ھەڵەیەکی ماتماتیکی

ئەو بەیانییە کاتێ ڕابوو، پرسیی چۆن خەو زەفەری پێ برد؟

ھەر ئەو بەیانییە بینی ژمارەکان خۆیان لە یادگەی ڕاپسکاندووە،

ئیدی دەستی بە گریان کرد.


ڕۆژی پێش درووستبوون

ئەوی ھەمووشتزان لە قووڵاییەوە دەرپەڕی

بەسەر پێستی ئاوەکاندا ھەنگاوی نا

بۆیە تاھەتایە قوڕسایی ئاو قوڕسایی پێی خوایە.


بە ژمارەکانی نێو توورەگەیەکی سەر کۆڵیەوە

چەشنی “با” ئاراستەکانی تێکوپێک دا

بەناو چاڵێکی چاونەیدیتوودا نادیاری ھەڵبژارد،

پاشان تەقەڵێکی توورەگەکەی ھەڵزڕاند.


ڕۆژی یەکەم ژمارە یەکی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی ڕووناکی، چوون تیرێ لە کەوان دەرچێ

دەرپەڕە و لەسەر پشتی شەو بچەقێ.


ڕۆژی دووەم ژمارە دووی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی بۆشایی، ببە پەرژینی نێوان زەمین و ئاسمان.


ڕۆژی سێیەم ژمارە سێی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی وشکانی، بەشێ لەو ئاوە بخۆرەوە و خۆت دەرخە.


ڕۆژی چوارەم ژمارە چواری ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی ھەیڤ و خۆر، ڕۆژ و مانگ و ساڵەکان

زنجیرێکی بەناویەکداچوون، لێکیان ھەڵوەشێنن.


ڕۆژی پێنجەم ژمارە پێنجی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی ماسی، قەدەری ئێوەیە پانتاییە تەڕەکان.

ئەی باڵدار، نیشتنگەی ئێوەیە ناو هەورەکان.


ڕۆژی شەشەم ژمارە شەشی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی ئاژەڵ، قەدەری ئێوە پەرتبوونە بە دنیا.

ئەی مرۆڤ، تا ڕۆژی ھەستانەوە، خاوەنشکۆی ئەم گۆیەی.


ڕۆژی حەوتەم ژمارە حەوتی ھێنایە بەردەمی خۆی؛

-ئەی پشوودان نۆرەت ھات.


بەم شێوەیە

ڕۆژی ھەشتەم

ڕۆژی نۆیەم

ڕۆژی دەیەم

.

.

.

خوا تێگەیشت چەند گرانە بێکاری

بۆیە بۆ ناکۆتا ژمارە دوای ژمارەی پێکەوە نا

تەواوی ڕۆژەکان گەمەکردن بە خۆڵ.


بەیانییەک، پاش لەخەوھەستان، بینی ماتماتیکی بیر چووەتەوە و تەقەڵەکانی توورەگەکە بەدوای یەکدا ھەڵاتوون. ئینجا تەماشای ئەو ھەموو ئادەمییانەی کرد-وێنەی شانەھەنگ تێکچڕژاو- پەشیمان و نائومێدانە، بێ بڕانەوە گریا.

photo_٢٠٢١-٠٥-٣٠_١٦-٢٣-٢٠

1 سەرنج

  1. blank ئەرسەلان لە 1ی حوزه‌یران، 2021 کاتژێر 6:28 pm

    زۆرتر وەکو چیرۆکەکی کورت بوو تاکو شێعر ئەوەندە نووقمی ڕەوایەتە کە ئیدی بابەتێک نییە بۆ سەڕسووڕمانی شاعیرانە، خاڵی بەڕچاویش هەڕ ئەوەیە ، شێعر ئەگە بە کەشف نێو ببەین یا ڕوانگەیەکی نوێ هیچکامیان دەو نووسڕاوەدا نابینین یانی لەبابەت فۆڕمەوە چاو لێبکەین هیچ دەبینین و هیچ . ڕەستەکان بەدووای یەکتردا بەبێ بیرۆکە داڕێژتراون کە سەڕنج بدەن لە ژووماڕە یەک تا گەیشتن بەو جێگایە کە لە تاریف کردن وەڕەز دەبێت تەنانەت لەڕووی بێ زەوقییەوە ژماڕە یەک و دوو و … دێنە بەڕچاو و هیچ مانایەکی نوێ ناخوڵقێنن و تەنانەت خوێنەریش جوان دەتوانێت هەمویان بسڕیتەوە و شێعڕەکە مانای لەدەست نەدات کە ویستووتانە هیچی و نەبوون شی بکەنەوە ئەو جۆرە باس کردنە ئەو کارەی نەکردووە، لە بابەت باسی بیرۆکەیی و فەلسەفییەوە دیاڕە نووسەر تەواوی دنیا ئەنجامی هەڵکەوتێک دەزانی کە لە نەزانی ڕا پێکهاتووە ڕوانگەیەکی بڕێک نیچەای یا شایەد هێگێلی کە بێ نەزمییەک لە هیچەوە دەستی پێکردووە بەڵام ئەنجامەکەی بەپێچەوانە بە کەسایەتییەکانی ناو دنیا نەبەستۆتەوە و دیسان گەڕاوەتەوە سەڕ داهێنەڕی ئەو نەهامەتییە لێرە باس دژی یەکن هیچ کەس سەباڕەت بە کاڕێک وەک پێک هێنانی دنیا ئەوا ساویلکانە چاو لێناکات کە دووایی بۆی پەشیمان بێت یا نابێت داهێنەڕێک هەبێت یا ئەگە هەبێت ئەوەندە گەمژە نیە دەکوولدا ئەو بەتاڵی و بۆشاییە دە نووسەرردایە بەڵام ئەو پووچییە وەک ئامڕازێک بۆ جوانیناسی باش بەکار نەهاتووە. خۆی ڕەستەکانیش هەڕوەها جوانیناسی تێدا نیە



سەرنجێک بنوسن