“کاتژمێرە لمینەکان بە کاتی بیابان”

تێڕامانێک لەسەر ڕەوتی وەرگێڕانی کوردی بۆ فارسی لە ئێراندا

و: نارین سەلاحی سەنەندەج

یەک

وەرگێڕان لە ساناترین پێناسەی خۆیدا گۆڕینی دەقێکی نڤیساریی یان گوتارییە لە زمانێکەوە بۆ سەر زمانێکی تر. بە شێوەیەک کە لە چوارچێوەی ئەم پێناسەیەدا بەو زمانەی کە دەق یان لێدوانێکی پێ نووسراوە یان پێی بەرهەم هێنراوە، دەوترێ زمانی سەرەتا و ئەو زمانەش کە هەمان دەق یان لێدوانی پێی وەرگێڕدراوە، دەوترێ زمانی ئامانج یان مەبەست. وەرگێڕان جیا لەوەی لە چ زمانێکەوە بۆ سەر چ زمانێکی تر دێتەگۆڕێ، پێش هەموو شتێک دەبێ بۆ کۆمەڵگای مەبەست یان بازنەی بەردەنگ لە زمانی مەبەستدا جێی سەرنج و تێگەیشتن بێ و بەردەنگ یان خوێنەر بتوانێ لە گەڵیدا پێوەندییەکی قووڵ و هەمەلایەنە چێ بکات. بە شێوەیەک کە وەرگێڕی کارامە و لێهاتوو بە تایبەت لە وەرگێڕانی دەقە ئەدەبییەکاندا دەبێ هەموو هەوڵێکی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ڕاگوازتنی مانا، تایبەتمەندییە شێوازییەکان و هەروەها تەکنیکە تاکە کەسییەکانی خودی نووسەر. تا لە لایەکەوە لە ڕێگەی ئەم هەوڵدانەوە ئاستی پوتانسییەلی شاراوە و ناوەکی زمانی مەبەست بەرز بکاتەوە و هەنگاوێکی هەر چەن چکۆلەش بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی ئەو زمانە هەڵگرێ و لە لایەکی تریشەوە جێبەجێ کردنی ئەرکێکی ئەخلاقی و پرۆفێشناڵی بێت بەرانبەر بە فەزای زەینی نووسەر و هەروەها دەرخستنی هێز و زەق کردنەوەی پوتانسییەل و توانستی داهێنەرانەی زمانی سەرەتا .

شێرکۆ بێکەس (١٩٤٠-٢٠١٣) شاعیری کورد: فۆتۆ: ڕەوەند جەواد

دوو

 بێگومان وەرگێڕان لە دەسپێکی سەرهەڵدانییەوە تا هەنووکە وەک پێویستییەکی مێژوویی و حاشاهەڵنەگر هاتووەتە ئاراوە. لە ڕاستیدا وەرگێڕان پردێک بووە لەنێوان کەلتوورە جیاوازەکاندا و پانتاییەک بووە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و میراتی مینۆکی مرۆڤ. ئێمە بە نێوەنجی وەرگێڕانەوەیە کە دەتوانین لەگەڵ فەرهەنگ، هونەر، ئەدەبیات و بەرهەمی نووسراوەی نەتەوەکانی تر ئاشنا ببین و بەم شێوەیە لە دوا پێشکەوت و دەسکەوتەکانی مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەوینە ئاگادار ببینەوە. لە واقێعدا بەشێکی هەرە زۆر و بەرچاو لە پێشکەوتن و گەشەی بێ بڕانەوەی زانست، تەکنۆلۆجیا، کولتوور، هونەر، ئەدەبیات و… هتد قەرزداری بزووتنەوە یان بێژمانی وەرگێڕان و هەروەها هەوڵی بێوچان و ماندوونەناسی کۆمەڵێک وەرگێڕی دەروەست بووە کە بو بەرزکردنەوەی ئاستی پانتایی ئەخلاقی، ژیانی فیکری و چێژی جوانیناسانەی مرۆڤ هەنگاوی کردەییان هەڵگرتووە. بەم پێیە ئاشنایەتی هەر کام لە ئێمە لەگەڵ بەرهەمی ناوازە و شاکارە هونەریی و ئەدەبییەکانی جیهاندا، تەنیا لە ڕێی وەرگێڕانەوە مەیسەر بووە.

بێگومان هەر نەتەوەیەک تا چ ڕادەیەک کە گرینگی و بایەخی بە کاری وەرگێڕان بدات، بە هەمان ڕادەش لە ڕووی پێشکەوتن لە بوارە جیاجیاکانەوە گەشەیان کردووە و بەردەوام لە دۆخێکی پەرەئەستێندان. لە لایەکی تریشەوە دیاردەیەک وەک هەژاریی کەلتووری و نەبوونی زەمینەیەکی گونجاو بۆ ئافراندنی بەرهەمی داهێنەرانە بەپێی پێوەری ئەدەبیاتی جیهانی، پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ هەژاریی وەرگێڕان و ئامادە نەبوونی وەرگێڕی لێهاتوو کە هاوکات خولقێنەری سەردەمی خۆی بێت. کەواتە دەبێ بوترێ ئەمە دیسکۆرسی وەرگێڕانە کە کەش و زەمینەیەکی لە بار بۆ وتووێژی نێوان کولتووریی و دواتریش بۆ نزیکایەتی و هاودەنگی کولتوورەکان و بیروڕا جیاوازەکان دەخولقێنێ. بەو هۆیەوە کە ئاخێزگە و سەرچاوەی سەرەکی زۆربەی بە هەڵەتێگەیشتنەکان و هەروەها خوێندنەوەی ئاوەژووی کولتوورەکان لە ڕاستیدا هەڵدەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی زانیاریی و ناسیاریی بەرانبەر بە کولتوور و جیهانی ئەوی تر. وەرگێڕان فەزایەک دەخولقێنێ کە تێیدا ڕێژەی قەیران و بەریەک کەوتن و پێکدادانە کولتوورییەکان تا ئاستێکی بەرچاو دادەبەزێ و دەرفەتێکی زێڕین بۆ چێکردنی پێوەندییەکی داهێنەرانە و دانووستانێکی دوولایەنە دێنێتە ئاراوە بۆ هەرکام لە لایەنەکانی ئەم هاوکێشەیە. کەواتە لە حوکمێکی گشتیدا دەکرێ بوترێ کە یەک لە بنەماکانی تێگەیشتنی هاوبەش یان دوولایەنە، ڕۆحی پێکەوەژیان و بێژمانی ئاشتی و برایەتی لەنێو هەموو نەتەوەکانی دنیادا ڕێکخراوی وەرگێڕانە و بەم شێوەیە بۆ نموونە ئێمه هاوکات لەگەڵ خوێندنەوەی بەرهەمی هەندێ کەڵە نووسەری بەناوبانگی وەک چێخۆف،  داستایۆڤسکی، تۆڵستۆی ، پووشکین، مایاکۆڤسکی و…….هتد ، لە ڕێگەی وەرگێڕانیانەوە لە مێژوو، زمان، کولتوور، موسیقا ، داب و نەریتەکانی نەتەوەی ڕووسیا زانیارییەکی ورد و چڕوپڕمان دەس دەکەوێ و بەم چەشنە بەپێی ئەم کۆمەڵە زانیارییە، خاڵە هاوبەشەکانی خۆمان لە ڕووی نەتەوەیی و کولتوورییەوە بۆمان دەردەکەوێ و هەست بە پێوەندییەکی شاراوە و نزیکایەتی دەکەین. هەروەها زەمینەیەکی لە بار و هەلێکی زێڕین بۆ دانووستان لەگەڵ ئەو جۆرە کولتوورانەمان بۆ دەڕەخسێنێ.


سێ

بەڵام ئەوەی مژاری سەرەکی ئەم نووسینەیە لە واقێعدا تێڕوانینێکە لەسەر  هەوراز و نشێوەکانی وەرگێڕان لە کوردییەوە بۆ سەر زمانی فارسی لە ئێراندا. هەر چەن ناکرێ مێژوویەکی دیاریکراو بۆ دەستپێکی وەرگێڕانی دەقە کوردییەکان بۆ سەر زمانی فارسی لە ئێراندا دەستنیشان بکرێ؛ بەڵام بەپێی بەڵگە و ئاماژەکان ئەوەی ڕوونە پێش شۆڕشی گەلان، جگە لە هەندێک هەوڵی پرژ و بڵاو و پچڕپچڕ ئەویش لە بواری دەقە فولکلۆرییەکان و ئەدەبیاتی جڤاکیدا  لە لایەن یەکەم بەرەی ڕووناکبیرانی کوردەوە، بەرهەمێکی ئەوتۆ لە ئەدەبیاتی کوردی بۆ سەر زمانی فارسی وەرنەگێڕدراوەتەوە. بێگومان نەبوونی زەمینەیەکی لە بار و کەشی پڕاوپڕ لە سەرکووتی سیاسیی و دەمکوتی کولتووری لە سەردەمی پالەویی دووهەمدا و زاڵبوونی ڕوانگەی ئەمنی بۆ مژارە کولتوورییەکان لەسەر ڕەوتی بە لاڕێدا چوون و هەروەها بیچم نەگرتنی دیسکۆرسی وەرگێڕان کاریگەر بووە. هەروەها لە لایەکی ترەوە ئەدەبی کوردیش لەو سەردەمە مێژووییەدا هێشتا نەیتوانیبوو کۆمەڵێک بەرهەمی دەگمەن و دانسقە بخولقێنێ و ئاراستەی گۆڕەپانی ئەدەبیاتی بکات. جیا لەوەش لەو قۆناغە هەستیارەدا ڕادەی وەرگێڕی کارامە و لێهاتوو کە بەسەر هەر دوو زمانی کوردی و فارسیدا زاڵ بێت، لە قامکەکانی دەست تێپەڕ نەدەبوو. لە لایەکی تریشەوە بەردەنگی فارس زمان هیچ تامەزرۆییەکی بۆ خوێندنەوەی بەرهەمی ئەدەبیاتی کوردی نەبوو.

زۆر ئاساییە کە لەو سەردەمەدا شەپۆلێکی هەرە مەزن لە شاکارە ئەدبییەکانی جیهان لە ئەدەبیاتی ڕووسییەوە بگرە تا ئەدەبی فەرەنسی، ئانگلۆساکسۆن، ئێمریکای لاتین و دەڤەری کارائیب و ئێسپانیۆلی، ئەدەبیاتی عەرەب و تورک و……هتد لە بازنەی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەدا بوو. لەم نێوەشدا کەس بۆ ئەدەبیاتی لاواز و کەم هێزی کوردی هیچ حسابێکی نەدەکرد. بەم پێیە لەو هەلومەرجەدا کە وەک سەردەمی زێڕینی وەرگێڕان دێتە ئەژمار هەندێ وەرگێڕی بەناوبانگ و خاوەن شێوازی وەک نەمران محەمەدی قازی و ئێبراهیمی یوونسی کە هەردووکیشیان کوردزمان بوون، زۆرتر لە زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی و فەرەنساوە خەریکی وەرگێڕان بوون . ڕاشکاوانە کۆی دەرکەوتەی ئەم هەلوومەرجە مێژووییە و هەندێ هۆکاری تریش (کە لەم کورتە یاداشتەدا ناکرێ بە شێوازێکی تێروتەسەل لێیان بکۆڵینەوە و تاوتوێ بکرێن) ببوونە هۆکاری زۆر گرینگ بۆ ئەوەی ئێمە نەتوانین ڵە قۆناغی پێش شۆڕشدا بپەرژینە سەر وەرگێڕانی کۆمەڵێک بەرهەمی بەرچاو لە ئەدەبیاتی کوردیدا بۆ سەر زمانی فارسی.

blank
بەختیار عەلی (١٩٦٦- ) نووسەر و ڕووناکبیری کورد: فۆتۆ: ڕەوەند جەواد

چوار

ئەوەی ڕوونە سەردەمی پاش شۆڕش بە تایبەت لە دەیەی حەفتای هەتاویدا هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدان و گەشەکردنی گۆڤار و بڵاڤۆک و ڕۆژنامە کولتوورییەکاندا، ئێمە لەگەڵ شەپۆلێکی ئارامی وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت لە بواری شیعردا بەرەو ڕوو دەبینەوە. لەم پانتاییەدا کەسانێکی وەک ناسری سینا، بەڕۆژ ئاکرەیی، خوالێخۆشبوو مارفی ئاغایی و…..هتد لەم بوارەدا پێشەنگ بوونە و دەستیان داوەتە وەرگێڕانی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە و بەرچاو بە تایبەت لە بواری شیعری هاوچەرخی کوردیدا و هەوڵی بێوچان و تێکۆشانی جێی ستایشی کۆمەڵێک شاعیر و نووسەری ناوداری وەک نەمران ئەحمەدی شاملوو، عەلی ئەشرەفی دەرویشیان و هەروەها سەیدعەلی ساڵحی لە ناساندنی شعری کوردیدا ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیووە و توانی زەمینەیەکی لەبار بۆ شکانی ئەو تابۆ و تەلیسمە کولتوورییانە بڕەخسێنێ.

بە شێوەیەک کە ئەم مێردەزمە جوان و شەرمێونە دوای ساڵانێکی ڕەبەق لە نێو بوتڵەکە دەرهات و ڕێبازی گەشە و پێشکەوتنی گرتە بەر. کۆسپ و ئاستەنگەکان یەک لە دوای یەک لابران و بەردەنگی غەیری کوردزمان لەگەڵ ناوگەلێکی وەک شێرکۆ بێکەس، عەبدوڵا پەشێو، ڕەفیق سابیر، لەتیف هەڵمەت و… هتد ئاشنا بوون و خوێنەری ئێرانی پەی بەم ڕاستییە برد کە هەر لەم دەڤەرە و لە دراوسێتی خۆیدا لەودیو سنوورەکانەوە ئەدەبیاتێک سەری هەڵداوە کە وەک بڵێی شایەتی دەدات لەسەر کۆی ڕەنج و زام و خولیاکانی ئەویش. ئەدەبیاتێک لە ڕەگەزی بێ نیشتمانی، کۆمەڵکوژیی و گۆڕی بەکۆمەڵ.

ئەدەبیاتێک کە تەوەری سەرەکی لە ئەساسدا ڕەنج و ئازار و بێدەرەتانی مرۆڤ بووە لە پێناو گەیشتن بە دواڕۆژێکی پرشنگدار و ژیانێکی ئینسانیتر. ئەگەر چی لە سەرەتای ڕێگەوە بەختی وەرگێڕان ڕووی لە شیعری هاوچەرخی کوردی بوو و کەسانێ وەک کامبیز کەریمی، فەریدوون ئەرشەدی، محەمەد ڕەئووف مورادی، عەزیز ناسری، مەریوان هەڵەبجەیی، فەریاد شیری، ڕەزا کەریم مجاور، عەباس مەحموودی و…هتد زۆر شیعری گەشاوە و بریقەداریان لە ئەدەبیاتی کوردی وەرگێڕا و بڵاویان کردەوە؛ بە جۆرێک کە چیتر هەندێ ناوی وەک گۆران، شێرکۆ بێکەس، ڕەفیق سابیر، کەژاڵ ئەحمەد، مەهاباد قەرەداخی و…هتد بۆ خوێنەری شیعر لە ئێراندا نامۆ و غەوارە نەبوون. هەر چەن لەم نێوەدا ئەستێرەی بەختی شاعیرێکی وەک شێرکو لە هەمووان باشتر درەوشایەوە و وەک بەرچاوترین کەسایەتی لە بواری شیعری کوردیدا پلە و پێگەیەکی بەرز و ناوبانگێکی جیهانی هەبوو و زۆربەی خوێنەرانی ئەدەبیات و شیعردۆستان لە ئێراندا، شیعری کوردی بە ناوی بێکەسەوە دەناسن و وەک ئیمپراتۆری بێ هاوتای شیعری دەزانن.


پێنج

 بە هێوری و هاوکات لەگەڵ باهۆزی ڕووداوەوەکان و تێپەڕبوونی کات لە لایەکەوە بەهۆی لێوڕێژبوونی ئەم بەستێنە لە بواری شیعردا و لە لایەکی تریشەوە بە هۆی گۆڕانی چێژ و سەلیقەی بەردەنگ ئەم جارە هومای بەختەوەری لەسەر شانی چیرۆک و ئەدەبی گێڕانەوە نیشتەوە و وەرگێڕانی شیعر تا ڕادەیەک چووە پەراوێزەوە و خۆری تەمەنی ڕووی لە ئاوابوون کرد. ئەم جارەیان نۆرەی ڕومان و چیرۆکی کوردی بوو کە بتوانێ سەرنجی وەرگێڕ و بەردەنگ و ڕەخنەگر و هەروەها ئەدەب دۆستان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ. ئەم پێشهاتە بە وەرگێڕانی ڕومانی گەشاوە و جێی ستایشی “دواهەمین هەناری دنیا” بەرهەمی نووسەری بەناوبانگی کورد بەختیار عەلی لە لایەن ئارەشی سەنجابییەوە هاتە ئەنجام دان و ئەمەش خۆی کرانەوەی دەروازەیەک بوو بۆ ئەوەی وەرگێڕەکانی تر بپەرژێنە سەر وەرگێڕانی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی ئەدەبی کوردی لە بواری ڕۆمان و کورتە چیرۆکدا. ئەگەر چی سەنجابی دوای وەرگێڕانی ئەم بەرهەمە دەستی بۆ کاری تر نەبرد و لە هەمان کاتیشدا وەرگێڕانەکەی هەندێ هەڵەی بەرچاو و لاوازی پێوە دیار بوو و لە ڕاستیدا هەر ئەم هەڵە و لاوازییانەش مەریوان هەڵەبجەیی بەو قەناعەتە گەیاند تا دەست بداتە وەرگێڕانی دووبارەی ئەم بەرهەمە و سەرلەنوێ وەرگێڕانێکی باشتر و جێی متمانە لەم ڕۆمانە بەرچاوە ئاراستە بکات. لەم قۆناغەدا وەرگێڕانی ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی توانی بەهێزتر لەوەی پێشوو دەرکەوێ و سەرنجی زۆرێک لە ڕەخنەگرە جیدییەکان بەرەو لای خۆی ڕابکێشێ. ئەگەرچی لە سەرتاوە بەردەنگی فارس زمان لە ڕێگەی بەرهەمی کۆمەڵێک نووسەری وەک بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن و فەرهاد پیرباڵەوە لەگەڵ ئەدەبی گێڕانەوەی کورددا بەرەوڕوو بوویەوە و پانتایی ئەم بەستێنەش لە پاوانی ڕۆمان و بەرهەمە فیکرییەکانی بەختیار عەلیدا بوو؛ بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئەم تەلیسمە لە لایەن هەندێ  وەرگێڕی بوێر و فرەچەشنخوازی وەک مەریوان هەڵەبجەیی و ڕەزا کەریم مجاورەوە شکا و بەرهەمی کۆمەڵێک نووسەری بەرچاوی تری وەک عەتا محەمەد، جەبار جەماڵ غەریب، هیوا قادر و… هتد هاتە وەرگێڕان و بڵاوکردنەوە، کە لەم نێوەدا هەندێ دەزەگای چاپ و بنکەی بڵاوکردنەوەی وەک چەشمە، سالێس، ئەفراز، مەرکەز و… هتد گرینگی و بایەخێکی ئەوتۆیان بە بەرهەمی وەرگێڕدراو لە ئەدەبی گێڕانەوەی کوردی دا و بە تایبەت کارەکانی وەرگێڕێکی خاوەن ئەزموونی وەک مەریوان هەڵەبجەیی کە لەم بەستێنەدا ئامادەبوونێکی کارامە و چالاکی هەبووە و لە ساڵانێک لەمەو پێشەوە دەستی داوەتە کاری وەرگێڕانی کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازە لە ئەدەبیاتی کوردی و هەروەها هەندێ لە بەرهەمە دانسقەکانی ئەدەبی فارسیشی وەرگێڕاوەتەوە سەر زمانی کوردی و لە هەرێمی باشوور چاپ و بڵاوی کردوونەتەوە. بە جۆرێ کە زۆربەی کارەکانی هەڵەبجەیی بە تایبەت لە ئێراندا گەیشتوونەتە چاپی سەروو پێنج و شەش.

تێکڕای ئەم باسانە ئەدەبیاتی کوردی بە تایبەت لە بواری ڕومان و ئەدەبی گێڕانەوەدا بە هێوری جێگەی خۆی لە تەنیشت بەرهەمی ئەدەبی نەتەوەکانی ترەوە کردۆتەوە و لەو کەوڵە شەرمنانە و لە قۆزاخەی گۆشەگیری خۆیدا هاتووەتە دەرێ و هەر ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە ڕەخنەگر و خاوەنڕایان لە بواری ئەدەبدا دان بە میراتی کولتووری، زمانی و ئەدەبیی ئێمە دابنێن. هەر ئەم شتەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئێمە ئاستی بڕوا بەخۆبوونمان، بە تواناکانمان، بە ئاسۆی پرشنگداری دوورەدەست لە داهاتوودا بەرزتر ببێتەوە و ورەی زۆرترمان دەداتێ کە بۆ گەشە و پەرەپێدانی ئەو کەلەپوورە پڕ بایەخە و ئەو گەنجینە پڕ شکۆیەی کە هەمانە زۆرتر تێ بکوشین و هەوڵ بۆ سەرخستنی تواناکانمان بدەین و ئەمەش خۆی جێگای فەخر و شەرەفێکی گەورەیە.


شەش

 هەلبەت لە پاڵ ئەم دەسکەوتە گەورەیەش لە بواری وەرگێڕاندا، بێگومان کۆمەڵێک لاوازی و کەموکۆڕیش ئەبینرێ کە نابێ پشتگوێ بخرێن و لە هەمان کاتیشدا پەردەپۆش بکرێن.

کە ئێستە لێرە دەمەوێ هەندێ لەو خاڵە لاوازانە لەبەر ڕۆشنایی تیشکی ڕەخنەدا بخەمە بەرباس و لێیان بکۆڵمەوە.

ئەگەرچی ئەمەیان بابەتێکە حاشاهەڵنەگر کە بێدەنگ بوون لە هەمبەر ئەم لاوازییانە بۆ درێژەدان بەم ڕێبازە پڕ شکویە و پڕ لە هەوراز و نشێوە بەرەوڕووی زۆر کۆسپ‌ و ئاستەنگمان دەکاتەوە. ئەوەی ڕاستی بێ لە دوو گۆشەی نیگای جیاوازەوە دەکرێ لەم بابەتە بڕوانین و بە تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە هەر هەموو خەسار و مەترسییەکانی ئەم مژارە بخەینە بەر باس و لێکۆڵینەوە: گۆشەنیگایەک کە پەیوەستە بە ڕەهەندی تەکنیکی، نێوەڕۆکیی و پێکهاتەیی وەرگێڕانەوە و گۆشەنیگای تریش گرێدراوی شرۆڤەی سەخت ئامێری بابەتەکەیە کە سەرنج دەداتە کۆمەڵێک بابەتی دەرەوەی دیسکۆرسی وەرگێڕانەوە و دیارە لەم کورته نووسینەشدا مەجالی ئەوەمان نابێ کە بپەرژێینە سەر سۆنگەی تەکنیکی، نێوەڕۆکیی و  پێکهاتەیی بەشێکی بەرچاو لەو بەرهەمانەی کە وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی لە ئێراندا، کە ئەمەیان پێویستی بە کات و وردبوونەوەی زۆرتر و پشوویەکی درێژتر هەیە کە هیوادارم لە دەرفەتێکی گونجاودا لە داهاتوو بەپێی پێویست بپەرژێمە سەری و لەم ڕەهەندەشیان بکۆڵێمەوە. بەڵام ئەوەی لێرە مەبەست و بەرسەرنجی من بووە لە واقێعدا خەسارناسی هەمان ڕەهەندی سەخت ئامێریی ئەم مژارەیە کە هەوڵ دەدەم لە دوابڕگەی ئەم نووسینەدا بەپێی توانا و ئەزموونی تاکەکەسی خۆم تیشک بخەمە سەری. ڕەنگە ئەم نووسینە سەرەتایەک بێت بۆ بیچم گرتن و سەرهەڵدانی بێژمانێکی ڕەخنەگرانە لە بەستێنی وەرگێڕانی ئێمەدا و هەروەها پاڵنەر بێت بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی وەرگێڕان و هەروەها بۆ بەرز کردنەوەی ئاستی کوالیتی ئەو بەرهەمانەی کە ڕەوانەی بازاڕی چاپ و بڵاوکردنەوە دەکرێن. دیارە ئەگەر بمانەوێ ئەو دەسکەوتە مەزنە و ئەو پلە و پێگەیەی کە بە هەوڵی بێوچان و تاقەت پڕووکێنی کۆمەڵێک وەرگێڕی ماندوونەناس دەستەبەرمان کردووە، بیپارێزین بێگومان دەبێ تێڕوانینمان بۆ مژاری وەرگێڕان بە شێوازێکی کوالیتی تەوەر، پەرە پێ بدەین و بە گرینگیدان بە وەرگێڕانی بەرهەمی ناوازە و خۆ لە قەرەی وەرگێڕانی لاواز نەدان، نەهێڵین کە بەردەنگی غەیری کورد زمان سڵ لە ئەدەبیاتی ئێمە بکاتەوە و بە چاوێکی سووک و بێبایەخەوە سەیری بکات.


حەوت

بە داخەوە لە پەنای زۆر خاڵی پۆزەتیڤ و بەهێزەوە کە لە چەند بەشی پێشووی ئەم یاداشتە ئاماژەم پێدان، هەندێ لاوازی و کەموکۆڕیش دێنە پێش چاو کە لێرە پێویستە هەڵویستی ڕاشکاوانەی خۆم بەرانبەر بەو خاڵانە دەرببڕم :

لەم ساڵانەی دواییدا مافی تایبەتی وەرگێڕانی بەرهەمی نووسەرانی کورد لە لایەن هەندێ وەرگێڕەوە بە شێوەیەکی پاوانخوازانە قۆرخ کراوە و مەخابن ئەم دیاردە ناحەزە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنێ و خەریکە ببێتە نەرێتێکی دزێو و ناشیرین، کە بە ڕاستی ئەم بابەتە خۆی لە خۆیدا جێی نیگەرانی و مەترسییە و ماف یان دەرفەتی وەرگێڕانێکی باشتر لە ڵایەن هەندێ وەرگێڕی ترەوە لە داهاتوودا زەوت دەکات و دەبێتە بەربەست و ڕێگرێک لە بەردەم ئەگەری وەرگێرانێکی جوانتردا و هەندێ لێکەوتەی وەک بەدواداچوون و سزای یاسایی لێ دەکەوێتەوە. قەیرانی دووهەم گەڕانەوەی زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمە چاپکراوەکانە بۆ بازاڕی کتێب و بازنەی بەردەنگی دانیشتووی ناوچە کوردنشینەکان. ئێستە بە لەبەرچاو گرتنی ئەم خاڵە گرینگەش کە دابەزینی ئاستی تیراژی پێوەری کتێب‌ لە ئێران و زۆر وڵاتی تردا بە تایبەت بۆ ئەو کتێبانەی کە مژاری سەرەکییان ئەدەبیاتە، دەبێ ئەم دیاردەیەش ڕەچاو بکرێ کە زۆربەی هەرە زۆری ئەم تیراژە نزمەش لە نێو کتێبفرۆشییەکانی ناوچە کوردنشینەکاندا بڵاو دەکرێتەوە و ئەمەش بۆ خۆی دوو خەساری بێقەرەبوو و هەروەها مەترسی گەورەشی لێ دەبێتەوە: یەک لەوانە ئەمەیە کە بەرهەمی وەرگێڕدراو بۆ سەر زمانی فارسی بەپێی پێویست ناگاتە دەس خوێنەر و بەردەنگی فارس زمان. لە حاڵێکدا ئەرکی وەرگێڕان و بەرپرسیاریەتی وەرگێڕ پێش هەموو شتێک ناساندنی ئەدەبیاتی کوردییە بە خوێنەری غەیری کوردزمان؛ نە ئەمەی کە لە بازنەیەکی بەتاڵدا هەمان بەرهەم دووبارە و سەرلەنوێ دەرخواردی بەردەنگی کوردزمان بدرێتەوە. هەر ئەم بابەتەش خود قەیرانێکی تر دێنێتە ئاراوە ئەوەشیان ئەمەیە کە ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەیکە بەردەنگی کورد ئەم بەرهەمانە نە بە زمانی سەرەکی کە زمانی دایکییەتی؛ بەڵکو بە نێوەنجی وەرگێڕان و بە زمانێکی تر بیانخوێنێتەوە. ئەم دیاردەیەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی پاڵپشتی و لایەنگریی لەو بەرهەمانەی کە بە زمانی کوردی دەنووسرێن و دوا بە دوای ئەمەش ئێمە لە کورتخایەندا بەرەوڕووی دابەزینی ئاستی تیراژی کتێبی کوردی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەبینەوە. هەر ئەم کەمتەرخەمییەش وا دەکات کە شاعیر یان نووسەری کورد تووشی دڵسارد بوون و بێهیوایی ببێتەوە و ئەم دۆخە قیزەونە وای لێ دەکات کە  هیچ شتێک بۆ نووسین بە زمانی دایکی هانی نەدات و ئەو خەمساردییە ئەمیش بگرێتەوە.

بێگومان دیارە ئەم حوکمە کەمتر ئەو بنکە و دەزگایانە لە ناوەندی ئێران دەگرێتەوە کە هەم ناوبانگێکی باشیان هەیە و هەم لە مێژەش خەریکی کاری چاپ و بڵاوکردنەوەن. لەبەر ئەوەی ئەم بنکە و دەزگایانە لەگەڵ ناوەندە بەهێزەکانی پەخش و بڵاوکردنەوەدا لایەنی گرێبەستن و بەرهەمەکانیان دەخەنە بازنەی پەخشی سەرتاسەرییەوە و بۆ هەموو شوێن و قوژبن و چوارقوڕنەی وڵات دەینێرن. بەم پێیە من ڕووی دەمم لەو وەرگێڕە بەڕێزانەیە کە کارەکانیان بۆ چاپ دەسپرێنە دەستی کومەڵێک بنکەی چاپ و دەزگای چاپی ناکارامە و بێ ناونیشان، ئەوانیش تەنیا بە مەبەستی قازانج و بەرژەوەندی مادیی خۆیان بە شێوازێکی هەلخوازانە تەنیا بیر لە وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ تێچووی چاپ و وەرگرتنی مۆڵەتی چاپ لە وەرگێڕی داماو دەکەنەوە و بە هیچ شێوەیەک خەمی ئەوەیان لا درووست نابێ کە چارەنووسی ئەم بەرهەمانە چی لێدێ و بەرەو کوێ دەڕوا. کەواتە شێوەی هەڵسوکەوتی قازانجخوازانەی کۆمەڵێک دەزگا و ناوەندی چەواشەکار ڕێگە لە بڵاو بوونەوەی سەرتاسەریی ئەم بەرهەمانە لە جوگرافیای گشتیی ئێراندا دەگرێ و دەبێته کۆسپ و ئاستەنگێکی گەورە لە بەردەمیاندا. ئەم جەغزە خەوشدارە و ئەم هاوکێشە نەخۆشەش خود زەبرێکی کوشندە لە دیسکورسی وەرگێڕانی ئێمە دەدات و لێکەوتە خراپ و ناحەزەکانی بۆ ساڵانێکی ڕەبەق درێژەی دەبێت. کەواتە وەرگێڕی لێهاتووی ئێمە لەم ڕۆژگارە بێبەزەییەدا بۆ دەربازبوون لە گێژاوی ئەم قەیرانە دەبێ ستراتیژێکی باشتر و کارامەتر پێڕەو بکات و تا بۆی دەکرێ بەرهەمی ڕەنج و ئارەق ڕشتنی خۆی نەداتە دەست تاقمێک دەڵاڵی کولتووری و کۆمەڵێک بنکە و دەزگای هەلپەرستەوە و لەگەڵ ئەو ناوەندانە ئیش بکات کە پانتایی بڵاوکردنەوەیان ڕووبەرێکە لەسەر جوگرافیای هەموو ئێران. قەیرانێکی تر کە لێرە دەبێ بە وردی بخرێته بەر باس گرینگی نەدانە بە وەرگێڕانی بەرهەمی فیکریی و ڕەخنەی ئەدەبییە، ئەگەر چی لەم ساڵانەی دواییدا هەندێ هەوڵ لەم بارەوە لە لایەن سەردار محەمەدییەوە دراوە بۆ وەرگێڕانی بەرهەمە فیکریی و ڕەخنەییەکانی بەختیار عەلی، کە جێی دڵخۆشی و پێزانینە؛ بەڵام ڕێژەی ئەم کارانە زۆر کەمە و دڵخۆشکەر نین. کەواتە دەبێ هاوکات لەگەڵ وەرگێڕانی دەقە ئەدەبییەکان لەوانە وەک شیعر و ڕۆمان و کورتە چیرۆک و… هتد گرینگی و بایەخێکی ئەوتۆش بە وەرگێڕانی بەرهەمە فیکریی و ڕەخنەییەکان بدرێ و بەرهەمی کۆمەڵێک ڕووناکبیری وەک مەریوان وریا قانع، ئازاد حەمە، ئاراس فەتاح، بەرزان فەرەج، فاروق ڕەفیق، ڕێبین هەردی، محەمەد کەماڵ ، ڕێبوار سیوەیلی ، ئاسۆ جەبار و بیرمەندی تر وەربگێڕدرێتە سەر زمانی فارسی؛ چوونکوو بۆشاییەکەی هەرە قووڵ لەم بەستێنەدا هەست پێ دەکرێ. ئێمە لە پاڵ ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەرهەمی شیعر و ڕۆمان کە وەریدەگێڕینەوە، دەبێ بتوانین لێکدانەوە، شرۆڤە، شیکاریی و ئەو نووسینە ڕەخنەییانەش کە لەسەر کۆی ئەم بەرهەمانە بە زمانی کوردی نووسراون بکەین بە فارسی و بەم شێوەیە بەشدار بین لە ئاراستهکردنی تێگەیشتنێکی قووڵ و ڕاستەقینەی کۆی ئەم بەرهەمانە لە لایەن بەردەنگ و خۆێنەری فارس زمانەوە. بۆ ئەوەی  هەم یارمەتی خوێنەرمان دابێ بۆ خوێندنەوەی قووڵی ئەم بەرهەمانە و ناساندنی باشتری ئەدەبی کوردی و هەم بەردەنگی ئێرانیمان لەگەڵ فەزای فیکریی و ڕەخنەی ئەدەبی و تیۆریکی کوردی ئاشنا کردبێ و نموونەی دەقی ڕەخنەیی خۆمانی لا ئاراستە بکەین.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و تەنگژەیەی کە لەم ڕێگە دوور و درێژەدا هەیە، من بەش بە حاڵی خۆم بە داهاتووی ئەم ڕێگایە گەشبینم و بێگومان بە زاڵ بوون لەسەر کۆسپ‌ و ئاستەنگەکاندا و هەروەها بە سنگفراوانی و دوورەپەرێز بوون لە ڕکابەریی و هەڵسوکەوتی تەسکبیرانە، دەکرێ پلە و پێگەیەکی شیاو و جێگای ڕێز بۆ ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی لەنێو بەردەنگی فارس زمان لە ئێراندا مسۆگەر بکەین. ئەمەش ناکرێ مەگەر هەر بە هەوڵێکی بێوچان و گشتگیر لە لایەن هەموو چالاکانی ئەم بوارەوە. دەبێ بە سۆزێکی ئەڤیندارانەوە بنووسین و بە هەمان سۆزیشەوە بێکێت وتەنی: درێژە بە درێژەدان بدەین و هانا بۆ هێز و ورەی دڵمان بەرین تا بەرگەی ئەم هەموو زەختە بگرین.