لە جیهانی ئەمڕۆدا چی دەخوێنین؟

گرەوەکانی پەروەردە لە جیهانی هاوچەرخدا لەسەر چیین؟

گۆڤاری (زانستە مرۆییەکان) ئەم پرسیارەی ئاڕاستەی چوار بیریاری گەورەی فەرەنسی (ئێدگار مۆران، مارسیل گۆشێ، فلیپ میریۆ و ژاک رانسیێر) کردووە و ئەمەی خوارەوەیش دەقی وەڵامەکانیانە:

ئێدگار مۆران (١٩٢١-) فەیلەسوفی فەڕەنسی

ئێدگار مۆران:

خوێندنی دانایی

گەر ورد و ڕژدانە پەیامی هەر پەروەردەیەک بە هەند وەربگرین کە بۆ خۆی بریتییە لە هونەری ژینکردن، ئەوا کەموکوڕییەکی زۆر بنەڕەتی لە بەرنامەکانی خوێندندا دەبینین، بە تایبەتی ناشارەزایی و نەبوونی هیچ وانە و فێرکردنێک دەربارەی چەمکی زانین و ئامرازەکانی، هەروەها کەموکورتیی و دژوارییەکانیشی. زانین وێنەیەکی فۆتۆگرافیی بابەتیانەی واقیع نییە کە بتوانین خێرا بەکاری بهێنین، بەڵکو ڕەوت و بزاوتێکە لە وەرگێڕان و سەرلەنوێ بونیادنانەوە کە بەردەوام چاوی لەسەر بینینی هەڵەکانە. وەک زانای ماتماتیک (کلود شانون)یش دەڵێت، هەموو پەیوەندییەک لەناوخۆیدا هەڵگری مەترسی هەڵەیشە.

یەکێک لە پێداویستییەکانی ژینکردن لەهەر سەردەمێکدا، زۆر بە دیاریکراوی، بریتییە لە ناسین و زانینی سەرچاوەکانی هەڵە و وەهم. داناییش خۆی شەڕێکە کە دەبێت هزری مرۆڤەکانی بۆ ساز و چەکدار بکەین. هیچ مەترسییەک لەوەدا نییە کە لە خوێندنگەدا هەڵە بکەین، بەڵام گرفت ئەوەیە کە دەشێت زۆر تراژیدی و بە دەرەنجامی زۆر کارەساتبارترەوە لە هەڵبژاردنی پیشەی ژینکردندا، لە هەڵبژاردنی ئەوەی کە کێمان خۆش دەوێت یان لە بژاردە سیاسییەکانماندا بکەوینە هەڵە و مەترسییەوە. مرۆڤایەتی هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی مەترسیداری هەڵە و وەهمدایە.

سەرباری ئەوە، بە لای منەوە گرفتێکی تریش هەیە کە پێویستە لەسەری بوەستین، کە ئەویش بریتییە لە: تێگەیشتن لە ئەوی تر. ئەم گرفتەیان ناوەرۆکێکی گەردوونییانەی هەیە. ئێمە لە پەیوەندیەکی بەردەوامداین بە کولتووری کۆی ئەو دەوڵەتانەوە کە دەبێت لێیان تێبگەین. لێ لە ناوجەرگەی هەر ماڵێکدا، لە نێوەندی هەر ڕێکخراوێکدا دەبینین کە لێکتێنەگەیشتن و بەهەڵە لێکتێگەیشتن بە چەندین شێواز و شێوەوە خۆی دەنوێنێت.

کەواتە حەشارگە سەرەکییەکەی کێشەی پەروەردەی ئێستا بریتییە لەو دوو خاڵە:

((زانین و لێکتێگەیشتنی مرۆیی. لە لایەکەوە خۆپاراستن لەوەی کە زۆرترین هەڵەی شیاو بکەین، هەڵەگەلێک کە هەندێکجار زۆر کوشندەن، هەروەها تێگەیشتن لە ئەوی تر بەبێ بێزراندنی، بە مانای زانینی ئەوەی کە ئەوی تر هەم هاوشێوەی تۆیە لە مافدا و هەم لێیشت جیاوازە لە هەمان کاتدا)).  

blank
مارسیل گۆشێ (١٩٤٦- ) فەیلەسوف و مێژوونووسی فەڕەنسی

مارسیل گۆشێ:

ئەوەی کە باجی قەدەرێکی کۆمەڵایەتی نەدەین

کۆدەنگییەک هەیە لەسەر ئەوەی کە دەبێت هەندێک زانینی بنەڕەتی (خوێندنەوە، نووسین یا ژماردن) فێری هەمووان بکرێن. چەمکە گرنگەکانی فەرەنسایش بریتین لە بواری پزیشکی، زمانەکان، وەرزش و هێماکانی زانیاری. ئەمە ئامانجێکی شکۆمەندانەیە و دەمێکە بەرفراوانانە لە فەرەنسادا، ئیشی بۆ کراوە.

خۆی دژوارییەکان ئەو کاتە دەست پێ دەکەن کە دەپرسین: چۆن؟ لە ڕاستیدا سیستمی خوێندنگەکانی ئێمە زادەی سەرگەردانی و وێڵبوونە پاش هاتنە دەرەوەی لە گواستنەوەیەکی قووڵ! تا کۆتایی شەستەکانیش فێربوون بە مانای ناچاری و زۆرلێکردن (واتە خوێندن بە زۆر) دەهات. پرسیاری کەم دەکرا: نیوەی فێرکراوەکان دەیانخوێند و نیوەکەی تریش نەزان بوون، بەبێ ئەوەی ئەمە هیچ شتێک لە هەستی ئێمەدا بەرامبەریان ببزوێنێت. ساڵانی هەفتا و هەشتاکانیش بوون بە شانۆی شۆڕشێکی گرنگ. ئەوە بوو داوا لە خوێندکاران کرا کە خۆیان بن، واتە خۆیان بە هزری خۆیان زانیاری و زانینە تایبەتییەکانی خۆیان بونیادبنێن. لێ بەداخەوە ئەم ئایدیالیزمە شکۆدارە بەرامبەر بە ئازادی تاکەکەسی، هیچ ئەنجامێکی چاوەڕوانکراو و دڵخۆشکەرانەی لێ نەچنرایەوە. سەیرەکەیش لەوەدایە ئەو فێرخوازانەی دواجار لەگەڵ ئەو سیستمەدا گونجابوون کە بە زۆر زانینی بەسەریاندا سەپاندبوو، هەر ئەوانەن کە لەمڕۆدا دەتوانن زانینی تایبەت بە خۆیان بونیادبنێن. بە پێچەوانەیشەوە، ئەوانەی دژی خوێندن بوون بە زۆر و ناچاریی، ناتوانن تواناکانی زانینی خۆیان گەڵاڵە بکەن.

ئێمە ئەمڕۆ لەبەردەم کەلێنێکی مێژووییداین. پاش کەفوکوڵی ئایدیالیزم و پاش داڕمانێکی سەراپاگیر، دەچینە قۆناغی هەڵسەنگاندن و سەرلەنوێ بونیادنانەوەوە. بۆمان دەرکەوتووە کە نەمانتوانیوە بە باشی هەمووان فێر بکەین. بەڵام باشتر دەبین. بە تایبەتی لەم چرکەساتەدا بۆمان دەرکەوتووە کە لەگەڵ سەرهەڵدانی زانستەکانی نێڤرۆلۆگیدا، چەندەها شێوەی تری پیداگۆگییش سەریان هەڵداوە کە لە تاکەکەسەوە نزیکن.

ئێمە دەبێت چەندەها تاقیگە و پانێلی بەرفراوانمان هەبێت بۆ دەستەبەرکردن و هەبوونی یەکسانییەکی ئایدیاڵ: واتە هەلڕەخساندن بۆ هەر تاکەکەسێک بە مەبەستی گەیشتن بە ئاستێکی دیاریکراو لە زانین تاوەکو بتوانێت لە ژیانیدا، بە هۆیانەوە باشتر خۆی ئاڕاستە بکات و بەڕێوە ببات، واتە باجی قەدەرێکی کۆمەڵایەتی نەدات.

blank
فیلیپ مێریۆ (١٩٤٩- ) توێژەری پەروەردەیی و سیاسەتمەداری فەڕەنسی

فیلیپ مێریۆ:

گرێدانی بەهاکان بە زانینەکانەوە

مەسەلەی خوێندن ڕاستەوخۆ دەمانخاتە بەردەم دوو گرفتی جیاواز: یەکێکیان پەیوەستە بە کرۆک و ناوەڕۆکە کولتوورییەکانەوە، ئەوی تریشیان پابەندە بەو بەهایانەوە کە ئەرکمانە بیانگوێزینەوە. لە لایەکەوە کەسانێک هەن سوورن لەسەر گرنگیی فێربوونی زمان و وەرگرتنی، بوونی توانست بەسەر زانینەکان و فێرکردنی خوێندنەوەی کتێبەکاندا. لە لایەکی تریشەوە کەسانێک دەڵێن کرۆکی خوێندن و فێرکردن بریتییە لە بەدەستهێنان و وەرگرتنی بەهاکان و گەشەپێدانی سەربەخۆیی تاکەکەسییانەی خود. لە کاتێکدا ئەم دوو بەشە لە بنەڕەتدا لە یەکتری جودا نین. گواستنەوەی هەر زانینێک بەپێی بژاردەکانی خۆی و ئەو چۆنێتیەیە کە بە هۆیەوە بەهای ئاشکرا یا شاراوە، دەگوازرێتەوە و بەهیچ شێوەیەکیش ناتوانین بڵێین کە بێلایەنن. بە هەمان شێوە، هیچ بەهایەکی بارگاویکراو بە کولتووریش نیە کە بکرێت بەبێ نێوەندگیری زانینەکان و بەرجەستەبوونی بە هۆ و لە ڕێی گێڕانەوە و حیکایەتەوە، بگوازرێتەوە.

کرۆکی پەروەردە بریتییە لەو پێکەوەبەستەرەی کە زانینەکان و بەهاکان پێکەوە گرێ دەدات. برەودان بە دروشمەکەی کۆماری فەرەنسا: ئازادی، یەکسانی، برایەتی، بەبێ دروستبوونی مناڵ لە کایەی ئازادی دەربڕین و بیرکردنەوە، هەروەها بەبێ دژایەتیکردنی ستەم و کێبەرکێ، واتە لەدەستدانی هەموو جۆرە ڕەوایەتییەک لە دیدی منداڵ خۆیدا. خوێندنی ماتماتیک و فیزیایش بەبێ ڕەخساندنی هەلی کارکردن لەسەریان بە میتۆدی ئەزموونگەرانە، بەبێ ئیشکردن بە شیکردنەوە لە گفتوگۆکردندا، خۆی واتای پووچەڵکردنەوەی ئەو پسپۆڕییانەیە لە کرۆکەکانیان و ڕازیبوون بە بینینی مناڵەکانمان لەژێر کاریگەری تیۆرە پیلانگێڕەکاندا. چاوکردنەوەی فێرخوازانیش بە ڕووی ئەو شاکارە مەزنانەدا کە مرۆڤ بە درێژایی مێژووەکەی بەرهەمی هێناون، پاشان هەڵسەنگاندێک کە پاش وەرگرتنی خاڵە خراپەکانی، ئینجا کەموکوڕی قبوڵ دەکات، بۆ خۆی جۆرێکە لە خەڵەتاندنی ئەوانەی کە گوایە بەرپرسیارێتییانمان گرتۆتە ئەستۆ.

خۆی گرەوە سەرەکییەکەی سیستمە پەروەردەییەکەمان – چ وەک دایک و باوک و خوێندنگە، چ وەک کۆچنی کۆمەڵایەتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش- بێگومان بریتییە لە هارمۆنی و گونجاندن، گونجاندن و هەماهەنگی نێوان پرەنسیپ و ڕەفتارەکانمان. پێکەوەگونجاندنی نێوان ئەو زانینانەی کە دەیانگوێزینەوە و نێوانی چۆنێتی گواستنەوەیان. هارمۆنی نێوان ئەوەی کە پێشکەشی مناڵەکانمانی دەکەین تا لە ژیانیاندا بەکەڵکیان بێت و نێوانی ئەوەی کە خۆمان لە ژیانی ڕۆژانەماندا دەیکەین.

blank
ژاک ڕانسێیر (١٩٤٠- ) فەیلەسووفی فەڕەنسی

ژاک ڕانسیێر:

خوێندن؟ خەیاڵ!

دەبێت چی بخوێنین؟ ئەوانەی کە زۆر لەخۆبردە و خاکیین تەنها بەوەوە دەوەستن کە زانین و زانیارییەکان بگوێزنەوە. فێڵبازەکانیش پۆزی ئەوە لێدەدەن کە گوایە شتێک دەکەن باشتر لەوە: فێری ئەوە دەبن کە چۆن فێرببن، لە هزری ڕەخنەیی و بەهاکانی بیرکردنەوە دەکۆڵنەوە. بەڵام لە بنەڕەتدا هەردووکیان یەک نموونەن: شتێک هەیە کە دەگواسترێتەوە، ماتەریاڵێکی بیرکردنەوە کە دەیگوێزینەوە بۆ هزرێکی تر، وەک چۆن شتێکی ماتەریاڵی لەم دەستەوە دەدەین بەو دەست. وەک دەبینن، ئێمە زۆر خۆوەکیانە و هاوشێوەی چۆنێتی گواستنەوەی زانیاری دەربارەی بەکارهێنانی کردارەکان لە زماندا، میراتی کولتوورییش بۆ هەندێک هزری بچکۆلە دەگوێزینەوە. دیارە ئەم خەیاڵە شتێکی زۆر پێویستە بۆ ئیشکردنی دەزگای پەروەردەیی، وەکچۆن زۆر گرنگیشە بۆ کارکردنی دەزگایەکی کۆمەڵایەتی کە دەسەڵاتی خاوەندارەکان بە دوا دەسەڵاتی پێویست دەزانێت. بەڵام بیرمان نەچێت کە لە ڕاستیدا خودی بێژەی (گواستنەوە) فێڵێکە. پێشتر پلاتۆ زۆر گاڵتەی بەم چەشنە لە گوێگر کردووە کە شەو و ڕۆژ بە دوای سوکراتەوە بووە، پێوەی نووساوە و لێی نەبۆتەوە، بەو مەبەستەی کە یەک تاکە وشەی مامۆستایەکەی لەدەست نەچێت کە دەیدرکێنێت: بەڵام خۆ هیچ شتێک لە هزرێکەوە ناگوێزرێتەوە بۆ کەسێکی تر. ئەوەی کە ئێمە پێی دەڵێین گواستنەوە، بۆ خۆی بریتییە لە پەیوەندی نێوان دوو کردە (پراکسیس) – لێرەدا با قسەکانی (ژۆزیف ژاکتۆت) بهێنینەوە کە پێی وایە گواستنەوە – پەیوەندی نێوان دوو سەرکێشیی بیرمەندانەیە، سەرکێشیی بیرمەندانەی کەسێک کە لە پلەی فێرکاردایە و سەرکێشیی کەسێکیش کە فێرخوازە، کە ئەمەیش بۆ خۆی وروژاندنی ئەوانەی دواییانە تا بتوانن کاردانەوەیان هەبێت و لە ڕەوتی تایبەتی خۆیاندا تێکەڵ بە فێربوون ببن. ئەم چەشنە واقیعە بۆ تاکەکان زۆر یەکاڵاکەرەوەیە: چونکە لەگەڵ هەر وانەیەکدا کە دەوترێتەوە یا ئەزموونێک کە پێشنیار دەکرێت، ئەوان دەتوانن لە دووتوێیدا، خاڵێکی تری دەستپێکردن و ڕەوتێکی نوێ لە کایەی زانیندا فێرببن و هەڵبگرنەوە. لەو نێوانەدا، دەتوانن بگۆڕدرێن بۆ تاکەکەسی سەربەخۆ کە خۆیان بڕیار لە خستنەگەڕ و بەکارهێنانی ئەو توانایە دەدەن کە هەمووان هەیانە و لە لایەن هەمووانیشەوە دانی پێدانراوە.

تێبینی: لەبنەڕەتدا بابەتەکە لە ژمارە ٣٠٧ی ساڵی ٢٠١٨ی گۆڤاری (Sciences Humaines) بڵاوکراوەتەوە. منیش لەم سەرچاوەیە وەرمگرتووە:

مجلة الدوحة: ماذا ندرس فی عالم الیوم؟، ژمارە ١٣٣، نۆڤەمبەری ٢٠١٨، وەرگێڕانی بۆ عەرەبی: طارق غرماوی.