ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکی لە گۆشەی جیاوازەوە

دان بەوەدا دەنێم بە کارەکانی پۆڵ ئۆستەر ئاشنا نەبووم تا ئەو کاتەی نووسیار پێشنیاری وەرگێڕانی ڕۆمانی ‘پیاوی ناو تاریکی’یان بۆ کردم. هەر چەندە کەم تا زۆر ئاشنا بووم بە بەشێک لە کارەکانی نێو وێژەی نوێ و کۆنی ئەمەریکی، وەک بەرهەمەکانی ماڕک توەین، جۆن گرین، دەیڤد فۆستەر واڵس،  ف. سکۆت فیتزجێڕاڵد، ستیڤن کینگ، هـ. پ. لۆڤکرافت، ئایزاک ئاسیمۆڤ و هەندێکی دیکەش، کەچی هیچم سەبارەت بە جیهانی پۆڵ ئۆستەر نەدەزانی. پێش دەستکردن بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکە دەستم کرد بە خۆئاشناکردن بە کارەکانی ئەم نووسەرە. بۆ وەرگێڕ هەر زەڕڕە زانیارییەک سەبارەت بە نووسەر و کارەکانی پێشووی بۆ بەرهەمهێنانی وەرگێڕانێکی درووست گرنگە. تاوەکوو نەکەوینە هەڵەوە، وردبوونەوە لە دەق و دەرەدەقی ئەو بەرهەمەی ئامانجمانە وەری بگێڕین پێویستە جێی سەرنجمان بێت.

جەی ڕوبن، کە وەرگێڕی بەشێکی زۆر لە کارەکانی هاروکی موراکامییە لە ژاپۆنییەوە بۆ ئینگلیزی، وەختێک ڕۆمانی ”یاداشتنامەی باڵندە قوڕمشییەکە” وەردەگێڕێت، ڕۆژێکیان چەند جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ موراکامی دەکات تا هەندێک دژوێژیی دەقەکە یەکلا بکاتەوە، هاوکات موراکامی نووسەرێکە خەمی ئەوەیەتی چۆن نووسینەکانی وەردەگێڕرێن، بۆیە ڕوبن دەیویست سەبارەت بە هەندێک هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژە پرسی پێ بکات. بۆ نموونە یەکێک لەو شتە وردانە بریتیی بوو لەوەی کاراکتەرێک لە یەکێک لە دیمەنەکان چوارچێوەی چاویلکەکەی ڕەشە، بەڵام لە دیمەنێکی دواتردا ڕەنگی چوارچێوەی چاویلکەکە دەبێتە قاوەیی١. وەها وردبینییەک و بەفیلتەربردن گرنگە لە وەرگێڕان تاوەکوو بەرهەمێکی بێگانە بە باشی بە خوێنەرانێکی خۆماڵی بناسێنرێت و تا دەکرێت ڕێ لە بەفیڕۆچوونی ئەزموونە ئەدەبییەکەی دەقە ڕەسەنەکە بگرین.

نەبوونی وردبینی گیانی دەق هەلاهەلا دەکات و بەهای ئێستاتیکی دەقە وێژەییەکە لە گۆڕ دەنێت. لە کەشی وەرگێڕانی کوردیدا دەشێت دەیان نموونە هەبن. دەشێت یەکێک لەو نموونانە وەرگێڕانی کۆمەڵەشیعری هۆنەری کەنەدی ڕوپی کۆر— شیر وهەنگوین— بێت، کە خۆی بەرهەمێکە لە ڕووی وێژەییەوە لاوازە، جا جووتە وەرگێڕێک لە وەرگێڕانەکەیاندا هێندەی تر دەقەکەی کۆریان کۆرتر و کۆڵەوارتر کردووە٢. وەختێک کۆر تێکستەکانی دەنووسێت پەنا ناباتە بەر خاڵبەندی، گەر تێبینی بکەیت شوێنەواری خاڵبەندی و بە کاپیتاڵ نووسینی ئەو وشانەی لە ڕێزمانی ئینگلیزیدا دەبێت بنووسرێن، فەرامۆش دەکات.  

ڕوپی کۆر کچە پەنابەرێک بووە، زمانی دایکی ئەو پونجابییە، سا بە شیوازێک دەنووسێت، بێکاپیتاڵ و کەمیی خاڵبەندی، بۆ ڕێزگرتنی زمانی دایکی و ستایشکردنی سادەیی٣. تێگەیشتنی ئەم خاڵە گرنگە تاوەکوو بتوانین شوناس و ڕەسەنی نووسەر بپارێزین. نەنووسینی هێما و وەلانانی یاساکانی خاڵبەندی بۆ شیعرەکانی کۆر هێندەی ئەوەی کۆر لەو تێکستانەدا چی دەڵێت گرنگە، کەچی لەو وەرگێڕانە کوردییەی بە دەست خوێنەری کورد گەیشتووە پڕی خاڵبەندییە، کەس نازانێت ئەم ئاماژە و هێما خاڵبەندییانە لە کوێوە خۆیان خزاندوەتە نێو کورتەشیعرەکانەوە. وەرگێڕەکان دەڵێن کە لە سویدییەوە دەقەکەیان وەرگێڕاوە و پاشان بەراوردیان پێ کردووە بە دەقە ئۆرگیناڵەکە، جا گەر خوێنەرێکی کنجکۆڵ لە سەرچاوە سویدییەکەش بڕوانێت، دەبینێت کە خاڵبەندی نە بای هەیە نە خەیاڵ. هەر بەڕاستی زانینی ئەمە هیچ پێویستی بە وردبینییەکی جەی-ڕوبن-ئاسایانە نییە، هێندەی بە گەڕانێکی گووگڵ یان خوێندنەوەی یەک دوو چاوپێکەوتنی ڕوپی کۆر ئەو هەڵە زەقە نەدەکرا.

کێشە لە جێبەجێکردنی ئەم ستراتیژییە، واتە ئاشنابوونێکی باش بە کارەکانی پۆڵ ئۆستەر لە ماوەیەکی کەمدا، ئەوەیە کە ئەو خاوەنی بەرهەمگەلێکی زۆرە و شوێنەواری لۆچەکانی پەنجەی بە بوارگەلێکی هەمەچەشنەوەیە. پۆڵ ئۆستەر ڕۆماننووس، وەرگێڕ، هۆنەر، وتارنووس و، دەرهێنەرێکی ئەمریکییە. لە ساڵی ١٩٤٧ لە نوجێرزی لەدایک بووە. بە نووسینی چەند ڕۆمان، یاداشتنامە و وتاری ناوازە و، دەرهێنانی کۆمەڵە فیلمێک، ناوی خۆی خستۆتە نێو ناوانی کەسایەتییە پڕشنگدارەکانی وێژەی ئەمریکی. سا بەرهەمەکانی ئۆستەر هەمەچەشنن، ئاسان نابێت بۆ کەسێک لە ماوەیەکی کورتدا خۆی بە تەواوی کارەکانی ئاشنا بکات، لێ گومانی تێدا نییە کارەکانی ئەفسوونێکیان هەیە، وەک ئەوەی تەڵیسمیی جادووییان تێدا نەخشێنرا بێت، مرۆڤ کەمەندکێش دەکەن. هەر چۆنێک بێت، وەک ئەوەی دواتریش لەم وتارە دەیبینین، پۆڵ ئۆستەر وەک ڕۆماننووسێکی پۆستمۆدێرن پۆلێن کراوە، ئەم دەستەواژەیە بووەتە چەترێک بۆ کارەکانی.

وێژەی پۆڵ ئۆستەر تژییە لە بیرۆکەی فەلسەفی، هەر دوور نەڕۆین لە ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکی ئاماژە بۆ جیۆردانۆ برونۆ دەکات، کە فەیلەسوفێکی سەدەی شازدەی ئیتاڵیا بووە، بە هۆی بیرۆکە نائۆرتۆدۆکسییەکانیەوە لەلایەن کڵێسا بە دارێکەوە دەبەسترێت و گڕی تێ بەر دەدەن. لە پاڵ فەلسەفاندن لە نێو دەقە وێژەییەکانی و نووسین بە پەنابردنە بەر کەرەستەکانی وێژەی پۆستمۆدێرنە، ڕۆمانەکانی پۆڵ ئۆستەر مۆرکێکی ڕەسەنیان هەیە چونکە ڕۆمانی ئەزموونین، ئۆستەر زۆر جاران بە شێوەیەکی دەرە-نەریتیانە چیرۆکەکانی دەگێڕێتەوە. سییانەی نویۆڕک، کە سێ شاکارەڕۆمانی ئۆستەرن، چیرۆکی لێکۆڵەری و پۆلیسی لە فۆڕمە نەریتییەکەی دەردەهێنن. لە شاری شووشەیی، بۆ نموونە، لێکۆڵەرێک بەناوی دانیێڵ کوین ڕادەسپێردرێت تا نهێنیی پشت دۆسیەیەکی سەردەرلێنەکراو هەڵبهێنێت، ئەم لێکۆڵینەوەیەی پەلکێشی گەشتێکی سووریالی دەکات تا لە شوناس، ئەزموونی ئەو بۆ کەتوار و مانای ژیان بکۆڵێتەوە، ئاخر هێڵەسنووری نێوان کەتوار و خەیاڵ ڵێڵ دەبن بۆی.

ئۆستەر شارەزایییەکی کارامەی هەیە لە بەکارهێنانی زماندا، بە ئاسانی دەستی بەسەر وشەکاندا دەشکێت. وەک ئەوەی فڵچەیەکی بەدەست بێت و، هاوشێوەی وێنەکێشی ئەمەریکیی بۆب ڕۆس، وێنەیەکی ڕوون لەسەر کانڤاس بکێشێت، ئا ئاوها مامەڵە لەگەڵ وشەکان دەکات، لەگەڵ فڵچەپیاهێنان بە هەر ڕەنگەوشەیەک دیمەنی ڕوون و بینراو لەسەر کانڤاسی پەڕە کاغەزییەکان دەنەخشێنێت و چاوی خوێنەریش بێ گرێوگۆڵ ئاماژەکانی سەر پەڕەکە وەردەگرن و لە نێو کەللـەی سەری خوێنەر و پڕۆجێکتەری سینەمایی مێشکیش پەخشی دەکات تاکوو هۆشمان چێژ لە ڕۆمان-فیلم-تابلۆکە ببینێت. ئەمە زۆر بە جوانی لە ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکیدا دەردەکەوێت، وەختێک ئۆگەست بڕیل، کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە، لەگەڵ میریامی کچەزای گفتوگۆ لە بارەی چوار فیلمەوە دەکەن: فیلمێکی ژاپۆنی [Tokyo Story (1960)]، فیلمێکی هیندی [The World of Apu (1959)]، فیلمێکی ئیتاڵی [The Bicycle Thief (1948)]، فیلمێکی فەڕەنسی [The Grand Illusion(1937)]. بینینی دیمەنی فیلمەکان و خوێندنەوەیان هەمان شوێنپێی سینەمایی لە مێشکی خوێنەر-بینەردا جێ دەهێڵن. وەختێک بۆ یەکەم جار لە ڕۆمانەکەی ئۆستەرەوە دیمەنی فیلمەکە دەخوێنیتەوە، ئینجا کونجکۆڵیت یەخەت دەگرێت و تەماشای خودی فیلمەکە دەکەیت، وشەکانی ئۆستەر دۆخی دێژاڤوت [Déjà vu] بۆ درووست دەکەن و وا هەست دەکەیت کە پێشتر فیلمەکەت بە هەمان چەشن بینیوە.

ئاشنابوون بە ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکی

ئەم ڕۆمانەی پۆڵ ئۆستەر–پیاوی ناو تاریکی– لە ئۆگەستی ساڵی ٢٠٠٨ کەوتوەتە بەر دیدی خوێنەران. جگە لەوەی ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرنیستیانەیە، دەشتوانین وەک ڕۆمانێکی پاش ١١ـی سێپتەمبەر پۆلێن بکرێت. ئاخر هەمووی ٧ ساڵێک بەسەر ئەو ڕووداوە تێپەڕی کرد بوو، کە بێشک ڕووداوێکی کاریگەر و شۆکهێنەر بوو لە مێژووی نوێی ئەمەریکادا، ئەم خاڵە مێژوویییە زەبرێکی دەروونی بە کۆمەڵە بوو بۆ ئەمەریکییەکان. وێڕای ئەمەش، هەمووی ٥ ساڵ بووبوو ئەمەریکا عێڕاقی داگیر کردبوو. ئەمە جگە لەوەی چەند مانگێک دوای بڵاوکردنەوەی ئەم ڕۆمانە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بوو، سا بۆیە لە ئەمەریکا باسوخواسی هەڵبژاردن و ململانێ سیاسییەکان سەبارەت بە پرسە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی هاوشێوەی بارودۆخی عێڕاقی پاش جەنگ گەرم بوون و لە ئەوپەڕیدا بوو لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان. ئیدی ئەم ململانێ و زامە سیاسییانە بە ڕوونی لەنێو ڕۆمانەکە دەردەکەون.

ڕووبەرگی ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکی، وەرگێڕانی کوردی

 ڕۆمانەکە دەربارەی ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگرێکی ویژەیی پەکەوتووە بەناوی ئۆگەست بڕیل، دۆخێکی ئینسۆمنیاکی [بێخەوی] هەیە، بۆ ڕزگاربوونی لە دەردەسەرییەکانی ژیان، لەگەڵ ئەوەی بەری شەوگاریش درێژە، شەوان لە مێشکی خۆیدا جیهانێکی دیستۆپیی هی ئەمەریکای ئێستا دەئافرێنێت، جیهانەکە نەخشەی مێژوویەکی جێگرەوەی ئەمەریکایە [مێژوویەکی ئاڵتێرنێیت؛ alternate history]. جیهان یان مێژووی جێگرەوە بریتییە لەو جیهان و ماوە مێژوویەی کە لە بەرهەمێکی ئەدەبیدا وێنا دەکرێت بەڵام مەرج نییە هاوشانی ئەو مێژوو و جیهانە بێت کە ئێمە بەڕاستی تێیدا نیشتەجێین.  بۆ نموونە، لە چیرۆکی ‘لا یۆرۆنا’ کە یەکێکە لە چیرۆکەکانی نێو کۆمەڵەچیرۆکەکەم بە هەمان ناونیشان، ئەو کوردستانەی کە لەنێو چیرۆکەکەدا هەیە شێوەی زۆر لەم کوردستانەی کە من و تۆی خوێنەری ئەم دەقە لێی نیشتەجێین جیاوازە. ڕاستە کوردستانە، ڕەنگە لە هەندێک قۆناغەکانی مێژوویشدا پێک بچن، وەلێ هەندێک توخمی مێژوویی، جیۆگرافی، شێوەی باڵەخانەکان، ڕێکار و پلەوپایەکانی نێو پۆلیس، هتد، تەواو جیاوازە لەم کوردستانەی خۆمان.

 ڕەنگە چەمکی جیهان یان مێژووی جێگرەوە، یانیش جیهانە هاوتەریبەکان، لە وێژەی ئێمەدا هێشتا دەگمەن بێت، سا حەز دەکەم یەک دوو شتی لەسەر بڵێم. ئاخر بۆیە ساڵێک پێش ئێستا نووسەرێکی کورد پەلاماری بەرهەمێکی بەناوبانگی نووسەری ئەمەریکی هـ. پ. لۆڤکرافتی دابوو. لۆڤکرافت نووسەری چیرۆکە سامناک و خەیاڵی زانستی و جادووگەرییەکانە، یەکێک لە داهێنانە ئەدەبییەکانی بریتی بوو لە کتێبی نیکرۆنۆمیکۆن و کاراکتەرێک کە خاوەنی ئەو کتێبە بووە و ناسراوە بە عەرەبە شێتەکە. نە کتێبەکە نە کاراکتەرەکە لە دونیا و مێژووی ڕاستەقینەی ئێمەدا بوونیان نییە، وەلێ بۆ بە هونەریکردنی زیاتری بەرهەمەکەی، لۆڤکرافت مێژوویەکی خەیاڵاوی بۆ بنچینەی ئەو کتێبە سامناکە نووسیوە، کەچی ئەم نووسەرەی خۆمان لێی بووبووە مێژوویەکی ڕاستەقینە، لە نووسینەکەی وا دەردەکەوت خوێنەرانی ئاگادار بکاتەوە توخنی ئەو کتێبە خەیاڵاوییە نەکەون، نەبا کثولو، کە دەعبایەکی نێو چیرۆکەکانی لۆڤکرافتە، بیانکوژێت.

بەهەرحاڵ، لە یەکێک لە جیهانەکانی نێو ڕۆمانەکەی ئۆستەر، وڵات کەوتووەتە ناو تەمومژی دووکەڵی جەنگەوە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٠. وڵاتەکە لە جەنگدا نییە دژی تیرۆر، دوو باڵەخانەکەی ١١ـی سێپتەمبەر لە جێی خۆیانن، تەنانەت درزێکیان تێ نەکەوتووە بەهۆی پێکدادانی فڕۆکەوە، ئاخر لەم مێژووەدا ١١ـی سێپتەمبەر ڕووی نەداوە. مارێنزەکانیش بۆ داگیرکردنی عێڕاق ڕەوانەی ئەوێ نەکراون، بەڵکوو جەنگێکی ناوخۆ لە ئەمەریکا قەوماوە. شاری نویۆرك، کە ناسراویشە بە ئەو-شارەی-هەرگیز-ناخەوێت، بۆمباران کراوە، دەوروبەری ٨٠،٠٠٠ کەس بوونەتە قوربانی و، وڵاتەکە بووەتە وێرانە بە هۆی جەنگی ناوخۆوە.

هەرچەندە ڕۆمانەکە ڕاستەوخۆ باس لە ڕووداوەکانی ١١ـی سێپتەمبەر ناکات، وەلێ ئەو شتانەی کە ڕوودەدەن لە هەردوو جیهانەکەی بڕیل و بریک دەرئەنجامی ئەو ڕووداوەی مێژووی ئەمەریکان. بۆ نموونە، یەکێک لەو کاراکتەرانەی کە بوونێکی سەرتاسەری لە ڕۆمانەکەدا هەیە، بەڵام بە جەستە لەوێ نییە، تایتوس سمۆڵە. ئەو کوڕە گەنجە لە ٢٠٠٦ لە ئەمەریکا سەری خۆی هەڵدەگرێت و دەبێتە بەڵێندەرێکی ئەمەریکی لە عێڕاق. ساڵێک دواتر لەلایەن گرووپێکی تیرۆریستییەوە دەگیرێت و وەک زیندانییەک دیمەنەکەی بۆ جیهان پەخش دەکرێت. تایتووس قوربانیی دەستی پەلامارەکەی ١١ـی سێپتەمبەر نییە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ئەو لەو قوربانییانەیە کە ساڵانێک پاش سیاسەتە نێودەوڵەتی و ناوخۆکانی ئەمەریکا بووەتە قوربانییەکی لاوەکی ڕووداوە ڕاستەقینەکە.

لە پاڵ پۆستمۆدێرنیستبوونی ڕۆمانەکە و پۆلێنکردنیشی وەک وێژەی پاش ١١ـی سێپتەرمبەر، دەتوانریت بە ڕۆمانێکی دیستۆپی. دیستۆپیا [dystopia؛ دەکرێت بە کوردی پێی بڵێین بەدشوێن] پێچەوانەی یوتۆپیایە [utopia؛ لە فەرهەنگی کوردستانیکا بە زمانی کوردی ئەم وشانەی بۆ بەکار هاتووە: هیواشار، ناشوێن، خەیاڵشار]. دیستۆپیا جێیەکە کە تێیدا هەموو شتێک شێوێنراوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ژێرخانەوە، شوێنێکە مرۆڤ ئاواتی بۆ ناخوازێت، هەر چی یوتۆپیایە بریتییە لە شارێک هەموو شتێکی بێخەوش و نموونەیییانە بەڕێوە دەچن و ئەوەی ئازارچەشتن بێت تێیدا نادۆزرێتەوە، ئەمە وێناکردنی شارێکە یان مەملەکەتێک کە تێیدا هەموو شتێک لە هارمۆنییە و مرۆڤ ئاواتەخوازێتی جیهان بگەیەنێتە ئاستی ئەو شارە خەیاڵییە.

ئەوە ڕاستە جیهانی یوتۆپیا لەمەی ئێستای ئێمە باشترە، وەلێ ڕاستەوخۆ مەرج نییە یوتۆپیا هاوواتای باش بێت و دیستۆپیاش خراپ. گومان لەوە نییە دیستۆپیا جێیەکی دۆزەخئاسایە کەسمان هیوا ناخوازین نیشتەجێی بین، وەلێ ئەو ڕۆمانانەی جیهانێکی دیستۆپییان نەخشاندوە وشەکانی نێویان هێشتا لەگەڵماندا دەژیێن، هاوشێوەی جیهانی نێو ڕۆمانەکانی ١٩٨٤ـی جۆرج ئۆروێڵ، جیهانی نوێی دڵڕفێنی ئەدۆڵوس هەکسڵی، باتڵ ڕۆیاڵی کۆشون تاکامی یان لە ڕۆمانە وێنەدارەکانیش V for Vendettaـی ئالان موور و چەندان بەرهەمی دیستۆپیایی دیکە. دیستۆپیا لەم ڕۆمانانە دەمانتۆقێنێت، هەر بۆیەشە کەرستەیەکی باشە تا مرۆڤ ئاگادار بکاتەوە لەوەی بەرەو چ هەڵدێرێک دەچێت. ئەو جیهانەی ئۆگەست بڕیل دەینەخشێنێت لە نێو ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکی جیهانێکی دیستۆپیاییە و تێیدا ملیۆنان مرۆڤ بوونەتە قوربانی، باڵەخانەکانی شارەکانی ئەمەریکا هەرەسیان هێناوە، شڕۆڵن و درزیان تێکەوتووە. شارەکانی ئەمەریکا لەم جیهانە بوونەتە سەربازگە و سەنگەر، نەک سەنگەر دژ بە دوژمنەکانی، بەڵکوو “ئەمەریکا شەڕ لەگەڵ ئەمەریکا دەکات” (ل. ١٦).

ڕۆمانی ناو پۆستمۆدێرنیزم

ڕاستییەکەی، پێناسەکردنی پۆستمۆدێرنیزم کەمێک سەختە. سەختییەکە هی ئەوەیە کە تاقە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ پۆستمۆدێرنیزم نییە، هەروەها شتانێکی زۆری هەمەچەشنیش دەگرێتەوە کە لە ژێر چەتری پۆستمۆدێرنیزمدان کە پەیوەندییان بە یەکترییەوە هەیە بەڵام مەرج نییە وەک یەک بن یان تەنها لە ژێر تاقە پێناسەیەکدا خڕ بکرێنەوە. حەز دەکەم کە جیاوازییەکی ڕوون بکەم لە نێوان پۆستمۆدێرنیزم وەک ڕێبازێکی وێژەیی بە جیا، هەروەها وەک فەلسەفە و تێڕوانین بۆ چەمکی ڕاستی، زانست، سیاسەت و هی تریش بە جیا.

 لێرە بەدەر دەکەوێت کە بەڵێ وێژەی پۆستمۆدێرنیزم و فەلسەفەی پۆستمۆدێرنیزم خاڵی یەکتربڕیان لە نێواندا دەبێت، لێ هاوشانی یەکتری نین. پۆڵێنێک کە بۆ پۆستمۆدێنیزم(ـەکان)ـی بکەین دەشێت دابەشکردنی چەمکەکە بێت بۆ سێ مانای تر٤. دانەیەکیان پۆستمۆدێرنیزمی کولتوورییە، کە کارە هونەری و ژانرە وێژەیییەکان دەگرێتەوە، جا لە فیلم، بیناسازی، ڕۆمان وشیعرەوە بگرە تا بەرهەمە کولتوورییەکانی دیکە. دانەیەکی تریان پۆستمۆدێرنیزمی تیۆری یان بیردۆزییە، کە کارە تیۆرییەکانی وەک هی میشێل فوکۆ، جاک دێریدا و بیرمەندەکانی دیکە دەگریتەوە سەبارەت بە زانین، ڕاستی، هێز، زانست و هتد. مانایەکی دیکەی پۆستمۆدێرنیزم دەشێت پێی بڵێین پۆستمۆدێرنیزمی مێژوویی، ئەمەش وابەستەی هەلومەرجێکی سیاسی بووە لە ناوەڕاستی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەرەو سەرەوە.

ڕەنگە فەلسەفەی پۆستمۆدێرنیزم، مەبەستم لە کایە تیۆرییەکانیانە سەبارەت بە زانست و زانین، یەکێک بێت لەو کایە فەلسەفییانەی تا دوا هەناسە دژیم، ئاخر شوێنکەوتوانی بە چەشنێک دەدوێن، گومانم هەیە خۆشیان لە خۆیان تێبگەن. هەر بۆیە یەکێک لەو ڕەخنە باوانەی ڕووبەڕووی فەلسەفەی پۆستمۆدێرنیزم دەکرێتەوە ئەوەیە کە ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە دەبێتە هۆی برەودان بە لێڵپەرستی [Obscurantism]، ئەویش ئەوەیە کە بیرمەندەکانیان بە مەبەست، تەنانەت دەشێت بە نائاگایانە، ڕستە و دەستەواژەکان لێڵ و ناڕوون دەرببڕن تا ساوێری ئەوە درووست بکەن کە زانین بۆ دەستەبژێرەکانە و هەموو کەسێک ناتوانێت لە بابەتە هزرییەکان تێ بگات یان ئەوەتا وەختێک ڕەخنە لە تێڕوانینێکیان دەگریت، ئاسان دەبێت بۆیان خۆیان لە گفتوگۆ بدزنەوە بە تۆمەتبارکردنت لەوەی ئاستی تۆ هی ئەوە نەبوو لە تێڕوانینەکە تێ بگەیت. هاوکات ئاخاوتن بە شێوەیەکی جوان و دانەپاڵی وشەگەلی سەرنجڕاکێش و دەربڕینی هەندێک وتە کە قووڵ دەردەکەون، یان وروژاندنی هەندێک بابەتی شۆکهێنەر، لایان زۆر شایستەترە وەک لەوەی بەڕاستی خۆیان بە ڕاستی و زانین و بابەتە قووڵە فکرییەکانەوە سەرقاڵ بکەن.

 دەشێت ئەم ڕەخنە توندانە بەباشی کرۆکی پۆستمۆدێرنیزمیان پێکا بێت (هیچ نەبێت ئەوانەی هەموو شتێک، تەنانەت پرسە زانستییەکان، وەک داڕشتەی کۆمەڵایەتی [social construction] دەبینن). دوور نەڕۆین فیزیاناس ئالان سۆکال لە ١٩٩٦ چاکی پێ کردن، وەختێک پەیپەرێک بۆ گۆڤارێک دەنێریت کە  لە پەیپەرەکەی گوایە لە بارەی هێرمەنۆتیکای کوانتەم گراڤیتییەوە دەدوێت، جا ڕاستی نووسینەکەی سۆکاڵ لە ناونیشانی توێژینەوەکەیەوە تا دوا پیتی پووچ و بێمانا بوو، کەچی ئەو گۆڤارە پۆستمۆدێرنیستییە بڵاوی کردبووەوە بێ هیچ فیلتەرێکی ماریفی. ئێستا ئەو ڕووداوە ناسراوە بە بەزمەکەی سۆکال [Sokal affair]. چۆمسکی لە چاوپێکەوتنێکیدا ڕاست دەبێژێت، کە دەستەیەک لە پۆستمۆدێرنیستەکان بە شێوەیەک لە زانست دەدوێن مایەی خەجاڵەتباریی و تەرقیبوونەوەیە٥. هەر بۆ نموونە، ئالان سۆکاڵ و ژان بریکمۆنت لە کتێبێکیاندا باس لە توێژینەوەیەک دەکەن کە دەستەیەک زانا لە توێژینەوەیەکدا بە شیکاریی دی-ئێن-ئەی گەیشتبوون بەوەی ئەگەری زۆرە ڕامسیسی دووەم بە نەخۆشی سیل مرد بێت، کەچی برونۆ لاتور، کە پۆستمۆدێرنیستێکی فەڕەنسییە، نووسی بووی ئەوە گەمژانەیە بگوترێت ڕامسیسی دووەم بە سیل مردووە، ئاخر چۆن دەکرێت ڕامسیس بە سیل مرد بێت وەختێک بەکتریای باسیلوس لە ساڵی ١٨٨٢ لەلایەن ڕۆبێرت کۆکەوە دۆزراوەتەوە، پێش ئەو ساڵە نەخۆشی سیل نەبووە. ئەمەش واتە نەخۆشی سیل و نەخۆشکەرەکەی کە بەکتریای باسیلوسە داڕشتەیەکی کۆمەڵایەتین٦. واو.

بەهەرحاڵ، پێم وایە، وەختێک دێتە سەر ئەدەبیاتی پۆستمۆدێرنیزم، تفەنگنانە بە تاریکییەوە گەر هەمان ئەو ڕەخنانە پاتە بکەینەوە. بگرە بەرهەمگەلی وێژەییی پۆستمۆدێرنیستانە دەشێت مایەی ستایش بن. ستایشی هەندێک خەسڵەت و سیمای پۆستمۆدێرنیستی لە وێژەدا، بەڵام دژایەتیکردنیان وەختێک دێتە سەر زانست و فەلسەفە، وەک بەکارهێنانی زڕزانستە لە وێژەی خەیاڵی زانستی. خۆ زۆرێک لە بەرهەمەکانی خەیاڵی زانستی پڕن لە تێما و چەمکی نازانستی و زڕەزانست، بەڵام بە گەڕ نەخراون تا پێمان بڵێن سرووشتی گەردوون وەهایە، تەنها بۆ چێژی وێژەیی و لە پێناوی گەشەدانی پلۆت وەگەڕ دەخرێن. بۆ من سەروسیمای هەندێک لە خەسڵەتەکانی پۆستمۆدرێنیزمیش لە وێژەدا وەهان، لە پێناوی ڕەخساندنی دەرفەتی باشتر بۆ نووسینی چیرۆکی هونەری ناوازە و پێدانی دەرفەتی زیاتر بۆ فراوانکردنی سنووری گێڕانەوە و پێدانی ئەزموونی زیاتر بە خوێنەران و تەنانەت نووسەرانیش.

وێژەی پۆستمۆدێرنیزم خاوەنی چەند سیما و خاسیەتێکە کە دەتوانێت خەیاڵ و هەستەکانمان بوروژێنێت، وابەستەی ئەزموونگەلێکمان بکات کە ناشێت لە ژانراکانی دیکەی وێژەوە ئەو ئەزموونانەمان بکردایە یان بە هەمان ئەندازە ئەو ئەزموونانەمان نەدەکرد. بەمەش ئەم ژانرایە دەتوانێت ئازادیی زێدەتر بە نووسەر و خوێنەر بدات لە چێژوەرگرتن، هزراندن و ڕاڤەکردن. ڕۆماننووسە پۆستمۆدێرنیستەکان چەند ستراتیژیەک بەکار دەهێنن بۆ نووسینی ڕۆمانەکانیان وەک هەبوونی جیهانگەلێک و کەتوارگەلێکی زۆر، نەبوونی گێڕەرەوەیەکی متمانەپێکراو، بزربوونی ڕاستیەتی کەتوار، چیرۆک لە نێو چیرۆک، دەقئاوێزان، مێتافیکشن [metafiction]، هتد٧. لە ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکی، چەندان جیهانی هەمەچەشن هەن، هەر ئاماژەدان بە فەیلەسوفی ئیتاڵی سەدەی شازدە، جیۆردانۆ برونۆ (١٥٤٨-١٦٠٠)، دەرخەری ئەوەیە کە چەندان جیهان و کەتوار لە نێو ئەم ڕۆمانەدا دەخولێنەوە (ل. ٩٣-٩٤):

“ئایا ئاشنایت بە ناوی جیۆردانۆ برونۆ؟

نەخێر. هەرگیز نەمبیستووە.

فەیلەسووفێکی ئیتاڵیی سەدەی شازدە بوو. دەیگوت گەر خودا ناکۆتا بێت، تواناکانیشی ناکۆتا بن، دەبێت جیهانگەلی ناکۆتاش هەبن.

پێم وایە بیرۆکەیەکی لۆژیکییە، گەر وا دابنێین بڕوات بە خودا هەیە.

لەبەر ئەم بیرۆکەیەی بە دارێکەوە هەڵواسرا و سووتێنرا.  بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە هەڵە بووە، وایە؟”

وێژەی پۆستمۆدێرنیزم تەواو پێچەوانەی ڕێبازی ڕیالیزمە، ئەو ڕێبازەی لە سەدەی ١٩ باو بوو. ڕۆمانەکانی ئەو کات هەموو ڕەنگدانەوەی ئەوە بوو کە لە کەتواردا دەگوزەرا. پلۆتی چیرۆکەکانیش وەها دادەڕێژران کە لە پێپلیکانەیەکەوە دەچووە ئەوەی دواتر، نموونەی زەقی ئەم جۆرە ڕۆمانانە دەشێت کارەکانی چاڕلز دیکنس، شارلۆت برۆنتێ، تۆماس هاردی، ماری ئیڤانس (جۆرج ئیلیۆت) بێت لە وێژەی ئینگلیزی. بەڵام لە پۆستمۆدێرنیزمدا ئەم کرۆنۆلۆژییەی ڕووداوەکان کاڵ دەبێتەوە. بەمەش، کەمتر متمانە بە کاراکتەرەکان دەکەین، ئاخر چەندان جیهان دێنە گۆڕێ، چەندان گێڕەرەوە خۆیان لە چیرۆکی یەکتر هەڵدەقورتێنن. چیتر وەک ڕۆمانە ڕیالیستییەکان نییە، گێڕەرەوە هەموو شتێک بزانێت یان بتوانێت کونوقوشبنی هەموو کوچەوکۆڵانەکانی جیهانی ڕۆمانەکە، بە ڕێڕەوە باریکەکانی کۆڵۆنییەکی مێروولەکانیشەوە، بپشکنێت. پیاوی ناو تاریکی بە ‘منێکی’ ئۆگەست بڕیلەوە دەست پێ دەکات، دواتر دەبێتە ‘منێکی’ ئۆوێن بریک’، بریک دەبێتە ‘ئەو’ بۆ بڕیل، ئینجا بڕیل دەبێتە ‘ئەو’ بۆ بریک. یەکێک لەو جیهانەی پێی ئاشنا دەبین، دەزانین کە پێش ئەوەش چەندان جیهانی دیکە ئافرێنراون، پێدەچێت دوای تەواوبوونی ئێمە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکە، چەندان جیهانی دیکەش بێنە کایەوە.

خەسڵەتێکی دیکەی نێو ڕۆمانەکە ئەوەیە کە چەندان چیرۆک لە خۆ دەگرێت. ڕەنگە لە سەروبەندی خوێندنەوەی وا دەربکەوێت کە ڕۆمانێکی ئۆتۆبایۆگرافییە، کەچی ئاوێزان دەبێت بە جەنگێکی خوێناوی لە جیهانێکی جێگرەوە، پاشان لە نێو خودی ئەو جیهانە چەند جیهانگۆڕکێیەکی دیکەش ڕوودەدەن، ئینجا توخمی ڕۆمانی مێژوویی تێکەل دەبێت و باس دێتە سەر سیخوڕە بێئۆقرە و هەڵهاتووەکان کە ترسی KGBـیان لێ نیشتووە، سا وەک فیلمەکانی پیانۆژەنەکە و لیستەکەی شاندلیێر و خوێنەرەکە، ئاشنا دەبین بە چیرۆکی ژنێکیش کە لەلایەن نازییەکانەوە هەر چوار پەلی دەردەهێنرێت تا بۆ زیندانییەکانی دیکە ببێتە پەند و عیبرەت. پێی ناوێ باسی هەندێک جیهان و چیرۆکی دیکەی ناو چیرۆکەکانی دیکەی ئەم ڕۆمانە بکرێت، هێندە ناخایەنێت تا خوێنەر بزانێت کە ئەو کارلێک لەگەڵ چەندان جیهانی هەمەچەشن دەکات، هەندێکیان وەک جیهانی هاوتەریبن، هەندێکی دیکەشیان لە نێو جیهانی یادەوەری ماونەتەوە و ماوەماوە لە نێو ئەندێشەدا لێ دەدرێنەوە. ئەوە هیچ کە ئەمە ئەزموونێکی سەیرە، بەڵام لە ڕۆمانە پۆستمۆدێرنیستەکان جیهانگۆڕکێ شتێکی هێندە دەگمەن نییە.

خاسیەتێکی دیکەی ڕۆمانی پۆستمۆدێرن کە بە زەقیش لە پیاوی ناو تاریکیدا دەردەکەوێت بریتییە لە مێتافیکشن، بە کوردی دەشێت پێی بڵێین دەرە-خەیاڵ. بە کورتی مێتافیکشن بەئاگابوونی خوێنەرانی دەقێکە لەوەی بەردەوام بیریان بخاتەوە لەوەی ئەوان بەرهەمێکی ئەدەبی دەخوێننەوە. هاوکات، کاراکتەرانی نێو دەقە وێژەیییەکەش دەزانن، یان پەیتا پەیتا پەی بەوە دەبەن، ئەوان بەشێکن لە جیهانێکی ئافرێنراوی وێژەیی و زادەی گۆشت و خوێن نین. پێش و پاش وێژەی پۆستمۆدێرنیزم فۆڕمی هاوشێوەی ئەمە کەم تا زۆر بەکار هێنراون. لە ڕۆمانی جیهانی سۆفیای یۆستاین گاردەر٨ لە ناوەندی ڕۆمانەکەوە بەرە بەرە ڕوون دەبێتەوە کە سۆفیا ئامودسێن و مامۆستاکەی، ئەلبێرتۆ کنۆکس، دوو کاراکتەری نێو ڕۆمانی پیاوێکن بە ناوی ئەلبێرتۆ کناگ، کە دەنووسرێن تا وەک ڕۆمانێک بکرێنە دیاری بۆ کچەکەی ئەو بەناوی هیلدە. ئینجا گەر ئێمەی خوێنەری ڕۆمانەکە دراماتیکیانەتر لێی بڕوانین، دەبینین کە هیلدە و ئەلبێرتۆ کناگیش بەشێکن لە نووسراوێک کە لەلایەن یۆستاین گاردەرەوە ئافرێنراون، تۆ بڵێیت ئێمە و گاردەریش بەشێک نەبین لە چیرۆکی ڕۆماننوسێک، یان گەر وەک زانایانی کۆمپیەتەر بدوێین، کاراکتەرگەلێکی نێو چیرۆکەگەمەی نێوو کۆمپیوتەری ژێر دەستی منداڵێکی تۆراوی کەسێک بین لە جیهانێکی بەدەر لەوەی خۆمان؟

blank
پۆل ئۆستەر (١٩٤٧- ) ڕۆماننووسی ئەمریکی

لە پیاوی ناو تاریکی، لە سەرەتاوە دەزانین کە ئۆوێن بریک لەلایەن ئۆگەست بڕیلەوە قوڕی بۆ گیراوەتەوە، لێ ئەم بەئاگابوونە هێشتا چێژی ڕۆمانەکەمان لێ زەوت ناکات، ئاخر هێشتا نازانین ئۆوێن بەڕاستی کێیە و چی بەسەر دێت. ئیدی تا لەگەڵ ڕۆمانەکە دەڕۆین بەردەوام جیهانی یادەوەری یان جیهانی هاوتەریبی یەکتری خۆیان هەڵدەقورتێننە نێو ڕۆمانەکەوە. لەم سۆنگەیەوە ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکی شکست ناهێنێت لەوەی ڕۆمانێکی پۆستمۆدێرنانە بێت.

وەختێک تارماییی زامە دەروونییەکان تەنگمان پێ هەڵدەچنن

لە دەسپێکی ڕۆمانەکەوە— لە ناو تاریکیدا تەنیام— تا دیمەنەکانی کۆتاییی ڕۆمانەکە، تڕاوما، یان بە کوردی زەبری دەروونی، بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت و بوونێکی سەرتاسەری هەیە و یەکێکە لە تێما زەقەکان. زەبری دەروونی ڕووداوێکە، دەشێت سرووشتی بێت وەک زەمینلەرزە یان لافاو، یان مرۆڤکرد بێت، وەک توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی، کە باوەڕی کەسی ئەزموونکاری ئەو ڕووداوە تێک دەشکێنێت بەوەی ژینگەکەی ئارام و پارێزراوە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی سۆزەکانی و بۆی دەبێتە ڕووداوێکی شۆکهێنەر. ئەوانەی تووشی زەبری دەروونی دەبن یان گەشە بە دەردێکی دەروونی دەدەن بە ناوی تەنگەژەی پاش زەبری دەروونی، بەردەوام لەو ڕووداوە دەژیێنەوە. دەشێت هەر شتێکی ژینگەی دەوروبەریان وایان لێ بکات سەرلەنوێ سیستەمی دەرمارییان فێڵیان لێ بکات و بەمەش هەمان ئەزموون دەچێژنەوە. بۆ نموونە، سەربازێک کە ئەزموونێکی زەبراوی هەبووە لەگەڵ جەنگ، دوور نییە دەنگی فیشەکەشێتە لە سەریساڵدا، وێنەی ڕوون و بەژانی مردنی هاوڕێکانی بە گوللـە بهێنێتەوە یاد، یان بۆنی سووتانی تایەیەک، فلاشباکی [flashback] سووتانی لاشەی هاوپیشەکانی لە نێو سەنگەرەکاندا بهێنێتەوە پێش چاو.

زەبری دەروونی بۆ ئەزموونکارانی گەلێک سەختە. ئەزموونکاران بۆ ئەوەی خۆیان لە فلاشباک و ئەو یادەوەرییە توندانە دەرباز بکەن دەروون و یادگەیان پارچەپارچە دەبێت، لە زاریش دەکەون و ناتوانن بەباشی لێکی بدەنەوە کە چی وا توند و بێبەزەیییانە لە ئامێزیگرتوون و بەریان نادات. ڕاستی، زەبری دەروونی، چ لە ئاستی تاک یان کۆمەڵ، لە زۆر بەرهەمی ئەدەبیدا ڕەنگی داوەتەوە. هەر چی ئەدەبیاتی ئۆستەرە، بەتایبەتی ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکی ئەویش نامۆ نییە بە هەبوونی تڕاوما. کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە، ئۆگەست بڕیل، لە دەسپێکی ڕۆمانەکەوە پێمان دەڵێت کە تووشی زەبری دەروونی بووە بە مەرگی چەند کەسێکی نزیکی. بێخەوی، هەڵهاتن لە کەتوار [escapism]، بوون بە سوژەیەکی پارچە بوو هەم لە گێڕانەوە و هەم لە هزردا، هەموو ئەمانە نیشانەگەلێکن بە ئاشکرا دەرخەری ئەوەن بڕیل گیرۆدەی زەبرێکی دەروونی کوشندەیە، بە ڕادەیەک بیری خۆکوشتن ئاوەزی تەنیوە.

شەوان چیرۆکگەلێک بۆ خۆی دەگێڕێتەوە تاوەکوو دیمەنگەلێک، کە تووشی زەبری دەروونییان کردووە، لە نێو تیاترۆی مێشکیدا کپ بکات. هەر لە دەسپێکی ڕۆمانەکەوە مەرگ جێیەکی بەرچاوی داگیر کردووە. بڕیل ڕای دەگەیەنێت کە ئەو بە مردنی تایتووس سمۆڵ زۆر کاریگەر بووە، کە دواتر لە ڕۆمانەکە دەردەکەوێت تایتوس چۆن مردووە و مردنەکەی چ پەیوەندییەکی بە بڕیلەوە هەیە: “دایکوباوکی تایتووس بە ناوی کوڕەکەی ڕێمبراندی نیگارکێشەوە ئەویان ناو نابوو؛ کوڕیژگەکەی ناو تابلۆکان، منداكێکی قژزڕباوی کڵاوسوور، کە قوتابییەکی داڵغەڕۆیشتووە و بەسەر وانەکانییەوە دۆش داماوە، ئەو لاوەی بووە پیاوێکی گەنجی خێرلەخۆنەدیو، نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنی و لە بیستەکانی تەمەنیدا گیانی سپارد، کتومت هاوشێوەی تایتووسەکەی کاتیا” (ل. ٨).

سا وێنەی تایتووس لەسەر مێزی خوێندنەکەی [Titus at his Desk] کە پۆرترەیتێکی ڕێمبراندە بۆ کوڕەکەی و لە ساڵی ١٦٥٥ نەخشێنراوە، لەم وێنەیە و وێنەکێشراوەکانی دیکەی ڕێمبراند تاریکیی پانتایییەکی زۆر داگیر دەکات. یەکێک لە خەسڵەتە هونەرییەکانی ڕێمبراند بەکارهێنانی کیارۆسکورۆیە [بە کوردی دەشێت ببت بە ڕووناک-تاریکی یان تاریکوڕۆشن؛ chiaroscuro]، ئەم تەکنیکی تاریکوڕۆشنە هێنانە ئاراوەی ناکۆکییەکی زەقە لە نێوان تاریک و ڕووناکی لە نێو کارە هونەرییەکان. ئەم تاریکوڕۆشنییەش لە زۆرینەی دیمەنەکانی ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکی هەستیان پێ دەکرێت، چ ژینگەی دیمەنەکان وەهان، یان ناخ و ئەندێشەی کاراکتەرەکان. گەر لە چاوی باڵندەیەکی بەرزهەڵفڕیوەوە لە هێڵەکاتی [timeline] دەسپێک و کۆتاییی ڕۆمانەکە بڕوانین، تاریکوڕۆشنییەکی زەق، هاوشێوەی نیگارەکانی ڕێمبراند، ئەزموون دەکەین.

هەر چەندە بڕیل کاراکتەری سەرەکییە و لە ڕێگەی ئەویشەوەیە بە جیهانەکانی دیکەی نێو ڕۆمانەکە ئاشنا دەبین، لێ بە نزیکەیی هەموو کاراکتەرەکانی ڕۆمانەکە گیرۆدەی زەبری دەروونین. بڕیل، میریامی کچی و کچەزاکەی، زەبری دەروونیی مەرگی تایتووس بووەتە قردێلەیەک و ئەوانی بە یەکترییەوە بەستۆتەوە. چیرۆکخوانی و دەسبەرداربوون لە نووسینەوەی ژیاننامەکەی، هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەن تارماییی ئەزموونە زەبراوییەکانی هەموو چرکەساتێک پەلاماری دەدەن، شتێک نامێنێتەوە بۆی ئەوە نەبێت کاراکتەرگەلێک درووست بکات لە نێو ئەندێشەی بەهیوای ئەوەی بیدۆزنەوە و بیکوژن.

باشە بۆچی گەر هۆشمەندی و ئەندێشەی مرۆڤ بتوانێت بە گژ کەتواردا بچێتەوە لە بەرانبەریدا کەتوارگەلێکی ئەندێشەیی بهێنێتە ئاراوە، کەچی بڕیل ئەو جیهانانەی درووستی دەکات دەشێت لەو کەتوارەی بەسەر ئەمەریکا و عێڕاقدا هاتووە خراپتر بێت؟ ڕەنگە وەڵامەکە دیار بێت کە هۆیەکەی زەبری دەروونییە بەهۆی جەنگەوە، وەلێ بە درووستکردنی کەتواری نوێتر و ئەگەری ئەوەی ئەو بژاردانەی ئێستا هەڵیان دەبژێرین یان ئەو ڕەفتارانەی دەیانکەین دەبێت چ ئاکامێکیان لێ بکەوێتەوە، سا لەم لایەنەوە ئەو جیهانەی بڕیل دەیخوڵقێنێت، کە تا ئەو کاتەی بریک ئامادە دەکرێت بۆ کوشتنی بڕیل خۆی، ١٣ ملیۆن ئەمەریکی بوونەتە قوربانی جەنگی ناوخۆ، بەم شێوەیە جیهانە ئافرێنراوەکەی بڕیل ئاگادارینامەیە بۆ ڕۆیشتن بەرەو وێرانەیەکی تر٩.

لێرەدا بەرپرسیارێتیی ئافراندنی جیهانەکانی دیکە خۆی هەڵدەقورتێنێتە نێو باسەکەوە. هەر کە ئۆوین بریک لە ناوچەیەکی نزیک لە شاری وێڵینگتۆن بەئاگا دێتەوە، ڕۆژی پاشتریش لەو کونەی گیری خواردوە لە لایەن سارجێنت تۆباکەوە دەردەهێنرێت و ئامادەی دەکات تا بروات بڕیل بکوژێت، ئەم گفتوگۆیە دێتە ئاراوە:

“ئەی بۆچی ئەم پیاوە شیاوی مردنە؟

چونکە ئەو خاوەنی جەنگەکەیە. ئەو دای هێنا، هەموو ئەو شتانەشی ڕوویان داوە یان ڕوو دەدەن لەناو سەری ئەودان. ئەو سەرە بپەڕێنە، جەنگیش لە کۆڵ دەبێتەوە. بابەتەکە بەو ڕادەیە ساکارە.

ساکار؟ بە جۆرێک دەربارەی ئەو پیاوە دەدوێیت وەک ئەویە خودایەک بێت.

خودا نا، جەنابی کۆڕپۆڕاڵ، بەڵکوو تەنیا مرۆڤێکە….” (ل. ١٧)

لێرەدا ئەمە ویژدانی ئۆگەست بڕیلە دەدوێت، بیری بڕیل دەهێنێتەوە کە دەتوانێت هێزەکانی ئەندێشەی بەکار بهێنێت بۆ پەرەدان بە دۆزگەلێکی دیکەی ئەهوەنتر و باشتر نەک تراژیدیا، وەک چۆن دەکرا سیاسەتی بۆش و کۆمارییەکان بەریان بە ئەگەری ١١/٩ بگرتایە و لە باتی ئەوە لە چەند ئەگەرێکدا ئاکامێکی ئەهوەنتریان بهێنایەتە ئاراوە١٠. هەر چەندە ئافراندنی ئەم چیرۆکانە لە لایەن بڕیلەوە چەشنێکە لە ڕاکردن لە کەتوار و ڕاماڵینی تارماییی زەبرە دەروونییەکانیەتی، کەچی لە سۆنگەیەکی دیکەوە ئەو هێزەی پێ دەبەخشێت کە دەتوانێت دژ بە کەتواری تاڵ هیی شیرینیش بونیاد بنێت کە زامەکان ساڕێژ بکات نەک بیانکولێنێتەوە.

ڕاستی، زەبری دەروونی تێمایەکی نامۆ نییە بە کارەکانی پۆڵ ئۆستەر، تەنانەت لە یاداشتنامەکەی— بە ناوی داهێنانی تاریکی— باس لەوە دەکات کە چۆن زامە دەروونییەکانی باوکی، ساموێڵ ئۆستەر، وای لێ کرد بوو نەتوانێ پەیوەندیی سۆزداری لەگەڵ کەسە نزیکەکانی درووست بکات، ژوانژی پۆڵی کوڕی، کە نەبوونی پەیوەندییەکی سۆزەکیانە شوێنەواری بەسەر پۆڵ ئۆستەر و بەرهەمەکانییەوە دیارە. ئۆستەر لە کتێبە نوێیەکەی، بە ناونیشانی گەلی گۆماوە خوێن [bloodbath nation]، باس لە کێشەی چەکهەڵگرتن دەکات لە ئەمەریکا، کە لەوێ کێشەیەکی سیاسی دوورودرێژی ڕاستڕەو و چەپڕەوەکانی ئەو وڵاتەیە. ئۆستەر دژی بەیاساییکردن و ئاساییکردنی هەڵگرتنی چەکە، ئاخر باسی دەکات کە چۆن فیشەک بووەتە هۆی ئەوەی ژیانی باوکی تاڵ بکات و دواتریش نەتوانێت لەو دۆزەخی زامە دەروونییە بێتە دەرەوە. پاژێکی کتێبەکەی، هاوکات لە گاردیەنیش بڵاو بووەوە، ئەمەی خوارەوەیە١١، هاوکات دەشێت وەک درێژکراوەیەکی ڕۆمانی پیاوی ناو تاریکیش لێی بڕوانین، ئاخر دیارە کە چۆن دژایەتیی کۆماری و دیموکراتەکان لەسەر چەند پرسێکی کۆمەڵایەتی بۆشاییی نێوانیان زیاتر دەکات:

لەوەتەی فامم کردوەتەوە، هەمیشە زانیومە وەختێک باپیرم کۆچی دوایی کردوە باوکم هێشتا کوڕێکی لاو بووە. وەک ئەوەی لە یادمە، لە دەستپێکی لاویمدا سێ جاران لە باوکمم پرسیوە کە باوکی چۆن مردوە. هەردەم پێش ئەوەی وەڵامێک بداتەوە وچانێکی وەر دەگرت، هەر یەک لەو جارانەش وەڵامێکی جیاوازی پێ دەدام. یەکەم جار کە لێیم پرسی، گوتی کە باوکی سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی سەربانی باڵەخانەیەکی بڵند بووە و وەختێک پێی لەسەر لێواری سەربانەکە دەخزێت بەر دەبێتەوە و دەمرێت. بۆ جاری دووەم، گوتی کە لە ئانی ڕاوکردندا بە ڕووداوێکی دڵتەزێن گیانی سپاردوە. سێیەمین جار، گوتی کە وەک سەربازێک لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا گیانی بەخت کردوە. هەرگیز ئالەنگاریی باوکم نەکردووە تا دژگۆیی و ناکۆکی نێو چیرۆکەکانی مەرگی باوکیم بۆ ڕوون بکاتەوە. ئاخر ئەوە فێر بووبووم کە ڕێز لە مەودای نێوانمان بگرم و وەک کەسێکی گوێڕایەڵ لە دیوەکەی دیکەی ئەو دیوارەوە بوەستم کە بە دۆرمادۆری خۆیدا بونیادی نا بوو.

وەک سێیەم گچکەترینی نۆ دانە ئامۆزا، سەرەنجام پرسیارم لە چوار پێنج دانە لەوانەی لە خۆم گەورەتر بوون کرد، تا بزانم گەر هیچیان پێ گوترا بێت یان بزانن سەبارەت بە مەرگی باپیرمان، هەموویان یەک لە دوای یەک دەیانگوت کە هەمان وەڵامە ڵێڵ و خۆدزینەوەکانی منیان لە بەرسڤی ئەو پرسیارەیان هەڵکڕاندووە. ساڵانێک تێپەڕیان کرد بێ ئەوەی لە هیچ ئاسۆیەکەوە تروسکاییی وەڵامێک بە دیار کەوێت، هەتا دوایی، بە هۆی دەسیسە و فێڵی ناڕێتێچووی ڕێکەوتەوە یەکێک لەو ئامۆزا گەورانەم هەڵفڕیو لە نێو فڕۆکەیەکدا لە ساڵی ١٩٧٠ بە ڕێکەوت لە تەنیشت کەسێکی بێگانەوە دانیشت بوو، ئەو پیاوە هاوسەفەرەی کە لە کێنۆشا، ویسکۆنسن گەورە بووبوو و هێشتا لەوێ دەژیا، ئەو شارە بچووکەی باوکەکانمان لەگەڵ دایکوباوکیان سەردەمانی خۆی لێی دەژیان، ئەو نهێنییەی ئاشکرا کرد کە بۆ ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوو بە شاراوی هێڵرا بووەوە.

خۆی ڕاستییەکە ئا ئەمە بوو: لە ٢٣ـی جانیوەری ١٩١٩، دوو مانگ پاش کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانگرەوەی یەکەم، داپیرەم تەقەت لە باپیرم کردوە و کوشتویەتی. هاوسەرگرییەکەیان لێک هەڵوەشا بوو و باپیریشم سەری خۆی هەڵگرت بوو بۆ چیکاگۆ، جا لەوێ لەگەڵ ژنێکی دیکەدا دەژیا. بەڵام ئێوارەی ئەو پێنجشەمەیە بە سەردانێک گەڕابووەوە بۆ ماڵەکەی پێشووی تاکوو دیاری بە منداڵەکانی بدات، ئەو کاتەی لەوێ بوو، نەنکم داوای لێ کرد بوو کە گڵۆپێکی تێکچووی چێشتخانەکە چاک بکاتەوە. کارەبا بڕا بوو، لەگەڵ ئەوەی دووەم بچوکترین کوڕی ئۆستەر لە ژوورە تاریکەکەدا مۆمێکی بۆ گرت بوو، داپیرەم چووە سەرەوە بۆ نهۆمی دووەم تا بچووکترین منداڵی (کە دەکاتە باوکم) لە جێخەوەکەیدا داپۆشێت و دەمانچەیەکیش بهێنێت کە لە ژێر جێخەوی کوڕە بچووکەکەیدا شاردویەتیەوە، لێرەوەیە لە نهۆمی سەرەوە دیسان دێتە خوارەوە، دەچێتەوە چێشتخانەکە، چەند تەقەیەک لە هاوسەرە تۆراوەکەی دەکات، دوو لەو گوللـانە بەر جەستەی دەکەون، دانەیەکیان بۆ ڕانی و ئەوەی تریشێان بۆ ملی، کە ڕەنگە ئەو گوللـەیەیان بووبێتە هۆی مردنی. باوکم شەش ساڵ و نیو بوو، ئەو کوڕەشی کە گەواهی کوشتنەکە بوو، نۆ ساڵان بوو.

بێگومان دادگایی هاتە ئاراوە، لێ دوای ئەوەی نەنکم بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەخشرا بە پاساوی شێتێتییەکی کاتی، ئەو و پێنج منداڵەکەی ویسکۆنسنیان جێهێشت و بەرەو ڕۆژهەڵات ملیان نا، ئاخرسەر لە نوواڕک، نوجێرزی گیرسانەوە، ئەو شوێنەی کە باوکم لە نێو خێزانێکی هەرەسهێنراودا گەورە بوو کە لەلایەن کەسێکی هەڵەشە و دانەسکەناوەوە بەڕێوە دەبرا، کە زۆر جار کەسێکی دایکسالاری شێتوشوور بوو کە منداڵەکانی ڕا دەهێنا لەسەر ئەوەی تەنانەت یەک فزەش نەکەن لە نێوان خۆیان یان لەگەڵ هەر کەسێک سەبارەت بەوەی لە کێنۆشا ڕووی دا بوو. بژێوی بەگیری هێنان، ژیانی ڕۆژانە بووە ململانێ و بەرخۆدان، هەرچەندە هەر چوار کوڕەکە ئیشوکاری پاش قوتابخانەیان هەبوو، کەچی زۆربەری کاتەکان خڕکردنەوەی کرێ خانووەکە کورتی دەهێنا، ئەمەش واتای ئەوە بوو ساڵی چەند جارێک ماڵیان دەگواستەوە تاکوو لە دەست خاوەنماڵە ڕکهەستاوەکان ڕزگاریان بێت، ئەمەش لە بەرانبەردا واتای ئەوە بوو کە کوڕەکان قوتابخانەیان دەگۆڕی وەختێک لە گەڕەکێکەوە سەری خۆیان بۆ گەڕەکێکی دیکە هەڵدەگرت. چەندان پردی هاوڕێیەتی پچڕێنران، چەندان پەیوەندی کە ئەگەری ئاوێتەبوونیان هەبوون لێک ترازان، تا لە کۆتاییدا ئەوانەی دەیانتوانی پشتیان پێ ببەستن یەکتری بوون.

هۆی هەموو ئەمانە دەمانچەکە بوو، مەسەلەکە تەنها ئەوە نەبوو ئەو منداڵانە بێباوک کەوت بوون، بگرە لەگەڵ ئەو زانیارییەدا ژیانیان دەگوزەراند کە دایکیان دەستی چووەتە خوێنی باوکیان و کوشتویەتی.

سێ منداڵە گەورەترینەکە، کە بەشی خۆیان گەورە بووبوون لە کاتی ڕووداوە دڵتەزێنەکە، بۆیان ئاسانتر بوو خۆیان لەگەڵ کەتوارە نوێیەکەدا بگونجێنن وەک لە منداڵە بچووکەکان. ئەو کوڕەی گەواهی کوشتنەکە بووبوو، کە گەورە بووە بووە پیاوێکی سەرکەوتوو بەڵام هاوکات پیاوێکی پەلاماردراو و دەورەدراو بوو بە تارمایی توڕەبوونە کتوپڕ و توندوتیژییە ناجسنە منداڵئاساکانی. هەر چی سەبارەت بە باوکە داماو و پەژارەبارەکەم بوو، خۆی زۆر سەرقاڵی کار دەکرد هەتا توانی دوکانە بچووکەکەی کە بۆ چاکردنەوەی ڕادیۆ بوو بکات بە بزنسێکی تەواو پەرەسەندوو و بە سەڵتیش مایەوە و لەگەڵ دایکی ژیا تا تەمەنی ٣٣ ساڵی. لە ساڵی ١٩٤٦ هاوسەرگری کرد لەگەڵ دایکە ٢١ ساڵانەکەمدا کرد، ئەو ژنەی کە گوایە دەیپەرست لێ نەیدەتوانی خۆشی بوێت، ئاخر تا گەیشتە ئەو کاتە بووبووە پیاوێکی تەنیا و پارچەپارچەبوو کە دەژیا تا لە خۆی و کەسانی دیکەش دوورەپەرێز بێت، ئەمەش وای لێ کرد کە کەسێکی شیاو نەبێت بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوسەری، ئاخروئۆخرییەکەی دایک و باوکم لە یەک جیابوونەوە، جا هەر کاتێک بیر لە مۆرکە چاکەکاری و دڵباشییەکەی باوکم و ئەوەش دەکەمەوە کە چ کەسێکی لێ دەردەچوو گەر لە دۆخێکی تەواو جیاوازدا گەورە بووایە، بیر لەو چەکەش دەکەمەوە کە باپیرەمی کوشت– کە هەمان ئەو چەکەیە ژیانی باوکمی تەفروتونا کرد.

مانای ژیان لە ژێر بنمیچە تاریکەکان

بەهۆی ئەو ڕووداوە تاسێنەر و زامە دەروونییانەی لە ناخیدا کەڵەکە بوون، ئۆگەست بڕیل ناتوانێت ژیانێکی ئارام بژی. شەوانیش بە خەولێزڕاوییەوە ناچار لەگەڵ یادەوەرییە خەمبارەکانیدا دادەنیشێت. تا لە دەستیان ڕزگاری بێت، ناچارە چیرۆک بگێڕێتەوە، بەڵام زامەکانی هێندە بەهێزن، ناوەناوە یادەوەرییەکان ناوبڕ دەخەنە نێو چیرۆکەکەیەوە. هەموو ئەمانە قەیرانێکی بوونگەراییانەیان بۆ بڕیل بونیاد ناوە.

ڕێمبراند نیگارێکی دیکەی هەیە کە لە ساڵی ١٦٣٢ کێشاویەتی بە ناوی فەیلەسووفە ڕۆچووەکە بە نێو مێدێتاسیۆن یان تێڕامان [Philosopher in Meditation]. وێنەی پیاوێکی پیرە لە دوورەوە بە دیار کتێبەکانی لە پاڵ پەنجەرەیەکەوە دانیشتووە، سەری دانەوانۆتەوە، دەستەکانی لە نێو یەکترین و قووڵ تێڕاماوە. پانتایییەکی بەرچاوی وێنەکەش تاریکایی داگیری کردووە، هەمدیس ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی تەکنیکی کیارۆسکورۆ. دوور نییە وێنەی ئەم فیگەرە لەسەر باوکی کێشرا بێت، نیشانەی ئەوەش بێت کە فیگەری نێو وێنەکە کوێرە، ئاخر باوکی ڕێمبراندیش لە کۆتایییەکانی تەمەنیدا بینایی لە دەست دەدات. ئەم وێنەیە هاوشێوەییەکی هەیە لەگەڵ دیمەنی ئۆگەست بڕیل کە لە نێو تاریکیدا بە نێو مێدێتاسیۆنێکی ناڕەحەتکەردا دەڕوات، ئەویش وەک پیاوە نابیناکە پەککەوتووە و قاچەکانی کار ناکەن هەر بۆیەشە بڕیل لەسەر کورسیی تایەدار دادەنیشێت، بینایی لەدەست نەداوە لێ تاریکاییی بنمیچی ژوورەکەی وەک ئەوەی نابینای بکات وەهایە. لە نێو ئەم ڕۆچوونە بە نێو مێدێتاسیۆن لە بیرکردنەوە و خەیاڵکردنەوە و شڵەژانی بوونیانەوە، بڕیل، ڕەنگە فیگەری وێنەکەی ڕێمبراندیش، بە دوای مانای ژیانیاندا وێڵن.

زامە دەروونییەکانی بڕیل وایان لێ کردووە تێبگات کە ژیان بێمانا و پووچە، ئەوە ئێمە نین جڵەوی ژیانمان گرتوە، ئەوە ڕووداوەکانی ژیانە دووپاتی دەکاتەوە ئێمە لە ژێر چنگی ئەوین. هەر وەک بوونگەراکان، وەک ئەلبێرت کامۆ، نیشانی دەدەن، وەختێک تاکێک پەی بە پووچی ژیان دەبات، چەند بژاردەیەکی لە بەردەمدا واڵا دەبێت. دانەیەکیان بریتییە لە پرسی خۆکوشتن، دانەیەکی دیکەش بریتییە لە نکۆڵی و خۆشاردنەوە لە پشت ئایدیۆلۆژیایەک یان شێوازێکی ژیان، دانەیەکی دیکەش بریتییە لە ئامێزگرتنی پووچێتی و پەسەندکردنی ئەوەی ئەمە ڕاستییەکی ژیانە. لە ڕۆمانی مەرگی دڵشاد، ئەلبێرت کامۆ دەڵێت کە ژیان چاونەترسی زیاتری پێویستە وەک لە خۆکوشتن، سا بوونگەراکان، هەر چەندە خۆکوشتن دۆزێکی شێلگیرە لایان، وەڵامێکی هێندە باو نییە دژ بە پووچی. توانەوە لە نێو ئامێزی ئایدیۆلۆژیایەکیش بریتییە لە دۆڕاندنی خۆ و ڕەسەنێتی لە نێو گێژاوێک کە خۆی بێمانایە و مانا تێیدا لە نمایش و خۆفریودان زیاتر نییە. سا باشترین ڕێگا بۆ بەگژداچوونەوەی پووچێتی بریتییە لە پەسەندکردن و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەو ڕاستییە.

بڕیل لە دەسپێکدا مەیلی بە لای خۆکوژیدا دەچێت، لێ لە کۆتایییەکانی ڕۆمانەکە وا دەردەکەوێت دۆخەکەی خۆی لە ئامێز بگرێت و چیتر لە زامە بوونگەراکانی هەڵنەیەت. ئەم پەسەند و لەئامیزگرتنەش دەشێت بە هۆی ئەوە بووبێت کە گفتوگۆ لەگەڵ کچەزاکەیدا دەکات، کە چیتر ڤێرجینیا ناکاتە کاراکتەری چیرۆکەکانی و خۆی لە گێلی بدات کە تەنها کاراکتەرێکە، ئیدی ئەو لە باتی ئەوەی بیرەوەرییەکانی لە بیر بچێتەوە، دەیانهێنێتەوە بیر خۆی و لەگەڵیان ئاشت دەبێتەوە. پردی نێوان زامە دەروونییەکانی بەرەو ئاشتبوونەوەش ئەو چیرۆکانەن کە دەیانئافرێنێت، ئاخر وای لێ دەکەن کە باشتر لە زامەکانی تێبگات، تەنها هەڵهاتنێکی ڕووتوقووت نین لە تارمایییەکان١٢.

ژن لە نێو گێژاوی جەنگەکان

وەختێک دێتە سەر پرسی جەنگ، بە شێوە نەریتییەکە پیاوان هەم بە هەڵگیرسێنەران و هەم بەو کەسانە لە قەڵەم دەدرێن کە چارەنووسی شەڕوشۆڕەکەیان بەدەستەوەیە. لەم ڕۆمانە پۆڵ ئۆستەر دەیەوێت بە گژ ئەو بیروبۆچوونەدا بچێتەوە و ئالەنگاریی ئەو بیرۆکە سواوە بکات کە تەنها پیاوان بە هەڵسوڕێنەرانی جەنگ دەبینن. لەم ڕۆمانە و لە کارەکانی دیکەی ئۆستەریش، ژنان ڕۆڵی جۆراوجۆر و گرنگ لە سەروبەندی جەنگدا دەگێڕن. هەیانە لە بەرەی بەرەنگارین، هەیانە کرێکارن، دەستەیەکیان شەڕکەرن، دەستەیەکیشیان ئافرێنەری ئاشتی و کۆمەڵەیەکیشیان قوربانیانی جەنگن١٣.

چ لە سەرکەوتن و چ لە گیانفیدایی پشکی شێر تەنها بۆ نێرەکان نییە، ژنان بە هەمان ڕادەی ئەوان ئازار دەچێژن و کۆشش دەکەن و ڕۆڵی هەمەچەشنیان لە بردنەوە و دۆڕانی جەنگەکانیان هەیە. هەر چەندە ڕۆمانەکە ناونیشانەکەی بریتییە لە “پیاوی ناو تاریکی” کەچی ناوەڕۆکەکەی پیاوسالار و نێرلاگیری نییە، ڕەنگە ئەمەش دیسان ئاکامی مەیلی ئۆستەر بێت بۆ ئیفێکتی تاریکوڕۆشنە ڕێمبراندئاسایانەکە. ڤێرجینیا بڵەین و مۆڵی واڵد دوو کاراکتەرن لە نێو ڕۆمانەکە ڕۆڵی گرنگیان هەیە وەک ژنانێک سەر بە بەرەی بەرەنگاری و بەرخۆدان. هەردوو کاراکتەرەکە ئەندام و سیخوڕی دوو سەرەن.

مۆڵی لە لایەکەوە وا نیشان دەدات کە بریک داڵدە دەدات، کەچی لە لایەکی دیکەوە بریک ڕادەستی ڤێرجینیا و لو فریسک دەکات. ڤێرجینیا بڵەین لە لایەکەوە لە تیمە هەواڵگرەکەی فریسکە، لە لایەکی دیکەشەوە ژێربەژێر پەیوەندی هەیە بە ئۆگەست بڕیلەوە. کاراکتەرێکی دیکەی نێو ڕۆمانەکە، هاوکات لە جیهانی یادەوەریی بڕیلدایە وەختێک لەگەڵ هاوژینەکەی، سۆنیا، لەگەڵ ژان-لوک دەمەتەقێ دەکەن. ژان-لوک باسی مامۆستاکەیان بۆ دەکات کە لە سەردەمی نازییەکان، لە بەلژیکا پەیوەندی بە بەرەی بەرەنگاری دەکات و دواجار کۆتایییەکی ناکامی دەبێت.

وەختێک جەنگ هەڵدەگیرسێت دەستی کاریش کورت دەهێنێت، ئاخر پیاوەکان ناچار دەکرێن بەرەو بەرەکانی جەنگ بچن. کاتێک بۆشاییی کار دێتە ئاراوە، ئەوە ژنانن شوێنەکان پڕ دەکەنەوە و داینەمۆی کارکردن لەو ناوچەیە پەک ناخەن، جەنگە جیهانگرەوەکانی مێژووی نوێی مرۆڤایەتی گەواهی ئەمە دەدەن. ئەم ناسنامە نوێیە کە بۆ بەشێک لە ژنان دەرەخسێت، تەنانەت پاش جەنگیش بەردەوامی دەبێت. لە ڕۆمانەکە ئاماژە بۆ فیلمێکی ئیتاڵی هەیە، کە چۆن ژنەکە لە پاڵ هاوسەرەکەی زەحمەت دەکێشێت. وەختێک بریل و کاتیای کچەزای گفتوگۆ لەسەر ئەو فیلمانە دەکەن بینیویانن، بڕیل وا لە دیمەنی فیلمەکان تێ دەگات: “هەموو دیمەنەکان سەبارەت بە ژنان بوون. سەبارەت بەوەی ژنانن کە چۆن جیهانیان هەڵگرتووە. ئەوانن بەڕاستی ئیش و کارەکان هەڵدەسوڕێنن هاوکاتی ئەوەی پیاوە کڵۆڵەکانیان ئەمسەروئەوسەریانە و شتەکان تێکوپێک دەدەن، لەملاولەولا لێی ڕادەکشێن و هیچ ناکەن” (ل.٣٣).

لە پاڵ ئەم کارە زەحمەتانە دەشکرێت شتانێکی جوانیش لە ناواخنی ناشرینی جەنگەوە سەر دەربهێنن. لە دیمەنی یەکێک لەو فیلمانەی کاتیا و باپیرەی لەسەری دەدوێن، لە سەروبەندی جەنگی جیهانگرەوە، بێوەژنێکی ئەڵمانی دوو پیاوی هەڵهاتوو لە بەندی خەڵکی فەڕەنسا لە ماڵەکەی داڵدە دەدات بەبێ ئەوەی ناپاکیان لێ بکات و ڕادەستی نازییەکانیان بکات. لەگەڵ ئەوەی ئەو دوو گەلە لەو سەردەمە دوژمنی سەرسەختی یەکترن، ژنە دەکەوێتە داوی خۆشەویستی یەکێک لە پیاوەکانەوە، دەیسەلمێنێت کە گرنگ نییە دونیا گیرۆدەیە بە ئاشوبێکی سەرتاسەری، ئەوە خۆشەویستییە کە سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، نە زمان، نە سنووری دەستکردی سیاسی، نابنە ڕێگر لەو سۆزانەی مرۆڤ کە بۆ یەکتری هەیانە. ئاخر، ئەمە ئەو ڕۆڵە ئاشتیخوازانەشە کە ژنان دەتوانن لە سەروبەندی جەنگ و ئاشوبدا بەدی بهێنن.

ژنان دەشێت قوربانیش بن. مامۆستاکەی ژان-لوک دواجار لەسەر دەستی نازییەکان هەر چوار پەلی دەردەهێنرێت. لە چیرۆکێکی دیکەی نێو ڕۆمانەکە، ژنێک بەبێ ئەوەی بزانێت هاوسەرەکەی سیخوڕی فەڕەنسا بووە، ڕۆژێک دیار نامێنێت و لە ترسی دەزگا هەواڵگیرییەکانی یەکێتی سۆڤیێت خۆی حەشار دەدات و خۆی بە تەنها کۆرپەکەیان گەورە دەکات، تا ڕۆژێک بۆی دەردەکەوێت دواجار سیخوڕە ڕووسەکان دەستیان بە مێردەکەی گەیشتووە و کوشتوویانە. هەر دوور نەڕۆین کاتیا یەکێکە لەو قوربانییانەی جەنگی عێڕاق.

پاشکۆ و سەرچاوەکان:

١

Kelts, R. (2013, May). Lost in Translation? The New Yorker. Retrieved August 20, 2023, from https://www.newyorker.com/books/page-turner/lost-in-translation

٢

ڕوپی کۆر (٢٠١٤). شیر و هەنگوین. وەرگێڕانی لە سویدییەوە، توانا ئەمین و سیامەند ج. ئەحمەد، ساڵی ٢٠١٨.

٣

CBS News. (2018, February 26). Rupi Kaur on the simplicity of her poetry and the rise of “Instapoets.” Retrieved August 20, 2023, from https://www.cbsnews.com/news/rupi-kaur-on-instapoets-the-sun-and-her-flowers/

٤

Geyh, P. E. (2003). Assembling postmodernism: Experience, meaning, and the space in-between. College Literature, 30(2), pp. 1-29.

٥

https://www.youtube.com/watch?v=OzrHwDOlTt8&ab_channel=axisaudio

٦

Sokal, A., & Bricmont, J. (1999). Fashionable nonsense: Postmodern intellectuals’ abuse of science. Macmillan. pp. 96-97.

٧

Kovačević, D. (2011). Postmodern Narrative Strategies in Paul Auster’s Novels Man in the Dark and Invisible. In 1st International Conference on Foreign Language Teaching and Applied Linguistics (5-7 May 2011) (pp. 335-41).

٨

دوو وەرگێڕانی کوردیی بۆ ڕۆمانی جیهانی سۆفیا هەیە. دانەیەکیان لە دانیماڕکییەوە وەرگێرراوە لەلایەن بەهرۆز حەسەن و بڵاوکارەکەی ناوەندی ئەندێشەیە. دانەکەی دیکە لە ئینگلیزییەوە لەلایەن جوتیار قارەمانەوە وەرگێڕراوە و بڵاوکارەکەی ناوەندی ئەدیبانە.

٩

Haj’jari, M. J., & Maleki, N. (2022). Auster’s Man in the Dark: Human Existence and Responsibility for Creating Possible Worlds. Atlantis. Journal of the Spanish Association for Anglo-American Studies, pp.126-149.

١٠

هەمان سەرچاوەی پێشوو ل. ١٣٤.

١١

Auster, P. (2023, January 15). Paul Auster: ‘The gun that killed my grandfather was the same gun that ruined my father’s life.’ The Guardian. Retrieved August 21, 2023, from https://www.theguardian.com/us-news/2023/jan/15/paul-auster-bloodbath-nation-read-extract-guns america?fbclid=IwAR2FFb7SKcDDHzqJNc__Gu4aZLdIbp9HCX2FzDcWAdD-b9PzRA0C1TJciLE

١٢

Bikas, A. & Esmaeili, S. F. (2021). The Search for the Meaning of Life in Paul Auster’s Man in the Dark. Paper presented at the International Symposium on “Innovative Trends in Contemporary Language and Literature Research: Theories, Methods and Techniques,” held in Turkey.

١٣

Abshavi, M., & Haj’jari, M. J. (2021). Women of War in Paul Auster’s Man in the Dark. Jordan Journal of Modern Languages and Literatures Vol, 13(4), pp. 755-773.