شەهوەت و داهێنان: ٢٤ تێز سەبارەت بە شیعر و دەسپەڕ
یەک: شیعر و دەسپەڕ ، هەر دوو گرێدراوی خەیاڵێکی بێ سنوورن، غیابی خەیاڵ یان هەژاری لە ئەزموونی خەیاڵکردندا دەبێتە هۆی لاوازبوون یان دابەزینی کوالێتی هەردووکیان.
دوو: شیعر و دەسپەڕ ، مەبەست و دەرئەنجامی هەر دوو هاوکات جۆرێک لە خۆ خاڵی کردنەوەیە، بەتاڵ بوونەوەیەکی بەردەوام لە سەرڕێژی شەهوەت و خەمۆکییەکی لە ڕادەبەدەر؛ چوون نیچە وتەنی” شاعیران، هیچ نین جگە لە تێکەڵاوێک لە شەهوەت و خەمۆکی”.
سێ : شیعر و دەسپەڕ، هەر دوو بە شوێن خولقاندنی چێژێکەوەن، چێژێک کە هاوکات بەرهەمی خۆکاولکردنێکی بەردەوامە لەوپەڕی جیهانی زمان و وشەکاندا.
چوار: شیعر و دەسپەڕ، هەر دوو لە خەڵوەت و تەنیاییەکدا و دوور لە چاوی کەسانی تر ڕوو ئەدەن. چوون زۆربەی کات تەنیایی، سەرچاوەی داهێنانە و هاوکات خولقێنەری چێژێکی کاولکارانەیە.
پێنج: شیعر و دەسپەڕ، هەر دوو لە دەسپێکدا پێویستیان بە فریشتەی ئیلهامێکە تا دەستیان بگرێ، نەوەک بەرەو لارێ بچن. لە کۆتاییشدا هەر دوو پشت بە هێزی خۆیان دەبەستن و فریشتەی ئیلهام دەبێتە قوربانی لە بەردەم جۆرێک لە خۆشەیدایی و نارسیسزمێکی هاوچەرخدا.
شەش: شیعر و دەسپەڕ، هەر دوو گرێدراوری جۆرێک لە دژوازیی یان پارادۆکسێکن بێ چارەسەر؛ یەکیان پشت بە هێزی زمانەوە دەبەستێ و ئەوی تریان پشت بە هێزی بێدەنگییەوە. بەڵام دەرئەنجامی هەر دوو یەک شتە: هەڵاتن لە تاپۆی کەڵەکە بووی مردن.
حەوت: شیعر و دەسپەڕ، هەر دوو هەوڵی خولقاندنی وێنەی ژنێک ئەدەن، کە لە واتا و قەبارەی ئاسایی خۆی مەزنتر بێ؛ یەکیان ئەگاتە سنووری خولقاندنی دوو کاراکتێری وەک حەبیبە و عەنبەر خاتوون، ئەوی تریشیان لە کاراکتێرێک وەک ئەلێکسیس تێگزاس تەغزیە دەکات، یان نموونە نیشتمانییەکەی کە ئەبێته سایە کەریم.
هەشت: شیعر و دەسپەڕ، هەر دوو بووتیقای تایبەت بە خۆیان هەیە، واتە هەر دوو شوێنکەوتەی جۆرێک لە جوانیناسین، بووتیقای شیعر ئەیەوێ بە نێوەنجی زمانی وشەکان، بگاتە سنووری جوانی و دەسپەڕیش بە نێوەنجی زمانی ئەندامەکانی جەستە.
نۆ: شیعر و دەسپەڕ ، ئامراز یان کەرەستەی بەدیهێنانی هەر دوو وەک یەک دەچن، لە شیعردا ئەم کەرستەیە پێنووسە و لەوی تریشدا لانیکەم لای ڕەگەزی نێر ئەندامی نێرینەیە، کە هەر کامە و بە شوێن هەڵڕشتنی داخی دڵیانەوەن کە ئەمڕۆ لە نووسینە فەرمییەکاندا پێی ئەوتری: “نێوەڕۆک”.
دە: شیعر و دەسپەڕ، هاوکات هەر دوو پێویستیان بە دەسته و بە یارمەتی دەست دەکرێن، واتە هەردوو جۆرێک کاری دەستین و بەبێ دەست ئەستەمە بتوانن ئامانجی خۆیان بپێکن. ئەم شتە لە وشەی “دەسپەڕ”دا بە تەواوەتی دەردکەوێ و دەس، بەشێکی جیانەکراوەیە لە خودی وشەکە.
یازدە: شیعر و دەسپەڕ، ڕەنگە هەر هەموو ئەوانەی وا شیعر دەنووسن، تەنانەت ئەگەر بۆ تاقیکردنەوەش بووبێت، لانیکەم جارێک لە ژیاندا بەرەوڕووی دەسپەڕ بوونەتەوە، بەڵام هەموو ئەوانەی کە دەسپەڕ دەکەن ناوێرن دەس بۆ شیعر ببەن؛ کەواتە لێرە کاراکتێری شاعیر بوێرتر لە سووژەی “دەسپەڕچی” دەرئەکەوێ.
دوازدە: شیعر و دەسپەڕ ، پاش ئەنجامدانی هەر دوو جۆرێک هەستکردن بە تاوان دەبینرێ، یەکیان لە ڕووی سیاسەتی ئابوورییەوە؛ چوونکە “هونەرمەند و ژیانی خۆش مەحاڵە” ئەوی تریشیان لە ڕووی سیاسەتی ئەخلاقییەوە کە هەموو کەس لە ڕواڵەتدا ئیدانەی دەکا و کەچی هەر هەمووشیان دەستی بۆ دەبەن.
سێزدە: شیعر و دەسپەڕ ، هەر دوو بەرهەمی جۆرێک بەربەست و دەرکەوتەی چوارچێوەیەکی تەسکی ناو کۆمەڵگان. کەواتە لێرە شیعر هەوڵێکە بۆ خوازەیی کردنی ویستی سەرکوتکراوی زمان و دەسپەڕیش هەوڵێکە بۆ سەمبۆلیزەکردنی ویستی لە خشتەبراوی ئەندامەکان. بە کورتی هەر دوو خوازیاری زاڵبوونن بەسەر مەیلێکی سەرڕێژکراودا.
چواردە: شیعر و دەسپەڕ ، هەر دوو جۆرێک لە وەرگێڕانن؛ شیعر، کۆمەڵێک هەستی تۆخ بە زمانی وەشەکان وەردەگێڕێ و دەسپەڕیش کۆمەڵێک حەزی پرژوبڵاو بە زمانی چێژێکی خۆبژیوو یان خۆ بەشدار.
پازدە: شیعر و دەسپەڕ ، هەر دوو بەردەنگی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام ئەوانەی عاشق دەبن دەبنە بەردەنگی هەردوو لا، عاشقێک بۆ ئەوەی بە خۆشەویستەکەی بسەلمێنێ کە لەوپەڕی جەستەیەوە خۆشی ئەوێ، شێعری بۆ دەخوێنێتەوە و بۆ ئەوەش بە خۆی بسەلمێنێ کە کۆتایی هەموو عەشقێک، شەهوەتێکی هەوسار بچڕاوە، خەریکی دەسپەڕ دەبێ.
شازدە: شیعر و دەسپەڕ ، هەر دوو بە درێژایی مێژوو شان بە شانی یەکترەوە هاتوونەتە پێشێ، لەوەتەی مرۆڤ زمانی خولقاندووە، هاوکات شیعری بۆ جوانیناسانە کردنی تەنیایی و دەسپەڕیشی بۆ نەهێشتنی دەستدەرێژی بە سەر تەنیایی ئەوی تردا داهێناوە.
حەڤدە: شیعر و دەسپەڕ ، هەر دوو بە چاوی ڕەنجێکەوە لە دەستپێک دەڕوانن و بیر لە کۆتایی شتەکە دەکەنەوە، واتە لە هەردوو مژارەکەدا حەزێکی نهێنی و شاراوە هەیە بۆ خێرا گەیشتن بە کۆتایی. لەو دەگمەن مژارانەی کە بوونیان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە چەمکی کۆتاییەوە.
هەژدە: شیعر و دەسپەڕ، بێگومان شیعر ئەگەر نەبێ زۆرێک لە شاعیرەکان دەست بۆ خۆکوشتن ئەبەن و لە جەماوەری سەر گۆی زەوی کەم دەبێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە مرۆڤ ئەگەر دەسپەڕی دانەهێنابا، جەماوەری زەوی لەمەی کە هەیە زۆرتر دەبوو؛ کەواتە لە کرۆکی دەسپەڕدا جۆرێک سیاسەتی کونترۆڵکردنی جەماوەریش شاراوەیە.
نۆزدە: شیعر و دەسپەڕ ، هاوکات سووژەی هەر دوو بابەتەکە پشت بە خۆیان دەبەستن و پێویستیان بە یارمەتی یان بەشداری ئەوی تر نییە، هەر دوو بێ نیازن لە ئامادەبوونی لایەنی تر، بۆیە شاعیر و دەسپەڕچی، چارەنووسیان بەردەوام گرێ خواردووەتە گۆشەگیرییەکی خۆویستەوە.
بیست: شیعر و دەسپەڕ، لەوەتەی سەنعەتی پۆڕنۆگرافی سنوورەکانی دنیای ئێمەی تەنیووەتەوە، ڕادەی پشت بەستنی دەسپەڕ بە وێنە خەێاڵییەکان کەم بووەتەوە و لەوەتەش شیعر لە دیوەخان و حوجرە و زانکۆ و کوڕە ئەدەبییەکانەوە، چووەتە نێو پانتایی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، چیتر نابێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە شیعر پشت بە ڕەگەزی داهێنان ببەستێ.
بیست و یەک: شیعر و دەسپەڕ، لە هەموو سەردەمێکدا، کۆمەڵێک شاعیری بەناوبانگ دەمێننەوە، یان هەر سەردەمێک گەورە شاعیری تایبەت بە خۆی بەرهەمدەهێنێ، بەڵام ئایا بۆمان هەیە گەورەترین دەسپەڕچی هەر سەردەمێکیش دەستنیشان بکەین؟!
بیست و دوو: شیعر و دەسپەڕ ، هەر دوو لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکاندا، بەرهەمی کولتووری ئایدیۆلۆژیکن، واتە ویستی ئایدیۆلۆژی زاڵ، هاندانی کۆمەڵگایە بەرەو پەراوێز و بەم جۆرە ئەیەوێ، مانەوەی خۆی مسۆگەر بکات و لەو لاشەوە هەم شێعر و هەم دەسپەڕ هاوکات بەرەوڕووی سیاسەتی سڕینەوە لە کرۆکی خۆیان بوونەتەوە.
بیست و سێ: شیعر و دەسپەڕ، هەر دوو گرێدراوی جۆرێک لە ناڕەزایەتین، شیعر بەرەنگاری ویستی ئامرازانەی زمان ئەبێتەوە و دەسپەڕیش بەرهەڵستی ڕەوتی سیستەماتیکی خەساندنی مەیل، بەم جۆرەیە کە دەستکەوتی هەر دوو شتەکە یان زمان ئاڵۆزییەکە لە دەرەوەی هەر چەشنە ڕێسایەک یان خەمۆکییەکی درێژخایەنی مێژووییە کە چارەسەریشی بۆ نییە.
بیست و چوار : شیعر و دەسپەڕ، تۆ بڵێی ئەفلاتوونیش ئاگاداری کۆی ئەم حەقیقەتە بووبێ و بەم پێوەندییەی زانیبێ؟
ڕەنگە هەر بەو هۆیەشەوە بووبێ کە شاعیرانی لە ئۆتۆپیاکەی خۆی وەدەر نابێ، نەوەک خەڵکی یۆنانی کەونارا بە گشتی و خەڵکی ئەسینا[ئاتێن] بە تایبەت لە خەیاڵی شیعرەوە، بگەنە واقیعی دەسپەڕ!