پۆرترێت

پێدەچێت وەرزەکە ڕوو لە سستی بێت، پاش ئەوەی ساڵەکە بە هێمنی و قەبارە زەبەلاحەکەیەوە درێژ دەکشێ و لەپشتی گەنجینەکەوە کاژەکەی خۆی فڕێدەدات.


دەمەو عەسرێکی برین پەرستە، زێدنشینەکان بەهەر چوارلای دۆڵەکەدا،

ئەوانەی قەتیس لەو ڕووناکییەی کە خول دەخوات و پاشان پەرش دەبێتەوە،

نەبینراو وەک ئەوەی ژاوەژاوێک بن چەماوە بەسەر سەری خۆیاندا.

لەوێ سیسرکەکان چەشنی تیر دەرچوو لە کەوانی تینویان

بە پڕتاو لە گۆشەکانەوە دەردەپەڕن و بە ڕووناکییەکەدا هەڵدەگەڕێن. بینراو

بەو سەر و سیمایانەی وێنای وەهمێک دەدرونەوە:

لەوێ چیرۆکەکە زار هەڵدێنێ و فریودەرانە ئازادی خۆی دەڵێتەوە

دەیڵێتەوە

دەیڵێتەوە لەو ڕوناکییەی کە خول دەخوا و لە بەردەمی گەنجینەک پەرش دەبێت.


دوای پشوویەک و جێهێشتنی خەواڵوویی،

ڕۆژەکە لە گەشتەکەی دەگاتە ناوەڕاست و تیشکی کەم تینی

بەسەر دۆڵە قەڵەوەکەدا هەڵدەواسێت. لەوێ دارستان ڕاوەستاوە بەو درەختە لەرزیوانەی پێکوتەکان لە لاقیاندا و زەرد دەچنەوە.

دوو ڕووبارەکەش مقەست ئاسا سەوڵی دێرینیان دەهاژوون، نائارام بەو دەستانەی

زەنگەکەیان هەڵگرتووە، بەبێ زار بەرەو داهاتوو،

ڕووبەڕوو بەرەو سنوورێک کە دەگڕێت و خۆی قاژ دەکات.


سنوور دەگەڕێ، قاژێکی تر لەو ئاشووبەی باشوورییانە چاو هەڵدێنێ و

لە گوندەکە بە نێوانی دوو کێڵگەدا ، پریشکهاوێژ ئاگرەکەی بەکێش دەکات.

ئیتر زەنگەکان

زەنگەکان و

دواتر زەنگەکان.

شەو لێرەیە

ئێرەیە شەو، کاتژمێری دڕاوی خەون، گۆرانی شکاوی شوێنکەوتوانی،

ئەو جووت لاقەی تاکەوتاک بەرەو پشتیان هەڵدەگەڕێن،

ئەو فیرعەونەی لێ دەگەڕێت چیاکە وا دابڕمێت، جار نا جارێک فریودەرانە

قۆڵەکانی دەکاتەوە و بە پلیکانەکەدا دێتە خوار.

لەوێ ناڵەی منداڵێک بەسەر قەرەوێڵەی مۆنی نەخۆشخانەکەدا دەزرمێنێ.

پاشان لە ناکاو بەدەم گرمەگرمی ئەو هەورانەی تەوژم دەدەن

ئاسمانەکەش دەکەوێتە خوار بەو ئەستێرانەی دەکۆکن و

پتر لە قەوارەی خۆیان کۆڵەکانیان دەڕفێنرێن.


دیسان ئەمە پۆرترێتی منە، کەسێک کە غەمگینانە دەدوێت، کێڵگەیەکی تەواو نەکراو،

ئەو دەرگایەی بۆ پاشەوەی لەسەر پشتە، یاخود کەشتییەکی بچووک کە دەخزێتە نێو پەرداخ و هەر لەوێدا لەنگەر دەگرێت.

یانیش وەرزی دڵۆپە کردوو بەو تەمانەی خۆیان بە دەلاقەکەیدا دەسوون…

photo_٢٠٢١-٠٦-٢٩_٠٠-٣٤-٥٤

سەرنجێک بنوسن