فەلسەفە، فەیلەسوف و قەشەنگییەکانی شوێن

دیدارێکی دەگمەن لەگەڵ "گاستۆن باشلار"دا

لە ئینگلیزییەوە: بڕوا عەلادین


ژووریکی خنجیلانەی پڕ لە کتێب لە نزیکی کۆشکی لومبێغ، ئەمە ئەو شوێنەیە کە خوێندکارەکانی تیایدا سەردانی گاستۆن باشلار: فەیلەسوفی فەرەنسیی تەمەن هەشتا ساڵ، دەکەن. وانەکانی بوونەتە مایەی سەرنجڕاکێشان و سرووش بۆ چەندین نەوە لە خوێندکارانی زانکۆ. کتێبەکانی کە تێکەڵەیەک بوون لە ماتماتیک، شیعر و خەون، چەندە سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێنا، بە هەمان ڕادەیش بوونە مایەی پشێوی بۆ هاوەڵە فەیلەسوفەکانی خۆی. چەند رۆژێک لەمەوبەر (واتە ٦ی نۆڤەمبەری ١٩٦١) خەڵاتی نیشتمانی نامەکان (National Prize Of The Letters) ی پێ بەخشرا  و دواتریش لە ڕۆژنامەکاندا بایەخێکی زۆری پێدرا. هۆکاری ئەوەی کە دەوێرین چاوپێکەوتنی لەگەڵدا بکەین ئەوەیە، کە ئەو کەسێکی دەم بەخەندەیە و خاوەن دڵێکی باشە، هەروەها لەبەر ئەوەی ئەو لەو فەیلەسوفە دەچێت کە هەر هەموومان لە مناڵییەوە لە خەیاڵماندایە و وێنامان کردووە.

گاستۆن باشلار (١٨٨٤-١٩٦٢) فەیلەسوفی فەڕەنسی


– ئایا هیچ پەرۆشی ئەوەیت کە پێت بڵێین ((مامۆستا))؟

باشلار: نا، هەرگیز… گاستۆن باشلار یا بە تەنها باشلار بەسە، لەوە زیاتر نا. تەنانەت حەز ناکەم پێیشم بڵێیت پرۆفیسۆر، بە ڕاستمە و گاڵتە ناکەم.. ئەوە یەکلابۆتەوە. من پیاوێکم لەوپەڕی ئازادیی خۆمدام، هەمووان پێم دەڵێن باشلار. نامەوێت کەس پێم بڵێت مامۆستا، نا نا!

– کە گەیشتینە لات گوێت لە ڕادیۆ دەگرت، تا چەند بایەخ بە هەواڵەکان دەدەیت؟

باشلار: هەواڵەکان شتێکی سەرەکی و جەوهەرین لە ژیانی مندا. کچەکەم ڕادیۆیەکی ترانزیستەری بۆ کڕیووم، منیش لە ٧ ی بەیانییەوە تا ٩ ی شەو، بە بەردەوامی هەموو سەری کاتژمێرێک، گوێ لە کورتەی هەواڵەکان دەگرم و بۆم گرنگە بزانم چی ڕوودەدات.

– بۆچی؟

باشلار: چونکە بۆ ماوەی ٣ خولەک هەست دەکەم هەموو جیهان بە چواردەوری مندا دەسوڕێتەوە. هیچ شتێک لەوە خۆشتر نییە کە دنیا لە شێوەی هەواڵدا بۆت بێتە ژوورەوە. من ناتوانم بەبێ ئەوە بژیم.

– بەڵام مەرج نییە هەمیشە ڕووداوەکان گرنگ و پێویست بن.

باشلار: خۆی باشییەکەی ئەوەیە کە تەنها هەواڵی ڕووتن لەبارەی ڕووداوەکانەوە، واتە ڕووداوەکان وەک ئەوەی کە ڕوویانداوە، بەبێ قسە و کۆمێنتی زۆروبۆری چاودێر و ڕەخنەگران لەسەریان. بێگومان هەندێکجار گوێ لە هەندێک بۆچوون و کۆمێنتی چاودێر و ڕەخنەگرانیش دەگرم، بەڵام بە زۆری تووشی نائومێدیم دەکەن. هەر بۆیە پێم وایە هەواڵەکان خۆیان بەسن، لێ گەر من خۆم تێبینی یا کۆمێنتیکی بچوکم لەبارەیانەوە هەبێت، ئەوا بە شێوازی تایبەتی خۆم دەیاننووسم.
 
– ئایا دەکرێت پێناسەیەکی شیاو بۆ فەیلەسوف بکەین؟

باشلار: کاتی خۆی کە مامۆستا بووم و وانەم دەوتەوە، وا ڕاهاتبووم پێناسەیەکم بۆ فەیلەسوف هەبێت تا پێشکەش بە خوێندکارەکانمی بکەم، لێ ئێستا ئەوەم نەماوە.
بەڵام دەمەوێت بزانم پێناسەی فەیلەسوفت بۆچییە؟ ناشێت بۆ ئەوەت بێت تا تۆیش وەک هەندێک کەس بڵێیت: فەیلەسوف واتە ((مامۆستا و شارەزای دانایی))؟

– بۆیە ئەو پرسیارە دەکەم چونکە باوترین بیرۆکەی خەڵک لەبارەی فەیلەسوفەکانەوە ئەوەیە کە فەلسەفە شتێکی بێ سوودە و بە کەڵکی هیچ نایەت.

باشلار: باشە، بەڵام بەڕای من فەلسەفە ئامرازێکی گرنگ و بەکەڵکی بیرکردنەوەیە. هەر بۆیە گەر ویستت بەبێ بیرۆکە و ئایدیای ڕەسەن بیربکەیتەوە، ئەوا دەتوانیت بەبێ فەلسەفە بیربکەیتەوە.

– ئایا فەیلەسوفەکان لە کۆی مرۆڤەکانی تر باڵاترن؟

باشلار: نا، فەیلەسوف خودا نییە. شتێک نییە بە ناوی مرۆڤی باڵاوە، من خۆم باوەڕم بە هیرارکیزم (پلەبەندیکردن)ی ئاڵۆز و ئەفسووناوی نییە. مرۆڤ هەر ئەوەیە کە دەتوانێت ببێت بەوەی کە دەیەوێت. خۆی ئەوەی کە هەمیشە تۆ خودی خۆیشت بیت شتێکی خۆش نییە، ئیتر تێناگەم و بەلامەوە سەیرە کە خەڵکی چۆن دەتوانن خۆیان بەوانی تر بەراورد بکەن،

– ئێمە لەژێر کاریگەری ئەو بیرۆکەیەداین کە گوایە فەیلەسوف دەزانێت چۆن لەوانی تر، خۆشتر بژی.

باشلار: باشتر بژی.. بۆ؟

– چونکە خۆی لە هەست و سۆزەکان بەدوور دەگرێت و دەپارێزێت.

باشلار: نا، نا نا.. ئەو هەمیشە خۆی لە هەست و سۆزەکان بەدوورناگرێت، یا ئەوەی کە لەبەر ئەوەی کەسێک لە ژیانیدا نییە، ئیدی مانای وایە دۆخی خراپە.

– وەڵامێکی زرنگانەیە، لێ وەڵامی پرسیارەکەی من نییە.

باشلار: نا، چونکە هەر خودی ژیان و کردەی بیرکردنەوە بە شێوەیەکی ڕەها، پابەستە و یەکانگیری یەک نین. بۆ نموونە من کە کتێبی فەیلەسوفێک دەخوێنمەوە، تەواو ئاوێتەی دەبم و دەچمە ناوی، لێ ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کە وەک هەموو ئەوانی تر نەژیم، وەک هاوڵاتییەکی باش، پیاوی ماڵێک یا کرێکارێک لە پیشەکەی خۆیدا نەبم. تۆ دەتەوێت وێنەی فەیلەسوفێکم پێوە بلکێنیت کە بە دوور لە ئاستەنگ و بەربەستەکانی ژیان، بە تەنها لەناو خەونەکانی خۆیدا دەژی.

– من ئەوەم ناوێت، ئەوە بیرۆکەی گشتی خەڵکە لەبارەی فەیلەسوفەوە.

باشلار: کەواتە دەبێت هەر ئێستا ئەو وێنە خواروخێچ و هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە. من دەزانم چۆن مامەڵەی شتەکان دەکەم، پێویستم بە کەس نییە… من دەزانم چۆن چێشت لێ بنێم، کەسێکی سەربەخۆم. منیش دەخوازم وەک لاوێک بچم بۆ لای قەساب، چیم حەزلێیە و دەمەوێت، هەڵیبژێرم. ئەزانی چی؟ هەرگیز شەرمم لە ژیانی ماتەریالیانە نەکردووە. من کە لە ستۆدیۆیەکی بچووکدا بووم و خەریکی توێژینەوە بووم، فەرهەنگێکم پێ بوو، باشترین چەشنەکانی پەنیریش لەبەردەممدا. من لە چاوتروکانێکدا دەزانم کام بەشەی گۆشتی بەرازێک لە بەشەکانی تری باشترە.
ئەی تۆ؟ (بەپێکەنینەوە) بزانم هیچ لە ژیانی مادی دەزانیت؟ هەرگیز بوونەتە جێی سەرنجت و سەرقاڵت بکەن؟

– هەست ناکەم لە تۆ زیاتری لێ بزانم.

باشلار: ئۆه.. دە ورە، خۆی لە من باشتری لێ نازانێت و دایشنیشتووە پرسیار لە من دەکات!

– بەڕێز باشلار، دواجار ئەوە ڕێگای ژیانە.

باشلار: بەڵی، ئەوە زۆر جوانە: ڕێگای ژیان. تۆ ناچاریت ئامرازێک بۆ ژیان بدۆزیتەوە، گەرنا کەسێکی دەبەنگ و بەدبەختیت، ئەمە جگە لەوەی کە دەبێت لەگەڵ ئەم سەردەمەی ئێستاماندا خۆمان بگونجێنین.

– لە (ئاپارتمان) شوقەیەکی بچووکی پاریسیدا دەژیت.

باشلار: ڕاستە، زۆر بچووکە.

– هەر بۆیە پێم وایە کە بیرۆکەی شوقە لەگەڵ ئایدیاکانی تۆدا دەربارەی ماڵی ڕاستەقینە، تەبا نایەنەوە.

باشلار: دروستە. بە لای منەوە دەبێت ماڵ تایبەتمەندێتی خۆی هەبێت کە جۆرێکە لە ستوونیی بوون. ماڵ لانیکەم پێویستی بە ژێرخان (ئەوەی کە پێی دەڵێن گەنجینە  و ژێرزەمین) و هەورەبان و هەموو ئەو شتانەی تریشە کە دەکەونە نێوانیانەوە.

– وابزانم دەڵێیت ئێمە هەموو جارێک بە پلیکانەدا دەڕۆینە خوارەوە بۆ گەنجینە و هەر بە پلیکانەیشدا…

باشلار: .. هەر بە پلیکانەیشدا دەچینە سەرەوە، ئەوەت خوێندۆتەوە؟ باشە دوای ئەو هەموو شتە، هەستت بەو ڕاستییە نەکردووە؟
تۆ کە دەچیتە خوارێ بۆ ژێرزەمین، ژێرزەمین وەک ئەشکەوتێکی ڕاستەقینە نەک وەک شوێنێکی ژیاریی کە پڕ بێت لە شتومەکی کارەبایی، ئا لەو کاتەدا من کە دەچمە خوارێ و مۆمیکم بە دەستەوەیە، بۆ ئەوە چووم کە شەراب لە بەرمیلەکە دەربهێنم و بیهێنمەوە بۆ سەرەوە. نابێت بیرم بچێت بەلوعەی بەرمیلە شەرابەکە بگرمەوە. وەک دەبینیت، کە دەچمە خوارێ بۆ ناو ژێرزەمینەکە، ئەرکێکی سەرەکیم هەیە.
وابزانم لە کتێبەکەمدا دەربارەی (زەوی و زیندەخەونەکانی پشوودان) باسی ئەوەم کردووە کە لە خاک/ماڵی مندا ژن ناچێتە خوارەوە و دانابەزێت بۆ ناو گەنجینەکەی ژێرەوە، چونکە ئەوە ئەرک و ئیشی ئەو نییە. ئەوان کەمێک دەترسن لەوەی بچنە خوارەوە بۆ ناو ئەو ژێرزەمینە تاریک و تەنگە. تۆ بۆ ئەوەی بتوانیت بچیتە خوارەوە و بۆ ژێرەوە دابەزیت، دەبێت پیاوێکی بوێر بیت. دیارە سەرکەوتنیش بۆ هەورەبان هەمان شت نییە و جیاوازە. 
ئا تۆ پێم بڵێ: بە مناڵی لە کوێ بوویت؟

– مۆنتیپیێ.

باشلار: لە ماڵدا دەژیایت؟

– بەداخەوە، منیش لە شوقەدا ژیاوم.

باشلار: باشە، (بە پێکەنینێکەوە) کەواتە هیچ سەرەداوێکی ئەم تەلیسمەت لا نییە.

– گەر بتتوانیایە بگەڕێیتەوە بۆ لادێ، دەتکرد؟

باشلار: چەندە بتوانم، دەچم. ماڵەکەم باخچەیەکی گەورەی تێدایە و دوورە لە شارەوە، هەر بۆیە هەست دەکەم لەناو سروشت و ئەو کەشوهەوایەدام کە تۆ مەبەستتە.
یەکەم بەهارم لە یادە کە هەموو درەختەکانم چرۆیان کردبوو، بڕوام نەدەکرد بتوانم بە کەرەستەیەکی سەرمایەدارانەوە ببمە خاوەن درەختێکی گوڵدار. من زۆر حەزم بە ژیانی باخ و بێستانە.
هەندێکجار کە بیر لەوە دەکەمەوە بۆ ماوەی مانگێک دەبێت ئەم ماڵەم بەجێ نەهێشتووە، ئەوسا بۆم دەردەکەوێت کە ژیان چەند گۆڕاوە. پێشتر بە بەردەوامی دەچووم بۆ پیاسە، بۆ گەڕان و بۆ سەیران، بەڵام دەبێت بگۆڕێیت، چونکە ناتەوێت ئەو شتانە بکەیت کە ناتوانیت بیانکەیت.

– بەڕێز باشلار، ئایا هەستکردن بە پیری شتێکی ناخۆشە و خەمبارت دەکات؟

باشلار: بەڵێ، بەڵێ، بە تەواوی مایەی دڵتەنگییە. چونکە دەتەوێت ئەو هێزەت بەدەست بهێنیتەوە کە لە دەستت داوە. بەڵێ، پیری مایەی پەژارە و خەمە، بەڵام خۆ تۆ ئەمە تۆمار ناکەیت.

 – بەڵام تۆ هەر زرت و چالاک دیاریت!

باشلار: باشە، کەواتە با ئەمە بەردەوام بێت (بە پێکەنینەوە).