نووسین وەک خەونە ترسناکەکەی فرۆید: وەک تۆقین لەوەی کە بە ڕووتی ببینرێیت

وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

هەر کاتێک کە شتێک دەنووسم، وا هەست دەکەم ڕووە و ناوچەیەکی نوێ ڕێ دەکەم، بەرەو جێگەیەکی نادیار هەنگاو دەنێم کە هەرگیز پێشتر نەمدیوە و ڕێم تێی نەکەوتووە. چەشنە بەرەو پێشچوونێکە کە پێویستی بە ئاماژە و ژێستێکی دیاریکراوە، جۆرێک لە ژێست کە دەکرێت بڵێێن تەواو شەڕانگێزانەیە، تەنانەت لەو لایەنەیشەوە کە پەیوەندیی بە بیریاران یا هاوەڵانی ئیشکردنیشمەوە هەیە. دیارە من هەر خۆم بە سروشتی خۆم کەسێکی هەڵپە نیم، بەڵام بە ڕاستی ئاماژە و ژێستە لێکشیتاڵییەکان بە سروشتی خۆیان وان، وا دەردەکەون کە ئارامییت بشێوێنن، ببنە مایەی پشێوی و دڵەڕاوکێ و تەنانەت بگاتە ئەوەی کە ئەوانی تریش بریندار بکەن. کەواتە کاتێک ئەو ئاماژە/ژێستە دێتە دەرەوە، چەند چرکەساتێک لە ترس هاوکات و هاوەڵیین. ئەمە شتێک نییە کە من لە کاتی نووسیندا بەسەرمدا بێت. چونکە لە ڕاستیدا، کاتێک کە من دەنووسم، ئارەزوویەکی زۆر یان شتێک لە خۆم بەهێزتر هەیە کە ناچارم دەکات ئەو شتە بنووسم کە دەینووسم. هەرگیز ڕووینەداوە کە جارێک لە جاران لەو شتە پەشیمان بووبێتمەوە کە نووسیومە، چونکە زۆر لە دەرەنجامەکانی پەشیمانبوونەوەم لە نووسینێک دەترسم. هەر بۆیە کە من دەنووسم، لە هیچ ناترسم و هیچ شتێکیش نامتۆقینێت، ئەوە دەڵێم کە پێویستە بیڵێم، هەر ئەوەیش دەڵێم. بەڵام کە نانووسم، چەند چرکەساتێک توند و دژوار هەن. من کە ڕادەکشێم و دەخوازم کەروێشکە خەوێک بکەم یا بنووم، لە چرکەساتەکانی نائاگاییدا کە نیمچە نووستووم، لەپڕ ڕادەچڵەکم لەوەی کە کردوومە، ترسم لێ دەنیشێت و بە خۆم دەڵێم: ((تۆ دێوانەی نووسینی شتێکی ئاوەهایت))، ((دێوانەی هێرشکردنە سەر شتێکیت))، ((شێتی ئەوە بوویت ڕەخنەی ئەو کەسە بکەیت))، ((ئەم سەرە سەری خۆت نییە: بەم دەقەی کە نووسیوتە، گۆبەندێک دەنێیتەوە و خۆت تووشی لێپرسینەوەی دەسەڵات، دەزگا یان کەسی تایبەت، دەکەیت)). 

پاش هەموو ئەمانە، ئیدی نائاگایانە هەست بە شڵەژان و ترسێک دەکەم، ترسێک وەک ئەوەی ئەها… نازانم چۆن وەسفی بکەم. بیهێنە پێش چاوی خۆت کە چۆن مناڵێکی بچووک کەتنێکی ناوەتەوە! فرۆید باسی لە خەونە ترسناکەکانی منداڵی کردووە. بۆ نموونە باسی لەوە کردووە کە جارێک لە یەکێک لە خەونە ترسناکەکانیدا خۆی بە ڕووتی بینیوە، ئیتر شڵەژاوە، ترساوە و تۆقیوە، تۆقیوە لەوەی کە هەمووان بە ڕووتی بیبینن. منیش لە دۆخە نائاگاییەکانی کاتی خەوتنمدا، ئەو هەستەم لا دروست دەبێت، هەستی ئەوەی کە تاوانێکی ئابڕووتکێن و حەیابەرە، کارێکی ناڕەوام کردبێت، شتێکم کردبێت کە نەدەبوو بیکەم و ئینجا کەسێکیش پێم بڵێت: ((ئەمەی تۆ کردت شێتانە بوو)). من تەواو باوەڕم بەمە هەیە لە کاتی نائاگاییمدا، چونکە ئەوە دەنگی ناوەکییانەی ناوەوەی خۆمە کە ناچارم دەکات وا هەست بکەم. ئیدی وام لێدێت کە بە خۆم بڵێم: بوەستە و هیچ مەنووسە، پەشیمان بەرەوە و هەموو ئەوەی کە نووسیوتن بیانسووتێنە، ئەمەی کە تۆ دەیکەیت زۆر نەخوازراوە و کەس بەرگەی ناگرێت. بەڵام کە بەئاگا دێمەوە و لە خەو هەڵدەستم، هەموو ئەم شتانە کۆتاییان دێت و نامێنن. ئەوەی کە مەبەستمە و دەخوازم ڕاڤەی بکەم، ئەو کاتەی کە لە خەو هەڵدەستم، ئیدی ئاگایی و هۆشیاریم دەست دەکەنەوە بە ئیشکردن، کە ئەمەیش بۆ خۆی مانای وایە کە من لە دۆخی نائاگایی و کاتی خەوتنەکەمدا دەرکم بەوە نەکردووە. من کە لە دۆخی نائاگاییمدا دەبم، ئەوەی کە پاشتر ڕاستییەکەم پێ دەڵێت کاتی بەئاگاهاتنەوە و هەستانمە لە خەو. ئەوە ئاگاییمە هەر لە سەرەتاوە پێم دەڵێت کە دەبێت چی بکەم، ئەوەیش زۆر گرنگ و بایەخدارە، بەڵام کە تەواو خەبەرم بۆتەوە و ئیش دەکەم، ئیدی ئەو بەئاگاهاتنەوەیە دەخەوێت، هەر بۆیە دەست دەکەم بە ڕاپەڕاندنی ئەو کارانەی کە دەبێت بیانکەم.