ژنەفتن ژنەفتن
وتار وتار و بۆچوون

گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

لە سەیپیەنسەوە بۆ ڕۆبۆت

نووسەر گۆران ڕەسووڵ
داگرتنی PDF

گەڕانەوە بۆ ماڵەوە یەکێکە لە کۆنترین ئەو چیرۆکانەیە کە تا ئێستە بە چەندان شێوازی جیاواز بووە بە بەشێکی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتی. ئەمە هەر کردە یان ویستێک نییە و زۆر پێش ئەوەی ببێتە بابەتێکی ئەدەبی، پێویستییەکی بایۆلۆجی بووە. باڵندەکان هەزاران کیلۆمەتر کۆچ دەکەن تەنیا بۆ ئەوەی بگەنەوە ئەو شوێنەی لێیەوە دەستیان پێ کردبوو. ماسییە سالمۆنەکان بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکەن بەرەو ئەو ڕووبارەی تیایدا لەدایک بوون. سەرەڕای ئەم ویستە نەبڕاوەیە، مرۆڤ گەڕانەوە بۆ ماڵەوەی گۆڕی بۆ شتێکی زۆر ئاڵۆزتر: یادەوەری. مرۆڤەکان تەنیا ناگەڕێنەوە بۆ شوێنێک، بەڵکوو دەگەڕێنەوە بۆ ماناکان. بەو واتایەی، ماڵ تەنیا جوگرافیا نییە، بەڵکوو ناسنامەیە.

یەکەمین گەڕانەوە بۆ ماڵ لەوانەیە قارەمانانە نەبووبێت. نە کەشتی هەبوو، نە پاشا، نە جەنگ، نە پێنێلۆپییەک کە لە تەنیشت ئامێری جۆڵاییەکەوە چاوەڕێی گەڕانەوەی ئۆدیسیەس بکات. تەنیا گرووپێکی بچووک لە مرۆڤە سەرەتایییەکان هەبوون، بەسەر  شاخ و بەناو دەشتدا دەڕۆیشتن، لە کۆتاییی ڕۆژەکەدا، دەگەڕانەوە بۆ لای ئاگرێک. سەیپیەنسەکان، ماڵ و پەناگەکانیان بۆ ڕاوکردن، کۆکردنەوەی خۆراک، دۆزینەوەی ئاو، شوێنکەوتنی ئاژەڵەکان، ڕزگاربوون لە سەختیی کەشوهەوا، جێدەهێشت. بەڵام بەهای ئەم جێهێشتنە لەم شوێنەدا دەگەیشتە لووتکە، کە بەر لە جێهێشتن، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە گەورەترین ئامانج بوو. زۆر پێش ئەوەی ماڵ شێوەی خێوەتگە، خانوو، یان باڵەخانەیەک وەربگرێت، تەنیا بازنەیەک بوو لە خەڵک. هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، کۆنترە لە خودی هۆشیاریی مرۆڤ بۆ هەبوونی پەناگەیەک.

هەزاران ساڵ دواتر، مرۆڤەکان شارستانیەتەکانیان بونیاد نا، بەناو زەریاکاندا گەشتیان کرد، بیابانەکانیان بڕی، جەنگیان بەرپا کرد، بوونە پەنابەر، گەشتیان بۆ سەر مانگ کرد، ژیریی دەستکردیان بەرهەم هێنا، بەڵام هێشتا، یەکێک لە کۆنترین پرسیارەکان، تەنانەت لەناو ئەم هەموو شۆڕشە تەکنەلۆژیدا بە زیندوویی ماوەتەوە: دوای ئەوەی زۆر دوورکەوتینەوە، دەگەڕێینەوە بۆ کوێ؟ ئەم پرسیارە سەیپیێنسەکان بە ئۆدیسێوسەوە، گلگامێش بە پەنابەرانەوە و ڕەنگە ڕۆژێکیش مرۆڤ بە ڕۆبۆتەکانەوە ببەستێتەوە.

مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆچەرە بەڵام ئەوەی هێزی شاراوەیە لە پشت ئەم کۆچەرییە هەستی سەر بە شوێنێک بوونە. دەمانەوێت ئەوە بدۆزینەوە کە لە بەرزترین لوتکەی چیاکاندایە، بەڵام ئەمە بەبێ بیرکردنەوە لەو گوندانەی کە لە دوامانەوە جێمان هێشتوون، ناگاتە ئامانج. ئەمە ڕوونی دەکاتەوە کە بۆچی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەناو قووڵاییی مێژوو و کولتووری مرۆڤدا ڕەگی داکوتاوە. تەنانەت تێڕوانینیشمان بۆ مەرگ زۆرجار لە ڕێگەی زمانی گەڕانەوەوە بۆ ماڵەوە دەربڕدراوە: گەڕانەوە بۆ خاک، گەڕانەوە بۆ باوباپیران، گەڕانەوە بۆ لای خودا، گەڕانەوە بۆ سروشت. هەر بۆیە، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە هەمیشە بە مانای گەڕانەوە بۆ ناو پەناگە یان خانوو نایەت. هەندێک جار دەگەڕێینەوە بۆ لای کەسێک، بۆ لای زمانێک، بۆ لای باوەڕێک. یان هەندێک جار بۆ وەشان (version)ێکی لەبیرکراوی خودی خۆمان.

گەڕانەوە بۆ ماڵەوە وەک تێما و مێتافۆری ئەدەبی

یەک: لە زمانی گریکیدا وشەیەک هەیە، پەیوەستە بە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە: نۆستۆس (nostos). لەمەوە یەکێک لە وشە دیارەکانی ناو ئەدەب و کولتوور و زانستە مرۆڤاییەکان سەرچاوە دەگرێت، نۆستالژیا (nostalgia). ئەو ویست و ئازارەی کە پەیوەستە بە تامەزرۆیی و تاسەی ماڵ، شار، یان سەردەمێک. هەر بۆیە یەکێک لە بەهێزترین تێما و دیارتریان بابەتەکان لەناو ئەدەبیاتدا، نۆستالژیایە. (گەڕان بۆ کاتی لەدەستچوو)ی مارسێل پروست و (گاتسبیی مەزن)ی سکۆت فیتزگێرالد و (سووکەڵەیی لە تاقەت بەدەری بوون)ی میلان کۆندێرا، لە نموونەی ڕۆمانە ناودارەکانن کە نۆستالژیا تێیاندا بابەت و تێمای سەرەکییە. لە شیعردا (قوربانی تۆزی ڕێگەتم ئەی بادی خۆش مروور)ی نالی و (ئۆدیسی)ی هۆمێر و (وێرانە خاک)ی تی. ئێس. ئیلیەت لە دیارترین نموونەکانن.

ڕەنگە کۆنترین هێڵی ئەدەبی بۆ گێڕانەوە بریتی بێت لە:  جێهێشتن Line arrow: Straight with solid fill وێڵبوون Line arrow: Straight with solid fill گۆڕان Line arrow: Straight with solid fill گەڕانەوە.

لەناو ئەدەبدا، گەڕانەوە بۆ ماڵ تاقیکردنەوەیەکی نموونەیی بۆ ناسنامە دروست دەکات. بەو مانایەی کە تێکستە ئەدەبییەکە دەیان پرسیار وەک پایەی گێڕانەوەی چیرۆکەکە و دروستکردنی وێنەکە دەخەنە ڕوو. گریمان کارەکتەرێک بۆ ماوەی بیست ساڵ، ماڵ جێدەهێڵێت؛ کاتێک دەگەڕێتەوە، (کێ) یان (چی) بە تەواوی دەگەڕێتەوە؟ هەمان جەستە؟ هەمان کەسایەتی؟ هەمان بیرەوەری؟ ئەی چی ئەگەر ماڵەکە مابێت، بەڵام خەڵکەکەی ڕۆیشتبن؟ چی ئەگەر خەڵکەکەی مابن، بەڵام ماڵەکە و کۆڵان و شارەکە گۆڕابن؟

ئەم پرسیارانە، گەڕانەوە بۆ ماڵ دەگۆڕن بۆ شتێکی زۆر ئاڵۆزتر لە گەشتکردن، دەبێتە ویستێکی دەورەدراو بە بیرکردنەوەی فەلسەفی و کێشەی بوون. لەناو ئەدەبدا، گەڕانەوە بۆ ماڵ دەمانخاتە بەردەم ئارگومێنتێکی ئاڵۆز و قووڵ: دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ هەمان شوێن بەبێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ هەمان جیهان!

دوو: گلگامێش، گەڕانەوە بۆ ماڵ وەک دانایی

گلگامێش، یەکێکە لە کۆنترین چیرۆکەکانی مرۆڤایەتی کە تا ئێستە بە درەوشاوەیی مابێتەوە، کە گەڕانەوەیەکی قووڵ بۆ ماڵەوە لەخۆ دەگرێت. گلگامێش دوای مەرگی ئەنکیدۆ، ئوروک جێدەهێڵێت. بۆ یەکەم جار، پاشا مەزنەکە تێدەگات کە هێز ناتوانێت بەسەر مەرگدا زاڵ بێت. بۆیە، بەدوای نەمریدا، گەشت دەکات بۆ ئەودیوی جیهانە ئاشناکەی. بەناو ناوچە مەترسیدارەکاندا تێدەپەڕێت. چاوی بە بوونەوەری نائاسایی دەکەوێت. دەگاتە ئوتناپیشتیم، ڕزگاربووانی لافاوە گەورەکە. بەدوای ئەو نهێنییەدا دەگەڕێت کە لەوانەیە لە مەرگ ڕزگاری بکات، بەڵام شکست دەهێنێت.

دواتر گلگامێش دەگەڕێتەوە بۆ ئوروک. ئەم گەڕانەوەیە گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەیە، ئەو ناگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە لەکاتێکدا نەمریی هەڵگرتبێت، ئەو دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ لەکاتێکدا زانین (knowledge)ی هەڵگرتووە. دیوارەکانی ئوروک پێش گەشتەکەیشی لەوێ بوون. بەڵام ئێستە گلگامێش بە جۆرێکی تر دەیان بینێت. گەڕانەوەکەی بۆ ماڵ یەکێک لە دێرینترین ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو، هەندێک جار دەبێت ماڵ جێبهێڵین بۆ ئەوەی تێبگەین نەک هەر ماڵ مانای چییە، بەڵکوو بوون و خودی خۆمان چ مانایەک هەڵدەگرن.

سێ: ئۆدیسیۆس، نموونەی باڵای گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

ئەگەر گلگامێش یەکێک لە کۆنترین گەڕانەوەکان بۆ ماڵ بێت، ئەوا ئۆدیسیۆس بەناوبانگترینیمان پێشکەش دەکات. (ئۆدیسی)ی هۆمێر لە بنەڕەتدا وەڵامێکی گەورەیە بۆ ئارەزوویەکی سادە: دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە. هیچ بەرهەمێک هێندەی ئۆدیسی پێناسەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ناکات. لە دوای جەنگی ترۆی، ئۆدیسیۆس دە ساڵ بەسەر دەبات لە هەوڵدان بۆ گەڕانەوە بۆ (ئیساکا). ڕووبەڕووی دڕندە، باهۆز، خوداوەندەکان، فریودان، دوورگەکان، زیندانیکردن، وەسوەسە و مەرگ دەبێتەوە. هەموو دێو و درنجێک دوای دەخات. هەموو وەسوەسەیەک سەرنجی دەڕفێنێت. هەموو دوورگەیەک ژیانێکی دیکەی پێشکەش دەکات. دووبارە و دووبارە، جیهان جێگرەوەی پێشکەش دەکات. بەڵام ئۆدیسیۆس ڕەتیان دەکاتەوە. بۆچی؟ چونکە هیچ کام لەوانە ”ماڵەوە “نین. چونکە ئیساکا تەنیا خاکێک نییە. ئیساکا پێنێلۆپی، تەلەماکوس، مێژووەکەی، ناوەکەی، تێدایە.

ئۆدیسیۆس تەنیا سەلامەتی ناوێت، ئەو بەدوای ناسنامەکەی، بەدوای مێژوو، بەدوای خۆیدا دەگەڕێت. ڕەنگە ئەمە یەکێک بێت لە قووڵترین ماناكانی ماڵ: ماڵ ئەو شوێنەیە کە پێویست ناکات بە تەواوی ڕوونی بکەینەوە ئێمە کێین. ئۆدیسیۆس گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە گەشتێکی جەستەیییەوە گۆڕی بۆ تامەزرۆیییەکی بوونگەرایی. پرسیاری کرد: تۆ کێیت کاتێک هیچ کەسێک ناوی تۆی لە یاد نەماوە؟ لە ئۆدیسیدا پرسیارەکە ئەمەیە: تا چەند گەشت دەکەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ئەو شوێنەی پێمان وایە سەر بەوێین؟

چوار: گەڕانەوە بۆ ماڵەوە وەک دێرینترین و نەبڕاوەترین تێما لەناو ئەدەب

مێژووی ئەدەب پڕە لەو تێکستانەی کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو تێما و بابەت و مێتافۆری ویست و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەخولێنەوە. گەشتی دانتێ تەنیا بۆ دۆزەخ و بەرزەخ و بەهەشت نییە، بەڵکوو گەشتێکی چەند قۆناغە بەناو ماڵی ڕوحیدا. کۆمیدیای یەزدانی گەڕانەوەیەکی دیکەیە بۆ ماڵەوە. دانتێ بە ناو دۆزەخ و بەرزەخ و بەهەشتدا گەشت دەکات تەنیا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە ڕاستەقینەکەی خۆی. ماڵ چیتر فلۆرەنس یان شارێک نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی ڕۆحییە. لای دانتێ گەڕانەوە بۆ ماڵ گەڕانەوەیەکی ڕۆحییە.

شەیکسپیر چەندین جار گەڕانەوە بۆ ماڵ وەک بابەتێکی دیار لەناو شانۆنامەکانی بەکار دەهێنێت، پاشاکان دەگەڕێنەوە، تارمايییەکان دەگەڕێنەوە، دەربەدەرەکان دەگەڕێنەوە. لای شەیکسپیر، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە گەڕانەوەیە بۆ ناو سیستمی ژیان و بوون و ڕەچەڵەکی مانەوە. لەناو ئەدەبی مۆدێرنیشدا، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە چەندین فۆڕمی نوێی وەرگرت. مۆدێرنیتە دڵنیایی و سەقامگیریی ماڵی تێکشکاند، پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان ملیۆنان کەسی گواستەوە بۆ شارەکان. جەنگەکان نەتەوەکانیان ئاوارە کرد، کۆلۆنیالیزم سنوورەکانی سەرلەنوێ کێشایەوە. لەپڕ ماڵ خۆی بوو بە شتێکی ناسەقامگیر. مارسێل پروست نیشانی دا کە چێژتنی یەک پارچە کێکی (مادلین) دەتوانێت کەسێک بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ماڵەی کە لە منداڵیدا تێیدا گەورە بووە. جەیمس جۆیس لە (ئولیس)دا ئۆدیسیۆسێک لە یەک ڕۆژدا چڕ دەکاتەوە، بە واتایەک کە ڕەنگە مەزنترین گەشت بە گەڕانەوە بۆ ماڵێکی ئاسایی کۆتایی بێت. جەی. ئار. ئار. تۆڵکین، (شای ئەنگوستیلەکان) بە یەکێک لە خەمناکترین گەڕانەوەکانی مێژووی ئەدەب کۆتایی پێ دەهێنێت. فرۆدۆ دەگاتە (شایەر) بەڵام چیتر ناتوانێت لەوێ بژی، جەنگ ئەوی گۆڕیوە. ئاڵۆزترین و قوورسترین گەڕانەوە ئەوەیە کە بۆت دەردەکەوێت چیتر سەر بەو شوێنە نیت کە تامەزرۆی بوویت.

پێنج: ئەدەبی تاراوگە (ئاوارەیی و خەونی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە)

مێژووی مرۆڤایەتی تا دێت زیاتر پڕ دەبێت لە کۆچ و جێهێشتنی ماڵ بە زۆرەملێیانە. جووەکان، کوردەکان، ئەرمەنەکان، ئەفریقییەکان لەسەر خاکی خۆیان، وەدەردەنرێن و چی دیکە چێژ لە ماڵ وەک بەشێک لە ناسنامە وەرناگرن. ڕەنگە لە جیهانی ئەمڕۆدا ژمارەی پەنابەران و ئەوانەی کە ماڵی خۆیان جێهێشتووە و لەناو حەسرەتی گەڕانەوەدان، هاوتای ژمارەی ئەوانە بێت کە لە ماڵەکانی خۆیدا هەست بە بوونی خۆیان دەکەن. بۆ ئەوان ئێستە گەڕانەوە لە ناو یادەوەریدا ڕوو دەدات. ئەدەبی تاراوگە، لە زۆر ڕووەوە، ئەدەبی گەڕانەوەیەکی پچڕاوە بۆ ماڵەوە. پەنابەر لە نێوان دوو شوێندا دەژیت: ئەو وڵاتەی کە لە ڕووی جەستەیییەوە لەدەست دراوە و ئەو وڵاتەی کە بەردەوامە لە بوون لە ناو بیرەوەریدا. هەر بۆیە ئەدەبیاتی تاراوگە زۆرجار وەسفی نەرم و هەتسبزوێنی خواردن، بۆن، شەقامەکان، گۆرانییەکان و وەرزەکانی ماڵی تێدایە. کاتێک جوگرافیا دەگۆڕێت و سنوورەکان دەبن بە بەرد، یادەوەری دەبێتە ماڵ، دەبێتە نیشتمان.

عەبدولڕەزاق گوڕنە، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب – ٢٠٢١، لە ڕۆمانی (بە تەنیشت دەریاوە)، یەکێکە لە دیارترین ڕۆمانە مۆدێرنەکان دەربارەی تاراوگە و ویست بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، ڕەتی دەکاتەوە گەڕانەوە بۆ ماڵ وەک شتێکی سادە یان سۆزدارییانە پێشکەش بکات. ڕۆمانەکە دەربارەی جیهانی ناوەوەی ساڵح عومەر دەدوێت، کە پیاوێکی بەتەمەنی خەڵکی زانزیبارە، بە مەبەستی داواکردنی پەنابەری دەگاتە ئینگلتەرا. هەروەها دەربارەی لەتیف مەحموود، پەنابەرێکی تری زانزیبار کە ڕابردووی بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە ڕابردووی ساڵحەوە بەستراوەتەوە. هەردوو پیاوەکە هەمان نیشتمانیان جێهێشتووە، بەڵام بیرەوەریی جیاواز لەسەر نیشتمان و برینی جیاوازی ماڵەوەیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوە. لە جیهانی گوڕنەدا، تاراوگە لە سنوورەوە دەست پێ ناکات. ئەو کاتە دەست پێ دەکات کە خودی بیرەوەری دەبێتە شتێکی ناسەقامگیر. ماڵ ئیتر شوێنێکی جێگیر نییە، بەڵکوو چیرۆکێکی جێی ململانێیە، کە لە ڕێگەی یادەوەرییەکان و تێڕامانە نەبڕاوەکان و ویستە هەمیشەییەکان دووبارە دروست دەکرێتەوە.

ئەوەی ڕۆمانی بە تەنیشت دەریاوە بەتایبەتی گرنگ دەکات بۆ بیرۆکەی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، ئەوەیە کە ڕۆمانەکە دەپرسێت ئایا گەڕانەوە ئەگەری هەیە کاتێک ڕابردوو ناتوانرێت بگەڕێندرێتەوە؟ ساڵح و لەتیف لە ڕووی جوگرافییەوە زۆر دوورن لە زانزیبار، بەڵام لە ڕووی سۆزدارییەوە هێشتا لە ناویدا دەژین. گفتوگۆکانیان دەبنە جۆرێک لە گەشتی گەڕانەوە. لە ڕێگەی چیرۆکگێڕانەوەوە، دووبارە سەردانی ململانێ خێزانییەکان و ئاڵۆزییە سیاسییەکان و ناپاکی و ئەو بارودۆخانە دەکەنەوە کە ناچاریان کردن ماڵەوە جێبهێڵن. کەچی ئەو ماڵەی لە ڕێگەی بیرەوەرییەوە بۆی دەگەڕێنەوە، ئاشتییانە یان بێتاوان نییە. ئاڵۆزە و هەندێک جاریش ئازاربەخشە. هەر بۆیە گوڕنە ئاڵنگاریی ئەو بیرۆکە ڕۆمانسییە دەکات کە دەڵێت کەسی دوورخراوە تەنیا بە سادەیی تاسەی گەڕانەوە دەکات. هەندێک جار نیشتمان هەمان ئەو شوێنەیشە کە پێویست بوو مرۆڤ لێی ڕابکات!

بۆچی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە؟

مرۆڤەکان دەگەڕێنەوە چونکە ناسنامە پێویستی بە بەردەوامییە. ئێمە بەردەوام دەگۆڕێین، بیروباوەڕەکانمان دەگۆڕێن، شارەکانمان دەگۆڕێن. بەبێ خاڵێکی گەڕانەوە، ئەو دەزووە لەدەست دەدەین کە خودی ڕابردوومان بە خودی ئێستامانەوە دەبەستێتەوە. لە ڕووی دەروونییەوە، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە پێویستییەکی بنەڕەتی بۆ سەر بە شوێنێک بوون تێر دەکات. کاتێک ماڵ یان شوێنیش دەگۆڕێت، نەخشەی هەست و یادەوەرییەکە هەر دەمێنێتەوە. تەنانەت دەکرێ بڵێین چارەسەری دەروونی زۆرجار لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دەچێت.

سەدەی بیست و یەک جارێکی تر گەڕانەوەی بۆ ماڵەوەی گۆڕیوە. ئەمڕۆ، ملیۆنان کەس لە وڵاتانێکدا کار دەکەن کە تیایدا لەدایک نەبوون. ماڵ تا دێت زیاتر گەڕۆک و هەڵگرتنی ئاسان دەبێت. هەندێک جار لە زمانێکدا دەدۆزرێتەوە. یان لەو وێنە هەڵگیراوانەی ناو مۆبایلێکدا. دەروونناسان تا دێت زیاتر (ماڵی دەروونی) وەک هەستێکی سەلامەتی، ئاشنایی، ڕەسەنایەتی پێناسە دەکەن کە دەتوانێت سەربەخۆ لە شوێنێکی دیاریکراو بوونی هەبێت. بەڵام هێشتا یەکێک لە کۆنترین پرسیارەکان وەک خۆی ماوەتەوە. نەک ئەو پرسیارەی کە بەرەو کوێ دەڕۆیت؟ بەڵکوو پرسیاری ”لە دوای هەموو شتێک، تۆ سەر بە کوێیت؟“

ئەو پرسیارە لە دیوارەکانی ئوروکەوە، بەسەر دەریاکانی ئیساکادا، بە ناو دەربەدەریی نەبڕاوەی ئاوارە و پەنابەرێکدا، و تا سەردەمی دیجیتاڵی دەنگ دەداتەوە. هەر سەردەمێک ڕێگەکان دەگۆڕێت، بەڵام مەبەستەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە. گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە دواجاردا گەڕانە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو شوێنە، ئەو کەسانە، یان ئەو خودەی کە ڕێگەمان پێدەدات بە دڵنیایییەوە بڵێین: من گەیشتم. مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە، گەڕانەوەیان بۆ ماڵ لە هەموو کاتێک نامۆتر و ئاڵۆزتر کردووە. ملیۆنان کەس دوور لەو ماڵانەی تێیدا لەدایکبوون دەژین، خێزانەکان بەسەر وڵاتاندا دابەش بوون. پەنابەران بیرەوەری ئەو ماڵانەیان هەڵگرتووە کە لەوانەیە هەرگیز دووبارە نەیانبیننەوە. کۆچبەران هەندێک جار دوای دەیان ساڵ دەگەڕێنەوە و بۆیان دەردەکەوێت کە ئەو شوێنەی بە بێگەردی لە بیرەوەرییاندا پارێزرابوو، نەماوە.

لە هەمان کاتدا، تەکنەلۆژیا ڕێگەمان پێ دەدات لە یەک کاتدا لەناو ماڵ و دوور لە ماڵ بین، ئاڵۆزانە و تێکشکاوانە. کەسێک لە لەندەن دەتوانێت هەموو ئێوارەیەک قسە لەگەڵ دایکی لە سلێمانی بکات، لە پشتییەوە دیوار و دەرگاکانی ماڵی منداڵی ببینێت. پەنابەرێک لە بەرلین دەتوانێت لە ڕێگەی مۆبایلێکەوە ڕاستەوخۆ سەیری شەقامەکانی هەولێر بکات. ئەمە جۆرێکی دیکەیە لە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، بە شێوەیەک کە بەردەوام و خێرا لە ڕێگەی دیجیتاڵییەوە بگەڕێینەوە ماڵەوە، بەڵام چ گەڕانەوەیەک! بێهەست و بریندارانە.

ڕۆبۆتەکان و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

بۆ هەزاران ساڵ، گەڕانەوە بۆ ماڵ ویستێکی مرۆیی بووە، چونکە مرۆڤەکان ئەو بوونەوەرانەن کە بیرەوەرییان هەیە، هەستی وابەستەبوون بە ماڵ و بە شوێن هەیە. بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئەم چیرۆکە گەشتی نوێ و سەیر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. چیرۆکەکانمان وێنەی بوونەوەرە دەستکردەکان دەکەن کە پرسیاری سەرسوڕهێنەرانە دەکەن.

لە کوێوە هاتووم؟

بۆچی بوونم هەیە؟

سەر بە کوێم؟

ئەم پرسیارانە، ڕۆبۆتەکان دەکەنە یەکێک لە تازەترین کارەکتەرەکانی ئەدەبی دێرینی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە. ڕۆمانی (فرانکشتاین)ی ماری شێلی، زۆر پێش تەکنەلۆژیا، پێشبینی ئەم کێشەیە دەکات، دروستکراوەکە بەدوای دروستکەرەکەیدا دەگەڕێت، بەدوای ماڵەکەی، بە دوای بنەچەکەیدا دەگەڕێت.گەشتەکە بەشێکی گەڕانە بە دوای بنەچە و سەرچاوە و ناسنامەدا.

دواتر، خەیاڵی زانستی ئەم پرسیارانە قووڵتر دەکاتەوە. لە بلەید ڕەنەر (Blade Runer)دا، بوونەوەرە دەستکردەکان بەدوای دروستکەرەکەیاندا دەگەڕێن چونکە وەڵامیان دەوێت دەربارەی ژیان و مەرگ. لەپڕ کێشە کۆنەکەی گلگامێش لە ناو جەستەیەکی دەستکرددا دەگەڕێتەوە. ئەمە یەکێکە لە جوانترین دەستکەوتەکانی خەیاڵی زانستی. پرسیارە کۆنەکانی مرۆڤ دەبەخشێتە ئەقڵە نامرۆیییەکان. ڕۆبۆتەکان بۆ کوێ دەگەڕێنەوە؟ بۆ کۆدەکان، بۆ کارگەکان، بۆ تاقیگەکان کە لەوێوە چالاک کران، یان جارێکی تر بۆ ئەو خەیاڵ و بیرۆکەیەی مرۆڤ کە بووە هۆی بەرهەمهێنانیان!

ئەگەر ڕۆبۆتەکان بەڕادەیەکی پێویست پێشکەوتن و ڕۆژێک لە ڕۆژان فۆڕمێکی بەردەوامی ناسنامە گەشە پێبدەن، پرسیارە سەرنجڕاکێشەکە ڕەنگە ئەوە نەبێت کە ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە، بەڵکوو لەوانەیە ئەوە بێت کە ئایا دەتوانن بە تەواوی شتێک وەک ماڵ بناسنەوە. مرۆڤەکان ماڵ بە منداڵییەوە دەبەستنەوە، چونکە ئێمە لەوێوە دەست پێ دەکەین، لەوێوە خۆمان دەدۆزینەوە. ئەمەش ڕەنگە هەمان ویست بێت بۆ ڕۆبۆتێک. ڕەنگە ڕۆبۆت بپرسێت: یەکەمین وەشانم چی بوو؟ بۆ ئەنجامدانی چی دیزاین کرابووم؟ ئێستە لە کوێم؟ چی شتێکی وەشانی سەرەتام لە ناومدا ماوەتەوە؟ چۆن دەتوانم بگەڕێمەوە بۆ سەرەتام؟ ئەمانە پرسیاری تەکنەلۆژین، بەڵام هاوشێوەی هەمان ئەو پرسیارانەن کە مرۆڤ لەناو خەیاڵ و ویستی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە خۆی دەکات.

گەشتی هەمیشەییی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە

لە گەڕانەوەی سەیپیەنسەکانەوە، تا گەڕانەوەی گلگامێش بۆ ئوروک، لە ئۆدیسیۆسەوە تا ئەو کۆچبەرانەی لەم سەری کیشوەرەکانەوە لە ڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆییەوە باوەش بە ماڵەوەدا دەکەن، گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بە بەردەوامی فۆڕم و شێوازی خۆی گۆڕیوە. بەڵام پرسیارە سەرەکییەکەی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بە نەگۆڕی ماوەتەوە.

گلگامێش دەپرسێت: چی دەمێنێتەوە کاتێک من نەتوانم بۆ هەمیشە بمێنمەوە؟

ئۆدیسیۆس دەپرسێت: سەر بە کوێم؟

پەنابەرێک دەپرسێت: ئایا بیرەوەری دەتوانێت ببێتە ماڵ؟

مرۆڤی مۆدێرن و ڕۆبۆتێک دەپرسن: ئایا هێشتا دەتوانم لەناو ئەم هەموو ژاوەژاوەدا بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە؟

هەر ئەمەشە وا دەکات گەڕانەوە بۆ ماڵ وەک یەکێک لە بەردەوامترین چیرۆکەکانی مرۆڤایەتی بمێنێتەوە. چونکە ڕۆیشتن شتێکی حەتمییە. منداڵی جێدەهێڵین، شوێنەکان جێدەهێڵین، کەسەکان جێدەهێڵین، باوەڕەکان جێدەهێڵین، وەشانەکانی پێشووتری خودی خۆمان جێدەهێڵین. ژیان بە بەردەوامی دوورمان دەخاتەوە لەو شوێنەی لێییەوە دەستمان پێ کرد. لەگەڵ ئەوەشدا، لە شوێنێک لە ناخماندا، شتێک بە بەردەوامی ئاوڕ دەداتەوە. چونکە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لە ڕاستیدا هەرگیز دەربارەی گەڕانەوە بۆ دواوە نەبووە. بەڵکوو دەربارەی ئەوەیە بە بڕی پێویست دوور گەشت بکەین بۆ ئەوەی تێبگەین لە کوێوە هاتووین. ماڵ مەرج نییە ئەو شوێنە بێت کە بۆی دەگەڕێینەوە. لەوانەیە ماڵ ئەو شوێنە بێت کە لە کۆتاییدا ڕوونی بکاتەوە بۆچی جێمان هێشت.

blank
دەربارەی نووسەر
گۆران ڕەسووڵ
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە