەی پێنج سەد لاپەڕەیە، ناوەرۆکی ڕۆمانەکە بە کۆمەڵێ ڕستە، وتە و پەیامی کورت دەست پێ دەکات. بە هەمان شێوە ئەم ڕۆمانە بە هەشت بەش نووسراوە. لە ڕێگەی نامەوە پرس بە هاوڕێیەک دەکات، (ئایا هاوڕێی منداڵیی ببینێتەوە یان نا؟) ڕۆمانەکە بەش بەش دەگێڕدرێتەوە، ئەم جۆرە بیانووە تەکنیکێکی جوان و نایابی گیڕانەوەیە.

ڕۆمانی (ئەو هاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟) کاروان عومەر کاکەسوور، ناوەندی ئەندێشە ٢٠٢١

بەشی یەکەم:

گێڕانەوەی کۆمەڵێ ڕووداوە لە دیدی منداڵێکی پێنج ساڵاندا، ئەو وردەکارییانەی لە دەمی منداڵیدا ڕوو دەدەن، خراونەتە بەر باس. نووسەر گرنگیی بەو دنیایەی منداڵان داوە، کاتێ دەگەنە ئەو تەمەنە دنیا وەکوو خەونێکی پچڕ پچڕ وایە، زۆر بەوردی کاری لەسەر ئەم بەشە کردووە.

بەشی دووەم:

درێژەدانە بە گێڕانەوەی ئەو ساتانەی لە منداڵیدا (تەمەنی دە ساڵان)، تێیدا ژیاون، پارەی ئەو سەردەمە دینار و نیودینار و فلس بوون، بۆ ئەوەی ڕیشۆڵە بکڕن، لە قوتابخانە بۆی دەرچوون و بە دزی هەڵاتوون. لە ڕێگەدا تووشی قوماری ئەو سەردەمە دەبن، کە لە دار و گوریس و کا دروست کراوە، کەسێکی فێڵباز لەگەڵ ئەو شەقاوانەی بەرگری لێ دەکەن، بەڕێوەی دەبەن. تاموچێژی سەردەمێک دەگێڕێتەوە، کە ژیانی تاکی کورد، لەوپەڕی سادەیی بووە.

بەشی سێیەم:

هەرزەیەکی پازدە ساڵ ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، ئەو ترسەی زۆری منداڵی کورد لە دایبابی هەیەتی، وردورد شی دەکاتەوە. لە ڕێگەی ئەو ترسەوە، گێڕەرەوە بە ناو ناخی خۆیدا شۆڕ دەبێتەوە و هەموو دڵەڕاوکێ و پێشبینییە خراپەکانی، کە لە ئەنجامی کاڵی و ئەو قۆناخەی تێیدا دەژیەت تووشی دەبن، هەموو ئەو گرفتە دەروونییانەی پێی دەتلێتەوە؛ بە گوێی چاوی خوێنەردا، دەچرپێنێت.

بەشی چوارەم:

تازە گەییوێکی حەڤدە ساڵان، لە بارودۆخی ناو خێزان و دەرنەچوونی لە خوێندنگە و سەردەمی هەشتاکانی سەتەی ڕابردوودا، دەدوێت. ئەودەم، هاوسێکانی یەک گەڕەک، هەموو پێوەندییەکانی دەرەوە و ژوورەوەی یەکدییان، پێک دەبەستنەوە. گێڕانەوەی سەردەمی زێڕینی لاوی و دڵداری ئەوکات، کە دەمی نامەنووسینی سەر کاغەز و چاوچاوانێی سەرەکووچان باو بووە، دێتە بەرباس. جگە لەوەی وردورد، وەگێڕی هەمووشتزان بە ناخ و دەروونی هەرزەیی خۆی و هاوتەمەنانیدا، شۆڕ دەبێتەوە.

لە ترسی خوێندن، بیری خۆکوشتن و چوونە شاخ (واتا ببێتە پێشمەرگە) دەکاتەوە، ترسی لەدەستدانی دایک و باوکی لە لایەک(کە وا بیر دەکاتەوە، ئەگەر ببێتە پێشمەرگە، دایک و باوکی لە خەفەتان گیانیان دەردەچێت) ئەو ترسەی لە ناخی دروست بووە لە لایەکی تر، ترسی سەردەمی بەعس و ئەو هەموو سیخووڕە، ڕەنگە دایک و باوکی تووشی گرتن و سزای قورستر بکاتەوە.

لەم بەشەدا، وەگێڕی هەمووشتزان بەوردی تیشک دەخاتە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی هەموو خێزانێکی کورد، کە چۆنێتیی پەروەردەکردنی منداڵەکانیان و دڵەڕاوکێی منداڵە دەرهاوسێ و نزیکەکانیان، خەمێکی گەورەیە و ڕەنگە کار لە ئاییندە و ڕەوشتی منداڵەکانیان بکات. ئەم بیرکردنەوەیەیش، خوێنەر هەست دەکات لە هەموو ماڵێکی کورد، یان هەموو دایبابێکی کورد، بە هەمان شێوە بیر دەکەنەوە…

بەشی پێنجەم:

پاش ئەو هەموو دڵەڕاوکێیەی، کە کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە لە ترس و تۆقینی شەڕی ئێراق و ئێران، دوودڵی و ترسی دەرنەچوون لە قوتابخانەدا، تووشی خوێنەری دەکات، دوای ئەو هەموو تەنگەنەفەسییەی لە ئاکامی خوێندن و تەنبەڵیدا دەخوێنرێنەوە، (کارەکتەری سەرەکی) خەریکن لەگەڵ هاوڕێکانی پلانی بوونە پێشمەرگە دادەنێن؛ لەم بەشەدا خوێنەر ڕاستەوخۆ لەگەڵ گەیشتنی کارەکتەری سەرەکی و هاوڕێکانی بە قۆناغی زانکۆ، بەریەک دەکەون!

خوێنەر بە ئاسانی هەست بە فرەدەنگی گێڕانەوە و دایەلۆگی نێوان کارەکتەرە سەرەکی و لاوەکییەکانی نێو ڕۆمانەکە دەکات. پاڵەوانی ڕۆمانەکە، بە کامێرای وشەکانی ئەوانی دیکە سەرسامە، کە چۆن وێنەی دنیای دەرەوە دەگرن. هەروەها لەم بەشەیشدا گفتوگۆ (دایەلۆگ) لەنێوان کارەکتەرەکان، بەراورد بە بەشەکانی دیکەی ڕۆمانەکە زێترە.

لەگەڵ خوێندنەوەی ئەم بەشەدا، هەست بەوە دەکرێ گەنجانی ساڵانی هەشتاکان لە بەرانبەر ڕژێمێکی وەکوو بەعسدا، کاتێ بۆ یەکەمجار خۆپیشاندان ساز دەدەن، ئەم خۆپیشاندانە دەبێتە مایەی وەرچەرخانی کۆمەڵێ شتی سەرەکی و لاوەکیی کۆمەڵگەی کوردی. گوڕوتینێکی هیوابەخش بە تاک بە تاکی کۆمەڵگە دەبەخشێت.

بەشی شەشەم:

کتێبفرۆشێک، سەرەتای دەستپێکردنی کتێبفرۆشتن و دامەزراندنی دووکانێک، وردەوردە کەشوهەوای ڕاپەڕینی زستانی ساڵی (١٩٩١) دەگێڕێتەوە. ئەوکات لە ترسی ڕژێمی بەعس، هەموو جموجووڵێکی ناوشار قەدەغە کرابوون، هەر کەسێ لەگەڵ پێشمەرگە دەستی تێکەڵاو کردبووبا، بە دڕەندەترین شێوە دەکوژرا؛ جگە لەوەی ئەگەر ئافرەتبووبا لاقەیان دەکرد، یان گەنجێکی جوانبووبا، ئەویش هەر حیسابی ژنیان بۆ دەکرد و ڕێگەیان بەخۆیان دەدا دەستدرێژی بکەنە سەر…

لەم بەشەیشدا، خوێنەر بەر جۆرەکانی خۆکوشتنی سەیر و سەمەرە دەکەوێت. دوو کەس چۆلەیەک کوشتوونی، کەسێ پشیلەیەک و یەکی دیکە بووکەڵەیەک، کە هەموو ئەم چیڕۆکانەیش زادەی بنەماڵەیەکی شوومن و تەمەنیان لە سی ساڵ تێ ناپەڕێت!

بەشی حەفتەم:

لە ئەنکاراوە (ئەنقەرە)، کە مەبەست لێی شارێکی وڵاتی تورکیایە، گێڕانەوەی ئەم بەشە دەست پێ دەکات، هەمیشە وەسف ڕۆڵی خۆی دەبینێ و درێژە بە گێڕانەوەی چیڕۆکەکە دەدات؛ لەم بەشەیشدا نووسەر بە وەستایانە ئیشی لەسەر هونەری چیڕۆکنووسین کردووە و تەکنیکی مۆنتاژی بە کار هێناوە، لەگەڵ ئەوەی سەرەتای ئەم بەشە لە تورکیا دەست پێ دەکات، بەڵام بە هۆی مۆنتاژ و فلاشباکەوە، کارەکتەری سەرەکی و وەگێڕی هەمووشتزان، دەگەڕێتەوە ساڵانی پێش چوونە خوێندنگەی و ئەوکات تەمەنی پێنج ساڵە.

لەم بەشەدا زۆرترین دایەلۆگ لەنێوان پاڵەوانی ڕۆمانەکە و کارەکتەرێکی لاوەکیدا، دەکرێت. بە شێوازێکی چڕوپڕ، لەبارەی یەک پرسیارەوە، کە ئایا (داکی خەوتووە یان نەخەوتووە) بە شێوازێکی هونەرییانە دایەلۆگێکی درێژ دروست دەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، تەکنیکی گێڕانەوەی چیڕۆک لەنێو چیڕۆکدا، بەکار هاتووە. هەروەها گێڕانەوەی سیاسەتی سەتەی نۆزدەیەمە لە دیدگەی منداڵێکی پێنج ساڵانەوە.

بەشی هەشتەم:

گێڕانەوەی کاتێکی دیارکراو و سەردەمێکی هەستیارە. ئەوکات ڕژێمی بەعس حکوومی عێراقیان کردووە، نەهامەتی گەشت و کۆچی مرۆڤی کوردانی باشوور، کە لە خاڵەکانی پشکنین زۆر ستەمیان لێ کراوە، دەگێڕێتەوە. ڕۆماننوس لەم بەشەدا ددانی پێدا دەنێت، کە بایەخ بە لۆژیکی (سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی) چیڕۆک نادات، جگە لەوەی هێندێک نووسەری میللی ئەم لۆژیکەیان کردووەتە بیانووەک تا پەلاماری نووسەرانی تری پێ بدەن؛ بە پێچەوانەوە کاروان بە شێوازێکی جودا دەنووسێت.

لەم بەشە و بەشەکانی دیکەیش، ئیشێکی زۆر لەبارەی دەنگی کارەکتەرەکانەوە کراوە، شاکەسی ڕۆمانەکە لە دەمی گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا، تۆنی کارەکتەرەکانیش بە گوێی خوێنەردا دەچرپێنێت، کاتی دایەلۆگی نێوان کارەکتەرەکان هەم هەست بە تۆنی دەنگیان دەکرێت، هەمیش شاکەس وەسفی ئەو تۆنە دەکات، کە ئایا تووڕەیە یان بێئومێدە یان دڵخۆشە، تۆنێکی ڕەقە یان نەرمە… شێوازی چۆنێتیی دەربڕینەکان، لە گوێی خوێنەردا دەزرینگێنەوە.

پوختە:

ئەم کتێبە ژیاننامەیە، وەلێ بە تامی ڕۆمان نووسراوە، هەر لە دەستپێکی ڕۆمانەکەدا، نووسەر باڵ بەسەر گێڕانەوەی بیرەوەرییەکانیدا دەکێشێت. وەگێڕەوەی هەمووشتزان بە کاتی ئێستە و بەردەوام ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، جیاواز لە تەکنیکە باوەکانی تر، کە چیڕۆکی هونەریی کلاسیکیی کوردی پێ دەنووسران. بە دیوێکی دیکە، گێڕەرەوە خۆی لە کاری ڕابردووی (بوو) دەرباز کردووە، بۆیە بە کاتی ئێستە و بەردەوام ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە.

ڕۆمانەکە فرەدەنگ و ڕەنگە، چەندان کەس و کارەکتەری سەرەکی و لاوەکی، ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دەگێڕنەوە.

لە تەواوی ڕۆمانەکەدا، وەسف ئیشێکی زۆری لەسەر کراوە و گرنگیی پێ دراوە، ڕۆمانەکە فرەدەنگ و ڕەنگە، چەندان کەس و کارەکتەری سەرەکی و لاوەکی، ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دەگێڕنەوە. نووسەر بەوردی ئیشی لەسەر بابەتە دەروونییەکان کردووە، ڕوونە لە هەموو بەشەکانی ڕۆمانەکەدا بە قووڵایی ناخی کارەکتەرەکانیدا ڕۆ دەچێت.

هەمیشە تەکنیکی مۆنتاژ ڕۆڵی جوانترکردنی ڕۆمانەکە دەبینێت، گێڕانەوەی چیڕۆک لەنێو چیڕۆکدا، لەم ڕۆمانەدا تژییە. وردەکارییەکانی ڕۆژانی قوتابخانە و خوێندکاری بەشێکی زۆری لەم ڕۆمانەدا داگیر کردووە، هەمیشەیش ڕووداوەکان یەکیان لە ئەوانی دیکە جودان.

کاروان یەکێکە لەو نووسەرانەی زانیارییەکان بە ئاسانی بەدەستەوە نادات، پێویستە خوێنەر زانیارییەکان کۆ بکاتەوە، ئەمەیش خوێنەر کێش دەکات تا بەدوو ڕووداوەکانی چیڕۆکەکەدا بچێت، وردتر و قووڵتر دەقەکە بخوێنرێتەوە.

کارەکتەرە سەرەکی و لاوەکییەکانی ئەم ڕۆمانە، کۆمەڵێ ناسناوی سەیریان هەیە، نووسەر بە وریایی ناسناوەکانی لەگەڵ پیشە و کەسایەتی کارەکتەرەکان هەڵبژاردووە، جگە لەوەی هێندێ ناوی بە کۆد نووسیون و بە کورتکراوەیی ناویان دێنێ، بۆ نموونە کارەکتەرێکی سەرەکی هەیە، ناسناوەکەی (شەکشەک)ـە، ئەم کارەکتەرە تا کۆتایی ڕۆمانەکە چەندان کەتن دەنێتەوە، پێستی قاچی ئەم بە تێلی یاری دەدڕێنێ، شانی ئەو بە چەقۆ زامدار دەکا، بەرد لە پێی یەکێکی دیکە دەدات؛ بەبێ ئەوەی مەبەستی بێت، کورد گوتەنێ دەستی بەدە، یان کەتنکەرە. پێم وایە لە کوردەواریدا، بەرخ ئەگەر نێر بێ و بکەوێتە نێو ساڵێک و دووان، پێی دەگوترێ “شەک”.ڕیتمی ناوی (شەکشەک) گومان دەکەم لە چەمکی “شکاندن”ەوە خواسترابێت، چونکی ئەم کارەکتەرە سەرەکییە، دەیان ڕێچکە و بەربەست دەشکێنێت، گوێ بە دابونەریت نادات، پێبەندی هیچ سیستمێک نابێت، ئەوەی خۆی بیخوازێ ئەو دەکات!

جگە لەوەی دەیان دێڕی ئەم ڕۆمانە، خوێنەر دەخەنە پێکەنین، ڕەنگە لەگەڵ خوێندنەوەی هێندێ دێڕیش دڵتەنگی ڕوو لە خوێنەر بکات، ئاخەر مێژووی نەتەوەی کورد پڕ پڕە لە ستەم و کارەسات.

ئەوەی شایەنی باسە، کاروان کاکەسوور یەکێکە لە نووسەرە زوانزان و زوانپاراوەکانی کورد، کەم نووسەر هەن وەکوو کاروان بایەخیان بە زوانی کوردی دابێت و هێندە لە خەمیدا بن. لەگەڵ خوێندنەوەی دەقە کۆن و نوێکانی، یەکسەر بۆت دەردەکەوێت ئەم نووسەرە هەمیشە لە خەمی زوانی کوردییە، لە یەک دەنگ و فۆنیمی کۆڵیوەتەوە، ئاگەداری گشت جومگە، ستوونە ورد و درشتەکانی زوانەکەیەتی. تا لەبارەی زوانی نووسینی کاروانەوە قسە بکەین و بنووسین، کەمە؛ چونکی ڕەنگە گوتە و نووسینەکانمان لە ئاست ماندووبوونی ئەم نووسەرە نەبێت، کە هەوڵی بۆ داوە.

هێندێ لەو دەقانەی لەناو ڕۆمانەکەدا باڵکێشن:

  • بە منداڵی هەر جارێ لە ئاوێنەم دەڕوانی، خۆمم لە باوەشی پیرێکدا دەبینی، بەڵام نەمدەزانی کێیە. کەسیش نەیدەتوانی یارمەتیم بدات، چونکە کاتێ یەکێک دەهات، ئەو ون دەبوو. لە گەنجێتیمدا دەمگوت ئەو پیرە مرد، بۆیە ماوەیەکی زۆرە دیار نییە. لە پیریدا هەر جارێ لە ئاوێنە دەڕوانم، خۆم لە باوەشی منداڵێکدا دەبینم. باوەڕ دەکەن سەرەتا نەمدەزانی ئەو منداڵە، خۆمم؟ تازەم زانیوە ئەو پیرەی بە منداڵییش لە باوەشی دەگرتم، هەر خۆم بووم. ئەرێ من تا ئەو ڕادەیە لە ناسینەوەدا خراپم؟ باوەڕم وایە هەر ئەو منداڵە دامبنێت، گیانم دەردەچێت، بەڵام بەوە دڵخۆشم، کە هیچ ماندووبوونێک بە سیمایەوە نابینم. کاتێ بە باوەشی منداڵێکەوەیت، لات ڕوون بێت هێزێکی گەورەت هەیە! ئینجا بنووسە، ئەی جەستەی زیندووی من! ئەم کتێبەیش بنووسە!
  • ·        (لەسەر ئەم شەقامەدا، شنەبا قژی تۆ و قژی تۆیش گیانی منی دەلەراندەوە. ئەمڕۆ لەم گەردوونە چەسپاوەدا، تەنیا دوو شت لەریونەتەوە، قژی تۆ و گیانی من).
  • {نووسیوتە: (وێنەیەکی تری خۆتم بۆ بنێرە). ناینێرم. نەدەبووایە ئەوەی یەکەمیشت بدەمێ، چونکە دەزانم ئەگەر زۆر لە وێنەم ڕابمێنیت، تینووێتیت دەشکێت، لە کاتێکدا دەمەوێت هەمیشە بیرم بکەیت}.
  • گەلێجار بە‌ خۆم دەڵێم تۆ گەوره‌ بوویت. منداڵەکەی جاران، بگره‌ هەرزەکارەکەی ئەوسایش نییت، بۆیه‌ خەمەکانیشت لەوانەی پێشووت ناچن. تۆ بە‌ هۆی خەمەکانتەوه‌ دەزانیت لە‌ چ قۆناغێکی تەمەندایت. بەڵێ، خەمەکانت گەوره‌ دەبن، ئینجا خۆت.
  • ئەدەبی تراجیدی بە‌ تەنیا ناتوانێت فریام بکەوێت، بۆیه‌ پەنا بۆ هونەریش دەبەم. بەردەوام گوێ لەو گۆرانییانه‌ دەگرم، کە‌ نەک هەر خەمی نوێم پێ دەبەخشن، بەڵکوو لە‌ دەستیان دێت خەمە کۆنەکانیشم بخەنەوه‌ گەڕ.
  • مرۆڤ تا ژەهری خۆشەویستی نەچێژێت، نازانێت ئەو دەعبایه‌ چییە.
  • شۆڕش گەردەلوولە، نەوەک بورکان، چونکە گەردەلوول کاتێ هەڵدەکات، تەنیا ئەو شتانە بۆ ئاسمان دەبات، کە سووکن و لەسەر زەوین، بگرە بێکەڵکن، پێچەوانەی بورکان، کە ناخی زەوی دەهێنێتە دەرێ و قووڵاییی شتەکان پیشان دەدات. بەکورتی شۆڕش بریتییە لە پیشاندانی شتی بێکەڵک و شاردنەوەی ئەوانەی بەهایان هەیە. لە دوای شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا سیاسەتمەداری ڕووکەش و ڕۆشنبیری هەلپەرستی لە سیاسەتمەدار ڕووکەشتر دەردەکەون و دەبنە خەتیبی جەماوەر. ئەوەی لە شۆڕشدا سەر دەکەوێت، خودی جەماوەر نییە، بەڵکوو ئەو باوەڕە لەمێژینەیە، کە لە نەوەکانی پێشووەوە ماوەتەوە و لە خەیاڵی ئەو جەماوەرەدا خۆی حەشار داوە. کەواتە جەماوەر بریتییە لەو خاکە بێگیانەی تۆوی ئەو باوەڕەی لەسەر دەڕوێنرێت. ئەو باوەڕە پیرۆزە وردەوردە هەموو شتێک دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ڕۆشنبیرەکان بە خێرایییەکی سەرسڕهێن خۆیان لەگەڵ ئەو باوەڕە ڕادەهێنن و هێندەی تر جۆشی پێ دەدەن. بەم شێوەیە زۆرایەتی تێکڕای دەنگەکانی کەمایەتی کپ دەکات و خۆی تەنیا دەمێنێتەوە.
  • ماوەیەک بیر لەوە دەکەمەوە. پێویستە کاتێ گەڕامەوە، ئەمە لە سەرنجنامەکەمدا بنووسم، چونکە لە تێکستی ئەدەبیدا ئەوەی بایەخی هەیە، شتە بچووک و بەلاوەنراوەکانن، نەوەک شتە زەقەکان. هەمیشە نووسەرە جەماوەرییەکان پەنا بۆ ڕووداوی زەق دەبەن و بە شێوەی ڕاستەوخۆیش دەیانگەیەننە خوێنەری سادە. هەر لەبەر ئەوەیشە جەماوەرێکی زۆر ئەو ئەدەبە پەسەند دەکەن. دەڵێن ئەو نووسەرە قسەی ناو دڵی ئێمەی کردووە. ئەمە ڕێک ئەو شتەیە، خۆمان بیرمان لێ کردووەتەوە و ویستوومانە بیڵێین. نووسەرێکی گەورەیە و بە زمانێکی سادە ئەو شتەی خۆمی پێ گوتوومەتەوە. هەندێک لەو کتێبانە وەک گسکی پووش وان، جەماوەر لە بۆنەکاندا بە فوو بەرزی کردبێتنەوە. هەر هێندە تاقەتیان چوو و بۆنەکە تێپەڕی، سەریان دادەنەوێننەوە و گسکەکەیش دەکەوێتە خوارێ. ئەو نووسەرانە کاتێ کتێبیان لەو بەرزاییەدا دەبینن، خۆیان لێ دەگۆڕێت و پەلاماری هەر نووسەرێکی تر دەدەن، کە لە بۆنەکاندا کتێبی بە فووی جەماوەر بەرز نابێتەوە.
  • لەناو گۆمی هەموو خەیاڵێکدا، دەنکەچەوێکی واقیع و لە بیابانی هەموو واقیعێکدا پنجەگیایەکی خەیاڵ، دەدۆزرێتەوە.