ڕۆمانی تێپەڕ؛ «ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینەوە؟»ـی کاروان کاکەسوور بە نموونە
تێپەڕبوون تایبەتمەندی ستایل و دیدێکی نوێگەرییە، بێ بیرکردنەوەی جیاوازیش(لەوەی بوونی ھەیە)، تێپەڕبوون ڕوونادات.
با بەم نموونەیە دەست پێ بکەین: لە یاریگادا دانیشتووی و سەیری پێشبڕکێی غاردانێ دەکەیت، دەبینیت یەکێک لە وەرزشوانەکان ھێدی دەڕوات، ھێشتا چاوت لەسەر لانەبردووە، وەرزشوانێکی تر بە خێرایی ئەو دەبڕێت، بەمە دەڵێن: لێی تێپەڕ بوو. پێش ئەوەی ئەو مرۆڤە ببڕێت، دیارە لە بیرکردنەوەدا بووە کە چۆن ئەو مرۆڤەی پێشەخۆی ببڕێت؟ بە کامە ڕێگە و بە کامە لا؟ کەواتە پێشوەختە بیرکردنەوە ھەبووە و دواتر پڕاکتیکی. دەشێ ئەمە بۆ ڕۆمانیش دروست بێ.
زیاتر مەبەستمان لە ڕۆمانی تێپەڕ ئەوەیە: خۆی لە نوێگەرییدا بدۆزێتەوە و ھەم داھێنان و ھەم زمان و هەم فۆرم تێیدا چالاک بێت. ھەڵبەتە ئەوەی پێشەخۆی دووبارە نەکردبێتەوە و خاوەن تکنیک و زمانی تایبەت بە خۆی بێت (لە گێڕانەوەدا، دونیاـی کاروان ھەر بەم شێوەیە).
بۆچی بڕێک لە ڕۆمانە کوردییەکانی بەم دواییە نوێنەرایەتی کلاسیک ناکەن؟ ئایا ئەو تێپەڕە بەپێی کاتە و خۆڕسکە، یان مەسەلەکە ئافرێنەری خودی نووسەرە؟ کۆندێرا گۆتەنی: ڕۆمانێک کە بەشێکی نەناسراوی بوون نەدۆزێتەوە، نائەخلاقییە. ناسین تاکە پەیامی ئەخلاقی ڕۆمانە. ئەگەر بەم پێناسەی کۆندێرا لێکی بدەینەوە، دەشێ ئێمە ئەوە بڵێین: نووسەرەکانی ئیستە(ئەوانەی ڕێبەرایەتی سەردەمییانە دەکەن)، ئەدەب بۆ خزمەتی دۆزینەوەی شتە بچووکەکان و پەراوێزخراوەکان تەرخان دەکەن، ئەمەش یەکێکە لە تایبتمەندییەکانی پۆستمۆدێڕن. دیارە لە کلاسیک و ڕیالیزمدا زیاتر فۆکس دەخرایە سەر بابەتە گەورەکان و دیاردەگ ەورەکان، کەچی بڕێک لە ڕۆمانەکانی مۆدێڕنە(یاخود لەسەرەتای سەدەی بیست و تا ئیستاش)، پێچەوانەیە.
ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟
بە کورتی: جیھانگر(پاڵەوانەکە) سەربووردەی خۆی و چەند کەسێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لەنێوان ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوو بەرەو کۆتایی نۆھەتەکان و… کارەکتەری یەکەم و ھاوڕێکانی ھەر ھەموویان خوێنەرن، جگە لە ھەندێک کارەکتەری لاوەکی. بەم زمانەی کە خوێنەری ورد دەدوێ(لێ بە گرێوگۆڵ نا)، کارەکتەری یەکەم دەست دەکات بە گێڕانەوەی ئەم چیڕۆک و ڕووداوانەی مناڵی و گەنجی کە تووشی دێت.
شەکشەک (پاڵەوانی دووەم)، زۆرترین کێشەی بەسەر کارەکتەری یەکەم دەھێنێت، لێ ھاوڕێی منداڵییەتی و دایمەش لەگەڵ یەکن. دوایی کە گەورە دەبن و کۆچ بۆ وڵاتانی دەرەوە دەکەن، لە یەک دوور دەکەونەوە، بەڵام جار جارە یەکتریش دەبینن، ھەر جارە و کێشەیەکیش لە دەست شەکشەک ڕوودەدات. بۆ جاری چەندەم شەکشەک دەیەوێت جیھانگر ببینێ، لێ جیھانگر دەیەوێت پرس بە کارە (ئەویش ھاوڕێیەکی نێزیکیەتی) بکات کە ئایا بینینی یاخود نا؟ بۆیە ڕۆمانەکە لەنێوان ئەم پرس و پرسیارانە بەردەوامە و دەکرێ بڵێین ھێشتا کۆتایی نییە.
ئەم ڕۆمانە بە قەبارە گەورەیە، نزیکەی پێنج سەد لاپەڕەیە. ئەگەر بەراوردی کتێبێکی قەبارە بچووکی بکەین، دەشێ بگاتە ھەزار لاپەڕە و شتێک. کارەکتەرەکان زۆرن، بەڵام ھەر ھەموویان تایبەتمەندیی خۆیان ھەیە و خاوەن بیرکردنەوە و دنیابینیی جیاوازن. ناوی کارەکتەرەکان، بەروارد بە ڕۆمانە کوردییەکانی پێشەخۆی، زۆر جیاوازە و نامۆ دەردەکەوێت، بڕوانە ئەو ناوانە: جیھانگر(پاڵەوانەکە)، شەکشەک(پاڵەوانی دووەم، چونکێ بێ شەکشەک ئەم ڕۆمانە نەدەھاتە بوون)، گەربووشە، برای ماڕڵین مۆرۆ، کاژان…زۆریتریش.
ھەشت بەشە و ھەر بەشێکی چەند ڕووداو و چیڕۆکگەلێک، دەگێڕدرێتەوە. بەڵام ھیچ لەو گێڕانەوانەش پابەند بە ڕێسا و یاسای زنجیرەیی نییە، ئاسان وەک پیازێکی سپیکرای لە دەستت بنێت، بەڵکە دەبێ خۆت وەک نووسەر بەژداری بکەیت و ھەر خۆشت(مەبەست لە خوێنەر) بڕێک لە کۆدەکانی نێو چیڕۆکەکان ھەڵێنیت (لە کۆتاییەکانی ڕۆمانەکە، نووسەر ھەوڵیداوە بە ناڕاستەوخۆ یارمەتی خوێنەر بدات، بۆ زیاتر تێگەیشتن لە تەکنیکی گێڕانەوە تایبەتییەکەی خۆی). ئەم ڕۆمانە پارچە پارچەیە و ھەر پارچەیەکی لە نێو دووسێ بەش خۆی تەواو دەکات، یا بڕێکیش بە کراویی ھێڵدراوەنەتەوە.
لەنێو ئەم ڕۆمانەدا ھەستم بە زیادەڕۆیی و بەھەدەردانی ڕستەیەک نەکرد.
چیڕۆکەکانی نێو ھەر بەشێک، تەواوکەری چیڕۆکەکانی نێو بەشەکانی ترن، ئەمە بە ئاگاییەکی بێوێنە کراوە. من وەک خوێنەرێک لەنێو ئەم ڕۆمانەدا ھەستم بە زیادەڕۆیی و بەھەدەردانی ڕستەیەک نەکرد.
لەگەڵ ئەوەی گێڕانەوەکان پچڕ پچڕن، بەڵام ئەو پچڕ پچڕەیەش پاش و پێشخراوە. بۆ نموونە: ئەگەر سەفەرێکی دوور بکەن، دەشێ سەرەتا ھاتنەوەی بگێڕێتەوە و ئاخیرەکەی سەرەتا بێت. لەم بارەیەوە نووسەر لەسەر زاری پاڵەوانەکە، خەریکی نووسینی ڕۆمانێکە و نموونەیەک دەھێنێتەوە کە چۆن گرینگی بە چۆنیەتی گێڕانەوە دەدات و دەڵێت: «بۆ نموونە ئەگەر لەم ڕێگەیدا بە بیست بنکەی پشکنیندا تێ بپەڕین، ئەوە من دەشێ لە گێڕانەوەدا بنکەی حەوتەم بخەمە پێش بنکەی سێیەم، دووەم دوای چواردەم باس بکەم، بیستەم بھێنمە سەرەتا و یەکەم بۆ کۆتایی ھەڵبگرم. ھەروەھا ئێمە چوون و ھاتنەوەمان ھەن کە ڕەنگە ھەندێجار ھاتنەوە بخەمە پێش چوونەوە»[1]. گێڕانەوەی بێ گرێوگۆڵ، بەڵام چڕ، کەواتە ئەم چێژە قووڵەیە کە ڕۆ دەچینە ناوی و ئێمەش(خوێنەر) چڕتر دەبینەوە. دەشێ ئەم شێوازەی گێڕانەوە، بە ئاگایی و زمانێکی چالاک بکرێت، دەبینین لێرەدا ئەمە کراوە «قژە ڕەشەکەی لە ناوەڕاستی سەریدا بە قردێلەیەکی سپی دەبەستێت، کە وەک چڵی درەخت بەرز دەبێتەوە و لەو بۆشایییدا کەوانەیەک، دروستترە بڵێم نیشانەی پرسیار پێک دەھێنێت. ئەمە وای کردووە شێوەی لە منداڵ بچێت»[2].
«پۆلێک کۆتر لە سەربانێک ھەڵدەفڕن و دێن لە نزیک دووکانی بەفرەکە دەنیشنەوە. ھەندێکیان ڕەش و ھەندێکیان سپین. زۆر ماڵی دیارن. سڵ لە بەفرفرۆشەکە ناکەنەوە و لە نزیکیەوە دەلەوەڕێن. لەژێر ئەو مێزە دارینەی قالبە بەفرەکانی لەسەر دانراون، دڵۆپ دڵۆپ ئاو دەتکێتە سەر خۆڵەکە و دەبێتە گۆمیلکە. کۆترەکان دەندووک دەخەنە ئەو گۆمیلکانەوە و تینوێتیی خۆیان دەشکێنن».[3] زمانی سادە و وشک، ناتوانێت لە بابەتی پەراوێزخراوان و ڕووداوی ورد و بابەتی بچووک، چالاک بێت. ھەمیشە لە گێڕانەوەدا، زمانی ورد و بێ گرێوگۆڵ، سەرنجڕاکێشترە و چانسی بەردەوامی زۆرترە. زمان و گێڕانەوەکەی ئەم کتێبە (ئەو ھاوڕێیەی منداڵی ببینمەوە؟)، چالاک و بۆ زیاتری بەردەوامی، دەتوانین پشتی پێ ببەستین.
ئەگەر بمانەوێت دۆخی کارەکتەرەکان و لێکدانەوەی چیڕۆکەکانی نێوی بدەینە بەرباس، ئەوە دەشێ کتێبێکی لەبارەیەوە بنووسین و ئینجا شڕۆڤەیەک بخەینە ڕوو. هیوادارم لێکۆڵەر و ڕەخنەگرانی ئەدەبی دەست بۆ ئەو کەشفکردن و شیکارییە ببەن. من پێم باشە خوێنەر بە دەست ڕۆمانەوە ھیلاک بێت، نەوەک ئاسان ھەمووی بۆ بخرێتە ڕوو، ئەگەر وانەبێت ئەی چۆن ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە؟
بۆچی ئەم ڕۆمانە تێپەڕە؟
ئێمە ھەمیشە پێویستمان بە نوێکاری و نوێبوونەوەیە، بۆ ئەوەی بگەین بە داھێنانی تازە و دۆگماـیش تێپەڕێنین، کەواتە ئەمە بۆ ئەدەبیش دروستە. کاتێک ڕۆمانی نوێی فەڕەنسی دێتە ئاراوە، بە ھەوڵی چەند نووسەرێک لەوانە «ئالان روب گرێ، ناتالی ساروت، میشیل بوتور، کڵۆد سیمۆن و…» دەرچەیەکی باش بوو بۆ زیندووبوونەوە و گەشانەوەی زیاتری ڕۆمان. ڕۆمانی نوێ پێچەوانەی کلاسیک و ڕیالیزم ڕێ دەکات و ھیچ گرینگییەک بە ڕەگەزی سونەتی باو نادات. ھەڵبەتە لە کلاسیکدا، بۆ نموونە ئەمانە وەک بنەما ناسێندرابوون: کەسایەتییە دیارەکان و گواستنەوەی ئەو واقیعەی کە ڕوویدەدا (یا ڕوویدابوو) وە ھەڵبەتە باسە ھەرەباوەکانیش…
ناتالی ساروت دەربارەی ڕۆمانی نوێ دەڵێت: «لە ڕۆمانی نوێدا بابەتەکە خۆی لە خۆیدا گرینگ نییە، ئەوەی گرینگە ئەو شێوە و فۆڕمەیە کە ژیان بە بابەتەکە دەبەخشێ، تا بگاتە خوێنەریش. بە ڕای من وەسفی شتەکان گرنگییەکی ئەوتۆیان نییە. بەرانبەر بەمە، ئەوەی گرینگ بێت، جووڵەی ناوەوەی نووسینەکەیە».[4] ئەوەی دەبیندرێت لەم ڕۆمانە (ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟)، زیاتر نیشاندان و چۆنییەتی گێڕانەوەیە، نەوەک وەسفکاری. کەواتە دەشێ بڵێم ئەم شێوازی گێڕانەوەیە، بە سەردەمییانە و پێشەنگی ڕۆمانی کوردی لە قەڵەم بدەم.
ھەمیشە نووسەرە جەماوەرییەکان پەنا بۆ ڕووداوی زەق دەبەن و بە شێوەی ڕاستەوخۆیش دەیانگەیەننە خوێنەری سادە،
ئایا ھەردەبێ بە ھەمان ڕێگەی باو بڕۆیت؟ ئەی ناکرێت ڕێگەیەکی تایبەت بە خۆت ھەبێ و زەمەنیش تێک-بشکێنیت؟ بەڵێ دەکرێت. وەک لەوەی ئەم کتێبە «ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینەوە؟»ـی دەبینین و ھەم نووسەر خۆیشی لە دیالۆگێک «ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ» ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە: «کات لە بەرھەمەکانمدا ھێڵێکی ڕێکی زانراو نییە، بەڵکوو فرەئاڕاستەیە. لۆژیکی سەرەتا، ناوەڕاست و کۆتایی ڕەچاو ناکەم، بگرە تێکی دەشکێنم»[5]. ئەمە ئەو دیدە نوێیەیە کە لەنێو ئەم کتێبە بەرجەستەکراوە.
«ھەمیشە نووسەرە جەماوەرییەکان پەنا بۆ ڕووداوی زەق دەبەن و بە شێوەی ڕاستەوخۆیش دەیانگەیەننە خوێنەری سادە، ھەر لەبەر ئەوەیشە جەماوەرێکی زۆر، ئەو ئەدەبە پەسەند دەکەن»[6]. لە ڕاستییدا ئەم کتێبە (ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینەوە؟) ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە نووسەرەکەی بۆ کۆمەڵ نانووسێت و ناشیھەوێت ببێتە جەماوەری، ھەر بۆیە دژ بەم دیدە، دەست دەکات بە گێڕانەوە و بە شێوەی ڕاستەوخۆیش، ھیچت پێ ناڵێت.
ئەگەر دەست بکەین بە بڕێک بەراوردکاری ڕۆمانی کوردی، دەشێ ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینەوە؟ـی کاروان، بێ دوودڵی ئەوەمان پێ بڵێت: چیتر گرینگی بەو لۆژیکییەی ڕۆمانی پێشەخۆی نەدات و ڕێیەکی تایبەت بە خۆی گرتۆتەبەر، دەی خۆی ئەمە ئەو تێپەڕیەیە، لە نێو ڕۆمانی کوردی(تا ئیستە).
بۆ زیاتر بەرچاوڕوونی کە ئەم ڕۆمانە بۆچی تێپەڕە، دەکرێ خوێندنەوەی جیاوازتری بۆ بکرێت و لە چەند ڕووەوە خاڵە ئیجابییەکانی باس بکرێت.
پەراوێز:
[1] ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟/ ل. ٤١٠
[2] ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟/ل. ٨٦
[3] ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟/ل. ٤٢٥ و٤٢٦.
[4] زنجیرەی دۆسیەکانی سەردەم ٤٤.
[5] ڕۆمان لە تاکدەنگەوە بۆ فرەدەنگ، گفتوگۆی شاخەوان سەدیق لەگەڵ کاروان عومەر کاکەسوور/ ل.١٢٠
[6] ئەو ھاوڕێیەی منداڵیم ببینمەوە؟/ ل. ٤٢٢