تێزی ‘هاوسەنگیی بەها’

هەموو ئەم تێز و ئارگیومەنتانەی کە دەکەونە ئەم باسەوە، هەروەهاش تێزەکە خۆی، سەبارەت بە یەکسانیی مرۆڤ نین، یا بەهای یەکسان بۆ بیرکردنەوەی هەموو تاکی بیرکەرەوە نییە. گەرچی ئەو یەکسانییانە هەموویان گرنگن، بەڵام ئەم تێزانەی کە لەسەر ئەم باسە دەیانهێنمە پێشەوە، لەسەر ئەو پرسانە نین و ئەوانە پرسی جیاوازن لەوەی کە لێرەدا دەمەوێت باسیان بکەم؛ لەبەر ئەوەی لێرەدا ئەوەی ڕوو دەدات لە زەمینەیەکی کۆنترۆڵکراودایە کە بەپێی کۆمەڵێک لە مەرجی دیاریکراو سەپێنراون، هەروەهاش تایبەتە بە پسپۆڕە هاوتاکان.
دەکرێت بڵێم، تێزی ‘هاوسەنگیی بەها’، تێزێكی تایبەتە و تەنها سەبارەت بە بەهای یەکسانە بۆ ئەو سەرەنجام و بڕیارانەی لەو حاڵەتەن وبەپێی مەرجە دیاریکراوەکان دانراون بۆ پسپۆڕە هاوتاکان، لە گەیشتنە بڕیار و سەرەنجام، سەبارەت بە پرسێک. تێزی ‘هاوسەنگیی بەها’ سەرنجی خستۆتە سەر حاڵەتی نەسازانی نێوان پسپۆڕە هاوتاکان.
لە هەموو سەرنجدانێک لە حاڵەتی ئەم نەسازانەی نێوان پسپۆڕە هاوتاکاندا، گریمانەیەک لە پشتەوە خۆی حەشارداوە کە بە تێزی تایبەتمەندی ناسراوە. گەرچی دەزانم گەر زۆر زمانی لۆجیک بهێنمە تێکستەکەمەوە؛ خوێندنەوەی ئاسان نابێت. بەڵام تێگەیشتن لەوەی کە بە تێزی تایبەتمەندی ناسراوە، لە ڕووە لۆجیکیيەکەیەوە گرنگە، لەبەر ئەمە، هەوڵدەدەم بە ڕوونی و کورتی باسی بکەم.
لە تێگەیشتنە لۆجیکییەکەیدا، زمانی دەربڕینە لۆجیکییەکە ئەم مانایانەیان هەیە:
 (پ)= ڕاستی ئەو بابەتەیە کە مشتومڕی لەسەرە و سەرنجی خراوەتە سەر. (ب) = کۆی هەموو بەڵگەکانن لەسەر بابەتی ناوبراو. (د) یەک پرۆپۆزشنی دیار و پلەبەرزە، کە دواتر دەبێت بە سەرەنجام.
پرۆپۆزشن =ئەو گریمانەیەیە کە ئەگەری ڕاستی تیادایە و لە پرۆسەکەدا ساغ دەکرێتەوە و دەسەلمێنرێت، پاشان دەبێت بە سەرەنجام و بڕیار.
ئێستا، تێگەیشتن لە مانای زمانە لۆجیکیيەکەی و ڕوون بۆوە، ئاسانە تێگەیشتن لە لۆجیکی تێزەکە:
 ناوەڕۆکی ‘تێزی تایبەتمەندی’ لە تێگەیشتنە لۆجیکیيەکەیدا ئەمە دەڵێت: بۆ هەر پرۆپۆزشنێک بۆ (پ) سەبارەت بە کۆمەڵێک لە بەڵگە (ب)، تەنیا یەک پرۆپۆزشن لە ناویاندا ڕاستە و ئەو پرۆپۆزشنەش دیار و پلەبەرزە (د)، سەبارەت بە (پ) کە بابەتی سەرنجە.
بە واتایەکیتر، ناوەڕۆکی تێزی تایبەتمەندی ئەمە دەڵێت: کاتێک چەندین گریمانە و پرۆپۆزشنمان هەن سەبارەت بە ڕاستيی ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستتان؛ لە ناویاندا تەنیا یەکێکیان ڕاستە و ئەوەش ئەوەیانە کە دەبێت دیار و پلە بەرز بێت لە ئارگیومەنتەکەیدا، بۆ سەلماندن و ساغکردنەوەی ئەو بابەتەی کە لەژێر سەرنجدایە.
ئەم تێزە گرنگە، لەبەر ئەوەی کاتێک نەسازان و پێکنەهاتن دروست دەبێت لەنێوان پسپۆڕە هاوتاکاندا، ئەم تێزە تایبەتمەندییە، یەک پرۆپۆزشن  بەهەند وەردەگرێت لەنێوان چەندین پرۆپۆزشندا، گرنگیش نییە هیی کامیانە. ئەو پرۆپۆزشنەش ئەو تاکە پرۆپۆزشنەیە کە لەناو چەندین پرۆپۆزشنیتردا دەگاتە ئەو پلە بەرز و دیارە سەبارەت بەو بابەتەی لەژێر سەرنجی هەموواندایە.
ئەڵبەت ئەم تێزە، ڕێ بەوە دەدات کە دەکرێت هەر پسپۆڕێکی بەشدار بەڵگەی جیاوازی هەبێت و بەپێی ئەو بەڵگە جیاوازانەی کە لەلای خۆیەتی، باوەڕ و گومانی لا دروست ببێت سەبارەت بەو بابەتەی کە لەژێر سەرنجدایە. هەروەهاش ئەم تێزە ڕێگە بەوەش دەدات و ئەوەی لا پەسەندە کە لەوانەیە بەڵگەکان سەرلێشێوێنەر بن: بەڵگەی سەرلێ شێوێنەر ئەو جۆرە بەڵگانەن (ب)؛ لە حاڵەتی ڕاستی (پ)دا دەکرێت ناڕاستی (پ)ی ئاماژە پێ بکەن. یانی دەکرێت ئەو بەڵگانە بە جۆرێک بن کە: هەم پاڵپشتی لە ڕاست بوونی (پ) بکەن و هەم پاڵپشتی لە ناڕاست بوونی (پ) بکەن.
ئەمانە و جگە لەوەی کە باوەڕ بە هەر مەسەلەیەک لە ڕووە ماتماتیکی و ئیحتیمالیيەکەیەوە، واتە بەپێی تێۆری ئیحتیمالات؛ لە هەر دەرەجەیەکی پاش سفرەوە بۆ (١)ە، لەمەدا: سفر؛ بڕوا پێ نەبوونی تەواوەتیيە و هەر دەرەجەیەکی پاش سفر؛ ئەگەر و ئیحتمال دیاری دەکات.
 دەرەجەی یەک(١) بڕوا پێ بوونی تەواوە بە ڕاستيی مەسەلەکە، یا پرۆپۆزشن و گریمانەکە. نیو دەرەجە؛ حاڵەتی پێرفێکتی بڕیارنەدانە (ئەگنۆستیک).
ئەمە جگە لەو ژمارە ماتماتیکیيە سروشتیانەی کە دەکەونە نێوان سفر و یەکەوە؛ وەک ئەو ژمارانەی لەسەرو سفرەوەن و زیاترن لە نیو دەرەجە بەڵام کەمترن لە یەک دەرەجە، ئەمانە هەرچەند زیاتر بن، زیاتر بڕوا بۆ پرۆپۆزشنەکە دروست دەکەن:١/١٠، ١/٨، ١/٦، ١/٤، ١/٢.
بە ڕەچاوکردنی کۆی هەموو ئەمانەیە، کاتێک تێزی ‘هاوسەنگی بەها’ بەهای تایبەتمەندی دەدات بە یەک پرۆپۆزشنی پلەبەرز و دیار، ڕێگای پێ دەدات سەرکەوتوو بێت بەسەر پرۆپۆزشنەکانی تردا کە بەهادارن بەڵام بوونەتە مایەی نەسازان. هەرئەمەشە وادەکات کە نەتوانین لە هەندێک بابەت و بەڵگەدا هەرگیز بگەینە هیچ سەرەنجامێکی هاوبەش، سەبارەت بە (پ)، نەتوانین بگەینە بڕیارێکی هاوبەش کە لای هەموو پسپۆڕە هاوتاکان پەسەند بکرێت.

هەندێک جار، بۆ ئەوەی بتوانین بڕیارێکی هاوبەش و میانڕەو دروست بکەین لە کاتی ئەم حاڵەتی نەسازاندنەی نێوان پسپۆڕە هاوتاکاندا، سەرنجەکە لە سەرەنجام و بۆچوونەکانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ سەر نەسازاندنەکە وەک مەسەلە. ئەم سەرنجە کە گواسترایەوە، ئینجا ئەو ئارگیومەنتەی کە ئاماژەم پێکرد بە تێزی ‘هاوسەنگی بەها’ دێتە پێشەوە؛ ئەم تێزە گرنگە، ڕوونکردنەوەی زیاتر و باسکردنی بە گرنگ دەزانم.
بۆ ئەوەی ئەمە زیاتر ڕوونی بکەمەوە، با وای دانێین دوو کەس کەوتونەتە ئەم حاڵەتەوە و هەموو زەمینە و مەرجەکان یەکسانن. چەند سەرنجێک دەخەمە ڕوو، بۆ ڕوونبوونەوەی ئەوەی ئەم تێزە دەیڵێت، لە کاتی دروستبوونی حاڵەتی نەسازاندا:
سەرنجی یەکەم: لەسەر مەرجی دابینکەرە. بۆ ئەوەی دووکەس وەک هاوتا پێناسە بکرێن؛ ئەو کەسانە لەسەر ئەو بنەمایە دانراون کە سەرەنجامی هەڵسەنگاندنەکەیان ئەگەری هەیە/ ئیحتیمالی هەیە ڕاست بێت. بەڵام هیچ مەرجێک دانەنراوە بۆ ئەو بەڵگانەی کە هەر یەکێکیان دەکرێت هەیان بێت سەبارەت بەو بابەتەی لە بەردەستیاندایە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە. ئەمە واتە، ئەگەر من هەندێک بەڵگەم لا بێت کە تۆ نەتبێت، پێچەوانەکەشی هەر وابێت؛ واتە تۆ هەندێک بەڵگەی ترت لا بن کە من نەمبێت: لەم حاڵەتەدا ئەو دوو سەرەنجامە نەسازاو و ناکۆکەی کە پێی گەیشتووین پەیوەندە بەو بەڵگانەوە کە هەریەکەمان بە شەخسی هەمانن و بەکارمان هێناون بۆ گەیشتن بە سەرەنجامەکامان.

 ئەمە یانی مەسەلەکە لەوەی کە تۆ گەیشتوویتەتە ئەو سەرنجامەی کە جیاواز و ناکۆک و نەسازاوە لەگەڵ سەرەنجامەکەی مندا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەڵگانەی کە تۆ هەتە و لای من نین، پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە، گەیشتن بەو سەرەنجامەی کە من هەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەڵگانە کە من هەمە و تۆ نیتە.

ئەوانەی کە تێزی ‘هاوسەنگی بەها’ پەسەند دەکەن و هەڵگری ئەو تێزەن، لە وەڵامی ئەمەدا دەڵێن: لەم حاڵەتەدا پێویستە هەردوو بەشداربووەکان سەرەنجام و بڕیارەکەیان سڕ بکەن و هەڵسپێرێن هەتا ئەو کاتەی کە وەکو یەک و بە یەکسانی هەموو بەڵگەکانیان دەکەوێتە دەست. دوای بینینی هەموو بەڵگەکان بە یەکسانی لە لایەن هەموو بەشداربووەکانەوە، پێویست دەکات کە بەسەراچوونەوە بکەن لەو سەرەنجام و بڕیارەی کە پێشتر هەیانبووە. ئەمان پێ دادەگرن لەسەر ئەوەی کە هەموو بەشدارێک پێویستە هەمان بەڵگەی لەبەردەستدا بێت، کە لەبەر دەستی ئەوانی تردایە.

سەرنجی دووەم: لەم حاڵەتەدا، ئەگەر بێتوو من هەموو ئەو بەڵگانەم لەبەردەستدابن کە تۆ هەتن، بەڵام من بەڵگەی تری لەوە زیاتریشم هەبێت لە ئەزموونی تایبەتی خۆمەوە، ئەوا من باشتر دەتوانم بڕیار بدەم، چونکە زانینەکەم لەوەی تۆ زیاترە. لەبەر ئەوە، هیچ پێویست ناکات لەبەر ئەو سەرەنجام و بڕیارەی تۆ پێی گەیشتوویت، من بەسەر سەرەنجام و بڕیاری خۆمدا بچمەوە و گۆڕانکارییان تیادا بکەم.

سەرنجی سێیەم: زۆر ئاسانە و ڕوودەدات لە پسپۆڕیدا، من و تۆ تەواو هاوتا بین، بەڵام هێشتا هەڵسەنگاندنمان بۆ بەڵگەکان جیاواز بن، هەروەهاش ئەو کواڵەتییە لاوازەی کە تۆ هەتە لە میتۆدی هەڵسەنگاندنەکانتدا مەرج نییە من هەمبێت، پێچەوانەکەشی ڕاستە بۆ هەبوونی کواڵەتیی بەهێز لە لایەن یەکێ لە پسپۆڕە بەشداربووەکان کە مەرج نییە لەوانی تردا هەبێت.
ئەمەش بە گشتی یانی؛ کواڵەتییەکان دەکرێت جیاواز بن، ئەو کواڵەتییەی کە من هەمە لە مێتۆدی هەڵسەنگاندا مەرج نییە تۆ هەتبێت ، ئەو کواڵەتیيەی کە تۆ هەتە مەرج نییە من هەمبێت.
گەر ئەم سەرنجانە پەسەند بن، ئەوا تەنها یەک بژاردە دەمێنیتەوە، ئەوەی هێشتا دەبێت ئەوە بەهەند وەربگرین کە جارێکی تر بەسەراچوونەوە لە سەرەنجام و بڕیارەکانماندا بکەین، لەسەر ئەو بنەمایەی کە بۆچوونی یەکتر بەهەند وەربگرین.

دیاریکردنی خەسڵەت و حاڵەت و سروشتی ئەم کارکردنە گرنگ بوون، هەروەکو لە سەرەتادا وتم. لەدوای دیاریکردنی ئەو زەمینەی کە تیایدا هاوتایی پسپۆڕەکان پێناسە دەکرێت، ئینجا پێویست دەکات مەسەلەی کێشەی ناکۆکی و نەسازانی ئەو پسپۆڕە هاوتایانە بێتە سەر باسکردن.
بەڵام، پێش ئەوەی باسی ئەو سێ ئارگیومەنتانە بکەم کە سەبارەت بە گرفتی نەسازانن، وەکو چارەسەرن، وەکو ڕەخنەش لە چارەسەرەکان دەستنیشان کراون. دەمەوێت سیناریۆیەک باس بکەم و بیکەم بە نموونەی باسکردنی ئەم گرفتە بە گشتی، ئەمە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ئەوە دەرکەوێت کە ئەو سێ ئارگیومەنتانەی ئاماژەیان پێ دەکەم، چییان لەپێش چاوگرتووە و ناوەڕۆکەکەیان چی دەڵێت سەبارەت بە حاڵەتی نەسازانی هاوتاکان.

 ئەم سینارێۆیە وەک نموونەیەک بۆ تێزی ‘هاوسەنگی بەها’، لە حاڵەتی نەسازانی نێوان پسپۆڕە هاوتاکاندا بەردەوام دەهێنرێتەوە لە فەلسەفەدا، ئەم سیناریۆیە بە ‘ گرفتی مۆنتی هۆڵ’ ناسراوە و بە مەبەستی ڕوونکردنەوەیە و بەم جۆرەیە:
 مۆنتی هۆڵ، بەرنامەیەکی یاری و ڕابواردنە، پێشکەشکاری هەیە و هەر جارە و کەسێک میوانی بەرنامەکەیە. شوێنەکەی هۆڵێکە و لەم هۆڵەدا سێ دەرگا هەن، تەنیا لە پشت یەکێک لەم سێ دەرگایانەوە؛ بڕە پارەیەکی زۆر وەک خەڵات دانراوە بۆ میوانی بەرنامەکە، بەڵام لە پشت دوو دەرگاکەی تردا چۆڵە و هیچی لێ نییە؛ یەک فلسی تیا دەست ناکەوێت. میوانی بەرنامەکە بە ئاگا نییە لەوەی کام لە دەرگاکان بڕە پارەکەی لە پشت دانراوە، نازانێت و بێ ئاگایە لەوەی پارەی خەڵاتەکە لە پشت کام دەرگایەوەیە، بەڵام پێشکەشکارەکە دەزانێت کە لە پشت هەر دەرگایەکەوە چی هەیە.
 پێشکەشکارەکە بەبێ ئەوەی هیچ ئاماژەیەک بکات بۆ هیچ دەرگایەک، لە میوانی بەرنامە دەپرسێت: فەرموو ئازیز ئێستا دەرگایەک هەڵبژێرە و پێم بڵێ کام دەرگایەت هەڵبژاردوە؛ یەکەم؟ دووەم؟ یان، سێیەم؟.
پاش ئەوەی کە میوانی بەرنامەکە ژمارەی دەرگایەک هەڵدەبژێرێت، با بڵێین دەرگای ژمارە ٢.
پێشکەشکارەکە پەسەندی دەکات بێ هیچ پرسیار و سەرنجێک، لە هەمان کاتدا پێشکەشکارەکە هەڵدەستێت و بەرەو دەرگاکان دەچێ و یەکێک لەو دوو دەرگایانەی تر دەکاتەوە کە لە لایەن میوانی بەرنامەکەوە هەڵنەبژێراون، با بڵێین دەرگای ژمارە ٣ دەکاتەوە، کە دەیکاتەوە هیچ پارەی خەڵات لە پشت دەرگاکەوە نییە، پشتی دەرگاکە بەتاڵە.
ئێستا ئیتر، بەم کارەی کە پێشکەشکارەکە کردی، تەنیا دوو دەرگا ماوەتەوە کە نەکرابنەوە لە کۆی سێ دەرگاکە؛ دەرگای ژمارە ١ و ئەو دەرگایەش کە میوانەکە هەڵيبژاردووە، کە دەرگای ژمارە ٢وە. لەم حاڵەتەدا ئەگەرەکە(ئیحتیمالەکە) چڕبۆتەوە؛ یەکێک لەو دوو دەرگایانەی کە نەکراونەتەوە، لە پشتییەوە پارەی خەڵاتەکە دانراوە، خەڵاتەکە بڕە پارەیەکی یەکجار زۆرە.
 ئینجا پێشکەشکارەکە لە میوانی بەرنامەکە دەپرسێت: ئایا دەتەوێت ژمارەی ئەو دەرگایەی کە یەکەم جار هەڵت بژاردبوو بیگۆڕێت؟ یان هەر دەتەوێت وەک خۆی بێت؟

ئالێرەدایە، کە ئەم سیناریۆیە گرنگيیەکەی دەردەکەوێت سەبارەت بە گرفتی نەسازان لەنێوان پسپۆڕە هاوتاکاندا؛ هەروەهاش سەبارەت بە  تێزی ‘هاوتایی بەها ‘ لەنێوان ئەو بۆچوونانەی کە لە بەها یەکسانەکاندان. جگە لەمانەش گرنگیی گۆڕینی بیروڕا، سەبارەت بە هەر مەسەلەیەک، لەبەر ڕۆشنایی کاریگەری و بۆچوونی ئەوانی تردا دەردەخات.
 چونکە لێرەدا ئەگەر میوانی بەرنامەکە لە سەرەتادا ئەو دەرگایەی هەڵبژاردبێت کە هیچ پارەی لە پشتەوە نیە، ئەوا بە گۆڕینی ڕای خۆی بۆ هەڵبژاردنی دەرگایەکی تر؛ سوودمەند دەبێت و خەڵاتەکە دەباتەوە.
 بەڵام، ئەگەر لە سەرەتادا ئەو دەرگایەی هەڵبژاردبێت کە پارەکەی لە پشتەوەیە و ئێستا ڕای خۆی بگۆڕێت؛ ئەوا ئەو دەرگایەی بۆ دەردەچێت کە هیچی لە پشتەوە نییە و زەرەرمەند دەبێت.
 
گەر سەیری ڕێژەی ئیحتیمال و ئەگەر بکەین؛ لە سەرەتای بەرنامەکەدا سێ دەرگا هەبوون و ئەم دەرگایەکی هەڵبژاردبوو لەناویاندا، ئێستا تەنیا دوو دەرگا ماونەتەوە. ئەمە مانای ئەوەیە ئێستا ڕێژەی ئیحتیمالەکە زیاترە سەبارەت بەو دەرگایەی کە هەڵی دەبژێرێت؛ لەبەر کەمبوونەوەی ژمارەی بژاردەکە لە سێ ژمارەوە بۆ دوو، یەکێک لەو دوو دەرگایە پارەکەی لە پشت دانراوە.
ئەم نموونە سیناریۆیە بۆ ئەوە بوو حاڵەتی نەسازانی نێوان پسپۆڕە هاوتاکان ڕوون بکاتەوە، کاتێک کە ڕێژەی ئیحتیمال و ئەگەری ڕاستی و بەهەڵەداچوون؛ لە گۆڕین و نەگۆڕینی سەرەنجامەکەی خۆتدا زیاتر دەبن.
وەک لە سەرەتای ئەم ناو بەشەدا باسم کرد سێ ئارگیومەنت هەن وەک وەڵام و چارەسەر، بەڵام دواتر لە باسکردنی ئەم ئارگیومەنتانەدا تیشک دەخەمە سەر کەموکوڕییەکان سەبارەت بە گرفتی نەسازان لەنێوان پسپۆڕە هاوتاکاندا.[1]


[1] تێبینی: ئەمە بەشێکە لە بەشی چوارەمی کتێبی سۆشیال پیستیۆلۆجی