بیری ڕەخنەگرانە و وەرگرتنەوەی مافی تاکەکەسی
بیری ڕەخنەگرانە چۆن سەر هەڵدەدا و ئەوەی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی بیری ڕەخنەگرانە چییە؟ بیری ڕەخنەگرانە لە دژایەتی جۆری ڕادەربرینەکان و ڕووداوەکانە. لە ڕێگای زانست و پشت بستن بە ئەزموون و مێژووەوە دەگەڕێ بۆ حەقیقەتێکی وا لەنێو ئەو دژایەتییەدا لەناو چووە یا داپۆشراوە.
مرۆڤ لە دۆخێکی وەهادا ڕووداوەکان لەسەر دوو بنەما لێک دەداتەوە “حەقیقەت لەژێر سێبەری سیاسەت”، “حەقیقەت لەوپەڕی زات و سرووشت”دا.
لە حاڵ و دۆخی ئێستای جیهاندا وا دەردەکەوێ حەقیقەتی یەکەم وەک بیرکردنەوەیەکی تایبەت، زاڵە بەسەر بیرکردنەوەی دووهەمدا.
هەرچەند فەلسەفەی وەدەست هێنان و پۆزەتیڤیزمی سەردەم، دونیای ژێر دەسەڵاتی خەیاڵ و وەهمی ڕەت کردۆتەوە، کەچی لەولاوە جیهانێکی بە ڕەواڵەت ڕاستەقینە بەڵام درۆیی کە پابەندی هیچ پڕەنسیپ و بیر و بۆچوونێک نییەـ ی دامەزراندووە!
لە ڕاستیدا ئەم بیر و بۆچوونە بێ بنەما و ساختەیە بە دەسەڵات و سەروەریەک بە دەست هاتووە کە بە کەڵک وەرگرتن لە کۆبەندی کەرەستەکان و لەسەر دزەکردنی زانستی تەکنۆلۆژی بنیات نراوە. ئەم زانستە مەجال و دەرفەتی لە کۆمەڵگا سەندووە تا بزانێ چی لە پێناوی چیدا لە کیس چووە و لەوەبەولاوە چی لە دەست دەدا.
کاتێک ڕەخنەگران دەمامکی ئەو ناعەقڵانیەتە لە ڕووی عەقڵانیەتی ئەوان لادەدەن، زۆر ئەستەمە خۆشیان نەکەونە داوی ئەو نەزانییەی وا بەرەوڕووی بوونەتەوە. چونکە بەرهەڵست بوونەوە و تێکهەڵچوون لەگەڵ ئاکاری بێهۆ و شێتانە بە جۆرێک عەقڵیەتی ئەوانیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لە دونیای سەردەم و لەژێر سێبەری ئەو حەقیقەتە، زانست بۆ لەناوچوونی زانستییانەتری مرۆڤ ڕەواڵەتی سەرکەوتنانە وەخۆ دەگرێ و وەهمی ساختە فەلسەفەیەکی پووچ لەژێر ناوی وڵات، ڕەگەز، حیزب، دەستە و تاقم، بیروباوەڕ و خاک و خوێن دەکاتە کەرەستەی دزەکردن و سەرهەڵدان.
بۆیە بەرهەڵەست بوونەوە و دژایەتیکردن لەگەڵ ئەو ڕەواڵەتە ساختەییانە بە جۆرێک دژایەتی کردنیشە لەگەڵ ئاکار و کردەوەی زانایان و پسپۆڕانی ئەو بوارە.
بۆ وێنە باسکردن لەسەر کەرەسته و ئامرازێکی کۆمەڵکوژ کە بە شێوەیەکی زانستییانە بەرهەمهاتووە و بووەتە هۆی شانازی پسپۆڕان و توێژەران لەمەر چۆنیەتی کارکرد و کارتێکەری ئەو ئامرازە کە بۆ ئەوان وەک دەسکەوتێکی زانستی چاوی لێ دەکرێ لە لایەن ڕەخنەگرانەوە دەکرێ وەک خۆی کە ئامرازێکی کۆمەڵکوژە بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، بەڵام ئەوان ئەوە بە دژایەتیکردنی زانست لە قەڵەم دەدەن. چونکە بیری داسەپاو بە وشە و ڕستەی پیرۆز ئەو کەرەستە کۆمەڵکوژە دەخاتە قاڵبی حەقیقەتێکی وەهمی کە دووری دەخاتەوە لە حەقیقەتی ڕوون و بەرچاو.
هەوڵی ڕەخنەگر، لێکدانەوەیەکی وەهایە کە لە قاڵبی فەلسەفە و بیری ڕۆشنبیرانەوە سەرهەڵدێنێ و وشەکان و ڕستەکان لە جێگای خۆیان و بە واتای ڕاستەقینە بە کار دێنێ.
بەڵام سیاسەت هەمیشە هێندەی ئەو نموونەیەی وا باسکرا ڕوون و ئاشکرا و ڕەخنەگریش هێندە دەستی ئاوەڵا نییە.
وەک دەبینین لە ئێستادا کۆمەڵگای جیهانی هەرجارە و بە هاتن و بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسێک دەشڵەژێ کە جیا لە خەساری جەستەیی، باری ئابووری جەماوەریش تووشی گۆڕانگاری و وەرچەرەخان دەکات. دیارە هەموو ئەو ڤایرۆسانە خەساری گیانی و ماڵییان لێ کەوتۆتەوە بەڵام هەروەک دەزانین بە هاتن و بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی
COVID-19 یا پەتای کرۆنا ئەو گۆرانکارییە زۆر بەربڵاوتر و کاریگەرتر بووە تا ئەو جێگایەی کە شرۆڤەکاران خستوویانەتە پاڵ شەڕی سارد لەسەر زانستی بایۆلۆژیک biological لەنێوان زلهێزەکانی جیهان بۆ سەقامگیر بوونی هێز لە بەشەکانی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دا . هەرچەن ئەوان دانی پێدا نانێن و بە بەکارهێنانی هێندێ وشە و دەستەواژەی چەواشەکارانە هەوڵ دەدەن زەینی کۆمەڵگا لەسەر پێچەوانەکەی چڕ بکەنەوە.
بەڵام لە لێکدانەوەی ڕۆشنبیرانەدا دەستەواژەکان وەک خۆیان بە کار دێن کە ڕەنگە زۆر جار ببێتە هۆی تێنەگەیشتن و بەدحاڵیبوونی گشتی. بەو هۆیەشەوە کۆمەڵگا هەوڵ دەدا لەگەڵ ڕەوتی بە ڕەواڵەت ڕوونی دەسەڵاتدار وێک کەوێ و هەر بەو پێیەش هەوڵ دەدا ئیرادە و هێزی ئەوان زەوت بکا و لەگەڵ خۆی ڕێکی بخات.
لێرەدایە کە ئەو کۆمەڵگایە بەرهەڵەستی ڕۆشنبیران و ڕەخنەگران دەبێتەوە و بۆ ئەوەی ئەویش بگەڕێنێتەوە بۆ پانتایی دەسەڵاتی خۆی، ئەوەی ئەو باسی دەکات بە شتێکی نائاسایی دەزانێ و دەیهەوێ فێری بکات ئەوەی وا لە زەین و بیر و فیکری ئەودایە ئەو جۆرەی ئەم دەیهەوێ دەری ببرێ. بۆ ئەوەش لە هەموو ئامرازێک کەڵک وەردەگرێ، وەک بۆنەکان و کەسایەتییە وەرگیراوەکان. یان بە پشتگیری و پێدانی پلە و پێگە بە هێندێک بە ڕەواڵەت ڕۆشنبیر بە ڕوانگەی بەرژەوەندیخوازانەی بەرامبەرەوە، واتە بەم بیرۆکەیەوە کە منی ڕۆشنبیر بە پلیکانی دەسەڵاتدا بۆ سەندنی ماف سەر دەکەوم. هەروەها لە بەستێنی هونەر و ئەدەبیاتدا بە کەڵک وەرگرتن لە دەسەڵاتی دەزگا ڕاگەیاندنەکان، پروپاگاندەیەک ساز دەکا تا بەم شێوەیە لە بنەڕەتدا فیکر و بیری سەربەخۆ لەناو ببا و بوونی نەمێنی.
حەقیقەت لەژێر سێبەری سیاستدا، بە کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندی نێوان دەستەواژە و واتاکانیانەوە دەتوانێ جێگە و پێگەی هەر وشەیەک لەنێوان ڕستەکاندا دابین بکات. ئەم جۆرە دەربرینە لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا دامەزرا بۆ ئاساییکردنی کوشت و کوشتارەکان کە بووە هۆی سەرهەڵدانی شێوەیەکی نوێ لە نووسین و ڕۆژنامەوانیدا.
وتاری ڕۆژنامەکان بوو بە کەرەستەیەک لە دەستی سیاسییەکان و ڕاوبۆچوونی خۆیان لەو ڕێگایەوە دەرخواردی کۆمەڵگا دەدەن.
هەرچەن شیعر، وتار یا لێکۆڵینەوەی ئەدەبی ناکرێ بە پێوانەی سیاسەت هەڵسەنگێندرێ، بەڵام وایان لێکرد تا دەستەواژەکان لە چەند قۆناغەوە بۆچوونیان بۆ بکرێ و باری مانایی وشەکان چر بکەنەوە لەسەر ئەو واتایەی وا مەبەستیانە و بە سازدانی مەودایەک لەنێوان ڕاستییەکان و ڕووداوەکان، بە ڕووداوە ڕووخێنەرەکان ڕەواڵەتێکی ئاسایی ببەخشن.
لەوانەیە لە ڕوانگەی عەقڵیەتێکی وەهادا ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانەش وا لێک بدرێتەوە کە سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگا لەسەر ئەو مەسەلەیە کۆکن، ئەم سەرهەڵدانی بیری ڕەخنەگرانەیەش یەکێکی دیکە لە بەشەکانی هاودەنگی کۆمەڵگایە لەژێر ناوی یەکگرتووییدا.
واتە ئەو بەشەش ڕێک دەخەن لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگا کە ئەو هزر و بیرەشی بانگهێشت کردووە بۆ لای خۆی.
ئەوەی بیری ڕەخنەگرانە خەسار دەکات و دەیرووشێنێ، هەر ئەو هەستە هەستیارە بە ڕەواڵەت جوانەیە کە کۆمەڵگای سەردەمی گرتۆتەوە. هەستی جوانیناسانەی ڕاستەقینە و وەرگرتنی فەلسەفە، دەکەوێتە بەرامبەری ڕەوتی وەگەرکەوتووی کۆمەڵگا و جەماوەرانە.
ئەم کۆمەڵگایە (کە لەژێر سێبەری سیاسەت دایە) هەوڵ دەدا تێکۆشانی زەینی تاکەکەسی کەم و کورت کاتەوە.
بەڵام ئەوانەی تایبەت بە بیرکردنەوەو وەرگرتنی زەینی تاکەکەسییە، لەپێش هەر وەرگرتنێک لە کەسانێکدا بەرهەم دێت کە ڕاستییەکان بە شێوەی خۆیان و بە دوور لە ناسنامەی پێوە لکاو یا شرۆڤەی تەکنۆلۆژیانە دەبینن و خۆیان ڕادەستی گوشاری کۆمەڵگا نەکردووە و نایکەن.
بیری ڕەخنەگرانە دەیهەوێ بانگەشەی ئەوە بکات کە ئەوەی کۆمەڵگا وەریگرتووە و دانی پێدا ناوە، بەڵگەی بەرحەق بوونیشی نییە. بەشێک لە تاریخ ئاوێتەی ڕەگەزپەرەستییە و هێشتاش لە جیهاندا برەوی هەیە و تەشەنەی سەندوە.
لێرەدایە کە بەرهەڵەست بوونەوە و ڕەتکردنەوە لەسەر بنەمای تاکەکەسی سەرهەڵدێنێ بە زانستی ڕاستەقینە، تەجروبە و وەگەرخستنی بیرکردنەوە کە دەتوانێ ببێتە هۆی گۆرانی هەلومەرجەکان بۆ وەرگرتنی مافی سەربەخۆیی تاکەکەسی لە کۆمەڵگادا.
ئەوەی لە ئێستادا و لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا خەریکە ڕوودەدا، بوونی گوشارێکە کە تاکەکەسی خستۆتە تەنگەژەوە و بە تاریفێکی گشتی کە بە وشەکانی داوە هەوڵ دەدا ڕۆشنبیری و ڕۆشنکردنەوەی واتایی بە مانایەکی دیکە واژۆ بکات.
بەپێی ئەو باسە دەتوانین بەشێک لە ڕووداوەکان (لە هەر گۆشەیەکی جیهان) کە ڕووی داوە یا خەریکە ڕوودەدات، لەو گۆشەنیگایەوە لێک دەینەوە، ئەوەی کە بە تەواوەتی عەقڵیەتی تاکەکەسی خستۆتە ژێر پرسیارەوە!
لە ڕاستیدا بۆ تێگەیشتن و بیرکردنەوە پێویست ناکا تاکەکەس لە هەموو بوارێکدا زانا و پسپۆر بێ، فام و عەقڵی مرۆڤ بۆ لێکدانەوەی ئەو ڕووداوانەی وا خەریکە ڕوو دەدەن گەر دەرفەتیان پێ بدرێ بە شێوەی زەینی و سرووشتی بیری لێ دەکاتەوە. بەڵام کاتێک کۆمەڵگا ئەو دەرفەتەی نەداتێ و بیخاتە ژێر گوشاری باری مانایی وشەکان و ڕستەکان، تووشی سەر لێ شێواوی و ئەسیری بەربەستەکان دەبێ.
” ئەرکی سەرشانی عەقڵ، فێرکردنی هونەری ژیانە بە ئینسانەکان”
شەر، کوشت و کوشتار، داگیرکەری و دەستدرێژی، بە گشتی و لەژێر ناوی هەموو فەلسەفەیەک، واتایەکی ناحەز و دزێویان هەیە. بەڵام کە کەوتنە پاڵ لێکدانەوەکانی مەبەستدارو شرۆڤەکان لە خزمەت هێندێ ” ناو” و “ڕستە” و “وشە”دا قەتیس مان، باری مانایی ڕاستەقینەیان دەشاردرێتەوە و هەرچەن ناشیرین و دزێو بن دەخرێنە نێو دەستەواژەکانەوە کە بە شێوەی داسەپاندن، سەلمێندراون.
” ئەرکی سەرشانی عەقڵ، فێرکردنی هونەری ژیانە بە ئینسانەکان”، وایتهێد Alfred North) Whitehed) لە کتێبی “ئەرکیی عەقڵ”دا باسی پەرەسەندنی عەقڵی سەردەم و بێ بەهرە بوون لێی، دەکات دەڵێ: عەقڵ هێشتا وزەیەکی نەناسراوە، ئەم وزەیە هێشتا دەوری مێژوویی خۆی نەگێراوە و نەیتوانیوە بەرەنگاری ویستە داسەپاوەکان ببێتەوە کە ژیانی مرۆڤی تێدا لەناو بردووە.
تاوتوێ کردن و پشکنینی ئەو دۆخەی وا ئێستادا جیهانی گرتۆتەوە و حەقیقەتێکی وا مرۆڤ هەمیشە لەگەڵی بەرەوڕوو دەبێتەوە، فەلسەفە و لێکدانەوەیەکی سەیر و سەمەرەی ناوێ، عەقڵ پێمان دەڵێ؛ ئەوەی هەیە لە پانتایی تەجروبەی ئینساندا سەقامگیر بووە، تەجروبەیەکی کە وا لە بنەڕەتدا بۆتە مێژوو و دووپات دەبێتەوە و ناخوێندرێتەوە.