کات لە قورئاندا؛ زاڵبوونی داهاتوو و ڕابردوو بەسەر ئێستادا
کات ماکێکی ئاڵۆزە لەناو چیرۆکدا. هەر چیرۆکێک جیهانێکە کە نووسەرەکەی ئەو دەئافرێنێت تا لە بەرامبەر جیهاندا بیهێنێتە بوون. ئەم جۆرە جیهانەش ڕاستییەکی بەچاوبینراوی نییە. [بەڵکو] زادەی خەیاڵی خودی نووسەرەکەیەتی. جیهانێک کە نووسەر دەیئافرێنێت، کات و شوێنەکەیشی دەکرێت زۆر جیاواتر بێت لە ئەزموونەکانی مرۆڤ. ڕۆمانگەلێک هەن کە کات لەناو خودی ئەوانەدا وەک کەسایەتییەک بوونی هەیە. «گەڕان بەدوای کاتی لەدەستچوو»ی پرۆست و «مەکینەی کات»ی جۆرج ویڵز نموونەی ئەو جۆرە ڕۆمانانەن.
کات لەناو چیرۆکدا بە دوو شێوەیە؛ “کات”ێک کە جوڵەی ئەو شتانەی لەناو چیرۆکەکەدا هاتوون، دەردەبڕێت. واتە کاتی ئەو شتانە. “کات”ێکی تر بێگومان کات”ی دەربڕینەکەیەتی. بە زاراوەی ئەدەبی بەوانە دەگوترێت دال و مەدلول.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، فرۆید و هاوکارەکانی بەئاشکراکردنی «نەست» لە دەروونشیکاریدا سەرچاوەیەکیان دۆزییەوە کە بیروەرییەکانی مرۆڤ لە قەبارەیەکی زۆر گەورەدا و لە کاتێکی ئاڵۆز و نامێژوویی لەناو مێشکدا ئەرشیف بوون. کاتی «نەست» کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کاتی چیرۆکیش دانا. دوای ئەم دۆزینەوەیە، چیرۆکەکان بە زۆری کاتی مێژووییان تێپەڕاندبێت، ڕوویان لە شەپۆلی هۆش کرد کە کات لەناویدا هەروەکو کاتی هۆش و وێناکردن، بە چەندین فۆرم خزمەتی چیرۆکی کردووە.
کات، لە لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە. تەنانەت کات بە زمانی فەلسەفی بە کار دەهێنرێت تا بە بوونی مرۆڤ لەناو کات و گەردووندا بچێتەوە و لێی بکۆڵێتەوە.
لەناو کولتووری مۆدێرنەدا ئەو کاتەی پەرتوکی ئینجیل، پیرۆز کرا، کاتێک دێتە پێشەوە کە ئەم بەرهەمە وەک دەقێکی ئەدەبیی دەخرێتە بەر لێکۆڵینەوە. لە کولتووری ئێمەدا هێشتا نەگەیشتووینەتە دۆخێک کە ئەم قۆناغە تێپەڕێنرێ، قورئان، نەک وەک کتێبێکی پیرۆز، بەڵکو وەک کارێکی ئەدەبی لێی بروانرێ.
قورئان وەکو دەقێکی کۆن، پڕە لە ئەفسانە و چیرۆک. ئەگەر لەم گۆشەیەوە سەیری بکەین، ئەوا دەتوانین لێکدانەوەی ئەدەبی بۆ بکەین و سەرنجی ڕەگەزەکانی چیرۆکییەکەی بدەین. کات لە قورئاندا یەکێک لەو ڕەگەزانەیە.
بە تێڕوانین لە جیهان، ئەرستۆ جیهان بە کۆن دەزانێت، واتە هەبووە. ئەمەش پێچەوانەی ئایینە ئیبراهیمییەکانە، لەوانەش ئیسلام، چونکە خودا جیهانی ئافراندووە. بوون و ئافراندن ناتوانن هاوتابن. دوو جۆر لە بینین بۆ جیهان، ئاماژەیە بۆ دوو جۆر لە بیرکردنەوە. لەوانەیە هەر لەبەر ئەمە بێت کە موسڵمان و فەیلەسوف وەکو یەک بیر ناکەنەوە. ناتوانن بیر بکەنەوە. ئایین سرووش(وەحی)ە لەلایەن خوداوە، بەڵام فەلسفە زادەی زەین و بیری مرۆڤە. موسڵمان بیر لە بوون و هەبوونی جیهان ناکاتەوە و نابێت بیربکاتەوە. چونکە ئافرێنەر ڕێگای گومانکردنی لێ داخستووە.
بەگومان نەبیت، ناتوانیت فەلسەفیی بیر بکەیتەوە. گومان بناغەی فەلسەفەیە. فەلسەفە بەبێ فەلسەفاندن بەتاڵە لە ئاوەز. فەلسەفە ناتوانێت لەگەڵ ئاییندا بگات بە ئاشتیی، هەروەها کە ئاوەز و زانست ناتوانن بگەن بە (ئیمان). بیرکردنەوەی ئاوەزیی لەسەر بنچینەی بەڵگەهێنانەوەیە، بەڵام بیرکردنەوەی شهودیی پێویستی بە سەلماندن و بەڵگەهێنانەوە نییە. باڵادەستیی ئیلاهیی کە لە ئاسمانەوە بێتە سەر زەوی، ململانێی نێوان ئاوەز و ئایین لە تەرازووی زانستدا دەپێوێت.
لە ئیسلامدا دەستپێکی کات، ئافراندنی دنیایە. خودا جیهان دەئافرێنێت. پاشان مرۆڤ دروست دەکات و هەر ئەم دەستپێکە، مێژووی ئیسلامە. مرۆڤ خۆی هیچ ڕۆڵێکی لە دروستبوونی گەردووندا نییە. خودا هەرچی بیەوێ، دەیئافرێنێت و لە بەرامبەریدا مرۆڤ بەرپرسیار دەکات. ئەگەر مێژوویەک بۆ ئیسلام بە لەبەرچاوگرتنی قورئان وێنا بکەین، لەنێوان سەرەتای دروست بوون و قیامەتدا، ڕوودەدات. فەرمانە ئیلاهییەکان ئەم مێژووە دروست دەکەن و چاودێری دەکەن. لە ئیسلامدا مێژوو ئەوە نییە کە مرۆڤ دروستی دەکات. مرۆڤی موسڵمان لە پەنای ئەم مێژووەدا بێ بیری مێژووییە، لە بیری مێژووی بەتال بووەتەوە.
لە ئیسلامدا کاتیش تا پەسڵان دەچێتە پێشەوە، پاشان بێبڕانەوەیە و کۆتایی نییە. کاتی مێژوویی لەم دنیا لە ڕاستیدا پلەیەکە بۆ گەیشتن بە کاتی بێکۆتایی ئەو دنیا (دواڕۆژ). کاتی ئەم دنیایە تێپەڕە و تەنها لەم دنیایەشدا بایەخی هەیە. کاتی ئەو دنیا لە بەهەشت و جەهەنەم جێگیرە و هەمیشەییە. لە ئیسلامدا ڕابردووی پێش ئیسلام بێ مێژووە و بێ کاتە. پاشان، کاتی ئێستا دێت، کە سەرئەنجام بە پەسڵان کۆتایی دێت.
موحەممەد پێغەمبەری ئیسلام هەوڵی داوە لە قورئاندا ناتەبایییەکی کاتی چاک بکات بۆ ئەوەی زەینی خواستراوی ماوەیی جێگیر بکات. لە قورئاندا سێ کات بوونی هەیە و ناوەڕۆکەکانی بۆ سێ بەشی کاتیی دابەش دەبن؛ کاتی بێبڕانەوەی نەبڕاوەی رابردوو، کاتی ماوەیی ئێستا و کاتی بێبرانەوە و کۆتایی لە داهاتوودا.
موسڵمانان ڕابردوویەکی درێژ بە چاوەڕوانییەکی درێژتر بۆ داهاتوویەکی ناڕوون بەیەکەوە گرێ دەدەن تا “ئێستا” ڕزگار بکەن.
کاتی ڕابردوو لە قورئاندا ناپێورێت. هەروەها کاتی داهاتووش. مێژوونووسی مێژووی ئیسلامیی دەبێت شتێک بپێوێت کە پەیوەندی بە ئەفسانەوە هەبێت نەک زانست. ناکۆکیی بوون و نەبوونی کات ناتەباییەک لە مێژوونووسیندا دێنێتەبوون. دەبێت مێژوونووس ئەوەی کە نییە بپێوێت. خوێنەر درێژایی لە قورئاندا دەبینێت، بەڵام توانای پێوانەکردنی نییە.
موسڵمانان سەرەتا پێوانەی ڕابردوو و داهاتوو دروست دەکەن تا لە ڕێگەی یادەوەریی و چاوەڕوانییەوە، کە یەکەمیان ئەفسانەیی و دووەم ئایدیاڵییە، جیهانی هەبوو و هەیە پێناسە بکەن. ئەوان ڕابردوویەکی درێژ بە چاوەڕوانییەکی درێژتر بۆ داهاتوویەکی ناڕوون بەیەکەوە گرێ دەدەن تا “ئێستا” ڕزگار بکەن.
قورئان و پەیوەندی ئێستا لەگەڵ ڕابردوو و داهاتوو
موسڵمانان بە ڕێگەی بوون، چاو لە یەقینێک کە ئارگومێنتەکەی زۆر لاوازە دەپۆشن تاوەکو ئێستا لە بەرامبەر داهاتوودا دابنێن، ئەوەش لەناو “کات”ێکدا کە ڕەهەندی نییە.
کاتی ئێستا لە ئیسلامدا ناتوانێت درێژخایەن بێت. هەروەها لە ئایینە ئیبراهیمییەکانی تریشدا. کاتی ئێستا، کاتێکی تێپەڕە؛ کاتی بوورین و گەیشتنە بە داهاتوو.
جیهانی فیکریی موسڵمان بە سەرنجدان لە ڕابردووی ئەفسانەیی و داهاتووی ئایدیاڵی، یادگەی ئێستا دروست دەکا. یادگەی ئێستا دەبێت ئەندێشەکەی خۆی گشتگیر بکا، کە لەناو موسڵماناندا لە ڕوانگەی چیرۆکەکانی قورئانەوە، دەروونی بۆتەوە.
موسڵمان شتانێک لە ڕابردوو دەگێڕێتەوە کە باوەڕی وایە ڕاستییە و شتگەلێکیش لە داهاتوو دەڵێت کە بناغەیەکی پاشەڕۆژبینی پێغەمبەرانەی هەیە. ئەو لەم ناڤبەرەدا پێشبینییە زەینییەکانی خۆی لەسەر زیاد دەکات تاوەکو ئێستا دڵخوازتر بکات.
موسڵمان دەزانێت چ داهاتوویەک چاوەڕوانی دەکات. قورئان ناوەڕۆکی داهاتووی لەپێش چاوی داناوە. ئەم «ئاگاییە پێشوەختە»یە ڕۆڵی ڕێبەری لە بوونی ئەودا دروست دەکات.
موسڵمان چاوەڕوانی شتێکە کە هێشتا بوونی نییە و ئەزموون نەکراوە. وێنەگەلێکە لە ئەوان بەڵام کاریگەریی لەسەر یادگە هەیە. ئەو هۆکارەکان لەناو نیشانەکاندا دەدۆزێتەوە، بۆئەوەی پێشبینیی پێغەمبەرەکان لەناو ئەم پاشەڕۆژبینانەدا لە زەینیدا بۆ هەمیشە بهێڵێتەوە.
بۆ موسڵمان کاتی ئێستا بێ پەیوەندی نییە لەگەڵ ڕابردوو و داهاتوودا. ناتوانرێت کاتی ئێستا بێ سەرنجدان لە ڕابردوو و داهاتوو لە بەرچاو بگیرێت. کاتی ئێستای ڕابردوو بەناو یادگەدا تێپەڕدەبێت و کاتی ئیستای داهاتوو لە چاوەڕوانیدایە. کاتی ئێستای ئێستاش لەسەر بنەمای ئەو بینینانەیە کە هێماگەلێکن لە خزمەتی ڕابردوو و داهاتوو. دیاردەناسیی ئیسلام ناتوانرێت بەبێ ئەم تێڕوانینە بۆ کات، وێنا بکرێ.
“ئێستا”ی موسڵمان شایەتی ڕابردووی ئەوە. ڕۆڵی ئەمڕۆ لەسەر ڕابردوو پشتڕاست دەکاتەوە. وێنا زەینییەکانی ئێستا، ڕابردوو دەسەلمێنن. نیشانەکان ڕەوایەتی بە وێنا زەینییەکانی ڕابردوو دەبەخشن. ئەم ڕۆڵانە دەبنە هێماگەلێک بۆ وێنەی داهاتوو لە زەیندا. داهاتوو بەم شێوەیە گشتگیر دەبێت.
لەنێو نیشانەکاندا کە داهاتوو ڕوونتر دەبێتەوە و بە شێوەیەک دەبێتە مەتەڵ. داهاتووی ڕوون دەبێت مەتەڵێکی لە خۆیدا هەڵگرتبێت. کاتیش دەبێتە یەکێک لەم مەتەڵانە.
لەناو تیۆرییەی دواڕۆژ( آخر الزمان)ی ئیسلامدا، سەرەتایەک هەیە کە ئافراندنە و کۆتاییەکیش کە کۆتایی کات؛ خاڵی کۆتایی ئەم جیهانە. لەم تیۆرییەدا پەسلان کۆتایی ئەو کارەساتەیە کە لە کاتی ئێستادا ڕوودەدات؛ جیهان پڕ بووە لە تاوان یاخود پڕ دەبێت. کات کۆتایی دێت تاوەکو خاڵی کۆتایی لەسەر ئەم کارەساتە دابنێت. کۆتایی کات لێرەدا خۆیەتی بەڵام لە کاتێکی تردا، لە یۆتۆپیایەکدا کە بە ڕاستی کۆتایی بێت، لە پەیوەندیی دایە.
هارمۆنیای جیهان داسەپێنراوە لەسەر کاتی مۆدێرندا، لە ڕاستیدا بەسەر کاتی ئیسلامدا. بیرکردنەوەی ئیسلامیی ناتوانێت لەگەڵ ئەم کاتەدا هەماهەنگ بێت. بۆیە دووچاری ناکۆکیی دەبێت. لەناو ئەم هارمۆنیای ناهەماهەنگەدا، زەینی شپرزە و فیکر بە دەوری پووچی(باطل)دا دەخولێتەوە.
ئەزموونی مرۆڤی موسڵمان کە لەگەڵ قورئاندا یەکبگرێتەوە، لەگەڵ ئەزموونی مرۆڤی مێژوویی لە ناکۆکییدا دەبن. لەو چیرۆکانەی کە لە قورئانەوە گواستراونەتەوە، دەتوانرێت چیرۆکەگەلێک ببینرێتەوە کە نەگواستراوە و ئەزموون نەکراوە.
موسڵمان لەسەر تەختەی دەروونشیکارێک، خەونەکانی لە بەرانبەری ئەو چیرۆکانەدایە کە ئەزموونی کردوون(ژیاوە). ئەو لە تێگەیشتنی ئەو شتەی لەنێوان ئەزموونی خۆی و ئارەزووەکانیدایە، سەرگەردانە. ناتوانێت لەم دژیەکەدا بۆ خۆی ناسنامەیەکی ڕاستەقینە و ئەردیی(زمینی) وەدەست بخات، هەڵبەتە ئەگەر ئاگاداری جیهان بێت.
ئیسلام مرۆڤ لە مێژوودا بەرەڵا دەکات و تا بچیتە ناو مێژووییەکی ترەوە، کە ناوی مێژووی ئیسلامە
لەناو دیاردەناسیی کات لە کولتووری کۆمەڵایەی ئێران، ناچارین لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەو لەناو مێژووی ئەفسانەیی ئێمە و پاشان مێژووی ئیسلامدا بۆی بگەڕێین. بەبێ ڕوونکردنەوەی ئەمە، هەنگاونان بەرەو ڕێگای داهاتوو قورس دەبێت. دەبێت شێوەی ئاشکرای پێکهاتەی کاتی ئەوان بۆ ئێمە دەربکەوێت تا لەم ڕێگەیەوە بەربەستە باوەکانی پێشتر ڕوون ببنەوە.
قورئان لەناو فراوانبوونی کاتدا، لە گشتگیرییەکەیدا، جەمسەری هەتاهەتایی پشتڕاست کردۆتەوە. لە بەرانبەر ئەوەدا چەندێتی هەژمارکراوی کات، وەکوو ڕۆژ و شەو، لە یەکتر ناچن. قورئان گرنگی بە چۆنایەتی دەدات نەک چەندێتی کات .
لە ڕاستیدا ئیسلام مرۆڤ لە مێژوودا بەرەڵا دەکات و تا بچیتە ناو مێژووییەکی ترەوە، کە ناوی مێژووی ئیسلامە. ئیسلام هیچ سازشێکی لەگەڵ مێژوودا نییە. مێژوو بۆ ئەو هەر ئەوەیە کە ئیسلام دەیڵێت. کەوایە لەناو ئەم مێژووەدا ناتوانرێت وێنای شتێک بە ناوی مۆدێرنیتە، چاکسازیی و جیهانی هاوچەرخ بکرێت.
سەرچاوە: