چۆنیەتی هەڵسوکەوت کردن لەگەڵ شۆفیری تاکسی

و: کازیوە. ک

لەگەڵ سواربوون بۆ نێو تاکسی، کێشەی مامەڵەکردنی گونجاو لەگەڵ شۆفیرەکەدا دێتە ئاراوە. شۆفیری تاکسی کەسێکە کە هەموو ڕۆژەکەی لە ترافیکەکان و لابەلای ئۆتۆمبیلەکانی شاردا (پیشەیەک کە دەبیتە هۆی جەڵتەی دڵ یا وڕێنەکردن و خۆخواردنەوە) تێدەپەڕێنێ و هەمیشەش لە شەڕ و کێشەدایە لەگەڵ شۆفیرەکانی دیکە. لە ئاکامدا، ئەو توڕەیە و بێزارە لە بینینی هەر بوونەوەرێک کە لە مرۆڤ بچێ. لەبەر ئەمەیە کەسانی ڕادیکاڵی شیک دەڵێن شۆفیرانی تاکسی هەموویان فاشیستن. بە هیچ شێوەیەک. کێشە و پرسە ئایدیۆلۆژییەکان بۆ شۆفیری تاکسی هیچ بایەخێکی نییە. ئەو لە خۆپیشاندانی سەندیکاکان بێزارە، نەک لەبەر سیاسی بوونیان، بەڵکو لەبەر ئەوەی کە هاتوچۆ ڕادەگرن. ئەو بێزارە لە ڕێپیوانی کچانیش. زۆرترین چاوەڕوانی و داواکاری، دەوڵەتێکی بەهێزە کە هەموو ئۆتۆمبێلە شەخسییەکان ڕابگری و ڕێکارێکی توند بۆ ڕێگری هاتوچۆ لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە تا نیوەشەو بگرێتەبەر. ئەو دژە ژنە(misogynist)، هەڵبەت تەنیا ئەو ژنانەی هاتوچۆ دەکەن  و گوێ بە ماڵەوە نادەن، بەڵام سنگفراوانە بۆ کابانەکان و ماڵدارەکان. 

دەتوانین شۆفیرانی تاکسی ئیتالیایی بۆ سێ پۆل دابەش بکەین: کەسانێ کە ئەم بۆچوونانە دەردەبڕن و بۆڵە بۆڵیانە. کەسانێ کە بێدەنگن و لەکاتی شۆفێریدا لەبارەی بێزاریان لە خەڵک قسە دەکەن. دوایینیان ئەوانەن کە بە وردی ڕووداو و بەسەرهاتەکانیان لەگەڵ موشتەرییەکانی دیکەوە دەگێرنەوە و دڵیان ئاو دەخواتەوە و گرژی و مۆنیان نامێنێ. ئەم بەسەرهاتانە پشکێکن لە ژیانێکی بێ بچووکترین بایەخی هێمایی و نیشانەیی، کە ئەگەر لە مەیخانەیەک بگێڕدرینەوە، خاوەنی باڕەکە بە ئەرکی خۆی دەزانێ کە گێڕەرەوە بنیرێتەوە بۆ مالەوە و بڵێ کاتی خەوە. بەڵام بۆ شۆفیری تاکسی ئەمانە سەرنجڕاکێش و گرنگن، ئێوەش قازانجتانە کە بە دەربڕینیگەلێکی لەم چەشنانە: “نا، چۆن شتی وا دەبێ؛ خەڵکی واش زۆرە؛ دنیایەکی شیتانەیە؛ بە ڕاستی شتی وا ڕوویداوە” بەشداری بکەن تا شۆفیرەکە لە خۆخواردنەوە و لە خۆدامانەوە دوور بکەوێتەوە و خۆیشتان هەستێکی باشترتان هەبێ.

ئەگەر ئیتالیاییەک بڕواتە نیویۆرک، پاش خوێندنەوەی ناوێکی لەم چەشنە Cu- tugnatto, Esippositto, Perquocco, بە ڕیتمی ئیتالیایی، ڕنگە بکەوێتە گێژاوێکەوە. شۆفیرەکە دەست دەکات بە قسەکردن بە زمانێکی ناڕوون، ئەگەر تێی نەگەن، لە تووڕەییدا سوور دەبێتەوە. یەکسەر دەبێ بە ئینگلیزی پێی بڵێن کە لە ئیتالیا بەس لەهجەی ناوچەکەی خۆتان دەزانن، هەر چۆنیک بێت ئەو باوەڕ دەهێنێ کە لە ئیتالیا زمانی فەڕمی ئینگلیزییە. بە شێوەیەکی گشتی شۆفیرەکانی نیویۆرک یان ناوی یەهودیان هەیە یان ناوی نایەهودی. ئەوانەی ناوی یەهودیانەیان هەیە کۆنەپارێزی زایۆنین Zionist reactionaries. ئەوانەی ناوکانیان یەهودی نییە کۆنەپارێزی دژە جوون. ئیدعایەکیان نییە. نازانی لەگەڵ ئەوانەی کە ناوەکانیان یەهودیانە نییە و نزیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین یا ڕووسی، ناکرێ بزانی یەهودین یان نا، چۆن هەڵسوکەوت بکەی، مەسەلەیەکی ترە. بۆ ئەوەی هیچ پێشهاتێک نەیەتە ئارا، دەبێ بڵێن ڕام گۆڕیوە و لە جیاتی سەر شەقامی حەوتم دەمەوێ بڕۆم بۆ شەقامی چارل-تۆن، یەکسەر شۆفیرەکە توڕە دەبێ و ڕادەوستێ و ناچارتان دەکات دابەزن. چونکە شۆفیرانی نیویۆرک تەنیا ئەو شەقامانە دەناسن کە ژمارەیان هەیە نەک ناو.

شۆفیری تاکسی؛ کەسێکە هیچ کاتێ پارەی وردە و باقی پێ نییە.

بەڵام شۆفیرانی پاریسی بە هیچ شێوەیەک شەقامەکان ناناسن. ئەگەر بە تاکسییەک بڵێی بتگەیەنەتە گۆڕەپانی سان-سولیس، ئەو لە (ئۆدێن) جێت دەهێڵێ و دەڵی ئەمە نزیکترین ڕێیە و لەوە زیاتریش شارەزا نییە، پێشنیاری سەیرکردنی نەخشەی بۆ مەکەن چونکە دەست دەکات بە پرتە و بۆڵە. ئاسیاییەکانیش گروپێکی جیان: بە گەرموگوڕییەوە سێ جار لە بلوارەکانی پاریس دەتسوڕێننەوە، ئینجا پێت دەڵێن کە فەرقی چییە ئەوان لە جیاتی (گار دۆ نۆر- وێستگەی باکوور) ئێوەیان گەیاندووە بە (گار دۆ لێس- وێستگەی ڕۆژهەڵات)، شەمەندەفەر هەر شەمەندەفەرە.

لە نیویۆرک بە هیچ شێوەیەک ناتوانی بە تەلەفون تاکسی بانگ بکەی مەگەر سەر بە یانەیەکی وەرزشی بیت. بەڵام لە پاریس دەتوانی، بەڵام نایەن. لە ستۆکهۆڵم تەنیا ڕێی بانگکردنی تاکسی، بە تەلەفۆنە، چونکە متمانەیان بە خەڵکی پیادەی سەر شەقامەکان نییە. بەڵام بۆ ئەوەی ژمارە تەلەفۆنەکەیان بزانی، دەبێ دەست لە یەکێ لە تاکسییەکان ڕابگری، بەلام وەک وتم ئەوان ڕاناگرن چونکە متمانەیان نییە.

شۆفێرانی ئەڵمانی میهربانن و هەڵسوکەوتیان باشە، ئەوان قسە ناکەن، بەس پێ بە بەنزیندا دەنێن. کاتێ وەک گچ سپی، دادەبەزن، دەزانن بۆچی ئەوان دێن لە ئیتالیا پشوو بدەن و بە خێرایی شەست کیلۆمەتر لە پێشی ئێوەوە دەهاژوون.

ئەگەر تاکسییەکی فرانکفۆرتی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی پۆرش و تاکسییەکی ڕیوی بەرازیل  لەگەڵ ئۆتۆمبیلێکی ڤۆلکس واگێن بخەینە پێشبڕکێوە. بەرازیلیەکە دەیباتەوە، چونکە لە ترافیک لایتەکان ڕاناوەستێ.

لە هەموو شوێنێکی جیهان، ڕێگەیەکی ئاسان هەیە بۆ ناسینی شۆفیری تاکسی؛ ئەو کەسێکە هیچ کاتێ پارەی وردە و باقی پێ نییە.

١٩٨٨