سینەمای کوردی یان نیشتمانی دایکی

بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلمە کوردییەکانی لەندەن لە ساڵی ٢٠٢١ و بە شێوەی ئۆنڵاین دەرفەتێکی بێ‌وێنە بوو بۆ ئەوەی بتوانین کۆمەڵێک لە باشترین فیلمەکانی سینەمای کوردی ببینین. ئەم وتارەی ئێستا هەوڵ ئەدا بە هەڵسەنگاندنی ئەو چەمکانە کە پێوەندیان بە بۆچوونەکانی ‘ژاک لاکان‘ەوە هەیە، زیاتر لە ٢٠ فیلم کە لەنێو ماڵپەڕی ئەم فێستیڤاڵەدا دانراون بخاتە بەرباس، کە بریتین لە هەموو کورتەفیلمە چیرۆکییەکان کە ئێستا لە بەشی کێبەرکێدان و بریتین لە لەککە(stain2020)، پیرابۆک(٢٠٢٠)، دوایین ماڵی دنیا (٢٠١٩)، سەنتێز (٢٠٢١)، یاد (٢٠١٩)، قەرەنتینە (٢٠٢٠)، ئەویتر (٢٠٢٠)، له ناوچوون (٢٠٢١)، خاڵی ناوەندی (٢٠٢٠)، کۆلارەکان (٢٠٢٠) و، فیلمە درێژەکان؛ زێڕ (٢٠١٧ کازم ئۆز)، بیر ( ٢٠١٨ وەیسی ئاتلای)، ئیز ( ٢٠١١ تەیفوور ئایدین)، ماڵی بێ میچ( ٢٠١٦ سۆلین یووسف)، کیسەڵەکانیش دەفڕن (٢٠٠٤ بەهمەن قۆبادی).

چەمک و بیرۆکە هاوبەشەکانی نێو هەموو ئەو فیلمانە و کورتەفیلمە چیرۆکییەکانی بەشی کێبەرکێیەکە کە بوونەتە وێنە و بە شێوەی کۆدێکی جێگیر دەرهاتوون بریتین لە: ١- مەرگ بە شێوەیەکی گشتی و بە تایبەت مەرگی دایک یان ژن، ٢- سنوور، ٣- هەبوونی تەرمێک (تەرمی دایک) یان قەبرستان، ٤- کوێستان و بەفر، ٥- سەفەر و جاددە، ٦- ماڵی خاپوور یان ماڵە چۆڵکراوەکان.

دیمەنێک لە فیلمی زێڕ (٢٠١٧)

ئەو بابەتە ئاماژە پێکراوانە تەنانەت لەنێو بەڵگەفیلم(دیکۆمێنتار)ە کوردییەکاندا بە فرەیی دەبینرێت. لە دوای ڕێکخستنی سینەمای کوردی، چەمکەکانی شوناس و نەخشی ئەو چەمکانە لەم سینەمایەدا دێتە ئاڕاوە. تەواوی ئەو چەمکانە(ناوەڕۆکی چیرۆک) پێکهاتەی سازکردنی فیلمە کوردییەکان لەباری فۆڕم و چیرۆکەوە لەنێو فیلمنامەدایە. کەوایە ناچارین ئەم ناوەڕۆکە پاوەجێیانە تاوتوێ بکەین. ئایا جێ‌سەرنج نییە کە تەنانەت لەنێو یەکێک لەو کورتەفیلمە چیرۆکییانەی فێستیڤاڵ، بابەتی مەرگ یان مەترسی مەرگ لێ نابڕێتەوە؟ ئەگەر فیلمەکە لە بواری ژانری سامناک بێت وەکوو کورتەفیلمی پیرا بۆک(٢٠٢٠) کە مردنی دایک تێدا ڕوو ئەدا و لە تەنیا فیلمێکدا کە مردن ڕوو نادات واتە فیلمی بادبادک‌ها-کۆلارەکان(٢٠٢٠)، بەردەوام مەترسی مردن بە هۆی مینەوە هەڕەشەیە بۆ سەر منداڵان و هەر ئەو مەترسییەیە کە دەبێتە هۆی دوورکەوتنەوەیان لە یەکتر و لە فیلمی زوال(٢٠٢١) کە مردن بە شێوەیەکی ڕاستەقینە ڕوو نادات، بە شێوەیەکی خوازەیی(استعاری) لەگەڵ وێنەکێشانی دایک/ژن لەسەر بوومی نیگارکێشیەکەدا، شکاندن و دڕاندن بوومەکە و تێکدان و داپاچرانی وێنەی دایک وەدی ‌دێت. لە فیلمی لەککە(٢٠٢٠) نیشان‌دانی کوشتار و مەرگی دایک بە وێدانەوە و نواندنی فیلمی ژانی گەل(٢٠٠٧) لە خودی فیلمەکەدا(مێتا سینەما) بەرهەم دێتەوە و لە فیلمی بەڕوو(٢٠٢٠) کچەکە بە گوللەی داعش تیا دەچێت. کەچی کاتێک باسی تایبەتمەندی سینەمایەک (لێرەدا سینەمای کوردی) دەکرێت دەبێ لەسەر چەشنێک لە فۆڕم و پێکهاتە سوور بین، بەڵام هەر ئەو ناوەڕۆکە هاوبەشانەن کە فیلمی کوردیان خولقاندووە و سینەمای کوردیان بەربڵاو کردۆتەوە، تەنانەت بە چەند زمانە بوونیشییەوە یان کوردی نەبوونی زمانی هەندێک لە فیلمەکان ئەو نیشانانە وەکوو چەمکەکانی پێکهێنەری سینەمای کوردی بوونیان هەیە. لە زۆربەی فیلمەکاندا سەفەرێک ڕوو ئەدا کە دەبێ تەرمی دایک بگەڕێتەوە بۆ نیشتمانی دایکی یان دایک دەمرێت و دەنێژرێت و کەم‌وزۆر لەنێو هەموو ئەو فیلمانەدا بەفر و کوێستان و مین و سنوور بوونێکی هەمیشەییان هەیە. بە جۆرێک کە وەک بابەتێکی سەلمێنراو و فۆڕم ( تەنانەت هێندێ‌ جار بەبێ کردارێکی واتایی لە چێرۆکدا) دەرهاتوون.

لە کورتە‌فیلمەکانی دیگری(ئەویتر)، (سەنتێزشین(٢٠٢٠ )، (بیر) و لەو فیلمە درێژانەی کە لە سەرەوە ئاماژەی پێکرا، مەرگی دایک بە شێوەیەکی ئاشکرا و سەلمێنراو و بێ هۆکار ڕوو ئەدات. لە فیلمی (کیسەڵەکانیش دەفڕن) دایک بە ڕاستی خۆی دەکوژێت و خۆی لە ناو دەبات. ئەو مەرگەی کە نیشان ئەدرێت بابەتێکی بە هەڵکەوت نییە هەروەک لەنێو فیلمگەلی کۆنتری ئەم سینەمایەدا واتە جاددە بەرهەمی یەڵماز گۆنەی (١٩٨٢) مەرگی دایک و ژن و روو ئەدات، ژان (گونای ١٩٧٨) ژنێک کە قسە ناکات یان منداڵی نابێت، فیلمی سترانەکانی وڵاتی دایکیم بەرهەمی بەهمەنی قۆبادی (٢٠٠٢) هەر لەسەر ئەم چەمکە دەڕوات. ئێوە هەرگیز تەرمی باوکێک نابینن کە بڕیارە وایە بیگەڕێتەوە بۆ شوێنێک کە بنێژرێت.

blank
کورتە فیلمی: شین(٢٠٢٠)

باسەکە بە لێکدانەوەیەکی زۆر کورت لەسەر بۆچوونەکانی لاکانەوە دەست پێدەکەین. لاکان لە سمیناری ساڵی ١٩٧٢ سێ شێوازی سەرەکی مرۆڤی پێناسە کرد: زنجیرێکی پێکهاتوو لە سێ بازنە بە چەشنێک کە ئەگەر یەکێک لە بازنەکانی لێ جیا بکەینەوە ئەو دوو بازنەکەی دیکە لێک‌دەترازێن. (گرێ بۆرومە)

blank
هاوکێشەکەی ژاک لاکان

١-بابەتی سیمبولیک یان ئاقاری باوک/ زمان/ یاسا/ دەسەڵات/ ئایدۆلۆژی. هەموو یاساکان یان پێکهاتەی وڵاتێک یان دابونەریتەکان بە مانای ئاقاری سیمبولیکن. یانی هەموو کردەوەکانی ڕۆژانەمان بە گشتی خوێندن، هەڵبژاردنی پیشە یان شێوازی ژیان و تەنانەت خەیاڵەکانیشمان لە ڕێگەی بابەتی سیمبولیک شکڵ دەگرێت و کۆنترۆڵ دەبێت. بابەتی سیمبولیک بە شێوەگەلی (شاراوەی) ئیدۆلۆژیک هانمان ئەدات تا بەپێی داخوازییەکانی ئەو هەڵسوکەوت بکەین و هەڵبژێرین. لەو فیلمانەی ئاماژەمان پیدان، باوک نامرێت چۆنکە بوونی نییە تاکو بمرێت، بە واتایەکیتر نەبوونی پێکهاتەیەکی یەکگرتوو یان دەوڵەت/ وڵات بۆ کوردان بۆتە هۆی ئەوەی کە باوک وەکوو هێمایەک لە یەکدەستی بوونی نەبێت واتە باوک بوونی نییە چونکو هەست بە هەبوونی وڵاتێک ناکرێت. هەڵبەت لەنێو ئەو فیلمانەی کە هاتوونەتە بەرباس، باوک ئەگەر بوونی هەبێت لە ڕاستیدا کارێک ناکات و ئاکار و کردەوەکەشی زۆرجار منداڵانەیە. سەیری باوک بکەن لە فیلمی پیرابۆک، کە بێجگە لە وێنەیەکی هەڵواسراو بە دیوارەکەوە هەر بوونی نییە، زێڕ(٢٠١٧)، بیر(٢٠١٨) کە ئەم بەڵگەفیلمە لە بنەڕەتدا سەبارەت بە بزووتنەوەی دایکانی شەممەیە لە تورکیە نەک باوکان، و باوکی نادیار لە فیلمی ماڵی بێ میچدا و دیسان خاڵێک کە لەم فیلمەدا هەیە و جیگری بابەتی سیمبولیکه بەڵام زیاتر لە داوەڵێک دەچێت و بەو هەموو هیزیک که پیشانی دەدات هیچ کێشەیەک ساز ناکات. باوکانی نادیار(باوکی هەموو منداڵان و هەروەها باوکی منداڵە کوێرەکە) لە فیلمی کیسەڵەکانیش دەفڕن و ئەو پیاوانەی کە لە هەموو شتێک بێ خەبەر بەڵام  بەدوای هەواڵەکانن و هیچ کارێک ناکەن. هەروەها تەماشای ئەو باوکە لاواز و کەللەڕەقانە بکەن کە توانای ئەوەیان نییە لەگەڵ پۆلیسەکاندا ڕووبەڕوو ببنەوە، بەڵام لاسارانە و بەرەو ئیبتزال (بە واتای لاکانی) نیشان دەدرێن و هەمیشە کوڕەکەی ئازار ئەدات. لە فیلمی درێژی ئیز(٢٠١١) و باوکێک بە حەپەساوی و تووڕەیی نکۆڵی لە زمانی دایکی خۆی دەکات، لە زێڕ (٢٠١٧ ) باوک بە شێوەی لاواز و سارد و زیان پێگەیشتوو، لە کورتەفیلمی (ئەویتر ٢٠٢٠ ) کە بۆ شاردنەوەی حەقیقەتێک کە بە گومانی خۆی بوونی هەیە قژی کچەکەی ڕەنگ دەکات و تەنانەت توانای هەڵسەنگاندنی دروستی ئەو بابەتەی نییە و ئەو زیاتر لەوەی کە خەمی لە دەست‌دانی ژنەکەیی هەبێت بەدوای فانتازیایەکە و هەروەها لە فیلمی سەنتێز، کە تەنانەت هەر ئەم باوکە لاوازە دایکیش دەکوژێت کە پشتیوانی منداڵەکەیەتی. لە فیلمەکانی ئەم وتارەدا دایک شێوەیەک لە نیشتمان و وڵاتە. نیشتمانێکی فەوتاو و زیان لێکەوتوو کە لە نەستی دەرهێنەر و خەڵکی ئەم نیشتمانە شکڵی گرتووە. نیشتمانێک کە دەبێ هێندێ‌ جار لە شوێنێکدا لە گۆڕ بنێژرێت و هێندێ جار بۆ پارێزگاری و زیندوو ڕاگرتن و بووژاندنەوەی لە داهاتوودا لە گۆڕ بهێنرێتە دەرەوە و بیبەن بۆ شوێنێکی‌ دیکە وەکوو فیلمی شین، کە بە هۆی بەنداوی ئیسلوو شاری کۆن و مێژوویی حەسەن کێف کە زۆربەی دانشتووانی کوردن دەچێتە ژێر ئاوەوە. ڕەنگە هەر بەم بۆنەیەوە بێت کە لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسدا، نیشتمان لە قەڵافەتی ژنان و کچاندا دەهۆنرێتەوە. باوک لەنێو ئەم فیلمانەدا نیشانەی بابەتی هێمایین نییە بەڵکو هێشتا خۆی لە چەمکی دایک ئەدا و لە قۆناغی ئاوێنەدایە و هەر بەم بۆنەیە کە هەڵسوکەوتی وەکوو منداڵ دەردەکەوێت. ئەگەر باوک، ئەو باوکەی بابەتی هێمایین نییە ئەی کێیە؛ بەگوێرەی بۆچوونەکانی لاکان/فرۆید ئەگەر بڕوامان بە هەبوونی دوو باوک هەبێت واتە باوکی بابەتی سیمبولیک و باوکی سەرەتایی(باوکی کۆن، ڕاستەقینە). لەم فیلمانەدا ئەو کەسەی کە گەورەیە بە پێچەوانەی فیلمگەلی ئەمریکی، ئەورووپایی و ئاسیایی باوکی بابەتی سیمبولیک نییە و باوکی سەرەتاییە. واتە هێزێکی گەورە کە دەتوانێ کوشتارە بەکۆمەڵەکان لە فیلمی زێڕ، ماڵی بێ میچ، بیر، کیسەڵەکانیش دەفڕن، ئیز و کورتەفیلمەکانی یاد، پیرابوک، بەڕوو، له ناوچوون و لەککە بە وێدانەوە بۆ فیلمی ژانی گەل وەدی‌بێنێت. کردەوەی باوکی بابەتی سیمبولیک بەم شێوەیە نییە بەڵکوو بە پاراستنی یاساکان و یەکپارچەیی هەوڵ ئەدا ئایدۆلۆژییەکانی خۆی جێبەجێ بکات بەڵام ڕەوتی زویری و کوشتار ئەنجام نادا ئەوەش بەو فراوانییە. هۆکارێکی‌‌تر بۆ نەبوونی بابەتی سیمبولیک هەر ئەو چەندزمانی بوونەی فیلمە کوردییەکانە چونکو بابەتی سیمبولیک جیگای زمانە و زمان پێک‌دێنێت.

blank
فیلمی: لەککە(٢٠٢٠)

٢-بابەتی خەیاڵی: جێگایەکە کە لە نەبوونی بابەتی سیمبولیکدا هەیە لە ڕاستیدا، ناواخنی بابەتی خەیاڵی هەمان “منی دڵخوازە” کە بە هۆی هاوتاسازییەوە لەگەڵ وێنەدایە؛ منی دڵخواز وێنەیەکە کە لە لایەن خودی تاکەوە بە شێوەیەکی زێدەڕۆیانە لەمەڕ خۆیەوە سازی دەکات(لێرەدا بەرهەمی هۆنەری/فیلم) و لەسەر بنەمای ئاواتەخوازی ئەو. “ئەرکی سەرەکی بابەتی خەیاڵی داپۆشینێکە لەسەر حەقیقەت و ئاخاوتەی مرۆڤ” ئەو شوێنەی کە مرۆڤ ناتوانێت بەرگەی هێرشی بابەتی “ڕیاڵ” بگرێت. بابەتی خەیاڵی لەم فیلمانەی ئێستا بۆ داپۆشاندن یان شاردنەوەی ئێش و ئازارێکە کە لە ئەنجامی کوشتاری دیرسیم و شاڵاوی ئەنفال و هەڵەبجە و دواتر کوشتاری شەنگال و عەفرین و هەبوونی داعش لەناو ناوچەیەکە کە زۆرترین خەساری لە کوردەکان داوە. بێ‌هێز بوونی بەرهەمی هونەری و هونەرمەند بۆ وڵامدانەوە بە بابەتی ڕیاڵ(کوشتاری بەکۆمەڵ) و نەدۆزینەوەی هۆکارێک بۆ ڕوودانەکەی یان ڕێگەچارەیەک بۆ بەرەنگار بوونەوە لە گەڵیدا، بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆربەی فیلمەکان لەباری ڕێسای فەنی فیلمنامەکەدا لە بەشی کۆتایی هێنانەکەی تووشی کێشە بن چونکە؛

٣_ بابەتی ڕیاڵ کاتێک دەردەکەوێت دەبێتە هۆی پسیکوز و تراوما و لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگا و بە تایبەت هونەرمەند ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت و بیهێنێتە بواری سیمبولیک(لێ تێبگات) لە ئاکامدا بۆ بەرگرتن لەم تراومایە و ئازارێک کە بە هۆی ئەوەوە تووشی بووە (بیخوێننەوە، تێنەگەیشتن لە کوشتاری بێ‌پسانەوە و دروست بوونی هەستی سووکی و بچووکی و زەبروزەنگ) ناچار دەبێت پەنا بۆ بابەتی خەیاڵی ببات و بە جۆرێک ئەو تازیەبارییە تێپەڕێنێت چونکە ئەگەر تاک یان کۆمەڵگا یان هونەرمەند نەتوانێت ئەو کارە بکات لە ڕاستیدا لەناو دەچێت و تووشی نەخۆشی دەبێت. سەیری سەمای ژان و دڵ ئاسوودەییەکەی بکەن و ئەو دیمەنە خەیاڵاویانە لە کۆتایی فیلمی زێڕ، کەسایەتییەک کە بەوەشەوە توانایی لەسەر زمانی کوردی نییە(نەبوونی بابەتی سیمبولیک) لە سەرەتای فیلمەکەدا گرژ و دوورەپەرێزە و لە کۆتاییدا بۆ کەمکردنەوەی ئازاری خۆی و ئازاری بەکۆمەڵێ کە هەستی پێ کردووە و لە بەرانبەریدا توانای هیچ کارێکی نییە کەوابوو ڕوو لە خەیاڵ کردن دەکات. یان لە کورتەفیلمی دوایین ماڵ، کایە لەگەڵ مەرگ و پاشان خودی مەرگ تووشی ژیانی ڕۆژانە و نامە نووسینی دەکات، لە ئامێزگرتنگەلی پەیتاپەیتای سانتی‌مانتاڵیسم و ئەوینە بێ‌کەڵکەکان و سەرسووڕمان لە شۆفێری تەکسییەکە و کڕینی شووتی و دانانی لە تەنیشتی تەرمی دایکییەوە لە فیلمی ماڵی بێ میچ.

لە فیلمەکانی (سەنتێز، پیرابۆک، له ناوچوون، شین و ئیز) بابەتی خەیاڵی ڕوو نادات و لەبەر ئەوەیە کە فیلمگەلێکی زۆر تاڵن و بەواتایەکی‌تر کاراکتەرەکان و چیرۆکەکە تووشی هەمان تراوما یان پسیکوز دەبن.

پەنابردن بۆ خەیاڵ و سوریالیزم لە دەسبەسەرکردنی ترس بە تەقەڵ لێدانی قفڵێکی ئاسنین لەسەر پشت (لێرەدا ترس هەمان بێزاری و لاوازی گێڕانەوەیە لە کوشتاری بەکۆمەڵ ئەو جۆرە کە لە چیرۆکێکی بێژەن نەجدی‌دا هەیە) لە فیلمی قەرەنتینە، دیمەنگەلێ لە سێکسی نێو شەمەندەفەر و دیدار لەگەڵ سۆزانییەکان لە فیلمی درێژی جاددە‌، گاڵتەگەلی مناڵانە و خۆشەویستییەکی زارۆکانە و باوکایەتی کردنی کاک ستەلایت لە فیلمی کیسەڵەکانیش دەفڕن و هەمان خۆشەویستی و گاڵتەگەلی نابەجێ و پێکەنینگەلی سووک و بێ‌کەڵک لە فیلمی سترانەکانی نیشتمانی دایکیمو، هەروەها عەشقی کوڕێکی منداڵ و ڕاهێنانی ئەو بۆ نووسینی نامەیەک بە زمانی کوردی لە کورتەفیلمی کۆلارەکان. تەواوی ئەم کاردانانەوە لە ڕاستیدا پەنا بردن بۆ بابەتی خەیاڵییە بۆ کەم کردنەوەی ئازاری کارەسات و هەر ئەو شتە لە کورتە فیلمی بەڕوو ڕوو ئەدا دەستەوەداوێن بوونی بابەتی خەیاڵ بۆ ڕاگرتن و پارێزگاری لە خۆی لە بەرامبەر کارەساتدا بە نیشاندانی هەڵدان و سەوز بوونی دەنکێکی بەڕوو لەنێو ملوانکی کچەکە لەژێر خاکدا. دەبێ ڕایبگەینین کە کارەساتەکە مەرگی سادەی کەسێک نییە کە چارەنووسی مرۆڤە و پاش چەند مانگ لە بیر دەچێتەوە، کارەساتەکە لێرەدا گۆڕەپانی مەرگە بە حاڵەتێک لە زویری و دژواری و ماڵوێرانکەرییەکی بەکۆمەڵ هەر بەم بۆنەوە ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی ئەم بازنەیەدان لەوە تێناگەن چونکە توندوتیژییەکی وەها بەرفراوان لە درێژایی مێژوودا کە ئێستاکەش ئاسەوارەکانی ماوەتەوە(داعش) بۆ زەینی مرۆڤەکان جێ تێگەیشتن نییە واتە ناتوانێت لە قۆناغی تازیەباری و بیرچوونەوە تێپەڕێت، تەنانەت بۆ ئەو مرۆڤانەی کە لەنێو چەرخەکەدان پرسیارێکی بێ‌وڵامە. لە فیلمی پیرابۆک باوکی سەرەتایی هێندە پڕ زۆرە کە تەنانەت شوێنی دایک دەگرێتەوە و لە کردەوەیدا نیشتمان(دایک) لەناو دەبات. لە فیلمەکانی سەنتێز، پیرابۆک، له ناوچوون، شین و ئیز بابەتی خەیاڵی ڕوو نادات و لەبەر ئەوەیە کە فیلمگەلێکی زۆر تاڵن و بەواتایەکی‌تر کاراکتەرەکان و چیرۆکەکە تووشی هەمان تراوما یان پسیکوز (بیخوێننەوە، نەخۆشیی دەروونی) دەبن. جیا لەوەش خودی سەفەر و ڕووتێکردن لە نیشتمانی دایکی کە کاول کراوە یان ماڵە چۆڵکراو و ڕووخاوەکان خۆی بەجۆرێک گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و گەڕان بەدوای بابەتی ڕیاڵ (مەرگی ئازیزان و لە دەست‌دانەکان و کوشتارە بەکۆمەڵەکان) بەڵام وەڵام و هۆکارێک نادۆزرێتەوە و لەبەر ئەوەیە کە هونەرمەند و بە شێوەی سرووشتییەکەی کۆمەڵگای ئەو، هەمووجارێ دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئەم چیڕۆک و کۆدانە چونکە دەورانی تازیەبارییەتی دوای کارەسات کۆتایی پێ نەهاتووە و کۆتایی پێ نایێت. ئۆبژەی بچووکی a واتە حەز و بەستراوەیی بە مەیلی دایک و چەمکە فانتازییەکان دەتوانێ زۆر قووڵ و بەربڵاوتر باسەکە پەرە پێبدات بەڵام بە هۆی کورتکردنەوە و شیکارییەوە دەستی لێ‌هەڵدەگرین.

کەڵک وەرگرتن لە ئوستوورەکان و چیرۆکە فولکلۆرییەکان دەتوانێت شوناسی سینەمای کوردی و خەڵکی ئەم نیشتمانە بۆ بەردەنگەکان دڵڕفێنتر و هەستپێکڕاوتر بکات

بابەتێک کە پێویستە لێرەدا ئاماژەی پێ بکەین سەرنج‌دان بەم خاڵەیە کە کەڵک وەرگرتن لەو نیشانە و چەمکانە و دووپات کردنەوەی بەردەوامیان دەبێتە هۆی ئەوەی کە سینەمای کوردی بەرەو داکشان و بێبەهایی بروات. کەڵک وەرگرتن لە ئوستوورەکان و چیرۆکە فولکلۆرییەکان دەتوانێت شوناسی سینەمای کوردی و خەڵکی ئەم نیشتمانە بۆ بەردەنگەکان دڵڕفێنتر و هەستپێکڕاوتر بکات. بەکارهێنان و دووپات کردنەوەی بێ‌کەڵک بۆ نیشاندانی بابەتێک دەبێتە هۆی داکشان و دزێوی هەمان چەمک و بابەت و، سینەمای کوردی لە هەمان بابەتی ڕیاڵ و ئاکامە تاڵەکەیدا ڕادەگرێت. هەرچەند کە شارگەلی گەورەی کوردیمان هەیە، بەڵام شار لە فیلمە کوردییەکاندا نادیار و مردووە لە حاڵێکدا گوندەکان و کەلاوەکان نە تەنیا لۆکەیشنیش نییە بەڵکوو لەنێو فیلمە کوردییەکاندا بووەتە کەسایەتییەک. ڕوانینێکی ئێگزێژێرە(زیادەڕەوی) بەم چەمکانە بە تایبەت لۆکەیشنەکان بۆتە هۆی دروست بوونی جیهانێکی کەونین (بە تەنیایی خراپ نییە) و دوای ماوەیەک دەبێتە هۆی داهێزان و پووچەڵ بوونەوەی سینەمای کوردی. کاتێک چەمکێک زۆر بە کار بهێنرێت هەر لە خۆیەوە وەکوو شتومەکێکی( شیء/وەسیله) لێ دێت و چیتر چەمک یان نیشانەیەک نییە بەڵکو ئوبژەیە ڕێک وەکوو مێخێک کە تەنیا مێخە و هەست یان بیرێک ناگەیەنێت و ڕۆناهی خۆی لە دەست ئەدا. پێویستە ڕوون‌بکرێتەوە کە ئەم شیکارییە بۆ هەڵسەنگاندنی باش بوون یان خراپ بوونی فیلمەکان نییە بەڵکوو هەڵسەنگاندنی نەستێکی بەکۆمەڵ یان کەسەکی لەنێوان و لە ناخی کاری هونەرییە. هیوادارم لە داهاتوودا فیلمنامەکان، ڕێسا فەنییەکان، خاڵە بەهێز و لاوازەکان، چیرۆک و دەرهێنەری و پێکهاتەی ئەم فیلمانە تاوتوێ بکرێن. ئەم تاوتوێ کردنە زیاتر بە مەبەستی لێکدانەوەی نیشانەکان بۆ دەرخستنی تایبەتمەندییەکانی سینەمای کوردی لە ڕوانگەی دەروونشیکارانەی لاکان بووە.

blank
فیلمی ئەویتر (٢٠١٦)

سەرچاوەکان:

هومێر، شاون(١٣٨٨)، ژاک لاکان، وەرگێڕانی محەممەد عەلی جەعفەری، تاران: قەقنەس

مەک گوان، تاد(١٣٩٤)، ڕوانینی ڕاستەقینە یان ڕوانگەی فیلم لەدوای لاکان، وەرگێڕانی بەهمەنی خالیدی، تاران: چەپەمەنی مەرکەز

ژیژەک، سلاڤۆی(١٣٩٥)، لاکان بە گێڕانەوەی ژیژەک، وەرگێڕانی فەتاح محەممەدی، زەنگان: چاپەمەنی هەزارەی سێهەم

مۆڤەللی، کەرامەت(١٣٩٦)، بناخەکانی دەروونشیکارانەی فرۆید_لاکان، تاران: چاپەمەنی: نس