قەدەغە قەدەغەیە

دروشم و داواکارییەکانی شۆڕشی ئایاری ٦٨ی فەڕەنسا

بەرایی:

بە دیاریكراوی لە ڕۆژی ٦/٥/ ١٩٦٨زیاتر لە بیست ھەزار خوێندكاری زانكۆكانی فەرەنسا لە پاریسی پایتەخت كۆبوونەوە و ڕێپێوانێكی ناڕەزایەتییان دەست پێ كرد لە دژی نادادی و خراپ بەڕێوەبردنی وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆكانی فەرەنسا، بەڵام دەستتێوەردانی پۆلیس بە شێوەیەكی توندوتیژ بۆ بڵاوەپێكردنی ڕێپێوانەكە كاردانەوەی زیاتری خوێنكارانی لێكەوتەوە و لە ڕۆژانی دواتر ڕێپێوانەكە بوو بە خۆپیشاندان و وردە وردە ھەموو چین و توێژەكانی فەرەنسای لە خۆی گرت بە تایبەتی چینی كرێكاراران، ئیدی گرژی و پشێوییەكی ھەڵەشەیی و خۆپیشاندانی زۆرتری بێ بەرنامەی سەرتاسەریی بەدواداھات و ھەموو فەرەنسای گرتەوە كە ماوەی (٤٢) ڕۆژی خایاند، بە ڕادەیەك چارەنووسی دەوڵەتی فەرەنسی حكومتەكەی بكەوێتەبەر لەناوچوون و جەنگی ناوخۆ دروست بێت، تەنانەت (شارڵ دو گول)ی سەرۆك كۆماری ئەوكاتەی فەرەنسا بە دزییەوە ڕایكرد بۆ ئەڵمانیا.

ئەم خۆپیشاندانانە كە بە ڕووداوەكانی ئایاری ١٩٦٨ ناسراوە كاریگەری مەزنی لەسەر ھەموو بزووتنەوە خوێندكاری وكرێكارییەكانی جیھان دانا.

***

لە سەرەتای مانگی پێنجی ساڵی ١٩٦٨، كۆمەڵێك گرژیی مەدەنی كەوتە نێو شارەكانی فەرەنساوە كە نزیكەی حەوت هەفتەی خایاند، لەو ماوەیەدا خۆپیشاندان و مانگرتنێكی زۆر لە زانكۆ و كارگەكان بەڕێوەچوو، كە بووە ھۆی وەستانی جوڵەی ئابووریی فەرەنسا، ئەو خۆپیشاندانانە لە فەرھەنگی سیاسیدا بە (ڕووداوەكانی مایۆ) ناسرا و بە ڕادەیەك فراوان و بەھێز بوو كە سەرۆكە سیاسییەكانی فەرەنسای تۆقاند لەوەی كە دەشێت خۆپیشاندانەكان پەرەبسێنن بۆ شۆڕش و جەنگی ناوخۆیی لە فەرەنسا دەست پێ بكات، بەم ھۆیەشەوە دوای ڕاكردنی سەرۆكی فەرەنسا (شارڵ دو گول) بۆ وڵاتی ئەڵمانیای ڕۆژئاوای ئەوكات، حكومەتی نیشتمانی فەرەنسی بۆ ماوەیەكی كاتی لە كار كەوت و ئیدی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە بووە ھاندانێك بۆ ھەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەكانی تری جیھان و دروشم و پۆستەر و گۆرانی و چالاكییە ھونەرەكانیشی بە جیھاندا بڵاو بووەوە.

سەرەتا گرژییەكان بە ھۆی زنجیرەیەك مانگرتنی خوێندكارانی زانكۆكان لە دژی سیستمی سەرمایەداری و كەڵكەڵەی بەرخۆری و ئیستیھلاكی و ئیمپریالیزمی ئەمەریكی و دامەزراوە تەقلیدییەكان دەستی پێ كرد، بەڵام سەركوتكردنی توندوتیژانەی پۆلیس بۆ ئەو مانگرتنانە بووە ھۆی ئەوەی كە یەكێتیی سەندیكای كرێكاران بچێتە پاڵ داواكارییەكانی خوێندكاران و بەمەش خۆپیشاندانەكان ھێندەی تر پەرەیان سەند و كار گەیشتە ئەوەی كە یانزە ملیۆن كرێكار بەشدارییان تێدا كرد واتە لە ٪‏٢٢ كۆی ھاووڵاتییانی فەرەنسا لەو كاتەدا.

بەڵام، بزووتنەوەكە ڕێكخستنێكی ھەڵەشە و ناجێگیری نامەركەزی ھەبوو لە لایەن كرێكارانی یەكگرتووی سەربەخۆ كە نەدەچوونە ژێر ڕكێفی ھیچ سەرۆكێك، ئەمەش بووە ھۆی جیاوازی و ناكۆكی لەنێوان سەندیكا كرێكارییەكان و حیزبە چەپەكان، ئەوە گەورەترین مانگگرتن بوو لە ھەموو مێژوویی دەوڵەتی فەرەنسادا و یەكەم مانگگرتنی سەرتاسەریی كرێكارانی یەكگرتووی سەربەخۆ بوو لەسەر ئاستی وڵاتەكە.

ناڕەزایەتییەكانی خوێندكاران و مانگرتنە سەرتاسەرییەكان بە سەركوتكارییەكی بەھێز لە لایەن كاربەدەستانی زانكۆكان و پۆلیس و ھێزەكانی ئەو وڵاتەوە مامەڵەكران.

ھەوڵەكانی حكومەتەكەی (دو گول) بۆ ئارامكردنەوەی دۆخەكە بە پشت بەستن بە ھێزی پۆلیسی دژە ئاژاوە ھێندەی تر دۆخەكەی خراپتر كرد و بووە ھۆی دروستبوونی پێكدادان لەنێوان خوێندكاران و پۆلیس لە ھەموو شەقامەكانی پاریسدا بە تایبەتی لە گەڕەكی (لاتین)دا.

ڕێكاری ڕووداوكان لە كۆتاییەكانی مانگی پێنجدا گۆڕانكاری بەسەر ھات و بەھۆی چەند ڕێكکەوتنێك كە لەنێوان حكومەت و خوێندكاران و سەندیكای كرێكاران كرا كە بە ڕێكکەوتنەكانی (گرۆنێل) ناسراوە لە ٢٧/٥/ ١٩٦٨ واژۆ كرا، تیایدا كرێكارەكان بە ڕادەیەكی باش كرێكانیان زیادی كرد.

بەڵام (یەكێتیی دیموكراتخوازان لە پێناو كۆماری)دا كە حیزبەكەی (دو غول)ە لە خۆپیشاندانێكی پێچەوانەدا لە ڕۆژی ٢٩/٥/١٩٦٨ لە ناوەڕاستی پاریس كردیان و متمانەیان بۆ سەرۆك (دو گول) گەڕاندەوە، تا بتوانێت پەرلەمانی فەرەنسی ھەڵبوەشێنێتەوە و بانگەشە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بكات لە ٢٣/٦ ی ھەمان ساڵدا.

ئیدی دوای ئەم ڕێککەوتە ڕادەی گرژییەكان بە ھەمان ڕادەی خێرایی دەستپێكردنیان خاو بوونەوە و كرێكارەكان چوونەوە سەر كارەكانی خۆیان و حیزبەكەی (دو گول)یش لە دوای ھەڵبژاردنەكان بەھێزتر بوو.

كاریگەری ڕووداوكانی ١٩٦٨ تا ماوەیەكی زۆر لەسەر كۆمەڵگەی فەرەنسی دیار بوون، ئەو ماوەیە بە خاڵی  گۆڕانكاریی كولتووری و كۆمەڵایەتی و ئەخلاقی لە مێژووی وڵاتەكە دیاریكراوە و تەنانەت یەكێك لە سەرۆكەكانی خۆپیشاندانەكان كە ناوی (گیمار) ە دەڵێت: “خۆپیشاندانەكان شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی بوو نەك سیاسی”.

لێرەوە ئەو لادانە فیكرییە دەستی پێ كرد كە ناوی دەبەین بە (پۆست بونیادگەری) كە ڕاستەوخۆ ڕابەرایەتی (خود)ی ھەڵوەشاندنەوە و دیكۆنسترەكتی مەدلول و مانای كرد و یاری بە دەلالەتەكان كرد و سەنتەریزمی لەناو برد و بەیانی مەرگی مرۆڤی دەركرد.

خۆپیشاندانەكانی خوێندكارانی ١٩٦٨ شۆكێكی كولتووری مەزن بوو كە بووە ھۆی لێپرسینەوە لە فەلسەفەكانی (بوونگەرایی، ماركسیزم و فەلسەفە مرۆیی وعەقڵانییەكان بەیەكەوە).

پۆست بونیادگەری ئەو كەلەپوورەیە كە ئێستا گەیشتۆتە ئێمە و بەھۆیەوە چەمكی مەعریفی نوێی داھێناوە وەك ( پۆست مرۆڤگەری، ترانس ھیومانیزم، واتە دوورتر لە مرۆڤ، یاخود ئەو مرۆڤە پەرەسەندووەی كە بە نیازی نەمرییە)، سایبۆرگ (واتە ئەو مرۆڤەی كە بەشێكی جەستەی ڕۆبۆتە)، كە لە ھەندێك دروشمی خوێندکارانی فەرەنسای ساڵی ١٩٦٨ دەگوترایەوە.

كارێكی سەختە کۆکردنەوەی ھەموو دروشمەكانی ئەو ساڵە كە بزووتنەوەی خوێندكاران و كرێكارانی فەرەنسا لەسەر  قوماش و پالێت و دیوارەكان دەیاننووسی، چونكە سەرەڕای گەورەیی و فراوانی  بزووتنەوەكە بەڵام خۆڕسكانە بوو، ھەڵەشەیی و بێ بەرنامە بوو ھەروەھا ئەو دروشمانەش كە لە دوو سێ ساڵی دوای كۆتاییھاتنی خۆپیشاندانەكان ھەر دەخرانە سەر بزووتنەوەكە.

لێرەدا زۆرینەی دروشمەکان دەکەینە کوردی؛ دروشمەکان وەک دەبینن بەشێکیان وتەی فەیلەسوف و نووسەر و شاعیرەکانە و، هەندێ جار بەرپرچدانەوەی وتە و باوەڕێ نووسەر و فەیلەسوفەکانیشە.

ژان پۆل سارتەر و سیمۆن دۆ بۆڤار لە کاتی دابەشکردنی بڵاوکراوەی خۆپیشاندانی ئایاری ٦٨

بەشی یەکەم لە دروشمەكان:

– بڕووخێت كەوڵەكۆنی ستالینیزم.

– بڕووخێت كۆمەڵگەی بەرخۆر.

– بڕووخێت كۆمەڵگەی نمایش و بازرگانی.

– بڕووخێت ڕیالیزمی سۆشیالی.

– بژی سوریالیزم.

– بڕووخێن ڕۆژنامەنووسان و بەڕێوەبەرەكانیان.

– بڕووخێت دەوڵەت.

– بڕووخێت سادەكاری.

– بژی ئەو شتانەی  زوو كۆتاییان دێت. [واتا: شتەكان لەسەر یەك فۆرم نەمێننەوە].

– بژین لاوانی ماركسی ڕەشبین.

– بژی یەكێتیی كرێكارانی جیھانی.

– بڕووخێت جیھان و دنیای كۆن.

– بڕووخێت كوتلە پەرلەمانییەكان، زیرەكی لایەنگری بۆرجوازەكانە و ئەفراندن لایەنگری جەماوەرە ئیدی دەنگ مەدەن بە ھەڵبژاردنەكان.

– بڕووخێت كۆمەڵگەی چینایەتی.

– كردەوە نابێت كاردانەوە بێت، بەڵكو دەبێت ئەفراندن بێت.

– دەبێت كردەوە، جیاوازییەكان وەلانێت و چارەسەرەكان بدۆزێتەوە.

– ئەوەی كە جەخت لەسەر شتەكان دەكاتەوە دەستدرێژیكەرە.

– ئەوەی سەركوتكاری دەكات دەستدرێژیكەرە.

– سێكس بكەن و یەكترتان خۆش بوێت.

– مەی خراپە، ئێل ئێس دی[مادەیەكی ھۆشبەرە] باشە.

– چاخی زێڕین ئەو چاخە بوو كە تیایدا زێڕ حوكمی نەدەكرد، ھەمیشە زێڕ لە پیسییەوە دێت.

– كاتێك سیاسییەكان بڕیاری لێخۆشبوون دەردەكەن بۆ ئەوەیە كە تاوانی فەرمانڕەواكانی پێ بشارنەوە.

– دەوڵەت سزای ئەو لادەر و پیاو خراپانە نادات كە سزاكەیان تێچووی زۆری دەوێت.

– ئانارشی منم.

– ئەگەر خوێندكار لە ھەموو بوارەكاندا خۆی بە خەباتگێڕ بزانێت، خوێندكارێكی بێ توانایە.

– ئەوكاتە ڕەخنە چەكە، كە ڕەخنە لە چەك بگرێت.

– جیھان بوەستێنن، دەمەوێت دابەزم.

– ھونەر مرد،  تەنانەت “گۆدار[1]“یش ھیچی پێ ناكرێت.

– ھونەر مرد ئیدی با ژیانی ڕۆژانەمان ئازاد بكەین.

– ھونەر مرد لاشەكەی مەخۆن.

– ئاگاداربن ھەلپەرستەكان لە پێستی سۆشیالیزمدا خۆیان دەردەخەن.

– “ئاگاداربن، گەمژەكان دەوریان داوین با زوو بەرپەرچی نمایشی درۆزنەكان بدەینەوە”.

 (لە “ئەندرێ بریتۆن[2]ەوە سروودێك بۆ “شارل فۆرییە“)[3].

– بەڕێوەبەرێتی خۆسەر بۆ ژیانی ڕۆژانە.

– جاران خاش خاش[4]مان ھەبوو ئێستا شۆستەكان.

– پێش ئەوەی بنووسن فێری بیركردنەوە بن.

– چاكەتی چەرم بۆ فرۆشتن تایبەتە بە خۆپیشاندان، گرەنتی دژە پۆلیس نرخی١٠٠ فرەنك.

– ببنە خاوەن فیكر.

– لەناو خۆتاندا سێكس بكەن باشترە لەوەی ئەوان لاقەتان بكەن.

– چەپڵە لێ مەدەن، نمایشی درۆینە زۆر بووە.

– بەرد و بلۆك شەقام دەگرن، بەڵام ڕێ دەكەنەوە.

-پەروەردە بە دار[هەڕەشە] نابێت، دار تەنھا كەمتەرخەمی دروست دەكات.

– چەند جوانە ژیان لە دژی مانەوە. [واتە؛ مەژی بۆ مانەوە بژی بۆ گۆڕان]

– ڕەنگی شین ھەر ڕەساسی دەنوێنێت ئەگەر سەرلەنوێ دروستی نەكەینەوە.

– دڵخۆشی بیرۆكەیەكی نوێیە.

– سەرۆكێكی باش و شیرینمان دەبێت ئەگەر ھەریەك لە ئێمە سەرۆكی خۆمان بین.

– ئیشی بۆرژوازیەت تەنھا ڕیسواكردنی مرۆڤە.

– ھەڤاڵان ڕۆژی پێنج سەعات بنوون پێویستمان بە ئێوەیە بۆ ئەم شۆڕشە.

– ھەڤاڵان سیخوڕەكان لاقە بكەن.

– ھەڤاڵان با “سیجی”[5] لە سێدارە بدەین.

– تەنازولێكی كەم واتە خۆ بەدەستەوەدانێكی زۆر.

– میرات كردن مەترسیدارە، ئێمە ھەر ژیری باو باپیرمان میرات نەكردووە بەڵكو گەمژەییەكانیشیانمان میرات كردووە.

– نا بۆ خاوەندارێتی، بەھۆی خاوەندارێتییە كە جەنگ و فیتنە و ستەم ھەیە.

blank

“لە ناخی ھەریەك لە ئێمەدا پۆلیسێك خەوتووە، دەبێت بیكوژین” دروشمێکی خوێندکارانی ئایاری ٦٧ پاریس

– ھێشتا كارەكەمان تەواو نەبووە.

– ئەوانەی لەم شۆڕشەدا دەرگاكانیان دادەخەن ترسنۆكن و دوژمنن.

– ئەوانەی نیوە شۆڕش دەكەن، بە دەستی خۆیان گۆڕی خۆیان ھەڵدەكەنن.

– ژیان بگۆڕن بەوەی كە چۆنییەتی ژیانكردنتان بگۆڕن.

– پۆلیس لە سەرتان دەربكەن.

– ئەوانەی باسی شۆڕش و ململانێی چینایەتی دەكەن بەبێ ڕەچاوكردنی واقیع زمانیان مردووە.

– تەنھا شۆڕشگێڕێك ھەبێت، مەسیحە.

– جەنگ باوكی ھەموو شتێكە.

– لە سایەی مینبەردا ناتوانیت ئازادانە بیر بكەیتەوە.

– ململانێ لە دژی مامۆستا خراپەكان ئەوەیە كە تۆ پرسیارەكانی تاقیكردنەوە دابنێیت.

– كۆنزەرڤاتیڤ(پارێزخوازی) واتە بۆگەنی و ناشیرینی

– تا زیاتر بەرخۆر بن، كەمتر دەژین.

– بەرپاكردنی شۆڕش واتە شكاندنی ھەموو كەلەپچەكانی ناخ.

– ھەڤاڵ ڕابكە، ئەوەی لەدواتەوە جێی دەھێڵیت جیھانی كۆنە.

– ھەڤاڵ ڕابكە، حیزبی كۆمۆنیستی لەدواتەوەیە.

– ڕابكە گەمژە، خاوەنكار چاوەڕێتە.

– خولقاندنی مردن واتە خولقاندنی ژیان.

– كولتوور دژە ژیانە. بڕووخێ کولتوور.

– لە شۆڕشدا دوو جۆر كەسان ھەن: ئەوانەی دروستی دەكەن و ئەوانەی لێی دەخۆن.

– لە جامخانەی دوكان و ماركێتەكاندا، چاو بە تەنھا كاڵا و نرخ دەبینێت.

– لەو ڕێگایانە سەركێشی بە ھەنگاوەكانت بكە كە كەسی پێدا نەڕۆشتووە و لەو بوارانەشدا كە كەس بیری لێ نەكردۆتەوە سەركێشی بە سەرت بكە.

– ڕابن ئەی ئەشكەنجەدراوانی زانكۆ.

– قۆپەچی سەرتان بە ھێندەی قوپچەی پانتۆڵەكانتان بكەنەوە.

– با مەسیحیەت لە زانكۆی سۆربۆن داماڵین.

– ئەوە دە ڕۆژ لە خۆشی تێپەڕی. [دوای دە ڕۆژ لە خۆپیشاندان]

– حەزكردن شتێكی باشە، بەڵام  حەزەكانت بكەیتە واقیع ئەوە باشترە.

– ئەی خودا: گومانم ھەیە ڕۆشنبیرێكی چەپ بیت.

***

لەدوای یەك مانگ لە بەگژداچوونەوە لەنێوان خوێندكاران و كاربەدەستانی زانكۆ بەڕێوەبەرێتی زانكۆی “پاریس” كە ئێستا ناوەكەی گۆڕردراوە بۆ زانكۆی “لادیفوس” داواكاری خوێندكاران بێ ئەنجام مایەوە.

 لە ڕۆژی ١٩٦٨/٥/٣ خوێندكاران گردبوونەوەیەكیان لە حەرەمی زانكۆی “سۆربۆن”دا  ئەنجام دا بۆ نارەزایەتی دەربڕین لەسەر ھەوڵی دەركردنی چەند خوێندکارێک لە خوێندن، بەڵام پۆلیسی فەرەنسی زۆر بە توندی گردبوونەوەكەیان بڵاوە پێ كرد.

لە ڕۆژی ١٩٦٨/٥/٦ یەكێتیی خوێندکارانی فەرەنسی كە تا ئێستاش گەورەترین یەكێتیی خوێندکارانە لە فەرەنسا لەگەڵ یەكێتیی مامۆستایانی زانكۆی فەرەنسی داوای ڕێكخستنی ڕێپێوانێكی ناڕەزاییان كرد و ئەوەبوو زیاتر لە بیست ھەزار خوێندكار و مامۆستا بەرەو “سۆربۆن” بەڕێ كەوتن، بەڵام پۆلیس ڕێگەكەی گرتبوو و بە دار و گازی فرمێسكڕێژ لە خوێندكارەكانیان دا، ئەوە بوو خوێندكارانیش لەبەرانبەردا ئەوەی لەبەردەستیان بوو ڕێگاكانیان پێ گرت و بە بەرد وەڵامی پۆلیسیان دایەوە و پۆلیس پاشەكشەی كرد. دواتر پۆلیس ھێرشی كردەوە و بە سەدان خوێندكاریان دەستگیر كرد.

سەندیكا و قوتابی قوتابخانە ناوەندییەكانیش چوونە پاڵ خۆپیشاندانەكان ڕۆژی دواتر سەندیكای كرێكارانیش چوونە خۆپیشاندانەكانەوە و ئەم داواكارییانەیان بەرز كردەوە:

١. دەبێت ھەموو تۆمەتە تاوانكارییەكان لە ئەستۆی خوێندكارە دەستگیركراوەكان لاببرێن.

٢. دەبێت پۆلیس لە حەرەمی زانكۆ بچێتە دەرەوە.

٣. دەبێت كاربەدەستان ھەردوو زانكۆی (نانتیر و سۆربۆن) بكەنەوە.

بەڵام حكومەت داواكارییەكانی جێبەجێ نەكرد، ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی كە خوێندكاران زیاتر توڕە بن و داوای ڕاپەڕین و شۆڕشیان كرد.

لە ١٩٦٨/٥/١٣ سەرەڕای جیاوازی داواكارییەكان لەنێوان خوێندكاران و كرێكاران خۆپیشاندانەكان گەیشتە كارگەكانیش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیاێر لە دووسەد ھەزار كرێكار مانیان گرت ئەمەش پەرەی سەند بۆ مانگرتنی سەرجەم بوارەكانی ئابووریی فەرەنسی و فەمانبەران و پیشەسازی و یەكەی خزمەتگوزارییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تری گرتەوە، خوێندكاران بینای زانكۆكانیان گرت و مانگرتنەكان سێ بەشی كەرتی كرێكاری لە وڵاتدا گرتەوە.

بەشی دووەمی دروشمەکان

– گوتار-  دژە شۆڕشە.

– مافی ژیان دەسەندرێت و نادرێت.

– مادام ئابووری بریندارە با بمرێت.

– لە ھەموو شوێنێك بنووسن.

– ئەوەی پەروەردە كردن دەكات، دەبێت خۆی پەروەردە بكرێت.

– ھەڵبژاردن، داوە بۆ گەمژەكان.

 – دەبێت ئازادیی مرۆڤ ڕەھا بێت، نەك بەش بەش.

– تفەنگەكەت بە دەستەوە بێت و خۆشەویستیش لە دڵی خۆتا دەرمەكە.

– دوژمنی بزووتنەوەكەمان گومانە، ئەوەی بەدەستی دەھێنین لە خۆڕسكەوەیە.

– كۆڵدان دژی شۆڕشە.

– قین لەدڵ بن و توڕە.

– بە ھیچ جۆرێك پەشیمان مەبنەوە.

– ئەی ئومێد كۆڵ مەدە و زیاتر وەرە پێش.

– ئەو كەسەی كە دەزانێت توانای بەگەڕخستنی ژیانی خۆی نییە و ھیچ دەسەڵاتێكی نییە كەسێكی پرۆلیتارە.

– ئایا ئێوە بەرخۆرن یان بەشدارن.

– ئەو كەسە ئازادە كە ئێستا لە خۆپیشاندانەكاندایە.

– كەسی كۆنەپارێز نایەوێت گۆڕان ڕووبدات.

– قەناعەت بەوەی كە ھەژارین مانای ئەوە نییە كە دەوڵەمەندین.

– چی دەبێت ئەگەر سۆربۆن بسووتێنین.

– دەوڵەت بریتییە لە ھەموو یەكێك لە ئێمە.

– خوێندكاران گەمژەن.

– پێداگری واتە داھێنان.

– پێداگری چەكە.

– تاقیكردنەوەكان یەكسانن بە ملكەچی و، كۆمەڵگەی ھیراركی.

– با سودفە ئەزموون بكەین.

– ئاگات لە گوێت بێت دیواری ھەیە[6].

– خۆشەویستی و سێكس بكەن و دەست پێ بكەنەوە..

– شەرم لە نیازە گڵاوەكانتان بكەن.

– بە ئاگر سەر دەكەوین.

– زانكۆ كۆتایی ھات.

– لە ناخی ھەریەك لە ئێمەدا پۆلیسێك خەوتووە، دەبێت بیكوژین.

– دارستان پێش مرۆڤ ھەبووە لە دوای مرۆڤیش بیابان دەبێت.

– گرنگی بە سنوور مەدەن.

– كرێكار بەبێ كار تێك دەشکێت .

– مرۆڤ كێوی نییە (ڕۆسۆ)[7]ی شیرین، مرۆڤ لادەری دین نییە ئەی (ڕۆشفوكۆ)[8] بەڵكو مەۆڤ دڕندەیە، كاتێك ستەم دەكات و پەپولەیە كاتێك خۆشەویستی دەكات.

– مرۆڤ نە گەمژەیە نە ژیرە، مرۆڤ یان ئازادە یان كۆیلەیە.

– مرۆڤ دەكرێت بە پۆلیس، بە بلۆك، بە ڵام ناكرێت بە مرۆڤ.

– ھیچ كات مرۆڤایەتی كامەران نابێت ھەتا دواھەمین سەرمایەدار بە ڕیخۆڵەی دواھەمین چەپڕەو لە دار نەدرێت.

– ھیچ كات مرۆڤایەتی كامەران نابێت ھەتا دواھەمین سەرمایەدار بە ڕیخۆڵەی دواھەمین بیرۆکراتیەك لە سێدارە نەدرێت.

– لێرە ئێمە ھەڵەشەیی خۆمان دەكەین.

– زۆر بە ئازارە بەرگری لە دەسەڵاتداران بكەین و لەوەش خراپتر خۆمان ھەڵیانبژێرین.

– قەدەغە قەدەغەیە.

 – مرۆڤ دەبێت لەناخی خۆیدا فەوزایەكی ھەڵگرتبێت تا بتوانێت ئەستێرەیەك پێشكەش بە جیھان بكات. (نیتشە)

– دەبێت بە شێوەیەكی میتۆدیانە سودفە بدۆزینەوە.

– ھیچ بیرێكی شۆڕشگێڕی نییە تەنھا كردەوەی شۆڕشگێڕی ھەیە.

– لەمەودوا دوو جۆر لە گەنجان ھەن چوارپێ و شۆڕشگێڕ، لە كاتی ھاوسەرگیریشیاندا شۆڕشگێڕی چوارپێیان دەبێت.

– پەروەردەكردن سانسۆرە.

– ئەگەرچی ھەموو گوڵەكان دەبڕن بەڵام ناتوانن ڕێ لە ھاتنی بەھار بگرن.

– لە فەرەنسا سی و ھەشت ھەزار كۆمۆنە ھەیە كەچی ھێشتا ئێمەی خوێندكار پلە دووین.

– نەھێشتن قەدەغەیە، ئازادی بە قەدەغە دەست پێ دەكات: ئەویش بە قەدەغەكردنی دەستكاری ئازادیی ئەوانی تر دەبێت.

– بێڕێزیكردن بە شتە كۆنەكان چەكی نوێی شۆڕشە.

– خەیاڵ دەسەڵاتی داگیر كردووە.

– خەیاڵ خۆی دەشارێتەوە.

– خەیاڵ بەھرە نییە بەڵكو بابەتێكە بۆ جیاوازی. (ئەندرێ بریتۆن)

– لادانی سێكسی نوێ دروست بكەن ئیتر من ناتوانم.

– شتێكم ھەیە دەمەوێت بیڵێم، بەڵام نازانم چییە.

– حەزم بە نووسینی سەر دیوارەكان نییە.

blank
خوپیشاندانەکانی ئایاری ٦٨ لە شاری مارسێی فەڕەنسا

– بێزارم لە كۆمەڵگە، كۆمەڵگەش باش ئەمە دەزانێت و زیاتر بێزارم دەكات.

– ھیچ نازانم جگە لە نووسین، دەشمەوێت شتی جوان بڵێم بەڵام نازانم.

– من خزمەتكاری كەس نیم تەنانەت خزمەتكاری گەلیش نیم، گەل خۆی خزمەتی خۆی دەكات.

– من بەشدارم، تۆ بەشداریت، ئەو ئێمە ئێوە بەشدارن.

– من دەفڕم چونكە حەشیشم کێشاوە.

– حەزەكانی خۆم بە شتێكی واقیعی دەزانم ، چونكە بڕوام بە واقیعی بوونی حەزەكانم ھەیە.

– حەز دەكەم گەمژەیەكی دڵخۆش بم.

– من ماركسیم سەر بە بزووتنەوەی “گرۆشۆ”[9].

– ھاتم و بینیم و بڕوام كرد.

– وەك بەرد بڵێ خۆشم دەوێی.

– ھەر كچە قژ سوورەكان جوانترن.

– گەنجەكان سێكس دەكەن و پیرەكانیش ئاماژەی بێشەرمانە دەدەن.

– ھەر ئێستا و لێرەدا ڕابوێرن.

– بەبێ لەمپەر ڕابوێرن، لە زەمانی مردوودا مەژین، بەبێ فێڵ سێكس بكەن.

***

لەدوای ڕووداوەكان، ھەستی شۆڕشگێڕانەی خوێندکاران خامۆش بووەوە و ئەو كرێكارە مانگرتووانەش كە پۆلیس لە كارگەكان دەری كردبوون چوونەوە سەر كارەكانیان و یەكێتیی خوێندكارانی فەرەنساش كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان ھێنا و حكومەتیش ھەندێك لە ڕێكخراوە چەپەکانی یاساغ كرد و پۆلیس لە ڕۆژی ١٦/٦/١٩٦٨ زانكۆی سۆربۆنی گرتەوە.

حیزبەكەی (دو گول) بە پێچەوانەی ترسەكانی، زۆرترین دەنگی لە ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەكاندا ھێنا لە مێژووی فەرەنسادا و لە كۆی (٤٨٦) كورسی (٣٥٣) كورسی بەدەست ھێنا، بەرامبەر بە (٣٤) كورسی كۆمۆنیستەكان و (٥٧) كورسی بۆ سۆشیالیستەكان.

blank
“خۆشەویستی بكەن نەك جەنگ” دروشمێکی خوێندکارانی ئایاری ٦٨

بەشی سێیەمی دروشمەكان

– با ئاژەڵی (گا) لە ڕەنگی سوور بترسێت و ئاژەڵی ساتلینیش لە ڕەنگی ڕەش بترسێت.

– فرمێسكی داخ لەدڵان ھەڵاڵەی خودایین.

– ئازادی واتا درك كردن بە پێویستی.

– ئازادی تاوانی ھەموو تاوانەكانە، ئازادی تەنھا چەكی ئێمەیە.

– ئازادی واتا مافی بێدەنگ بوونت ھەبێت.

– ئازادیی ئەوانی تر ئازادیی منیش زۆرتر دەكات.

– ئازادی شتێك نەبوو كە پێشتر ھەمان بێت، بەڵكو ئازادی ئەو شۆڕشە بوو كە یاسا و شەریعەتەكان و لایەنگیرییەكان و نەزانی نەیانھێشت بەدەستی بھێنین.

– با تێبكۆشین تا پیاوسالارەكان بە بیانووی ئەوەی كە ئێمە سۆز لاوازی كردووین نەبێتە ڕێگری لە ئازادیمان، ئەنجومەنی ئازادی ژنان.

– مامۆستاكانتان تۆمەتبار بكەن.

– كاڵا بسووتێنن.

– كاڵا ئەفیونی گەلانە.

– خۆشەویستی بكەن نەك جەنگ.

– ئەگەر خودا ھەشبوایە، دەبوایە بکوژرایە.

– ئارەزووەكانم واقیعی خۆمن.

– پۆلیسەكان بە ئوتومبێلەكانتان بشێلن.

– ئەی ملیۆنێرەكانی جیھان یەكگرن قازانج ڕێڕەوی خۆی گۆڕیوە.

– مردن بۆ خەمساردەكان.

– مردن شۆڕشێكی پێچەوانەیە.

– بزووتنەوەكان ھاوسۆزی دەكوژن.

– سروشت بۆ ئەوە دروست نەبووە خزمەتكار یان سەرداری ئێمە بێت، بۆیە منیش حەز ناكەم نە یاسا دەربكەم نە یاساشم بەسەردا بسەپێنن.

– با بەكاربەرانی ژیان نەگۆڕین بەڵكو، بەكارھێنانی ژیان بگۆڕین.

– با ماركس نەخۆین.

– ئازادم مەكە، من خۆم خۆم ئازاد دەكەم.

– ئیدی باڵابەر( ئەسانسۆر) بەكار مەھێنن خۆتان دەسەڵات بگرنەدەست.

– ھەرگیز كار مەكەن.

– (گوو) بار مەكەن، بەڵكو بە دەسەڵاتدارانی باربكەن.

– نەھلیزم دەبێت لە خودی كەسەكەوە دەست پێ بكات.

– نە سەردار و نە خودا، بەڵكو من خودام.

– نە خودا! نە سەرۆك! نە دەوڵەت! نە خاوەنی كار! بەڵكو دیموكراسیی ڕاستەوخۆ و بەڕێوەبەرێتی خۆسەر.

– نە ڕۆبۆت و نە كۆیلە.

– نا بۆ شۆڕشێك بە بۆیمباخەوە بكرێت.

– ھیوای ئێمە تەنھا لە كەسە بێھیواكانەوە دێت.

– چەپی فەرەنسی لە مێژوو كۆنترە.

– پشووی ڕاستەقینەی ئێمە ئەوكاتە بوو كە بەبێ بەرانبەر ڕێپێوانەكانمان دەبینی و دەمانتوانی ئازادانە لە ناوەڕاستی شەقامەكاندا ئاگر بكەینەوە بەبێ ئەوەی پۆلیس ڕێگریمان بكات.

– جیھانێكمان ناوێت نەمر بین تیایدا و بێزاری بمانكوژێت.

– ئێمە دڵنیاین كە چیتر ٢+٢ ناكاتە چوار.

– ئێمە ھەموومان حەزپێنەكراو و نەویستراوین.

– دەمانەوێت سیستمێك بین بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی نەك مرۆڤێك بین بۆ خزمەتی سیستم.

– دەمانەوێت چێژ لە ژیان ببینین نەوەك ئازار و مەینەتی.

– موزیكی ڕۆكمان دەوێت و زوو بڕوات، دەمانەوێت نوێكاری بكەین،: و نەچینە ئاھەنگە مۆسیقاییەكان و كۆبوونەوەی دەنگ بەرزەكان و گرووپە توێژینەوەكان، دەمانەوێت مافی نووسەر نەھێڵین، و دەنگ ھی ھەمووكەسێكە.

– دەمانەوێت بژین.

– پێداگری شۆڕشە و حەقیقەتیش شۆڕشە.

– گوێڕایەڵی لە ئاگاییەوە دەست پێ دەكات و ئاگاییش لە یاخیبوونەوە دەست پێ دەكات.

– كارگەكان داگیر بكەن.

– نەھێڵیت دڵخۆشییەكەت بكڕن بەڵكو خۆت دڵخۆشی خۆت بدزە.

– چیتر كاتێك بۆ نووسین نەماوە.

– نە درۆ ڕەش دەبێتەوە نە حەقیقەت.

– داوای ھیچ ناكەین بەڵكو خۆمان ئەوەی بمانەوێت دەیبەین.

– ھەو ئەوشتانەی فێری بوون لە یادی بكەن، خەون ببینن.

– یان دەبێت دەست بگرن بەسەر ھەموو كارگەكان و ئۆفیسەكان و بانكەكان، یان دەبێت ون ببن بەبێ ئەوەی ھیچ شوێنەوارێك بەجێبھێڵن، شۆڕش پێویستی بە پارەیە، ئێوەش پێویستتان بە پارەیە، بچنە سەر بانكەكان خۆتان ڕێك بخەن بەڵام  حیزب دروست مەكەن. (بانی و کلاید)

– پەنجەری دڵتان بكەنەوە.

– با دەرگای زیندانەكان و پەناگەكان و زانكۆكان بشكێنین.

– ھەرچەند ئێستا تەمبەڵی تاوانە، بەڵام مافیشە.

– خۆتان شەقامەكان پاك بكەنەوە پێویست ناكات بە ژنانی كارگوزاری بكەین.

– ئازادی نییە بۆ ئەوانەی كە دژی ئازادین.

– نا بۆ چارەسەری كاتی چونكە سیستمەكە خۆی بۆگەنە.

– خاوەن كار پێویستی بە تۆیە، تۆ پێویستت بە خاوەن كار نییە.

– بیری كۆن بۆگەن دەكات.

– بە یەكە بیر بكەینەوە، نەك بە یەكەوە پاڵ بنێین.

– نانی بەیانی سكی برسی ئەمڕۆم تێرناكات.

– لە ڕیفراندۆمدا گەر بڵێیت بەڵێ یان نەخێر لە ھەردووكیاندا ھەر گەمژەیت.

– ھەتا زیاتر خۆشەویستی بكەیت، زیاتر شۆڕش دەكەیت، ھەتا زیاتر شۆڕش بكەیت زیاتر خۆشەویستی دەكەیت.

– شیعر لەسەر شەقامەكان باشە.

– سیاسەت لەسەر شەقامەكان باشە.

– پێش ئەوەی پرسیار لەو كۆمەڵگەیە بكەین كە تیایدا دەژین، دەبێت پرسیار لە خودی خۆمان بكەین.

– دەسەڵات زانكۆی ھەبوو، خوێندكاران لێیان سەندەوە، دەسەڵات كارگەی ھەبوو، كرێكاران لێیان سەندەوە، دەسەڵات تیڤی و ڕادیۆی ھەبوو، ڕۆژنامەنووسان لێیان سەندەوە، دەسەڵات تەنھا دەسەڵاتی ماوە لێی بسەننەوە.

– دەسەڵات لەسەر لولەی تفەنگە، ئایا تفەنگ لەسەر لولەی دەسەڵاتە.

– تۆ خۆت دەسەڵاتت بەسەر ژیانی خۆتا ھەیە نەك دەسەڵات.

– گرنگی بە شۆڕش بدەن نەك بە خۆتان.

– ئەی وانەبێژانی زانكۆ ئێوەش دەتانەوێت ئێمە وەك خۆتان پیر بكەن.

– كاتێك پەرلەمان دەبێتە شانۆیەكی بۆرجوازی، ئەوكاتە دەبێت ھەموو بینای شانۆ بۆرجوازییەكان ببنە بینای پەرلەمان.

– كاتێك ستەم دەبێتە یاسا ئەوا شۆڕش دەبێتە ئەرك.

– ئایا، بە لە سێدارەدارەدانی دواھەمین زانای سۆسیۆلۆژ بە ڕیخۆڵەی دواھەمین بیرۆكراتی ھیچ كێشەیەكمان دەمێنێت.

– كاتێك بە پەنجەت ئاماژە بۆ مانگ دەكەیت، گەمژەكان سەیری پەنجەت دەكەن نەك مانگ. ( پەندێكی چینی).

– باسكردنی خۆشەویستی، خۆشەویستی دەكوژێت.

– سەیری كارەكەت بكە، دەبینیت پڕە لە ئازار و ئەشكەنجە.

– ڕێز ون دەبێت، بەدوایدا مەگەڕێن.

– ئەوكاتە شۆڕش دەوەستێت كە پێویست بكات گیانی خۆمانی بۆ بەخت بكەین.

– ئەو شۆڕشەی كە داوای خۆ بەختكردن دەكات شۆڕشێكی (پاپا)ییە. [واتە شۆڕشێكی دینی و ئایدیۆلۆژییە].

– نامەوێت لەو كاتەدا ژیانم لەدەست بدەم ئەوكاتەی كە بەدەستی دەھێنم.

– شۆڕش پێشنیارە.

– شۆڕش دەبێت لەناخی كەسەكاندا دروست بكرێت نەك لە شتەكاندا.

– كەس باوەڕ بە شۆڕش ناكات، چونكە شۆڕش حەقیقەتە.

– تەنھا شۆڕشی پرۆلیتاری شۆڕشێكی فیكری باڵایە.

– موقەدەس دوژمنە.

– ئەگەر لە بری ئەوانی تر بیر بكەنەوە ئەوا ئەوانی تر لە بری ئێوە بیر دەكەنەوە.

– ھەموو مامۆستایەك فێرخوازە و ھەموو فێرخوازێك مامۆستایە.

– ھەمووشتێك دادائیزمە[10].

– ھەر بینینی شتێك بینینێكی نامۆ نەبێت ئەوا ئەو بینینە ساختەیە. (ڤالێری)

– ھەموو دەسەڵاتێك گەندەڵە، دەسەڵاتی ڕەھاش گەندەڵی ڕەھایە.

– ھەموو دەزگایەكی چاكسازی، ھەلپەرستە.

– ئەی كرێكار تەمەنت ٢٥ ساڵە، بەڵام سەندیكاكەت لە سەدەی پێشووە.

– وا بای ڕەش ھەڵدەكات پێویستە ژیان تاقی بكەینەوە.

blank
ئایاری ١٩٦٨ پاریس، فۆتۆ: ژان کلۆد سێن

– ژیان لە جێیەكی ترە.

– مشكەكوێرەی مێژوو، دیسانەوە سۆربۆن دەخواتەوە.

– ئەو شتە لەناو بەرن كە ڕەنگە ڕۆژێك كاری ئێوە لەناو بەرێت. (ماركیز دو ساد).

– بژی ئەنجومەنی كرێكاری لەھەموو بوارەكانی ژیاندا..

– لە ئێستادا بژین.

– ئێوەش دەتوانن بفڕن.

– ئێوە بۆشن.

– ئێوە دژی ھێزێك وەستاونەتەوە، ئاگاداربن با نەبێتە شەڕی ناوخۆ.

– دواجار تەنبەڵی و پشوودان ھەمووتان دەكوژێت.

– دیوارێكی سپی واتە گەلێكی ڵاڵ.

– كاتێك باوكەكان دەنگ دەدەن كوڕەكان پێك دەخۆنەوە.

– ئەمە تەنھا سەرەتایە و بەردەوام دەبین لە جەنگ و تێكۆشان.

– با تیڤییەكان دابخەین و چاومان بكەینەوە.

– پۆلیس ھەموو شەوێك لە كاتژمێر ھەشت لە تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆوە قسە دەكات، گوێیان لێ مەگرن.

– سۆربۆن ھی ئێمەیە.

– ئێمە دەسەڵاتین.

– ویستی گشتی نەك ویستی ژەنراڵ. [مەبەستیان ژەنراڵ دو گولی سەرۆک کۆمارە]

– من دڵم بە بەردی سەرشەقامەكان خۆشە.

– پلەبەندی وەك چەكمەجەی كەنتۆر وایە  تا بەرز بێتەوە، سوودی كەمتر دەبێتەوە.

– دانوستان فێڵە لە ئێمەی دەكەن.

– ڕابن ئەی ستەم لێكراوانی نانتیر. [نانتیر؛ زانكۆیەكی فەرەنسی بوو].

– ئەی داخ لەدڵان لەسەرانسەری وڵات یەكگرن.

– لە وڵاتی ئێمە فەرەنسییەكان حەماڵن و كۆچبەران یەكگرتوون.

– ھونەر نیرۆیەكی ئەكادیمییە.

– سۆزەكانتان ئازاد بكەن ھونەر زمانە.

– نێگەتیڤ بوون بوەستێنن.

– گەنجەكان لە خومارییەكی بەردەوامدان و ئەقڵیان تای لێهاتووە.

– بۆ ئەوەی واقعی بین دەبێت ژیان ئەبستراكت بكەین ئەگەرچی دوایی ژیانیش بخەینەوە پێكھاتی بابەتەكانەوە.

– بڕووخێت خۆرھەڵاتناسی فانتازی نوێ.

– نە سەردارمان دەوێت نە سەرۆك.

– ژیانیان لێ زەوت كردین و دوایی كەتەلۆكێكی بەكارھێنانی ژیانیانیان بۆ دروست كردنین.

– (دو گول) تۆپەڵێك پیساییە و لە كۆشك دانیشتووە.

– ئێمە لەگەڵ (ماركۆزە)داین، لەپێناو كۆمەڵگەیەكی نوێ سیخناخ بە ئۆرگازم.

– كاتێك جەماوەر فیكرێك پەسەند دەكەن ئەو فیكرە دەبێتە ھێزێكی ماددی. (ماركس)

– باشترە بە بەردی شەقامەكان بمرم نەك بێ ئیشی بمكوژێت.

– ئەبەدییەت زمانی نییە.

– ئەی پۆلیسی ئاژاوە ئێوە بەكرێگیراو و خائینن، ھەمیشە ئەو خەڵكەی كە ئێوە لێیان دەدەن زۆر باشترن لەوانەی كە فەرمانتان پێ دەكەن.

پەراوێزەکان:


[1] ژان لۆك گۆدار، دەرھێنەرێكی سینەمایی فەرەنسییە بە یەكێك لە دامەزرێنەرانی تەوژمی نوێی سینەمای فەرەنسی دادەنرێت.

[2] ئەندرێ بریتۆن نووسەر و شاعیرێكی فەرەنسییە و دژی فاشیزم بووە و یەكێكە لە دامەزرێنەری ڕێبازی سوریالیزمە

[3]  شارل فۆرییە، فەیلەسوفێكی بواری ئابووریی فەرەنسییە و بڕوای بە سۆشیالیزم ھەبووە.

[4] خاش خاش گیایەكە بۆ خەو باشە، مەبەست ئەوەیە جاران خەوتبووین ئێستا بەئاگاین

[5] ( سیجی) بەرپرسی دەزگای كار بوو ھەروەھا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی كۆمۆنیستی فەرەنسی بوو لە ساڵی ١٩٦٨.

[6] لە کوردیدا دەڵێین، ئاگات لە دیواربێت گوێی ھەیە. دوو مانای زۆر جیاوازن ، مانای ڕستەی یەكەم ئەوەیە كە ڕەخنە قبوڵ بكەیت، مانای ڕستەی دووەم ئەوەیە كە سیخوڕھەمیشە ھەیە.

[7] مەبەستیان لە وتەیەکی (ژان ژاک ڕۆسۆ)ی فەیلەسوف و کۆمەڵناسی فەرەنسییە

[8] مەبەستیان لە وتەیەکی (رۆشفوکۆ)ی نووسەری فەڕەنسی سەدەی حەڤدەیە

[9] گروپێك گەنجی ماركسی ئەمەریكی بوون تەوژمێكی ماركسییان دانا بەناوی تەوژمی “گرۆشۆ”

 [10]  دادائیزم بزوتنەوەیەكی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بوو لە ساڵی ١٩١٦ لە سویسرا سەری ھەڵدا گومانی لە ھەموو شتێك دەكرد.

سەرچاوەکان:

https://ar.wikipedia.org/wiki/أحداث_مايو_1968_في_فرنسا

ویکی پیدیای عەرەبی