‎مەرجی سەرەکیی دیالۆگ یەکسانییە

دیالۆگێک لەگەڵ "ئێدگار مۆران"دا

‎وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین

بوخاری: دەتوانیت یارمەتیمان بدەیت بۆ دەستنیشانکردنی چەمکی “دیالۆگی نێوان ژیارەکان”، بە تایبەتی چەمکی ژیار لە بەرانبەر کولتووردا؟

مۆران: بەپێی ئەو جیاکارییە کلاسیکییەی سۆسێۆلۆژیای ئەڵمانی لە سەدەی نۆزدەیەمدا بۆ وشەی کولتوور کردوویەتی، دەشێت گوزارشت بێت لە ھەموو ئەو شتانەی کە تایبەتن بە گروپێکی ئیتنیکی، نەتەوەیەک یان کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو، واتە نەریت و باوەڕ و دۆگمەکانی، عادەت و سرووت و ئاھەنگەکانی، ھەروەھا خواوەند و ئەفسانەکانیشی، لە کاتێکدا ژیار بریتییە لەو شتانەی لە کولتوورێکەوە دەگوێزرێنەوە بۆ کولتوورێکی دی. بۆ نمونە چاندنی پەتاتە لە ناوچەی ئەندیزی ئەمریکاوە گوێزراوەتەوە بۆ ئەوروپا و لەوێشەوە بۆ ھەمو جیھان، ھەروەھا بەکارھێنانی گاسن کە لە گۆشەیەکی دنیادا سەری ھەڵداوە و پاشان بە ھەموو شوێنێکدا بڵاوبۆتەوە. بە مانایەکی دی، ژیار شتێکی ھونەری و مادییە، ھەر بۆیە دەشێت لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی بگوێزرێتەوە، کەچی سەرباری ھەموو ئەوانەش ئایدیای “دیالۆگی نێوان ژیارەکان” وەک چەمکی کولتوور دەڕوانێتە ژیار، چونکە ئاماژ بۆ کۆمەڵێک خاسیەت و تایبەتمەندێتی ڕوون و ئاشکرا دەکات کە پێی وایە ناکرێت ئاوێتە بن. کاتێک باس لە دیالۆگی نێوان ژیارەکان بە مانا ئاساییەکەی دەکەین، ئەوا بە شێوەیەکی زۆر سانا بیر لە ژیاری خۆرئاوایی، چینی یان ئیسلامی، مەسیحی یان ئێرانی و ئەفریقی و تادوایی.. دەکەینەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر باسی ژیاری چینت کرد ئەوا من بیر لە تاویزم “فەلسەفەیەکی ئایینییە و لەسەر بنەمای فەرمایشتەکانی لاوتسێ دامەزراوە” یان کۆنفۆشییزم دەکەمەوە کە بێگومان دەکرێت بگوێزرێتەوە. بۆ نموونە ژیاری ئیسلامییش لەناو خۆیدا ھەڵگری زیاد لە دەوڵەت و نەتەوەیەکە کە ھەریەکەیان کولتووری جیاواز و تایبەت بە خۆیان ھەیە، جا با ئاسانیش بێت لە ناوچەی دیکەی جیھاندا بڵاوبێتەوە. بە کورتی، ژیار و کولتوور دو چەمکی ئاڵۆزن، ھەمیشە لە ڕیسکی ئەوەدان ڕووبەڕووی بەدگومانی ببنەوە.
لەگەڵ ھەموو ئەو ڕاستیانەشدا من پێم وایە مەبەستی ڕێکخراوی یونسکۆ لەوەیە کە “ئێمە ھەموومان جیاوازین، خاوەنی دۆگم و ئایینی جیاجیاین، بەڵام نابێت تایبەتمەندێتی خاسیەتەکانمان ببێتە بەربەست لەبەردەم دیالۆگدا”.

بوخاری: دەستەواژەی ئەوەی کە ژیارێک دیالۆگ بکات، مانای چییە؟  

مۆران: بە ڕای من ئەوەی کە دیالۆگ دەکات ژیارەکان یان کولتوورەکان نین، بەڵکو ئەوە بە تەنھا تاکەکانن کە دەشێت بکەونە دیالۆگ. ئەوانەشی کە ئەو کارەیان بۆ گرنگە، بەشێکن لە کولتوورێک، کەسانی کراوەن و دەشێت دان بە بوونی ئەوی تردا بنێن، ئەوان ڕایانوایە کە بە بەکارھێنانی جیاوازییەکانمان وەک خاڵی دەستپێکردن دەشێت بتوانین زەمینە و زمانێکی ھاوبەش بدۆزینەوە، بۆ نموونە “ھەموومان ھەوڵ بۆ ئاشتی دەدەین”. ئەگەر سەیرێکی جیھانی مەسیحی بکەین لە سەدەکانی ناوەڕاست و ڕۆژگاری جەنگەکانی خاچپەرستیدا ئەگەری دیالۆگ لەگەڵ موسڵمانان یان “جوو”دا زۆر سەخت بوو، لەمڕۆشدا و لەگەڵ سەرھەڵدانی دەمارگیرە سەلەفییە ئیسلامییەکاندا دیالۆگ مەحاڵە چونکە ئەوانی دی بە سەگی کافر و سەرلێتێکچوو دەبینن. بە مانایەکی دی، ئەو کاتەی ئەوی دی دەبێتە کافر و گوناھبار، ئیدی دیالۆگ مەحاڵە.

ئێدگار مۆران (١٩٢١- ) فەیلەسوف و کۆمەلناسی فەڕەنسایی

 بوخاری: ئەی ئەمڕۆ خۆرئاواییەکان دیالۆگیان قبوڵە؟

مۆران: ئەمڕۆکە – ئەوانەی لە وڵاتە یەکگرتووەکان دەسەڵاتیان بەدەستە، دەڵێن ئیمپراتۆرییەتێک ھەیە باش و ئمپراتۆرییەتیکیش ھەیە خراپ، لە کاتێکدا تێڕوانینی ڕێکخراوی قاعیدە ڕێک پێچەوانەی ئەمەیە. ھەر یەکە لەلای خۆیەوە پێی وایە کە خۆی باشەکەیەوە ئەوی دیکەش خراپ. ھەڵوێستە دووفاقەکانی مانویزمیش وا دەکات کە دیالۆگ مەحاڵ بێت. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا ھەندێک لەو خۆرئاواییانەی لە ژیارەکانی دیکەیان کۆڵیوەتەوە پێیان وایە ناکرێت ئیسلام بگۆڕێت بۆ فەندەمێنتالیزم یان سەلەفیەت، چونکە ئایینێکی مەزن و گەورەیە، لە ڕابردوودا ڕۆڵێکی ژیاریی بەرچاوی ھەبووە، بە تایبەتی لەسەردەمی بەغدا و خەلیفەکاندا، ھەروەھا لە ئەندەلوسیش، لەوەش زیاتر پێیان وایە کە تەنھا ژیاری مەزنە لە ترۆپکی سەدەکانی ناوەڕاستدا، ھەروەھا زۆر لێکدانەوە بۆ ئیسلام ھەیە، تەنانەت لەناو جەرگەی جیھانی ئیسلامییشدا لایەنگر و داکۆکیکار لە عەلمانیەت ھەن. کە لە کولتوور یان ژیارێکیشدا ھەمەڕەنگیت ھەبوو، ئەوکات خەڵکانێکیش ھەن ئامادەبن بۆ دیالۆگ، کەسانێک کە بە گشتی کراوەن، لادەر و مێشک داخراو نین، لە ھەندێک حاڵەتیشدا ئەوانە دەرەنجامی زنجیرەیەکی پشتاوپشتی تێکەڵ و ئاوێتەی کۆمەڵێک ژیارن.

دیالۆگی ڕاستەقینە کاتێک دەبێت کە دان بە سەربەرزی و شکۆی ئەوی دیکەشدا دەنێیت، مەبەستم لەوەیە کە لەنێوان سەروەر و کۆیلەدا ھیچ دیالۆگێک ئەگەری بوونی نییە، چونکە مەرجی یەکەم و سەرەکی دیالۆگ یەکسانییە

بوخاری: مەرجەکانی دیالۆگ چین؟

مۆران: سەرەتا و بەر لەھەر شتێک بریتییە لە داننان بە بەرانبەردا وەک دیالۆگکارێک کە مافەکانی ھیچی لە مافەکانی خۆت کەمتر نییە: دیالۆگی ڕاستەقینە کاتێک دەبێت کە دان بە سەربەرزی و شکۆی ئەوی دیکەشدا دەنێیت، مەبەستم لەوەیە کە لەنێوان سەروەر و کۆیلەدا ھیچ دیالۆگێک ئەگەری بوونی نییە، چونکە مەرجی یەکەم و سەرەکی دیالۆگ یەکسانییە، ئەمەش بۆ خۆی بۆچوونێکی تاڕادەیەک نوێیە لە کولتووری ئەوروپیدا. ئەوروپای خۆرئاوایی خۆی دەستی بەسەر جیھاندا گرتووە و چەوساندوویەتییەوە، یەکەم ھەنگاویش بە پەلاماردانی ئەمریکا دەستی پێ کردووە، وەکچۆن ئەوروپا بازرگانی بە کۆیلە و کۆیلەگرتنەوە کردووە و خاوەنی درێژترین و دڵڕەقانەترین چەشنی کۆنترۆڵ و ھەژمونیشە لە مێژوودا. لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا و لەناو خودی ئەم ئەوروپایەدا، لەوانەشە لە کاتێکی زۆر زوودا و تەریب بە پەلامارەکان، ئەقڵە لادەرەکان گەشەیان بە ئایدیاگەلێکی گرنگ داوە کە ڕێخۆشکەر بوون بۆ دیالۆگ؛ بۆ نموونە ئەوە قەشەی ئیسپانی “بارتلۆمیۆ دی لاس کاساس”ە کە وتویەتی: میللەتی ڕەسەنی ئەمریکیش مرۆڤن وەک ھەر مرۆڤێکی دی، ئەوە “مۆنتانی”ە کە وتویەتی: ئێمە بە ژیارەکانی دیکەمان وتووە بەربەری. ھەمان شت لەگەڵ مۆنتسکیۆشدا بەردەوام دەبێت کە وا وێنای کردووە کەسێک لە فارسەکان لە فۆرمی زانایەکی ئەنترۆپۆلۆگدا دێت بۆ کەشفکردنی فەرەنسا کە بە فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤ پەروەردە کراوە. بە مانایەکی دی، ئەوروپای خۆرئاوایی لەیەک کاتدا ھەم لانەی کۆنترۆڵ و ھەم لانکەی ئەو ئایدیایانەش بووە کە بانگەشەی سەربەستی و ئازادبوون دەکەن. ئەو میلەتانەشی کە ملکەچی کۆڵۆنیالیزم بوون، بە وەرگرتنی ئەم ئایدیایانە توانیویانە بە شێوەیەکی ڕێژەیی سەربەخۆیی و ئازادی بەدەستبھێنن.

بوخاری: بە ڕای تۆ بەربەستەکانی بەردەم دیالۆگ لە جیھانی ئەمڕۆدا چین؟

مۆران: بەربەستەکە لەوەدا خۆی دەنوێنێت کە ئەو شتەی لای کەسێک پیرۆزە و موقەدەسە لای ئەوی دی وا نییە. بۆ نموونە نە موسوڵمان، نە مەسیحی یا جوو بۆیان نییە دیالۆگ بکەن بۆ سەلماندنی ئەوەی کە داخۆ مەسیح لە ڕۆژی سێھەمدا زیندووبووەتەوە، ئایا موسا حەوت وەسێتەکەی وەرگرتووە و، یان موحەمەد وەحی لە جوبرایلەوە وەرگرتووە. بەڵام دەتوانین دان بە بوونی ئەو شتەدا بنێین کە لای “ئەوی دی” موقەدەسە، دیالۆگ بکەین، بەو مانایەی لە ناسینی ئەوی دیدا ھەنگاوێک بەرەو پێشەوە بچین.
ئەوانەی کە دیالۆگ دەکەن زۆر کەمن، بەڵام ھەر ھەن. ئەگەرچی کاتێک دیالۆگسازەکان کەم دەبن، دیالۆگەکان سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست ناھێنن.

دانوستان بریتییە لە ڕێککەوتن لەسەر بەرژەوەندی بە مەبەستی گەیشتن بە ھاوپەیمانێتییەک، لە کاتێکدا دیالۆگی ڕاستەقینە بە واتای تێگەیشتن لەوی دی دێت


بوخاری: ئەی جیاوازی نێوان دیالۆگ و دانوستان چییە؟

مۆران: دانوستان بریتییە لە ڕێککەوتن لەسەر بەرژەوەندی بە مەبەستی گەیشتن بە ھاوپەیمانێتییەک، لە کاتێکدا دیالۆگی ڕاستەقینە بە واتای تێگەیشتن لەوی دی دێت، بۆئەوەی لەوی دییش تێبگەین، دەبێت سەرەتا لە گشت و تەواوی خۆیدا تاقی بکەینەوە و بیناسین، ئەوکات باوەڕ و دۆگم و نەریت و سرووت و ژیارەکەی دەناسین، ئەمەش خۆی پێویستی بە ناسینێکی بەرفراوان یا فێربونێکی دیاریکراو ھەیە. دەبێت لەوەش تێبگەین کە ئەوی دییش وەک ئێمە بکەرە، واتە تاکێکی سەربەخۆیە و دەبێت ڕێزی بگیرێت. پاشتر پێویستت بە ئەنگێزەی تایبەتی خۆت بۆ بەرژەوەندی ھەیە، ھەروەھا بە ڕێز و خۆشەویستی. بەبێ ئەوانەش ھیچ ئەگەرێک بۆ تێگەیشتن و حاڵیبوون لە یەکدی بوونی نییە. ئەمڕۆ ئێمە لە ھیستریایەکی کۆگەلی و “مانوی”یداین کە بەربەستن لەبەردەم ھاوسۆزی و تێگەیشتن و لێکحاڵیبووندا. ئێمە لە سەردەمێکداین کە بە بۆنەی جەنگ و دەرەنجامەکانییەوە تێگەیشتن کۆڵەکە و بنەماکانی خۆی لە دەستداوە.

بوخاری: ئەی چۆن ئەو ئەنگێزەیە ڕووەو ئەو خۆشەویستییە ئاڕاستە بکرێت کە تۆ ئاماژەی بۆ دەکەیت؟

مۆران: با نموونەیەک لە فەرەنسا و ئەڵمانیا بھێنینەوە کە بۆ ماوەی سەدە و نیوێک لە یەکیان کوشتووە. ئەوسا خوێندکارانی فەرەنسا لە خوێندنگەکاندا وا فێر دەکران کە ئەڵمانەکان بەربەری و دڕندەن، لە ئەڵمانیاش فێر دەکران کە فەرەنسییەکان بێنرخن. ئەوەبوو پاش جەنگی جیھانیی دووەم بڕیاردرا پیاچوونەوەیەک بە کتێبەکانی مێژوودا بکرێت و ئەو بۆچوونەی کە پێ لەسەر لایەنە کۆمەڵایەتییەکان دادەگرێت، بگۆڕدرێت بە دیدێکی بەرفراوانتر. بەڵام ئەمڕۆکە لە ئەوروپای خۆرئاواییدا کاتێک دەمانەوێت لەو کیشوەرە بکۆڵینەوە، لە لایەکی دیکەوە ھەندێک بەشی مێژوو دەشارینەوە، بۆ نموونە بیرمان دەچێت کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تا مەجەر و یۆگوسلاڤیای جاران درێژبۆتەوە، ھەروەھا بۆ ماوەی چەندین سەدە رۆڵێکی ژیاریی بینیووە. من پێم وایە بۆ ئەوەی ھاوسۆزبین لەگەڵ ئەوانی دی، دەبێت لەلایەنە مێژوییەکەوە پاشخانێکمان ھەبێت. ئەگەر بە دەستەواژەیەکی دی گوزارشتی لێ بکەم دەڵێم، دەبێت بەر لە چوونە ناو دیالۆگەوە زۆر لە مەرجەکانمان بەدی ھێنابێت. ھەروەھا ئەو تاکانەی ڕۆڵێکی گرنگیان لە فەرمانڕەوایەتی یان کۆمەڵگەی شارستانیدا ھەیە کار بکەن بۆ ئاسانکاری لە پرۆسەکەدا، ئەویش بە دەرکردنی کتێب و نامیلکەی ئەوتۆ کە یارمەتیدەرن بۆ ناسینی ئەوی دی، چونکە تێگەیشتنێکی ئاڵوگۆڕکارانە مەرجێکی سەرەکییە بۆ دیالۆگ.

من باوەڕم وایە کە بەرەو سەردەمێکی تاریک دەچین.

بوخاری: تەبایت لەگەڵ “ھێنگنتۆن”دا کاتێک دەڵێت لەدوای جەنگی ساردەوە ناتوانین ڕێ لە پێکدادانی نێوان ژیاری خۆرئاوایی و ژیاری ئیسلامی بگرین؟

بوخاری: نەخێر… دەتوانین ڕێی لێ بگرین.  بەڵام دەڵێم پێکدادان لەسەر رێچکەی خۆی ھەر بەردەوامە، تەنانەت گەر بەڕاستیش ڕوونەدات. زۆر خاڵ ھەن کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن. بۆ نموونە تاوەکو ڕوودانی دەستوەردان لەعێراق، دیاردەی کردەوە خۆکوژییەکان تەنھا کاری گروپێکی زۆر بچوکی موجاھیدە فەڵەستینیەکانی ڕێکخراوی جیھادی ئیسلامی بوو، کەچی ئێستا ئەو دیاردەیە لە عێراقیشدا تەشەنەی کردووە و پەرەی سەندووە، بە شێوەیەک کە جۆرێک رەفتاری دیکە لە خۆکوژی دەبینین ھاوشێوەی ئەوەی لە ژاپۆندا و لە کاتی جەنگی جیھانیی دووەمدا بینیمان، بەو مانایەی ئەو خەڵکانەی کە فەندەمێنتالیستیش نین، ئامادەن لە پێناوی وڵاتەکانیاندا خۆیان بەخت بکەن. دیارە کاتێک لە تەشەنەسەندنی جەنگ، سەرکوتکردن و تۆقاندنی سەربازییش دەکۆڵینەوە، بازنەیەکی ترسناک لە کینە، ڕقلێبوونەوە، ڕەتکردنەوە و بێزاربوون دەردەکەوێت. رەنگە ئا لەو چرکەساتەدا جەنگێک لەنێوان ژیارەکاندا بەرپا بێت کە دەبێت دژی بووەستینەوە.

بوخاری: چۆن دژی بووەستینەوە؟

مۆران: بە ژیری و وشە و ویژدان. ئێمە دەزانین ئەو پرەنسیپانە کامانەن کە دەبێت ڕێزیان بگرین: مەبەستم تێگەیشتنە لە بەرانبەر، ھەروەھا داننان بە مافەکانیاندا. دیارە کات و سەردەمانی وەک ئەم کات و سەردەمەی ئێستای ئێمە ھەیە کە دەشێت زۆر بە کەمی دیالۆگی تێدا بکرێت. من باوەڕم وایە کە بەرەو سەردەمێکی تاریک دەچین.
      


سەرچاوە: گۆڤاری “ الیونسکو: الرسالة الجدیدة ”، 2004.