مەغزا نەبزۆکەکان لە ھۆنراوەدا

لە سەرەتادا دەبێت بپرسین: ھۆنراوە(شیعر) چییە؟ نووسەرە گەورەکان چۆن پێناسی شیعر دەکەن؟ ئایا ھۆنراوە تەنھا باسکردنی شتە بینراو و دیمەنە جوان و ھەستپێکراوەکانە بە وشەی موزەییەن(ڕازاوە)؟ یاخوود بە پێچەوانەوە مانیفێستی دیوە شاراوەکەی مرۆڤە بۆ گەیشتن بە ویستێکی باڵا؟

)ئەدۆنیس) بە نموونە وەردەگرین وەک شاعیر و بیریارێک. لای ئەو سەختە شاعیر وەڵامی پرسیاری(شیعر چییە؟) بداتەوە. “خەسڵەت و ڕێسایەکی نەگۆڕمان نییە، کە بە شێوەیەکی ھەمەلایەنە لە ڕووی چییەتی و فۆڕمەوە پێناسەی شیعر بکات.” بەم پێیە شیعر لای ھەر نووسەرێک پێناسەیەک لەخۆ دەگرێت، تەعبیرەکان لە ئەزموون و دنیابینی جیاوازەوە بەیان و بینا دەکرێن. “شیعر ئاسۆیەکی کراوەیە و ئەرکی ھەموو شاعیرێکی داھێنەریش فراوانترکردنی ئەم ئاسۆیە و کردنەوەی پانتاییەکی نوێیە لە بەردەم شیعردا”. لای سووریالیستەکان شیعر ڕێگەی گەیشتنە بە حەقیقەت، بۆیە زۆر جار ھونەرمەندێکی سووریالیستی لەگەڵ فەیلەسوفێک بەراورد دەکرێن کە خاوەن یەک ئامانجن ئەویش گەیشتنە بە(حەقیقەت)، بەڵام ئەوەی یەکەمیان لە ڕێی ھەستەکانییەوە و دووەمیشیان لە ڕێگەی بەکارھێنانی ئەقڵ.

بە گشتی ڕەنگە ئەرکی شاعیر ئەوەبێت وێڵ و سەرگەردانی ناو زمانەکەی بێت و ڕۆبچێتە قووڵایی زمانەوە، تاکو پەی بە زمانێکی پەنھان و شاراوە ببات. ئەم جۆرە نووسینە خوێنەر ڕادەگرێت، ھەم لەبەر قووڵی نووسینەکە کە شرۆڤە و تەفسیر لەخۆیدا ھەڵدەگرێت. ھەم لەبەر سەرنجڕاکێشی و ئیستاتیکای وشەکان. کەواتە لایەنێکی گرنگی شیعر (زمان)ە، زمان بەشێکە لە پانتایی هێمایی(ڕەمزیی) کە تیایدا دەژین و پانتایی ڕەمزییش، بریتییە لە پانتایی كۆمەڵایەتی بە مانا بەرفراوان و فرەڕەهەندەكەی. ئیدی لە زمانەوە بیگرە تا یاسا و پەیوەندییەكان و كولتوور و ناونان و پێگەی ڕەمزی و خێزان و دیاردە فەرھەنگییەکان… لێردا باسەکەمان کورت کردووەتەوە بۆ وەرگرتنی زمان لە پانتایی ڕەمزیدا، وردتریش بەکارھێنانی لە دەقە شیعرییەکاندا و درێژبوونەوەی بۆ ناو تێکستی گۆرانییە فۆلکلۆری و میلییەکان بە ئاست و شێوە جیاوازەکانەوە.

زمان وەک گەمەیەکە و تیایدا سەرجەم بارودۆخەکان دەنوێنێتەوە و دەیانخاتە چوارچێوەیەکەوە و شێوەیەکی نەرمتریان پێدەبەخشێت

ئەوە ڕوونە زمان خۆی لە دروستکردنی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان دەبینێتەوە. وەک ئەوەی (سۆسێر) پێی وایە: زمان بریتییە لە سیستەمێک یاخود تۆڕێک لە ئاماژە، کە یاسایەک دەسەڵاتی بەسەردا گرتووە، تەنھا لە ڕێگەی تێگەیشتن لە تەواوی سیستەم نەبێت ناکرێت تێی بگەین. واتا زمان وەک گەمەیەکە و تیایدا سەرجەم بارودۆخەکان دەنوێنێتەوە و دەیانخاتە چوارچێوەیەکەوە و شێوەیەکی نەرمتریان پێدەبەخشێت. بۆ نموونە پێش داھێنانی زمان، مرۆڤ لە بارودۆخێکی جیاوازدا بوو، زیاتر کێشەکانیان بە شێوازی کوشتن و بڕین و ھتد… یەکلادەکردەوە، بەڵام داھێنانی زمان وەچەرخانێک بوو، تاکو دەکرێت لە ئێستادا گەورەترین کێشەی جیھان بە ڕێککەوتن و ڕێگاکانی ھاوشێوەی چارەسەر بکرێت. ئەمە ڕۆڵ و کارکردی زمانە بەرھەمھێنانەوەی سیستەم و عەقڵیەت و تا دواتر.

بە ھەمان شێوە بەکارھێنانی زمان لە ئەدەب و تیۆر و زانستدا و لە سەرجەم کایەکاندا جێی خۆی کردووەتەوە بەپێی ئەو ژێرخانە سیستەماتیکییەی بۆی فەراھەم کراوە. بەکارھێنانی وشە و زمان لە تێکستی گۆرانییەکاندا بە تایبەت لە ئێستادا و چۆنییەتی کارکردنیان. دەقە شیعرییەکان و تێکستەکانی گۆرانی و تا دەگاتە ئەو کلیپانەی بۆیان دەکرێت. گرنگە بە شێوازێک بن؛ نواندنەوە و نوێنەری تاک بێت و تاک ھەست بە ھاوشووناسی خۆی بکات لەگەڵیاندا، بۆ نموونە کاتێک لە تێکستی گۆرانی (وەتەن)دا کە شیعری (قانع)ە، حەسەن دەرزی ھەستێکی بەرز تێکەڵاوی دێرە شیعرییەکان دەکاتەوە و دەڵێت “موخەیەر بم لە بەینی تۆ و بەھەشتدا لە جەننەت دوور ئەبم سەیرانی تۆ خۆش” نواندنەوەی ھەستی ئەو کاتەی کوردە بۆ نیشتیمان. ئەو کاتەی ھەموو کەسێک خۆی بە خاوەنی نیشتیمان دەزانی، ھونەرمەند نوێنەری ناخی کۆمەڵ بووە و گوێگر ھەستی بە ھاوشووناسی و ھاوخەمی دەکرد لە کاتی گوێگرتنیدا. بۆیە توانیویەتی بەرھەمێکی جوان و پتەو پێشکەش بکات.

لێرەوە ئەوەی گرنگە ھەڵوێستەیەکی لەسەر بکەین، ئەو ھۆنراوانەن کە دەکرێن بە گۆرانی و بەگوێی بیسەریدا دەدەن و پرسیارکردنە لێیان؛ ئامانجی ئەو ھۆنراوانە چین؟ وێنا شیعرییەکانیان لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ ھەڵبەت ئێمە خاوەنی بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی قووڵ و ورد نین، کە وشیارانە و ئاگامەندانە شرۆڤە و شیکاری لەمەڕ شیعر و موزیکی کوردیدا بکات، دەرئەنجامیش ناچارانە بەر کۆسپێک دەکەوین، کە موزیکی بیانی فۆڕمەلە دەکرێت و شیعری زۆر سادەی گاڵتەجاڕانە و ستایشکارانە خۆیان دەخزێننە ناو ھونەر و گۆرانیی کوردییەوە. دواجار ئەم ھۆنراوانە دەبنە ویستی باو و بیرکردنەوەی باو و جێ بە بیری مەعریفی لەق دەکەن، زۆرینە داوای دەکەن و گوێی لێ دەگرن. لێرەوە موزیک و شیعری چاک و خراپ لەناو یەکدیدا دەتوێنەوە و جیاکردنەوەیان سەخت دەبێت، مەگەر کەسێک شارەزای بوارەکە بێت و سەروکاری لەتەک ھۆنراوە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەدا ھەبێت.

ھەڵوێستەیەک لەمەڕ ئەو دێڕانەی کراون بە گۆرانی

لە گۆرانییەکی فۆلکلۆریدا :

(بەسمان لێبگرە سەرانسوێی بانی

 لە من ماڵی زۆر لەتۆش جوانی)

سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠:

(گوڵێکم دەوێ بۆن نەکرابێ

 بەدەست باخەوان ئەملا و ئەولای پێ نەکرابێ)

ساڵی ٢٠٢١:

(باو باوی منە باوانم، بە دڵی ھەموو لاوانم)

وەک لە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکەدا دەردەکەوێت، پێویستە ژن جوان بێت تا شایەنی ماڵێكی جوانیش بێت. ھەڵبەتە ئەمە مانیفێستی بیرکردنەوە کۆلەکتیڤەکەیە. کولتوورە کۆمەڵایەتییەکە چۆن پێناسی ژن و پیاو دەکات، شیعریش بەو جۆرە وێنای دەکات. لێرەدا پرسیارێکی گرنگ خۆی قوت دەکاتەوە، ئایا وێنای شیعری بۆ ژن و پیاو لە سەردەمی ئەمڕۆماندا چۆنە؟ وەڵامەکە ئاسان دەست دەکەوێت، لەدوای خوێندنەوە بۆ ھۆنراوەی گۆرانییەکانی سەردەم. ئەم دوو بوونەوەرە کۆمەڵایەتییە لەنێو شیعری سەردەمیشدا ھەمان وێنا کۆنزەرڤاتیڤ و تەقلیدییەکەیە. تەنانەت ژنێک خۆی بانگەشەی بەكاڵابوونی دەکات و لای پەسەندە، وەک لە تێکستەکەدا دیارە(باو باوی منە) ئەم دێڕە داننانە بە (خوودئەڤینی). “نارسیزم، خوودئەڤینی یەک زاراوەیە، بەڵام وەک چەترێک زۆر گرفتی دەروونی لەخۆیدا کۆدەکاتەوە، لە دەروونشیکاریدا ئەو دیاردانەی ناوی خوودئەڤینییان بەسەردا بڕاوە ھەمەڕەنگن لەوانە:- خۆبەزلزانی، غروور، دەسەڵاتخوازی، حەزێکی زۆر بۆ ستایش، خۆشویستران بەبێ ئەوەی توانستی خۆشویستنی ئەوانی دیکەت ھەبێت، خۆ دوور گرتن لە خەڵک، ڕێزنەگرتن لە خۆت، ئایدیاڵ و خواستی داھێنەرانە، خەمخواردن لە تەندروستی و ڕواڵەتی خۆت، نەبوونی توانای فکری.

(کارن ھۆرنای) ئەم دیاردە دەروونییەی خوودئەڤینی لە دیاردەی ئابووری نزیک دەکاتەوە و دەڵێ: “ھەڵئاوسانی دەروونی وەک ھەڵئاوسانی ئابووری وایە، واتە بانگەشەکردنی نرخێکی زۆرتر لە نرخە ڕاستەقینەکە.” واتە کەسەکە تووشی ھەڵئاوسانی ساختە دەبێت سەبارەت بەخود.

 باوبوون چیە؟ لە سادەترین پێناسەدا دەتوانین بڵێین: خواستێکی گشتی و دەستەجەمعییە، زۆرینەی کۆمەڵگە(نەک ھەمووی) پەسەندی دەکەن، جا ھەرشتێک بێت، کە بە نموونە و پێرفێکتی دەزانن. ئەو(باوبوونەی) لێرەدا ئاماژەی بۆ کراوە باوبوونێکی جەستەیی و جوانییەکی شکڵی و ڕەمزییە لەو فۆڕمە مۆدێرنەدا کە بووەتە ستاندارد، تاکەکانیش ڕوویانکردووەتە جۆرێک لە پیشەسازی لە جەستەیاندا و لەنێو ویستی خۆڕازیکردندا گیر دەخۆن “ھەبوونی ئەو ھەموو سەنتەرانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کوردستان بووەتە بازاڕێكی گەورەی دروستکردنی جەستەیەکی تایبەت بۆ نێر و مێ. ئەگەر کۆمەڵگە بازاڕێكی گەورە بێت ئەوا سۆشیال میدیا و بەشێک لە ھۆنراوەی گۆرانییەکان و ڤیدیۆ کلیپەکان بەردەوام کڕیار بۆ ئەو بازاڕە پەیدا دەکەن.

ڕەنگدانەی پیدۆفیلیا لەنێو ھۆنراوەکاندا

(بۆت نەماوم ڕەشتاڵە، مەمکت نەگەییوە کاڵە، بە ئاشكرا لێی بخۆی، بە شەرعیش بۆت حەڵاڵە)

(حەیفە یارم منداڵە، لێو ئاڵ و لیمۆ کاڵە)

(سەرچۆپی وا بادەدا ھەر دەڵێی چواردە ساڵە) لە زاری خانمە گۆرانیبێژێکەوە.

(لەیلەکەم کاڵە، تازە پێدەگات، ھێشتا منداڵە)

کۆی ئەو ھۆنراوانە ئاماژەن و پێمان دەڵێن کە ھونەر (ھونەری گۆرانی گوتن و نووسینی ھۆنراوە) ئاسانترین ڕێگەن بۆ مانیفێستی حەز و ئارەزووەکانی مرۆڤ، تەنانەت ئەگەر پێچەوانە و دژی ھەموو یاسا و ئیتیک و ڕەوشتەکانیش بێت بە نموونە: پیدۆفیلیا(ئارەزووی چێژوەرگرتن لە منداڵ ـ منداڵبازی)

کەسانی پیدۆفیل: ئەو کەسانەن ئارەزووی سێکس یان ویستی دەستبازییان لەگەڵ منداڵدا هەیە، ھەروەھا چێژ دەبینن لە دەستدرێژیکردن بۆ سەریان، دیارترین نموونە لە مێژوودا کارەکتەری پەیامبەر محمد بووە، کاتێک عائیشەی تەمەن ٩ ساڵی خواستووە. ئەگەر سەرنج بدەینە یەکەم دێڕی ھۆنراوەکە وشەی(شەرع)ی بەکارھێناوە. لە کۆمەڵگە کۆنزەرڤەتیڤ و ئەو کۆمەڵگانەی بۆچوونی ئایینییان بەسەردا زاڵە، ئەم وشەیە بە کار دێنن بەو واتایەی ھێڵێکی سوور بێت و ھیچ گفتوگۆیەک ھەڵنەگرێت ڕێگەی بەرپەرچدانەوەت لێدەگرێت. بۆیە لێرەشدا نووسەر ھاوکاری لەو وشەیە خواستووە بۆ ڕەوایەتیدان بە نووسین و ویستەکانی .

بێگومان تێکستی گۆرانییە میلی و ڕۆژانەییەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە لە کۆمەڵگەدا دەگوزەرێت و شایەتحاڵە بەسەر ڕووداو و ئاستی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە. لەبەرئەوە دەتوانین لە ڕێی تێکستی چەند گۆرانییەکەوە پەشێوییەکانی ناو کۆمەڵگە بخوێنینەوە. لە ڕێگای ئەو تێکستانەی بە کار دەھێنرێن و ئەو پەیامانەی پشت تێکستە شیعرییەکان، بە تایبەت لەم قۆناغەی ئێستاماندا. لە کاتێکدا کۆمەڵگەیەک بە گەشەی سروشتیی خۆیدا نەڕوات و ھەر دیاردەیەک ڕووکەشەکەی بگوازرێتەوە بەبێ ناوەڕۆکەکەی، ئاخۆ چۆن لە تێکستە شیعرییەکان و گۆرانی و کلیپەکاندا ڕەنگ دەداتەوە؟

لە ئێستادا تێکستە شیعرییەکان زۆر لاوازن، بەڕادەیەک لە ئاستی تێکست نەماون و ھەڵگری مانا و ئامانجی ڕوون نین،(پێویست ناکات ناوی یەک بە یەکیان بھێنین، چونکە ڕێژەیەکی زۆرن) جگە لەو وشانەی بە کاریان دەھێنن ئاستیان زۆر نزمە، بە جۆرێک لە سووکایەتی بە منداڵەوە تیادەبینین تاکو ھەموو چین و تاکەکانی کۆمەڵگە. بۆ نموونە لە کاتێک وێنای کچێکی ھەرزەکار دەکات بە میوەی کاڵ و پێنەگەیشتوو، یاخود سووتان و ھاوار بۆ گەیشتن بە جەستەی ڕەگەزی بەرانبەر، ئەمە یەکێکە لەو ھۆکارانەی وای کردووە ھاوسەرگیری پێشوەختە ڕووبدات (لە شیعردا دەڕبڕینی ھەست ھەیە بۆ بەرانبەر، بەڵام ڕەگەزی بەرانبەر پارچەیەک نییە لە ئارەزووی جنسی، بەڵکو پرە لە ھونەری ڕەوانبێژی و ھەستی قووڵ،) ھاندانی گەنج بۆ لادان، قووڵکردنەوەی پرسی ڕەگەزی، ھتد…

لە تێکستی گۆرانییەکاندا نوێنەرایەتی ژن و پیاوی ئازاد ناکەن، بەڵکو نواندنەوەی ژنێکە دەبێت بە خواستی مۆدێل و باس باسی جوانی بێت نەک بانگەشەی ژنێکی ئازاد

ھەروەھا پرسی ئازادی لێرەدا دێتە ئاراوە، ئازادی یەکێکە لەو چەمکە گرنگانەی لەم ساڵانەی دواییدا پشتگوێ خراوە و وەک پرسێک نەکراوە بە بابەتی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە. لە کاتێکدا چەمکی ئازادی ورد و گرنگە، بە بەردەوامی پێویستی بە تێگەیشتن و پێناسە کردنەوە ھەیە، بەڵام ئیستغلال دەکرێت و لە شوێنی جیاوازەوە دەردەکەوێتەوە. بۆیە دەبێت ئازادی، ئازادبوون بێت لە شتێک و ھەنگاوی پشت وشیاربوونەوەیە. ئازادی لە کۆمەڵگەیەکدا نابینرێت کە خاوەنی گەشەیەکی ناسروشتی و پر قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیی بێت، بۆیە لەم قۆناغەی ئێستاماندا بەھۆی تێکەڵاو بوون و نەناسینی تاک خۆی و تاکێکی پر لە دوالیزم و پارادۆکس لەنێوان حەرام و حەڵال، کۆنەپەرست و مۆدێرن، حەز و چەپاندن، ھتد… ھۆیەکە بۆ بڵاوکردنەوەی گۆرانی و تێکستی شیعری ئاست نزم، چونکە سەیری ویستە چەپێنراو و شاردراوەکەی کۆمەڵگە دەکرێت و لەوێوە بۆ زیادکردنی بینەر و گوێگر ھەوڵدەدەن. لە تێکستی گۆرانییەکاندا نوێنەرایەتی ژن و پیاوی ئازاد ناکەن، بەڵکو نواندنەوەی ژنێکە دەبێت بە خواستی مۆدێل و باس باسی جوانی بێت نەک بانگەشەی ژنێکی ئازاد، وەک لە نموونەکەی سەرەوەدا ڕوونمان کردەوە. ھەروەھا لەم دێڕەدا: (دایکی منداڵان-ت بم کابانی ناوماڵ-ت بم.) لێرەدا ژن و پیاو دەلالەت لە ژن و پیاوێکی ئازاد ناکەن کە بتوانن ڕیفۆرم بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی بکەن. پێکھێنەری ژیانێکی ئازاد بن. بۆیە لە ڕێگای تێکستە شیعرییەکانەوە بەردەوام نائاگایی تاکەکان ڕادێت بە قبووڵکردنی ئەو بارودۆخەی ھەیە و درێژەپێدانی.

کەواتە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە لە شیعر و گۆرانیی کوردیی مۆدێرندا ــ (دەبێت خوێنەر لەوە ئاگاداربێت کە لە ڕاستیدا ئێمە لە قۆناغی مۆدێرنەدا نین، تەنھا لە ڕووی بەکارھێنانی ماتڕیال و تەکنەلۆژیادا مۆدێرنین، بەڵام بیرکردنەوە و خەیاڵمان سەر بە قۆناغێکی زۆر کۆنن) ــ جەستە ئامادەگی ھەیە نەک جەوھەر. جەوھەری ژن نادیارە، لێ ئەوەی دیارە و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت ڕوویەکی پۆڕنۆگرافییە کە ڕەنگە چاو تێر بکات نەک ئەقڵ. لەدوای خوێندنەوەی ئەو ھۆنراوانە یان گوێگرتن لەو گۆرانییانە دەتوانین پێناسەیەک بۆ ژن بکەین؟ لە ژن ژیانەوە بووەتە ژنێکی غەریزەیی؟ ناسنامە و شووناسی ژن و پیاو چۆن مانیفێست بووەتەوە لەناو تێکست و ھۆنراوەکاندا و چۆن خۆی دەنوێنێتەوە بۆ چاو و گوێی بیسەر و بینەر؟

سەرچاوەکان:-

١ـ ئەدۆنیس/شاعیر و بیریار و تیۆریست. وەرگێڕانیـ کۆمەڵێک نووسەر.چاپی یەکەم چاپخانەی سەردەم ٢٠١٦ سلێمانی.

٢ـ دەروازەیەک بۆ خودئەڤینی (نەرجسیەت)، زیگمۆند فرۆید، وەرگێڕانیـ وەلید عومەر. چاپی یەکەم ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند ٢٠٢٠ سلێمانی.

٣ـلە چ ئێستایەکدا دەژین؟ مەریوان وریا قانیع.چاپی دووەم. ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە ٢٠١٨ سلێمانی.٤ـ https://www.academia.edu/45184475