“سروشت کێشەیەکی فێمینیستییە”، یان وەک شیڤا و میس گوتیان: “دەستدرێژیکردنە سەر سروشت لە زۆر ڕووەوە میتافۆڕێکە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ژن”، بەدوای ئەوانیشدا “ئاریەل” واتەنی: “هەمان ئەو کردە پیاوسالارییەی ژینگە پیس دەکات، لە چەوساندنەوە و دەستدرێژیی بۆ سەر ژنان بەرپرسە”. کارین وارین کە پێی وا بوو ژنان دوایین کۆلۆنیالیزەکراون، پێداگیری دەکرد: “کۆلۆنیالیزم کێشەیەکی فێمینیستییە، چونکە تێگەیشتن لە کۆلۆنیالیزم، یارمەتی تێگەیشتن لە بندەستی ژنان دەدات”. ئەوە بەشێکە لە ئەدەبیاتی باڵکێشی ئیکۆفێمینیستان، کە بۆ زۆرێک لە-پیاوان-یش سەرنجڕاکێشە.
ئەم باسە، لە ئیکۆفێمینیزم دەکۆڵێتەوە، وەک چوارچێوەیەکی تیۆریی و بزاڤێکی فرەڕەهەند، هەر لە سەرهەڵدان و پەرەپێدانییەوە تا دەگات بە خستنەڕووی ڕەهەندەکانی ئیکۆفێمینیزم و لە کۆتاییشدا ڕوانگەی ئەوان بەرانبەر بە سەرمایەداریی، پەرەپێدان، چەمکگەلی وەک پێشکەوتوو و دواکەوتوو لەمەڕ کۆمەڵگە مرۆییەکان و هتد.
هەر لەو باسەدا، هەڵوەستە لەسەر هەرسێ ڕەهەندە سەرەکییەکە لە هزری ئیکۆفێمینیزیم کراوە: ڕەهەندی کولتووری-هێمایی، کە پێداگیریی لەسەر دووالیزمی هەڕەمی دەکات، ڕەهەندی ئەزموونگەریی کە پێداگیری لەسەر نزیکیەتی ژن و سروشت بەگوێرەی لایەنی بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتی دەکات و لە دواتریشدا ڕەهەندی ئیپستمۆلۆژی کە لەسەر ئەو گریمانەیە دەوەستێت: مادام ژن لە ڕووی بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەوە لە سروشت نزیکترە، بۆچی دەبێت دان بەوەدانەنێین ژنان مەعریفەیەکی زیاتریان لەبارەی سروشتەوە هەیە؟!
لە چوارچێوەی ئەم باسەدا، هەوڵدراوە، ڕوانگە و دیدگەی چەندین ئیکۆفێمینیست بخرێتە ڕوو؛ لەناویاندا: ماریا میس، کلاودیا ورلهەف، ڤیرۆنیکا تۆمسن و ڤاندانا شیڤا و چەندانی دیکە.
ئێمە لە گەڵاڵەکردنی چەمکی ئیکۆفێمینیزمەوە دەست پێ دەکەین و لەپاڵ خستنەڕووی هێڵە گشتییەکانی ئیکۆفێمینیزم، وەک ڕوانگەیەکی هزری، وردە وردە ئەو پێشکەوتن و بەرەوپێشڤەچوونە پیشان دەدەین لە دیدگە و تێڕوانینی ئیکۆفێمینیستییەکاندا ڕوودەدات.
لەسەرەوە لە دوگمەی (داگرتنی کتێب)، ئەم توێژنەوەیە وەک کتێبی ئەلیکترۆنی (فایلی pdf) دابگرن.