دراوسێیەتی: تۆوەکانی گێڕانەویەکی سەرکەوتوو لە ڕۆمانێکدا

ماریۆ ڤارگاس یوسا"

پێشەکی

لە ژیانی ڕۆژانە و لە دونیای دەوروبەرماندا شتەکان خۆیان دەردەخەن و زەینی ئێمەش دەیانخوێننەوە. هەر ئەم ژیانی ڕۆژانەیە و هەر ئەو دونیای دەوروبەرە دەتوانن ببن بە کەرەسەی گێڕانەوەی وەگێڕەکان و لە دووتوێی ڕۆمانەکاندا هەمدیسان بێنەوە بەر زەین و خوێندنەوەی ئێمەوە. هیچ گومان لەوەدا نییە کە ئیتر ژیانی ڕۆژانە و دونیای دەوروبەر لە فیلتەری وەگێڕەوە تێپەڕ دەبن و وێنا دەکرێنەوە و ئەمجارەیان خوێنەر دەبێتە بینەر و بیسەر و هەستپێکەری دیاردەکان لە گۆشەنیگای جیهانبینیی نووسەر/وەگێڕەوە. هەموو سەرکەوتوویی گێڕانەوەیەک ڕێک لەم خاڵەدایە کە وەگێڕەکەی بە یارمەتیی کامە تێکنیک یان تێکنیکەکانی گێڕانەوە، مەودای بواری گێڕانەوە و زەینییەتی خوێنەرەوە پڕ دەکاتەوە.[1] گەر وەک خوێنەر خۆت لەبەردەم گێڕانەوەیەکدا بینییەوە کە هەست بە تێپەڕبوونی لە فیلتەری وەگێڕەوە نەکەی، ئەوە شانسی ئەوەت هەیە کە ڕووداوەکانی وەگێڕدراو باشتر لەوەی لە جیهانی ڕاستەقینەدا هەن بێنییە بەر دید و خوێندنەوەت و لە چوونە نێو دونیاکەدا سەرمەست و سەرسام هەست بە شکاندنی کۆدەکانی مانای دەق، کۆدەق، پێشدەق و هاودەق و نێواندەق بکەی. هاوکات شانسی ئەوەشت هەیە کە مۆسیقای جوانیناسانەی وەگێڕ لە کاتی خوێندنەوەی ڕووداوەکاندا چێژی خوێندنەوەت لا زیاتر بکات و بە سیحری وردبینیی نووسەرەوە دەرفەتی لێوردبوونەوەی زیاترت لە لابرینتی ڕووداوەکان بۆ بڕەخسێت و گێڕانەوەکە باشتر بە چۆڵەپێچی پێچەڵپێچی ڕووداو و دیاردەکاندا شۆڕت کاتەوە و یارمەتیدەرت بێت بۆ تێگەیشتن لە جیهانی پڕ لە ڕەمز و ڕازی مرۆڤ.

ماریۆ ڤارگاس یوسا (١٩٣٦-) ڕۆماننووسی پێرویی،

دراوسێیەتی

دراوسێیەتی هەژدەهەمین ڕۆمانی نووسەری ناوداری پێروییە کە لە ٢٠١٨دا بڵاو بووەوە[2] و بوو بە بەرهەمێکی دیکەی نووسەر بۆ نیشاندانی تواناییە بێوێنەکانی. ڤارگاس یوسا پێشتر وەک نووسەرێکی جیهانی ناسرابوو،[3] بەڵام بەم ڕۆمانەی دیوێکی دیکەی تواناییەکانی خۆی نیشانی خوێنەرانی دا: دەستبردن بۆ تابووە کۆمەڵایەتییەکان و لەم ڕێگەیەوە شرۆڤەکردنی کۆمەڵگە و مرۆڤ و سیاسەت و دەسەڵات و ناسنامە و چینی کۆمەڵایەتی و هتد. هەموو ئەم تایبەتمەندییانە و زۆر بواری دیکەش کە لەم ڕۆمانە ٢٢٠ لاپەڕەییەدا دەردەکەون لە ئاست یەک شتدا دەکەونە پلەی دووهەمی گرنگیی ئەدەبییەوە، ئەویش تایبەتمەندیی گێڕانەوەیی ڕۆمانەکەیە. خاڵی هەرە بەرجەستەی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە هەست دەکەی هەموو تۆوەکانی گێڕانەوە لە ئاستی هەرە بەرزدا خەمڵێندراون و بۆ هەر سەرکەوتووییەکی ئەدەبی و شێوازی نووسین، گەر پێویست بە نموونەیەکی بەرز هەبێت، ئەوە لەم گێڕانەوەیەدا بەدیی دەکرێت.

لەم وتارەدا ئاماژە بە هێندێک لە لایەنە ئەدەبییەکانی گێڕانەوەیی دەکەم و هەوڵ دەدەم هۆکارەکانی سەرکەوتوویی گێڕانەوەکە نیشان بدەم. هەڵبەت پێویستە بڵێم پێداچوونەوەکانی سەر ئەم ڕۆمانە و خوێندنەوەکانی خۆیشم دەری دەخەن کە دراوسێیەتی باشترین ڕۆمانی ڤارگاس یوسا نییە.[4] چوار کاراکتەری سەرەکیی ئەم ڕۆمانە سەر بە دوو بنەماڵەن. ماریسا و مێردەکەی، ئێنریک، کە خاوەن کانگەیەکی گەورەیە و تا بڵێی دەوڵەمەندە. چابێلا و لوچیانۆی مێردی کە پارێزەرێکی بەناوبانگە و دۆستی نزیکی ئێنریکە. ماریسا و چابێلاش دەستەخوشکی نزیکن. ئەم دوو پیاوە هەر دووک دەرچووی زانکۆ بەناوبانگەکانی ڕۆژاوان و دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوون. ئالبێرتۆ فوجیموریی سەرۆککۆمار تەنیا جارجار ناوی دێتە گۆڕێ و ئەوەی وەک لایەنی سیاسیی ڕۆمانەکە نوێنەرایەتیی سیستمی دیکتاتۆرییەت دەکات کەسێکە بە ناوی “دکتۆر” کە لە ڕاستیدا هەمان بەرپرسی دەزگای ئەولەکاریی ڕژێمی فوجیمورییە بە ناوی ڤلادیمیر مۆنتێسینوس.[5] ئەم فاکتە مێژوویی و سیاسییانە باڵانسێکی گرنگی گێڕانەوەی مێژوویی دەدەن بە ڕۆمانەکە و خوێنەر بە هاسانی ڕووداوەکانی کۆمەڵگەی پێروی لە زەیندا وێنا دەکرێت. بەڵام ئەم لایەنە لۆکالییە بە هیچ شێوەیەک لە لایەنی جیهانیی گێڕانەوەکە کەم ناکاتەوە. هەر بۆیەشە لە هەموو دونیادا ڕووداوەکانی جۆغرافیایەکی دیاریکراوی ڤارگاس یوسا دەبێتە نوێنەری ڕووداوگەلی جیهانی و هەموو خوێنەرێک لە هەموو فەرهەنگێکدا هەستی پێدەکات، چیژی لێ وەردەگرێت و لێی فێر دەبێت. ئەم دیالێکتیکی لۆکالی و جیهانییە یەک لە خاڵە هەرە زەقەکانی گێڕانەوەی سەرکەوتوانەیە.

ڤارگاس یوسا داهێنەری بنژانرێکی گێڕانەوەییە بە ناوی ڕۆمان و دیکتاتۆر. لەم جۆرە ڕۆمانانەشدا هێندە وەستایانە دیاردەی دیکتاتۆری لە ئامریکای لاتین و بەربەرەکانیی لەگەڵ سیستمگەلی دیکتاتۆریدا وێنا دەکات کە خوێنەر تا ئەوپەڕی چێژ و وشیاریی ئەدەبی دەبات

پێشتر لە وتارێکدا بە هەڵسەنگاندنی ڕۆمانی جێژنی نێری[6] باسی ئەوەم کردووە کە ڤارگاس یوسا داهێنەری بنژانرێکی گێڕانەوەییە بە ناوی ڕۆمان و دیکتاتۆر. لەم جۆرە ڕۆمانانەشدا هێندە وەستایانە دیاردەی دیکتاتۆری لە ئامریکای لاتین و بەربەرەکانیی لەگەڵ سیستمگەلی دیکتاتۆریدا وێنا دەکات کە خوێنەر تا ئەوپەڕی چێژ و وشیاریی ئەدەبی دەبات.[7] ئاگاداریی و زانایی ڤارگاس یوسا لەسەر ئامریکای لاتین و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگییەکانی هەر لە ڕۆمانەکانیدا دەرناکەوێت. ئەو لە وتارگەلی جییاوازیشدا لەسەر هەمان ڕێچکە دەڕوات و نیشانی دەدات چۆن لەسەر نەک هەر وڵاتی خۆی، پێرو، بەڵکو لەسەر وڵاتانی ئامریکای لاتین بە گشتی نووسەرێکی توانا و زانایە. هەر لەو ساڵەیدا کە ڕۆمانی دراوسێیەتی چاپ و بڵاو کرایەوە، کۆمەڵێک وتاری کۆن و نوێی نووسەر لە دووتوێی کتێبێکدا بە ناوی شمشێر و یوتۆپیا: خەیاڵەکانی ئامریکای لاتین، بڵاو بووەوە.[8] کۆی ئەم وتارانە پێشاندەریی تێگەیشتن و شارەزایی هەمەلایەنەی ڤارگاس یوسان لەسەر بەستێنە جۆراجۆرەکانی ژیانی مرۆڤ لە ئامریکای لاتین.

blank
ڕۆمانی دراوسێیەتی بە ئیسپانی

وەگێڕی هەردەم ئامادە و نادیار[9]

فرەدەنگی وەک تۆوێکی سەرەکیی ڕۆمان و ڕەنگە وەک خاڵی هەرە گرنگی جیاکەرەوەی ڕۆمان لە ژانرەکانی پێش خۆی، بۆ نموونە، حەماسە و حەکایەت و ئەفسانە، لە ڕۆمانەکانی ڤارگاس یوسادا بەردەوام ئامادەیی تەواوی هەیە و بووەتە دیوی گەش و بەرجەستەی شێوازی ئەم نووسەرە. لەم ڕۆمانەشدا ئەم ڕێچکەیە بەر نەدراوە و بگرە وەک ئەزموونی جێگرتووی نووسەر زیاتر لە جاران خۆی دەردەخات. ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا کۆی ڕۆمانەکە وەگێڕێکی هەمووشتزانی هەردەم ئامادەی لە دەرەوەی ڕووداو و کات و شوێندا هەیە، بەڵام هێندە وەستایانە لەگەڵ دەربڕینە ڕاستەوخۆیەکانی کاراکتەرەکان ئاوێتە بووە کە خوێنەر هەست بە دەنگی دەرەکی ناکات و واها دەچێتە نێو دونیای گێڕانەوەکەوە کە بەسەرهاتەکان دەبن بە هەڵقوڵاوی دونیای زەینیی خودی خوێنەر. هاوتەریب لەگەڵ ئەم ئامادەییە سروشتییەی وەگێڕ، دیالۆگی نێوان کاراکتەرەکان قسەی ئاخیری ئاگادارکردنەوەی خوێنەر دەکەن و لە نیشاندانی ڕووداو و بەسەرهاتەکاندا ڕۆڵی یەکەم دەگێڕن. لێرەدایە کە گێڕانەوە دەبێتە گوزارەی ژیان بە شێوەیەکی هێندە زیندوو و ئۆرگانیک کە ئەوە کاراکتەر و دیاردەکان و ڕووداوەکانن کە ڕاستەوخۆ دەدوێن و دەنگی تاقەتپرووکێن و ماندووکەری وەگێڕێکی ڕەزاگران و خۆتێهەڵقوتاندنە بێمۆڵەت و بەردەوامەکانی، ئازاری ڕەوتی خوێندنەوە و چێژوەرگرتنی خوێنەر نادەن. بە واتایەکی دیکە گێڕانەوە دەبێت بە ڕەوتی جیانەکراوەی ژیان و کردەوەی خوێندنەوە. گەر لێرولەوێ هەڵکەوتەکان کارهاسانی بۆ چوونەوە سەریەکی ڕووداوەکان دەکەن ئەوە هەمدیسان هەست بە دەستکردبوونیان ناکرێت و خوێنەر دەتوانێت زۆر بە هاسانی هەڵکەوتگەلی لەم چەشنە لەگەڵ ئەزموونی ژیانی تاکەکەسیی جیهانی دەوروبەری خۆی زۆر بە نامۆ نەزانێت. ڕەنگە ئەمە سروشتی ڕێئالیزمی ڤارگاس یوسا بێت کە زۆر جار هەتا سنوورەکانی سروشتخوازی (naturalism) دەچێت و بە پشتبەستن بە تێگەیشتنی قووڵ لە میکانیزم و کارکردی دەروونناسانەی مرۆڤ و کۆمەڵگە لایەنی باوەڕپێهێنانی خوێنەر بە گێڕانەوەکان لە ئاستێکی بەرزدا دەستەبەر دەکات.  

لەبیرمان بێت کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٠ی سەرۆککۆماریی پێرودا ماریۆ ڤارگاس یوسا وەک بەربژێرێک بەشداری هەڵبژاردنەکە دەبێت و لە ئاکامدا فوجیموری هەڵدەبژێردرێت.[10] سەردەمی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە سەردەمی دەسەڵاتی فوجیمورییە. گرنگە بزانێن نووسەر چۆن لەگەڵ کەسایەتیی ڕەکابەرەکەی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات و چەندە لۆجیکی گێڕانەوە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕکابەرایەتیی سیاسی و تاکەکەسی. مرۆڤ پێویست نییە گێرانەوەناسێکی بەئەزموون بێت بۆ ئەوەی لەم ڕاستییە تێبگات کە نووسەر چەندە بە پڕەنسیبی گێڕانەوە وەفادارە و چەندە شارەزایانە خۆی لە ئافەتی کینە و کێبەرکێیی بەدوور گرتووە. گەر کەسێک ئاگاداری مێژووی ژیانی ڤارگاس یوسا نەبێت و ڕووداوی سەرنەکەوتنی ئەو لە هەلبژاردنەکەدا نەزانێت، زۆر وێ ناچێت هەست بکات ڕکابەرە سیاسییەکەی دوێنێ بتوانێت نووسەرێکی ئاوا توانای ئەدەبی و ئافرێنەری گێڕانەوەیەکی ئاوا ڕێئالیستی بێت. ئەمەش لەڕاستیدا گرێدراوی پەڕجووی گێڕانەوەیە کە دواجار ڕووداوە مێژووییەکان لە هەناوی خۆیدا واها دەحاوێنێتەوە کە خوێنەر دەکاتە خاوەنی باشترین کەرەسەی تێگەیشتن لە کۆدەقی سەردەمانێکی دیاریکراو لە شوێنێکی دیاریکراو. لێرەدا ڕەنگە جیاوازیی ڕۆمان و مێژوو بە زەرافەتێکی زۆرەوە هەمدیسان ڕووی سووری خۆی نیشان بدات.

blank
بەرگی ڕۆمانەکە بە ئینگلیزی

دەستپێکی ڕۆمانەکە دیمەنی دوو ژنی مێرددارە کە پێوەندیی دۆستایەتی و خێزانییان هەیە و ئێستا بەیەکەوە لەنێو جێگادان و خەریکی سێکسکردن لەگەڵ یەکترن. گێڕانەوەی بە وردەڕیشاڵی جووتبوونی ئەم دوو ژنە بۆ یەکەمجار وەک هەموو گێڕانەوەکانی دیکەی ڤارگاس یوسا هێندە وەستایانەیە کە بەر لەوەی خوێنەر هەست بە خوێندنەوە بکات هەست بە بینینی دیمەنەکان لەسەر شاشەی سینەما یان تەلەڤیزیۆن دەکات. هەر ئەمەش تایبەتمەندییەکی داوە بە سەرتاپای ئەم ڕۆمانە کە زۆر خێرا بکرێت لەسەر بنەمای بەشەکانی ڕۆمانەکە سێریالی تەلەڤیزیۆنی ساز بکرێت. لە ئامریکای لاتین ئەمجۆرە سێریالە تەلەڤیزیۆنییانە (telenovela) زۆر باون.

 ٢٢ بەشی پێکهێنەری ئەم ڕۆمانە دەکرێ بە شێوەیەکی سەربەخۆیش بخوێندرێنەوە و وەک چیرۆکی کورتی خۆشپێکهاتە سەیر بکردرێن. بەڵام بە دەکارهێنانی وشیارانەی تێکنیکی هەڵواسین (suspension) هەر کام لەم بەشانە و دەکرێ بڵێین هەموو ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە واها خوێنەرەوە کەمەندکێشێ خوێندنەوە دەکەن کە ئەستەمە خوێنەر بە سانایی واز لە خوێندنەوە بێنێت. لە کاتێکدا هەر بەشەی ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی گشتی لایەنێکی ژیانی کاراکتەرێک یان چەند کاراکتەرمان پێ دەناسێنێت، لە بەشێک ماوە بۆ بەشی پێش کۆتایی ڕۆمانەکە، بەشێکی هەرە درێژ بە شێوەیەکی زۆر سەرنجڕاکیش و چڕ و تێکەڵاو و لێکدراو تەرخان بە گفتوگۆی چەندین کاراکتەر بە یەکەوە دەکرێت، بێ ئەوەی نووسەر یان وەگێڕ بە هیچ شێوەیەک دەست باوێتە نێو ڕەوتی گێڕانەوەکە و دیالۆگەکان و تەنانەت بڵێت کێ وای گوت و کێ بەرسیڤی داوە. ناوێک کە نووسەر لەم بەشەی دەنێت، واتە گێژاو و خوڕێن (A Whirlpool) پڕ بە پێستی تایبەتمەندیی گێڕانەوەیی ئەم بەشەیە. ئەمەش لەڕاستیدا دەبێتە جۆرێک لە کردەوەی کۆمەڵایەتی کە مرۆڤەکان لە ژیانی ئاسایی خۆشیاندا تووشی دێن. بۆ نموونە ئێمە هەر کاممان چەند هاوڕێمان هەیە و دەتوانین بە شێوەی جیاجیا بیانبینین و قسە و باسی خۆمانیان لەگەل بکەین. دەکرێ لە شوێنێکیشدا هەموویان بە یەکەوە ببینین و ببین بە گوێگر و هاودەنگی هەموویان لە یەک شوێنکاتدا. گواستنەوەی فەزایەکی لەم چەشنە بۆ نێو دونیای گێڕانەوە گەر بە لێزانی بکرێت دەتوانێت خوێنەر بباتە نێو ئەزموونی دەوڵەمەندی خوێندنەوەی هاوکاتی زەینییەتی چەند کەس. لەم بەشەدا زۆربەی هەرە زۆری کاراکتەرەکان بە یەکەوە قسە دەکەن و ڕیزکرندیان بەدوای یەکتردا ئۆرکێسترایەکی فرەدەنگی پڕ لە هارمۆنی پێک هێناوە کە هێندێ جار خوێنەر تووشی پشووسواری دەبێت و بە زەینی چالاک و وشیاری وەگێڕ تووشی سەرسامی دەبێت. 

پرسی پێشبینی و زانینی ئەوەی کە خوێنەر چەندە لە هەڵدانی ئاکامی ڕووداوەکاندا سەرکەوتووە یارییەکی خۆشی خوێندنەوەیە کە چێژێکی تایبەتی دەدات بە کردەی خوێندنەوە. لەم ڕۆمانەدا هەر لە دەستپێکەوە خوێنەر تووشی دونیایەک دێت کە لە ئاسۆی چاوەڕوانییەکانیدا ناگونجێت. ئەم بەشە، خەونی ماریسا، بە هەڵکەوت نییە کە بە ‘خەون” پێناسە کراوە. لە یەکەم ڕستەی ڕۆمانەکەوە دەردەکەوێت کە خودی ماریساش چاوەڕوانیی ئەو شتەی کە خەریکە ڕوو دەدات ناکات. “ئەو وەخەبەر بوو یان خەونی دەبینی؟”[11] هێشتا چوار دێڕ لە باسی هەستی گەرمایی لەشی ماریسا و تامی ئەو شەڕابەی لەگەڵ چابێلای دەستە خۆشکی خواردوویەتەوە، نەگوزەراوە کە خوێنەر تێدەگات بەستێنی گێڕانەوەکە وڵاتێکە پڕ لە ئازاری کوشتن و بڕین و تێرۆر و سەرکوت و ڕەوشی نائاسایی و یاساغیی هاتوچۆ لە شەوەدا. هەمدیسان تایبەتمەندیی تەواو سیاسییانەی گێڕانەوەکانی ڤارگاس یوسا. دەڵێی سیاسەت و ژیان بە بەر یەکترەوە دووراون و ئەمئەوێتیی سیاسەت و ژیان یاسایەکی بێ ڕیزپەڕە.

گەر بۆ خوێنەری ڕۆمانێک هەموو شتەکان و ڕووداوەکان چاوەڕوانکراو بن، ئەوە پارسەنگی چێژ دەشێوێت. پێچەوانەی ئەم هاوکێشەش هەر ڕاستە

لە پێوەندیی لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر و ئەوەی کە لە بەشداربوونی چالاکانەی ئەو لەگەڵ ڕووداوەکانی دەقدا ماناکان دەئافرێندرێنەوە و چێژ دەستەبەر دەکرێت، کارکردی چلۆنایەتیی گێڕانەوەی سیاسی و مێژوویی زۆر گرنگە. بۆ نموونە لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکاندا ئەگەرچی نووسەر دەبێت بە شێوەیەکی گشتی بە گێڕانەوەی دروستی ڕەوتی ڕووداوەکان وەفادار بێت، بەڵام نابێ بۆ چرکەیەکیش لە کایەی هونەریی گێڕانەوە غافڵ بێت. خوێنەری ڕۆمان دەبێ بەردەوام ئەمەی لەبیر بێت ئەوەی دەیخوێنێتەوە دواجار دەستکردی خەیاڵە و بەس. ئەمە لە کاتێکدایە دەبێ بە هەموو ئەزموون و زاناییەوە، شارەزای هەڵسوکەوتی هونەرییانە، مێژووییانە و گێڕانەوەییانەی شیاوی نووسەر لەگەڵ واقیع/ڕاستیدا بیت. ئەمەیە بەندی لە موو باریکتر و لە ئەڵماس تیژتری نێوان واقیع و خەیاڵ. گەر بۆ خوێنەری ڕۆمانێک هەموو شتەکان و ڕووداوەکان چاوەڕوانکراو بن، ئەوە پارسەنگی چێژ دەشێوێت. پێچەوانەی ئەم هاوکێشەش هەر ڕاستە. واتا ئەگەر هەموو ڕووداوەکان دژی ئاسۆی چاوەڕوانییەکانی خوێنەر بن، هەمدیسان پارسەنگی چێژ دەشێوێت. چ مەتەڵۆکێکە ئەم گێڕانەوەیە، کۆنترین دیاردەی مێژووی مرۆڤ!

بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە تەواو دەبێت و خوێنەر لە خۆی دەپرسێت تۆ بڵێی ئەوەی خوێندییەوە تەنێ ئاماژەیەکی ساکار بە ڕووداوێکی پەراوێزکراوی گێڕانەوەکە بێت یان لە ڕەوتی ڕۆمانەکەدا دیسانەوە کارتێکەریی بەرچاوی خۆی دەبێت. ڕاستییەکەی ئەوەیە کەسایەتیی دوو ژنەکەی دەستپێکی ڕۆمانەکە و پێوەندییە سێکسییەکەیان دەبێتە خاڵێکی ناوەندی لە سەرتاپای گێڕانەوەکە و دونیا ئافرێندراوەکەیدا بە هەموو پەلوپۆ سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانییەوە. لەوەش گرنگتر ئەوان دوا جار هاوسەرەکانیشیان پەلکێشی ئەم یارییە دەکەن. یەکیان بە تەواوی دەچێتە نێو پێوەندییەکی سێکسیی سێلایەنەوە، واتە مێردی یەک لە ژنەکان کە تووشی گرفتێکی کۆمەڵایەتیی زۆر گرنگ هاتووە و بە شێوەیەک ئابڕووی چووەتە سەر لکی داران، لە لایەن ژنەکەی خۆیەوە و دەستەخوشکی ژنەکەیەوە بانگهێشتی پێوەندیی سێلایەنەی سێکسی دەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستەخوشکی ژنەکەی، چابێلا، هاوسەری دۆستی گیانی بە گیانیی ئەم پیاوە واتا لوچیانایە. ئێنریک کەوتووەتە بەر غەزەبی سەرنووسەری گۆڤارێک و وێنە ڕووتەکانی بڵاو بوونەتەوە و تووشی ئابڕووچوون بووە و تەنانەت دواتر تۆمەتی کوشتنی سەرنووسەری گۆڤارەکەشی دراوەتە پاڵی و بۆ شەوێک ڕەوانەی زیندانیشکراوەد و لە بەندی زیندانییە جیناییەکاندا ئەوپەڕی بێحورمەتی پێ دەکرێت، ئێستا لەو پەڕی سەرسوڕماندا بانگهێشتی نێو تەختی خەوی ژنەکەی خۆی و ژنی نزیکترین هاوڕێی دەکرێت. “ئەو تووشی سەرسوڕمان دەبێت و لە هەمان کاتدا کەیفخۆشیشە. پێشتر خەونی ئاوای بینیبوو، بەڵام هەرگیز پێی وا نەبوو شتێکی ئاوا بکرێت و ئەمجۆرە خەونە وەڕاستی بگەڕێت.”[12]دوابەشی ڕۆمانەکە، ‘کۆتاییەکی خۆش’، پێی پیاوی چوارەمیش دێنێتە نێو گەمەکەوە و ئیتر سەفەری ئەمجارەی ئەم دوو بنەماڵە دۆستە بۆ مەیامەی لە ئامریکا و حەسانەوە لە لێواری دەریا وا ڕێک دەخرێت کە هەموویان بە یەکەوە بن. ئەوەیکە ئەم سێ لایەنە بزانن کە پیاوەکەی دیکەش ئاگاداری ئەم پێوەندییەیە هەم بۆ ئەوان و هەم بۆ خوێنەرەوە دەبێتە بەشێک لە ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکانی گێڕانەوەکە. دوا قسەکانی لوچیانا وا نیشان دەدەن کە ئەو ئاگاداری پێوەندیی هاوڕێیەکەی خۆی لەگەڵ ژنەکەیتی و پێشنیار دەکات بۆ جێژنی بیرەوەریی سێساڵەی ئەم پێوەندییە، ئەمجارە ئەویش لەگەڵیان بچێتە میامەی. بەمجۆرە وا دیارە دیمەنی جووتبوونە سێلایەنەکە ئەمجارەیان لایەنێکی دیکەشی لێ زیاد بێت و ببن بە چوارکەس.

“ئەو هێندە بە وردی و سروشتی باس لە تووشبوونی کاراکتەرەکانی بە هەڵامەت دەدوێت ڕەنگە خوێنەر لە وەرزی هەڵامەتدا هەست بکات خۆیشی هەڵامەتی گرتووە”

ئەم ڕووداوە دەگمەنە و ئەم پێوەندییە سێکسییە لەنێوان ئەم دوو بنەماڵە دەستڕۆیشتوو و خوێندەوار و دەوڵەمەندەدا دەکرێت ببێتە هەوێنی لێکدانەوەی زۆری خوێنەران. پرسیار ئەوەیە گەلۆ پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان سیستمی سیاسیی دیکتاتۆرییانە و شێوەی گوزەرانی سێکسی لەنێو دەستڕۆیشتوانی کۆمەلگەیەکی دیاریکراودا هەیە یان نا؟ بە واتایەکی دیکە مرۆڤ دەکرێ پرسیار بکات دیاردەی ڕەوشت و سیاسەت چەندە کارتێکەرییان لەسەر یەکتر هەیە؟ ئەوەی لەم ڕۆمانەدا دەبیندرێت، وەڵامێکی ئەرێنییە بەم پرسیارە. لە هەلومەرجی دیکتاتۆری و نەمانی نۆڕمە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا، دەستڕۆیشتووەکانی کۆمەڵگە دەتوانن زۆر بە سانایی بۆشایی بایەخە کۆمەڵایەتییەکان بە کردەوەگەلی تابووکراو و جۆرێک لە تێپەڕکردنی کات بەم شێوەیە پڕ بکەنەوە.   

شارەزایی لەگەڵ دونیای کارەکتەرەکان ئەو دەسەڵاتە گێڕانەوەییە بە ڕێئالیزمی ڤارگاس یوسایی دەدات کە لە وێناکردنی وردبینانەی کردەوەکانیاندا سەرکەوتوو بێت. هەر وەک جان ئاپدایک لە پەسنی یەک لە ڕۆمانەکانی ڤارگاس یوسادا دەڵێت، ئەو هێندە بە وردی و سروشتی باس لە تووشبوونی کاراکتەرەکانی بە هەڵامەت دەدوێت ڕەنگە خوێنەر لە وەرزی هەڵامەتدا هەست بکات خۆیشی هەڵامەتی گرتووە.[13] وردەکارییەکانی گێڕانەوەی ڕووداوەکان لەو ڕۆمانەدا تەواو لە خزمەت ناساندنی هەمەلایەنەی کاراکتەرەکاندان. کاتێک ژیانی پڕ لە چەرمەسەریی ژوان پینێتا بەسەر دەکەینەوە، پێوەندیی ئەو و پشیلەکەی، واتە سێرافین، دەبێتە خاڵێکی گرنگی تێگەیشتنی ئێمە لەمەڕ کەسایەتیی ئەو وەک شاعیری دوێنێ و لێقەوماوە فەرامۆشکار و بەلەنگازەکەی ئەمڕۆ. خوێنەری ژیر هەر زوو تێدەگات گەر پشیلەکەی ژوان خاوەنی ناوی تایبەتی خۆی نەبوایە، چێژی خوێندنەوەی بەسەرهاتەکە تووشی کەمایەسییەک دەبوو.

ڕەنگە خوێندنەوەی بەشێک لە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە لە بواری پێوەندیی سێکسییەوە لێکدانەوەی جیاواز هەڵگرێت و هەموو خوێنەرێک لەگەڵ ئەم چەشنە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کردەی سێکسوالیتەی کاراکتەرەکانی نێو ڕۆمانێکدا نەبێت. سیاسەت و سێکس و مرۆڤ و کردەی سێکسی و دیکتاتۆرییەت دەتوانن بابەتێکی گرنگی جێگەی تێڕامان بن و پێوەندییان بە یەکەوە ببێتە هەوێنی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا. ئەو ڕاستییە کە فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەم ڕۆمانە سەردەمی فوجیموری و سیستمی دیکتاتۆرییەتە و خەباتێکی چەکداریی بەربڵاو لە کۆمەڵگەی پێرودا لەئارادایە و تێرۆریزم و مرۆڤکوشتن و بێسەروشوێنکردن وەک کردەیەکی ڕۆژانە بەرهەمهێنەرەوەی زەبروزەنگە، دەتوانێت پاساوێک یان هاندەرێک بێت بۆ کردەوەی لە چەشنی پێوەندیی خێزانە دەستڕۆیشتووەکانی کۆمەڵگە. هەڵبەت ئەمە باسێکی فەرهەنگییە و لە کۆمەڵگەیەکەوە تا کۆمەڵگەیەکی دیکە زۆر جیاوازە. بۆ نموونە من هەتا ئێستا تووشی هیچ ڕۆمانێکی کوردی و فارسی و تورکی نەهاتووم کە ئاوا وێنای پێوەندیی سێکسی لە گێڕانەوەیەکدا بکات. لەبیرمان بێت هێندێک شوێنی ئەم گێڕانەوەیە خۆ لە قەرەی پۆرنۆگرافی دەدات و زۆر لە پێوەندیی ئێرۆتیکی تێدەپەڕێت. بە لەبەرچاوگرتنی پێگەی ڤارگاس یوسا وەک نووسەرێکی جیهانی و زۆر جیددی ناکرێت بەشێک لە ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە نەبێتە جێی لێکدانەوە و بۆچوونی جیاوازی خوێنەرەکانی.

خاڵێکی گرنگی دراوسێیەتی بریتییە لە گرنگیدان بە ژیان و کارتێکەریی کاراکتەرە لاوەکییەکانی گێڕانەوەکە.

خوێنەری سەر بە فەرهەنگی بەپارێزی کۆمەڵایەتی لە خەڵوەتی خۆیدا ڕەنگە لە خوێندنەوەی هێندێک بەشی ئەم ڕۆمانە سوور هەڵگەڕیت و لای سەیر بێت نووسەرێکی وەک ڤارگاس یوسا ١٧ لاپەڕە تەرخانی دیمەنی جووتبوونی سێکسیی دوو ژن و پیاوێک بکات و لە هیچ شوێنێکی گێڕانەوەکەشدا وەک وەگێڕ بۆچوونی خۆی لەمەڕ ئەم دیمەنانە نیشان نەدات.

خاڵێکی گرنگی دراوسێیەتی بریتییە لە گرنگیدان بە ژیان و کارتێکەریی کاراکتەرە لاوەکییەکانی گێڕانەوەکە. لەم ڕۆمانەدا کارەکتەرە لاوەکییەکان یان ئەوانەی پشت گوێ دەخرێن و لە پەراوێزی کۆمەڵگەدا دەژین خاوەن ڕۆڵێکی تایبەتن. دژکردەوە بوێرانەکەی ژولیتا، جێگرەوەی سەرنووسەری ئێکسپۆزد، ڕۆلاندۆ، یەک لەو شوێنانەیە کە لەگەڵ ئاسۆی چاوەڕوانیی خوێنەر هەڵسوکەوتێکی چاوەڕواننەکراو دەکات. ڕەنگە خوێندنەوەیەکی مارکسیستی لەسەر ئەم ڕۆمانە بتوانێت پەردە لەسەر پێوەندیی چینایەتی لە کۆمەلگەی ئامریکای لاتینیدا بە باشی لا بدات و خوێنەر بباتە نێو دونیای پڕ لە مەتەڵۆکی چینایەتی و کارکردی مرۆڤەکان بەپێی پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتییان. چارەنووسی تاڵی سەرنووسەری گۆڤاری ئێکسپۆزد (Exsposed)، رۆلاندۆ گارۆ و دواتر کردەوەی دوور لە چاوەڕوانیی جێگرەوەکەی، ژولیتا، و هەڵسوکەوتەکانی وێنەگری گۆڤارەکە، سێفێرینۆ، شاعیرێکی لێقەوماوی بەلەنگازی خانەنشین، ژوان پینێتا و پشیلەکەی، دەرفەتێکی ئاوا دەدەن بە خوێنەر کە ڕۆڵی کەسانی جیاواز لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا بەباشی ببینێت و لە میکانیزمی دەسەڵات و داپڵۆسینی جەماوەر تێبگات. ژیانی پڕ لە مەینەت و زەحمەتی پەراوێزخراوانی کۆمەڵگە و بەراوردکردنی لەگەڵ ژیانی توێژی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند، جارێکی دیکەش پێوەندیی دەسەڵات و سیاسەت و سەرکوت و سەرمایە بە جوانی دەردەخات. لەم نێوەدا کاتێک دەبینین خەڵکانی سەر بە چینی خوارەوەی کۆمەڵایەتی دواجار بە گوێرەی خواستی دەسەڵاتداران ناجووڵێنەوە و سەرەڕای ئازارێک کە لە نەبوونی دادی کۆمەڵایەتی دەیچێژن، دەتوانن بە کردەوە بەزمی پڕ شەوکەتی دەسەڵاتداران تێک بدەن، خوێنەری دادخواز هەناسەیەکی دێتەوە بەرخۆ و ئومێدەوار دەبێت کە تەنانەت لە دونیای لیبرالیی ڤارگاس یوساشدا هیوایەک بە ڕاوەستان دژی سیستمی سەرکوت و داپڵۆسینی سیاسی لەئارادایە. کردەوەی زیرەکانەی ژولیتا و خۆ دەربازکردنی لە کۆتوبەندی ‘دکتۆر’ و لەقاودانی کوشتنی بێبەزییانەی سەرنووسەری گۆڤاری ئێکسپۆزد دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە گۆڕینی سیستمی دیکتاتۆریی فوجیموریدا.

ئەنجام

گێڕانەوەی سەرکەوتوو و هەڵسوکەوتی وشیارانە لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی دونیایەکی خەیاڵی، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر واقیعی، تەنانەت واقیعیتر لەو دونیایەی تێیدا دەژیین، پێویست ناکات پڕ بێت لە دروشمی قەببەی سیاسی و شۆڕشگێڕانە. ئەوەی کە ڕۆژگارێک مارکس لە گێڕانەوەی بالزاکدا دەیدیت و لوکاج لە ڕۆمانەکانی والتر سکاتدا دەیبینی، خوێنەری ئەم سەردەمە لە ڕۆمانەکانی ماریۆ ڤارگاس یوسادا دەیانبینێت: وردەکارییەکانی کارکردی دەسەڵات و میکانیزمی داپڵۆسینی جەماوەر و ڕۆحی سەردەمێکی دیاریکراو و دەروونناسیی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەیەکی داپڵۆسراو.

دراوسێیەتی دونیایەکی ئافرێندراوی خەیاڵییە کە خوێنەر دەباتە نێو هەناوی ڕووداوەکانی وڵاتێک و لە ڕێگەی بەسەرهاتی چەند کەسێکەوە سەرتاپای ئەم وڵاتەت پێ دەناسێنێت و بە ناساندنی ئەم وڵاتەش ئاگاداری ئەو یاسا و ڕیسایانەت دەکاتەوە کە وردبینانەتر لە پێوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگەکانی دیکەشدا بڕوانی. ڕەمزی ئەم سەرکەوتنەش بەر لە هەموو شتێک لە نهێنییەکانی گێڕانەوەدا خۆی حاشار داوە.

لە کۆتاییدا حەز دەکەم بڵێم کە جوان دەزانم ئەم ڕۆمانە لە فەزای ئەمڕۆی ئێراندا شانسی وەرگێڕان و بڵاوبوونەوەی نییە. نازانم ئایا ئەم ڕۆمانە کراوەتە عەرەبی و  تورکی یان نا. ئەگەر نا، خۆزگە ئەم ڕۆمانەش دەچووە لیستی ئەو ڕۆمانانەی پێش لەوەی بکرێنە فارسی، عەرەبی و تورکی، دەکرێنە کوردی.

تێبینی: ئەم وتارە لە ژمارە (٢)ی گۆڤاری وانەر بڵاوکراوەتەوە

پەراوێزەکان


[1] بۆ زانیاری زیاتر لەسەر تێکنیکەکانی گێڕانەوە لە چەند لاپەڕەی چڕدا، بڕوانە:

Abbott, H. Porter, ‘Narrative’, in Logan, Peter Melville (ed.), The Encyclopedia of the Novel, Volume I and II, Oxford: Wiley-Blackwell, 2011, pp. 533-540.

[2] Vargas, Llosa Mario, The Neighborhood, English translation Edith Grossman, New York: Farrar, Straus and Giroux, 2018.

[3] بۆ زانیاریی ورد لەسەر دونیابینی و بەرهەمەکانی ماریۆ ڤارگاس یوسا بڕوانە:

Köllmann, Sabine, A Companion to Mario Vargas Llosa, Woodbridge: Tamesis, 2014.

[4]بۆ نموونە بڕوانە سەر چەند پێداچوونەوە کە ئەم ڕۆمانە بە سەرکەوتووترین ڕۆمانی ڤارگاس یوسا دانانێن و تەنانەت ڕەخنەی ئەوەی لێدەگرن کە وەک ڕۆمانێکی گەشتپەشەند خۆیا دەکات. لەم پێداچوونەوانەی خوارەوەدا دەتوانن چەند لەو ڕانان و هەڵسەنگاندنانە ببینن:

East, Ben, ‘A steamy page-turner’, The Observer, 13 May 2018, retrieved 5 April 2021.

Quinn, Anthony, ‘Scandal of a nation of gossips’, The Guardian, 27 April 2018, retrieved 6 April 20210.

Garner, Dwight, ‘A Pulpy New Novel and Juiceless Old Essays from Mario Vargas Llosa’, The New York Times, 19 Feb. 2018, retrieved 6 April 2021.

[5]VladimiroMontesinos

[6]Mario Vargas Llosa,The Feast of the Goat, trans Edith Grossman, London: Faber, 2002.

[7]بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ڕۆمان و دیکتاتۆر و بە تایبەتی ڕۆمانی جێژنی نێری، بڕوانە:

ئەحمەدزادە هاشم، ‘ڕۆمان و دیکتاتۆر’، زمان، ئەدەب و ناسنامە، ستۆکهۆلم: ئەرزان، ٢٠١١، لل. ٤٠-٣٧.

[8]Vargas Llosa, Mario, Sabers and Utopias: Visions of Latin America: Essays, tr. Anna Kushner, New York: Farrar, Straus & Giroux, 2018. 

[9]بۆ لێکدانەوەیەکی کورت و چڕوپڕی سەرکەوتوو لەسەر ئەم ڕۆمانە بڕوانە:

O’Loughlin, Michael, ‘The Neighbourhood by Mario Vargas Llosa: who is writing this?’ Irish Times, May 12, 2018, www.irishtimes.com, retrieved on 2/4/2021.

[10]لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا ڤارگاس یوسا وەک بەربژێری بەرەی دێمۆکراتیک ٣٣٪ دەنگەکان دێنێتەوە و ئالبێرتۆ فوجیموری نزیکەی ٢٩٪. بەڵام لە خولی دووهەمدا لە کاتێکدا دەنگەکانی یوسا تەنیا ٥٪ زیاد دەکەن، دەنگەکانی فوجیموری دوو بەرابەر زیاد دەکەن و لە ئاکامدا ئەو بۆ دە ساڵ دەبێتە سەرۆککۆماری پێرو. دەگوترێت لەبەر پێداگریی زۆری ڤارگاس یوسا لەسەر پەرەپێدانی هەرە زۆری کەرتی تایبەت، زۆربەی دەنگدەران لێی پرینگانەوە و دەنگیان دا بە رکابەرەکەی. فوجیموری دواتر بەهۆی جینایەتەکانی سەردەمی دەسەڵاتدارییەکەی، دادگایی دەکرێت و بە ٢٥ ساڵ زیندان سزا دەدرێت.

[11] Vargas, Llosa Mario, The Neighborhood, English translation Edith Grossman, New York: Farrar, Straus and Giroux, 2018, p. 3.

[12]Vargas, Llosa Mario, The Neighborhood, English translation Edith Grossman, New York: Farrar, Straus and Giroux, 2018, p.187.

[13]Garner, Dwight, ‘A Pulpy New Novel and Juiceless Old Essays from Mario Vargas Llosa’, The New York Times, 19 Feb. 2018, retrieved 6 April 2021.