لە دەسەڵاتگەریی دێرینەوە تا سۆزانیخانەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی

هەڵسەنگاندنی کۆمەڵگە بەپێی تێزەکانی 'عەبدووڵا ئۆجەلان'

دونیابینیی، واتە سەیرکردن و تێڕوانین لە گەردوون – سرووشت – کۆمەڵگە و پێکھاتە و پەیوەندییە زیندووەکانی نێوان ئەو سیانە گەردوونییە. ئەگەر دونیابینیی لە ئاستی تێگەیشتن لەو سیانەییەدا نەبوو پارچەی کرد و ھەریەکەیانی بە جیا بەدەستەوە گرت. ئەوا دونیابینییەکە لە ڕێ لا دەدات و بۆ شوێنێکی تر دەڕوا و ئامانجێکی تری ھەیە.

کۆمەڵگەی سرووشتیی، لەسەر بنچینەی پەیوەندیی ئۆرگانیکی ئەو سیانەییە دامەزراوە. ھاوکێشەکانی ژیان و ئازادیی لەناو ئەو پەیوەندییە گەردوونییەدا دامەزراوە. لەوانەیە زۆر کەس بڵێت: ئاخر مرۆڤ ئەوەندە پێشکەوتوو نەبووە تا زانست و بیرکردنەوە ئەوەندە پێش بکەوێت و ئەو پەیوەندییە بەو ڕەنگە بەڕێوە بچێت. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، دەڵێین، ژیان بەو زانستەی وا ئەمڕۆ پێی دەڵێن زانست (کە هەموو شتێکە زانست نەبێت)، نە پێش دەکەوێت و نە زانستیشە. ئەوە لێدانە لە زانست و پێشکەوتن. شارستانییەت، کە گوایە پێشکەوتنە، لە ئەنجامی لێدان لەو پەیوەندییە گەردوونییەوە دروست بوو، ھەرچی دەسکەوتی زانستیی و پیشەسازیی و کۆمەڵایەتییە، یان سڕیەوە، یان سەرلەنوێ دایڕشتەوە و بە ناوی خۆیەوە خستیە بازاڕەوە. زانستی پارچەکرد و کردیە ھۆکاری بەرھەمھێنانی زێدەبەھا و قازانج. بۆ ئەوەی لەو ڕێ لادانەی کۆمەڵگەی سرووشتیی تێ بگەین، پێویستە لە کۆمەڵگەی سرووشتیی تێ بگەین. ئەوکات دەزانین لە ڕێ لادانەکە لەکوێوە دەستی پێ کردووە.

گەشەی ژیان و زۆربوونی دانیشتوان، مرۆڤی بیرکەرەوەی ئافراند، کە چۆن بتوانێت لەگەڵ دەوروبەر خۆی بگونجێنێت و تێیدا بژی و نەبێتە پاروویەکی چەوری دەوروبەرەکەی، بە سرووشت و گیاندارەکانی تریەوە، واتە خۆیشی بپارێزێت. سەرەتا مرۆڤ ئەشکەوت و کەندڕەکانی نێو چیا و شاخە بەرزەکانی بۆ ژیان و پاراستنی خۆی ھەڵبژارد. ئەشکەوتەکان پێدراوە سرووشتییەکانی خاک بوون کە مرۆڤ توانی بۆ پاراستن و حەوانەوە سوودی لێ ببینێت. بۆیە بەرانبەر ئەو پێدراوە گەردوونییە ڕێزدار بوو. بەروبووم و گژوگیا یەکێکی تر لەو پێداویستییانەی ژیان بوو وا سرووشت بە مرۆڤی دەدا، بۆیە ھەموو ئەوانەش لە زەینی مرۆڤدا بە دانەوێڵە ناسران شێوەیەکی پیڕۆزی ڕێزداری لێ نیشان درا. بە ھۆی ئەو پێداویستییانەوە کۆمەڵگەبوون، واتە کۆبونەوە بە دەوری یەکدا دروست بوو. ئاوا یەکەمین دەستەی چەندکەسیی دروست بوو. لە ئەنجامدا خێزان و پێکھاتە گەشەکردووەکانی خێزان چێ بوون. ئەمەش گەشەی سەند بۆ کۆمەڵگەی چەندکەسیی و چەندخێزانیی و دروستکردن و گەشەکردنی نەوە و وەچەخستنەوە. بۆ بەردەوامی ژیان سێ پێداویستیی ھەبوو:

 ١.  خۆراک.

٢.  پاراستن.

٣.  وەچەخستنەوە.

لە ئەنجامی ئەو گەشەکردنەوەوە، کاردابەشیی ھاتە گۆڕێ، سا ڕێکخستنی کۆمەڵگە دروست بوو. بۆ دابینکردنی خۆراک، دایک – ژن دەوری گەورە و گرنگی گێڕا. ھەم کۆی دەکردەوە و ھەم دابەشی دەکرد. دانەوێڵە و بەروبووم بەشی پێداویستیی ژیان و بەردەوامیی نەدەکرد، بۆیە ڕاو و شکاریش ھاتە نێو کایەی دابینکردنی خۆراکەوە. بۆ ڕاو و شکار پێویستی لە تەڵەنان ھاتە ئارا. ڕاو و شکار ھەم پێویستی بە خۆپاراستن بوو، ھەم لە داونانی نێچیر. بۆیە فیکری مرۆڤ بۆ ڕێگە و ڕێبازی فێڵ و تەڵەکە چوو. لایەکی تری ڕاو و شکار، پێویستی بە ھێزی بازوو و توانا ھەبوو. ئەوەش بە مرۆڤە بەھێزەکان بەڕێوە دەبرا. لە ئەنجامی ئەو کاردابەشییەدا، تواناکانی ھێز ھاتە پێشێ و خۆی پێش خست. بۆیە کاری بە ھێز و کاری کۆکردنەوەی بەروبووم جیاوازییەکی بەخۆوە نیشاندا. دۆزینەوەی چاندن، کێڵان و درووستکردنی کەشی پێگەیاندنی دانەوێڵە، ماڵی-کردن و خزمەت و بەڕێوەبردنی ئەو ماڵی-کردنە، وای لە مرۆڤەکان کرد زیاتر بیر بکەنەوە و ھەندێ دۆزینەوە بکەن و گەشە بەو دۆزینەوانە بدەن. بۆیە دۆزینەوەکان سەرەتایین، بەڵام بنگەی داڕشتنی دۆزینەوەی پێداویستیی و بەردەوامیی ژیان بوون، لە چوارچێوەی ‘پێبەخشین و وەرگرتندا’، نەک پاوانکاریی و دەستبەسەرداگرتن. ئەو پەیوەندییە سرووشتییەی نێوان مرۆڤ – گیانداران – سرووشت – گەردوون بەردەوام بوو.

کاتێک ھەموو ئەو کارانە کران و ئەو دۆزینەوانە بەدەست ھاتن، ھەمووی لەسەر دەستی ژن و بە پێشەنگێتیی ژن کران. زانستەکان، زانستی پزیشکیی، ڕووەکناسیی، چاندن و کێڵان، پیشەسازیی، ھەڵگرتنی دانەوێڵە و بەرھەمە سرووشتییەکان و بەخشینەوەی بەسەر ئەندامانی خێزان – کۆمەڵگە، زیادکردنی وەچە و نەوە، ماڵیکردنی ئاژەڵ و باڵندە، ئەستێرەناسیی، تێگەیشتن لە سرووشت و پێشبینبیەکان، ھەموو ئەوانە دەسکەوتی ژن بوون. بۆیە لە کۆمەڵگەدا ڕێزداریی ژن و پیرۆزکردنی ژن، یەکێک لە دیاردە ئاسایی و ناسراوەکانی کۆمەڵگەی سرووشتیی بوو. ھەموو ئەوانە بە ئاسایی تێ دەپەڕی و بەردەوامی ژیان پیرۆزیی و ڕێزداری تێدا پێشکەوت. بەرزبوونەوەی تەمەن و ڕێزداریی نیشاندان بەرامبەر بەو ڕەنج و تێکۆشانەی وا مرۆڤەکان لە تەمەنی لاویی و پێگەیشتوییدا

لە خزمەتی کۆمەڵگەدا نیشانیان داوە. وای کرد جێگە و پێگەیەکیان پێ بدەن، تا شایانی ئەو ڕەنج و قوربانییە بێت. ئەو ڕێزلێنانە ناوی شامانی لێ نرا و بووە شێوەیەک لە سیستەمی ڕێزداریی بەرانبەر بەتەمەنەکان.

عەبدوڵلا ئۆجەلان

گەشەکردنی توانای ڕاو و شکار و نێچیروانیی، پێویستی بە ھێزی بازوو و بیرکردنەوە بوو، لە چۆنێتیی خستنە داوی نێچیرەکە و گرتنی و کوشتن و کەوڵکردن و ئامادەکردنی پێویستییەکانی ڕاو و شکار و بەستنەوە و سەربڕین و پارچەکردنی تا بۆ خواردنی دەستە و تاقم و کۆمەڵگەکەیان پێشکەشی بکەن. پێویستی بە پێشخستنی پێداویستییەکانی لە چاڵنان و بەستنەوە و پێداویستیی بڕەر ھەبوو. بۆیە داو، تیروکەوان، پەت و چەقۆ ئەو پێداویستیانە بوون وا بۆ ئەم بەشەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە پێویست بوون. بۆ بەڕێوەبردنی ئەم بەشە پێویستی بە کەسی بەھێز و فێڵباز ھەبوو. بۆیە شێوەیەک لە ڕێکخستنی دەستە و تاقمی بەھێز ھەبوو کە ھەرچی ڕێکخراوتر بێت. بەوە مرۆڤەکانی ئەم بوارە ھەم بەھێز، ھەم ڕێکخراوتر بوون. بەو ھۆیەوە کە لە داونانی گیاندارە بەھێز و دڕندەکان بوو، ھەم خوێنڕشتنی تێدا بوو. بۆیە توندوتیژیی بناغەکانی خۆی دانا. مرۆڤە بەساڵاچووەکان ئەزمووندار و خاوەنی بیر و توانا و ھێز بوون. بیریان لە چۆنێتیی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگە دەکردەوە. بەوە کۆمەڵگە دابەشی سەر دوو جۆر بیرکردنەوە بوو.

یەکەم: بیرکردنەوەی ژن، خۆی لە بەڕێوەبردنی نەرم، خزمەتکردن، دۆزینەوە، زانست، پیشە و پێشکەشکردن و کاردابەشییدا دەبینییەوە.

دووەم: بیرکردنەوەی پیاو، خۆی لە ڕاو و شکار، ھێز و کەڵەکەبوونی توندوتیژیی بەرانبەر گیانداراندا دەبینییەوە. بۆیە بەو ھۆیەوە بیری لە یەکخستنی سیانەی، شامان – ھێز و سوپا کردەوە، لە پێناوی دەستبەسەرداگرتنی بەرھەمی زیاد و لە ڕێگەشەوە کۆمەڵگە.

شەڕەکانی نێوان ئەو دوو بیرکردنەوەیە، قۆناغی ملیۆنان ساڵی بردووە. پیاو یان چینی زاڵم، گەرەک بوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵگە، لە یەکەم قۆناغدا لە بیرکردنەوەی نەرمی خزمەتکردنی ژن بدات. بۆ ئەو مەبەستەش دەبوو کێبڕکێی بیرکردنەوە و زەین ئامادە بکات. بۆیە دەستی برد بۆ بەکارھێنانی لێدان لە دەسکەوتە نەرمەکانی کۆمەڵگەی ژن. زانستی پزیشکیی، کە ئەزموون و دەسکەوتی ژنە، لە سرووشتی گژوگیا و بەری دار و پێدراوەکانی خاکەوە وەری گرتوە، بە جادووگەریی چوێنرا. ئەستێرەناسیی و فەلەکناسیی بە خراپ نیشان درا. کۆکردنەوە، ماڵی­کردن و کێڵان و بەرھەمھێنانی دانەوێڵە، دروستکردنی خێزان و گۆڕینی بۆ خێزانی دوو نەفەرە، دروستکردنی گوند و نیشتەجێ­کردن، بەخشینەوە بە کاری نەشیاو نیشان دراو، وەک ڕەنجی خۆ ناسێنراو پاراستن و دەستبەسەرداگرتنی ڕەوایەتی پێدرا… زۆر لەو بوارانەی وا دەسکەوتی ژن و کۆمەڵگەی سرووشتین و بە ١٠٤ ماکان ناسراون دەستیان بەسەردا گیرا و لە ژن سەندرانەوە و سەرلەنوێ بەپێی بەرژەوەندیی پیاو داڕێژرانەوە و بە کار ھێنرانەوە.

شەڕی پاراستنی پیرۆزیی و دەسکەوتەکان و پاوانکاریی و قۆرغکاریی بەردەوام بوو، ماوەیەکی مێژوویی زۆری خایاند. ئازارێکی زۆری بە مرۆڤایەتیی گەیاند. بەرھەمی ئەو ئازارە، لە ڕێ لادانی کۆمەڵگە و دروستبوونی کۆمەڵگەی چینایەتیی – دەسەڵات – دەوڵەت بوو. کە بناغەکەی لە سەر دەستبەسەرداگرتنی ڕەنجی کۆمەڵگە بوو، بە سیستەم کرا. ئەم سیستەمە بۆ ئەوەی درێژە بە تەمەنی خۆی بدات. دەبوو ھەلومەرجەکانی درێژەدان بە ژیانی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێت. ئەم سیستەمە لە ھەناوی کۆمەڵگەی سرووشتییەوە بە پێشکەوتنی بیرکردنەوەی ئامانجدار و زاڵ بوون بەسەر سۆزداریی سرووشتی فرچکی گرت. بیرکردنەوەی شیکاریی، ئەو بیرکردنەوەیەی وا بە ھۆیەوە تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتیی سرووشتی گۆڕی و گشت شتێکی لە پێناوی من، بەدەستەوە دەگرت. بەوە جیاوازییە چینایەتیەکان دروست بوون، کۆمەڵگە دابەشی سەر بەڕێوەبەر و بەڕێوەبراو بوو. لەنێو بەڕێوەبەراندا، کاردابەشی کرا، ھەرلایەک و بەشێکی ئەرکی خۆی لە قۆرخکاریی و خۆسەپاندن و باڵادەستیی پێ بڕا. بەردی بناغەکانی سیستەمی چیانایەتیی و دەوڵەت لە دەوڵەت شارەکانی سۆمەرەوە دانرا و بە دەزگا بوو. دەزگای ھزر، دەسەڵات، پیشەسازیی، پۆلیس و دەوڵەت، کۆیلەداریی و سۆزانی­خانە، زیندان و کوشتن، لەو سیستەمەوە ئاوا کراو بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنرا. کۆمەڵگەی سرووشتیی بە ئاسانیی ئەو سیستەمە جیاوازەی نەپەژراند، شەڕ و کێشمەکێشەکانی نێوان ئەو دوالێزمە زۆر بە توندی بەردەوام بوو، تا ڕۆژی ئەمڕۆشمان ھەر بەردەوامە.

١.  مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی:

درێژەی شەڕی ئەو دوالێزمەی نێوان کۆمەڵگەی سرووشتیی و سیستەمی سەرمایەداریی، کە دروستکردنی کۆمەڵگەی چینایەتی بوو، بەپێی ئەو داباشکاریی و لە ڕێ لادانە چینایەتییە، دروستکردن و سەپاندنی سیستەمی کۆیلەداریی، دەرەبەگایەتیی و دواقۆناغەکەشی سەرمایەدارییە. لەژێر لێدان و قبووڵنەکردنی کۆمەڵگەدا بە دۆخێک گەیشتووە دەمێکە لەبەر چاوی کۆمەڵگە کەوتووە و تووشی قەیران و گێژاوی ناوخۆیی بوە. بۆیە ئەو سیستەمە چینایەتییە لە ھەناوی خۆیدا، تۆوی ناکۆکیی بەرەو ھەڵوەشان و تیاچوونی تێدا چێنراوە و لەناو دەچێت. بەڵام چونکە خاوەنی ھزر و بیرکردنەوەیەکی شیکارییە، ھەمیشە کار لەسەر بەلاڕێدابردن و خراپکردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە دژبەرەکانی دەکات. قۆناغی کۆتایی ئەم سیستەمە مۆدێڕنیتەی سەرمایەدارییە و ھەمیشە بۆ نەزۆککردنی بزوتنەوەکانی بەرانبەری دەستێوەردان دەکات. بە شێوە و ھۆی سیستەمی دەسەڵاتەوە. ئەو تەڵەزگە و چورتمەی وا کۆمەڵگە و بزوتنەوە دژە چینایەتییەکان بۆیان هەڵنەسەنگێنراوە، بۆیان شیی نەکراوەتەوە و لێی دەرباز نەبوونە. بۆیە بە درێژای مێژوویەکی دوور بزوتنەوەکان قەتیس ماون و ئەوەی بەرھەمی دێننەوە، ھەمان سیستەمی چینایەتییە. لە ئەنجامی شیکردنەوەی ھۆکارەکانی ئەو ناکامیانە و بەرەوپێشچوونی زانستیی و لێکۆڵینەوەی ئارکێۆلۆژیی و دۆزینەوەی مێژووی ڕاستەقینە. لە لایەن بیرمەندی گەلان ‘عەبدووڵا ئۆجەلان‘ـەوە، گەیشتە دۆزینەوەی ئەو سیحر و ئەفسوونەی کە بۆچ سەرەڕای ئەو ھەمووە ناڕەزایەتیی و شۆڕش و ئاڵوگۆڕانە، کەچی سیستەمی سەرمایەداریی تێدا ناچێت.

دیارە ئەو دەسکەوتە تەنیا دەسکەوت و بەرھەمی بیرکردنەوەی بەڕێزیان نەبووە، بەڵکو بەرھەمی لێکدانەوە و قوڵبوونەوە و لەسەرڕاوەستانی تەواوی مێژووە. ھاوکاریی زانست، میتۆلۆژیا، ئایین و ئەفسانە و ئەو ھەوڵ و تێکۆشان و لێکدانەوانەی وا زانستوان، شیکەرەوە، بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، تێکۆشەران و بیرمەندان و پێدراوەکانی ژێرخاک و سەرخاکە، ئۆجەلان پوختی کردوونەتەوە و بیرکردنەوەیەکی پوخت و پاکی لێ بەرھەم هانیوە و پێشکەشی مرۆڤایەتیی کردووە، بە ناوی ‘مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک’. پێش ھەرشت مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک لادانی پەردەی سەر ئەو ئەفسوونەیە وا ناوی دەسەڵات – دەوڵەت – زێدەبەھایە. لادانی ئەو ئەفسوونە ڕێی بۆ دۆزینەوەی تەواوی بوارەکانی ژیانێکی ئازاد کردەوە. بۆ تێگەیشتن لە دونیابینی ئۆجەلان پێویستە ئەمجار مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک بناسین. مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکـیش واتە ژیانی ئازاد، بە ھەموو پێدراوەکانییەوە. مسۆگەر ئەگەر جیهانبینیی ئۆجەلان لەو چوارچێوە گەردوونییەی ژیانی ئازاد دابڕیت. بە دڵنیاییەوە کەوتوویتە داوی خراپەوە. بۆیە گرنگە بە بەرگێکی تەسکی حیزبیی و ڕێکخستنیی و تەنانەت وەک سیستەمێکی دابڕاوی چینایەتیی ھەڵسوکەوتی لە سەر نەکرێت و بچووک نەکرێتەوە. بەڵکوم وەک سیستەمی ژیانی ئازاد گەردوونیی بناسرێت، ژیان بە بنەما بگرێت، نەک چین و تەنانەت مرۆڤیش!. چونکە لە ژیاندا تەنیا مرۆڤ نییە، بەڵکو زیندەوەران، گیانەوەران و ھەبوونەکانی تر ھەیە. ئەو پەیوەندییە گەردوونیی – سرووشتیی – کۆمەڵایەتییەی لە ژیاندا ھەیە وای لەو دونیابینییە کردووە، ببێتە دونیابینییەکی ئێکۆژیان.

ئیکۆلۆژیی تەنیا بواری سرووشت و ڕووەک نییە، بەڵکو تەواوی سیستەمی بەرگریی، پاراستن، پەیوەندیی، ناسین، ناکۆکیی، ڕێکخستن، ھەبوونی جیاواز، کولتوور و پێکەوەییەکانە.

ئەو دونیابینییە بە لێدانی مرۆڤتەوەریی تەواوی بیرکردنەوەی مرۆڤایەتی گۆڕی و وەری چەرخاندە سەر گەردوونتەوەریی و مرۆڤیش وەک بەشێک لە پێکھاتەی ئەو ناوەندە بناسێت و بناسێنێت. بەو ھۆیەوە ئیکۆلۆژیی تەواوی ھەبوونەکانی ژیانی لە خۆ گرت و سەرلەنوێ پەیوەندییە گەردوونییەکانی ژیانی بە ناکۆکیی و پەیوەندییەکانییەوە ناساندەوە. بۆیە ئیکۆلۆژیی تەنیا بواری سرووشت و ڕووەک نییە، بەڵکو تەواوی سیستەمی بەرگریی، پاراستن، پەیوەندیی، ناسین، ناکۆکیی، ڕێکخستن، ھەبوونی جیاواز، کولتوور و پێکەوەییەکانە. ھەموو ئەوانە لە گەردوون – سرووشت – کۆمەڵگەدا وا ڕێک خراون، بدەن، ببەخشن، وەرگرن، بەرھەم بێن و پێکەوە یەکتر تەواو بکەن. ڕێکخستنی ئەو پەیوەندییەی پێدان و ئاودان دەکاتە سیستەمێک ھیچ بوون و زیندەوەرێک ھەبوون و مافی ئەوانی تر نادیدە نەگرێت و بنپێ نەخات. ڕێکخستنی پەیوەندیی ژیانی گەردوونی ھەبوونەکان دەتوانێت ھاوکاریی ڕاگرتنی ھاوکێشەی ژیان بێت و بیخاتەوە سەر شاڕێگەی خزمەت و یەکپاراستن.

ئەو دڕندەییەی مرۆڤ لەم سەردەمی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریەدا پێی گەیشتووە، ھۆکارەکەی نەخوێندنەوە و تێنەگەیشتن و تێکەڵکردنی ئەو چاوچنۆکیی و قازانجپەرستیەی سیستەمی سەرمایە – زێدەبەھایە بە تەواوی چین و پێکھاتە کۆمەڵایەتیی و سرووشتییەکانەوە. ئەو ھەموو بەڵایەی بەسەر گەردوون – سرووشت – کۆمەڵگەدا دێت، ھۆکارەکەی چاوچنۆکیی سیستەمی قازانجپەرستی سەرمایە و بەرھەمھێنەری زێدەبەھایە. جا بۆئەوەی ئەم سیستەمە درێژە بە ژیانی خۆی بدات، دەبێت ڕەوایەتیی لە کۆمەڵگەوە وەربگرێت. ئەویش لە ڕێی خۆخستنە جێی کۆمەڵگەوە. بۆ ئەوەی ڕەوایەتییەکەی مسۆگەر بکات دەبێت بە ناوی کۆمەڵگە و بۆ کۆمەڵگە قسە بکات. کۆمەڵگە خراپ بکات، تووشی بەڵا و نەخۆشیی بکات، ھەزاران ئافاتی بەسەردا بێنێت و لە کۆتاییشدا خۆی وەک فریادڕەس نیشان بدات. بە ھۆی ھەژاریی ھزریی، ئابووریی و ناڕێکیی و بێتوانایی دارایی و نەبوونی ھێزی پاراستن و تێنەگەیشتن لە سیستەمی زێدەبەھا، خودی کۆمەڵگەش بووەتە پێکھاتەیەکی خەڵەتێنراو کە ھێز بەو سیستەمە باڵادەستە چینایەتییە دەدات و تەمەنی خراپی سیستەمەکە درێژ دەکاتەوە، وەک ئۆجەلان دەڵێت “بوەتە مۆرەی ڕاگرتنی سیستەمەکەی”. لە بری ئەوەی لە خۆی بگات و ئەو سیستەمە ڕابگرێت، کەچی لە خزمەتیدا پێملی هەموو شتێ دەبێ و وەک چارەنووسی لەنەخشی¬تەوێڵ¬نووسراو دەیبینێ.

٢.  مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک:

کاتێک سەیری مێژوو دەکەین، دەبینین دونیایەک جیھانبینیی و ھێڵی ئایدۆلۆژیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی تێدایە. ھەموو ئەوانە بەرھەمی ژیانی کۆمەڵایەتین و لە ئاسمان و نەبوونەوە دروست نەبوون. بەڵکوو بەرھەمی کاری پراکتیکی کۆمەڵایەتیی مێژوویین. لێرەوە دەگەینە ئەوەی کۆمەڵگە جێاوازەکان بەرھەمی مێژووی پێکھاتە جیاوازەکانن و لە پەیوەندییەکی ناتەبا و پڕکێشەدا ژیاون و ناکۆکییەکانیشیان بەرھەمھێنەری سیستەمە جیاوازەکانە. ئەوەی لەم تێڕوانینانەی پێشوودا نامۆیە خوێندنەوەی مێژووی ھەبوونەکانە؛ مرۆڤیش دەتوانێت لەسەر پێدراوەکانی جوان و دروست شیکردنەوە بکات. کۆمەڵگەی سرووشتیی، ھەبوویەکی لەمێژینەی مێژووییە، بە ژیانی سەرەتایی و بەکۆمەڵگەبوون دەست پێ دەکات و بەردەوامی بە خۆی دەدات و لە چوارچێوەی ژیانێکی سانا و سرووشتییدا لە پەیوەند بە ھەبوونەکانی ترەوە بەردەوامی بە خۆی دەدات. گەشەسەندنی ئەزموون و کەڵەکەبوونی بەھا و دەسکەوتی زێدەبەھادا ئەم سیستەمە لە ڕێ دەردەچێت و ئاڵوگۆڕ بە تەواوی سیستەمی ژیان و ئەزموون و پەیوەندییەکان دەکات. بۆیە ئەو لە ڕێ لادانە دەبێتە ھۆکاری کارەساتێکی گەورە بۆ پەیوەندیی گەردوونیی ژیان – سرووشت – مرۆڤ و دەوەروبەری.

ئیتر دەوروبەر، واتە سرووشت و جوگرافیا ئەو شوێنگە سرووشتی و پێدراوە نییە کە مرۆڤەکان تێر و پۆشتە و بەردەوام دەکات. بەڵکو ئەو شوێنگەیە کە ئامانجی دەستبەسەرداگرتنی ھەندێک بەرھەم دێنێت. بۆیە خاک و زیندەوەران و باڵداران دەبنە ھۆکاری دابینکردنی بەھا و زێدەقازانج بۆ بەرژەوەندیی چینێکی کۆمەڵایەتیی و نەگبەتیی بۆ زۆربەی ئەوانی دی. ئەم سیستەمە بە بەردەوامی خۆی دەبێتە خوداوەندە دەمامکدارەکانـی قۆناغەکانی دواتر و بێ دەمامکەکان برەو پێ بدات بۆ درێژەدان بە تەمەنی. ئەوەشی ئەم سیستەمەی ڕاگرتوە تێنەگەیشتنە لە ئەفسوونی دەسەڵات – دەوڵەت، بۆیە تەواوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە گەورە و گرانەکانی مێژووی مرۆڤایەتیی ناکام ماون و نە لەم ئەفسوونە تێ گەیشتوون و نە خۆیان لێ لاداوە. بۆیە لە کۆتاییدا ھەمووان بوونەتە خزمەتکاری سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەت.

دۆزینەوەی ئەو ئەفسوونە لەسەر دەستی بیرمەندێکی وەک ئۆجەلان بەدەست ھات. ئەویش لە ڕێی شڕۆڤەکردنی مێژووی ھەبوونەکان و سۆمەر و ئەو سیستەمەی کە چ ئەفسوونێکە مرۆڤ بە نێتی ئازادیی و ژیانێکی باشترەوە تێ دەکۆشێ، کەچی ئەوەی سەر دەردێنێت، ھەر دەرھاویشتەکانی سندووقی پاندۆرایە و کۆمەڵگە پەلکێشی لەناوبردن و گێژاوی زیاتر و قوڵتر دەکاتەوە، ھەر گەشە و بەرەو پێشچوونێک مەرگی زیاتری کۆمەڵگە و کۆمەڵگەبوونی پێوەیە. بە خوێندنەوەی مێژووی ژیان و پەیوەندییەکان، ھەبوونی تێکۆشانە ئازادەکان، گەیشتە ئەوەی لە ھەموو ئەو ھەبوونانەی پێشوو وەک خۆی دەڵێت “پاڵاوتەیەکی وەرگیرا و لە ھەموان پێشکەش بە مرۆڤایەتیی بکات”. ئەم پاڵاوتەیە لانی کەم بۆ ئەم سەردەمە باشترین بەرھەمی فکر و پراکتیکی کۆمەڵایەتییە و کراوەشە بۆ لێ¬زیادکردن و پەرەپێدان. بەوە لە چەمکی دۆگماتیزم، دواکەوتووی پاشڤەڕۆیی و بۆگەنبوونی ھزر و کۆمەڵگەی دا، ھەمیشە دەرگای بۆ بەرەوپێشچوون و نوێبوونەوە کردەوە و خوڵقاند.

مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک، دونیابینییەکە، ژیانی بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە؛ پاراستن، بەردەوامی، بەرھەمھێنان، پەیوەندیی، ژینگە، ڕەگەز، بیروباوەڕ، ڕێباز، سرووشت، گەردوون، ئیکۆلۆژیی، ژیان و ژنەوەی سەرلەنوێ پێناسە کردەوە و ژیاندەوە.

مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک ئەو سیستەمی ژیانە ئەڵتەرناتیڤ و کۆمەڵایەتییەیە وا لە ھەناوی مێژووی مرۆڤایەتیبدا ڕێگەی لەسەر گەڕانەوە بۆ ڕابردوو کردەوە و ژیانی نوێی سەرلەنوێ لەسەر دەسکەوتەکانی ئەزموون و مێژوو داڕشتەوە و لەنێو ھەبوونە جیاوازەکاندا، بە ناکۆکییەکانیشیەوە، گیانی پێکەوەیی و کارکردن و ژیانی ئافراندەوە. مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک، دونیابینییەکە، ژیانی بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە؛ پاراستن، بەردەوامی، بەرھەمھێنان، پەیوەندیی، ژینگە، ڕەگەز، بیروباوەڕ، ڕێباز، سرووشت، گەردوون، ئیکۆلۆژیی، ژیان و ژنەوەی سەرلەنوێ پێناسە کردەوە و ژیاندەوە. بۆیە ناکرێت ھەبوونی دونیابینییەکی لەو شێوە بچوک و پارچە بکرێت. چونکە خودی مۆدێڕنیتەی دیموکراتیک لە پارچەکانەوە دەستی پێ نەکرد. ئەگەر پارچەیەکیشی دابێتە بەر نەشتەری شیکاریی ئەوا گشتێتیی بەدەستەوە گرتووە و پێگەی پارچەکەشی تێدا ناسیوە و ناساندوە. بۆیە کراوەیە بەرانبەر بە تێگەیشتن و شیکردنەوە و ھەبوونە جیاوازەکان، هەروەها بە نەرمییەکی سەرسووڕھێنەرەوە کۆمەڵگەیەکی ئازاد ئاوا دەکات، کە ھەموو ھەبوونەکان بتوانن بە ناسنامەکانیانەوە لێی بژین و بەڕێوە بچن. بەبێ ئەوەی ھیچ ھەبوویەک بیر لە سڕینەوە و پاکتاوی ئەوی دی بکاتەوە، بەڵکو ھەموو ھەبوونەکان پێکڕا دەژێنێت و دەژین.

ژیان، لە مۆدێڕنیتەی دیموکراتیکدا بە مانای ئازادی، بەشداریی لە کایەکانی ژیان و گەردوون. مرۆڤ ئەو بوونە دڕندە نییە کە ناوەندی بڕیار و بەکارھێنان بێت. بەڵکو وەک ھەر ھەبوون و زیندەوەرێکی تر ھەیە و پێناسەکەی بەوانی ترەوە وەردەگرێت. لە کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکدا ناسنامەی مرۆڤ لە دەرەوەی کایەی گەردوونی دڕندەیەکی بێڕەحمی تێکدەرە. بۆیە ناوەندێتیی لە کایەی گەردوونیی – سرووشتییدا نییە. بەڵکو پێکەوەبوون و تەواوکردن و تێرکردنی یەکدی ھەیە. دیارە ڕەھەندەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک زۆرە و ئۆجەلان شیکردنەوە و ڕوونکردنەوەی شایانی لە بەرگرینامەکانیدا لەسەر کردووە. ئەوەی ئیشی ئەم نووسینەی ئێمە بوو نیشاندانی ئەوە بوو کە لە دەرەوەی دونیابینیی، سەیرکردنی بەڕێز ئۆجەلان وەک سەرکردەیەک، سیاسییەک و بەڕێوەبەرێکی پەکەکە، کورتبینیی و بچووککردنەوەی بەڕێزیانە. چونکە ئۆجەلان، بیرمەند، دونیابین، فەیلەسوف و سۆسیۆلۆگێکی جیھانی – گەردوونییە لە سەردەمە ھەرە قەیراناویی و گێژاوەکانی مێژووی مرۆڤایەتیدا، کەمن ئەوانەى ئاوا قووڵ و بیرمەند دەردەکەون. بۆیە لە زۆر جێگە و کۆمەڵگەدا بەرگێکی تەسک و نەشیاو بۆ بەڕێزیان دەدوورن و لەبەری دەکەن. کە توانای فکریی، شیکردنەوە و پێشبینیی ئەو مرۆڤە سەدەکان تێدەپەڕێنێت و وەڵامی گرێ قوڵە بێچارەکانی ژیان بە ھەموو ڕەھەندەکانییەوە دەداتەوە. بەو مانای ئۆجەلان ڕەنگدانەوەی مێژووی ملیۆنان ساڵەی ئەزموون ژیانی گەردوونییە.

ئۆجەلان ناوەندێکی گرنگی بەدەستەوە گرت، ئەویش کۆمەڵگەبوونە و پێگە و دەستپێشخەری تاکیشی لەو کۆمەڵگەبوونەدا شیکردەوە و پێناسەی شوێنی شیاوی خۆی پێ دایەوە.

ئۆجەلان بۆ تێگەیشتن لە مێژووی ژیان و ئەو لە ڕێ لادانە ژن و جیاوازی ھەبوونەکانی بەدەستەوە گرت و ڕۆ چووە نێو مێژووی ژیان و پەیوەندییە گەردوونییەکانەوە. بەشێک لە ژیان و چینێک لە مرۆڤی بەدەستەوە نەگرت. وەک چۆن شیکەرەوە و سۆسۆلۆگەکانی سیستەم کردیان. یان بیرمەندە نوێکانی وەک مارکس، پۆزیتیڤیست، فێمینیست، ئانارشیست و تەنانەت چەپ و سۆسیال دیموکراتەکان کردیان. ھەموو ئەوان چینێکیان گرت و لەوێوە سیمای ژیانێکی دڵخواز و یۆتۆپیانەیان داڕشت و لە کۆتاییدا، بەرھەمھێنەرەوەی ھەمان سیستەم و ڕیتم و دەسەڵات – دەوڵەت بوون. ئەوەی ئۆجەلان کردی کۆمەڵگە و کۆمەڵگەبوون بوو. بە تایبەت لە سەردەمی نیوەی دووەمی سەدەی بیست بەدواوە شیکردنەوە پێشوەکان، نەک ھەر کۆن بوون، بەڵکو دەتوانم بڵێم پاشڤەڕۆ و کۆنەپەرستانە بوون و شەڕو پێکدادانە چینایەتییەکانی قووڵ دەکردەوە. بۆیە ئۆجەلان ناوەندێکی گرنگی بەدەستەوە گرت، ئەویش کۆمەڵگەبوونە و پێگە و دەستپێشخەری تاکیشی لەو کۆمەڵگەبوونەدا شیکردەوە و پێناسەی شوێنی شیاوی خۆی پێ دایەوە.

لەسەر بنچینەی ھەبوونە جیاوازەکان و گەشەی پێکھاتەکان لە کڵانەوە تا قەبیلە، بنەماڵە، عەشیرەت و نەتەوە شیکردنەوەی کرد و لەم تەنگژەی جیھانی ئەمڕۆدا بزوتنەوە نیشتمانیی و نەتەوەیی و ئازادیخوازییەکانیشی دایە بەر نەشتەری شیکردنەوە و ئەو شەرمەی وا بەسەر نەتەوەی کورددا بە ناوی کوردبوونەوە سەپێنرابوو، لابرد و بەرگێکی پڕ شانازیی و مرۆییانەی کردەوە بە بەری نەتەوەی کورددا کە “کوردبوون نە شەرم و سەختی، بەڵکو شانازیی و ھەڵھاتن لێی بە بێشەرەفیی و بێویژدانیی ناساند”. وایان لە کوردبوون کردبوو لە ژێر ھێرشێکی زەینی پاکتاوکارییدا، کوردان نەوێرن سەیری دواوەی خۆیان بکەن، نەبادا کلکدار بن. بۆیە بۆ مێژووی مرۆڤایەتیی چەند گرنگ بوو، سەد ئەوەندە بۆ مێژووی کوردان گرنگ بوو. کوردانی نەک لە دەوری ڕق و تۆڵە گلێر نەکردەوە، بەڵکو کردنییە خاوەنی ئامانجی مەزنی ژیان و ئازادیی و پێکەوەژیان.

ئەو شەرمەی بەسەر مرۆڤایەتییدا ھاتبوو بەردەوام لێی دەدرا. لە ڕێی ژیانەوەی کوردی ئازادەوە پێشەنگی قەرەبووکردنەوەی شەرمی مرۆڤایەتیی چارەسەر کرد و لەو پێناوەدا تێکۆشەران، شۆڕشگێڕان، ئازادیخوازان و کەسێتییەکی جەنگاوەری لە پێناوی تێکۆشانی ئازادیی نەتەوەیی و مرۆڤایەتییدا پەروەردە کرد. کە لە پێناوی ژیانی ئازاددا خۆی لە تەوقەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری داماڵێت. بۆیە بوونی ٢٣ ساڵەی لە زیندانی ئیمراڵی و پێداگری و پێشکەشکردنی بیرۆکەکانی ئەو مرۆڤەی کردە خاوەن مێژووی مرۆڤایەتیی و کۆمەڵگەبوون و گەردوونێتیی. ھەر بەو ھۆکارەشە تەواوی سیستەمی دەسەڵات – دەوڵەت بە مەترسی بۆ سەر سیستەمەکەیانی دەزانن و لێی تۆقیون. بەڵام ئەم دونیابینییە وەک تۆفانی تۆڵەی مێژوو ڕێچکەی گرتووە و ڕاوەستانی ھەروا ئاسان نییە. بۆیە تێکۆشەرانی ئازادیی گرنگە بیخوێننەوە و لێی تێ بگەن. چونکە پەیامەکانی کەسی نییە، ئەگەر کەسی با دەسکەوتی کەسی زۆر گەورەی دەست دەکەوت و خاوەنانی سیستەمی مۆدێڕنیتەی وێرانکەری سەرمایەداری ئامادەشن پێی بەن، بەو مەرجەی واز لە بوون و ئیرادەکەی بێنێت. بەڵام ئەو لە پێناوی ڕێکخستنەوەی ژیان و پەیوەندیی گەردوونیی – سرووشتیی – کۆمەڵایەتییدا سەخترین ژیان و بەرخۆدانی ھەڵبژاردووە و خاوەنی پاگەندەیەکی تاکەسیش نییە. تەنانەت دەڵێت “من بخەنە زیندانێکی سەختترەوە، بەڵام ژیانی گەلەکەم باشتر بکەن”. وتن لەسەر ئەو کەسایەتییە بیرمەندە زۆری دەوێت، وتنیش لەسەر ئۆجەلان واتە وتن لەسەر مێژووی گەردوون – سرووشت – مرۆڤ و کۆمەڵگەبوون.