ژنەفتن ژنەفتن
وتار و بۆچوون

کۆیلەی بێ زنجیر

سایکۆلۆژیای کۆیلایەتیی دەستەبژێر

١. بەرکوڵ

کاتێک وشەی «کۆیلە» دەبیستین، زۆربەمان وێنەی مرۆڤێکی بەستراو بە زنجیرەوە دەبینین. بەڵام ئەوەی کە هەمووان قسەی لەسەر دەکەن، دیوی دەرەوەی کۆیلایەتییە؛ واتە دۆخی یاسایی و ئابووری و ئازادیی جەستەیی کە ئەمە ڕەهەندە دیارەکەی کۆیلایەتیی سەردەمانی کۆن بووە و لە ئێستاشدا لەژێر هەندێک ناودا بەردەوام خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. بەڵام ئەوەی کەمتر قسەی لەسەر دەکرێ، ڕەهەندە دەروونییەکەیە، چونکە کۆیلایەتی هاوچەرخ، زیاتر دۆخێکی دەروونی قووڵە. کاتێک مرۆڤێک لەڕووی دەروونییەوە کۆیلەیە، بڕیاردان لەسەر کات و بیرکردنەوە و داهاتووشی دەکەوێتە دەستی کەسێکی ترەوە کە لە ئێستادا دەسەڵاتدارە ستەمکارەکانن.

لە بنەڕەتدا، مرۆڤ بوونەوەرێکە بەدوای مانا و سەربەخۆییدا دەگەڕێ. کاتێکیش دەزانێت ئازادە و ویست و بڕیاڕەکانی بە دەست خۆیەتی، هەست بە مانایەکی قوڵی بوونی خۆی دەکات لەم ژیانەدا. بەڵام کارەساتی بوونگەرایی کاتێک دەست پێ دەکات کە مرۆڤ ناخی خۆی لە کۆیلایەتیدا دەخنکێنێت و جەستەکەشی لە دەرەوە بە ئازادی لەنێو شەقامەکاندا دەسوڕێتەوە. کۆیلایەتی لە جەوهەردا، داماڵینی مرۆڤە لە ئیرادەی وجودیی خۆی و گۆڕینی بۆ ئامرازێک کە لە خزمەتی ویستی کەسێکی تردا شەو و ڕۆژ بکاتەوە.

جەوهەری سەرەکیی ئەم وتارە، زیاتر زەقکردنەوەی سایکۆلۆژیای کۆیلایەتیی دەستەبژێرە ساختەکان و چینی خوێندەوارە. خوێندنەوەیەکە بۆ ئەو توێژەی کە خاوەنی بڕوانامەی بەرزی ئەکادیمی و پێگەی کۆمەڵایەتیین وەک مامۆستایانی زانکۆ، پزیشکان، دادوەران، ئەندازیاران و ڕۆشنبیران. چونکە ئەم توێژانە کە هەڵگری ناوی دەستەبژێرن و بە مرۆڤی هۆشیار ناویان دەرکردووە، کێم و زووخاوی  کۆیلایەتیی دڵخوازن، بە ناو و ناوبانگیان درێژە بە تەمەنی سیستەمە تۆتالیتارەکان دەدەن. ئەوان لەبری ئەوەی هۆشیارییەکەیان بکەنە چەکی ڕزگاربوون بۆ خۆیان و ئەوانی تریش، کەچی بوونەتە ئامرازی برەودان بە کۆیلایەتی و بەرهەمهێنانی زیاتری لەپێناو چەند لەزەتێکی کاتی خۆیان، بەمەش کۆمەڵگا دەخەنە تاریکترین قۆناغەکانی مێژووەوە. ئەو کۆیلە دەستەبژێرانە بە زانین و ئاگایییەوە خۆیان نرخ بۆ خۆیان دادەنێن و دەبن بە کۆیلەی دڵخواز؛ ئەوانەی لە دەرەوە چاکەت و بۆینباخی مۆدێرنیان لەبەردایە و ئامادەن لەبەر “خەندەیەک” یان “ئاوڕدانەوەی” دەسەڵاتدارێک، ئیرادە و کەرامەتی خۆیان بخەنە سەبەتەی دەسەڵاتداری ستەمکارەوە.

٢. وەهمی ئازادی

ڕوونە کە پەیوەندیی نێوان مرۆڤێکی ئازاد و بابایەکی کۆیلە، پەیوەندییەکی ئاڵۆز نییە، بەڵکوو تەنها مووێکە، مووی ئازادی! کاتێک ئەو مووە نەما و پچڕا، ئیتر هیچ شتێک نامێنێت بە ناوی مرۆڤی ئازاد. ڕێک سایکۆلۆژیاکە لێرەدا شکاوە و هەر لەم خاڵەشدا چاک دەبێتەوە. کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە ناو ئەمەوە، تووشی ڕووتی و داڕمانی وجودی دەبێت.

پەیوەندیی نێوان ئازادی و کۆیلایەتی پەیوەندییەکی تەواو دژەوانەیە، کاتێک یەکێکیان بوونی دەبێت، ئەوی تریان بوونی نابێت. واتە ناکرێت لە هەمان کاتدا ئازاد بیت و کۆیلەش بیت. چونکە زۆرێک لە کۆیلەکانی ئێستا لایان وایە ئازادن. ئەمە جیاوازییە زەقەکەیە لەگەڵ کۆیلایەتیی کۆن. چونکە کۆیلەی کۆن دەیزانی کە کۆیلەیە، بەڵام کۆیلەی ئێستا باوەڕی وایە کە ئازادە. ئەم بانگەشەیەشیان لەوەوە هاتووە کە ئەوان تێگەیشتنێکی مادییانەیان بۆ چەمکی ئازادی و تەنانەت کۆیلایەتیش هەیە. ڕوونە کە چەمکی ئازادی چەمکێکی ئەبستراکتە، بۆیە کۆیلەکان لە هەر شت زیاتر دەتوانن لە پەنایدا دووکەڵ بکەنەوە. ئیدی لەوێوە دێن و بەرگێکی مادییانە دەکەن بەبەری ئازادی و دەیکەن بە کەلوپەلێک و بۆ لای خۆیان دەیشکێننەوە. ئەم کۆیلە دەستەبژێرانە دێن و لە پەنای ئەم تێگەیشتنە مادییانەیان بۆ ئازادی خۆیان وەک ئازادترین تاک نیشان دەدەن لە کۆمەڵگادا. مەبەست لە تێگەیشتنی مادییانەی ئەوان بۆ ئازادی ئەوەیە کە ئەوان هەبوونی پارە و موچەی بەرز و ئۆتۆمبێڵی گرانبەها و ژیان لە گەڕەکە دەروازەدارەکان بە کرۆکی بوون و ژیانێکی ئازادانە دەزانن. ئەوان دەبێت بزانن کە ئازادی کاڵایەک نییە بتوانیت لە فرۆشگایەک بیکڕیت، یان وەک گەنجینەیەکی مادی بەدوایدا بگەڕێیت و جاڕی دۆزینەوەی بدەیت. ئازادی پڕەنسیپێکی تەواو ناوەکییە. هەر لە دەرووندا دەست پێ دەکات و هەر لەوێشدا کۆتایی دێت.

کاتێک مرۆڤێک بوونی خۆی لە کۆیلایەتیدا دەخنکێنێت، باشترین چاکەت، گرانبەهاترین بۆینباخ و پێڵاو و بەرزترین پۆست ناتوانن زیندووی بکەنەوە. شتەکە پەیوەست نییە بەوەی چی لە دەرەوە لەبەر دەکەیت، بەڵکوو شتەکە ئەوەیە لە ناوەوە چی لەبەر دەکەیت. ئەگەر پرسی ئازادی پەیوەست بێت بە ڕووکار و مادە، ئەوا دەبینین کە ئێستا دەستەبژێرە کۆیلەکان زیاتر لە ئازادەکان چاکەت و پانتۆڵ و بۆینباخیان هەیە، زیاتر لە ئازادەکان بڕوانامەی بەرزیان هەیە، زیاتر لە ئازادەکان باسی ئازادی، فەزیڵەت و ئەخلاق دەکەن. ئەوان هێشتا لەو وەهمەدان کە قسەکردن لەسەر ئازادی دەیانخاتە ناو ئازادییەوە. ئازادی جیایە لە قسەکردن لەسەر ئازادی. تۆ قسە لەسەر ئازادی دەکەی، بەڵام لەناویدا نیت. بێگومان ئەمەی دەیکەن و دەیڵێن میکانیزمێکی دەروونییە بۆ داپۆشینی کۆیلایەتییەکەیان. چونکە مرۆڤ هەرچەندە لە دەرەوە خاوەنی مادییات بێت، ناوەوەی زیاتر ڕووتی دەکاتەوە. کاتێکیش کۆیلەیەکی دەستەبژێری ساختە لە ناوەوە ڕووت دەبیتەوە، ناچار دەبێت چاکەت و پانتۆڵێکی گرانبەها لە دەرەوە لەبەر بکات تا ئەم ڕووتییە وجودییە کە لە ناخیدا هەستی پێ دەکات بیشارێتەوە.

٣. کاتێک مرۆڤ لە ناوەوە خۆی دەچەمێنێتەوە

لە مێژوودا ئەو ڕاستییە تاڵە دەبینین کە وەک کاڵا مامەڵە لەگەڵ کۆیلەدا کراوە. ئەگەرچی کۆیلەکە ویستی ئەوەی نەبووە وەک کاڵایەک مامەڵەی پێ بکرێ، بەڵام لەژێر زەبر و زەنگی هێزدا کراوە بە کۆیلە. بەڵام تاڵتر لەم ڕاستییە ئەوەیە کە مرۆڤ بە ویستی خۆی نرخ بۆ خۆی دادەنێت. ئەمە یەکێکە لە خاڵە جیاکەرەوەکانی کۆیلەی جەستەیی و کۆیلەی دەروونی. کۆیلەی دەروونی کۆیلەیەکە زیاتر لەناو توێژی دەستەبژێردایە، کەسانێکن هەمیشە چاوەڕێی نرخی دڵخوازی خۆیان دەکەن. کاتێک کۆیلەیەک نرخ بۆ خۆی دادەنێت گرنگ نییە نرخەکە چەندە، ئیتر ئەو خۆی لە مرۆڤبوون دادەماڵێت. هەر کێ نرخی دڵخوازی خۆی پێ بدات، بێ پێچ و دەوران خۆی دەخاتە کیسەکەوە. بۆ ئەو جۆرە مرۆڤە، کاتێک دەیبینیت هێشتا نەفرۆشراوە، یان ئەوەیە هێشتا کەس کڕیاری نەبووە سەرەڕای گەڕان بەدوای کڕیاردا، یانیش هێشتا ئەو نرخە دڵخوازەی خۆی پێ نەدراوە کە چاوەڕێی دەکات. مرۆڤی ئازاد هەرگیز خۆی نافرۆشێت، ئەو لە دەرەوەی نرخە، نرخی لەسەر دانانرێت. زۆرێک لە کۆمەڵگاکان بە درێژاییی مێژوو و تا ئێستاش، دەستەبژێری ئازادی وای هەن، ناتوانیت بە سەرمایەی هەموو زەوی بیانکڕیت. ئەمە خەیاڵ و یۆتۆپیا نییە، لە کۆمەڵگای کوردیدا دەتوانیت نموونە بەوانە بێنیتەوە کە هیچ نرخێک ناتوانێت بیانکڕێت! بەڵام ئەفسوس ئەمانە لە هەموو کۆمەڵگایەک کەمینەن.

جیهانی دەرەکی، (وەک سیستەم، دەسەڵات، حیزب، ستەمکار، سەرمایە) هەرگیز ناتوانن مرۆڤێک بچەمێننەوە، ئەگەر ئەم مرۆڤە لە ناوەوە خۆی نەچەماندبێتەوە. واتە پرسی کۆیلایەتیی دەستەبژێر پەیوەست نییە بەوەی لە دەرەوەی چی وەک ئۆفەر پێشکەش دەکرێ بۆ چەماندنەوەی، بەڵکوو پەیوەستە بەوەی تۆ لە ناوەوە چەماویتەتەوە یان نا! چەمانەوەی دەرەوە، ڕەنگدانەوەی ئەو چەمانەوە دەروونییەیە کە لە ژوورە تاریکەکانی ناخی ئەم کەسەدا بوونی هەیە بۆ کۆیلایەتییەکی دڵخواز. کاتێک کۆیلەی دەستەبژێر لە ناخەوە دەچەمێتەوە و مانای ئازادی دەکاتە قوربانی لەپێناو ئارامییەکی وەهمی و کاتی یان زەردەخەنەی دەسەڵاتدارێک، چیتر بەشێک نابێت لە جیهانی ئازادی، بەڵکوو دەبێتە داردەستێکی خواری دەسەڵاتداران و خۆبەخشانە زنجیر و کۆت دەخاتە دەروونییەوە. لێرەدایە کە ئەو دەبێت بە کۆیلەی بێ زنجیر! بەس ئەو وادەزانێت مادام زنجیری لە دەست نەکراوە و بە زۆر جل و بەرگێکی ناکەنە بەری، ئیدی کۆیلە نییە. ئەو زنجیرانەی کە نابینرێن، توندتر مرۆڤ دەبەستنەوە لەو زنجیرانەی کە دەبینرێن.

جیهانی دەرەکی تەنها “ئۆفەر”پێشکەش دەکات؛ واتە مەرج و پارە و کورسی. هەڵبەت ئۆفەرکان بۆ هەر چین یان توێژێک جیاوازن، ئۆفەرگەلی وەک پارەی زۆر و کورسی بۆ ئەم دەستەبژێرە ساختانەن کە وەک حەربا لە هەموو سەردەم و لەناو هەموو دەسەڵاتێکدا ڕەنگی خۆیان دەکەنە ڕەنگی ستەمکار. جیا لەمانە، مەرج نییە دەسەڵاتداری ستەمکار هەمان ئۆفەر بە هەموو توێژەکان بدات بۆ کڕینیان. بۆ هەندێک لە مرۆڤەکان تەنها پێدانی «خەندەیەک» پێی بەسە! بۆ زۆرێک لە کۆیلە ئاسایییەکان و تەنانەت دەستەبژێرەکانیش خەندەی ستەمکار یان ئاوڕدانەوەیەکی بەڕوودا بەسە بۆ ئەوەی هەستی کۆیلایەتییان تێر بکات. ئەو چینە نە پێویستیان بە کورسیی گەورە هەیە، نە بە پارەی بێشومار؛ تەنها خەندەیەک، وێنەیەک لە تەنیشت خاوەن کۆیلەکەوە، بەسە بۆ ئەوەی لەناو کۆیلایەتیی خۆیاندا، خۆیان بگەوزێنن و چەمانەوەی ناوەوەیان دەربخەن.

با بپرسین کە بۆچی بارودۆخی دەرەکی هۆکاری یەکلاکەرەوە نییە لە کردنی ئەوان بەم جۆرە کۆیلەیە؟ هەندێک جار لە ڕوانگەیەکی ڕوکەشانەوە وای بۆ دەچن کە ئەم جۆرە کۆیلایەتییە بەرهەمی ناچارکردنی دەرەکییە؛ واتە ترس لە هەژاری، یان بێکار بوون، یان فشاری سیاسی، یان ترس لە لەدەستدانی بژێوی، هۆکاری سەرەکیی چۆکدادانی مرۆڤەکانن. بەڵام ئەم بۆچوونە کورت دەهێنێت. ئەگەر بارودۆخی دەرەکی هۆکاری یەکلاکەرەوە بوایە، دەبوایە لە هەژارترین و ستەملێکراوترین کۆمەڵگەکاندا، تەنها و تەنها مرۆڤی ژێردەستە بوونی هەبووایە، و لەژێر هەمان سیستەم و بارودۆخیشدا کەس نەتوانێت بە سەربەرزی بژی. لە کاتێکدا دەبینین لە هەمان جوگرافیا، لە ژێر هەمان هەڕەشە و لە ناو هه‌مان سیستەمی سیاسی و ئابووریی تونددا، مرۆڤی ئازادیش بوونی هەیە.کەسێک هەیە کە سەرەڕای هەموو زەبر و زەنگێک، کەرامەتی خۆی نافرۆشێت، کەچی لە بەرامبەردا کەسێکی تر هەیە کە خاوەنی بڕوانامەی بەرز، پێگەی ئابووری و سامانە، بەڵام بە حەز و ئارەزووی خۆی ملی ڕێگای ژێردەستەیی دەگرێتەبەر. ئەمە بە ڕوونی دەسەلمێنێت کە بارودۆخی دەرەکی تەنها «ئۆفەر» و «زەمینە» دروست دەکات، نەک ئیرادە. سیستەم، حیزب یان دەسەڵات هەرگیز ناتوانێت مرۆڤێک بخاتە ناو کۆیلایەتی دڵخوازەوە. مەگەر خودی مرۆڤەکە بیەوێ بۆ «نەختێک تێربوونی زیاتر» هەڵوەدای ئۆفەرەکان بێت و ببێتە بەشێک لە مەکینەی کۆیلایەتی.

٤. پاداشت و سزا لە سایکۆلۆژیای کۆیلەی هاوچەرخدا

ژیانی کۆیلەی هاوچەرخ و دەستەبژێر، سەراپا لەنێوان «سزا» و «پاداشت» هەڵواسراوە. ئەمەش دەیخاتە ناو ترسێکی بەردەوام، تەنانەت لە بچووکترین هەنگاویدا ئەو ترسە وەک کابووسێک لەگەڵیدایە. ئەو هەمیشە بیر لەوە دەکاتەوە کارێک بکات کە لە بەرامبەردا پاداشت بکرێت و تووشی سزا نەبێت. بەڵام چەمکەکانی وەک سزا و پاداشت و بژاردەی ئازادانە لای ئەو بەتەواوی جیاوازن. چەمکی پاداشت لای کۆیلەی نادەستەبژێر و دەستەبژێر، زۆر تەنک و کاڵە. خەندەی دەسەڵاتدارێک، وێنەگرتنێک لەگەڵی، یان تەنانەت چەپڵەی کۆیلەیەکی سەرووتر لە خۆی، یان ئاوڕدانەوەیەکی کورت بەتەواوی دەبێتە پاداشت و دۆپامین دەڕژێنێت! ئەمانە هیچ تێچووێکی مادییان نییە بۆ خاوەن کۆیلەکە، کەچی زۆرجار ئەوەشیان پێ ڕەوا نابینێت. بۆ چینی دەستەبژێری ساختە جگە لە خەندە و وێنە، داوای پاداشتی مادی وەک کورسی و پلە و لەگەنی زیاتریش دەکەن. هەندێکیان پێیان دەدرێ و لەنێو کۆیلایەتییەکەیاندا تەڕاتێن دەکەن. هەندێکیش پێی ناگەن و بە دیار بێهیوایییەکەیانەوە دادەنیشن و ڕەخنە لەو کۆیلانە دەگرن کە ناهێڵن بگەن بەوەی کە ئەوان پێی گەیشتوون. چەمکی سزا’ش لای ئەوانە وەک ئەوە نییە کە مرۆڤێکی ئازاد تێی دەگات؛ سزا لای ئەو ئەوەیە چیتر وەک کۆیلە قبوڵی نەکەن، ناوی لە لیستێک بسڕنەوە، یان بڕێک لەو نانە زیادەی کە پێی دەدەن کەم بکەنەوە، یان لە سەرەوەی خوانەکە بیبەنە خوارەوەی خوانەکە. ئەمانە سزان، بەو سزایانە دەتلێتەوە. کاتێکیش وەک کۆیلە قبوڵی دەکەنەوە، زیاتر لە جاری پێشوو نوقمی کۆیلایەتییەکەی دەبێتەوە. ئەم کۆیلەیە لەناو وەهمی بژاردەی ئازادانەش دەژی؛ ئەو پێی وایە کاتێک بەرئەمری خاوەنەکەیەتی، ئیدی لەناو قووڵاییی هەڵبژاردندایە! واتە ویستی ئازادیی بڕیاردانی هەیە. ئەو تا مردنیش نازانێت هەڵبژاردن و ئیرادەی ئازاد چییە، چونکە لای ئەو، ئەم پرسە بەتەواوی تێکەڵی بەڵێکردن بووە.

٥. پارادۆکسی کۆیلەی دەستەبژێر

لە مێژوودا، دەرچەی ڕزگاربوون بۆ کۆیلە زۆر ڕوون بوو. بۆ نموونە فرێدریک داگلاس، کە خۆی کۆیلە بوو، دەڵێت فێربوونی خوێندنەوە یەکەم هەنگاوی ڕزگاربوونی ئەو بووە. واتە نەخوێندەواری مرۆڤ هۆکارێک بووە لە هۆکارەکان. بەڵام فێربوونی خوێندنەوە و نووسین میکانیزمێکی کاریگەری ڕزگاری بووە. ئەوەی کە سەیرە ئەمەیە، میکانیزمەکانی ڕزگاری لە ڕابردوودا، بووەتە میکانیزمێکی کاریگەریی کۆیلە دەستەبژێرەکان بۆ مانەوە لەناو کۆیلایەتیی دڵخوازدا. لێرەدا خوێندەواری و بڕوانامەکەی کە چەکی ڕزگاری بوون لە ڕابردوودا، تێکەڵ بە ئیرادە تێکشکاوەکەی خۆی دەکات بۆ گەیشتن بە نەختێک چێژی زیاتر. دوای تامکردنی نەختێک پارە و پێگە و لاچوونی، لە ناوەوە دەروونی دەیکرمێنێت و لە دەرەوەش وەک ڕیسوایەک دەبینرێت لەلایەن ئازادەکانەوە.

روونە کە نەخوێندەواری و نەبوونی زانیاری و زانین کۆیلەکانی خستووەتە ناو کۆیلایەتییەکی جەستەیییەوە، نەک دەروونی. قسەکە لەسەر ئەوە نییە کە کۆیلایەتییەکە کاریگەریی تاقەتپڕوکێنی دەروونی لەسەر نەبووە، نا! ئەوان بە جەستە کۆیلە بوون، بە دەروون ئازاد، چونکە دەیانزانی کۆیلەن و بە تەواویش ئەمەیان ڕەت دەکردەوە، بەڵام دۆخ ڕێگەی نەدەدا! واتە کۆیلەکە سەرەڕای نەخوێندەوارییەکەی هۆشیار بووە بەوەی کە کۆیلەیە و ئازادی نییە. بەڵام چی ئەگەر کۆیلەیەکی هاوچەرخی دەستەبژێر، بڕوانامەی دکتۆرای هەبێت و کۆیلە بێت و هۆشیاریش نەبێت بەوەی کە کۆیلەیە، ئەی چی ئەگەر بزانێت کۆیلەیە و پەسەندیشی بکات و شانازیشی پێوە بکات کە کۆیلەیە! ئەمە دۆخێکە هەرگیز کۆیلەکانی ڕابردوو ئەزموونیان نەکردووە، ئەوان بە جەستە کۆیلە بوون و لە ناوەوە ئازاد. بەڵام دەستەبژێرەکانی ئێستا جەستەیان ئازادە و لە دەرووندا کۆیلەن. ئەوەی کە تا ئێستا وەک ڕاستینەیەکی مێژوویی نادرەوشێتەوە ئەوەیە کە؛ کۆیلەکانی ڕابردوو شکۆمەندتر بوون بەراورد بە کۆیلەکانی دەستەبژێرەکانی ئێستا.

لە سەردەمی ئێستادا، کۆیلەکان دەکرێ زۆرتر لە ئازادەکان خوێندبێتیان و زیاتر لەوان بڕوانامەیان هەبێت و کتێبخانەکەشیان گەورەتر بێت. گرفتی کۆیلەی دەستەبژێری هاوچەرخ لە نەخوێندەواریدا نییە، بەڵکوو لە خودی خوێندەوارییەکەیدایە! ئەوان بەو چەکەی کە دەبێت چەکی ڕزگاربوون بێت، کەچی کۆیلایەتی برەو پێ دەدەن و تەمەنی ستەمکار درێژ دەکەنەوە. ئێستا کۆیلە خوێندەوارەکان و بڕوانامەدارەکان، لە کۆیلە نەخوێندەوارەکانی ئەوسا زیاتر بێ ئیرادەن لە کۆلایەتیدا تا بنی بنەوە ڕۆچوونە. کۆیلە هەیە کتێبی لەسەر ئەوە نووسیوە چۆن بڵێین «نا»، کەچی ناتوانێت بە خاوەنە ستەمکارەکەی بڵێ نا! کۆیلە هەیە کتێب لەسەر دانایی دەنووسێت، کۆیلە هەیە باسی پەیوەندیی نێودەوڵەتی دەکات، کۆیلە هەیە باسی دەروونناسی و فەلسەفە دەکات، هەیە ناوی کۆمەڵناسی هەڵگرتووە، هەیە پزیشکی مێشک و دەمارە، هەیە مامۆستای زانکۆیە، کۆیلە هەیە ئەندازیاری تەلارسازە، هەیە دادوەرە،  هەیە شاعیرە، سترانبێژە، کۆیلە هەیە پیاوی ئایینییە. ئازاری هەبوونی ئەم کۆیلە دەستەبژێرانە لەسەر دڵی ئازادەکان زۆر لە خودی ستەمکارەکە زیاترە، چونکە ئەوان بە چەک و چەمکی ئازادی نەک خودی ئازادی، ڕەگی کۆیلایەتیی خۆیان و مانەوەی دەسەڵاتدارانی ستەمکار پتەوتر دەکەن.

٦. گواستنەوەی تاوان و خۆبەستنەوە بە ستەمکارەوە

فرانز فانۆن(1) پێی وایە ستەمکار تەنها لەشی کەسەکە دەستبەسەر ناکات، بەڵکوو وێنەیەکی ناشیرینیش بۆ ستەملێکراوەکە دروست دەکات و ستەملێکراوەکەش ئەو وێنەیە پەسەند دەکات. بەمەش لەبری ئەوەی ستەمکار وەک ستەمکار ببینێت، خۆی و هەموو ستەملێکراوەکان بە ستەمکار دەبینێت. بۆ نموونە، هەموو ئەو کارەساتانەی دیکتاتۆرێک یان سیستەمێک بەسەر وڵاتیدا دەهێنێت، ستەملێکراوەکە لەبری ئەوەی گلەیی لە ستەمکار بکات، خۆی بە بەرپرسیار دەبینێت. بەڵام لێرەدا دیاردەکە قووڵترە! ئەوەی فانۆن باسی دەکات پرسی درووستکردنی وێنەیە بۆ کۆیلە لەلایەن ستەمکارەوە لە مێژوودا. ئیستا دۆخەکە جیاوازە، لەناو فەزای کۆیلە دەسەبژێرەکاندا، دەبینیت کە ئەوان بۆ دەسەڵاتدارەکە درووست دەکەن نەک دەسەڵاتدارەکە بۆ ئەوانی درووست بکات! وێنەکە ئەمە؛ هەرچی باشەیەک لە ئێمەدا ڕوو دەدات هی تۆیە و هەرچی خراپەیەکیش لە ئێمە و تەنانەت تۆشدا ڕوو دەدات هی ئێمەیە! واتە ئەو شکست و کارەساتی ستەمکارەکەش قبوڵ ناکات و دەیهێنێتە سەر خۆی. ئەمە پرسێکی هێندە بە ئازارە، ڕەنگە زمان نەتوانێت بە چەمکێکی ڕووت لە بۆتەی بدات.

کۆمەڵناس ئۆرلاندی پاتەرسۆن(2)، کۆیلایەتی بە “مردنی کۆمەڵایەتی” وەسف دەکات، چونکە کۆیلە لە کۆندا لە خێزان، ناو، زمان، مێژوو و ناسنامەی خۆی دابڕابوو و وەک مرۆڤێکی بێڕەگ دەژیا. ئەمە برینێکی دەروونیی قووڵ بوو. بەڵام پرسەکە لە سەردەمی ئێستادا جۆرێکی ترە: چی ئەگەر کۆیلەی ئێستا مرۆڤێکی بێڕەگ نەبێت، بەڵکوو لە ئازادەکان زیاتر لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا جێگیر ببێت؟ کۆیلەی دەستەبژێر دەکرێ دیوەخان، ئۆتۆمبێڵی گرانبەها، پێگەی کۆمەڵایەتی و بڕوانامەی بەرزیشی هەبێت. واتە ئەو نەک لە ڕەگەوە نەتەکێنراوە، بەڵکوو بەقووڵی لەناو باوەشی خێزان و سیستەمەکەیدا دەژی. بۆ کۆیلەی کۆن، کۆیلایەتییەکە مردنێکی کۆمەڵایەتییانە بووە، بۆ کۆیلە دەستەبژێرەکان لەناوەوە مردنێکی دەروونییانەیە.

بەگەڕانەوە بۆ مێژوو، کۆیلەکان هێندە دوور نەبوون لە خاوەنەکانیان، توانیویانە ڕووبەڕوو خاوەنەکانیان ببینن و تەنانەت قسەش بکەن. بەڵام کۆیلەی سەردەم دەکرێ تا مردنیش ڕووبەڕوو گەورەکەی نەبینێت؛ ئەمە نەک ئازاری کۆیلەکە نادات، بەڵکوو کۆیلایەتییەکەی خەستتر دەکاتەوە، چونکە نەگەیشتن پێی بە ئاسانی، خاوەنەکەی دەباتە پێگەی خودا و خانەی پیرۆزی.

٧. ترس لە ئازادی و دۆخی بەرپرسیارێتی

ئازادی بە «بەڵێ» دەست پێ ناکات، بەڵکوو بە «نەخێر» دەست پێ دەکات! گوتنی بەڵێ کارێکی ئاسانە و هیچ تێچوویەکی نییە جگە لە سڕکردنی ئەخلاقی لای ئەو کەسە! بەڵام کرۆکی ئازادی ویست و توانای گوتنی «نەخێر»ە بەرامبەر بەو هێزەی کە دەیەوێ کەڕامەتت بشکێنێت. گرفتەکە ئەوەیە کە دەسەڵاتداران پێویست ناکات ڕاستەوخۆ بەدوای ئەو کەسەدا بگەرێن، بەڵکوو ئەو کەسە خۆی بە هەموو کون و کەلەبەرێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی خاوەنەکەی کەڕامەتی بشکێنێت. ئێریک فرۆم (3) دەڵێت ئازادی بارێکی قورسە، چونکە لەگەڵ خۆیدا بەرپرسیارێتی و نادڵنیایی دەهێنێت. بۆیە بەئاسانی دەبینرێ کە ئەم کەسانە، کاتێک ئازادییان پێ دەدرێت، ڕادەکەن بەرەو لای دەسەڵات، حیزب، خێڵ و تائیفە، یان ستەمکارێک تا بڕیار لەجیاتی ئەوان بدات و بوونەکەی لەناو کۆیلایەتیدا بخنکێنێت.

ئەگەر مرۆڤی کۆن لەبەر پارووە نانێک یان زەبر و زەنگ بووبێتە کۆیلە، کۆیلەی دەستەبژێری ئێستا لەبەر نەختێک تێربوونی زیاتر، کورسی، پلە و پێگە دەبێتە کۆیلە، بەڵام لەناو جلوبەرگێکی مۆدێرندا. ئەگەر بەهانەیەک هەبێت بۆ ئەو مرۆڤەی کە بە نەزانین یان بۆ نان، یان زەبروزەنگ لە ڕابردوودا بووبن بە کۆیلە، ئەی چۆن بتوانین بەهانە لەوانە قبوڵ بکەین کە لە سەردەمی ئێستادا بە زانین و ئاگایییەوە خۆیان دەفرۆشن و ئازادییان دەخەنە زەمبیلی ستەمکارێکەوە؟ کۆیلایەتی کۆن دۆخێک بوو کە خۆت هەڵتنەبژاردبوو، بەڵام کۆیلایەتی هاوچەرخی دەستەبژێرانی ئەو دۆخەیە کە بە حەز و ئارەزووی خۆیان هەڵیانبژاردووە! هیچ کورسییەکی خولاوە و هیچ پلە و پۆستێک ناتوانێت بە دەوری ئازادیدا بتخولێنێتەوە، کاتێک تۆ ئازادیی خۆت وەک لاشەی مردووی بەرخێک فڕێ دەدەیتە بەردەمی دەسەڵاتدارێکی بێباک کە هەزاران کۆیلەی وەک تۆی لەبەر دەستە.

ژێدەرەکان

  • Fanon, F. (1967). Black Skin, White Masks (C. L. Markmann, Trans.). Grove Press. (Original work published 1952)
  • Patterson, O. (1982). Slavery and Social Death: A Comparative Study. Harvard University Press.
  • Fromm, E. (1941). Escape from Freedom. Farrar & Rinehart.
سەرهەد هادی
دەربارەی نووسەر
سەرهەد هادی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە