لەبارەى فەلسەفەى ئیسلامی

دیالۆگ لەگەڵ "پیتەر ئادەمسن"دا

لە ئینگلیزییەوە: ناودار زیاد

لەم گفتوگۆیەدا کە لە نیسانى (٢٠٢١) دا سازدراوە، ئەمیر عەلى مالکى (Amirali Maleki)[i]وتووێژ لەگەڵ پیتەر ئادەمسن(Peter Adamson) فەیلەسووف و پڕۆفیسۆر لە فەلسەفەى عەرەبیى و کلاسیک لە زانکۆى لودویک ماکسیمیلیان (Ludwig Maximilian University) لە میونیخ (Munich) دەکات لەبارەى فەلسەفەى ئیسلامییەوە.

مالکى: ئامانجى سەرەکیت لە ڕوونکردنەوەى فەلسەفەى ئیسلامیى بە زمانێکى سادەى فەلسەفیى لە جیهانى ئیسلامیدا (لە کتێبى مێژووى فەلسەفە بێ هیچ کەلێنێک: فەلسەفە لە جیهانى ئیسلامیدا، بەرگى٣)[ii]بۆ ئەوە بوو تاکو لاى خەڵکى خۆشەویست و ئاسانى بکەیت؟ یاخود بۆ ئەکادیمیستانت نووسیوە؟

ئادەمسن: هەرچەندە ئەو کتێبە بۆ تەواوى خەڵکى نووسراوە چ کەسانى ئەکادیمى و چ خوێنەرانى دیکەش، بەڵام بڕوام وایە ئەو میتۆدە گشتگیرەى پەیڕەوم کردووە وا دەکات کتێبەکە زیاتر بۆ کەسانى پسپۆڕ و تایبەتمەند سوودى هەبێت. بە تایبەتى کاتێک دەبینیت ئەکادیمیستانى دیکەش هەندێک ڕەهەند و لایەنى دیکەیان لە کتێبەکەدا وەرگرتووە، بۆ نموونە وەکوو ئاوێتەکردنى فەلسەفەى جوو بۆ ناو تێگەیشتنى فەلسەفیى لە جیهانى ئیسلامیدا و، ئاگایى و گرنگیدانى زیاتر بە هزرى پۆست کلاسیک، کە لە بنچینەدا دەکەوێتە دواى سەدەى دوازدەهەمى زاینییەوە.


مالکى: بۆچى پێت وایە فەلسەفەى ئیسلامیى لە مێژووى نوێدا پشتگوێ خراوە؟

ئادەمسن: بێگومان فەلسەفەى ئیسلامیى لە هەموو شوێنێک پشتگوێ نەخراوە؛ لە وڵاتانى موسڵماندا هەمیشە گرنگى بە کەلەپورى فەلسەفیى پێشین دراوە. بەڵام لە ئەوروپادا بەهۆى کاریگەرییان لەسەر فەلسەفەى ئەوروپا تەنها مەیلێک بۆ ئەو فەیلەسوفە دیارانە هەبوو کە لە سەدەکانى ناوەڕاستدا بۆ زمانى لاتینى وەرگێڕدرابوون، وەکو ئیبن سیناو ئیبن ڕوشد[iii]. بەڵام ئەو فەیلەسوفە گرنگانەى دواتر هاتن وەکو فەخرەدین ئەلڕازى یان مەلا سەدرا بۆ زمانە ئەوروپییەکان وەرنەگێڕدرابوون، بۆیە ئەوان کەم و زۆر بە نادیارى و نەبینراوى مانەوە بۆ ئەو توێژەرانەى کاریان لەو زمانانەدا دەکرد.

کەلەپورى فەلسەفەى ئیسلامیى تاڕاددەیەکى زۆر وەڵامدەرەوەى فەلسەفەى ئەوروپایە

مالکى: ئایا پێت وایە فەلسەفەى زۆربەى کولتوورەکان ئاوێتەى مێژووى فەلسەفەى ڕۆژئاوا نەبوونە؟ یاخود فەلسەفەى ئیسلامیى لێرە –لە ئەوروپا- وەک “فەلسەفەى جیهان” ناسراوە لە تەک هزریى فەلسەفى چـینیى و بودیى و هیندیی و هتددا؟

ئادەمسن: بەڵێ، ئەوە ڕاستە، تائێستاش خواستێک لە ئەوروپا و باکوورى ئەمەریکا هەیە بۆ کۆکردنەوەى هەموو کەلەپورى نائەوروپى پێکەوە لەژێر ناونیشانى “فەلسەفەى ناڕۆژئاوایى” یان “فەلسەفەى گەردوونیى” یاخود “فەلسەفەى جیهانیى”دا. لە سەرێکەوە، من دژى ئەمە نیم، چونکە وەک یەکەم هەنگاو سوودبەخش دیارە بۆ خەڵک و تاکوو گرنگى بەم کەلەپورانەى دیکە بدەن. بەڵام فێربوون و ناسینى فەلسەفەى هیندیى وابەستە و پەیوەندیدار نییە بە فێربوون و ناسینى فەلسەفەى ئەمەریکاى لاتینیى یاخود ئەفریقییەوە. هەرچەندە پێویستە ڕشتەی ئەکادیمى بۆ هەر کەلەپورێک تەرخان بکەین و ئەوەش بە شێوەیەکى بەرچاو زیادکراوە. بە تایبەتى، بارودۆخى فەلسەفەى ئیسلامیى نائاسایی و ناسرووشتییە، چونکە زۆرجار فەلسەفەى ئیسلامیى خراوەتە ژێر ناونیشانى “فەلسەفەى نائەوروپیی”ـەوە، سەربارى ئەو ڕاستییەى کە کەلەپورى فەلسەفەى ئیسلامیى تاڕاددەیەکى زۆر وەڵامدەرەوەى فەلسەفەى ئەوروپایە –بە تایبەت وەڵامدەرەوەى ئەرستۆ– بە پێچەوانەوەى ئەوەى ئێمە لە هیندستان و چـین و ئەفریقیا یان ئەمەریکاى پێش کۆڵۆنیاڵیزم دەیدۆزینەوە.

ئەگەر وا بیر لە “فەلسەفەى ڕۆژئاوایى” بکەیتەوە کە بە واتاى هەموو ئەو شتانە دێت بۆ گریک –یۆنانى کۆن- دەگەڕێتەوە، ئەوا پێویستە فەیلەسوفانى لە نموونەى ئیبن سیناش لەخۆ بگرێت،

مالکى: ئایا تێگەى “فەلسەفەى ڕۆژئاوایى” واتابەخشە؟ یاخود پێتوایە تێگەکە جۆرێکە لە یادەوەرى عەقڵییەتى کۆڵۆنیاڵیی؟

ئادەمسن: تێگەى “فەلسەفەى ڕۆژئاوایى” کێشەى ناڕوونى و تەمومژیی هەیە لەو ڕووەوەى فەلسەفەى ڕۆژئاوایى پێویستە چى لە خۆى بگرێت. بۆیە ئەگەر وەک بەناوکردنێکى جوگرافى بیر لە تێگەى “فەلسەفەى ڕۆژئاوایى” بکەیتەوە، ئەوا بە واتاى هەموو ئەو شتە فەلسەفییانە دێت کە لە ئەوروپا -و دواتر باکوورى ئەمەریکا و نەتەوە ڕۆژئاواییەکانى دیکە- ڕوویانداوە، پاشان ئەم بەناوکردنە جوگرافییە پێویستە زۆربەى فەلسەفەى ئیسلامییش لەخۆى بگرێت، لەبەر ئەوەى موسڵمانەکان ئیسپانیایان بۆ ماوەیەکى درێژ داگیرکردبوو و، ژمارەیەک بیرمەندى گرنگى موسڵمان و جوو لەوێ –لە ئیسپانیا- بە زمانى عەرەبى دەیاننووسى. بەڵام تاکوو ئێستا ئەمە وەک بەشێک لە هزریى “ڕۆژئاوایى” دانەنراوە. لە لایەکى دیکەوە، ئەگەر وا بیر لە “فەلسەفەى ڕۆژئاوایى” بکەیتەوە کە بە واتاى هەموو ئەو شتانە دێت بۆ گریک –یۆنانى کۆن- دەگەڕێتەوە، ئەوا پێویستە فەیلەسوفانى لە نموونەى ئیبن سیناش لەخۆ بگرێت، کە لە ئاسیاى ناوەڕاستدا ژیاوە، لەو شوێنەى دواتر کەوتە ژێر کاریگەرى کولتوورى هێلینییەوە.


مالکى: ئایا بڕوات بە ڕوانگەى ئێرنست ڕینان هەیە لەبارەى “زەلیلى یاخود زەبوون”ى زانست لە فەلسەفەى ئیسلامییدا – سەرەڕاى ئەو ڕاستییەى کە پێغەمبەرى ئیسلام دەڵێت “فێربوون حەفتا جار بەرزترە لە پەرستش” و، “زانایان نزیکترین کۆمەڵەن لە پێغەمبەرانەوە”؟

ئادەمسن: بیرۆکەى فەلسەفە یان زانست لە دەرکەوتنى ئیسلامەوە پشتگیرى کراوە و بۆ سەدەکانى ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە تۆ دەتوانیت ئەم شتە لاى ئیبن ڕوشد بدۆزیتەوە. بە شێوەیەکى گشتى هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە زۆربەى زانا موسڵمانەکان پێیان وایە لە ماوەى سەدەکانى کلاسیک و ناوەڕاستدا لەلایەن ئیسلامەوە هانى توێژینەوە و پشکنینى عەقڵانییانەى جیهان دراوە. بەڵام لێرەدا پێویستە ئاگادارى ئەوە بین کە تەنها یەک هەڵوێست لەناو ئیسلامدا نەبووە، بۆ نموونە زاناى ئایینى هەن هانى بەکارهێنانى سەرچاوەى دەرەکى زانستى نادەن، یاخود دەڵێن کە هەموو ئەو مەعریفەیەى ئێمە پێویستمانە لەناو دەقەکانى قورئان و ژیان و فەرموودەکانى پێغەمبەردا دەیدۆزینەوە، بۆیە دیمەنەکە ئاڵۆزە.

پیتەر ئادمسن (١٩٧٢- ) فەیلەسووف و پرۆفیسۆری فەلسەفەی کلاسیکی عەرەبی و ڕۆژهەڵات

مالکى: چۆن فەیلەسوفانى ئیسلامیى پاساویان بۆ خوێندنى پلاتۆن و ئەرستۆ هێناوەتەوە؟ تۆ وەڵامدانەوەیەکى کیندىت وەک بەڵگە هێناوەتەوە لەبارەى ڕەخنەى ئەوانەى دژى بەکارهێنانى تێکستە فەلسەفییەکانى گریک بوون. کیندى گفتوگۆ لەبارەى ئەوەوە دەکات و دەڵێت ئێمە لەهەر کوێیەک حەقیقەت بدۆزینەوە پێویستە ڕێزى لێبگرین. هەرچەندە، لەو کاتەوەى فەیلەسوفان گومانیان لە وەحى پێغەمبەر نەبووە، دەبووایا تاکوو ئێستا ڕوونى بکەنەوە بۆچى زیاد لە پێویست فەلسەفەى گریکیان نەخوێندووە، سەرەڕاى ئەوەى ڕاستیش بووە. بە دەربڕینێکى تر، بۆچى تەنها خوێندنى قورئان یاخود ئینجیل بەس نییە؟ ئەمە پرسێکى گرنگە بۆ تێگەیشتنى کارلێک و بەناویەکداچوونى جیهانى ئیسلامى لەگەل فەلسەفەى گریکدا.

ئادەمسن: ڕاستە، هەروەکوو وتم، هەندێک زاناى ئایینیى لەو کاتەدا خوێندنى فەلسەفەى گریکیان ڕەتکردەوە. ئێمە بە دیاریکراوى نازانین کێ بوو وەڵامى کیندى دایەوە کاتێک ئەو بەرگرى لە بەکارهێنانى حیکمەتى یۆنانى کرد، بەڵام نموونەیەکى دیکە کەمێک دواتر هات لەگەڵ ناکۆکى لەبارەى بەهاى لۆژیکەوە. لێرەوە، ڕێزمانزانێک بەناوى ئەبو زەید ئەلسیرافى نکۆڵى لە پێویستى خوێندنى لۆژیکى گریکیى کرد.

پێم وایە لە واقیعدا دوو شێوە لە دژایەتى فەلسەفەى گریک هەیە کە دەتوانین وەریانبگرین: گلەیى و سکاڵاى ئەوانەى کە لەگەڵ ئیسلامدا ناتەبا و جیاواز بوون –بۆ نموونە، ئەوانەى سووربوون لەسەر ئەوەى کە جیهان هەرمان و هەتاهەتاییە نەک ئەوەى خوڵقێنراوە–وە هەروەکوو تۆ وات دانا، دەڵێن کە فەلسەفەى گریک ناپێویستە چونکە هەر شتێکى ڕاست لە فەلسەفەى گریکدا هەبێت بە هەمان شێوە لە ئیسلامیشدا دەدۆزرێتەوە. بێگومان، فەیلەسوفان وەڵامى هەردوو تۆمەتەکەیان دایەوە، بۆ نموونە لە میانەى خستنەڕووى ئاڕگیومێنتى فەلسەفى دژى هەتاهەتایى جیهان، یاخود نکۆڵیکردن لەوەى کە قورئان پابەندە بەوەى جیهان ناهەمیشەییە. بە ئەندازەى ئەو تۆمەتە زیاد لە پێویستانە، وەڵامەکانیان ئاڕگیومێنت بوو لەبارەى ئەوەى کە لە ڕاستیدا فەلسەفە بەسوودترین ئامڕازە بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەکردنى قورئان و، تەنانەت فەیلەسووفان باشترین پێگەیان هەیە بۆ ڕاڤەکردنى قورئان. ئەمە ئەوە بوو کە دواتر بینیمان ئیبن ڕوشد ئەنجامیدا، بۆ نموونە، کیندى دوو تێزى زانستى نووسى لەو شوێنەى فەلسەفە بۆ ڕاڤەکردنى وشە بە وشە و پیت بە پیتى قورئان بەکاردێت.

لە کۆتایى سەدەکانى ناوەڕاستدا پڕۆژەیەکى فرە ئایینى بەشدارى لە دروستکردن و پێکهاتنی فەلسەفەدا کردووە

مالکى: ئایا پێت وایە یەحیا بن عەدى پردێکە لەنێوان فەلسەفەى ئیسلامیى و میراتەکەى لە فەلسەفەى مەسیحییدا؟

ئادەمسن: زۆر نا، چونکە یەحیا بن عەدى ئەوەى ڕوونکردووەتەوە کە لە کۆتایى سەدەکانى ناوەڕاستدا پڕۆژەیەکى فرە ئایینى بەشدارى لە دروستکردن و پێکهاتنی فەلسەفەدا کردووە: جوو و مەسیحییەکان هاوکارى موسڵمانەکانیان کردووە لە وەرگێڕان و ڕاڤەکردنى فەلسەفەى گریکدا. هەروەها گرنگیان داوە بەوەى چۆن فەلسەفە لە گفتوگۆى نێوان ئایینە جیاوازەکاندا بەکار هاتووە، هەروەکوو یەحیا بن عەدى ڕەخنەکانى کیندى لە سیانەى پیرۆزى بەدرۆخستەوە.

پێم وایە کە هەموو سەردەم و کولتوورێک لە مێژووى فەلسەفەدا چیرۆکى خۆى هەیە و پێویستە لە چوارچێوەى سەردەمەکەى خۆیدا و بە زاراوەکانى خۆى هەڵبسەنگێنرێت،

مالکى: ئایا پێت وایە کە ڕوانگەى هێگڵ بۆ مێژوو وەک هۆشیارییەکى خودیى پێشکەوتوو بە شێوەیەکى مێژوویى بەرگرى لێ کراوە؟ بە دیاریکراوى، دەکرێت فەلسەفە دابەش بکرێت بۆ دوو سەردەم: فەلسەفەى کۆن و فەلسەفەى مەسیحیى مۆدێرن، ئەمەى دوایى ئایدیالیزمى ئەڵمانیی پێشەنگایەتى دەکات؟

ئادەمسن: نەخێر، ئەم جۆرە ڕێبارە ئامانجدارە –خۆرهەڵاتیانەیە- بۆ مێژووى فەلسەفە پەسەند ناکەم. پێم وانییە فەلسەفە پێ بە پێى هیچ ڕێڕەوێکى پێشتر دیاریکراو گەشەى کردبێت، یان تەنانەت پێشبینى کرابێت کە بە ئاڕاستەى هەندێک چارەنووسى کۆتاییدا ڕۆیشتووە.

لە ڕاستیدا، ئەوە تەنها هێگڵ نییە کە پێى وایە فەلسەفە ڕووەو چارەنووسێک دەڕوات. بە جۆرێک تۆ دەتوانى ئەم ئایدیایە لاى فەیلەسوفانى شیکاریی مۆدێرنیش بدۆزیتەوە کە گریمانى ئەوە دەکەن هەموو فەلسەفەى پێشتر کۆن و بەسەرچووە، لەوانەیە ئەمەش لەبەر ئەوە بێت کە فەلسەفەى شیکاریى بە زانستى مۆدێرن باربوو کراوە. بەڵام من ئەمەش پەسەند ناکەم. بەڵکو، پێم وایە کە هەموو سەردەم و کولتوورێک لە مێژووى فەلسەفەدا چیرۆکى خۆى هەیە و پێویستە لە چوارچێوەى سەردەمەکەى خۆیدا و بە زاراوەکانى خۆى هەڵبسەنگێنرێت، تەنها لەبەر ئەوەى کەلەپورە جیاوازەکان پرسیارەکانیشیان جیاوازە، نەک ئەوەى هەمیشە هەوڵ بدەن وەڵامى هەمان پرسیار بدەنەوە.


مالکى: تێڕوانینت چییە لەبارەى ئەتایستەکان لە فەلسەفەى ئیسلامییدا؟ ئایا پێت وایە ئەبوبەکرى ڕازى دژى پێغەمبەرایەتى بووە؟

ئادەمسن: من خوێندنەوەیەکى تایبەتیم بۆ پێگەى ئەبوبەکرى ڕازى هەیە، کە پێم وایە ڕازى هێرشى نەکردووەتە سەر پێغەمبەرایەتى. بەڵکو، هێرشى کردووەتە سەر ئاڕاستەیەکى دیاریکراو لەناو ئیسلامدا، ئەویش مەزهەبى شیعەى ئیسماعیلییە بووە. ڕازى پێى وابوو کە شیعەى ئیسماعیلییە پشتى بە دەسەڵاتى ئیمامەت بەستووە. کە بە خوێندنەوەى من، ئەوەى ناکۆک بووە لەگەڵ ئیسماعیلییەکاندا هەستاون باوەڕەکانیان شێواندووە، بۆیە ئەبوبەکرى ڕازى یان وا وەسفکردووە کە هێرشى کردووەتە سەر وەحى و پێغەمبەرایەتى بە گشتى.

blank
کتێبى (مێژووى فەلسەفە بێ هیچ کەلێنێک: فەلسەفە لە جیهانى ئیسلامیدا)بەرگی سێیەم. پیتەر ئادەمسن

مالکى: لە بەشى هاوچەرخ لە کتێبەکەتدا، دوورکەوتوویتەتەوە لە هەندێک زاناى زۆر گرنگى فەلسەفەى ئیسلامیى هاوچەرخ، وەکو ئەحمەد فەردید، مورتەزا موتەهەرى، سەید جەواد تەباتەبایى و، سەید حوسێن نەسر. بۆچى مامەڵەت لەگەڵ فەیلەسوفە ئیسلامییە مۆدێرنەکان نەکردووە؟ ئایا هۆکارەکە سیاسییە؟

ئادەمسن: لە ڕاستیدا کەمێک لەبارەى تەباتەبایى و نەسرەوە قسەم کردووە، بەڵام تۆ ڕاست دەکەیت، زۆر بەخێرایى بە سەدەى بیستەمدا تێپەڕیووم و بەهیچ جۆرێک قسەم لەبارەى سەدەى بیست و یەکەوە نەکردووە. ئەمەش بەهۆى دوو هۆکارەوە بووە: یەکەم، کەم شارەزایى و، ئەویتریان بەهۆى گەورەیى و بەرفراوانى ناونیشانەکەوەیە. پێم وابوو فەلسەفەى ئیسلامیى هاوچەرخ پێویستى بە کتێبێکى دیکە دەبێت ئەگەر هەموویم وەربگرتایە. بۆیە، لە برى ئەوە تەنها هەوڵمداوە ژمارەیەکى کەم لەو بیرمەندانەى ئەم دوواییە هەڵبژێرم کە ئیلهامیان لە کەلەپورى مێژوویى پێشتر وەرگرتووە، وەکو محەمەدئارگۆن و محەمەدعەبدە و سەید حوسێن نەسر.


 مالکى: ئامانجى داهاتووت چییە؟ ئایا دەتەوێت بەم شێوازە بەردەوام بیت؟

ئادەمسن: ئەمە تەنها کتێبى سێیەم بوو لە زنجیرەیەک کتێبى چەند بەرگى، کە پێشتر پێنج بەرگیان بڵاوبووەتەوە. یەکێکیان لەبارەى فەلسەفەى کلاسیکیى هیندییەوەیە، پێکەوە لەگەڵ جۆناردۆن گانێرى نووسیومانە. بەرگەکانى داهاتوو لەبارەى فەلسەفەى ئەفریقیى و چـینیی، لەگەڵ گەشەسەندنەکانى ئەم دوایییەیە لە ئەوروپادا.


مالکى: بۆچوونى تۆ چییە لەبارەى دۆخى ئێستاى فەلسەفەى ئیسلامیى؟

ئادەمسن: جارێکى تر دەڵێم کە من شارەزاى ئەم بابەتە نیم، بەڵام تێڕوانینى من ئەوەیە کە هەنووکە فەلسەفەى ئیسلامیى لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تر جیاوازە. ئێران تاکو ئێستاش کەلەپورێکى گرنگى تێکەڵاو و بەناویەکداچووى هەیە لەگەڵ هزرى کۆندا، بە تایبەت لە قوتابخانەى سەدرییەدا و، زانایانى وەک سوهرەوەردى و ئیبن سینا بە بەردەوامى کاریگەرییان هەیە. لەپاڵ ئەوەشدا زانا و توێژەرە ئێرانییەکان کار لە فەلسەفەى شیکاریى یاخود خوێندنى کانت و هایدێگەردا دەکەن، هەندێک جار بۆچوون و باوەڕەکانى ئەمانە لەگەڵ ڕوانینەکانى مەلا سەدرادا ئاوێتە دەکەن. بەڵام ئەمە تەنها لە ئێران.

بە شێوەیەکى گشتى، پێم وایە کە فەلسەفە لە جیهانى ئیسلامییدا بە هەمان شێوەى ئەوروپا یان باکوورى ئەمەریکا بە تەواوەتى دینامیکى و ئاڵۆزە. تاکە شت کە دەخوازم بیبینم گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕى زۆرە لەنێوان هەردوو ڕووبەرەکەدا، لەو ڕووەوەى دەکرێت هەردوو پانتاییە ئەکادیمییەکە لە یەکترییەوە فێرببن. بۆیە زۆر دڵخۆشم کە بانگهێشتت کردووم بۆ قسەکردن، بەدیاریکراوى بۆ ئەم مەبەستە.


سەرچاوە: https://philosophynow.org/issues/143/Peter_Adamson


[i](ئەمیر عەلى مالکى) فێرخوازى یاسایە، لە شاری کەرەج لە ئێران دەژیت. مالکى بۆ زۆربەى گۆڤارە بەناوبانگەکانى ئێران دەنووسێت. ئەو پسپۆڕى فەلسەفەى سیاسیى و یاسایە.

[ii](پیتەر ئادەمسن) لە زنجیرە کتێبێکى پێنج بەرگیدا بەناونیشانى (مێژووى فەلسەفە بێ هیچ کەلێنێکA history of philosophy without any gaps ) مێژووى فەلسەفەى کلاسیکیى نووسیوەتەوە. بابەتەکانى ناو ئەم زنجیرە کتێبە لە سەرەتاوە بە زنجیرەى پۆدکاست (Podcast) ئامادە و تۆمارى کردوون، ئەم زنجیرە دەرسگوتارە فەلسەفییە پۆدکاستانە پێشوازییەکى گەرمیان لێکرا و بە ملیۆنان جار داونلۆد کران، بەڵام دواتر لە ساڵى (٢٠١٤)ـەوە بە شێوەى کتێب دەستی بە بڵاوکردنەوەیان کرد، ئەم کتێبەى (مێژووى فەلسەفە بێ هیچ کەلێنێک: فەلسەفە لە جیهانى ئیسلامیدا) بەرگى سێیەمى ئەم زنجیرە کتێبەیە و کۆکراوەى مێژووى فەلسەفەیە لە جیهانى ئیسلامییدا و، لە ساڵى (٢٠١٦)دا چاپیکردووە. (و.ک)

[iii]لە ئەوروپا ئیبن سینا بە ئەڤسەنا (Avicenna) و ئیبن ڕوشد بە ئەڤیڕۆس (Averroes) ناودەبرێن. (و.ک)