گرنگی و بایەخی تۆماری هەورامان لە یونسکۆ

لە دیمانەیەک لەگەل دکتۆر فەرزاد مافی

پاش ئەوەی٢٧ی مانگی ڕابردوو، لە چل و چوارەمین کۆبوونەوەی فەڕمی ڕێکخراوی کەلەپووری جیهانیی (ئیکۆمۆس) لە یونسکۆ لە شاری فۆجۆی چین بڕیاری دا چەند دیمەنێکی سرووشتی، کەلەپووری ناوچەی هەورامان بخاتە ناو لیستی کەلەپووری شوێنەوارەکانی جیهان. بۆ زیاتر ناساندی ڕێکخراوی (ئیکۆمۆس) لە یونسکۆ و، گرنگی و بایەخی ئەم تۆمارە جیهانییە، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ دکتۆر “فەرزاد مافی” هاوڵاتییەکی کوردیی قەزوین بە ڕەگەز کرماشانی، دکتۆرای پسپۆر لە بواری شوێنەوار و ئەندامی سەڕەکی لێژنەی توێژینەوە و ئامادەکاری دۆسیەی تۆماری هەورامان و هەروەها راوێژکاری زانستی شوێنەواری لەم پرۆژەیەدا، ساز کردووە.

یونسکۆ و ڕێکخراوی ئیکۆمۆس

یۆنسکۆ لقی زانستی، کولتووریی وپەروەردەیی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە خزمەگوزاری تایبەتی خۆی هەیە. لە چوارچێوەی ئەرک و چالاکییەکانی یۆنسکۆ پەیماننامەیەکە بە ناوی”کەلەپووری جیهانیی یونسکۆ” کە  پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتییە و ١٦ی نۆڤەمبەری ١٩٧٢ لە لایەن کۆنفرانسی گشتیی یونسکۆ پەسەند کرا، کە لە ڕاستیدا تایبەتە بە پاراستنی بەرهەم و شوینەواری مێژوویی و شوێنەوار و کەلەپووری سرووشتی و کولتووری مرۆڤ لە هەموو شوێنی جیهان دوور لە کاریگەری ڕەنگی پێست و رەگەز و نەتەوە و وڵاتێکی دیاریکراو.

بەپێی ئەم کۆنڤانسیۆنە، وڵاتە ئەندامەکانی یونسکۆ دەتوانن ئەگەر بەرهەمێکی کولتووری-سرووشتی یان سرووشتی-کەلەپوورییان هەیە و، کۆمەڵی بەها لە خۆ دەگرێ، کە پێیان وایە مەرجەکانی تۆمارکردنی لە لیستی کەلەپووریی جیهانی هەیە بە یونسکۆی بناسێنن و پاش تێپەڕاندنی چەند قۆناخ و پرۆسەیەک ئەم بەرهەمانە تۆمار دەکرێن. لە پاش تۆمارکردنی ئەم بەرهەمانە سەرەڕای ئەوەی کە خاوەندارییەتییە سەرەکییەکەی بۆ خودی خەڵکی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە بەڵام پاراستن و نۆژەنکردنەوەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە و یونسکۆ کۆمەڵێ ئەرک و بەرپرسیاریەتی هەیە لە بەرانبەر پاراستن و چاودێری کردن و نۆژەنکردنەوە و ناساندنی ئەو شوێن و بەرهەمانە لە ئاستی جیهانیدا.

تا ئێستا ئەو بەرهەمانەی کە تۆمار کراون زیاتر لە هەزار شوێن و بەرهەمە لە وڵاتە جیاوازەکان لەناو ئەو لیستە تۆمار کراون، کە پێکهاتووە لە باڵەخانە شوێنەوارییەکان و سایتە مێژووییەکان یان شوێنی سرووشتی وەک دارستان و چیا و….. کە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە چ بەرهەم و ئەسەرێک بەها و گرنگی سرووشتی بێت یان خۆد گەشتوگوزاری یان مێژوویی و کەلەپووری یان شوێنێک کە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی هەبێت.

ساڵانە ئەو وڵاتانەی ئەندامن لەو ڕێکخراوە جیهانییە دەتوانن یەک یان چەند بەرهەمێک کە دەزانن شایانی ئەو تۆمارە جیهانییەیە بە یەک فایل ئامادە بکەن و لە کۆبوونەوەکانی یونسکۆ بەدواداچوون و پشکنینی بۆ دەکریت.

ئێران وەک یەکەم وڵاتی ئیسلامی کە زۆرترین شوێنی تۆمارکراوی هەیە لەناو لیستی ئەو رێکخراوە لەگەل ئەم دوو تۆمارە کۆتاییە کە (هێڵی شەمەندەفەری باکوور-باشوور و ناوچەی هەورامان)، ٢٦ سایتی مێژوویی و گەشتوگوزاری لەناو لیستی کەلەپووری جیهانی تۆمار کراوە کە لە ئێستادا پلەی دەیەمی هەیە لە کۆی هەموو وڵاتە بەشداربووەکانی ئەم ڕێکخراوە.

دکتۆر فەرزاد مافی

جێبەجێکردن و هەنگاوەکانی تۆماری هەورامان لەناو لیستی کەلەپووری جیهانی

لە ئێران وەزارەتی شوێنەوار و کەلەپوور و گەشتوگوزارمان هەیە کە بەشێکی هەیە بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و لەوێش بەشێک هەیە بە ناوی (دامەزراوە کولتووریی میژووییەکان لە ئێران) کە کاریان دیاریکردنی ئەو ناوچانەیە کە لە ڕووی مێژوویی و شوێنەواری گرنگیان هەیە، دیاری دەکرێن و دەناسێندرێن. پێش تۆماری هەورامان لە لیستی کەلەپووری جیهانی لە ساڵی ٢٠١٦ەوە کار بۆ ئەم تۆمارە دەکرێت بە تایبەت لە دوو پیگەی کولتووری لە هەر دوو پارێزگای کوردستان و کرمانشان لە ڕووی مێژوویی و کەلەپووری، بیناسازی و جۆگرافی و بە تایبەت جۆگرافیایی مێژوویی لە هەر دوو پارێزگا بە هاوتەریب و هاوکات کاری لەسەر کراوە بە دوو بەڕێوەبەرایەتی جیاوازەوە (هەر چەند هەر دوو پێگەکە ئێستا یەکخراونەتەوە و یەک بەڕێوەبەریان هەیە)، بۆ ماوەی پینج ساڵ کاری توێژینەوەیان بۆ ئەنجامدراوە و لە بەشە پێویستەکان نەخشە دروست کرا و نەخشەی سێ ڕەهەندی بۆ شوێنە مێژووییەکان ئەنجام درا و بانکی زانیاری (لە هەموو ڕوویەکەوە) دروست کرا کە لە کۆتاییدا کۆکراوەی هەموو ئەم کارانە وەک فایلێک بۆ تۆماری هەورامان کاری لەسەر کرا و ڕەوانەی یۆنسکۆ کرا و، دواجار لە کۆبوونەوەی چل و چوارەمینی یونسکۆ بە دەنگی زۆرینە تۆمار کرا. هەوارمان زۆر دەوڵەمەندتر بوو لە پێشبینی ئەوانەی سەرەتا کارەکەیان دەست پێ کرد و لێیان دەکۆڵییەوە، بەپێی لێکۆڵینەوە شوێنەوارییەکان و جوگرافیایی و مێژوویی کە من بۆ خۆم چاودێری ئەم کارە بووم، دەرکەوتووە کە هەورامان لە ٤٠-٥٠ هەزار ساڵ پیش ئێستا شوێنی نیشتەجێبوون بووە.

هەورامان؛ کام سنوورە جۆگرافیاییە

 هەورامان سنوورێکی دیاریکراوی جۆگرافیاییە کە دەکەوێتە پارێزگاکانی کوردستان و کرمانشانی ئێران و بەشێکی بچووکتریشی دەکەوێتە هەرێمی کوردستانی عێراق. یەکێک لە کارە گرنگ و سەرەکییەکانی ئەم پرۆژەیە ئەوە بوو کە ئێمە دەبا سنووری جۆگرافیی هەورامان دیاری و دەستنیشان بکەین کە ئەمە پرۆسەیەکی ئاڵۆز و سەخت بوو و دەبوو لە ڕووی مێژوویی، کەلەپووری، کولتووری، زمانناسی، هونەری و زۆر بواری دیکە خوێندنەوە و توێژینەوەی بۆ بکەین و توانیمان ئەم سنوورە مەزەندە بکەین کە لە بەشی باکوور دەگاتە جادەی مەریوان-سنە و لە بەشی رۆژئاوا دەگاتە سنووری هەرێمی کوردستان و لە بەشی ڕۆژهەڵات جادەی سنە-کامیاران-کرمانشانی لەخۆ گرتووە و لە بەشی باشووری دەکەوێتە سنووری بەرزاییەکانی سەلاس هەتا نزیکەی جوانڕۆ و ڕەوانسەرە و دەتوانین بڵێین هەورامان دەکەوێتە ئەم سنوورانەی کە ئاماژەمان پێ کرد. بەڵام لەم سنوورە تەنها بەشێکی وەک دیمەنی کولتووری هەورامان لە یونسکۆ تۆمار کراوە.

 بە ڕای من دیمەنی کولتووری هەوارامان گەورەترین دیمەنی کولتوورییە کە لە ڕێکخراوی کەلەپووری جیهانی تۆمار کراوە بە پانتایی ٤٠٩ هەزار هێکتار سنووری ئەم تۆمارە جیهانییەیە و ٣٠٣ هەزار هێکتاریش هەرێمییەتی و لەگەڵ ئەوەشدا چەند گوند و لادێی تایبەت هەیە کە زۆر ڕۆڵیان هەبوو لەم تۆمارکردنە وەک گوندەکانی هەجیج، داریان، نەجار، کەلاش، لۆلەم، ژیوار، کۆلاجی، دولاب، بزلانە، شیان، هەلوان، ژان، بێساران و ….هەیە. هەرچەند هیچ گوندێک لە هەورامان بە تەواوەتی هەیکەلە کۆن و کەلەپوورییەکەی نەپارێزراوە  و هەموویان کەم تا زۆر دووچاری گۆڕانکاری بوونە بە تایبەت لەم چەند ساڵەی رابردوو زۆربەی گوندەکان دووچاری گۆڕانکاری بە تایبەت لە ڕووی دەرەوە و ڕووکەش بوون، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەبوونی شوێن یان گوندانێک کە هێشتا سیمای کەلەپووری خۆیان پاراست بێت وەک دوو گوندی نەجار و شەرەکان بە تایبەت بە هۆی هەبوونی سیستەمی هەوارنشینی واتا شێوازی ژیان و تێکەڵبوون و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیان لەگەڵ سرووشت و دابونەرێت و جۆری جلوبەرگ، کە ئەمانە بە گشتی ڕۆڵێکی زۆر گەورە و کاریگەری هەبووە لە ڕاکێشانی سەرنجی چاودێرانی ئەم پرۆژەیە و تۆمارەکە.

blank

تابەتمەندییەکانی ئەم تۆمارە جیهانییە

سەبارەت بەو تایبەتمەندییانەی کە ڕۆڵیان هەبووە لەم تۆمارە جیهانییە دەبێ بڵێم کە یونسکۆ بۆ ئەم جۆرە تۆمارە کولتووری و کەلەپوورییانە ٦ تایبەتمەندی دیاری کردووە کە لە ڕاستیدا هەر شوێنێک کە یەک یان چەند  لەو تایبەتمەندیانەی هەبێت دەتوانێت لە لیستی کەلەپووری یونسکۆ تۆمار بکرێت، کە ئەم مەرجانەی خوارەوەن:

١. پیشاندەری شاکارێک لە داهینان و بەهرەداری بەشەری بێت.

٢. پێشاندەری ئاڵوگۆڕی بەها مرۆییەکان لە کاتێکی دیاریکراو و لە ناوجەیەکی کولتووری.

 ٣. بەڵگەیەک بۆ بیهاوتا بوون یان کەم وێنەبوونی شارستانییەتێکی زیندوو یان مردوو بێت کە هەورامان ئەم مەرجەی هەبوو.

 ٤. نموونەیەکی بەرجەستە لە بیناسازی یان تەکنۆلۆژی و پەروەردەیی کە سەردەمێکی گرنگ لە مێژووی مرۆڤ نیشان بدات.

٥.نموونەیەکی بەرجەستە لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و ژینگە بێت کە هەورامان ئەم مەرج یان خاڵەی تێدا بوو.

٦. لە شوێنێکی جوگرافی دیاریکراودا و لە کاتێکی دیاریکراو پێشکەوتنێکی جیاواز و دیاری هەبێت لە ناوچەکە.

گرنگی تۆمارکردنی هەورامان لە لیستی کەلەپووری جیهانی یونسکۆ:

لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەوە: لە ڕووی کولتوورییەوە هەورامان گەنجینەیەکی مێژووییە بۆ کۆمەڵگای کوردەواری خۆمان و بۆ هەموو ئێران و لەمەودوا بۆ هەموو جیهان و، کاتێک ئەم ئاسەوارە لە لیستی کەلەپووری جیهانی تۆمار دەبێت خودی خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە و پاشان هەموو هاوڵاتیانی ئێران لە گرنگی ئەم شوێن و پێگەیە بزانن و پاراستن و پارێزگاری کردنی ئەم کەلەپوورە جیهانییە مێژووییە زیاتر بایەخی پێ دەدەن و هەروەها پارێزگار و شارەوانی پلانی تایبەتی سەبارەت بە دابینکردنی بودجە بۆ پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەکە دادەنێن. سودمەندی یەکەم خودی خەڵکی ناوچەکەن و پشکی شێریان بەردەکەوێت چونکە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیاری بیانی و ناوخۆیی بۆ ناوچەکە و یارمەتیدەرێکی باشە بۆ ناساندنی کوردانی ناوچەکە بە هاوڵاتیانی ئێرانی بە تایبەت و جیهان بە گشتی و هەروەها دەتوانێت سەرەتایەک بێت بۆ پاراستنی دابونەریتی باب و باپیرانمان لە جلوبەرگ بگرە هەتا دەگاتە مۆسیقا و شێوەی دروستکردنی خانووە کەنارەکانی ئەم  ناوچەیە.

لە لایەنی سیاسییەوە: لە ڕووی ناوخۆییەوە ئەم تۆمارە دەکرێ ببێتە هۆی دروستبوونی دیدێکی تر لە بار هەورامان لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە چونکە تا ئێستا بەو ڕادەیە کە پێویستە خەڵکی ئێران ئەم ناوچەیەیان نەناسیوە و دەکرێ زۆر بیروبۆچوونی هەڵە کە پێشتر هەبوو لەسەر ناوچەکە بە کار کردن لەسەر ناساندنی هەورامان و ڕێکلامی گەشتیاری کردن بگۆڕێت، هەروەها بە شێوازێکی گشتی ئەم بڕیارەی یونسکۆ دەبێتە هۆی گۆڕینی دیدوبۆچۆنی خەڵکی جیهان بە گشتی بەوەی کە وڵاتی ئێران شوێنیێکی کەونارە و مێژوویەکی کۆن و دەوڵەمەندی هەیە و دەبێتە هۆی گۆڕینی ئەم بۆچوونە.

 هەورامان لەگەڵ هەبوونی سرووشتی تایبەت و پێگەی کولتووری جیاواز و تایبەت تا ئێستا لای زۆربەی خەڵکی ئێران نەناسراوە و دەتوانم بڵێم لە ڕووی ئاستی جیهانیش نەناسراو بووە بەڵام بەم تۆمارە جیهانییە هەورامان زیاتر بە خەڵک دەناسرێت کە مەبەستمان خەڵکی ناوخۆ و دەرەکییە و لەگەڵ گەشەسەندنی گەشتیاری لەم ناوچەیە زیاتر لە لایەن خەڵکەوە دەناسرێت.

لە رووی ئابوورییەوە: بە گشتی کاتێک شوێنێک لەناو لیستی کەلەپووری جیهانی تۆمار دەکرێت، زۆر دەکەوێتە بەر دید و سەرنجی ئاستی جیهانیدا و زۆر خەڵک کاتێک حەز دەکەن گەشتوگوزاری جیهانی بکەن بە تایبەت کەسانێک کە گەشتی کولتووری دەکەن سەیری لیست و تۆماری یونسکۆ دەکەن و بەپێی ئەو لیستە شوێنەکان هەڵدەبێژێرن و گومان لەوەدا نییە کە ئاستی هاتنی گەشتیاری دەرەکی بۆ هەورامان بە ڕێژەیەکی زۆر بەرز دەبێت و ناوبانگییەکی نیودەوڵەتی تایبەتی بۆ دروست دەبێت هەرچەن پێشتریش کەم تا زۆر هەورامان ناسراو بوو و گەشتیار رووی تێ دەکرد. هەروەها هەر ناوچەیەک کە یونسکۆ بە فەرمی تۆماری دەکات بە شیوەکی ئۆتۆماتیکی دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ خەڵکی ناوچە بەوەی کە گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی ڕووی تێ دەکات و بەشێکی زۆری ئەم داهاتە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ خەڵکی ئەم شوێنە دەگەڕێتەوە. ئەمە جگە لەو بودجەیەی کە حکومەت خۆی تەرخانی دەکات بۆ ئەم شوێنە.

blank
نەخشەی جوگرافیایی ناوچەی هەورامان و تۆمارە جیهانییەکەی یونسکۆ

 .

لایەنە ئیجابی و سلبییەکانی ئەم تۆمارە جیهانییە چین؟

کاتێک شوێنەوار یان کەلەپوورێک لەناو لیستی کەلەپووری جیهانی یونسکۆ تۆمار دەکرێ، ئیکۆمۆس (ڕێکخراوی جیهانی شوێنە مێژوویی و کەلەپوورییەکان) بەرپرس دەبێت بۆ چاودێری کردنی ئەم شوێنە و کۆمەڵێ هاوکاری زانستی و تەکنیکی و ماددی پێشکەش بەو شوێنە دەکرێت، هاوکارییە تەکنیکییەکان بۆ نۆژەنکردنەوە و زیاتر پاراستنیان و هاوکارییە ماددییەکان کە ئەویش ڕێگە خۆشکەرێکە بۆ زیاتر پاراستنی ئەو شوێنەوارانە، لەبارەی هەورامانەوە دەبێ بڵێین کە لایەنی سرووشتی و کولتوورییەکەی زیاتر بەرچاو بووە و لە لایەن یۆنسکۆ پەسەند کراوە.

هەبوونی توریست جا چ ناوخۆیی و چ بیانی کاریگەری دەبێتە سەر بوژانەوەی ئاستی ئابووریی ناوچەکە، هەر وەک ئێوەش دەزانن پیشە و پیشەسازیی گەشتیاری یەکێکە لە گەورەترین پێشەسازییەکانی جیهان لە رووی سورانەوەی پارە و ئابووری، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پیشەسازیی گەشتیاری ئەوەیە کە بەشێکی زۆری ئەو پارەیە کە خەرج دەکرێ لە لایەن گەشتیارەکانەوە ڕاستەوخۆ بۆ خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە دەبێت و دەچێتە گیرفانی خەڵکی ناوچەکە، ئێمە لە ئێران شتێکمان هەیە وەک مەزەندە کە دەڵێین کاتێک گەشتیارێک دێتە ئێران و بە میانگین هەزار دۆلار سەرف دەکات، بەشێکی زۆری ئەم پارەی بەشی خواردن و مانەوە و شت کڕین و کرینی کاری دەستی دەبێت کە بێ شک ئەو پارەیە بۆ گیرفانی خەڵکی ناوچەکە دەڕوات کە ئەمە هەر دوو جۆر توریستی ناوخۆیی و دەرەکی لە خۆ دەگرێت. بێجگە لەمە لەمەودوا لە دیاریکردنی بەشە بودجەی ساڵانە دەبێ بڕی دیاریکراو و تایبەت بۆ ئەم ناوچەیە دیاری بکرێت و هەروەها هاوکارییە مادییە دەرەکییەکان کە لە دەرەوە دێن و خەرجی ئەم ناوچانە دەکرێت.

تۆماری شوێن یان دیمەنێکی کولتووری-مێژوویی لەناو لیستی کەلەپووری یونسکۆ بۆ خۆی دەرفەتێکی گەورەیە بۆ خاوەنەکانی شوین و بەرهەمەکە بەڵام لە پاش تۆماری ناوچەکە، کۆمەڵێ یاسا و چوارچێوە بۆ شوێنەکە دیاری دەکرێت کە دەبێ لە لایەن خەلکی ناوچەکە و بەڕێوەبەرەکانی رەچاو بکرێت بۆ نموونە هەر لە هەورامان بە تایبەت لەو بەشە سەرەکییە کە تۆمار کراوە هەموو جۆرە بیناسازی و گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان و هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە سیستمی بەڕێوەبردنی ناوچەکە و گۆڕانکاری لە سیستمی ئاو و ئاودێری و ئاژەڵداری و دروستکردنی خانووی تازە و ئیمکانیاتی نوێ و ….. هەموو ئەمانە دەبێت بەپێی یاسا و ریساکانی ڕێکخراوی جیهانیی یونسکۆ بێت هەتا دیمەنە کولتوورییەکەی ناوچەکە نەشێوێندرێت یان زیانی پێ بگات. بۆ نموونە لەمەو پاش لە گوندی “شەرەکان” کە یەکێک لە گوندە هەرە جوانەکانی هەوراماناتە گەر کەسێک بێەوێت خانوویەک ساز بکات بەپێی بڕیارەکانی سازمانی جیهانی یونسکۆ و وەزاەرەتی کەلەپووری ئێران، ئەم خانووە دەبێ لە چوارچیوەی ستاندارە جیهانییەکان بێت و دەبێ بۆ دروستکردنەکەی کەرەستەی خۆماڵی و ڕەسەنی ناوچەکە بە کار بێت و هەر بەو شێوازە خانووە کەلەپوورییەکانی ئەوێ دروست بکرێت، هەرچەندە ئەمە کارێکی جوانە بەڵام دروستکردنی خانوویەک بە کەرەستەی ڕەسەنی ناوچەکە وەک بەرد و بە شێوازە کۆنەکەی لە ڕووی ماددییەوە گرانتر دەبێت و ئەرک و ماندووبوونێکی زیاتریشی دەبێ بۆیە کاتێک کەسێکی نیشتەجێیی ئەم گوندە بێەوێ خانوویەکی هەرزانتر بۆ خۆی دروست بکات دووچاری کێشە دەبێت، لێرەیە کە ڕۆڵی دامەزراوە پێوەندیدارەکان لە ئاستی ئێران و جیهان دەردەکەوێت کە ئایا هیچ پشتیوانییەکی ماددی و مەعنەوی دیاری دەکەن بۆ ئەم ناوچانە یان خود نا.

بابەتێکی تر کە نابێ لە بیری بکەین، کار کردن و بژیوی ژیانی خەڵکی ناوچەکەیە بۆ نموونە ئەگەر کەسێک بە نیاز بێت لە ناوچەی هەورامان کۆمپانیایەک دروست بکات کە ئەمە هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنی ڕێژەی بێکاری لەو دەڤەرە بەڵام لەگەڵ هەبوونی ئەو مەرجانەی کە یونسکۆ و ڕێکخراوی کەلەپووری ئێران دیارییان کردووە دووچاری گرفت دەبێت بۆیە لە خاڵی بەرانبەر بەوە دەبێ ئەم ناوچەیە ڕێنمایی بکریت و هان بدرێت بەرەو ئابوورییەک کە پێوەست بێت بە توریستی و گەشتیاری. بەڵام بە شێوازێکی گشتی کاتێک شوێنێک لە لیستی کەلەپووری جیهانی تۆمار دەبێت تازە ئەمە سەرەتای ڕێگایەکی سەخت و پڕ زەحمەتە بەڵام ئەم تۆمارانە و بە تایبەت تۆماری جیهانیی هەورامان ئەگەر بە شێوازێکی ستاندەر و باش بەڕێوە ببردرێت دەکرێ وەک دەستکەوتێکی گەورە سەیر بکرێت بە تایبەت بۆ خەڵکی ناوچەکە، بەڵام ئەگەر یاسا و چوارچێوەکان وەک خۆی ڕەچاو نەکرێت و هاوکارییەکی باش لەنێوان خەڵکی ناوچەکە و بەرپرسانی وڵات و لایەنی پێوەندیداری جیهانی دروست نەبێت ئەگەری هەیە  ئەم دەستکەوتە بۆ خەڵکی کۆمەڵێ کێشە دروست بکات.