ئەدەبیاتی بەرگری

”بۆ یادی جەلال مەلەکشا؛ شاعیری ئەدەبیاتی بەرگریی کوردستان”


ئەدەبیاتی بەرگری، یەکێک لە لقەکانی ئەدەبیاتە کە لە ژانرە جۆراوجۆرەکاندا، هەڵوێست و دەروەستیی ڕەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دەنووسێتەوە و، وەکوو بەرەنگاربوونەوەیەکی سرووشتی و خۆزاییی مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو هێزانەدا ڕاست دەبێتەوە کە سەرچاوە فەرهەنگی و شارستانەتییەکانی لێ دەخەنە مەترسییەوە. ئەم جۆرە ئەدەبیاتە، بەرەنگاربوونەوەی ستەم و فیداکاریی نەتەوەیەک لە بەرانبەر داگیرکەران و دەستدرێژیکەراندا وێنا دەکات و دەخوازێت بە وەسفە هونەرییەکانی ورەی خەبات و بەرەنگاربوونەوە و خۆڕاگریی نەتەوەیی لە بەرانبەر دژمندا هان بدات. بەسەرداهاتنی جەنگ کە دیاردەیەکی تاڵ و زیانبارە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەدەبیاتی بەرگرییە. ئامانجی ئەوانەی جەنگ هەڵدەگیرسێنن یان بۆ ئەوەیە کە سەریەتی و گەورەییی نەتەوایەتیی و فەرهەنگیی خۆیان بەسەر لایەنی بەرانبەریاندا بسەپێنن، یان لەپێناو داگیرکەری و دەسەڵاتخوازی و دەستەبەرکردنی بەرژوەندیی ماددییدا جەنگ وەڕێ دەخەن. ئەدەبیاتی بەرگری، ئەدەبیاتێکی دژی جەنگ و ڕیسواکەر و ڕەخنەگری جەنگە. ئەم جۆرە ئەدەبیاتە، ئەدەبیاتێکی ئەزموونییە و لە مێژووی مرۆڤدا نموونەی زۆرە.

ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە لە بەژنی پێشینەی فەرهەنگی و سیاسیی مێژوومان هاڵاوە. لە ڕاستیدا نەک هەر لە یەکەمین دەقەکانی ئەدەبیاتی نووسراوماندا، بگرە لە ئەدەبی زارەکییشماندا هاواری بەرگری مۆنج دەداتەوە. تێگەیشتن لە ڕازی ئەم بەردەوامییەی ئەدەبی بەرگری لە مێژووی ئەدەبیاتەکەماندا دوورەدیمەنێکی پاتەوەبوو دێنێتە بەرچاومان کە زۆر جار دەکەوێتە بەر تیری تانە و ڕەخنەی ئەدەبی بەرگرییەکە خۆی؛ دەقەکانی ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی و مەلا مارفی کۆکەیی و سەیفولقوزات و عەبدوڵڵا پەشێو و …تاد.

جەلال مەلەکشا (١٩٥٢-٢٠٢٠) شاعیر و نووسەر. فۆتۆ: فریا یونسی

بەشی هەرەزۆری ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە بەرەنگاربوونەوەی بندەستیی نەتەوایەتی و داگیرکراویی خاک و بەکۆڵۆنیاکردن و دابەشکردنی نیشتمانەکەمانە، بەشێکی بەرچاویشی هاندانی مرۆڤی کوردە بۆ لای هێماکانی شارستانەتی و پێشکەوتنی فەرهەنگی و زانستی و پیشەسازیی ڕۆژاوای دنیا، وەکوو پیشەسازیی چاپ، سیستەمی خوێندن، دروستکردنی قوتابخانە، دەرکردنی ڕۆژنامە و دادپەروەری، ئازادی، ماف، ئەرک، یەکسانیی ژن و پیاو و… تاد. 

سەد قائیمە و قەسیدە کەس نایکڕێ بە پوولێ

ڕۆزنامە و جەریدە کەوتۆتە قیمەت و شان

.

بۆ فەننی حەرب و سەنعەت، بۆ زەبتوڕەبتی میللەت

دەینێرنە ئورووپا گەورە و بچووکی خۆیان

”حاجی قادر کۆیی”

کوردینە، تاکەی ئێمە لە کێوان میسالی دێو

بێین و بچین و بۆ مە نەبێ چ خودان و خێو

.

بۆ ئاسمان دەڕۆن و لە بەحرا دەکەن سەفەر

هەر عەرزە نیشتگاهی مە، سەنعاتە وەرد و شێو

ڕێی وانە کەهکەشان و ڕێی ئێمە بەردەڵان

جێی وانە تەخت و بەخت و جێی ئێمە بەرد و چێو

”سەیفولقوزات”

من تەشیڕێسێکی وەک شیرنی وەفاییم بۆ چییە

کیژی وریای چاوکراوەی فێرە زانینم دەوێ

هێمن

هەرچەندە بابەت و گوتاری بەرهەمەیلی فەرهەنگی لە هەموو دەورە، یان سەردەمێکدا بە شێوەیەکی جیاواز بەدیار دەکەون، بەڵام ئەدەبی بەرگریی ئێمە زنجیرەیەکی تێکئاڵقاو و نەپساوەیە و تەنانەت زۆر بە کەمی بواری ئەوەی بۆ ڕەخساوە کە گوتاری خۆی بگۆڕێت، چونکە ئەگەر دەقێک جودا لەو زنجیرەیە خۆی بنوێنێت، نە ڕمێنێکی وای دەبێت و نە کاریگەری و پەسندێکی ئەوتۆی ڕای گشتی دەستەبەر دەکات. لەوانەیە هۆکارەکەی درێژبوونەوەی ڕەنج و بەدینەهاتنی ئامانجەکانی نەتەوەکەمان بێت کە خۆی جێی تێڕامان و لێکۆڵینەوەی بابەتییە.

بەشێک لە توێژەرانی بواری ئەدەبیات لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەدەبیاتی بەرگری، لە سەردەمێکدا بە گوێرەی بارودۆخی ڕۆژگار ڕمێنی دەبێت، بەڵام بەدوای گۆڕانی بارودۆخەکەدا (سەقامگریی سیاسی و کۆمەڵایەتی) ناچالاک دەبێت و لە گۆڕەپانی ئەدەب کلا دەکرێت. بەلای بۆچوونی نووسەری ئەم دێڕانەوە، ئەم بۆچوونە وەک ”حوکمێکی گشتی” ڕاست نییە، بەڵام لە لایەنی پێویستیی گۆڕانی گوتار و شێوازی دەربڕین بە گوێرەی پێداویستیی کات و شوێن جێی لێوردبوونەوەیە؛ یەکەم لەبەر ئەوەی کە لە مێژووی ئەدەبیاتی هەموو نەتەوەکانی دنیادا هیچ سەردەمێک نییە کە بەرەنگاربوونەوەی کەموکوڕییەکان وشکاوی بێت و لە شیعر و وتە و واتای نووسەران و شاعیرانی ئەو نەتەوەیەوە نەدەڵێت؛ ئەوپەڕەکەی بە گوێرەی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زاڵ، شێوەی دەرکەوتنی ئەدەبیاتی بەرگری گۆڕانی بەسەردا دێت و خۆی بۆ گەیاندنی دۆخ و گوتاری هەییی کۆمەڵگە دەگونجێنێت. هەرچۆنێک بێت ئەدەبیاتی بەرگری هەر هەبووە، جا لە فۆرمی شیعر، شانۆ، چیرۆک، رۆمان و هەر ژانرێکدا، هەبوونی خۆی نیشان داوە. دووەمیش لەبەر ئەوەی بە تایبەتی ئەدەبیاتی بەرگریی ئێمە، کە دەربڕی ئەو ڕەنج و ستەمانەیە وا بە درێژاییی مێژوو بەسەر نەتەوەکەمان هاتووە و خاکی نیشتمانەکەمان پارچە پارچە کراوە، بەردەوام سەکۆی نواندنی لێکدژەکان بووە؛ مەرگ لە بەرانبەر ژیاندا، ئازادی و سەربەستی لە بەرانبەر ژێردەستیدا، ستەملێکراو لە بەرانبەر ستەمکاردا و …تاد. خۆ ”ڕەنج و ستەم”، ”مەرگ و ژیان” و ”ئازادی و بندەستی” کۆمەڵێک بابەت و واتای سەردەمی نین، ئەوەندە نەبێت کە لەوانەیە لە هێندێک قۆناغدا ڕوونتر بن. بۆیە ئەدەبیاتی بەرگری، وەک سەکۆی نواندنی لێکدژەکان هەرگیز ناچالاک نابێت.

دیاریکردنی جۆرێکی تایبەتی ئەدەبی بەرگری چەندی ئاسان دەنوێنێت هێندە و پتریش دژوارە، چونکە لە لایەکەوە دەزانین چییە و، لە لایەکی دیکەشەوە بەستێنی گوتارییەکەی زۆر بەربڵاوە؛ تەنانەت لە ڕوانگەیەکەوە کە هونەر و ئەدەبیات بە جۆرە بەرەنگارییەک لە بەرانبەر کەموکووڕیی ڕاستەقینە و سرووشتدا دانراوە، سەرانسەری ئەدەبیات دەکەوێتە چوارچێوەی پێناسەی بەرگری و بەرەنگارییەوە.

لە ڕاستیدا دیاریکردنی جۆرێکی تایبەتی ئەدەبی بەرگری چەندی ئاسان دەنوێنێت هێندە و پتریش دژوارە، چونکە لە لایەکەوە دەزانین چییە و، لە لایەکی دیکەشەوە بەستێنی گوتارییەکەی زۆر بەربڵاوە؛ تەنانەت لە ڕوانگەیەکەوە کە هونەر و ئەدەبیات بە جۆرە بەرەنگارییەک لە بەرانبەر کەموکووڕیی ڕاستەقینە و سرووشتدا دانراوە، سەرانسەری ئەدەبیات دەکەوێتە چوارچێوەی پێناسەی بەرگری و بەرەنگارییەوە. شاعیری ئەمریکاییی بە ڕەچەڵەک ڕووسی، جۆزێف برۆدسکی (خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی ساڵی ١٩٨٧ی پێ بڕا)، دەڵێت: ”هونەر، شێوەیەکی بەرەنگاربوونەوەیە لە بەرانبەر کەموکووڕییەکانی ڕاستەقینەدا”. لەم ڕووەوە ئیتر هونەری ئەدەبیات تەنیا لاساکردنەوەی سرووشت نییە، بگرە جۆرێک ڕاسانە لە بەرانبەر ڕاستەقینەی هەیی و هەڵوەشاندنەوەی و، دووبارە ئافراندنەوەی ڕاستییەکی بزر. ئەم ئافراندنەوەیە بە لەکارهێنانی تەواوی کەرەستەکان و پێداویستییەکانی زمان دەکریت، واتا گوتاری ئەدەبی کۆمەڵێک توخمی جیاوازی سیستەمی زمان دەخاتە خزمەت خۆیەوە و چۆنایەتییەکی تایبەتیان پێ دەبەخشێت، ئەو چۆنایەتییانەی کە لە گوتاری ئەدەبیدا بە زمان و توخمەکانی دەدرێن، لە زمان و کردەوەکانی زمان دەکەونەوە و باری هەرمان بە دەق دەبەخشن.

blank
پۆرترێتی ئەحمەدی خانی (١٦٥٠-١٧٠٧)

یەکێک لە تیۆرییەکانی ئەدەبیاتی بەرگری، تیۆریی ”دەروەستی”ی فەیلەسووفانی فەرەنسایی و مارکسیستەکانە. هۆکاری مێژوویی ئەم بابەتەش ئەوەیە کە بارستاییەکی زۆری ئەدەبیاتی ڕۆژاوا و تەنانەت ئەدەبیاتی سەدەی ڕابردووی کوردییش سەر بە ئەو ڕەوتە هزریەیە. بۆ ڕوونکردنەوەی ”دەروەستی”ی ئەدەبی، بۆچوونەکانی سارتر و کامۆ و ترۆتسکی و … ئەو بنەما تیۆرییە بەهێزانەن کە پاڵیان پێوە دراوە. هەرچەند تیۆریی ”ئەدەبیاتی دەروەست”ی مارکسیستی لە ڕۆژاوا بەرەبەرە کاڵ بووەوە، یەکەم لەبەر ئەوەی کە دۆخی کۆمەڵایەتیی دوای جەنگی دووەمی جیهانی توخمە هاندەرەکانی نووسەری بۆ دەرەوەستی لەنیو برد و، یەکێتیی سۆڤییەت وەک ناوەندێکی سەقامگرتووی مارکسیستی بە ڕەفتاری توندوتیژ و گوشارخستنە سەر نووسەران، ناچاری دەکردن بەرەو ڕۆژاوا ڕا بکەن. هەروەها لەنێوان بۆچوونەکانی سارتر و کامۆ وەکوو ڕێبەرانی ئەو تیۆرییەدا جوداوازیی قووڵ پەیدا بوو، سارتر باوەڕێ بە لەکارهێنانی توندوتیژی لە ڕێبازی خەباتدا هەبوو، کەچی کامۆ پێی وابوو کە بۆ گەیشتن بە سەقامگیربوونی دادپەروەری و ئازادی دەبێ توندوتیژی وەلا بنرێت. ئەو هۆکارانە بواریان بۆ تیۆریگەلی مۆدێرن و بنەماکانی هزری ماتریالیستیی ڕۆژاوا خۆش کرد تا ئەدەبیاتی بەرگری لە ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵات پێناسەی نوێ هەڵبگرێت. یەکێک لەو پێناسانە ئەوەیە کە لە ڕێی تیۆریی ئەدەبیی ”پاش کۆڵۆنیالیزم”ەوە دەکرێت کە یەکێک لە فرەجۆرترین تیۆرییە ڕەخنەییەکانی ئەدەبیاتی ئێستایە و پاش بڵاوبوونەوەی کتێبی ”ڕۆژهەڵاتناسی”ی ئیدوارد سەعید پەیدا بوو. ئەدەبیاتی پاش کۆڵۆنیالسیتی لە ئەنجام و کاریگەرییەکانی ڕزگاری لە داگیرکەر و کۆڵۆنیالیست و ڕەوتی گۆڕان و سەربەخۆییی سیاسی و فەرهەنگیی ئەو گەلانە دەکۆڵێتەوە کە لە بندەستی کۆڵۆنیالیست ڕزگاریان بووە، یان هێشتا بە تەواوی ڕزگار نەبوون. گرینگترین توخمە پێکهێنەرەکانی ئەدەبیاتی پاش کۆڵۆنیالیستی بریتین لە: جوداکردنەوەی خۆ لە ئەوی تر، ژیاندنەوەی هەویەتی (شناس)، بانگەوازی یەکگرتن و یەکیەتی، دەربڕینی بێزاری لە داگیرکەری و تاڵان و بڕۆ، بەرزکردنەوەی ورەی بەرەنگاربوونەوەی ستەم و ڕۆژهەڵاتناسی (لە ئەدەبیاتی کوردیدا کوردستانناسی و کوردناسی).

لە پاش شەڕی چاڵدێران (٢٣ی ئاگوستی ١٥١٤) و دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو ئیمپراتۆریی عوسمانی و سەفەویدا، کۆمەڵێک میرنشینی کورد لە کوردستانی بندەستی عوسمانییەکاندا دامەزران کە سەرباری ناکۆکیی نێوخۆیان و دنەدانی عوسمانییەکان بۆ بەردەوامیی ئەو ناکۆکییانە زمان و فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردی لە سێبەری ئەو میرنشینانەدا بەدیار کەوت و گەشەی کرد و شاعیرانی وەکو مەلایێ باتێ، مەلایێ جزیری، عەلی هەریری و فەقێ تەیران و ئەحمەدی خانی ئەدەبی کلاسیکی کوردییان خولقاند. بەرهەمە گەورەکەی ئەحمەدی خانی، داستانی ”مەم و زین” و شیعرەکانی فەقێ تەیران و … هەر لەو بەرەبەیانەی دەقی کوردییەوە وەک ئەدەبی بەرگریی کوردی بۆ بووژاندنەوەی هەویەتیی کوردی هاواریان کرد. دواتر لە سەدەی ١٨ی زایینیدا پاش ئەوەی کەریم خانی زەند، لە ھۆزی کوردانی زەند، کە دایکیشی لە کوردانی زەنگنە بوو، دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی ئێرانی بە دەستەوە گرت، لەو بەشەی کوردستانیش ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی سەری هەڵدا و شانامەنووسانی وەکوو ئەڵماس خانی کەنوولەیی و شاعیری داستاننووسی وەکوو خانای قوبادی و … تاد، گەشەیان کرد و لە بەرهەمی ئەوانیشدا ئەدەبی کوردی بانگ بۆ زیندووڕاگرتنی هەویەتیی کوردی دەدات:

جە لای عاقـــڵان، ساحێب عەقڵ و دین

دانا بـــزورگان کوردســـــتانزەمـــــین

راســەن مواچان فارســـــی شـــەکەرەن

کوردی جە فارسی بەل شـــیرینتـــەرەن

پەی چێش نە دەوران ئەی دنیای بەدکێش

مەحزووزەن هەرکەس بە زوبان وێــش

”خانای قوبادی”

دواتر لە سەردەمی میرانی ئەردەڵان و باباندا ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی زیاتر گەشەی کرد و ”تەبعی شەککەرباری” شاعیری کورد ”ئیمتیحانی” خۆی دەکرد و هەست و دەروەستیی بووژاندنەوەی زمان و فەرهەنگ و داستان و ئەفسانەی کوردی بەرەنگاری دەیان سەدە بێدەنگیی ئەدەبیات و زمانی کوردی و ستەمی داگیرکەرانی کوردستان بووەوە، تا لە کۆماری کوردستاندا بەرگ و فۆڕم و زمانێکی نوێی بە بەردا کرد و تا ئێستاش ئەو ئەدەبیاتە هەر بەردەوامە لە گەشە و بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی کۆڵۆنیالیستی.

بابەتی ئەم یادداشتە کە بە بەرییەوە هەیە بە مێتۆدی وتارێکی زانستی لەدووی بدرێت، لێرەدا بە ئەنجامگرییەکی کورت دەبڕمەوە کە ئەدەبیاتی بەرگری، جۆرێکی ئەدەبییە، لە سەرەتای ڕەوتی ئەدەبی نووسراو و کلاسیکی کوردییەوە هەیە و بە چەندین دەورەدا تێ پەڕیوە و تا گەیوەتە ئەمڕۆش بەردەوامە لە بووژاندنەوەی هەویەتیی کوردی.