فرمێسک هاوارەکەی سوێرە
ژوورێکی سارد و چۆڵی سپی، دوو پەنجەرەی بێ پەردە. توت، توت، توت، ئامێرێکی لێدانی دڵ لە ژوور سەرمەوە دەنگی دێت. دەنگدانەوەیەکی زۆر و هاوارگەلێکی بەرز لەناو مێشکمدا قەتیس ماون و گوێیان کاس کردووم، پێدەچێت دوایین دەنگ بێت کە بیستبێتم بەر لە هاتنم بۆ ئێرە. دەمەوێت ملم بجوڵێنم بەڵام ناتوانم، نەک هەر ملم بەڵکو تەواوی ئەندامەکانی جەستەم لەژێر کۆنترۆڵی مندا نین و نایانەوێت بجوڵێن. ئەوەی هەستی پێ دەکەم ئەوەیە لە ژوورێکی تەواو سارد دانراوم و هەموو گیانم بەستویەتی. توت، توت، توت، توت، بە نەفرەت بی.
توتە توتی ئەو ئامێرە تەواو مێشکی شڵەقاندوم، تەنانەت ڕێگە نادات بیریشم بێتەوە چی وایکردوە لێرە بم. دەمویست کونجکۆڵانە بیرکەمەوە بزانم من کەی مردووم و بە چی مردووم. ئێرە قاوشە یان مردووخانەیە؟ لەوانەیە دۆزەخ بێت، بەڵێ، بەڵێ ئێرە دۆزەخە. دەڵێن مرۆڤەکان لە دۆزەخ بەو شتانە سزا دەدرێن کە لە دونیادا ترساون ڕووبەڕوویان ببنەوە، ئەوەتا من نە دەنگێکم هەیە تا هاوار بکەم نە دەتوانم بجوڵێم، چی لەوە ترسناکترە هاوار و قسەگەلێکی زۆر قوت بدەیتەوە؟! بۆ لە بێدەنگی ترسناکتر هەیە؟ تا ئێستا لەناو ناختدا هاوارت کردووە و کەس نەیبیستێت؟
هەموو ئەوەی ئێستا دەتوانم بیکەم جوڵاندنی پێڵوی چاوەکانم و بینینی سەقفێکی بێدەنگە. ئا ئا ئەو ئامێرە نەفرەتییەش، توت، توت، توت، توت… بێگومان ئەو ئامێرەش بۆ ئازاردانی من دانراوە، دڵنیام من مردووم و ئێرە دۆزەخە، بەڵام خۆ من مرۆڤێکی خراپ نەبووم، دڵنیام کە خراپ نەبووم، مەگەر خراپ بووم؟ نازانم، خۆ کەس بەخۆی ناڵێت خراپ! نازانم، نازانم تەنها… تەنها دەزانم ئێرە دۆزەخە ئەرێ دۆزەخێکی نەفرەتییە.
«سڵاو ئازیزم دەمبینیت؟ تکایە جارێک چاوەکانت بتروکێنە ئەگەر دەمبینیت.»
دەمویست وەڵامی بدەمەوە بەڵام هیچ شتێک لە کۆنتڕۆڵی مندا نەبوو، جگە لە تروکاندنی چاوەکانم وەڵامێکم پێ نەبوو. تۆ بڵێی ژنەکەشم گوناهبار بێ وا لێرەیە؟ یان بۆ ئازاردانی من هێناویانە؟ چەند ڕۆژێک تێپەڕی هەمووان دەهاتن و دەچوون. تێگەیشتم نەمردووم لە دۆزەخیش نیم ئێرە نەخۆشخانەیە، بەڵام شتێکی وەهای جیاواز نییە. ژنەکەم بۆی باسکردم کە تووشی ڕووداو هاتووین لە کاتی سەفەرکردندا. باسی ئەوەی کرد چەند زەبرێکم بەرکەوتووە و ماوەیەکی تریش چاک دەبمەوە، بەڵام لە ئێستادا دەبێت لەناو جێگەدا بمێنمەوە.
٢
«ئازیزم، لەمەودوا لێرە دەژین، خانووەکە بچووکترە لەوەی پێشووتر بەڵام بۆ ئێمە کە دوو کەسین هیچ کێشەیەکی نییە، سەیرکە تۆ هەموو کات حەزت لە بەر پەنجەرە بوو، جێگاکەی تۆم لە لای پەنجەرەکە داناوە، دەزانم لە شەقامێک و پەنجەرەی ئەو ماڵەی بەرامبەرمان زیاتری لێ نییە بەڵام دەی خۆ لە هیچ باشترە. پزیشکەکان دەڵێن زۆر باشتر دەبیت و دەگەڕێیتەوە لایان، ئەو بارودۆخەت کاتییە، تۆش بەهێزیت. هەڵیت و پەڵیتە، چاک نەبوونەوەی چی ههه!»
چوار دانە دیوار، کتێبخانەیەکی تەختە کە دڵخوازی منە. پەردەیەکی شین، من ژیانەوە لە ڕەنگی شیندا هەست پێ دەکەم و، کەلوپەلی یاری بۆکسێنەکەم و سیدی یارییە ئەلیکتڕۆنییەکانم و چەند وێنەیەکی خۆمان. درکی بەوە کردووە کە گیانێکی بێ جەستە و بەندکراو پێویستی بە قەڕەباڵغییە بۆ تێپەڕکردنی کاتەکانی.
ڕۆژەکانم تێدەپەڕن. خەوتن و بێداربوونم لێ تێکەڵ بووە، نازانم ئەم بوونەی ئێستام لە دونیادا چ مانایەکی هەیە، هەندێک جار ژنەکەم دێتە لام و کتێبە دڵخوازەکانم بۆ دەخوێنێتەوە یان پەڕ و پێنووسە ڕەنگاڵەکانی دێنێتە لام، خەریکی وێنەکێشان دەبێت و بە ئاماژەی چاوداگرتن ڕای من وەردەگرێت. خەریکم لەگەڵ بارودۆخەکەم ڕادێم بەڵام کێشەی گەورەی من لە ئێستادا ئەوەیە نازانم چۆن ئەو هەستانە دەرببڕم کە لە لام چێژبەخشن یان توڕەم دەکەن یان ئازارم دەدەن، دەمەوێ هەستێکم هەبێت، شتێک وام لێ بکات هەست بە ژیان بکەم و دەری ببڕم و واتایەک بە هەستەکانم بدەم. پێکەنین، توڕەیی، خەمباری، ئەمانە ئێستا بۆ من هەستگەلێکی بێ شوناسن.
«ئازیزم؟ دەزانم خەوتوویت، بێدار مەبەوە ئاوا مەمبینە تکایە، خۆزگە هیچ کات نەدەڕۆشتین بۆ ئەو گەشتە، خۆزگە هیچ کات ساڵیادی هاوسەرگیریمان پیرۆز نەکردایە، خۆزگە کەلەڕەقیم لەو گەشت کردنە نەکردایە. نازانیت چەندە بیری دەنگت دەکەم، تۆ لەسەر جێگاکەت کەوتوویت بەڵام من پەلوپۆم شکاوە و پەلەقاژە دەدەم، خۆزگە هیچ کام لەمانە ڕوویان نەئەدا.»
ئەوە شیرینە، بەڵێ شیرینە هەندێک جاریش سوێرە. بۆنی قژی، گەرمی لەشی و باوەش پێداکردنەکەی، بەڵێ من هەستی پێ دەکەم ئەوە خۆشییەکی شیرینە، من هەست بە شیرینی دەکەم، خۆزگە ئێستا دەمتوانی دەست بخەمە ناو قژە لوولەکانی و دەستم لێیان گیر بووایە، فرمێسک و هەنسکە خەمبار و سوێرەکانیشی ببوونایە بە زەردەخەنەیەکی شیرینی کێشراو لەسەر سیمای لە کار کەوتووم.
٣
خانووەکەی ئێمە تۆزێک لەوەی بەرامبەرمان بەرزترە. پەنجەرەکەم بەرامبەر پەنجەرەیەکی ئەو ماڵەیە، ژنەکەم باسی کردبوو دراوسێیەکی نوێمان بۆ هاتووە. ئەو ژوورە هی کچێکی هەرزەکارە، کچێکی قژ سووری ڕوومەت خاڵ خاڵی ناسکۆڵە. چاوەکانم دەتوانن نیوەی ژوورەکەی ئەوم نیشان بدەن.
کەشوهەوا فێنکی کردووە. ژنەکەم ئەم ڕۆژانە پەنجەرەی ژوورەکەم داناخات، دەزانێت حەز بە کەشوهەوای پاییزانە دەکەم. ئەمڕۆ بە کزە مۆسیقایەک کە شنەبا بەرەو ژوورەکەمی دەهێنا خەبەرم بوویەوە. چاوەکانم کردەوە کچۆڵەی قژ سوور پەنجەرەکەی کردبوویەوە بەڵام پەردە تەنکەكەی بووە بەربەستێك، نەمدەتوانی بە تەواوی بیبینم. بە جوانی دەنگەکەم دەبیست، بەڵێ ئەوە بیتهۆڤنە ئاوازی “بۆ ئێلیس” و سەمای بالێریان و خولانەوەی کچۆڵەکە بەدەوری خۆیدا، شەپۆلی قژی لەگەڵ ئاوازەکە چ خەیاڵێکی جوان بوون، دەتگوت پەپولەیەکی بەهارییە و بەدەوری خۆیدا سەما دەکات. بەڵێ ئەوە شیرینییە، هەست بەتامی شیرینی دەکەم لەبەرامبەر ئەو جوانییە. زۆربەی ڕۆژەکان بەو شێوەیە بوون، تەنانەت هەندێک جار ژنەکەشم لەگەڵم بەشداری لە بینینی ئەو جوانییە ئەفسوناوییە دەکرد.
«ئازیزم، ڕات چۆنە کاتێک چاک بوویتەوە بچینە خولێکی سەماکردن؟ بێگومان ئێمە ئەو هەمووە ساڵە بەیەکەوە ژیاین کاتمان نەبوو سەما بکەین یان خۆمان فێر بکەین، چێژمان لە ژیان نەدی، کار ،کار ،کار ، سەیرکە ئەو منداڵە چەند جوان چێژ لە ژیان دەبینێت، ئەی وانییە؟ هێشتا گەورە نەبووە، خۆ گەورە ببێ ئەویش کاتی نامێنێت بۆ سەماکردن. همم سەرقاڵی هیچی بۆ ناهێڵێتەوە، ئێستا دایکی و مامی کارەکانی ڕادەپەڕێنن، بە ڕاست ئازیزم پێم وتویت؟ دایکی و مامی دوای مردنی باوکی بەیەکەوە هاوسەرگیریان کردووەتەوە؟ چەندە قێزەونە، نا نا نا لەگەڵ ئەوانم نییە دەزانم ئێستا دەڵێی جوان نییە قسە وتن بە خەڵکی، نا نا نا من مەبەستم لەو هاوسەرگیرییەیە کە قێزەونە و ناشرینە، ئاخر چۆن دەکرێ بچیتە پاڵ برای ئەو کەسەی کە ڕۆژانێک لە باوەشیدا خەوتویت! یان بچیتە باوەشی پیاوێک کە ڕۆژانێک وەک برات بووە.»
هەر لەو قسانەی بەردەوام بوو، منیش بێدەنگ هیچ بیرۆکەیەکم نەبوو، پێم وایە ڕاست دەکات، بەڵام کێ دەڵێ بە ویستی خۆی بووە، خۆ هیچ کەس ڕەحم بە ژنێکی مێرد مردوو ناکات بە تایبەت لێرە.
٤
« ئازیزم، ئەمڕۆ کاتێک لە دوکانی بەقاڵەکە دەگەڕامەوە ئەو ژنەم بینی، دوای ئەحواڵ پرسین و چاک و چۆنی بە باشم زانی بانگێشتیان بکەم بۆ خوانێک، هەم کچە جوانەکە لە نزیکەوە دەبینین هەم ئاشنایان دەبین، دەمێکە کەسانی نوێمان نەناسیوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتیمان نەبووە لەگەڵ کەسدا، ئەی تۆش پێت وانییە پێویستە لەو داخراوییە بێینە دەرەوە؟ وەڵامەکەت بە بەڵێ وەردەگرم هههـ».
ئەو کچە قژ سوورەی کە من نە ناویم دەزانی و نە دەنگیم بیستبوو ڕۆژەکانمی بە تەواوی جوان کردبوو، چاودێری هەموو جوڵەیەکیم دەکرد. جگە لە سەمای بالێ ئەو کچۆڵەیە حەزی لە ئۆپێرای “ئامادوس مۆتزارتە”. لەو بەشەی شاشەی تیڤییەکەی کە لە منەوە دیارە تێبینیم کردووە حەزی لە شانۆیە، لەو هەفتەیەدا چوار جار سەیری شانۆیی “هاملێت”ـی کردووە و سەرم سوڕماوە لەوەی بۆچی ئەو شانۆییە ئەوەندە سەرنجی ڕاکێشاوە!
خەریکی سڕینەوەی پەنجەرەکەی بوو، مامی هاتە ژوورەوە و دەستی خستە سەر شانی و چەند شتێکی پێ وت، بە تەواوی پێیەوە دیار بوو کە کچەکە بە قسەکانی شڵەژا و دوای ڕۆیشتنی پەڕۆیەکەی دەستی فڕێدا و لەناکاو چاوەکانی وەک تیرێک لە چاوەکانم چەقی، زانی سەیری دەکەم. ئەمڕۆ چەند جارێک هاتووە و سەیری کردووم. تەنها سەیرکردنێکی ورد و هیچی تر. دەڕوات و لەناکاو دەگەڕێتەوە، دەموچاوی پێکەنیناوی دەکات، خۆی خێل دەکات، دەمی وەکو لێبوك لێک دەکاتەوە پڕ بە دڵم دەمەوێت پێبکەنم.
بەیانیانی هەموو ڕۆژێک فریشتۆکەیەک بە دەنگی مۆسیقای ژوورەکەی بەخەبەرم دەهێنێت. ئەمڕۆش وەک ڕۆژەکانی تر، بەڵام هەر ئەوکاتەی دەرگای ژوورەکەی کرایەوە و مامی هاتە لای لەجێی خۆی وەک بتێکی بێگیان وەستا و ڕۆیشتنە ئەو بەشەی ژوورەکەی کە من نەمدەتوانی بیبینم، پاش کەمێک کچۆڵە بە بێتاقەتییەوە هاتە بەرامبەرم و چاوی لە چاوم بڕی و دەستی چەپی کردەوە و دەستی ڕاستی مشت کردە ناو دەستی چەپی. ئاماژەیەکی پێم دەدا بەڵام من کە لە زمانی ئاماژە تێناگەم و زمانێکم نییە کە بتوانم لە کەسانی تر بپرسم. کچە هەر لێی دەڕوانیم، مات و کزۆڵ دووبارە و دووبارە دەستەکانی مشت دەکرد و لە کۆتاییدا بێ هیوا بوو پەنجەرەکەی داخست و ڕۆیشت.
لەگەڵ دەنگی هەورە گرمە بەخەبەر هاتم، ژنەکەم بیری چووە گڵۆپەکان بکوژێنێتەوە، لەسەر زەوییەکە بەدەم کتێب خوێندنەوە خەوی لێکەوتوە. سەیری پەنجەرەی بەرامبەرم کرد کرابوویەوە، دەمویست چاوەکانم بگوشم وەلێ بێ دەسەڵات بووم، چەند جارێک چاوەکانم توند داخست و کردنەوە وەلێ ڕووبەڕووم چیم دەدی! لەسەر جێگای کچۆڵەکەم چوار دانە قاچ هەیە قاچە باریکەکانی دەناسمەوە، بە جوڵەی قاچەکانی و دەستەکانی بە تەواوی هەست بە ململانێ دەکەم پڕ بە قوڕگم دەمەوێت هاوار بکەم؛ نەفرەتی وازی لێبهێنە لێی دوورکەوە.
لەناکاو دەست و قاچەکانی بێهێز و شل بوون، کاتێ هەڵسایەوە دەموچاویم دی، مامی نەفرەتی خەریکی چیت!؟ پانتۆڵەکەی هەڵکێشا دەستێکی بە ناوچەوانە ئارەقاوییەکەیدا هێنا و تفێکی لە کچۆڵەکەی من کرد. کچۆڵەکەم بە لاتەلاتێک هاتە بەر پەنجەرە و چاوەکانی تێبڕیم. بە نیگاکانی پێی دەگوتم تۆ گەواهیدەر بە، تەنها تۆ ئەوەت بینی، تۆ بیگێڕەوە. نیگاکانی هاواریان دەکرد و من-ئاسا دەنگی نەبوو. دڵتەنگ و کز ئەو کچە لاسارەی ڕۆژە ناخۆشەکانمی پڕ کرد بوو لە دەنگ و جوانی، لە جوڵە و بزاوتن، لە سەما و خرۆشان. لە لێواری پەنجەرەکە نزیک بوویەوە و خۆی هەڵدایە خوارەوە و بۆ دواجار قیژەیەکم لێی بیست و تا ئەبەد لێم ون بوو.
چ تاڵییەک لە دەممدا دروست بوو! چ سوێری و پیسییەک لە هەستەکانمدا دروست بوو! لە تەواوی ئەو ماوەیە لەسەر جێگاگەم کەوتووم و هەموو ئەو ماوەیە ئەوەندە هەستم بە لاوازی نەکردووە. هەر ئەو خولەکەی ئەو کچۆڵەیە دووجار لەپێش چاوەکانمدا کوژرا بە تەواوی تێگەیشتم من مردووم و لە دۆزەخدام. بە بێدەنگی و قوتدانەوەی ڕازگەلێک سزا دراوم کە لە تاریکایی ناخمدا هاواری گوتن و جاڕدان دەکەن.
٭تێبینی:
ئەو ئاماژەیەی کە لە (بەشی چوارم) کچەکە لەپەنجەرەکەوە دەیکات لەزمانی ئاماژە بەمانای “یارمەتیم بدە”دێت.