چاخی ڕاو و شکار
جەنابی مولازم میم. ئەلیف بە چاوانی هەڵماسیوەوە لە پشتی مێزێکی دارینی ڕزیو دانیشتبوو. خەواڵو بوو. دۆسیەکەم خستە سەر مێزەکە سەیرێکی کرد و زەق لەنێو چاوەکانمی ڕوانی.
گوتی: لەم کاتی شەوەدا کە بە دوای دزدا ناگرێن.
گوتم: ببوورن، گرووبان خۆی گوتی وەرە بڕۆینە پاسگە.
پەڕاوی ڕاپۆرتەکەی ژێر و ژوور کرد.
– لە ئەڵمانیا دەخوێنی؟
– بەڵێ.
– بۆ لەوێ؟
بە نینۆکی دۆشاومژەی ڕاستی، زەخمی سەر دەستی چەپی دەخوراند و باوێشکی دەدا.
– بۆ چی ڕۆیشتی لەوێ بخوێنی. نەدەکرا هەر لێرە درێژە بە خوێندن بدەی؟
لە وەڵامیدا هەرچیم بە زەیندا هات گوتم، بەڵام قانع نەبوو.
گوتی: دەبوایە لێرەکانێ بمایتایەتەوە. نەدەڕۆیشتە وڵاتێک کە پارکی ڕووتەکانی هەیە. مەگەر نەدەکرا لە وڵاتی خۆت دکتۆرا وەرگری؟
وەڕەز بووم. نزیکەی کاتژمێرێک چاو لەسەر دەرگا و گوێ هەڵخستن لە بڵینگۆ لە هۆڵی چاوەڕوانی لەسەر کورسی مێتاڵی دانیشتبووم، لە پاڵ پیاوێک کە بە تەواوی سەرخۆش بوو و لە خەو و بێداریدا لەگەڵ خۆی قسەی دەکرد. دەستی ڕاستیان بە کەلەپچە بەستبوو بە شیشەی کورسییەکەوە.
– چییان لێ دزیوی؟
– جانتایەک کە پاسپۆرت، ناسنامە، بڕوانامەی خوێندن، دوو هەزار یۆرۆ، لاپتۆپ و ئەنگوستیلەی دەزگیرانی تێدایە.
لەسەر دەستی چەپی جۆگەلەیلی باریکی خوێن وەگەر کەوتبوون.چی دەخوێنی؟
– ئارکاییکی ئەنترۆپۆلۆژی.
– چی؟
– ڕشتەکەم لەبارەی نیاندەرتاڵەکان و هۆمۆساپیەنسەکانە.
– ئەها، مرۆڤی هۆشمەند… نەکا تۆ ئەوەیت کە ددانی شیری مرۆڤێکی نیاندەرتاڵی لە ناوەدروەن[1] دۆزیبوویەوە؟
– من و لیژنەیەکی شوێنەوارناسان.
– ئەو ددانە بەهای مادیشی هەیە؟ مەبەستم ئەوەیە مۆزەخانەکانی دەرەوە بە نرخێکی باش لێتان دەکڕن.
هەواڵی دۆزینەوەی ددانە شیرییەکەی وێدەچێ لە میدیاکان بیستبێ. ڕادیۆیەکی ناسیۆناڵی قەدیمی لەسەر مێزەکەی بوو.
بە هێمی گوتی:
– کەوایە زانایەکی بۆ خۆت. دەبینی مرۆڤی هۆشمەند چی بەسەرهاتووە. یەکشەممەی داهاتوو وەرە بۆ ئێرە. ئێستا بڕۆ دۆسیەکەت کامڵ بکە… هۆبەی دزی لە ماڵان.
ئاماژەیەکی کرد بۆ کۆتایی ڕاڕەوەکە.
ژووری یەکەم. لەسەر دەرکەکەی نووسرابوو، دزی چەکدارانە، چۆڵ بوو. ژووری دووەم، دزی لە دووکان، چۆڵ بوو.
ژووری سێیەمیش؛ دزی لە ماڵان.
پلەدارێک بە دوو ئەستێری لکاو لەسەر شانەکانی، سەری خستبووە سەر مێزەکە. پرخوهۆڕی دەکرد.
چووبووە خەوێکی قووڵەوە. چەندجار بە پارەی وردە لە شووشەی دەرکەکەم دا، تا هەڵسا. بە پەلە دۆسیەکەی لێ وەرگرتم.
-ناو و ناوی فامیلی؟
وتم.
– ژمارەی ناسنامە؟
– ١٠٥٧
– لە کوێ دەرچووە؟
– چیالا.
– هۆی سەردانکردنت؟
– دزی لە ماڵان.
– چییان لێ دزیوی؟
– جانتایەک کە پاسپۆرت، ناسنامە، بڕوانامەی خوێندن، دوو هەزار یۆرۆ، لاپتۆپ و ئەنگوستیلەی دەزگیرانی تێدایە.
– پەنجە لە مرەکەبەکە بدە و بیدە لە پەڕاوەکە.
لێمدا.
گوتی: ئەمجارە هاتی بێ بۆینباخ وەرە.
کەللەی خستە سەر مێزەکە.
لە پلیکانەکان هاتمە خوارەوە و گەیشتمە حەوشەی پڕ لە ماتۆرسیکلێت. دەیان نەفەر لە تاریکی چۆک لەنێو چۆکی یەکتر دانیشتبوون. هەموو کەلەپچە لە دەست. دیار نەبوو کێ دزی دووکان یان ماڵانە یان جنتاڕفین. نزیکی بانگی بەیانی بوو. دەنگی کەڵەبابێکم نازانم لە کوێوە بیست. وەک ئەو ساڵانە کە پێم وابوو دەبێ لە تاران وەک جنەکان بی، لەسەر ڕەسیفی شەقام یەک پێ و دوو پێ ڕامکرد و کلیلێ کە کابرای دز خستبوویە نێو قفڵەکە لە بیلبیلەکانم دەخولایەوە. لە فرۆکەخانەوە یەکسەر هاتبوومەوە ماڵ. جانتاکەم خستبووە کانتۆرەکە و بەو بۆینباخ و شەرواڵە جێنە ڕۆیشتبوم بە دوای کاری ئیداری. لە گەڕانەوەدا حەپەسابووم، درکەی خانووکە نیوە کراوە بوو و نێو کانتۆرەکە، جێی بەتاڵی جانتاکەم. هەموو شتێکم.
لە ڕۆژنامەفرۆشێ چەند جگەرەیەکم کڕی و بەدوایەکدا کردمن بە حەوادا. دیارە ئەو دزە پیشەگەرەی ماڵ، وا دانیشتووە لای لاپتۆپەکەم و خەریکە بە زمانی ئەڵمانی لەگەڵ خاتوو سوزان ستیف چات دەکا. وێنەی چاوە سەوزە تەلسماوییەکانیشی دەبینی و دەگەشایەوە.
هەموو شتێکمی دزی بوو؛ لە هەمووی خەمبارانەتر وێنەکانی یادگاری لەگەڵ سوزان ستێف لە دەوروبەری شوێنەواری ناوەدروەن و ئەشکەوتی خاموش. لەوێ بوو کە چیرۆکی خولقاندنم بەپێی گێڕانەوەی ‘دیوانە گەورە’[2] بۆ گێڕایەوە:
لە سەرەتا دوڕ هەبوو و هەقیقەت لەنێو دوڕ هەبوو. هەق کە ناوەکەی دیکەی شەنتیا بوو پاش هەفتا هەزار ساڵ لە دوڕەکە هاتە دەرەوە و حەوت تەنەکەی خوڵقاند و زەوی و جیهانیش. هەق و حەوتتەن لە چیای سەرئەندێڵ[3] جەستەی مڕۆڤیان لە گڵ ئافراند و پیربنیامین[4] بە ژەنینی تەنبوور و مەقامی تەرز ڕۆحی دەبەرنا. جەستەش وەڕێ کەوت.
گوتی: ئەنترۆپۆلۆژی ئەنتی تێزی میتۆلۆژییە. وا نییە؟
گوتم: لەوانەیە ئێمە بەمە دەڵێین ڕازی نەگوتنی.
تا گەیشتینە فرۆکەخانە پێکەوە بووین. لەوێوە بە تاکسی چوو بۆ هۆتێل ئیستقلال. خۆم ژووم بۆ ڕێزێرڤ کردبوو. ژنێ بوو بە تایبەتمەندیگەلێکی سەیر و سەمەرە.
بۆ نموونە مەرجی ئەوە بوو کە بە درێژایی سەفەرەکان و پشکنینەکانمان هەرگیز ڕادیۆ یان تەلەڤزیۆنێ هەڵ نەکرێ. دەیگوت تەلەڤزیۆنی هەڵکراو ببینم، پێستم لیر دەردەکات.
پێستە سپییە هێلکەییەکەی.
کاتێ گەیشتمە ماڵ، ئاغای هومایونی، هاوسێی دێرین و بەڕێوەبەری باڵەخانە، هێشتا نەخەوتبوو. بە لایتە کم شەوقەکەی، لەسەر پلیکانەکان دەرکەوت و گوتی: لە بەختی ڕەش کارەباش بڕاوە.
– حەتمەن ئاغای دزە تەلەفۆنی کردووە بۆ فەرمانگەی کارەبا تا بیبڕن.
پێکەنی و شەوقی لایتەکەی خستە سەر قفڵەکە.
گوتی: هەر کێ بووە شاکلیلی هەبووە. من وامزانی خاتوو سوزان لە ماڵەوەیە. لە تاریکی گیری خواردووە…
کاتێ دەڕۆیشت. لایتەکەی پێمدا. گوتی: ڕاستی، ئەو ددانە شیرییە بە ڕاستی هی مرۆڤی چاخی بەردینی کۆن بووە؟
گوتم: بە گوێرەی پشکنینی کاربۆن، بەڵێ.
ماڵ کشومات بوو. قونکە جگەرەکەی گرووبانم لەژێر نووری لایتەکە، لە ژێرپیاڵەیەکدا بینی.
گوتبووی: پەنجەمۆر کردن پەنجا هەزار تمەن خەرجت دەخاتە ئەستۆ… دەتەوێ؟
-نا.
-لە تارانی گەورە، بە گوێرەی بەڵگەکان تەنیا بیستوحەوت هەزار دزی ماڵانمان هەیە. بڕۆین بە دوای کامەیان؟
-هیچ کامیان
-دەبێ بێیتە پاسگە ئیمزا بکەی.
-چی ئیمزا بکەم؟
-پەڕاوی وازهێنان لە سکاڵا و ئیزن نەدان بە شوێن کەوتنی دزەکە.
لاشەم هەڵدایە سەر چرپاکە و پێڵووەکانم لێک نا. خۆم خستە خەو تا یەکێکی تر لەو خەوە دووپاتانە ببینم کە لە سەرانسەری قۆناغی پشکنین و کنەکردندا دەمبینی. مولازم دەمانچەکە بخاتە لای بناگویمدا و بڵێ ئامااااادە بە.
بڵێم ئێوە خاتوو سوزان لە کوێ دەناسن؟
زەخمی سەر دەستی بخورێنێ و بڵێ هەر ئێستا لە تەلەڤزیۆن پیشانیان دا. ئیعترافی دەکرد.
لە پلیکانەکانی ئاپارتمان بڕۆینە خوارێ. بگەینە کۆڵان. ئەو، لەپێشەوە بڕوا. من، لە پشتەوەی.
لە باڵەخانەی تەلەڤزیۆن خۆمان ببینینەوە. من ڕادەستی چەند مەئموورێک بکەن کە ڕوخسارەکانیان نابینم. یەکسەر بمبەنە ئەستۆدیۆی پەخشی ڕاستەوخۆ.
بمناسێنن بە ئاغا و خانمی پێشکەشکار. ڕووناکی دیمەنەکە پێشتر ڕێکخرابوو.
چەند کامێرایەک کەللەم بخەنە چێوەوە. بە ئاماژەی خانمی پێشکەشکار، منیش دەست بکەم بە ددان پێدانان.
سبەینێ، کاتێ لەبەردم ئاوێنەکە خەرێک بووم ڕیشم دەتاشی هێشتا چاوم لە ڕووناکی دیمەنەکە دەسووتا.
لێمدا بۆ دەرەوە. بۆنی کەلاکی گەنیو دەیدا لە لووتم. ئاقای هومایونی گوتبووی: ماوەیەکە ئەم بۆنە هەموو تارانی داگرتووە. لە قەڵەشتەکانە[5]وە دێتە دەرێ. بەس بومەلەرزە نەیەت. بۆن کە هیچ نییە. لووتمان دادەپۆشین. ئێمە لە تاران لەبەر پیس بوونی هەوا دەبێ ماسک ببەستین. ڕاسپاردە بە تەواوی پزشکییە.
لە درەختێکی رووت و بێبەرگ کە لقەکەی دەگەیشتە لای پەنجەرەیەک، خۆم هەڵکێشایە سەرەوە. پیرەژنێکی حەفتا، هەشتا ساڵە لە ژوورێکی بچووک، چاوی بریبوویە شاشەی تەلەڤزیۆن.
لە درەختەکە هاتمە خوارێ و ڕۆیشتم بۆ کافی نێتێک. چۆڵ بوو.
یەکسەر چوومە نێو دونیای ڤیرتواڵەوە. دۆمینۆکەم دۆاند. شەترەنجەکەم بردەوە و تاوڵەکەم بۆ ڕەقیب جێهێشت.
بۆچی بەڵگەکانمیان بردبوو؟
لە کافی نێت هاتمە دەرەوە و ڕۆیشتم بەرەو لای ڕێستۆرانتێکی سوننەتی کە سەیارەیەکی ‘ژیان’ی تازەیان بۆ سەرنجڕاکێشانی موشتەری لە ڕووبەڕووی ڕاگرتبوو. خاتوو سوزان جارێک گوتی لە وێنەکانی شۆڕشەکەتان تەنیا ‘ژیان’ و ‘پەیکان’ لە شەقامەکان دەبینم.
گوتم شۆڕشی باوکانی ئێمە.
بۆنی کەباب دای لە لووتم. کەباب سوڵتانی، لە هەموو بە چێژتر کەبابی مەڕ بە بەهاراتی کاری.
دەبوایە نانی نیوەڕۆ بخۆم و خۆم بگەیەنمە هۆتێلی نێودەوڵەتی ئیستقلال. جێیەک کە سوزان چاوەڕوانم بوو. ئەو ڕوەکخۆر بوو. بە ئێمەی گۆشتخۆری دەوت ئێوە هێشتا لە چاخی ڕاودا دەژین. خواردنم داوا کرد و لە پشتی مێزێک دانیشتم.
کتوپڕ ڕاچڵەکیم. ئەو پیرەژنەی کە لە خەودا بینیبووم لەسەر مێزی خێزانیی کۆتایی هۆڵەکە دانیشتبوو. لە کاتێکدا کە پەراسووی برژاوی بە ددان ڕادەکێشا چاوی بڕیبوویە شاشەی تەلەڤزیۆنەکە.
گارسۆنەکە هات. سفرەی سەفری لەسەر مێزەکە ڕاخست. دوو نانی گەرمی هێنا. کەبابی مەڕ بە بەهاراتی کاریش.
مەژغوڵی خواردن بووم لە کاتێکدا کە وێنەی ڕووخسارم کەوتبووە نێو ئاوێنەی دیواری. قیافەم شێوەی خۆم نەبوو. هەتاوی تیژی ناودەروەن پێستمی سووتاندبوو.
نازانم سەر و کەللەی مولازم میم. ئەلیف لە کوێوە وەدەرکەوت. لە پڕێکدا هات و دانیشت لەسەر مێزی من.
گوتی: سەلاموعەلیکوم
گوتم: سەلاموعەلیکوم.
گوتی: جانتاکەت دۆزرایەوە؟
گوتم: ئێوە کە دەزانن نا.
گوتی: بۆچی، دۆزراوەتەوە.
-کەی؟
-سەعاتێ لەمەوبەر.
ئەویش دوو شیش کەبابی مەخسوسی داوا کرد.
ئینجا هاتینە دەرەوە و بەرەو پاسگە بەڕێ کەوتین.
مولازم پرسی: ئێستا بە ڕاستی لەنێو جانتاکە چی هەبوو؟
دووپاتم کردەوە: پاسپۆرت، ناسنامە، بڕوانامەی خوێندن، دوو هەزار یۆرۆ، لاپتۆپ و ئەنگوستیلەی دەزگیرانی ودەفتەری دیوانە گەورە بە دەستخەتی باوکم.
جانتاکەم وەرگرتەوە. واژۆم کرد و هاتمە دەرەوە. تا گەیشتمە ماڵەوە، لەژیر لێوەوە مۆرەمۆرم دەکرد یا پیربنیامین.
ئاغای هومایونی لەبەر دەرکە بوو. ئاماژەی کرد بۆ جانتاکە.
گوتی: بەتاڵە؟
گوتم: بەتاڵە.
گوتی: دوو کەس بە جلی مەدەنییەوە لە ماڵەوە چاوەڕێتن.
پەراوێزەکان:
[1] ناوچەیەکی کۆن و مێژووییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتووەتە نێوان کامیاران کرماشان، کە بە گوێرەی بەڵگەی شوێنەوارناسان، شوێنی مرۆڤی نیاندەرتاڵی لە ٤٥ هەزار ساڵ پێش بووە
[2] دیوانە گەورە؛ لە گرنگترین و سەرەکی ترین دەفتەرەکانی ئایینی یارسانە. کۆمەڵە کەلامی حەوت تەن و چل تەن لە سەردەمی پردیوەر (سەدەی ١٤ی زایینی).
[3] چیای سەرئەندیڵ، ناوێکی دیکەی داڵەهۆیە، حەوت تەن لەوێ بە دیداری یەکتر گەیشتوون و لە حزووری هەق، جەستەی مرۆڤیان لە گڵ ئاوێتە کرد.
[4] پیربنیامین: یەکێکە لە حەوت تەنی خودان زات لە ئایینی یارسان.
[5] Fault قەڵەشت، (زەوی ناسی) دەبێتە هۆی جێگۆڕکێی چینەکان. فارسییەکەی (گسل)
سەرچاوە: ئەم چیرۆکە لە کۆمەڵە چیرۆکی چاپ نەکراوی (ما همە در عصر شکار بە سەر می بریم) وەرگێڕدراوە.