فرۆید و مارکس

گفتوگۆی نێوان سڤێن-ئێریک لیدمان و پێر ماگنوس یوهانسۆن

دەقی ئەم گفتوگۆیە لە بەرواری ٢٠١٦/١/٢٣ لە لایەن کۆمەڵەی فرۆیدی/ئارچە لە یۆتۆبۆری، ڕێکخراوە. ئامانج لە گفتوگۆکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خولیایەی کە هەردوو (پێر ماگنوس یوهانسۆن) لەدایکبووی ١٩٥٠، دەروونشیکار و پسپۆری مێژووی بیرە و، (سڤێن – ئێرک لیدمان) لەدایکبووی ،١٩٣٩ نووسەر و بیرمەندێکی سویدییە، پسپۆری مێژووی بیرە. لە زانکۆی لوند و پاشان لە یۆتەبۆری خوێندوویەتی. لیدمان ساڵی ١٩٦٦ بڕوانامەی دوکتۆرای وەرگرتووە و بووەتە دۆسێنت لە زانکۆی یۆتۆبۆری، دەخوازن و تەمای ئەوەن کتێبێک لەبارەی کارل مارکس و سیگموند فرۆیدەوە بنووسن.

(سڤێن – ئێرک لیدمان) و (پێر ماگنوس یوهانسۆن)

ماگنوس: بەڵێ! کەواتە با دەست پێ بکەین. پێم وایە کە کەشەکە زۆر باشە، بەو مانایەی کە خەڵکانێکی زۆر ئامادەن. زۆر خێرا بۆمان دەرکەوت کە جەماوەرێکی زیاترمان هەیە. ئەوانەی کە لە سیمیناری پێشووماندا جێگەیان بەرنەکەوت، بە خۆشحاڵییەوە بە خێرهاتنیان دەکەین کە لە ٢٣/٤دا ئامادە بن. وەکووتریش ئەوە ئێریک لێدمانە کە وا بزانم زۆربەتان دەیناسن و پێناساندنی کارێکی کەمبایەخە. ئێمە دەخوازین کە گفتوگۆیەک بکەین دەربارەی فرۆید و مارکس کە بەندە بەو کاتەوەی من و سڤێن-ئێریک بڕیارمان دا کە کتێبێک لەبارەی فرۆیدەوە بنووسین..

لیدمان: (وەک پێبڕینێک ڕوودەکاتە ماگنوس و دەڵێت) کتێبێکی بچووک!

ماگنوس: بەڵێ کتێبێکی بچووک و بابەتێکیش دەربارەی شتێکی تر.

بەڵێ! ئێمە ڕامان وایە کە چەند تەوەرە و تێمایەکمان هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە من و سڤێن- ئێریک یەکتریمان تێدا ناسیووە. سڤێن- ئێریک مامۆستای من بووە لە زانکۆ، بەشی مێژووی ئایدیاکان. ئەوە بوو پاشتر من و سڤێن- ئێریک مانگی جارێک گفتوگۆمان دەکرد دەربارەی چەند بابەت و پرسیارێک کە تایبەتبوون بەو باسانەی مەبەستمان بوون. دواتر ئێریک دەستی کرد بە نووسین، ئینجا منیش دەمنووسی، ئیتر ئەوە بوو کە.. (ڕوو دەکاتە ئێریک)!

لیدمان: بەڵێ وابوو، لە بەهاری ١٩٩٩ەوە دەستمان کردووە بەم گفتوگۆیە، واتە 16 ساڵ دەبێت، یان ڕاستتر وا دەبێت بە ١٧ ساڵە خەریکی ئەم بابەتەین، لە مانگی ٤ی ئەمساڵدا دەبێت بە ١٧ ساڵی ڕێک.

ماگنوس: بەڵام پێشتریش هەر گفتوگۆمان کردووە، لێ بە هەمان ئەم شێوەیەی دواییمان نا.

لیدمان: (بە پێکەنینەوە)، ڕاستە! بەڵام بیرت نەچێت کە من سەرە گەورەکە (مامۆستاکە) بووم.

ماگنۆس: (بە پێکەنینەوە)، ڕاستە وا بوو، مامۆستا! ئیتر ئەوە بوو گفتوگۆمان دەکرد، پاشتر دەقەکانی کە دەماننووسین بۆ یەکتریمان دەخوێندەوە. پاشان مانگانە جارێک یەکتریمان دەبینی، جارێک لە ماڵەکەی ئەو، جارێکیش لای من. بە مانای ئەوەی کە هەمیشە لە یەکترییەوە نزیک بووین. دەکرێت بڵێم کە هەر ئەو زنجیرە بەردەوامەی گفتوگۆ و یەکتربینینە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی نێوانیشمان وایکرد کە ئەم پرۆژە بچکۆلەیە بکەین بە نووسینی کتێبێک دەربارەی فرۆید و مارکس. وا بزانم پێش ئەوەیش بابەتێکمان لەسەر ١٩٦٨ نووسی.

باشە! ئێستا دوای ئەو قسانە، دەزانین کە بۆچی لێرە دانیشتووین و دەمانەوێت چی بکەین. من ڕام وابوو کە باشتر بوو چەند وانەیەکمان هەبووە تایبەت بەم باسانە کە دەخوازین بیانوروژێنین، تاوەکو لەم کەسە بەتوانا و زرنگانەوە کە لێرە ئامادەن، هەندێک ڕا و بۆچوونیش وەربگرین تا لە نووسینی کتێبەکەدا سوودیان لێ وەربگرین.

ویستم شتێک بڵێم، بەس پێم وایە باش بوو تۆ (ڕوو دەکاتە لیدمان) شتێک بڵێیت لەسەر ئەوەی کە پەیوەندی تۆ بە مارکسەوە چییە و چۆن بە توێژینەوە لەو دەستت پێ کرد. بەڵێ، شتێکی لەو جۆرە.

لیدمان: بەڵێ. لە ڕاستیدا من دەمێکە هاوڕای بۆچوونەکانی مارکسم، لە مانگی ١٢ی ئەمساڵدا دەبێت بە ٥٠ ساڵ کە من سەرقاڵبووم بە وەرگێڕانی کارەکانی مارکسەوە بۆ سویدی، ئەمە جگە لەوەی کە وابزانم زۆر پێشتر من سەرقاڵی ئەو بووم، وابزانم لە ١٩٦٠  یا ١٩٦١ەوە. وەک دەزانن ماوەیەکی زۆر زۆر درێژە کە من خەریکیم.

ئێستا با بزانین بۆچی من خولیای مارکس بووم؟ لە ڕاستیدا سەرەتای سەرسامی من بە مارکس دەگەڕێتەوە بۆ نووسینەکانی قۆناغی گەنجێتی ئەو کە ئەو سەردەمە لە لایەن نەیاران و ئۆپۆزسیۆنی مارکسیزمی ئۆرتۆدۆکسی سۆڤێتیەوە، پێچرانەوە و قەدەغەکران. لە پێش هەموویانەوە (کۆلاکۆفسکی) بوو لە پۆڵەندا کە خەریک بوو وردەوردە هاوەڵایەتی لەگەڵ نەیارەکەیدا (ئادەم شاف) پەیدا کردبوو، هەندێکی تریش، لە پێش هەموویانەوە ژان پۆڵ سارتەر لە فەرەنسا کە ساڵی ١٩٦١ کتێبێکی زۆر گەورەی بە ناونیشانی (ڕەخنە لە ئەقڵی دیالەکتیکی) بڵاوکردەوە کە تیایدا پتر لەسەر نووسینەکانی گەنجێتی مارکس دەکات وەک بنچینەیەک بۆ ئەو تیۆرەیەی کە خۆی دایمەزراندبوو.

blank

بە هەر حاڵ، قسەکردن لەو کاتەدا لەسەر ئەو نووسینانەی مارکس باس و خواسێکی گەرموگوڕ بوو، پاشتر وردەوردە بە خۆمم وت: باشە بۆ وەریان نەگێڕم بۆ سویدی لە کاتێکدا بۆ زۆربەی زمانەکانی تر وەرگێڕدراون؟ بە ڕاستی زمانێکی ئەڵمانی قورس بوو، بە تایبەتی ئەڵمانییەکەی سەردەمی گەنجێتی مارکس، هەر زۆر قورسە، لێ ئەوە بوو تێکۆشام و کتێبێکیم کرد بە سویدی، ئیتر لە دوای ئەوەوە من بە بەردەوامی سەرقاڵی مارکس بووم کە جگە لە وەرگێڕانی کۆبەرهەمەکانی مارکس، لەو دواییانەیشدا کتێبێکی گەورەم لەسەر بایۆگرافی مارکسیش نووسی کە نزیکەی ٨١٨ لاپەڕە بوو! کەڵکەڵەی من بۆ نووسینەوەی ژیاننامەی مارکس لەوەوە سەرچاوی گرتبوو کە دەمووت: ئەوە سەردەمێکی زۆر بەسەر ڕووخان و نەمانی یەکێتی سۆڤێتدا تێپەڕیوە، کەچی هێشتا هەر نووسین و رەخنەکانی مارکس و چەمکەکانی بەردەوامن، واتە هێشتا هەر بناغەیەک ماوە کە بتوانیت لەسەری شتێک بونیاد بنێیت. پاشان قسە لەسەر مردنی سۆڤێتیزمی ئۆرتۆدۆکسی دەکرا، ئەگەرچی من باوەڕم وا نییە و کە پێم وایە وەک دژە گوتار لێرە و لەوێ، لە سێ چوار شوێن هەر ماون، ئەوە ماوییەکانن بۆ نموونە. دوای ئەوە من بیرم لەوە دەکردەوە کە بە ڕاستی بۆچی مارکس لەناو گەنجەکاندا هیچ ئامادەییەکی نییە و کەس بە گرنگی نازانێت؟ دیارە نزیکەی ٣٠ بۆ ٤٠ جاریش چو٢مەتە ناو ئاهەنگ و بۆنەکانیانەوە، دیقەتم داوە یان ئەوانە مارکسین کە لە سەرو تەمەنی ٥٥ ساڵیەوەن، یان ئەوانەی کە لە خوار تەمەنی ٢٥ ساڵەوە. وەک دەبینین ماوە و تەمەنێکی بەرینە لەو نێوانەدا. دیارە حاڵەتی دانسقەیش هەیە، بەس بە زۆری وایە. هەست دەکەم وەک سەرەتایەک ئەوەندە بەسە، سەرەی تۆیە ماگنوس، چونکە هەست دەکەم پەیوەندییەکەی تۆیش بە فرۆیدەوە سەرنجڕاکێشە.

ماگنوس: ئەزانی چی؟ ڕەنگە لای من مەسەلەکە تۆزێک جیاوازتر بێت، چونکە وەک خۆت دەزانیت من هاوشێوەی تۆ نەبووم کە تەمەنێکی زۆرم لە کایەی نووسیندا هەبێت. بەڵام من تاڕادەیەک لە تەمەنێکی زوودا فرۆیدم خوێندەوە، وابزانم هەر ١٥ بۆ ١٦ ساڵێک دەبووم و سەرنجمی ڕاکێشا. پاشتر وتم ئەمە شایەنی ئەوەیە کە لەسەری بەردەوام بم، ئەوەبوو چوومە پەیمانگەی سایکۆلۆژی لە زانکۆی یۆتۆبۆری بەو حەز و خواستەوە کە لەوێ فرۆید بخوێنم. بەڵام بە ڕاستی هەڵەکە لە منەوە بوو، چونکە هەرگیز کەسێکم تیایدا نەبینی کە فرۆیدی خوێندبێتەوە و تەواو پشتگوێ خرابوو. پاشتر بۆم دەرکەوت کە هەر لێرە لە یۆتۆبۆری  بەرنامەیەکی خوێندن هەیە دەربارەی دەروونشیکاری کە لە لایەن مامۆستایەکی ئەمریکای باشوورەوە دەوترایەوە. ئیتر لەوەوە وتم ئەمە شتێکی باشە و ڕەنگە لەمەوە بتوانم فرۆید بخوێنم و لێی بتوێژمەوە، لێ لە ڕاستیدا ئەویش هەر بایی ئەوەندە نەبوو کە خواستەکانی من تێر بکات.

*بەشەکانی دیکەش لە داهاتووی نزیکدا بڵاو دەکەینەوە