لەبەر چی ژنان هەزاران ساڵە ژێردەستەن؟

لە ڕاستیدا چەندان جار وەڵامی ئەم پرسیارە دراوەتەوە و ڕوون کراوەتەوە. بەڵام ناکرێ وەڵام بدرێتەوە بێ ئەوەی پرسیارە گەورەکە بکرێت: لەبەر چی ژنان داوای مافەکانی خۆیان بکەن؟ داوای یەکسانی بکەن؟ هۆکارەکانی ژێردەستەکردنیان کامانەن؟ بۆچی هێندەی خایاند تاکوو بگەنە ئەو بڕیارەی داوای مافەکانیان بکەن و، لە پیناویدا بجەنگن؟ ڕاستییەک هەیە لەو نێوەندەدا ئەویش ئەوەیە کە ژنان کەمینە نین لە کۆمەڵگەدا، بەڵکو نیوەی مرۆڤایەتین.



سوفراجێتەیەک “ئێمیلینە پانکرست” لە خەرمانانی ساڵی١٩١٤ لە بەردەم قەڵای بوکینگام لە لەندان دەست بەسەر کرا، لە کاتێکدا لە هەوڵی دابوو دەنگی بگاتە پاشا جیۆرج ڤ.و داوایەکی فەرمی مافەکانی ژنان پێشکەش بکات.

بیۆلۆژی و زانستە مرۆڤایەتییەکان

سنووری نێوان پێشکەوتن و زانستگەرایی کۆمەڵگە، جیاوازی ئارەزووە جیناتییەکانی هەردوو ڕەگەز، کاریگەرییە کولتوورییەکان لەسەر ئاستی زانینمان تاکوو هەنوکە تێکەڵن و ناتوانین بە پشت بەستن پێیان بگەینە ئەنجامێک.

هەرچەندە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی باش لێی کۆڵراوەتەوە و بەراورد کراوە، بنەماکانی سیاسەت لە کۆمەڵگەدا، بنەما زانستییەکانی بیۆلۆژی هاوشێوەی کارتۆنێکی پر لە ژەهر دوورخراوەتەوە ( دەست بۆ ڕوونکردنەوە بیۆلۆژییەکان نابردرێت).

هۆکارەکەش ئاشکرایە، گەر بنەما جیناتییەکان لە ڕیگەی داتا زانستییەکانەوە بەراورد بکرێن، جیاوازییەکان ئاشکران، کەواتە جیاوازی نێوان دوو ڕەگەزەکە دەخرێتە پاڵ سرووشت و ڕێگایەک نامێنێتەوە و ژنان دەبنە قوربانی داتا زانستییەکان و یاساکانی سرووشت. ئەمەش ئەوە ناگەیەنیت کە زانست یارمەتیدەر نەبووە لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی، بە پێچەوانەوە هاوشیوەی هەڵچنینی بینایەک ڕۆڵی بینیوە. بەڵام گەر لەو دیدگایەوە تەماشا بکرێت دەتوانین بڵێین وەک تاوانێک وایە بەرانبەر بە ڕەگەزی مێینە کرابێت.

یەکێک لەو هۆکارانەی کە وادەکات کە نەتوانین بیۆلۆژی پشتگوێ بخەین ئەوەیە کە بیۆلۆژی جیاوازییەکان لەنێوان ژن و پیاودا پیشان دەدات، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان سەلماندویانە کە پیشاندانی جیاوازییەکان گرنگن، بەڵام ناکرێت لە هەندی ڕووەوە بە هەندیان وەربگرین.

بۆ نموونە هۆڕمۆنەکان، هەمیشە وا باس دەکرێت و دەیسەلمێنن کە پیاوان وەک توخمی بەڕێوبەری کارەکان و ژنانیش وەک توخمێکی بێدەسەڵات و بێتوانان، کە لە کۆتاییدا دەبێتە کێشە و گفتوگۆی بێکۆتا، کە لە کۆتاییدا هەر لایەنە و لە ئاستی خۆیەوە بێدەنگ دەبن تاوەکو هەستی کەسی بەرانبەر بریندار نەکەن، بۆیەش بابەتەکە ناچێتە چێوەی زانستییانەوە و وەک پێویست گرنگی پێ نادرێت.

نموونەیەکی ڕوون لەسەر تواناکانی هەر دوو رەگەزەکە، تواناکانی پیاوان هەمیشە لە پیشەنگ دادەنرێت و ڕەگەزی بەرانبەر پشتگوێ دەخرێت، ئەمەش زانستە بیۆلۆژییەکان هۆکارەکەی نییە گەر جیاوازی تواناکان پەرە پێ بدرێن وەک لەوەی بە هەندیان وەربگرین. کارل ڤان شایک شارەزا لە بیۆلۆژی و پێشکەوتن، پرۆفیسۆر و مێژوونووس، جیاوازییەکانی نێوان هەردوو ڕەگەزەکە دەگەڕێنێتەوە بۆ کولتوور و کۆمەڵگە و پەروەردەی خێزانەکان؛ زانستە بیۆلۆژییەکان کاریگەرییان نییە لەسەر تواناکانیان. پێش چەندەها ساڵ لەمەوبەر بگرە پێش ملیۆنەها ساڵ لەمەوپێش مرۆڤ لە هەوڵی ئەوەدا بووە کە سیستەمی هاوکاری و پێکەوەژیان پەیڕەو بکات، تەنانەت لەو کاتانەی کە مرۆڤەکان کاری ڕاوکردن و ژیانیان لەنێو ئەشکەوتەکاندا بە ڕێ کردووە هەمیشە ژیانێکی پێکەوەییان هەڵبژاردووە. گەر لە شێوازی ژیانی کۆچەرییەکانیشەوە بنواڕین ژنان بە دیار منداڵ و خواردن ئامادەکردن لە چاوەڕوانی پیاواندا بوون و، پیاوانیش لە دەرەوە بوون. کاتێک کە نموونەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت، لە پاشاندا دەبێتە کولتوور و دەمێنێتەوە، ئەو دیاردەیەش نیشانەیەکی خراپ نییە، تاوکو ئەو ساتەی کە مرۆڤەکان ئەو نموونەیە قبوڵ دەکەن و نرخی بۆ دادەنێن و سیفاتەکانی دیکە پشتگوێ دەخەن.

لە کولتووری نەتەوەکاندا بە شێوەیەکی گشتی خەسڵەتەکانی پیاوان لە ڕیزی پێشەوە بوون. بۆیە پێوەندی بە بیۆلۆژییەوە نییە، بەڵکو بیۆلۆژی دەرگاکان دەکاتەوە و جیاوازییەکانی نێوان دوو ڕەگەزەکە (بەهێزی جەستە و گەورەیی ڕەگەزی نێرینە) دەر دەخات.

گەر بێینە سەر ڕۆڵی ژن لە ئاییندا و باسی دایکە حەوا بکەین کە وەک مەخلوقێکی شەهوانی و ئارەزووی دەستبردن بۆ شتە نەخوازراوەکان باسی دەکرێت، کە ئەوەش خۆی لە خۆیدا جیاوازی کردنە لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا و بە نوێنەرکردنی ئێڤایە بۆ سەرجەم ژنان و گەر بە شێوەیەکی جیاواز لەگەڵیاندا مامەڵە بکرێت، ئەگەری هەیە کە ڕەگەزی نێرینە لە بە‌هەشت بێبەری بکرێت.

چاخی بەردینی نوێ

لە کەیەوە ئەم پرۆسەیە دەستی بە هەڵکشان کرد، بە ڕای زۆرینەی لێکۆڵەرەوان، لە ئانی سەرهەڵدانی خاوەنداری و پیشەسازییەکانەوە، چونکە ئیدی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان هێندە پێویستیان بە مرۆڤ نەبووە. هەروەها باری دەروونیان تێکچووە وخاوەندارەکان دەسەڵاتیان باڵا بووە و، هەژارەکان کارەکانیان لەدەست داوە و ئامێرەکان شوێن مرۆڤەکانیان گرتوەتەوە. ئەمەش وای کرد کە باری ئابووری و دەروونی کۆمەڵگە تێک بچێت و لەگەڵ ئەوەشدا ژنان زیاتر دووگیان دەبوون و لاوازتر دەبوون، ئەمەش وای کرد کە کۆمەڵگە ڕوو لە زیاد بوون بکات.

ئیدی مرۆڤەکان ڕاهاتن لە بری کۆچکردن، لە شوێنێکدا نیشتەجێ ببن و ببنە خاوەنی زەوییەکە. خاوەنداری زەوی و ئاژەڵ و پارە  و سامان بۆ پیاوەکان جێدەهێڵران و وەک میرات بۆیان دەمایەوە. بە پێچەوانەوە ژنان هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هاوسەرگیریان پێ دەکرا و دەخرانە ژێر دەسەڵاتی پیاوانەوە و دەخرانە ژێر باری ماڵداری و پەروەردەکردنی منداڵەوە، لەو نیوەندەدا سەرجەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی پێشووی فەرامۆش دەکرا و، بە تەواوی تێکەڵی ژیانە تازەکەی دەبوو. پیاوانیش دەسەڵاتی زیاتر و سامانی زیاتر و پەیوەندی زیاتر و جەنگ و دەسەڵاتی زیاتری دەویست و بەدەستی دەهێنان. لە هەمان کاتدا ئایین ببووە کاری پیاوان و ژنان لەو نێوەندەدا جێگەیان نەبووە. هەر چەندە ئەفسانە مێژووییەکان ژنان وەک خواوەند و تاجی خواوەندەکان باس دەکەن. بەڵام لێکۆڵینەوەکان ڕەتی دەکەنەوە. لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە،بۆچی ئەو جیاوازییە زۆرەی نێوان ژن و پیاو هێندە بە سەرکەوتویی بەردوەام بووە­­­­؟

ئایین ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە زەق کردنەوەی جیاوازییەکانی دوو ڕەگەزەکە و ئەوەش بووەتە کولتوورێکی ڕەق و ئەستوور کە شکاندنی ئەستەم بێت، چونکە بووەتە بەشێک لە کولتوور

خاوەندارێتی لە سێکسدا

رەگەزی نێر بە شیوازێکی دیکە خەمڵاندن بۆ تێرکردنی غەریزە سێکسییەکان دەکات و توانای سێکسی لە نێرینەدا زاڵترە، ئەمەش وای کردووە کە ڕەگەزی نێر هەمیشە لە هەوڵی ئەوە دابێت کە ئەو غەریزەیەی بە شێوەیەکی بەردەوام بەردەست بخات و هەوڵی خاوەندارێتی بدات، مێژوو دەیسەلمێنیت کە پیاوان هەمیشە ویستویانە رەگەزی بەرانبەر کۆنترۆڵ بکەن و لە هەمان کاتدا بە کاریان بهێنن، بەڵام تواناکانیان لاواز بکەن، سنورداری بکەن تەنها لە چوارچێوەی ماڵ و پەروەردەکردندا، مافی دەنگدان و بڕیاردان کاری پیاوان بێت و ژنان دوور بخرێنەوە بە جۆرێک کە ژنان وەک کاڵایەک بە کار بهێنن و کڕین و فرۆشتنی پێوە بکەن. کاتێک باوکێک کچەکەی بە شوو داوە وەک کەلوپەلێک لێی ڕوانیوە کاتێکیش چووەتە ماڵی هاوسەرەکەی وەک کۆیلەیەک بووە یاخود هاوسەرەکەی خۆی بە خاوەنی زانیوە، ژیانی لەنێوان ماڵ و خێزاندا سنووردار کراوە.

ئایین بە شێوەیەکی گشتی ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە زەق کردنەوەی جیاوازییەکانی دوو ڕەگەزەکە و ئەوەش بووەتە کولتوورێکی ڕەق و ئەستوور کە شکاندنی ئەستەم بێت، چونکە بووەتە بەشێک لە کولتوور. بۆ نموونە دەستەواژەی ”باوک سەرگەورەی خێزان”ە کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئەوروپادا گفتوگۆی توندی لەسەر دەکرا تاکوو لە کۆتاییدا لابرا.

کولتوور دەگۆڕدریت

کاتێکی زۆری خایاند تاکو دەنگی ژنان بەرزبوویەوە و بە ئاشکرا داوای مافەکانیان کرد. ئەوەش لە ساتی شۆڕشی فەڕەنسییەکانەوە دەستی پێ کرد. پاشان شەڕی بەردەوامی سوفراجێت(suffragette)*ەکان، کە داوای مافی ژنان، مافی دەنگدان، یەکسانی هەردوو ڕەگەزەکە دەکرا.

لە پاش بەدەستهێنانی مافی دەنگدان و بریاردان لە سیاسەتدا، درزێکی دیکە کەوتە بازنە چەقبەستووەکەی کولتوورەوە، ئەویش دروستکردنی حەبی دژە مناڵبوون، کە ژنان دەیانتوانی خۆیان بڕیار بدەن و تواناکانیان لەنێوان چوار دیواردا قەتیس نەکرێت. لەو کاتەوە ژنان بە بەرداوامی لە هەوڵی ئەوەدان تواناکانیان بسەلمێنن و جێگەی خۆیان بکەنەوە لە کۆمەڵگەدا. ئەمەش وای کرد کە ژنان مێژوویەکی دیکە بۆ خۆیان بنووسنەوە، چیدی کۆنترۆڵ نەکرێن. گەر بمانەوێت بزانین ئایا کۆمەڵگە و کولتوور چ شتێک کاریان لی دەکات، ناتوانین بە چاوتروکانێک وەڵامی بەینەوە. چونکە ئێمە ناتوانین بە تەواوی بگەڕێینەوە بۆ خاڵی سەرەتای مێژوو و، بنەماکانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤایەتی سادە نییە و بەڵکو لە چەند چینێکی سەخت و ئاڵۆز پێکهاتووە. بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنیت کە لێرەدا دەستەوەستان بوەستین و بڕیارێکی تاک لایەنە بدەین، بەڵکو بەردەوام بە دوای ڕێگای نوێدا بگەڕێین بەبێ ئەوەی لایەنەکەی دیکە پشتگوێ بخرێت.

*تێبینی: سوفراجێت(suffragette) لە ڕیشەی وشەی لاتینی سوفراژوم (sufragium) بە مانای مافی دەنگدان یان لایەنگری مافی دەنگدانی ژنان دێت. ئەم زاراوەیە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمەوە بەو کەسانە دەوترا کە ئەندامی بزووتنەوەکانی ژنان بوون.

سەرچاوە:

Neue Zürcher Zeitung Schweiz

Martina Läubli27.02.2021, 02.48 Uhr

Nr.1/28 Februar