دەربارەی فێمینیزم لە دونیای ئێمەدا

ئەم وتارەی دەیخوێننەوە، وەڵامی (مەریوان وریا قانع)ە بۆ تەوەری (فێمینیزم وەک کۆنسێپت و بزووتنەوە و، فێمینیستی کورد) لە ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردنی (ڕۆزا شێخانی).


دەستەواژەی “فێمینیزم دەستەواژەیەکی تازەی ناوی دونیای ڕۆشنبیریی ئێمەیە و پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو پێگە تازەیەی گرنگیدان بە “مەسەلەی ژنان”ەوە لە کۆمەڵگای ئێمەدا، ھەیە. ساڵانێکی درێژ دەستەواژەی باڵادەست بۆ باسکردنی پێگە و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا دەستەواژەی “مەسەلەی ژن” یان “مەسەلەی ژنان” بوو، ئەوەشی کە ھەبوو وەک “بزووتنەوەی ژنان” ھێمای بۆ دەکرا. بە ھەڵەدا نەچووبم بەکارھێنانی بەرفراوانی دەستەواژەی “فێمینیزم” لە دونیای ئێمەدا بۆ قۆناغی دوای ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی بۆ سەردەمی دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەعس لە عێراقدا. لەو ساڵانەدا ژمارەیەک لە ژنانی کورد کە زۆربەیان لە ئەوروپادا گەورە بووبوون و ھەر لەوێش خوێندنیان تەواو کردبوو، وەک چالاکەوانی ژنان لە کوردستاندا دەستبەکار بوون و دەستەواژەی فێمینیزمیان بۆ بەخشینی ناوێک بە دید و ڕوانین و چالاکییەکانی خۆیان بەکارھێنا. بە زۆر مانا ئەم چەمکە گرێدراوی ئەو نوخبەیە لە چالاکەوانی ژنانی سەر بە چینی ناوەند، نوخبەیەکی عەلمانی کە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروست دەبن.[1]

ھەرکەسێک کەمەکێک شارەزای مێژووی ڕۆشنبیریی ئێمە بێت ئەو ڕاستییە دەزانێت کە “مەسەلەی ژنان” مەسەلەیەکی گرنگیی ناو ژیانی ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتی ئێمە بووە لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە، بە تایبەتیتریش لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمەوە. ڕەنگە حاجی قادری کۆیی یەکەمین ڕۆشنبیریی ئێمە بووبێت کە بەرگری لە خوێندن و فێربوونی ژنان کردبێت و وەک ئەرکێکی سەرەکیی کۆمەڵگا و سەردەمەکەی خۆی سەیری کردبێت، ھەموو ڕێگرتنێکی دینی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیشی لەم ئەرکە وەک “بێدینیی” لێکدابێتەوە. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا نەوەیەک لە نووسەر و شاعیر و ڕۆشنبیر لەدایک دەبن، کە زۆرینەیان پیاون، بەڵام کێشەی ژنان وەک یەکێک لە کێشە ھەرە سەرەکییەکانی دونیای ئێمە دەزانن و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و گۆڕانی پێگەی ژنانیان لە کۆمەڵگادا بەیەکەوە گرێدابێت. دەشێت لێرەدا باس لە کەسانی وەک پیرەمێرد و زێوەر و قانع و بێکەس و گۆران بکەین، کە مەسەلەی ڕزگاربوون و پێشکەوتنی کوردستان بە ئازادی و پێشکەوتنی ژنانەوە گرێ ئەدەن. زۆربەمان دێڕە ھەرە بەناوبانگەکەی بێکەسمان لەبیرە کە دەڵێت “نێر و مێ ھەردوو بە جوتە بۆ وەتەن ھەوڵێ نەدەن- دوورە دەرچوونی لە دیلی مەل بە باڵێک نافڕێت”.[2] ئەم دێڕەی بێکەس دەربڕی پارادیمێکی فیکری، یان گوتارێکی خاوەن ھەیمەنەیە دەربارەی پێشکەوتن و ڕزگاری و ڕۆڵی ژنان لەناویاندا. ئەم گوتارە لای زیاد لە نەوەیەکی ناو ڕۆشنبیریی ئێمە بە ھەمان مانا و دەلالەتەوە ئامادەبووە و بەردەوامی ھەبووە. بێگومان لەو قۆناغەدا کۆمەڵێک دەنگی ژنان خۆیشیان ئامادەبوون کە مەسەلەی ژنانیان بە مەسەلەی سەرەکیی کۆمەڵگای ئێمە زانیوە و بە شێوەیەکی گشتیی لەناو ئەو گوتارە باڵادەستەدا لەسەر پێشکەوتن و ئازادی کاریان کردووە. بە مانایەکی دیکە زۆرینەی ھەرە زۆری نەوەی یەکەمی ئەو نووسەر و ڕۆشنبیرانەی لە کوردستاندا باسیان لە مەسەلەی ژنان کردووە و وەک یەکێک لە مەسەلە سەرەکییەکانی کۆمەڵگاکەیان وێنایان کردووە، پیاون. ئەو نەوە خوێندەوار و ڕۆشنبیرە لەدوای جەنگی جیھانیی یەکەمەوە دێنەکایەوە و دەست بە چالاکیی ڕۆشنبیری دەکەن. دەشێت ئەم پیاوانە، لانیکەم لە ئاستی گوتاردا، بە “ژندۆست” و “نیمچە فێمینیست” ، “ناپاتریارک” ناو ببەین. خاڵێک گرنگە لێرەدا ھێمای پێ بکەین ئەوەیە، ئەوەی لەم گوتارەدا ئامادەیە ژن نییە وەک ژن، ژن وەک خودێکی سەربەخۆ و بەرپرسیار، وەک بکەری ژیانی خۆی و دروستکەری شوناسی خۆی، بەڵکو ژنە وەک بەشێک لە “نەتەوە”، لە “میلەت”، وەک پاچەیەک لە گشتێکی گەورە کە ناوی گۆڕانکاریی و تازەبوونەوە و ڕزگاربوونە.

 لە قۆناغی دروستبوونی پارتە سیاسییەکانی کوردستان و ھاتنەکایەی ئایدیۆلۆژیا شۆڕشگێڕەکان و لەدایکبوونی خەباتی چەکداری و بەرپاکردنی شۆڕشەوە، تێکەڵ بە چوونی ژمارەیەکی زۆری کچان بۆ قوتابخانە و بەشداربوون لە خوێندن و فێربووندا، مەسەلەی ژنان گرنگییەکی زیاتر وەردەگرێت. ڕۆڵی پارادیمیانەی ئەو دێڕە شیعرەی بێکەس کە لەسەرەوە باسمان کرد، بەھێزتر و ھەمەلایەنتر دەبێت. لە پەیوەندیدا بە خەباتی چەکدارەوە ژن وەک پێشمەرگە و وەک بەشێک لە ڕێکخستنی نھێنی و وەک بکەرێکی شۆڕشگێڕ لەدایک دەبێت، دەبێت بە بکەرێکی گرنگ و بە ڕەمزێکی سەرەکیی ناو ناسیۆنالیزمی کوردی. لە پەیوەندیشیدا بە کۆمەڵگاوە ژن وەک مامۆستا و پزیشک و کارمەند… ھتد، وەک بکەرێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گرنگ دێتەکایەوە. لە ھەردوو دۆخەکەدا ژنان دەبن بە بکەرێکی مێژوویی تازەی ناو مێژووی نیوەی دووھەمی سەدەی بیستەمیی کۆمەڵگای ئێمە.

سەرەڕای ئەو گۆڕانکارییانە بەڵام لە زۆربەی دۆخەکاندا، ھێشتا شتێک بە ناوی “بزووتنەوەیەکی فێمینیستی سەربەخۆ”وە بوونی نەبووە. ئەوەی ھەبووە یان بەشێک بووە لە بزووتنەوەی ھێزە جیاوازەکانی ناو ناسیۆنالیزمی کوردی، یان بەشێک بوون لەو ئۆرگان و ڕێکخراوانەی بەناوی ژنانەوە لەناو ئەو دەوڵەتاندا دروستکراون کە کوردستان بەشێک بوون لێی. دونیای دوای ڕاپەڕین ئەم وێنە گشتییە دەگۆڕێت و تیایدا فۆرمێکی تازە لە نمایشکردنی مەسەلەی ژن و ژنبوون، بەناوی “فێمینیزم” و “بزووتنەوەی فێمینیستی”یەوە لەدایک دەبێت. لەم دۆخە نوێیەدا مەسەلەی دەسکاریکردن و باشترکردنی پێگەی ژنان و بەرگریکردن لە مافەکانیان وەک ژن و پاراستنی ژیان و باسکردنی شێوازەکانی سنووردارکردن و پەراوێزخستنیان لەناو کۆمەڵگایەکی پیاوسالاردا، دەبنە بابەتی سەرەکیی بەشێکی بەرچاوی چالاکەوانەکانی بواری ژنان. ئەوە پەیوەندییانەی کە ژنبوون بە کوردبوون و بە بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانەوە گرێ ئەدات، لەوەدەکەون، تاکە پەیوەندی، یان تەنانەت پەیوەندیی سەرەکیی نێوان ژنان و کۆمەڵگای دوای ڕاپەڕین بن. لە باتی ئەمانە جۆرێک لە پەیوەندیی نوێ دروست دەبێت کە پەیوەندیی ژنبوونە بە کۆمەڵگا و ژنبوونە بە پیاوبوونەوە.

بە کورتی، وەک پێشتریش ھێمام پێ کرد “فێمینیزم” وەک بزووتنەوە، یان وەک وەک جوڵەیەکی تایبەت لەناو کۆمەڵگای ئێمەدا، لە دوانیای دوای ڕاپەڕیندا دروست دەبێت و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە بزووتنەوە و جوڵەی ژنانی سەر بە چینی ناوەڕاستە. ئەو بەشەی ژنانی ناو کۆمەڵگای ئێمە نوێنەرایەتی دەکەن کە زۆرجار زمانە بێگانەکان دەزانن و لە دەرەوەی دیدگای دینیدا بەدوای دروستکردنی شوناسێکدا بۆ ژن و بۆ ژنبوون دەگەڕێن.[3]

بەڵام فێمینیزم خۆی چییە، چ مانایەکی ھەیە و چۆن لێی تێبگەین؟

لە ڕاستیدا فێمینیزم چەمکێکی ئاڵۆزە و زۆر کەسیش پێیان وایە باشترە باس لە فێمینیزم وەک تاک نەکەین، بەڵکو وەک کۆ بیبینین و مامەڵەی بکەین، واتە باس لە زیاد لە جۆرێک لە فێمینیزم بکەین چونکە فێمینیزم یەک شت نییە و یەک فۆرم و یەک ناوەڕۆکیشی نییە. لە ڕووی مێژووییشەوە فێمینیزم فۆرمی جیاوازی ھەبووە و ھێما بۆ چەندان بزووتنەوەی لەیەک جیاواز دەکات. ڕەنگە خاڵێک کە ھەموو فێمینیستەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوە پێداگرتن بێت لەسەر ئەو ڕاستییە سۆسیۆلۆژییە گشتییە کە پێی وایە پێگەی ژن لە کۆمەڵگادا لاواز و پەراوێزییە و ژن وەک بوونەوەرێک کەمتر یان نزمتر لە پیاو وێنا دەکرێت و دەنرخێنرێت. بەگژاچوونەوەی ئەم دۆخە کۆمەڵایەتی و کولتووری و ڕەمزییە خراپەی ژنانیش کۆڵەکەی ھەرە سەرەکیی بزووتنەوە فێمینیستییەکانە، بەڵام شێوازی تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەم بزووتنەوە بۆ ئەوی تریان جیاوازی ھەیە.[4]

بزووتنەوە فێمینیستییەکان ئەو ڕاستییە سادەیە بە ھەمووان دەڵێن کە جیاکاریی لەنێوان ژن و پیاودا و نرخاندنی ھەرەمییانەی ئەم جیاکارییە لەسەر بنەمای جێندەر، واتە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ڕەگەزی نێر لە ڕەگەزی مێ، کارێکی کۆمەڵایەتیی ڕێکخراوە. واتە دیاردە و پێدراوێکی سروشتی نییە، بەڵکو دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی و مێژووییە، بۆیە دەشێت بگۆڕێت و دەسکاری بکرێت. ئەوەی بزووتنەوە فێمینیستییەکان بەرگری لێ دەکەن ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخی جیاکارییە و ئەم نایەکسانی و ھەرەمیەتە دروستکراوەیە کە لە زۆر شوێندا باڵادەستە. لەم پرۆسەیەشدا بیرۆکەی سەرەکی کە بزاوتە فێمینیستییەکان بەرگری لێ دەکەن، بیرۆکەی یەکسانیی نێوان نێر و مێییە، یەکسانییەک کە پێویستە ھەم کۆمەڵگا بڕوای پێ بێت و ھەم یاسا بیپارێزێت و ھەم میکانیزمی جیاواز لەئارادا بێت ڕێگیری لە دروستبوونی نایەکسانی بگرێت.

فێمینیزم بەبێ فیکر، فیکرێکی کۆنکریت، کێشەیەکی گەورەیە ھەم بۆ فێمینیزم وەک فیکر و مەعریفە و ھەم بۆ ئەو بزووتنەوە فێمینیستییەی کە دەشێت دروست بێت

بە مانا زانستی و ئەکادیمییەکەی فێمینیزم سێ شتە لەیەک کاتدا.

یەکەم: “فێمینیزم فیکر و مەعریفە و تیۆرەیە، فیکر و تیۆرەیەکە دەربارەی یەکسانیی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیی لەنێوان ژن و پیاو، یان نێر و مێ لە کۆمەڵگادا. ئەم یەکسانییە تەنھا یەکسانیی ژن نییە لەگەڵ پیاودا، بەڵکو یەکسانیی پیاویشە لەگەڵ ژندا. لە لێکدانەوەی فێمینیستایەتی مێژوودا ژن و پیاو ھەردووکیان لەناو سیستمی پاتریارکیدا نیشتەجێن و ھەردووکیان لە لایەن ئەو سیستمەوە نایەکسان کراون. ئەرکی بزووتنەوە فێمینستییەکان گۆڕین و دەسکاریکردنی ئەو سیستمەیە لە ڕێگای بەرگریکردن لە یەکسانییەوە، یەکسانیی لە دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئابووری و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتیدا. بە دیوێکی دیکەدا و بە شێوەیەکی گشتی تیۆرەی فێمینیزم بۆ مێژوو سەر بەو جۆرە  تیۆرانەیە کە لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بەناوی “تیۆرەی ململانێ”ەوە ناسراوە. تیۆرەی ململانێ زیاد لە دیدێکی بۆ ململانێ سەرەکییەکانی ناو مێژوو ھەیە. لای مارکس، بۆ نموونە، مێژوو ململانێیەک دەیجوڵێنێت کە ئاکارێکی چینایەتی ھەیە و ئەو ململانێیە ناوەڕۆکی مێژوو لە سەردەمە مێژووییە جیاوازەکاندا دەستنیشان دەکات. لای کۆمەڵناسێکی وەک عەلی وەردی ململانێی سەرەکیی ناو مێژوو، بە تایبەتی مێژووی ئەم ناوچەیەی لای ئێمە، ململانێیە لەنێوان بەداوەت و شارستانیەتدا، لەنێوان ھێزە بەدەوی و خێڵەکی و دەشتەکییەکان و لەنێوان ھێزە شاری و مەدەنی و خوێندەوارەکاندا. لە تیۆرەی فێمینیزمدا ململانێی سەرەکیی ناو کۆمەڵگا ململانێیە لەسەر بنەمای جێندەر، واتە ڕەگەز. لەم تیۆرەیەدا کۆمەڵگا لەسەر بنەمای جێندەر دابەشکراوە بۆ پیاو و ژن، پیاو وەک دەسەڵاتدار و ژن وەک بێدەسەڵات یان کەمدەسەڵات و پەراوێز و کەمنرخ کراو، ئەوەشی ئەم جۆرە لە ململانێی جێندەری ئاراستە دەکات، سیستمی پاتریارکییە، کە سیستمێکی گەردوونییە و لە ھەموو شوێنێکدایە.  وەزیفەی سەرەکیی پاتریارکییەتیش بریتییە لە بەھێزکردنی زیاتر و زیاتری پێگەی پیاو و بەکارھێنانی چەندان میکانیزمی جیاواز بۆ پاراستنی ئەو پێگە بەھێزە. لە بەرامبەردا لاوازکردنی پێگەی ژنان و پاراستنی ئەو پێگەی لاوازە. لێرەدا جێندەر وەک سیستمێکی نایەکسان دروستکراوە کە تیایدا دەسەڵات و دەسکەوت بە پیاوان و بێدەسەڵاتی و پەژارە بە ژنان دەبەخشێت.  واتە سیستمێکە لەسەر دابەشکرانێکی تەواو نایەکسانیی دەسەڵات و ئازادی و سوود و قازانج لەنێوان نێر و مێدا کار دەکات. تیۆرەی فێمینیزم باوەڕی وایە نایەکسانی و ھیرارکیەتی نێوان جێندەرەکان، پێدراوێکی سروشتیی، یان خودایی نییە، بەڵکو دروستکراوێکی مێژووی کۆمەڵایەتییە، ئەگەرچی زۆر جار ئەم نایەکسانی و ھیرارکیەتە لە ڕێگای گەڕاندنەوەوە بۆ سروشت و یان لە ڕێگای گەڕاندنەوەوە بۆ دین بەرگری لێ کراوە و لێ دەکرێت. بێگومان ئەم دیدە گشتییە بۆ کۆمەڵگا و بۆ مێژوو بە شێوازی جیاواز لە کۆمەڵگای جیاواز و لە سەردەم و قۆناغی جیاوازدا کار دەکات. یەکێک لەو کارانەی کە بزووتنەوەی فێمینیزم و فێمینیستەکان بە ئەرکی خۆیانی دەزانن، دەرگیربوونێکی فیکری و تیۆرییە لەگەڵ ئەو کۆمەڵگا و پێکھاتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و جێندەرییەی تیایدا دەژین و بەرەنگاریی دەبنەوە. فێمینیزم بەبێ فیکر، فیکرێکی کۆنکریت، کێشەیەکی گەورەیە ھەم بۆ فێمینیزم وەک فیکر و مەعریفە و ھەم بۆ ئەو بزووتنەوە فێمینیستییەی کە دەشێت دروست بێت.

زۆربەی جار “فێمینیزم بزووتنەوەی ناڕەزایی دەربڕینە، ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بێ مافی و نایەکسانی و خراپ مامەڵەکردنی ژنان لە کۆمەڵگادا.

دووھەم: “فێمینیزم بریتییە لە بزووتنەوە و چالاکیی ڕێکخراو کە بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان دروست و ڕێک دەخرێن. مافەکانی ژنانیش مافی جیاواز و ھەمەجۆرن، لە مافە سساسییەکانەوە دەست پێ دەکات، بۆ مافی ھەبوونی موڵکیەت، مافی دەنگدان، مافی پاراستنی جەستە، مافی ھەبوونی سەربەخۆیی، مافی ھەبوون یان نەبوونی منداڵ، مافی سەفەر، مافی پاراستنی کچان و ژنان لە توندوتیژی ناو خێزان، ،مافی پاراستن لە گێچەڵی سێکسی و لاقەکردن، ھتد… فێمینیزم لەم ئاستەدا میکانیزمی بەدەستھێنان و پاراستنی ئەو مافانەیە. فێمینیزم وەک چالاکی و بزووتنەوەی ڕێکخراو و ئامرازی بڵاوکردنەوە و بەھێزکردنی ھۆشیارییە، چ لای ژنان و چ لای پیاوان، بەرامبەر بە پێگەی نزمی ژنان و مافی ژنان لەوەدا کە یەکسان بن بە پیاوان. بەم مانایە زۆربەی جار “فێمینیزم بزووتنەوەی ناڕەزایی دەربڕینە، ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بێ مافی و نایەکسانی و خراپ مامەڵەکردنی ژنان لە کۆمەڵگادا.  

سێھەم: فێمینیزم ھاوکات جۆرێکە لە ڕوانین و دیدگا کە ئەرکی سەرەکی ئەوەیە دژ بە چاوەڕوانییە جێندەرییە باڵادەستەکانی ناو کۆمەڵگا، کار دەکات. بۆ نموونە دژ بەو چاوەڕوانییە باڵادەستانەی بەرامبەر بە ژنبوون یان پیاوبوون لە کۆمەڵگادا ھەیە. فێمینیزم لەم ئاستەدا نیشاندانی ئەو چاوەڕوانییانەیە وەک دروستکراوێکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، نەک پێدراوێکی سروشتی، یان دینیی نەگۆڕ و ئەبەدی. ئەمەش وادەکات چەندان پەنجەرە بە ڕووی گۆڕانکاری و دەسکاریکردنی ئەو چاوەڕوانییانەدا بکرێتەوە و مرۆڤبوونی ژن و پیاو لەم یان لەو وێنە و لەم یان ئەو چاوەڕوانیدا سنووردار نەکرێت.

پێداگرتن لەسەر دوو مێژوو

فێمینیزم وەک تیۆرە و وەک بزووتنەوەی بەردەوام پێ لەسەر دوو مێژوو دادەگرن بۆ نیشاندانی قووڵایی و بەرفروانی شێوازەکانی چەوساندنەوە و پەراوزێخستن و کەمنرخکردنی ژنان.

یەکەمیان مێژووی چەوساندنەوە و چەپاندنی بەردەوامی ژنە لە لایەن پیاوەوە و نیشاندانی فۆرمە جیاوازەکانی ئەو چەوساندنەوە و پەراوێزخستنە. نیشاندانی مێژووی چۆنیەتی مامەڵەکردنی نائینسانی و خراپیی ژنان. ئەم مێژووی چەوساندەوەیە تەنھا مێژووی چەوساندنەوەیەکی جەستەیی نییە، تەنھا سنووردارکردنی ئازادییەکانی ژن نییە، تەنھا مامەڵەکردنی ژن نییە وەک بوونەوەرێکی نوقسان و فیتنەباز و مەترسیدار، بەڵکو چەپاندنی توانای داھێنان و تەعبیرکردنی ژنانیشە لە خۆیان، ڕێگرتنە لەوەی بتوانن بدوێن و زمانی تایبەت بە خۆیانی ھەبێت، بتوانن داھێنەر بن و تەعبیر لە ناوەوەی خۆیان و لە جۆری ئەو پەیوەندییانە بکەن کە بە خۆیان و بە دەوروبەرەکەیانەوە گرێیان ئەدات. ئەم ڕێگرتنە تا ئەو شوێنە ڕۆیشتووە و دەڕوات شێتبوونی ژنان یەکێک لە دەرەنجامە ترسناکەکانی بووە. بە زمانە ئەروپییەکان ئەدەبیاتێکی زۆر لەسەر پەیوەندیی نێوان بێدەنگکردن و قوفڵدان و داخستنی توانای تەعبیرکردن لای ژنان، بە دیاردەی شێتبوون و دێوانەییەوە ھەیە. ئەم ڕێگرتنە لە تەعبیرکردن زۆر جار دۆخێکی دەروونی دروست دەکات کە خۆوێرانکردن بەشێکی دانەبڕاوە لێی. ئەم دۆخی سەندنەوەی توانی تەعبیرکردنە لە ژن ئەو کێشەیەیە، بۆ نموونە، ژنە نووسەرێکی گرنگیی وەک ڤیرجینا وۆڵف بەرەنگاری دەبێتەوە. وۆڵف کە باس لەوە دەکات ژنێکی نووسەر پێویستی بە چییە بۆ ئەوەی بتوانێت بنووسێت و تەعبیر لە خۆی و لەو دونیایە بکات کە تیایدا دەژی، پێ لەسەر گرنگی بوونی ژورێکی تایبەت بەخۆی دەکات. بەڵام وۆڵف ڕاستەوخۆ لە پێداگرتن لەسەر گرنگی بوونی ژوورێکی تایبەتەوە بۆ نووسین، دەپەڕێتەوە بۆ گرنگی بوونی زمانێکی تایبەتیش کە ژن بتوانێت بەھۆیەوە قسەکانی خۆی بکات و خولیا و بۆچوونەکانی دەرببڕێت.[5] بەم مانایە ژن بۆ ئەوەی بتوانێت تەعبیر لە خۆی بکات، لە دۆخی نووسەربووندا، ھەم ژوورێکی واقیعی و ھەم ژوورێکی رەمزیی لەناو زماندا پێویستە، یەکەمیان لەناویدا دابنیشێت و تەنیا بێت و خۆی لە ھەموو دونیا داببڕێت، لە دووھەمیاندا بتوانێت تەعبیر لە خۆی و ھەست و بۆچوون و ڕوانین و خەیاڵی خۆی، بکات. ئەم زمانە پێویست ناکات زمانێکی ژنانە بێت و تایبەت بێت بە ژن، بەڵکو زمانێکی تاکەکەسییانە بێت، زمانێک ژن وەک تاکەکەسێک، زمانی ژنێک کە دەیەوێت بدوێت.

مەریوان وریا قانع (١٩٦٦- ) ڕۆشنبیر و توێژەری کورد

دووھەمیان، مێژووی پەراوێزخراو و شاردراوە و باسنەکراوی ژن خۆیەتی. فێمینیستەکان لێرەدا ئەو مێژووە لە بیرکراوە دەنقوسنەوە و پێی لەسەر دادەگرن کە دەشێت وەک مێژووی لەبیرکراو و شاردراوەی ژن ناوی ببەین. بە شێوەیەکی بەردەوام نووسینەوەی مێژوو نووسینەی مێژووی ھەڵسوکەوت و کار و بەرھەمەکانی پیاوان بووە. ئەوەی باس نەکراوە و شاردراوەتەوە ئەو بەشەی مێژووە کە تیایدا ژنان بوونەوەری بیرکەرەوە و داھێنەر و بەرھەمھێن بوون. نووسینەی ئەم مێژووە یەکێکە لەو ئەرکانەی بزووتنەوە فێمێنیستییەکان دەیگرنە ئەستۆی خۆیان. ئەم جۆرە مێژووە ئەو ھەستە بە چالاکەوانەکانی ئەم ساتە دەبەخشێت و ئەو ڕاستییەیان نیشان ئەدات، کە ئەوان تەنھا نین، بەڵکو مێژوویەکی تایبەتی چالاکبوونی ژنان لەپشتیانەوەیە، کە وەک بەشێک لە چەپاندنی ژنان خۆیان خودی ئەو مێژووەش چەپێنراوە و شاردراوەتەوە.

دۆخی ژنان لە وڵاتی ئێمەدا

ئەگەرچی ناکرێت قسە لەیەک جۆر ژن و ژنبوون لە کۆمەڵگای ئێمەدا بکەین، ناتوانین چەمکی “ژن” و “ژنبوون” بە شێوەیەکی گشتگیر بەکار بھێنین، جیاوازییەکانی ناو ژنان جیاوازیی گەورە و ھەمەلایەن و فرەجۆرن. بەڵام دەکرێت ھەنێک شتی گشتی لەسەر ئەو فەزا کۆمەڵایەتی و سیاسی و دینی و فەرھەنگییە باڵادەستە بڵێین کە لە پەیوەندیدا بە ژن و بە ژنبوونەوەوە لە کۆمەڵگاکەدا، ئامادەیە.

بەپێی ئامار ژنان نیوەی زیادی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان پێکدەھێنن، لە چەندان بواری جیاوازی ژیان لەو کۆمەڵگایەدا ئامادە و چالاکن، ڕۆڵی جیاواز لەناو کایە و بواری جیاوازدا دەبینن، بەڵام ھاوکات ژمارەیەکی گەورەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێمەدا وەک بوونەوەری کەمتر لە پیاو و نوقسان و کەمنرخ دەبینرێن و مامەڵە دەکرێن. فۆرمی جیاواز و ھەمەجۆری بێدەنگکردن و چەپاندن و سنووردارکردن و پەراوێزخستنیان ڕووبەڕوو دەکرێتەوە. زۆربەی جار ژن وەک سەرچاوەی فیتنە وێنا دەکرێت، لەشی ژن وەک سەرزەمینی ھەموو گوناھەکان و ھەموو تاوانەکان و دەبینرێت و مامەڵە دەکرێت. ئەم لەشە وەک شوێنێک پێناس دەکرێت کە مرۆڤ تیایدا خودا و پیرۆزی و بەھاکانی لەیاد ئەچێت. بۆیە نەفرەتکردن لە جەستەی ژن و ھەوڵدان بۆ داپۆشین و غائیبکرنی بەشێکی بەرچاوی ژیانی گشتییە لە کۆمەڵگای ئێمەدا. ھاوکات تا ئەم ساتەش ژن لە دونیای ئێمەدا دەکوژرێت، خەتەنە دەکرێت، بە زۆر ئەدرێت بە شوو، لەناو ماڵدا دەشاردرێتەوە، لە پیاو جیادەکرێتەوە.

 لە ھەمووشی ترسناکتر ئەو ڕاستییەیە کە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونیی ھەمەجۆر دەبنەوە و لە ھەندێک دۆخی تایبەتدا تا سنووری کوشتن یان ناچارکردن بە خۆکوشتن، دەڕوات. خوێنەر لەم ڕووەوە دەتوانێت بۆ ئەو نووسینەی من بگەڕێتەوە کە بە ناونیشانی “شڵەژانی پێوانەیی” لە کتێبی “کۆمەڵگا و غەریبەکانیدا” بڵاوبۆتەوە.[6] لەو کتێبەدا نیشانی ئەدەم دیاردەی خۆکوشتنی ژنان چ دیاردەیەکی ترسناک و بەربڵاوەوە و بە چ شێوەیەک لە شارە گەورەکانی ھەرێمدا سەدان ئافرەت ساڵانە خۆیان دەکوژن.  ئەگەرچی فۆرمی نوێی پیاوبوون و پیاوەتی و فۆرمی نوێی ژنبوون و ژنایەتی لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەدایکبووە و لەم ڕووەوە جیاوازیی گەورە و بەرچاو لەنێوان ساڵانی سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی سەدەی بیستەم و دوو دەیەی سەدەی بیست و یەکەمدا ھەیە، بە داخەوە تا ئێستا بە دەگمەن نەبێت دەست بۆ خوێندنەوەی ئەم گۆڕانکارییانە نەبراوە، بەڵام ھاوکات تا ئەم ساتە پاتریارکیەت و پیاوسالاری، لە فۆرم و دەرکەوتی کون و تازەدا، ئامادەیە. پەیوەندیی نێوان نێر و مێ و گەورە و بچووک لە دونیای ئێمەدا پەیوەندییەکی تەواو ھیرارکی و نایەکسانە و تیایدا فۆرمێک لە پەیوەندیی دەسەڵات ئامادەیە کە فۆرمی “دەسەڵاتێکی خاوەن ھەیمەنە”یە. لەم ڕووەوە ڕیفۆرمکردنی ئەم پەیوەندییانە و دەسکاریکردنیان لەپاڵ چەمکەکانی ماف و ڕێز و یەکسانیدا لە ئەرکە سەرەکییەکانی ھەموو ئەو تاکەکەس و ھێز و گروپانەیە کە بە تەنگ دواڕۆژێکی ئینسانی و مافپەروەرانەوەن بۆ کۆمەڵگا و ئینسانی ئێمە.

blank
ڤێرجینیا وۆڵف (١٨٨٢-١٩٤١) نووسەر و فێمینیستی بەڕیتانیایی

ئەوەی شوێنی سەرنجدانە ئەوەیە سەرەڕای ئەو ھەموو فشار و زۆر بۆھێنان و بێدەنگ و پەراوێزخستنەدا، لە تەنیشت ئەو ھەموو شێوازە جیاوازانەی توندوتیژیدا، لە توندوتیژیی جەستەیی و فیزیاییەوە بیگرە بۆ توندوتیژیی رەمزی و دەروونی، کەچی چەندان گوتار ئامادەن باس لەوە دەکەن کە خێزانێکی کوردی، خێزانێکە پڕ لە میھرەبانی و خۆشەویستی، پڕ لە ناسکی و ڕێز، بێدەرد و بێکێشە، خێزانێک پڕ لە ھارمۆنیەت. ئەم گوتارانە جگە لەوەی وێنەیەکی تەواو ھەڵەی پەیوەندیی نێوان نێر و پێ و باوک و منداڵەکان و گەورە و بچووک، بڵاودەکەنەوە، لە ھەمان کاتدا وەزیفەیەکی سەرەکی و بنەڕەتییان ھەیە: شاردنەوەی کێشە گەورەکانی ناو خێزان و ڕێگرتن لە دەرکەوتن و باسکردنیان. ئەڵبتە من لێرەدا قسە لە باوک یان پیاوێکی تایبەت ناکەم، قسەم لەم تاکەکەس یان ئەوی تریان نییە، لەوەش دڵنیام چەندان باوک و مێرد و برای میھرەبان و خۆشەویست لەناو خێزانەکاندا بوونیان ھەیە. ئەوەش دەزانم لە ھەندێک خێزاندا ژن ڕۆڵی پاترارکێکی ترسناک دەبینێت، ئەوەی من دەمەوێت باسیبکەم ئەو مۆدێلە لە ھەڵسوکەوتی باڵادەستی ناو خێزان و ھەڵسوکەوتی نێرە بەرامبەر بە مێ و گەورە بەرامەر بە بچووک، کە نادۆست و دژە ژنە و لە ھەوڵی سنووردارکردنی ھەموو توانایەکدایە کە پەیوەندیی بە ژن و ژنبوونەوە ھەبێت: لە سنووردارکردنی ئازادییەکانییەوە بیگرە، بۆ سنووردارکردنی زمان و دەرکەوتن و قسەکردن و جوڵەکانی. بە تێپەڕین بەناو سنووردارکردنی چالاکییەکانی ژناندا و سنووردارکردنی خەون و ئومێدەکانی. وەک گوتم چەندان گوتار ھەن ھەوڵی شاردنەوەی ئەو دونیا ناوەکییە خێزانی و فەرھەنگییە ئەدەن کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەیە. لە ڕاستیدا ھەر خودی ئەو گوتارانە ھەڵگری کۆمەڵێک ڕەھەندی ترن کە لە فۆرمی ڕقبوونە و نەفرەتکردن لە ژن و یەکسانکردنی ژنبوون بە فیتنە و فریودان و بە ناپاک و بەشەیتانکردنی مێینە کار دەکەن. 

قسەکردن لەسەر یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و باسکردن لە بوونی ماف و ئازادی بۆ ژنان، داھێنراوێکی خۆرئاوایی و ئەوروپییە و پەیوەندی بە کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیەوە نییە

یەکێک لە ئاکارەکانی تری ئەم گوتارە دژ بە ژنە ڕقبوونەوەیەکی گەورەیە لە “فێمینیزم و سووککردن و شکاندنی ئەو چالاکەوانە فێمنیستانەن کە لە خەمی گۆڕان و باشترکردنی دۆخی ژناندا. ھێرشەکانیان بۆ سەر فێمینیزم و فێمینیستەکان دوو سەرەیە. لە سەرێکەوە ھێرشی شەخسی دەکەنە سەر ئەو چالاکەوانانە و زۆرجار بە “ژنی بێپیاو” و “تەڵاقدراو” و “ناشیرین” و شتی دیکەی لەم بابەتە ناونووسیان دەکەن. لە سەرێکی دیکەوە ھێرشێکی دینییە کە پێی وایە فێمینیستەکان ھێرش دەکەنە سەر خودا و دەیانەوێت ئەوەی خوا دروستی کردووە دەسکاری بکەن. بە کوردییەکی سادەتر: فێمینیستەکان دەسکاری ئیشی خودا ئەکەن. ھەردوو ھێرشەکەش یەک ژێرخانی فیکری ھەیە: قسەکردن لەسەر یەکسانیی نێوان ژن و پیاو و باسکردن لە بوونی ماف و ئازادی بۆ ژنان، داھێنراوێکی خۆرئاوایی و ئەوروپییە و پەیوەندی بە کۆمەڵگاکانی ئەو ناوچەیەوە نییە، کە لە دیدی زۆرێک لە ھێرشبەرەکاندا، کۆمەڵگای ئیسلامین. لای ئەم ڕەخنەگرانە ژن لە پیاو کەمترە و ئەم کەمتربوونەشی پێدراوێکی خواکرد و سروشتییە.

فێمینیزم چی نییە؟

لە دونیای ئێمەدا چوار تۆمەتی سەرەکی ڕووبەڕووی فێمینیست و و بزووتنەوە فێمینیستییەکان دەکرێتەوە کە ھەموویان زۆر بێ بنەما و ناڕاستن. فێمینیزم ھەرچییەک بێت ئەم چوار شتە نییە:

یەکەم: فێمینیزم ڕقبوونە لە پیاو و بێنرخکردنی پیاو نییە. بێگومان دەشێت لێرە و لەوێ ژنێک یان چەند ژنێک بدۆزینەوە ڕقێکی سایکۆلۆژییان لە پیاو بێت، یان ھەموو پیاوێک وەک بوونەوەرێکی ناشیرین ببینن، یاخود ھەڵگری ئەو فۆرمە ترسناکانە بن لە نارسیزم کە نەک تەنھا پیاو، بەڵکو ھەموو دونیای دەرەوەی خۆیان بە کەم و بێنرخ بزانن، بەڵام ئەمە بە ھیچ مانایەک ئاکاری ئەو بزووتنەوە فێمینیستییانە نییە کە بەگژ دۆخی خراپی ژنان لە کۆمەڵگادا دەچنەوە. ئاکاری ئەو فێمینیستانەش نییە کە خەون بە کۆمەڵگایەکی ئینسانیتر و ئازادترەوە دەبینن. زۆرینەی ھەرە زۆری فێمینیستەکان بۆئەوەی بتوانن شتێک لە کۆمەڵگادا بگۆڕن دەچنە پەیوەندیی ھاوپەیمانی و ھاوڕێیەتییەوە لەگەڵ پیاواندا. خۆیان لەیەک سەنگەری دەسکاریکردن و چاکسازییکردنی کۆمەڵایەتیدا دەبیننەوە. خاڵێک کە گرنگە لێرەدا ھێمایەکی خێرای پێ بکەین ئەو ڕاستییە کۆمەڵناسییە کە ماناکانی ژنبوون و پیاوبوون مانای جێگیر و نەگۆڕ نین، بەڵکو دروستکراویی مێژوویی و کۆمەڵایەتیین و بە گۆڕانی سەردەم و قۆناغە مێژووییەکان و بە گۆڕانی ھێزە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانی مەعریفە و پەیوەندییەکانی دەسەڵات، گۆڕانیان بەسەردا دێت.[7] لە ڕاستیدا زۆر جار ماناکانی ژنبوون و پیاوبوون پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بە چەمکی ئازادی و بڕ و ڕادەی ئازادی لە کۆمەڵگادا ھەیە. ھاوکێشەکەش بەمجۆرەیە: تا ڕووبەری ئازادی گەورەتر و فراونتر بێت، شێوازەکانی ژنبوون و پیاوبوون و دەرکەوتنەکانیان ھەمەجۆرتر دەبن، ھەموویان بۆ یەک شێواز و دەرکەوتی سەپێنراو و باڵادەست، کورت نابنەوە. تا ئازادییش فراونتر بێت پێداویستیمان بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ماناکانی ژنبوون و پیاوبوون زیاتر و زیاتر دەبێت. بەڵام بێگومان دەسکاریکردنی ئەو مانایانە کارێکی ئاسان و بێکێشە نییە و نابێت، چونکە ئەو دەسکاریکردنانە ھەمیشە بەناوی کۆمەڵێک ململانێ و پێکدادان و دانوستان و ڕێککەوتندا تێدەپەڕێت. بە دەوری ژنبوون و پیاوبووندا چەندان نۆرم و بەھا و خواست و نرخاندنی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی دروستکراوە، گەرچی ھەندێکجار وەک موقەدەس دەناسرێن، بەڵام دیسانەوە ھیچ یەکێکیان نەگۆڕ و ئەبەدی نین. بەڵام بێگومان گۆڕان و دەسکاریکردنی ماناکانی ژنبوون ئاسان نییە، بە تایبەتی گەر ئەو گۆڕانانە بە ئاراستەیەکدا بێت، نەچێتە ژێر چەتری مانا تەقلدی و وێنە سونەتییەکانی ژنبوونەوە. لە ھیچ کۆمەڵگایەکیشدا تەنھا یەک وێنە و یەک مانا و یەک فۆرم بۆ پیاوبوون و ژنبوون لەئارادا نییە، ڕاستە ھەندێک “ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی” و ھەندێک قەناعات و باوەڕ دەربارەی ئەوەی ژنبوون و پیابوون ھەیە، کە باڵادەستن، بەڵام تەنانەت لەناو ئەو ڕێککەوتن و قەناعەتانەشدا ناکۆکی و دیدی جیاواز ھەیە. نە ژنبوون و نە پیاوبوون شتێک نین یەکجار دروست و دەستنیشان کرابێت و بۆ ھەتاھەتایە بەو شێوەیەش بمێننەوە، بۆیە ڕەخنەکردنی ئەم یان ئەو فۆرمی پیاوبوون ناچێتە قاڵبی ڕقبوونەوە لە پیاو، بەڵکو ھەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی مانای نوێ و ئینسانیتر بۆ پیاوەتی و پیاوبوون.

فێمینیزم دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی درێژەدان و سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی پێگەی نزم و نائینسانیانە و خراپی ژنانە لە دونیای ئێمەدا.

دووھەم، فێمینیزم بە ھیچ مانایەک خۆفرۆشتن بە ئەوروپا و خۆرئاوا نییە، لاساییکردنەوە و گواستنەوەی ئەزموونی ئەم یان ئەو کۆمەڵگای ئەوروپی و خۆرئاوایی نییە، ھەوڵی تێکدانی کولتوور و کەلەپوری بە ڕەسەنکراوی ئەم کۆمەڵگایانە نییە، بڵاوکردنەوەی غەربزەدەگیی و نامۆبوونی کولتووری نییە، بەڵکو دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی درێژەدان و سەرلەنوێ بەرھەمھێنانەوەی پێگەی نزم و نائینسانیانە و خراپی ژنانە لە دونیای ئێمەدا. ئەگەر دۆخی خراپ و نالەباری ژن لە کۆمەڵگای ئێمەدا بوونی نەبوایە، ڕەنگە شتێک بەناوی فێمینیزمەوە دروست نەبوایە. لەمەش بترازێت جیھانی ئەمڕۆکە بە ڕادەیەک بەجیھانیبووە و سنوور و کۆمەڵگا و ڕوانین و دیدەکان بەناویەکداچوون و لەیەکتر نزیکبوونەتەوە، ئەو جیاکردنەوە شاقوڵییەی لە دونیای ئێمەدا لەنێوان خۆرئاوا و خۆرھەڵات، ئێمە و ئەوانی تردا ئەنجام ئەدرێت، جیاکارییەکی ساختە و نالەبارە، زۆر جار سەدبارەکردنەوەی کۆمەڵێک دۆگمای فیکرییە کە سەر بە سەدە کۆنەکانی مێژووی فیکر و بیرکردنەوەن و ڕۆژگارێکی درێژیشە بەر ڕەخنەی فیکری و سیاسیی ھەمەلایەن دراون. 

سێھەم: فێمینیزم دژایەتیکردنی دین وەک دین و باوەشکردنەوە بۆ کوفر و بێدینی نییە. زۆر جار ئەوانەی دژایەتی فێمینیزم دەکەن، وەک فیکر و بزووتنەوەیەکی دژەدین وێنای دەکەن، بەڵام ئەم دیدە نە مێژووی فێمینیزم وەک بزووتنەوە لە ئەوروپا و دەرەوەی ئەوروپادا دەیسەلمێنێت، نە وەک مێژووی فیکر. لە دونیای موسڵماناندا دەیان دەنگی فێمینیستی ھەیە کە دین وەک سەرچاوەیەک بۆ ڕوانینی فێمینیستیانە بەکار دەھێنن و لە ڕێگای دینەوە بەرگری لە ماف و ئازادیی ژنان و یەکسانبوونیان بە ژنان دەکەن. لە دونیای ئیسلامدا ژنانی وەک ریفات حەسەن و ئەسما بالاد و ئەمینە وەدود بەرگری لە چەمکی “فێمینیزمی ئیسلامی” دەکەن.[8] بەڵام “فێمینیزم، وەک زۆر بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی دیکە، بە ڕەوتە دینی و نادینییەکانییەوە، دژ بەو فۆرم و لێکدانەوە دینییانەیە کە دژ بە ژن و بە ئازادی و بە فیکرەی یەکسانیی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکدا.

چوارھەم: فێمینیزم فیکر و ڕوانینێک نییە کە پێگە و نرخی ژن لە پێگە و نرخی پیاو، بەرزتر بزانێت. ڕەنگە لێرە و لەوێ، ئەم یان ئەو فێمینیست بوونی ھەبێت، کە پێیوابێت ژنان بوونەوەرێکی ڕەسەنتر و گرنگترن لە پیاو، بەڵام زۆرینەی ھەرە زۆری فێمینیست و بزووتنەوە فێمینیستییەکان ھەڵگری ئەم جۆرە باوەڕە نین. ئەوەی ئەوان بەرگری لێ دەکەن یەکسانیی مرۆڤەکانە لەگەڵ یەکدا.

فێمینیزمەکان دژ بەو سنوورە زۆر فراوانەن کە بۆ ژنان و بۆ ژنبوون دادەنرێن. سنووری کۆمەڵایەتی و سیاسی، سنووری دینی و ئەخلاقی، سنووری ئەتنی و ناوچەیی، سنووری چینایەتی، ھتد… چونکە ھەریەکێک لەم سنوورانە بەشدارە لە سڕینەوەی بیرۆکەی یەکسانیی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکدا و لە بچووککردنەوەی سنووری ئازادیی ژناندا، لە ڕووی مێژووییشەوە ھەموویان وەک بەشێک لە بونیادێکی پاتریارکی، کاریان کردووە و لە ئێستاشدا کاردەکەن.

دەرنجام

دواھەمین قسەیەک بمەوێت لە کۆتایی ئەم نووسینەدا بیکەم پێداگرتنە لەسەر ئەو خاڵەی کە ڕق ژێرخانی زۆربەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و جێندرییەکانی دونیای ئێمە دەستنیشان دەکات. ڕقی سیاسی، ڕقی کۆمەڵایەتی و ڕقی جێندەریی فۆرمی باڵادەستی پەیوەندین لە دونیای ئێمەدا. لە پەیوەندیدا بەم نووسینە و بە مەسەلەی فێمینیزمەوە لە دونیای ئێمەدا، ڕقی ھێزە سیاسییەکان بە گشتی و ڕقی ئیسلامییەکان بە تایبەتی لەم بزووتنەوە فێمینیستییە تەواو بەرچاوە. ڕقێک کە بە زمانی جنێودان و شکاندن و ئیھانەکردنێکی ڕووت و دانەپۆشراو دەدوێت و لە ڕووبەری گشتیدا خۆی نمایش دەکات. ھەموو ئەمانە لە دۆخێکدا ئەوەی مرۆڤی ناو ئەو دونیایە پێویستی پێیەتی، خۆشەویستییە. وەک جودت بوتلەر دەڵێت: ئێمە پێویستمان بە جیھانێکە بتوانیان ئاسانتر تیایدا یەکتریمان خۆشبوێت.

ئەمستردام

ئەیلولی ٢٠٢١

پەراوێزەکان


[1].   ئەم دۆخە کۆمەڵایەتییە وای کردوە ھەندێک لەو بابەتانەی کە ئەم نوخبە فێمینیستییە گرنگی پێ بدەن ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە دۆخی ژنانی سەر بە چینی ناوەڕاستەوە ھەبێت. بۆ نموونە ئەو گرنگیدانە گەورە و بەردەوامە بە مەسەلەی بەگژاچوونەوەی فرەژنی، لە بەرامبەر فەرامۆشکردنی نەتوانینی شووکردن و ژنھێنان لە لایەن ھەزاران ھەزار گەنجی ئەو کۆمەڵگایەوە، ھێندەی دەربڕی پێگە چینایەتیی ئەو ژنانەیە، ھێندە خواستێکی فێمینیستی ڕەھا نییە. ئەوانەی لە کوردستاندا دەتوانن زیاد لە ژنێک بھێنن زۆرجار پیاوانی سەر بە چینی ناوەڕاستن، بۆیە بەگژاچوونەوەی ئەم دیاردەیە لە لایەن فێمینیستەکانەوە و دانانی لە سەری سەرەوەی پلان و ئەجندای ئیشکردنیانەوە، پەیوەندیی بەو پێگە چینایەتییەوە ھەیە کە خۆیان تیایدا ئامادەن. لە کاتێکدا نەبوونی توانای ژنھێنان و شووکردن، وەک دیاردەیەکی مەترسیدار و ھێجگار گەورەی دونیای ئێمە، ئەو گرنگی و قورساییەی پێنادرێت کە بە دیاردەی یەکەمیان دەدرێت. 

[2].   بڕوانە:  ئومێد ئاشنا (٢٠٠٥). دیوانی بێکەس. ھەولێر، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.  ل ٣٨

[3].   دەربارەی مەسەلەی لەدایکبوونی ”ژبوونی تازە“ لە کۆمەڵگای ئێمەدا، بڕوانە کتێبی ”کۆمەڵگا و غەریبەکانی“ من. بڕوانە:

مەریوان وریا قانع (٢٠١٨). کۆمەڵگا و غەریبەکانی. سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە.  چاپی یەکەم.

[4].   بۆ زانیاری زیاتر لەسەر چییەتی و مێژوو و قۆناغە جیاوازەکانی فێمینیزم، بڕوانە: Walters, Margaret (2005). feminism: a very short introduction. Oxford University Press

[5].   Woolf, Virginia (1989). A Room of One’s Own. Mariner Books; First editi.

[6].   بڕوانە: مەریوان وریا قانع (٢٠١٨). کۆمەڵگا و غەریبەکانی. سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە.  چاپی یەکەم.

[7].   بڕوانە: مەریوان وریا قانع (٢٠١٨). کۆمەڵگا و غەریبەکانی. سلێمانی، ناوەندی ئەندێشە بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە.  چاپی یەکەم.

[8].   بۆ فێمینیزمی ئیسلامی بڕوانە: Badran, Margot. “Islamic feminism: what’s in a name? Islamic feminism is on the whole more radical than Muslims’ secular feminisms”. Al-Ahram Weekly Online. 17–23 January 2002, Issue No.569.

سەرنجێک بنوسن