خەوەکەی دەیکارت

دەیكارت لە مێدیتەیشنی دووەمیدا، ئارگیومەنتی گومانگەریی خەو دروست دەكات، ئارگیومەنتی گومانەكەی دەیكارت بە ئارگیومەنتی خەو ناسراوە و كورتەی ناوەڕۆكەكەی لەم سیناریۆیەدایە و پوختەكەی بەم جۆرە باس دەكەم:

دەیكارت كەموزۆر ئەمە دەڵێت: من ئێستا، لێرە، وەك هەموو ڕۆژێك لە بەردەمی ئەم ئاگردانەدا بە بیجامە و ڕۆبێكەوە دانیشتووم و هەست بە تینی ئاگرەكە دەكەم، جلوبەرگی ماڵەوەم لە بەردایە، وەک هەموو ڕۆژێک ڕۆژنامەیەكم بە دەستەوەیە و سەردێڕەكانی دەخوێنمەوە و لاپەڕەكانی هەڵدەدەمەوە، كوپێك قاوەی گەرمم لایە و وردە وردە دەیخۆمەوە.

بەڵام؛ لەپڕ خەبەرم دەبێتەوە، سەیر ئەکەم، ئاگردانەكە هیچ ئاگری تیا نییە و خۆڵەمێشێکی ساردوسڕە، نە قاوەی لێیە و نە قاوەی گەرمم لە بەردەستدایە، نە ڕۆژنامەم پێیە و نە جلوبەرگیشم لە بەردایە. بەڵكو؛ ڕووتوقوت لەناو پێخەفدام، ئەو دەستانەی كە خۆی بە تینی ئاگری ئاگردانەكە گەرم دەكردەوە و پەڕەكانی ڕۆژنامەكەی هەڵدەدایەوە و قاوەی دەبرد بۆ دەمم، ئەوەتا بە تەنیشتمەوە ڕێك كشاون و ناجووڵێن، ئاگردانەكەش پڕە لە خۆڵەمێشی ساردوسڕ.

ئینجا دەیكارت دەڵێت، من كە خووم بەوە گرتووە هەموو ڕۆژێك بنووم، كە دەنووم خەون دەبینم، لەو خەونانەدا هەمان هەست دەكەم كە وەكووتر هەمن؛ هەندێ جار لە خەونمدا وەك ئێستا لای ئەم ئاگردانە دانیشتووم و هەمان جلی ماڵەوەم پۆشیوە، قاوەم خواردووەتەوە و ڕۆژنامەیەكم بە دەستەوەیە دەیخوێنمەوە و ئەم كەلەسەرەی كە دەیجووڵێنم، هیی نوستوو نییە، كەچی لە پرخەی خەویشدام! لە ڕاستیدا ڕووتوقوتیشم، بەبێ جلوبەرگ لەناو پێخەفدا ڕاكشاوم! ئەو دەستەم كە لە خەوەکەمدا درێژی دەكەم بۆ ڕۆژنامە و كوپی قاوەخواردنەوە، لە تەنیشتمەوەیە و ناجووڵێت!

دەیكارت بەردەوام دەبێت و دەڵێت: بەڵام، كاتێك كە لە خەودام، هیچ كام لە هەستەكانم بەئاگام ناهێننەوە كە ئەوە ڕاستی نییە و خەوە. ئەوانەی كە لە خەودا ڕوو دەدەن و ئەوانەی كە لە ڕیاڵیتیدا ڕوو دەدەن، وەك یەك هەستیان پێ دەكەین، هەستەكانمان جیایان ناكەنەوە بۆمان. هەستەكانمان هەردووك لە خەون و ڕیاڵیتی وەك یەك و وەكوو ڕاستی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. كەچی بە حساب یەكیان ڕاستە و ئەوی تریان ناڕاستە و جیاوازن.

دەیكارت دەڵێت مادام هەستەكانمان خەون و ڕیاڵیتی لەیەك جیا ناكەنەوە و لە كاتی خەونەكەدا پێمان ناڵێن ئەوە ناڕاستە و ڕیاڵیتی نییە و خەوە. لە خەونەکانماندا هەستەکانمان وامان حاڵی دەکەن کە ڕیاڵیتییە نەک خەو. لەبەر ئەوەش كە ئێمە پشت بە هەستەكانمان دەبەستین بۆ وەرگرتنی ڕاستی و ڕیاڵیتی لەکاتی بەخەبەربوونماندا، بەڵام ئەو هەستانەش خەو لە ڕیاڵیتی جیا ناكەنەوە؛ كەواتە ئێمە هیچ پرنسیپێكمان نییە كە ئەم دوو حاڵەتە بە تەواوی لە یەك جیا بكاتەوە و یەكێكیان بەسەر ئەوی تردا ساغ بكاتەوە. بۆیە كێ دەڵێت ئەمەی ئێستا خەون نییە و ئەوەی ئەوسا ڕیاڵیتی نەبوو! چۆن دەتوانین جیایان بکەینەوە؟

ئەوە هەنگاوی یەکەمی ئارگیومەنتی گومانەکەی دەیکارت بوو. دەیكارت ئەم ئارگیومەنتە بە چەند هەنگاوێك دروست دەكات. هەنگاوی یەكەمی ئارگیومەنتی دەیكارت دژ بە ئاگایی هەستەكانە و دژ بە ئەزموونە وەك سەرچاوەی زانین؛ مەبەست لێی ئەوە بوو كە بیسەلمێنێت خەون و ڕیاڵیتی بە  ئاگایی هەستی لەیەك جیا ناكرێنەوە. ئەمە واتە ڕاستی و ناڕاستی بە هەستەكان لەیەك جیا ناكرێنەوە، هەستەكان وەك یەك مامەڵە لەگەڵ ڕاست و ناڕاست دەكه‌ن ، خەون و ڕیاڵیتی/ڕاستی وەك ڕاستی وەردەگرێت و مامەڵەی لەگەڵ دەکات.

 سەرەنجامی ئەم هەنگاوی یەکەمەی ئارگیومەنتەکەی ئەوەیە لای دەیكارت كە هەستەكانمان جێی متمانە نین تا ڕاستیمان پێ بڵێن و ناتوانین پشتیان پێ ببەستین بۆ وەرگرتنی ڕاستی و ڕیاڵیتی.

دەیكارت دەڵێت: ئەوەی كە لە خەوندا ڕوو دەدا، بایی ئەوەندەیە كە دەتوانێت وامان لێ بكات لە كاتی خەونەكەدا بە تەواوی باوەڕمان پێی هەبێت و بە ڕاست وەری بگرین. هەر وەك چۆن لە ڕیاڵیتیدا ئەوەی  ڕوو دەدا و هەمانە، بایی ئەوەندەیە وامان لێ بكات كە باوەڕمان پێی هەبێت و بە ڕاست وەری بگرین. هەر ڕێگەیەك یان مێتۆدێك هەڵبژێرین بۆ ساغكردنەوەی ئەوەی كە کامیان خەونە و کامیان ڕیاڵیتی، دەكرێت ئەو ڕێگە و مێتۆدەش خۆی بەشێك بێت لە خەونەكە. هەموو ژیان بەشێك بێت لە خەونێكی گەورە، خەونێكی گەورە كە هەموومانی تیادا بێت. گرنگ نییە كام مێتۆد و ڕێگە بەكار دەهێنین و تا چەندیش باوەڕمان پێیەتی و متمانەی پێ دەبەخشین، چونكە باوەڕپێبوون/باوەڕپێهێنان سەرەنجامە و لە ڕێی هەستەوە دروست دەبێ و هیچ گەرەنتییه‌ك نییە ئەو باوەڕە هەر بەشێك نەبێت لەو خەونە.

لەم هەنگاوەی یەكەمیدا ئەو سەرەنجامەی كە دەیكارت دەیگاتێ، ئەمەیە كە دەڵێت: كەواتە ئێمە زەمینەی بڕوانەبوونمان هەیە، زەمینەی گومانمان هەیە، دەتوانین بڵێین ئەو زانیارییانەی لە ڕێگەی هەستەكانمانەوە وەریان دەگرین و دەستمان دەكەون، جێی بڕوا نین و نابێت پشتیان پێ ببەستین كە ڕاستین.

ئەم هەنگاوەی یەكەمی ئارگیومەنتی گومانی دەیكارت لە هەناوی پیستیمۆلۆجیدایە، لێكۆڵینەوەكەی لە تێڕامانەكەیدا، تا ئێرە، بابەتی پیستیمۆلۆجییە. هەنگاوەکانی تری ئارگیومەنتەکەی دەیکارت دەکەونە بەشی تری فەلسەفەوە، بەڵام بۆ ئەوەی مانای هەموو ئارگیومەنتەکەی دەیکارت بە تەواوی بگات، بەردەوام دەبم لە باسکردنی.

هەنگاوی دوومی ئارگیومەنتی گومان لای دەیكارت دەچێتە بەشی میتافیزیكەوە لە فەلسەفەدا و بەم جۆرەیە: لەم هەنگاوەی دووەمیدا، دەیكارت سەرەنجامی یەكەم هەنگاوی گومانەكەی دەكاتە بنەما بۆ ئەم هەنگاوەی دووەمی. واتە ئەو سەرەنجامە پیستیمۆلۆجییەی كە تیایدا دەڵێت ‘زەمینەی بڕوانەبوونمان هەیە و ئەو زانیارییانەی كە لە ڕێی هەستەكانمانەوە وەریان دەگرین، نابێت پشتیان پێ ببەستین كە ڕاستین’، دەكات بە بنەما بۆ هەنگاوی دووەمی گومان لە ئارگیومەنتەكەیدا كە میتافیزیكییە.

لە هەنگاوی دووەمی ئارگیومەنتەكەیدا ئەمە دەڵێت: لەبەر ئەوەی كە بڕوام بەوە نییە ئەو هەستانەی كە لە كاتی خەوندا هەمن، لە ڕیاڵیتییەوەن، لە دنیای دەرەوەی خۆمەوە وەریان دەگرم، ئیتر بۆ دەبێت بڕوا بكەم و پێم وابێت لە كاتی بەخەبەربوونیشدا ئەو هەستانەی كە هەمن، لە دنیای دەرەوەی خۆمەوە و لە ڕیاڵیتییەوە وەریان دەگرم؟ ئەم گومانەیان میتافیزیكییە؛ دەیكارت لەم هەنگاوەیەدا دەگاتە ئەو سەرەنجامەی، دەڵێت: ئەگەر نەتوانم ‘بزانم’ و دڵنیا ببم كە هەست و ئەزموون لە كاتی بەخەبەربوونی ئاسایی لە دنیای دەرەوەی خۆم پێك دێت، كەواتە ناشتوانم بزانم كە دنیای دەرەوە بوونی هەیە!

پەیکەری ڕینێ دێکارت (١٥٩٦-١٦٥٠) فەیلسوف و ماتماتیکزانی فڕەنسایی

دەیكارت ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە دنیای دەرەوە بوونی هەبێت. هەر لەمەشەوە ئەو واتا بەناوبانگەی دەیكارت هەیە كە دەڵێت “من بیر دەكەمەوە، كەواتە من هەم”. خەڵكێكی زۆر بە هەڵە لەو واتایەی دەیكارت تێگەیشتوون و پێیان وایە دەیكارت باس لە مەسەلەی ئازادیی دەربڕین و بیركردنەوە دەكات و بۆ مەسەلەی ئازادییەكان بەكاری دەهێنن. گەرچی هەوڵی ئەو كەسانە زۆر بەهەندە و گرنگە و كاری جوانە كە بۆ ئازادی و ئازادیی ڕادەربڕین هەوڵ دەدەن، بەڵام ئەوەی دەیكارت دەیڵێت و مەبەستیەتی، تەنها ئەو تیۆری گومانەیە و بەو شێوەیەیه‌ كە باسم كرد و هیچی تر. دەیكارت بۆیە لای وایە ‘بیر دەكاتەوە لەبەر ئەوە هەیە’ لەبەر ئەوەی لای وایە ئەوەی دەیزانین، تەنها مەسەلەیەكی ناوەكییە؛ لەناو زەین و مێشكدایە، نەك دنیای دەرەوە و ئەزموون و هەستەكان. *بەشێکە لە کتێبی هەگبەی زانین، کتێبی یەکەم؛ پیستیمۆلۆجی کلاسیک