باڵەخانە

لەگەڵکوو دەنگی وەڕە وەڕی جێسی لەنێو دەرگاکەوە دێتە گوێم، قوت دەبمەوە. بەحاڵ دەنگی دەرگا پێوەدان دێ و دەزانم دوو کەسن کە دێنە سەرێ. ئاخر ئێوە ئەو دێڵە پیرە ناناسن هەر کاتێ کرێ‌نشین لەگەڵ خۆی بێنێ ئاوا بە دزییەوە دەرگا پێوەدەدا. هەڵدەستم و دەچم لە پشت دەرگای ژوورەکەم وا ڕوو بە کاریدۆڕەکە دەکرێتەوە، گوێم بە دەرگاکەوە دەنێم. جگەرەیەک دادەگیرسێنم و بێدەنگ بێدەنگ دەبم. لە کونی دەرگاکەوە چاو لە کاریدۆڕەکە دەکەم و دوو سێبەری زەلام بە دیوارەکەی ڕووبەڕووی ژوورەکەمەوە دەبینم کە وەک مارمێلکەمپێیدا دەخزێن و دێنە سەری.

جێسی بە وەڕە وەڕ وە پێشیان کەوت و هاتە پشت دەرگای ژوورەکە. لێی ناکەمەوە با ئەو پیس و چەپەڵانە نەزانن کە لە ماڵم. جێسی پاش کەمێک وەڕە وەڕ بێدەنگ دەبێ. جگەرەکەم بە تف خامۆش دەکەم و ئەو لەتەی ماوە دەیخەمەوە نێو قدووەکەی. جگەرەشم نەماوە دەبێ بکڕم. ئەها تەپەی پێیان زۆرتر بوو. ئۆخەی وا دیارە باوەڕیان کردووە لە ماڵ نیم. ئاخ دەنگی تەلەڤزیۆنەکەم دێ. بە هێواشی دەچم دەنگەکەی کەم دەکەمەوە و دەگەڕێمەوە پشت دەرگای ژوورەکە.

لە کونی دەرگاکەوە چاو لە کاریدۆڕەکە دەکەم و ئەو تابڵۆیەم دێتە بەرچاو کە لەسەر دەرگای ماڵەکەی ڕووبەڕووم هەڵواسراوە و تەپ‌وتۆز و داوی جاوجاڵۆکە ناهێڵێ ڕووخساری ئەو پیاوە ببینم وا چاو لە ژوورەکەی من دەکات. ئەوە دەنگیان دێ.

– شکوور وا دیارە لە ماڵ نییە. من نابێ ئەو قسەیەش بکەم بەڵام ئەگە لە ماڵ بوایە ئێستا دەهات و وەک چەتە پێشی پێ دەگرتین.

شاشا ئەو قەحبەی لە حەیس کەوتووە. سەدجارم پێ‌کتووە ئەو ژوورە ژووری یارەکەمە. ژووری دڵدارەکەمە. دیاریم کردووە. نا نا خۆم دیاریم نەکردووە، بۆم دیاری کراوە. لە خەونێکی خۆش و پیرۆزدا بۆم دیاری کرا. ڕاست ئەو ژوورە بوو کە نوورەکە تێیدا خامۆش کرا. دادەی بزانم ئەوی دیکە کێیە لەگەڵ ئەو دێڵە. کوڕێکی کز و پیسی قژ فشە. لەو کونەوە جوان دیار نییە بەڵام پێما چاویشی زەقە. نازانم. با تەواو بێتە نێو ڕووناکاییەکە لێم مەعلووم دەبێ ئەو مەیموونە پیرە ئەمجار کێی هێناوە. ئەها دمی کردەوە.

– تۆ هەر وەکوو کوڕی خۆم وای. من نابێ ئەو قسەیەش بکەم بەڵام قەت بە قسەی کەس نەکەی و ئەم ژوورە چۆڵ نەکەی. ئێرە پێش تۆ هەرکەس تێیدا ژیاوە بووە بە ناودار. قازی و دکتوور و… زۆری لێ هەڵکەوتووە.

هەی شیڕەی دێ. تەڕەماشی لێ هەڵکەوتووە. سەرم دەکشێنمەوە و چاوم هەڵدەگڵۆفم. دیسان سەر بە درگاکەوە دەنێمەوە. ئەوە عەجایب ڕیش و سمێڵی هەڵگرتووە! تا دوو ڕۆژ لەوە پێش سمێڵی لە دوورەوە دیار بوو. حەتمەنه حەمامیشی کردووە. تۆ بلێی ئەمجار بۆنی ئارەقەی لێ نەیەت!؟ ئەو کوڕە چاوی ڕەنگاوڕەنگ دەنوێنێ. بەڵام تەواو بۆم مەعلووم نابێ چ ڕەنگه. ئەو جانتایە چییە پێیەتی!؟ ڕاوەست بچمە دواوە نەوەک بمبینن. ئەرێ با جلێک لەبەر کەم. نا نا بۆچیەتی لێیگەڕێ. ئەرێ چەن ڕۆژە نەچوومەتە دەرێ!؟ ئەی چەن ڕۆژە حەمامم نەکردووە وا ئاوا بۆنم دێ!؟ با جارێ بچم ماچێکی لێ بستێنم. ئەرێ لە کام دیوم شاردووەتەوە!؟ ئەها لە چێشتخانەکەیە. ئەرێ لەنێو کۆمێدەکەم شاردووەتەوە. ئەلان دەچم ڕای دەمووسم و تێر تێر لە باوەشی دەگرم.

کە دەگەڕێمەوە پشت دەرگاکەو لەو کونەوە چاو لە کالیدۆڕەکە دەکەم ئەو دێڵ و کوڕە دەبینم کە وەک کەر و جاشک بەدوای یەکدا دەچنه خوارێ. دەزانم ئەو قەحبەیە لە ژوورێ ئەو دەستەی وا پڕ بوو لە بازنە و تەک‌پۆش، ناویەتە کەلەکەی و پێی کتووە:

– کوڕی خۆم. هەرچەند من نابێ ئەم قسەیەش بکەم بەڵام هەر کەس هاتووەتە ئەم ژوورە کرێی دوو مانگم پێشتر لێ وەرگرتووە، بەڵام قەیناکە تۆ هی مانگێکم دەیە. ئەو ژوورەش مستەڕاح و حەمامی تێدایە. تۆ…

ئەو شەوە تا ئەو جێگایەی وەبیرم بێ هۆشم لەسەر خۆم بوو. کە خەوتم، نازانم چ ڕۆژ و چ مانگێک بوو! لە شیرین خەودا بووم لەپڕدا ڕووناکاییەکی زۆر کە شێوەی مرۆڤێکی زۆر جوان بوو هاتە پێش چاوم و دوای چەن ساتێک گووم بوو. کە هەستام و لە پەنجەرەکەی ژوورەکەمەوە چاوم لە شار کرد، ئەو ڕووناکاییە لە گۆشەیەکی شار بە حەواوە مۆلەق مابوو. هاتمە دەرێ و لە شوێن ئەو ڕووناکاییە گەڕام و گەڕام، هەر گەڕام و هەر گەڕام. شارێکی چۆڵ و خۆفناک. پاش خولەخولێکی زۆر ئەو ڕووناکاییەم لەنێو ژوورێکی ئەم ماڵە کاول بووەدا دیتەوە. لەگەڵکوو لەخەو ڕاپەڕیم بانگی بەیانی تەواوی شاری پڕ کردبوو. دوای ئەو شەوە چەن شەوی تر لە کاتی بانگی بەیانی دا هەر ئەو نوورە هاتەوە خەونم و هەمووکەس دەیکوت ئەو خەونە وەدی دێ. بەڵام نەمدەزانی ئەو یارە گەمژەیەی من دێتە ماڵی ئەم پیرەژنە مەیموونە کە بیست ساڵ دەبێ لەم کاول بووە زیاتر هیچ کوێی نەدیوە و شەو و ڕۆژ شۆرباوی گێزەر و کەرەوس دەخوات.

ئەرێ جێسی چی لێ هات؟ بۆ دەنگی نییە؟ بچم بیهێنمەوە!؟ نا نا کێ تاقەتی هەیە جل لەبەر کات! ئەی خۆزگە بەشەر وەک باوە ئادەم و دایە حەوا هەر بە ڕووتی گەڕابایەت. جا ئەودەم بازاڕم خۆش دەبوو. هەموو کەس پێیان دەکوتم، وەی ڕەحمەت لە بابت بۆ تاتۆکانت. سەرم قورس بووە. ئێشێکی سەخت تەوقی سەرم دەشێلێ و تەواوی کەلەسەرم پێوەی دێشێ. دەمهەوێ لەتە جگەرەکەم هەڵکەم، بەڵام وەبیرم دێتەوە لەکاتی وادا جگەرە ئارامم ناکاتەوە. دەبێ زیاتر سەرخۆش بم.

بەنێو ژوورەکەدا دێم و دەچم. ئێشی سەرم خەریکە هێمن دەبێ. لەئاوێنەکەدا چاوم بەخۆم دەکەوێ. هەست دەکەم ڕەنگی چاوەکانم گۆڕدراوە. دەڵێم ئەو ددانە تەڵایانەم دەر بێنم و بیفرۆشم. لووتیشم کە نەماوە. ئەوە چیە لەپشت سەرم کە بە دیوارەکەوە هەڵگەڕاوە؟ ئەوە چ جانەوەرێکە چوار دەست و یەک لاقی هەیە!؟ شتی وام تا ئێستا نەدیوە. لەگەڵکوو ئاوڕ دەدەمەوە، نەماوە. دووبارە چاو لە ئاوێنەکە دەکەم و ئەمجار دەستەکانی دەجوولێ. بە هێواشی ئاوڕ دەدەمەوە. لەگەڵکوو ئاوڕم داوە دوو تفی لێ دەکەم و یەک بەخۆم هەڵدێمە ژووری خەوەکەم.

دەزانم. ئەو مەیموونە پیرە دەستی بۆ لای ژوورەکەی من ڕاکێشاوە و بە قامک گوێی گرتووە و بەو هەتیوە قژفشەی کتوە، گوێی مەدەیە. ئەو کوڕە چاو زەقەش هەر سەری بۆ ڕاوەشاندووە و بەڵێی بۆ کردووه. ڕەنگە هێستا دیوارەکەی حەمامی نەدیوە کە هەموو جارێ لەسەری دەنووسم، ئێرە بە خوێن کڕدراوە و بە خوێن چۆڵ دەکرێ.

* * *

باوەکوو من نابێ ئەو قسەیە بکەم، بەڵام سێ مانگ زیاترە بەهۆی بوونی ئەو خانمە لەم ماڵەدا ئەو ژوورە چۆڵە و بە کرێ نەڕۆیشتووە. ڕەنگە ئاوا بڕواتە پێشێ تازە قەت بە کرێ نەچێتەوە. هەر چەندی فکر لێ دەکەمەوە نازانم لە چ ڕێگایەکەوە ئەو خانمە و سەگەکەی_ لە بیرم نییه، نێوی جێسیە پێما_ لە کوڵ خۆم کەمەوە. ڕاوەستن با بچم دەفتەری حیسابی ساڵانەکەم بێنم تا بزانم ئەگەر ئەم ساڵ بە کرێ نەچێ چەندم زەرەر لێ دەکەوێ.

لە دیوی خەوەکەم هەڵدەستم و دەچمە ژووری میوانەکان. چاوێک لەو مۆبڵ و کورسییانە دەکەم کە بە چوارگۆشەی ژوورەکەدا ڕیزم کردوون. دەستێک بەسەر مۆبڵەکاندا دەکێشم. ئەی خودایە دیسان تۆزیان لەسەر نیشتووە. هەرچەند نابێ ئەم قسەیە بکەم بەڵام ئەم بەیانییه بە گیان و دڵ هەموویانم سڕی. ئەها وابزانم پەنجەرەکان دیسان کەلێنیان تێ بووە و تەپ‌وتۆز لەوێڕا دێتە ژوور. ئەرێ دەبێ هەر وابێ. چەند ساڵە هەر خەڵک پێم دەڵێن ئەو پەنجەرانە بگۆڕم و منیش هەر چەندی فکر لێ دەکەمەوە خەرجی زۆرە و پێویست نییە. قەیناکە ئەمجارەش وەک جارەکانی پێشوو چەسپ لە کەلێنەکان دەکەم و پڕیان دەکەمەوە. جارێ خودا گەورەیە.

دەچم دەسماڵێک دێنم و تەواوی مۆبڵ و کورسییەکان بە وردی دەسڕم و خاوێنیان دەکەمەوە. سەیرە ئەو هەمووە کار و جووڵەجووڵە دەکەم بەڵام ورگم هەر زەلامە و کێشم، بەیەک مسقاڵش نایەته خوارێ. کەچی ئەو خانمەی سەرێ قەت لە ژوورەکەشی نایەتە دەرێ و قەد و باڵایەکی شمشاڵ ئاسای هەیە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ باریکتر و کزتر دەبێ. ئەی خودایە دەڵێی ئەو تابڵۆیەی ئاوات، یەک دوو سانتی مەتر جووڵاوە. ڕاوەست ئێستا چاکی دەکەم.

هەرچەند من نابێ ئەو قسەیە بگێڕمەوە بەڵام، ئەو بەیانییە زووەی کە هات و بەتوندی لە دەرگای دا لە بیرمە. پێموابێ سێ شەممەش بوو. کە دەرگام کردەوە، یەک ڕاست خۆی بە سەر لاقمدا دا و بە پاڕانەوەوە کوتی:

– لەبەر دەست و لاقت مرم دادە. دەستەشکاوم نەکەی و نەمگەڕێنیەوە. ژوورێکم دەوێ و هەرچەندی بڵێی دەتدەمێ.

بە خۆشی دەستم برد هەڵمستاندەوە و چاوێکم لێ کرد. گیانی بۆنێکی سەیری لێ دەهات. زوو دەستم کشاندەوە. کچێکی تازە پێگەیشتووی شیک و چاو برۆ ڕەش. هەوەڵ جار کوتم نایدەم بە کچێکی تەنیا، بەڵام دوایی بیرم کردەوە هەر ئەو چاکترە. هەم تەنیایە و کەمتر دار و دیواری ژوورەکە خراپ و چڵکن دەکات و هەم بۆ من دەبێتە هاودەمێک. بەڵام نەمدەزانی ئاوا جێگا خۆش دەکات و ناڕوات. خەتای خۆم بوو. ئەگەر ئەو ژوورەم پێ‌نەفرۆشتبایە و بەکرێ پێم‌بدایەت ئاوام لێ بەسەر نەدەهات. خەتای خۆم بوو.

دادەی وابزانم زۆرم بۆ لای ڕاست هێناوە. با بچم لە دوورەوە چاوی لێ بکەم. لەبەر ئێشی چۆکەکانم بە هێواشی دەڕۆمە نێوەڕاستی ژوورەکە. وا بزانم ڕێک ڕێکە. نا نا. دەبێ تۆزێک بیبەم بۆ لای چەپ. ئەی خودایه دیسان خوار هات. دەبێ ڕاستی کەمەوە. من نابێ ئەو قسانە بکەم بەڵام خەڵک زۆر پێم دەڵێن بۆ مێرد ناکەیەوە؟ جارجار فکر دەکەمەوە خراپ ناڵێن، بەڵام دواتر دەڵێم نان‌خۆرێکی دیکە بێنم چی لێ بکەم؟ لەم تەمەنەدا خۆ من تازە منداڵم نابێ. هەر تەنیا بم چاکترە. خەرج و نانێکی کەمتر.

ئەوەتا ئەوەش دەفتەرەکە. یادی بەخێر ئەو دەفتەرە هی دەورانی فەرمانبەری ئاوات لە بانکە. هەموو جارێ دەمکوت خۆڕاییە بیهێنەوە بۆ ماڵێ. خودا گەورەیە، ڕەنگە ئێمەش منداڵمان ببێ. ئەی خودایە ئەوەش هەر تۆز و خۆڵی لەسەرە. باشە ئەو تەپوتۆزە لەنێو ئەو هەمووە کونوکەلێنەدا چۆن گەیشتووەتە ئێرە! دەبێ ئەوەش جوان جوان بسڕم.

دوو مانگی یەکەمی ساڵ لەیلا خانم و مێردەکەی تێدابوو کە ئەو خانمە و سەگەکەی هێندەیان شەڕ پێ‌فرۆشتن تا ئاخری ڕۆیشتن. لەو دەمەوە سێ مانگ دەبێ کەس نەهاتووە. ئەگەر ئەو حەوت مانگەی تریش کەس نەیەت، بێ کرێی ئەو دوو مانگه، ڕێک بەقەد مواجبی خانەنشینی خۆم و بیمەی ئاوات زەرەر دەکەم. نا دەبێ کەسێک پەیدا کەم. جارێ ڕاوەست با ئەو دەفتەرە خاوێن کەمەوە. ئەمڕۆ تازە هیچ، بەیانی دەچمە بونگا و پێیان ڕادەگەیەنم ژوورێکم بۆ کرێ هەیە. بەڵکو ئەوان کارێکم بۆ بکەن و پێش ئەو زەرەرە گەورەیەم بۆ بگرن. ئاوا نابێ.

دەستم لەسەر چۆکم دادەنێم و بە دژواری پشت ڕاست دەکەمەوە. بۆنێک بە دەستەکانمەوە دەکەم، بۆنی تەپوتۆز تەواوی مێشکم دادەگرێ. دەچم دووسێ جار دەستم دەشۆم و کرێمی لێ دەدەم. سەر کە هەڵدێنم لە ئاوێنەکەدا ڕوخسارم دەبینم کە لەبەر گەنە تووک دیار نییە. دەڵێم دموچاوم هەڵگرم و حەمامێکش بکەم. تازە بەیانی دەچم بۆ بونگا با خاوێن بم و خەڵک بە تایبەت کرێنشین لێم زیز نەبن. ئاخر پێویستە خاوەن ماڵ هەمیشە پاک و خاوێن بێت.

یەک دوو حەفتەی هەوەڵ زۆر باش بوو. زۆر شیک و پاک و خاوێن دەگەڕا. تەنانەت حەفتەی دووجار سەگەکەشی حەمام دەدا. جگەرە و شتی نەدەکێشا. ددانەکانی هیچی هەڵنەوەری بوو. بەڵام وردە وردە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. ئەم ژوورە چۆڵەی ئێستا ئەو دەم ئامینی هاوکارم و کوڕەکەی تێدا دەژیا. ئامین کوڕێکی لاوی هەبوو کە ئەم خانمە عاشقی بوو. هەڵبەت هەموو جارێ دەنگی هەڵدێنا و دەیگۆڕاند؛ ((خۆیەتی. ئەرێ بەخودا هەر ئەم کوڕە بوو ئەو نوورەی دیتم. خودا هێمنی بۆ من ناردووە و کەس ناتوانێ لێمی بستێنێ)).

من و ئامین – ئەویش وەک من بێوەژنە- هەر دەمانکوت چاک دەبێ و منداڵە، بەڵام چاک نەبوو هیچ، خراپتریش بوو. پیس و پۆخڵ دەگەڕا. ژوورەکەی بۆنێکی ناخۆش و بۆ دووکەڵی لێ دەهات. ددانەکانی زەرد و پیس ببوون. دمووچاوی زیبکە و برینی لێ دەهات. ئەی خودایە چەندە پیس و پۆخڵە. هەرچەند من نابێ ئەو قسەیە بکەم بەڵام ئەو خانمە وەک ژنی هێمنی لێ هاتبوو. زۆرتری کاتەکان لە ماڵی ئامین و هێمن دەژیا. ئامین هەر دەیکووت هیچ نییە منداڵن و هیچ کارێکی نەدەکرد.

دەچمە چێشتخانەکەم و ئەو نەختە شۆرباوەی دۆینێ‌شەو کە مابوو، گەرمی دەکەمەوە. دەسماڵێک هەڵدەگرم و دەسگرەی دەرگاکان خاوێن دەکەمەوە. ئاخر پیس‌ترین شوێنی ماڵ دەسگرەیە. تۆ بڵێی تابڵۆکەی ئاواتم ڕاست کردبێتەوە؟! ئەی مۆبڵەکانم سڕی!؟ وا بزانم کەلێنی پەنجەرەکانم چاک نەخنیوە! دەبێ بچمە ژووری میوانەکان و دیسان خەریک بم.

ڕۆژێک کە من و ئامین لە قوتابخانە هاتینە دەرێ و بەرەو ماڵ بووینەوە تەلێفۆنیان بۆ ئامین کرد و خەبەری ڕووداوی هاتووچۆی هێمنیان پێ ڕاگەیاند. دوای چوون بۆ نەخۆشخانە و پرسیار لەم و لەو دەرکەوت هێمن لە کاتی ڕووداوەکەدا تەنیا نەبووە و ئەم خانمەشی لەگەڵ بووە. هێمن دەچێتە کۆما و ئەم خانمەش نیوەی ئێسکەکانی جەستەی دەشکێ. زۆر سەیر بوو ئەو خانمە لە نەخۆشخانەش کەس بەلایەوە نەهات. ئەی خودایە نەخۆشخانە چەن پیس و قێزاویە. ئەرێ چێشتەکەم وەسەر نا؟

پاش چەند ڕۆژێک هێمن مرد و ئەم خانمەش دوای چەند حەفتەیەک هاتەوە ماڵێ. ئامین ڕۆیشت و ئەم خانمەش لە جاران زیاتر گۆڕدرا و وەک شێتی لێ هات. لەدوای ئەو ڕووداوانەوە هیچ کرێنشینێک ناگاتە سێ مانگ ئەو ژوورە چۆڵ دەکات و دەڕوات. ئاخر ئەو خانمە هەموو جارێ دەچێتە حەمام و لەسەر دیوارەکەی دەنووسێ، ئێرە بە خوێن کڕدراوە و بە خوێن چۆڵ دەکرێ.

***

لەمێژ ساڵ بوو ئاوا نەترسابووم. ئاخرجار کە ئاوا ترسام، ئەو ڕۆژە بوو کە ماینە بۆرە خاڵدارەکەی باوەگەورەم کە لە جوانووییەوە گەورەی کردبوو، مردارەبۆوە و لاشەی خۆشەویستترین شتی دونیای خستە بەر سەگەکانی و خوێن لە چاویدا قەتیس مابوو کە ونجڕونجڕیان دەکرد. هیچم نەکوت لە ترسا و یەک ڕاست هەڵاتم.

یەکەم شەو کە جێگیر ببووم لەو ژوورە، لای نیوە شەو، یان باشتر بڵێم ۱۱:۴۲ بوو کە تەقەی دەرگاکە هات. دەستم بە دەسگرەکەوە بوو. لە کونی درگاکەوە چاوم لە کاڕیدۆڕەکە دەکرد کە لەپڕ کچێک هاتە بەر کونەکە و هەڵبەزیمەوە. دڵم داکەوت. پاش کەمێک دەسگرە چەورەکەی ژوورەکەم داگرت و هاتە ژوورێ. پەنجەرەی ژوورەکەم کردبووەوە. شنە بایەکی فێنک ئەو پەردە گوڵدارە چڵکنانەی ژوورەکەی وە سەما دێنا. بێ هیچ قسە و باسێک چوو لەسەر کورسییەک لە نێوەڕاستی ژوورەکە دانیشت. چراکەم هەڵنەکردبوو. ڕووناکایی مانگە‌شەو تا ئەو جێگایە بە کەڵک بوو کە تاتۆکەی سەر سینگ و گۆشەی برۆیم بۆ مەعلووم دەبوو کە چ نەخشێکە.

– ئەو مەیموونە پیرە نازانێ من دەتوانم درگاکان بکەمەوە بێ کلیل.

بە سەر سووڕمانەوە کوتم:

– مەیموونی پیر؟!

بە قامک ئاماژەی بۆ خوارێ کرد و زانیم سێحەب‌ خانووەکە دەڵێ. تا ڕادەیەکش ڕاستی دەکرد، ئاخر کێ لە تەمەنی شێست و چوار ساڵیدا سەری سوور دەکات!؟

هیچمان درێژەمان نەدا. لاقی خستە‌ سەر لاقی و بڕێک خۆی هەڵکڕاند. قژی زۆر ئاڵۆزکاو بوو. زوو زوو دەستی تێ‌دەخست و دەیخوراند. ویستم پێی بڵێم، ببوورە هیچ شتێکم نەهێنا جارێ بۆیە ناتوانم میوانداری بکەم، کە کەوتمە بیری قسەی ئەو مەیموونە پیرە و بێدەنگ بووم.

– کەس پێی کوتووی ئەم ژوورە تەلیسم کراوە بە نێو منەوە!؟

–          بۆ مەگە شتی واش هەیە؟!

–          بۆ من ئەرێ.

هیچ وڵامێکم نەداوە. ئەو مەیموونە پیرە پێی کوتبووم کە ئەو کرێنشینەی ڕوو‌بەڕووم خەرەفاوە و شێت بووە، بەڵام من هەر وام دەزانی شۆخی دەکات. چاوم لە سووچێکی بن‌میچی ژوورەکە دەکرد و پێنج شەش داوە جاوجاڵۆکەم وەبەر چاو هات. لە مێشکی خۆمدا بەرنامەم دەچنی کە سبحەینێ هەموویان لێ کەمەوە کە کوتی:

جێسی من ناوێرێ بێتە ئەم ژوورە، نازانم مرۆڤ چۆن دێ. ئاخڕ ئەم ژوورە…

لەو کاتەدا سەر کوڵمی بریقەیەکی لێ هەستا. جوان کە ورد بوومەوە مووروویەکی مرواری ئاسای لەسەر کوڵمی داکوتابوو. چاوم هەر لە دەستی دەکرد کە هەر جارێک شوێنێکی جەستەی هەڵدەکڕاند. دەمی دەجووڵاوە بەڵام من هیچی لێ حاڵی نەدەبووم. چاوم هەر لەو سینگە سپی و ناسکەی بوو. لە خەیاڵی خۆمدا سەدجارم پرسی تۆ بڵێی کێ ئەو تاتۆیانەی بۆ کردبێ؟ تۆ بڵێی دەستی لە مەمکی نەدابێ؟! ئەو دەم سەد خۆزگە دەخوارد منیش تاتۆکار بووایەم. ئەو مەیموونە پیرە هەر لەو ژوورە پێی کوتم؛

– هەرچەند من نابێ ئەو قسەیە بکەم بەڵام ئەو کرێنشینەی ڕووبەڕووت، وەک گورگ دەچێ ئاگاداری بە.

بەڵام من خەریک بووم بە چاو ئەو گورگە سپی و ناسکەم هەڵدەدڕی. هەستا پێ و کوتی؛

-من خەریکە دەخنکێم لەم ژوورە بۆگەنە. دەڕۆم.

کە هات بڕوات چاوێکی لە دیوارەکە کرد و ڕۆیشت. من هەرچەندم چاو گێڕا هیچم وەبەرچاو نەهات. لەبەر خۆمەوە کوتم ڕەنگە بڕوات بووکەڵەکەی لە باوەش کات. ئاخر ئەو مەیموونە پیرە بۆی باس کردبووم کە دوای مردنی ئەو هەتیوە_

–    نازانم ئارام بوو چ بوو- ئەو کچە ئەو بووکەڵەیەی وا بەدیاری وەریگرتبوو لە باوەش دەگرێ ۆ هەست دەکات ڕۆحی ئەو هەتیوەی تێدایە و هاتووەتەوە بۆ لای.

دەرگاکەم کە لە پشت سەری پێوە دا گوێم بە دەرگاکەوە نا تا بزانم چی دەڵێ. ورتە ورت و وڕینەیەک لە کاریدۆڕەکە ساز ببوو. کە لە کونی دەرگاکەوە؛چاوم لێکرد، ئەو کچە دەستی هەڵێنابوو لەبەر خۆیەوە بە زمانێکی نامۆ وڕینەی دەکرد. پاش چەند ساتێک سەری داخست و سێ جار فووی بە لای ڕاستی خۆیدا کرد و دواتڕ سێ جاریش فووی بە لای چەپدا کرد. چووە ژوورێ. تەواو خۆف دایگرتبووم. هێواش گەڕامەوە ژوورەکەی خۆم و لەسەر کورسییەکەی نێوەڕاستی ژوورەکە دانیشتم. کە وەبیرم هاتەوە ئەو کچە لەسەر ئەو کورسییە دانیشتبوو، هەر لەخۆوە هەستام و چوومە ئەولا دانیشتم. بڕێکم چاو لە کورسییەکە کرد و لەخۆوە چوومە بیری ئەو ڕۆژەی مایینە بۆرە خاڵدارەکەی باوەگەورەمیان ونجڕ ونجڕ کرد.

کە چاوم لە کاتژمێرەکەی قەد دیوارەکە کرد ۱۲:۲۵ بوو. ئەو پەردە چڵکنە گوڵدارانە لە سەماکردن کەوتبوون. ڕووناکایی مانگەشەو کەمی کردبوو. دەنگێ وەڕە وەڕی ئەو سەگە مێشکمی ئازار دەدا. دەزانم ئاخری ئەو سەگە ئەو کچە ونجڕ ونجڕ دەکات وەک چۆن سەگە بەوەفاکانی باوەگەورەم، مایینە بۆرە خاڵدارەکەیان ونجڕ ونجڕ کرد و ڕەنگە ئەگە باوەگەورەشم بوایەت لە جێگای ئەو مایینە، هەر ونجڕ ونجڕیان دەکرد.

کە هەستام دڵەڕاوکێ خزیبووە گیانمەوە. هەناسەم توند توند دەهات و دەڕۆیشت. سینەم وەها توند ببوو دەتکوت گا بەردێکی زەلامی لەسەر بوو. خۆفێکی سەیر لەو ژوورەدا هەبوو. خۆم ڕووت کردەوە، ویستم بچم بۆ حەمام. بە لای چێشتخانەکەدا ڕۆیشتم. بۆنی نم و شتێکی تر کە تا ئێستاش لە لووتم نامۆیە، مێشکمی ئازار دەدا. هیچم لەدەست نەدەهات، دەتکوت نایلۆنێک بە سەرمدا کێشرابوو. حەمامەکە پێش دیوی خەوەکەم بوو. دەرگام کردەوە. دەسگرە چەورەکەی دەستمی گرت. جیڕەی دەرگاکەی وەبیر خەوگەی ئەو زانکۆ کاول بووەی خستمەوە، کە چوار ساڵم تێدا بە فیڕۆ دا.

چوومە ژوورێ. لە قەد دیوارەکەی دەستم کوتا و چراکەم هەڵکرد. یەک بەخۆم هەڵبەزیمەوە. بە هێواشی گەڕامەوە دواوە. جلەکانم لەبەر کردەوە. چوومە سەر کورسییەک و بەرانبەر ئەو کورسییەی کە چەن خولەک لەوە پێش ئەو کچە لەسەری دانیشتبوو، دانیشتم. پەردە گوڵدارەکان وە سەما کەوتبوونەوە. هەر لەبەر چاوم بوو. ئاخر یانی چی؛ ئێرە بە خوێن کڕدراوە و بە خوێن چوڵ دەکرێ!!