دایک

هەڵاتی لە هەیبەتی هەڵۆڵی هەوا

لە مەلوولییەکانی خاک و مەرگەجاڕی زەوی

لە ئۆکسیژنی کڵۆڵی ئامان و نەخۆشخانە

لە بەربوونەوەی بیماری بارانی بێ جاران

لە مێخەک و یاسی ناو باخچە و تەنیایی

یاس بووی لە دڵتەنگییەکانی حەوشە و ئینتیزار

لە هەنار و گوڵدانەکان بە شێوەزاری هەڵوەرین

لە فریشتە غەمگینەکەی گیرفانی سوخمەکەت

سەرپۆشە سپییەکەت خوازە لە ژیان

کوا گۆڕانییەک بۆ ئارامیم و

پەلکەکانت بۆ وێنەیکی تازە


هەی لێ!

نەبوونت زەخمم

بە نیگا و سییەکانمەوە  ئەتکێ

لە مندا خەریکە چاڵ بم


نەبوونت درێژم بە دونیاوە

بە باری ڕەش دا

کە درێژەم  ڕەشەبایە و

کوێستان شێوەزاری  پێاوێکە       تەنیا

درەخت خولاسەی خەمێکە سەوز لە خەیاڵما


تەریبی تەریقەتی تەوەن و وەستان

وەستان و وەستان تا هەر و هەڵوەرین

ڕاکشاو بە بێ سامانی دەشت لە غوباری خۆڵەمێشدا

‌هەڵکشاو بە ماڵێکی وەیلان لە بێ تۆیی

نیت و دەرختەک…

تەگبیری ئەم شکستەی پێ ناکرێت  گیان

نەبوونت چۆن بناسێتەوە درەخت

لە کوێوە سەیری نەهاتنت بکات حەوشە

ڕێگا چۆن ڕابێت بە ڕێ نەکردنت

ئەم دیوارانە چۆن پەنجەرە ڕابگرن  تۆ لەوێوە سەیرێ نەکەی؟

لە کوێێ؟

چاوەکانت کوان؟


کوسپی لە ئەلکول نراوم گریان

قوڕگی هەوا ماسین

گەرووم هەتا مانگ

بە عەیبی دونیادا گوورگین


ئەی مانگ!

ئەی بەنەفرەتی ڕۆمانتیکی ساڵی بێ سامانی

وەرزی وێرانی و ئەنجن کرانی پەل و باڵم لە پەروانە و      تۆ زەرد

خوێنی هەڵقوڵاو لە جنسی بێشەرمی و پڕ لە مردن و          زەوی مەرگ

ئەی زەرەری زەردی زەوی بە ئاسمانەوە شیعر و گەمژە

چ شەوانێک پێکەوە بووین و ئەوشەو نەبووی

کوا هاو خەمین؟

ئەنگوستە چاو

من مشتێ خاکم بەرنەدەکەت بۆ سەرم و      تۆ وێل


تۆتوێ خاکمان لا ئەدا لە کوێ بووی

تاتای زوڵفی سپی کفنمان بۆ ژیان دووری تۆ سەرخۆش

تاریک بوو تاریکتر لە دەروونم وەک حاکمی مەعزوول

دەیجوور بوو دەیجوور

عەشقمان لە خاک نا

photo_٢٠٢١-٠٨-٣٠_١٣-٣٨-٣٦

سەرنجێک بنوسن