نامەکانی هێربێرت مارکوزە و مارتین هایدێگەر

نامەی مارکوزە بۆ هایدێگەر (٢٨/٨/١٩٤٧)

دەمێکە بیرم لەو قسانەی کە لە سەفەرم بۆ “تودناوبێرگ”[1] پێمتان وت، کردووەتەوە و ئێستا حەز دەکەم بە ڕاشکاوی سەبارەت پێی بۆتان بنووسم.
پێمتان وت کە لە ساڵی ١٩٣٤ەوە بەم لا، بە تەواوی خۆتان لە “ڕژیمی نازی‌”[2]ەوە جیا کردووە و لە وتارەکانی خۆتاندا قسەگەلێکی تیژی ڕەخنەییتان بووە و کەوتوونەتە ژێر چاوەدێڕی “گەشت‌ئاپۆ”[3]، کە من هیچ گومانێک نابەمە ئەم قسانەتان. بەڵام ئەمەش ڕاستە کە لە ساڵی 1933دا، ئەوەندە بەهێز [و قووڵ] خۆتان بە ڕژیمەوە پێناسە کرد کە ئێستاش و ئەمڕۆکەش لە چاوی زۆر کەسەوە وەکوو یەکێک لە بەهێزترین لایەنگرانی فیکری ئەوان دەناسرێن. وتارەکان و نووسراوەکان و بەرهەمەکانی ئەو دەورانەتان شایەتی حاڵن. ئێوە قەت قەت بە ڕاشکاوی ئەو قسانەتان وەرنەگرتەوە -تەنانەت لە دوای ١٩٤٥یشەوە. قەد بە ڕاشکاوی شیتان نەکرد کە گەیشتوونەتە باوەڕگەلێکی جیاواز لەوانەی کە لە ۱۹۳۳-۱۹۳٤، ئاماژەتان پێی دەدا و لە نووسراوەکانتاندا دەتانگوت. ئێوە لە دوای ساڵی ١٩٣٤دا هەر لە ئاڵمان مانەوە، سەرەڕای ئەوەی کە دەتانتوانی لە هەر شوێنێک لە دەرەوە، جێگەوپێگەیەکی بەرچاو بدۆزنەوە. قەت بە ڕاشکاوی هیچێک لە چالاکییەکان و ئایدۆلۆژییەکانی ڕژیمتان مەحکووم نەکرد. بە هۆی ئەم بەڵگانەوە ئێوە هێشتاکە ئێستاش بە ڕژیمی نازی‌یەوە دەناسرێن. زۆرکەس لە ئێمە، بۆ ماوەیەکی درێژ، بە تەمای بەیاننامەیەک لە ئێوە بووین. بەیاننامەیەکی ڕوون، کە لە ئەنجامدا، ئێوە لە ئاوەها شوناس و پێناسەیەک ڕزگار بکات.    

دەکرێ فیلسووفێک لەمەڕ بابەتگەلی سیاسییەوە بخەڵەتێندرێ، لەم حاڵەدا بە ڕاشکاوی دان بە هەڵەی خۆیدا دەنێت. بەڵام ناکرێ سەبارەت بە ڕژیمێک کە هەزاران هەزار جوو -تەنیا بە بۆنەی جوو بوونیان- کوشت، بخەڵەتێندرێ

                                                         
بەیاننامەیەک کە بەو پەڕی ڕاستییەوە، ڕوانگەی ئێستای ئێوە لەمەڕ ئەو ڕووداوانەی کە ڕوویان دا دەربخات. بەڵام قەت وەکوو بەیاننامەیەک دەرتان نەخست -لانیکەم لە “دەڤەری تایبەتی”[4]یەوە نەهاتووەتە دەر. من (و زۆرێک تر) ڕێزێکی زۆرم بۆ ئێوە وەک فیلسووفێک هەیە، بەو بۆنە کە ئێمە  تا ڕادەیەکی زۆر، شتتان لێ فێر بووین. بەڵام ناتوانین جیاوازییەک لەنێوان هایدێگەری فیلسووف و هایدێگری مرۆڤ دابنێین، بەو هۆیە کە لەگەڵ فەلسەفەی خۆتاندا دژایەتی هەیە. دەکرێ فیلسووفێک لەمەڕ بابەتگەلی سیاسییەوە بخەڵەتێندرێ، لەم حاڵەدا بە ڕاشکاوی دان بە هەڵەی خۆیدا دەنێت. بەڵام ناکرێ سەبارەت بە ڕژیمێک کە هەزاران هەزار جوو -تەنیا بە بۆنەی جوو بوونیان- کوشت، بخەڵەتێندرێ. [ڕژیمێک] کە تیرۆری کرد بە دیاردەیەکی ڕۆژانە و هەر باوەڕێک کە پێوەندی بە ڕووح و ئازادی و حەقیقەتەوە بوو کرد بە دژبەری قەسای‌قەسی خۆی. ئەو ڕژیمەێ کە لە هەموو بوارێکەوە، کاریکاتۆری ناحەز و کوشەندەی نەریتی ڕۆژئاوایی بوو، ئێوە بوون که شیتان کردەوە و لایەنگریتان لێ کرد. ئەگەر ئەو ڕژیمە کاریکاتۆری ئەو نەریتە نەدەبوو، تەنانەت ئەگەر لە لووتکەی ڕاستەقینەی ئەو [نەریتەشدا] دەبوو، بەم حاڵەشەوە ئیمکانی خەڵەتاندن بوونی نەبوو. بەو بۆنە کە لەم دۆخەدا، ئێوە دەبوو تەواوی ئەم نەریتە بە تاوانبار بزانن و ڕەت بکەنەوە.
ئایا بە ڕاستی حەز دەکەن لە مێژووی هزردا، بەم شێوە یادتان لێ بکرێ؟ هەر هەوڵێک بۆ بەربەرەکانی کردن لەگەڵ دامەزرێنەرانی “چەوت‌تێگەشتنی جیهانی”[5]، مەحکوومە بە جیدی گرتنی ئیدێئۆلۆگی نازی، لە ئەنجامیشدا بە هۆی بەرخۆدانی گشتی سەرناکەوێت. “عەقڵی دروست”[6][یان عەقڵی جەمعی] (هەروەها لەنێو ڕۆشنبیران)، کە وەها بەرخۆدانێک دەبینێت، ئێوە وەکوو فیلسووفێک سەیر ناکات. بەو بۆنە کە فەلسەفە و نازیسم هەرگیز ئاشتییان نایەت. لەم بڕوایەشدا [هەڵویستی] عەقڵی دروست حەق بە دەستە. جارێکی تر: ئێوە (و ئێمە) تەنیا لە دۆخێکدا دەتوانن بە ناسینی خۆتان و کارەکانتان لەگەڵ نازیسم (و لە ئەنجامدا هەڵوەشانەوەی فەلسەفەی خۆتان) خەبات بکەن، کە ڕاگەیاندنێکی گشتیتان لە ڕوانگە گۆڕدراوەکانی خۆتان هەبێت.
ئەم حەوتە بەستەیەکتان بۆ دەنێرم، هاوڕێیانم بە تەواوی دژبەری ئەم کارەمن و هەروەها تۆمەتباریان کردم کە یارمەتی پیاوێکم داوە کە بە ڕژیمێکەوە دەناسرێ وا هەزاران هەزار هاودینی منی بۆ ژوورگەلی گاز بەڕێ کرد. (بۆ ئەوە بە هەڵە تێنەگەن پێویستە بڵێم کە من نە تەنیا بە هۆی جوو بوونم دژە نازیسم بووم، کە هەر لە سەرەتاوە دژبەرێکی سیاسی و جڤاکی و هزریشی بووم. تەنانەت ئەگەر سەدلەسەد ئاریاییش بووبام.) هیچ شتێک ناتوانێت بەرهەڵستی ئەم بەڵگەیە بێت. من لە لای ویژدانی خۆمەوە، خۆم بەخشیوە و دەڵێم بەستەیەک بۆ پیاوێک دەنێرم کە لە ساڵی ١٩٢٨ تاکوو ١٩٣٢، فەلسەفەی لێ فێر بووم. دەزانم کە ئەمە بیانوویەکی لاوازە، فیلسووفی ساڵی ١٩٣٣ تا ١٩٣٤، ناتوانێت بە تەواوەتی لەگەڵ ساڵەکانی پێش ١٩٣٣ جیاوازی هەبێت. بەو بۆنە کە ئێوە سەبارەت بە دەوڵەتی نازی، لایانگری و پاساوی خۆتانتان لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە دەربری و بنیاد نا.

هێربێرت مارکوزە (١٩٨٩-١٩٧٩) فەیلەسووفی ئەلمانی. مارتین هایدێگەر (١٨٨٩-١٩٧٩) فەیلەسووفی ئەلمانی

نامەی هایدێگر بۆ مارکوزە (٢٠/١/١٩٤٨)


ئەگەر بمەوێ لە نامەکەی ئێوە ئاوا تێبگەم کە بێ‌ڕادە نیگەرانی [هەڵسەنگاندنێکی] دروست سەبارەت بە کاری من و خودی منن، نامەکەتان بە وردی بۆم دەردەخا کە وتووێژ لەگەڵ ئەوانەی وا لە ساڵی 1933وە لە ئاڵماندا ناژین و دەسپێکی ناسیۆناڵ سوسیالیسم بە سەرەنجامەکەیەوە هەڵدەسەنگێنن، چەن دژوارە.
سەبارەت بە بابەتە سەرەکییەکانی نامەکەی ئێوە، دەمەوێ ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بدەم:
١. سەبارەت بە ١٩٣٣: من لە ناسیوناڵ سوسیالیسم چاوەڕوانی ئەمانەم بوو؛ بووژانەوەیەکی ژیانی ڕووحانی لە گشتێتی‌یەکەیدا، پێکەوە سازدانی دژایەتیگەلی جڤاکی[7] و ڕزگاری “دازاین[8]“ی ڕۆژئاوایی لە هەڕەشەی کۆمۆنیسم.  لە نامیلکەی دوکتوراکەمدا (ئایا بە تەواوی خوێندووتانە؟) و هەروەها لە گوتارێکدا لەژێر ناوی “جەوهەری زانست[9]” و دوو گوتاری‌تریش بۆ خوێندکارانی زانستگای “فرایبۆرگ[10]” ئەم بابەتانەم دەرخستووە. بەشێک لەوانە، نزیکەی ٢٥ تا ٣٠ ڕستەی، لە ڕۆژنامەی خوێندکاریی فڕایدبۆرگ لە چاپ درا. هەرچەن ئێستاکە بڕێک لەو ڕستەیانە بە هەڵە دەزانم.
٢. لە ساڵی ١٩٣٤دا لە هەڵە سیاسییەکەی خۆم تێگەیشتم و بە هۆی ناڕەزایەتیم لە دەوڵەت و حیزب، وازم لە سەرۆکایەتی هێنا. کە یەکەم (واتا چالاکییە حیزبییەکان) بۆ ئامانجگەلی بانگەشەیی، چ لێرە و چ لە دەرەوە، کەڵکاوەژوویی لێ کرا و دووهەم (واتا وازهێنان لە سەرۆکایەتی) هەر بە هۆی ئەو بەڵگەیانەوە، دەنگی دەرنەهات و منیش بۆ خۆم سەرنجم نەدان و ئەمەش کەم کاری من نەبوو.
٣. ئێوە بە تەواوی دروست دەڵێن کە من بە باشی نەمتوانی بەیاننامەیەکی گشت‌فام بڵاو بکەمەوە، بەو هۆیە کە ئەمە بە مانای تیاداچوونی خۆم و بنەماڵەم بوو. سەبارەت بەمە “یاسپێرس[11]” دەڵێت: زیندوو مانەوەمان گوناحی ئێمەیە.
٤. لە ئاخاوتنەکان و کلاسگەلی دەرسمدا، لەنێوان ساڵەکانی ١٩٣٣ تا ١٩٤٤، من هەڵوێستێکی ئەوەندە ڕوون و ئاشکرام بوو کە لەنێو ئەوانەی وا خوێندکارم بوون هیچیان نەکەوتنە نێو داوی ئایدیۆلۆژی نازی‌یەوە. ئەگەر بەرهەمەکانی ئەو دەورانەی من چاپ بکرێن، شایەتی ئەم حەقیقەتەن.
٥. نووسینی مکووڕنامەیەک لە دوای ساڵی ١٩٤٥، بۆ من ناشۆ بوو: لایانگرانی حیزبی نازی، بە ناحەزترین شێوە گۆڕانی سەرسپێرایەتی و جیابوونەوەی خۆیان [لە حیزب] ڕاگەیاند. لە هەر حاڵ، من هیچ لایەنێکی هاوبەشم لە گەڵیاندا نەبوو.
٦. سەبارەت بەو وتە دروستە کە ئێوە وتتان: “لەمەڕ رژیمێک کە هەزاران هەزار جووی کوشت، [رژیمێک] کە تیرۆری کرد بە دیاردەیەکی ڕۆژانە و هەر باوەڕێک کە پێوەندی بە ڕووح و ئازادی و حەقیقەتەوە بوو، کرد بە دژبەری قەسای‌قەسی خۆی.” تەنیا ئەمەم بۆ زیاد دەکرێ کە ئەگەر ئێوە بە جێگەی “جووەکان” دەتاننووسی “ئاڵمانییەکانی ڕۆژهەڵات[12]” [واتا ئاڵمانییەکانی ناوچەگەلی ڕۆژهەڵاتی]، پاشان هەر ئەم بابەتە بۆ یەکێک لە [وڵاتە] یەکگرتووەکانیش دروست دەردەهات، بەم جیاوازییەوە کە هەموو ئەو شتانەی لە ١٩٤٥وە ڕووی داوە، بووەتە زانیارییەکی گشتی، لە حاڵێکدا تیرۆری خوێناوی نازییەکان [بە دەستی ئەوان] لە خەڵکی ئاڵمان شاردراو بوو.


نامەی مارکوزە بۆ هایدێگەر (١٢/٣/١٩٤٨)

ماوەیەکی زۆر، بۆ ئەوە وڵامی نامەکەی ٢٠ی ژانڤیە‌تان بەمەوە یان نە، ئەرخەیان نەبووم. حەق بە ئێوەیە: وتووێژ لەگەڵ ئەوانەی وا لە ساڵی ١٩٣٣وە لە ئاڵماندا نین، بێ‌گومان دژوارە. بەڵام بە بڕوای من، هۆی ئەم بابەتە نائاگایی ئێمە لە بارودۆخی ئاڵمانی سەردەمی نازی نییە. ئێمە بە باشی ئاگاداریمان لەو بارودۆخە بوو -بگرە چاکتر لەوانەش وا لە ئاڵماندا بوون. پێوەندیگەلی ڕاستەوخۆم لەگەڵ زۆرێک لەو کەسانە، لە ساڵی ١٩٤٧دا، بۆ ئەم بابەتە ئەرخەیانی کردم.
بۆم ناکرێ شیکارییەک لەمەڕ ئەم حەقیقەتە کە ئێمە “دەستپێکی بزاڤی ناسیوناڵ سوسیالیسم‌مان بە ئاکامەکەیەوە هەڵسەنگاند” بکەم. ئێمە دەمانزانی و هەروەها خۆیشم بینیم کە دەستپێکی لە پێشدا ئاکامیشی دەگرتەوە [واتا دەستپێکی ئەو بزاڤە بە جۆرێک ئاکامیشی بوو]. بە ڕای من وا دیارە کێشەی ئەم وتووێژە بەم حەقیقەتەوە شی دەکرێتەوە کە: خەڵکی ئاڵمان، لە بەرامبەری وەرچەپینێکی قایم لە چەمکەکان و هەستەکان بوون، شتێک کە زۆربەی هەرە زۆریان بە ئاسانی قەبووڵیان کرد. جگە لەم حاڵەتە، بۆ من ناکرێ ئەم ڕاستییە بڵێم کە پیاوێکی وەکوو ئێوە – وا زیاتر لە هەمووان شارەزای فەلسەفەی ڕۆژئاوان- لە نازیسمدا ئەمانە ببینێت: ١. بووژانەوەی ژیانی ڕووحانی لە گشتێتی‌‌یەکەیدا، ٢. ڕزگاری دازاینی ڕۆژئاوایی لە هەڕەشەی کۆمونیسم. (کە لە هەر حاڵدا، خۆی پاژێکی بنەمایی ئەو دازاینەیە!). ئەمە کێشەیەکی سیاسی نییە بەڵکوو کێشەیەکی هزرییە -من وەسوەسە دەبم بڵێم: کێشەیەکی ناسین[13]‌ە، لە ڕاستیدا.

تەنیا لە دەرەوەی چوارچێوی ئەقڵانییەتە کە دەکرێ جەنایەتێکی ئاوا، بە وتنی ئەم شتە کە “کەسانێکی تریش ئەم کارەیان کردووە”، ڕۆشن و هەموار و “شایانی فام” بکرێت


کاکی فیلسووف، ئایا ئێوە تێکچوونی دازاینی ڕۆژئاوایی‌تان لەگەڵ بووژانەوەیدا بە هەڵە [لە جێی یەک] گرتووە؟ ئەم تێکچوونە لە هەموو وتەیەکی “پێشەواکان” و لە هەموو ستایل و کردارێکی “ئێس‌ئا”[14] پێش لە ساڵی ١٩٣٣دا نەبوو؟
لە هەر حاڵ، دەمەوێت تەنیا وڵامی بەشێک لە نامەکەتان بەمەوە، تا بێ‌دەنگیم بە هاوڕا بوونم لەگەڵ ئەو شتانە مانا نەکرێتەوە.
ئێوە نووسیوتانە هەموو شتێک کە من لەمەڕ کۆمەڵکوژی جووەکانەوە دەڵێم، هەر بەو ئەنازە بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانیش ڕاست دەردێت ئەگەر، لە جێگەی جووەکان، ئاڵمانییەکانی ڕۆژهەڵات دابنرێت. بە وتنی ئەم ڕستەیە، ئایاکوو ئێوە لە دەرەوەی ئەقڵانییەت و ئەو چوارچێوەیە کە لە نێویدا وتووێژ بۆ مرۆڤەکان مەیسەر دەبێت، ڕانەوستاون؟ لەبەر ئەوەی کە، تەنیا لە دەرەوەی چوارچێوی ئەقڵانییەتە کە دەکرێ جەنایەتێکی ئاوا، بە وتنی ئەم شتە کە “کەسانێکی تریش ئەم کارەیان کردووە”، ڕۆشن و هەموار و “شایانی فام[15]” بکرێت. بێجگە ئەمە چلۆن دەکرێ ڕەنج و تیاچوونی هەزاران هەزار مرۆڤ، لەگەڵ جێ‌بەجێ بوونی ئیجباری کۆمەڵێک کەس، کە هیچ کام لەم ڕەنجانەیان نەچەشت (جیا لە چەن بابەتی تایبەت) بە یەکێک لە قەڵەم بدرێت؟ لە ڕوانگەی هاوچەرخدا، بە ڕوونی دیاره کە جیاوازی نێوان “ئوردووگاگەلی کاری زۆرەملێ[16]“ی نازییەکان و دەرکردن و دەستبەسەرکردنی ساڵەکانی دوای شەڕ، وەکوو جیاوازی نێوان نامرۆڤایەتی و مرۆڤایەتییە. بە ڕای ئێوە، ئەگەر وڵاتانی یەکگرتوو، “ئاشویتس” و “بوخێنواڵد[17]” یان -لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە تیایدا ڕووی دابوو- بۆ ئاڵمانییەکانی ڕۆژهەڵات و نازییەکان دادەنا، هەموو شتێک ڕێک‌و‌پێک دەبوو! [ کێشەیەک دروست نەدەبوو]. [تەنانەت] ئەگەر جیاوازی نێوان مرۆڤایەتی و نامرۆڤایەتی بە هۆی ئەو شتانەوە کەم ڕەنگەوە بووبێت، ئەمە تاوانی مێژوویی نازییە کە بە دنیا نیشانی دا دوای تێپەڕینی ٢٠٠٠ ساڵ لە دازاینی ڕۆژئاوایی، مرۆڤەکان دەتوانن چی بێننە سەر یەکدا. وادیارە کە تووەکە کەوتووەتە بان زەوییەکی نەخت: شایەد ئێمە هێشتاکە ئێستاش ئەو شتانەی کە لە ساڵی ١٩٣٣ ڕوویداوە ئەزموون دەکەین. من لەوەی کە ئێوە ئەم بابەتە وەکوو “بووژانەوەی ژیان” دادەنن، تێناگەم.

سەرچاوەی بابەتەکە کتێبیی هێربێرت مارکوزەیە.

TECHNOLOGY, WAR AND FACISM

پەراوێزەکان:


1.Todtnauberg

2.Nazi Regime

3.Gestapo

4.Private Sphere

5.Cosmic Misunderstanding

6.Common Sense

7. Social Antagonisms

8. Dasein

9. The Essence of Scince

10. Freiburg

11. Jaspers

12. East Germans

13. Cognition

14. SA

15. Comprehend

16. Concentration Camps

17. Auschwitz and Buchenwald