بێدەنگی و شاردنەوەی خەزنەی دراوە کانزاییە دێرینەکانی سرێشمە درێژەی هەیە

زیاد لە هەفتەیەکە خەزنەیەکی گەورەی دراوی کانزایی کۆن (کە مێژووەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هلێنستی) لە گوندی سرێشمەی سەر بە ناحیەی خەلیفان دۆزراوەتەوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە و، لایەنە پەیوەندیدارەکان هەر جارە و لێدوانێک دەدەن و ڕاگەیاندنیش بێدەنگی هەڵبژاردووە.

لە  چەند ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی دۆزینەوەی کەنزێک کە پێکهاتبوو لە دراو و سکەی کانزایی کۆنی ئاڵتوونی بووە جێی سەرنج و ئاخافتنی پسپۆڕان و چالاکوانانی بواری شوێنەوار و تەنانەت خەڵکی دیکەش داوای بە دواداچوونیان کرد.

لە رۆژی ٨/٦/٢٠١٢ گرتە ڤیدیۆیەک لە سوشیال مێدیا بڵاوبوویەوە کە تێیدا ئاماژە بە دۆزینەوەی دوو فەردە سکە و دراوی کۆن لە گوندی سرێشمەی سەر بە شارۆچکەی خەلیفان دەکات، بەڵام تائێستا لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ڕاستی هەواڵەکە لێدوانی دڵنیاکەرەوەیان نەداوە و لە لایەن خەڵکی جیاوازەوە لێدوانی جیاوازی لەسەر دەدرێت.

چیرۆکی دۆزینەوەی ئەم خەزینەیە لەوێوە دەست پێ دەکات کە لە ڕۆژی ٧/٦/٢٠٢١ شۆفیرێکی ئامێری حەفارە سەرقاڵی کارکردن لەسەر پارچە زەوییەک لە گوندی سرێشمە دەبێت و لە کاتی کارکردنیدا لەناو چاڵێکدا کۆمەڵێ سکە و دراو دەبینێت و چواردەوری چالەکەش بەرد دانراوە و سەری شوێنەکەش بە پارچە بەردێک داپۆشراوە، لە پاش دۆزینەوەی دراوەکان ناکۆکی لەسەر هەڵگرتن و دابەشکردنی دراوەکان لەنێوان خاوەن زەوی و شۆفیری حەفارەکە دروست دەبێت و یەکێکیان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکە پەیوەندی بە بەرپرسێکی ناوچەکەوە دەکات و کێشەکەی پێ رادەگەیەنێ و کێشە گەورەتر دەبێت.

رۆژی هەینی ١١/٦/٢٠٢١ بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر هەواڵەکە پێوەندیمان بە بەڕێوەبەری شوێنەواری سۆران کرد و پێی راگەیاندین کە بە مەبەستی ڕاگەیاندنی ڕاستی بابەتەکە و شوێنی هەڵگرتنی کەنزەکە بە نیازی ئەنجامدانی پرێس کۆنفرانسێکی تایبەتن. بەڵام تا ئەمرۆش پرێس کۆنفرانسەکە ئەنجام نەدراوە.

ئەم فۆتۆیە لەو گرتە ڤیدیۆیە وەرگیراوە کە لە سوشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پێوەندییمان بە بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری کوردستان کرد و لەو بارەیەوە گوتی: “ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێکاری یاساییمان گرتە بەر بە پێکهێنانی لێژنەی پسپۆڕی شوێنەواری پاڵپشت بە یاسای شوێنەوار بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە ڕاستی و درووستی بابەتەکە، رۆژی پێنج شەممە لێژنەکەمان گەیشتە شوێنە شوێنەوارییەکە بەڵام لەوێ لێژنەیەکی تر دەست بە کار بوون کە لە لایەن قائمقامیەتی قەزای سۆران ڕەوانە کرا بوون و سەرۆکی قائمقامییەت کە بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفانیشە لەبارەی پاراستنی شوێنەوارەکە دڵنیایی دابوو بە لیژنەکە”، لە درێژەی لێدوانەکەیدا ناوبراو گوتی “ئێمە دڵنیاین لەوەی کە شوێنەکە شوێنەوارییە و ئەگەر پێگە شوێنەوارییەکە تێکدابێ داوای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەین و نیگەرانی خۆشمان دەگەینینە وەزارەتی شارەوانی و سەڕۆکایەتی حکومەت و پەرلەمانی کوردستان”.

لە پاش جەند ڕۆژ بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار سەردانی قەزای سۆرانیان کردووە و وەک لە پەیجی فەڕمی خۆیاندا بڵاویان کردووەتەوە و لەبارەی ئەنجامەکانی لیژنەی بەدواداچووبی قائمقامیەتی بۆ ناوچە شوێنەوارییەکانی گوندی سرێشمە و چارەنووسی دراوە کانزاییەکان (وەک لەوێ ئاماژەیان پێداوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ‌هلێنستی) پێیان ڕاگەیەنراوە و دڵنیا کراونەتەوە لە بە ئەنجام گەیاندینی کارەکان بە شێوەیەکی دروست و پارێزراوی دراوە کانزاییەکان و بڕیارە لە کاتێکی نزیکدا ڕادەستی ئیدارەی شوێنەواری بکرێنەوە تاکو توێژینەوەی زانستی پێویستی لەبارە بکرێت. ئەم سەردانە وەک دەردەکەوێ ٢٣ی ئەم مانگە بووە و بەڵام تا ئێستا هیچ لێدوانێکی تر لەو بارەیەوە نەدراوە.

هەواڵەکان لەبارەی ئەم کەنزە زۆر جیاوازن و هەر جارە و بە شێوازێک باس لەو بابەتە دەکرێت وەک ئەوەی کە یەکەمجار گوترا دوو فەردە سکەی زێرە و جارێکی تر گوترا سێ کیلۆیە و زێر و زیو تێکەڵە و دواتر بە گوتەی هەندێ کەسی ناپسپۆر نەک سێ کیلۆ نییە بەلکۆ تەنها چەند ژمارەیەکی کەمی سکەی زیو و مسە. ئەم لێدوانە جیاوازانە لە نەبوونی پێوەندی باش و زانستییانە لەنێوان بەرپرس و پسپۆرە شوێنەوارییەکانی کوردستان سەرچاوە دەگرێت و تەنها نیشانەی ئەوەیە کە بە هۆی نەبوونی یاسایەکی توندی شوێنەواری و گرنگی نەدان بەو کەرتە هەموو کەسێک دەتوانێ دەست لە کاری شوێنەواری وەر بدات، ئەگەر لە سەرەتاوە رێگە بە تیمی لێژنەی پسپۆر درا با ئەرکی خۆیان جێبەجێ کەن ڕەنگە ئەم بابەتە زۆر بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ دەهات و ئەو دەنگۆیانەی لەسەر دزین و شێواندنی شوێنەوارەکە نەدەهاتە ئارا.

ئەم هەواڵە و چۆنییەتی بڵاوبوونەوەی و بێ سەرۆ شوێنی دراوە کانزاکان دووبارە نیگەرانی لای پسپۆڕانی شوێنەوار و خەمخۆرانی شارستانیەت دروست کردووە و پێیان وایە کە لەم ساڵانەدا بە دەیان شوێنەواری گرنگ دزراو و شێوینراون.