پانۆرامای (ڕەهەند)

تەوەرێک دەربارەی «نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی»

بەشی سێیەم

بەرایی

ماڵپەڕی ژنەفتن لە دەستپێکی تەوەرێکیدا لەبارەی (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)؛ بە پێویستی زانی پانۆرامایەک لەسەر بڵاوکراوە و چالاکییەکانی نێوەندی ڕەهەند ئامادە بکات. لە پانۆرامەکەدا پێشەکی (خۆیان ناویان ناوە هەڵوێستە)ی هەموو ژمارەکانی ڕەهەند تایپ کراوەتەوە لەگەڵ پێرستی بابەتەکانی هەموو ژمارەکان و دەستەی نووسەرانی ئەو ژمارانە. تێبینی دەکەن کە لە دەستەی نووسەران و شیوازی کارکردن لە هەندێ لە ژمارەکاندا گۆڕانکاری کراوە. بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ڕینووس نەکراوە و تەنیا تایپ کراوەتەوە.

ئەمەی بەردەستتان بەشی سێیەمە لەو سێ بەشەی پانۆراماکە.

ژمارە ١٢-١٣ /٢٠٠١

لە بڵاوکراوەکانی نیوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی

لێپرسراوانی ئەم ژمارەیە: مەریوان وریا قانیع – ئاراس فەتاح

لێپرسراوی ئاوێنە بچکۆلەکان: هیوا قادر


بابەتەکانی ئەم ژمارەیە:

– هەڵوێستە

– بەختیار عەلی: کۆمەڵگە و منداڵە نامۆکانی: خوێندنەوەیەک لە وێنە و ئەفسانەکانی سەفەر و تاراوگەبووندا

– مەریوان وریا قانیع: مەنفای کوردی لەنێوان سێ نەوە و سێ ئەزموونی مانای جیاوازدا

– مەهاباد قەرەداغی: سێکسبینی لە کۆمەڵگا نائازادەکان

– سەروەر ئەحمەد: ئیشکالییەتی ڕەسەنایەتی و سەردەمگەرێتی لە تێڕوانینی “د. محمد عابد الجابری”دا

– عەبباس وەلی: کوردەکان و “ئەوانی تر” یان: هەویەت و سیاسەتی پارچەپارچەبوو. وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەزەند بەگیخانی، هاشم ئەحمەدزادە

– ئێرنێست ڕینان: نەتەوە چییە؟ وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: حەسەنی قازی

– گارا: کورتە میژوویەکی تازەگەری لە هونەری شێوەکاری ڕۆژئاوادا

– دانا ڕەوف: کۆستیم، فۆرمێکی ساکار و قۆناغێکی نوێی پیتەر برۆک

– مەریوان وریا قانیع: تراژیدیای میشێل فۆکۆ لە کتێبی (دیموکراسی لەنێوان مۆدێرنێتە و پۆست مۆدێرنێتەدا)

-ئاوێنە بچکۆلەکان


هەڵوێستە

یەکێک لەو پرسیارە گرنگانەى بەردەوام ڕووبەڕووى هەر کۆمەڵگایەک دەبێتەوە، مەسەلەى چۆنیەتى ڕێکخستنى پەیوەندى نێوان ڕابردوو ئێستا و سبەینێیى ئەو کۆمەڵگایەیە. لە هیچ شوێنێکیشدا چۆنیەتى ڕێکخستنى ئەو پەیوەندییە ئەوەندە ئاشکرا نییە، وەک لە پەیوەندى نێوان نەوەکاندا بەدەردەکەوێت. لەسەرانسەرى دنا ئەمڕۆدا کۆمەڵگایەک شکنابەین چەندان دەزگاو دامەزراو و کۆڕ و کۆمەڵ و پلان و نەخشە و تاکتیک و ستراتیژیەتى تایبەتى بۆ ڕێکخستنى ئەو پەیوەندییانە تێدا نەبێت. زیادەڕۆیی ناکەین گەر بڵێین، یەکێک لەو مەسەلە گرنگانەى کە گۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگایەکى دیکە جیادەکاتەوە، چۆنیەتى ڕێکخستنى ئەو پەیوەندییانەیە کە ڕابردووى ئەو کۆمەڵگایە بە ئێستایەوە و نەوەکانى دوێنێى بە نەوەکانى ئەمڕۆیەوە گرێدەدات.

بۆ کۆمەڵگایەک خۆى بە کراوە بزانێت و بیەوێت دیموکراسییەت بنیادبنێ و بپارێزێت، لەزۆر ڕووەوە ئەم بنیادنان و پاراستنە، وابەستەى ئەوەیە تاچەند پەیوەندى نێوان نەوەکان کراوە و تاچەند ڕێکخستنى ئەو پەیوەندییانە لەسەر بناغەى قبووڵکرنى یەکدى ڕاوستاوە و تاچەند پانتایی کراوە لەبەردەم نەوەى نوێکاندا ئامادەیە، بۆئەوەى بتوانن دیدى خۆیان لە واقيعى خۆیاندا پیادەبکەن و ئەو فۆڕمە بە ژیان و ئەخلاق و مامەڵەى خۆیانبدەن کە  دەیانکاتە بوونەوەرى بەختەوەر و بەرپرسیار و ئەکتیڤى ناو ئەو دنیایەى تێیدا دەژین. هیچ شتێک بەقەد ئەوە زیان لە دیموکراسییەت و مۆدیلى دیموکراسییانە ناگەیەنێت کە دەسکاریکردنى ئەم پەیوەندییانە و ڕێکخستنەوەى دیموکراسییانە، تەنها لەئاستى کۆمەڵێک وادە و بەڵێن و قسەى ناو ڕۆژنامە و گۆڤار و کۆبووەنەوە حیزبییەکاندا بمێنێتەوە. لەڕاستیشدا هەر دەسکاریکردنەوەیەکى ئەم پەیوەندییانە بەبێ ڕیکەوتن لەسەر ئەو مافەى، کە ئایندە موڵکى هەمووانە و هەرکەس مافى ئەوەى هەیە لەسەر فۆرمى ئەو ئایندەیە بدوێ و ئەو وێناکردنى بۆ ئایندە هەیەتى بێترس دایڕێژێت و بەرگرى لێبکات و پراکتیکیشیبکات، شتێکى بىمانا و بێناوڕۆکە. بێگومان کەس ناتوانێت لەسەر ئایندى خۆى و نیشتیمان و کۆمەڵگاکەى بدۆیت، گەر لە ئێستادا مافى قسەکردنى لێسەندرابێتەوە، یاخود بەشێوەک پەراوێزکرابێت کە قسەکانى هەموو قورساییەک و هەموو هەلێکى پێادەکردنیان لەناو واقیعدا لێسەندرابێتەوە. بەبێ بوونى قەزایەکى کراوە، هەموو قسەکردنێک لەسەر گوێگرتن لە دەنگى نەوە جیاجیاکان و بانگەشەکردنى گۆڕانى پەیوەندییەکان، جگە لە کۆمیدیایەکى بێئەنجام شتێکى دیکەى لێناکەوێتەوە. تەنها لەقەزایەکى کراوەى پڕ لە گوێگرتن و ئاڵوگۆڕی ئەرگۆمینت و بەرپرسیارێتیدا دەشێت خەیاڵى نەوەیەک لە نەوەکان ببێتە بە بناغەى کارکردنى عەقڵانییەکانى نەوەیەکى دیکە و مژدەکانى یەکێکیان ببێتە سەرزەمینى بەرهەمهێنانى ئینتیماى پتەوى ئەوانەى دیکەیان.

بێگومان وەڵامدانەوەى پرسیارى ئەوەى داخۆ ئەو فەزایە چ فەزایەکە و ئەم کرانەوەیە چییە و چۆنە و لەکوێی کۆمەڵگا و سیاسەت و فیکردایە، کات و شوێنێکى زۆرى ئەوێ گۆڤارەکەى ئێمەش، گۆڤارەى ڕەهەند، بەدرێژایی تەمەنى خۆى هەوڵى دەستنیشانکردنى چوارچێوە گشتییەکانى ئەو فەزایەى داوە و خۆشى بەیەکێک لە گەمەکەرە ئەکتیڤ و چالاکەکانى خوڵقاندنى ئەو فەزایە زانیوە و دەزانێت. بەڵام لێردا جارێکى دیکە ئەو ڕاستییە دووبارەدەکەینەوە کە زەحمەتە بتوانین قسە لە بوونى فەزایەکى کراوە بکەین بەبێ بوونى ئیرادە و ئامادەگییەکى سیاسى و کولتوورى و مەعریفى بەردەوام بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەى بەشێکى زۆرى ئەو بنەما و شۆینگە (موقع) کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى و ئەخلاقى و مەعریفییانەی لەو ساتەدا لە کوردستاندا ئامادەن. ئەگەر خوازیارى ئەوەى کۆمەڵگایەکى کراوامان هەبێت کەتێیدا نەوە جیاوازەکان بەشێکى ئۆرگانییانەى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى و ئەخلاقى ئەو کۆمەڵگایە بن و کار بۆ بەرهەمهێنانى ئێستا و ئایندەیەک بکرێت کە هەمووان بە موڵکى خۆیانى بزانن، ئەوە دەبێت ئامادەبین بە کۆى ڕێککەوتن و پەیمانە (اتفاق – عقد) کۆمەڵایەتییانەدا بچینەوە کە کۆمەڵگاى ئێمە لە ڕەوتى مێژوویی خۆیادا بەرهەمیهێناون  و لە ئێستادا بۆتە چوارچێوەیەکى گشتى، کە لە دووتۆێدا دەستنیشانى هێز و دەسەڵاتى نەوە و هێزە جیاوازەکانى کۆمەڵگاى ئێمەى تێدا دەکرێت. ئەم سەرلەنوێ پێداچوونەوە و پێناسەکردنەوەیە ئەمرۆکە یەکێک لە گرنگترین کارەکانى سیاسەت و فیکر و ململانێى کۆمەڵایەتى لە وڵاتى ئێمەدا پێکدەهنێت.

لەجەوهەردا هەموو پێداچوونەوەیەک بە پەیمانە کۆمەڵایەتییەکاندا پێداچوونەوەى چۆنیەتى دابەشکردنى دەسەڵاتى مادى و ڕەمزى نێوان هێز و نەوە کۆمەڵایەتىییە جیاجیاکانى ناو ئەو کۆمەڵگایەیە. لەم پرۆسەیەدا یەکێک لەو گۆڕانە گرنگانەى کە ڕوودەدات، سەرلەنوێ دارشتنەوەى ڕەگەزکانى ئەو سەرمایە ڕەمزییەیە کە لەو کۆمەڵگایەدا باڵادەستە. ئێمە دەتوانین بەشێکى گەوەرى سەرمایەی ڕمزى باڵادەست لەمرۆکەى کورستاندا وابەستەى ئینتیماى حیزبى، ناوچەیی، خێڵەکى، خێزانى، ئاینییە و دوورە لە پرنسیپەکانى عەدالەتخوازى کۆمەڵایەتى و بەهرە و توانا و سەلیقەى دیاریکراوەى تاک و گروهە جیاجیاکانى ناو کوردستان. سەرمایە ڕمزى لاى ئێمە سەرمایەیەکە لە ڕابردوویەکى دیرێنى نادیموکراسى و نەبوونى عەدالەتى کۆمەڵایەتى و باڵادەستى سەلەفییەتى سیاسى و ئەخلاقى و مەعریفییەوە هاتووە و وابەستەى هەڵومەرجێکى تایبەتە کە ئەمرۆ لەزۆر ڕووەو لە کوردستاندا بوونى نەماوە. لەدواى ئازادى و کۆچ و شەڕى ناوخۆ دەساڵ حوکمکردنى کورد خۆى و دابەشبوونى کوردستانەوە، جیهانێک لە کوردستاندا ئامادەیە کە جیهانى ساڵانى بەر لە ڕاپەرین نییە. لەم جیهانەدا نەوەیەک یان چەند نەوەیەکى هاتوونەتە کایەوە، کە سادەترین داواکارییان بریتییە لە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و پێداچوونەوەى کۆى ئەو پێناسانەى کە نەوەى پێشوو بۆ جیهان و کۆمەڵگا و ئەخلاق و سیاسەت و کولتوور و فیکر و ڕابردوو و ئێستا و ئایندە هەیەتى. ئەم نەوەیە چیدى نایەوێت لەنێو ڕابردووى حیزبى هێزە باڵادەستەکانى کوردستاندا بەندبکرێت و ناتوانێت پێناسى بۆ سیاسەت گفتوگۆى شاراوە و ژێرپەردەى چەند حیزب و گروپ و سەرکردەیەک بێت لەنێو کۆمەڵێک ژوورى داخراوەى پڕنهێنیدا. ئەم نەوەیە خوازیارى ئەوەیە سیاسەت بێتە سەرجادە، بچێتە ناو کۆڕ و کۆبوونەوە گشتییەکان، ببێت بە بەشێک لە گفتوگۆیەکى کۆمەڵایەتى بەردەوام و بەرفروان، زیاد لە میدیایەک هەبێت بۆئەوەى لەخۆیگرێت، واتە مشتومڕیەکى کۆمەڵایەتى گەورە فۆڕمەلەیکردبێت، فۆڕمى ڕاپرسین و ڕیفراندۆم و دەنگدان وەرگرێت و ئەو بەڵینانەى کە دەدرێن دەبنە پراکتیک و جێبەجێبکرێن. بە کورتى سیاسەتێک کە بخوازێت زیاد لە نەوەیەک و زیاد لە هێزیک و زیاد لە دیدێک ئەکتیڤبکات. لە سەرەتاکانى ئەم هەزارە نوێیەدا ئەو کۆمەڵگایە ئامادە نەبێت لەبەردەم گۆڕانە گەورەکان و لەبەردەم نەوە تازەکانیدا بەم پرۆسە بەرفروانى پێداچوونەوەى مانا و پێناس و میکانزمەکانى دابەشکردنى دەسەڵاتى ڕەمزى و ناڕەمزىدا بچێتەوە، جگە لە بنیادنانى دنیایەکى پڕ لە ناکۆکى کۆمەڵایەتى و سیاسى و فەرهەنگى، هیچى دیکە دروستناکات. لە مێژووى کۆمەڵەگاکانیشدا نموونەى گەشەسەندنی ئەو کێشە و ململانێیانە بۆ قەیرانى سیاسى و ڕاپەڕین و شۆڕش پێکدادانى تووندوتێژانە زۆرن.

  یەکێک لە جیاوازییە هەره گەوەرکانى نێوان کۆمەڵگا کراواکان و کۆمەڵگا داخراوەکاندا لەوەدایە کە یەکەمیان بەردەوام لەبەردەم پێداچوونەوە و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و ڕێزکرنەوەى شوێنگەکانى ناو کایە جیاجیاکانى هەناوى خۆیدایە، لەکاتێکدا لە دووهەمدا شتەکان بۆیەکجار دابەشکراون و بۆیەکجار ناونراون و بۆیەکجار پێناسەکراون و پێداچوونەوە و سەرلەنوێ دابەشکردنەوە و ڕیزکردنەوەى شوێنگەکان و بەرەیانپێدەگیرێت.

گەر سەرنجێکى ورد بدێنە دونیاى پڕ لە مژدە و دژایەتى و ناکۆکى خۆمان، دەبینین لە کوردستانى ئەمرۆدا چەندان حیزب و فەرمانڕەوایی ناوچەیی ئامادەن، ئابوورى کوردستان ئەمرۆکە لەزۆر ڕووەوە لە قۆناغەکانى بەر لە ئێستا چالاکتر و دەوڵەمەندتر و کراواترە ژمارەى ئەو ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و بڵاوکراوانەى ئەمرۆکە لە کوردستان دەردەچن لە مێژووى کوردیدا بێوینەن. دەسەڵاتداران کوردن و تواناى پەیوەندى و هاتوچۆیان بۆ ناوەندەکانى بڕیارى سیاسی لەناوچەکە و جیهاندا لە هەمووکات گەورەتر و کراوەترە. کوردستانى باشوور بەپێی بڕیارێکى نێونەتەوەیی شێوە پارێزراوە تا ئەم چرکەساتەش هیچ ئاماژەیەک لەئارادانییە کە ناپارێزرێت. کەچى لەگەڵ ئەمانەشدا ئەمرۆکە لەزۆربەى کایەى کۆمەڵایەتى سیاسى و کولتوورى و ئەخلاقییەکاندا داخستنێکى گەورە و بەرچاو دەبێنن، هەڵهاتنێکى بێوێنە نەوەى نوێ دەبینین، بە دەگمەن نەبێت گۆڕانێک نابینین کە ئاماژەبێت بۆ جۆرێک لە کرانەوەى کۆمەڵایەتى و ئەخلاقى و سیاسى. تا ئێستاش کۆى ئەو پەیمان و ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئەخلاقییانەى لە کوردستانى ئێمەدا باڵادەستن، بریتیین لە ڕێککەوتنى نەوە کۆنەکان. دنیاى ئێمە لە وێناکردنەکانى ئەو نەوانەوە دەبینرێت و لە دیدى ئەو نەوانەوە پێناسدەکرێت و لە بۆچوونى ئەوانیشەوە ڕێکدەخرێت. تا ئێستا لە هیچ کایەیەک لە کایە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە سیاسەتەوە بۆ ئەخلاق، لە کولتوورەوە بۆ میدیا، لە حیزبەوە بۆ خێزان پێداچوونەوەیەکى ڕاستەقینە بە پەیمان و ڕێکخستنە کۆنەکاندا لە ئارادا نییە و تا ئێستا نەوە کۆنەکە پێناس و مانا و دیدى خۆى بەسەر کۆى ژیانى کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئەخلاقى و کولتوورى ئێمەدا سەپاندوە. ئەم سەپاندنە بە ئەندازیەکە تا ئێستاش سیستەمى خوێندن لە سەرەتاییترین ئاستییەوە بۆ باڵاترین پلەى کە زانکۆیە لە میتۆدەکانى سیستەمى خوێندنى بەعسیزم ڕزگارى نەبووە، میدیاى ئێمە و لاپەرەى گۆڤارەکان لەسەر هەمان مۆدیل ڕێکخراون و ڕێکدەخرێن، مەسەلەى دۆزینەوەى کار و وەرگرتن لە دەزگا گشتییەکاندا بەهەمان مۆدیلى حیزبى بەرێوەدەچێ و زۆربەى دەستکەوتە کۆمەڵایەتییەکان ڕاستەوخۆ گرێدراون بە ئینتیماى حیزبى و خزمایەتییەوە. بێگومان ئەم قسانە ماناى بێفەڕکردنى ئەم ئەزموونەى کوردستان نییە، بەڵکو ئەوەى ئێمە دەمانەوێت بێڵێین بچوکى ئەو کارانەیە لەچاو ئەو هەموو خراپەکارییە ستراتیژیانەدا کە کوردستان کورتدەکاتەوە بۆ ماڵى حبزب.

بێ دوودڵى دەتوانین بڵێین «سیستەمى سیاسى کوردى» لەم دە ساڵەى دواییدا بە پلەى یەکەم بریتىبووە لە ئێدارەدانى ئەو ناکۆکییە کۆشندە و وێرانکەرەى، کە لە نێوان پارتى و یەکێیتى و هێزە سیاسییەکانى دیکەى کوردستاندا هەبووە. لەم دەساڵەدا مانا سەرەکییەکانى سیاسەت لە کوردستانى ئێمەدا ئیدارەدانى ئەم ناکۆکییە ناوەکییە ناعەقڵانىیە بووە کە ئەم دوو حیزبە ڕووبەڕووى کۆمەڵگەى کوردیان کردۆتەوە. ئەم سیاسەتە نەک نەىتوانیوە گەنج و کەرتە لاوەکانى کۆمەڵگەى ئێمە بدوێنێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ ناکۆکییە کۆنەکانى مێژووى ئێمەى بەسەر نەوە نوێکانى کوردستانیشدا سەپاندووە. بێگومان ئەم ناکۆکییانە نەک ناکۆکییەک نیین نەوە نوێکان لە کوردستاندا بەرهەمیانهێنابێت یان لێی بەرپرسیاربن، بەڵکو بۆماوەى ناکۆکى نەوە کۆنەکانى کۆمەڵگەى ئێمەن و ڕاستەوخۆ نەوە نەوێکانى کوردستانى تێوەگلاوە. هێزیکى ڕاگەیاندن و ئابوورى و چەکدارى گەوەرش لە کوردستاندا بۆ سەپاندنى ئەم ناکۆکییە دێرینانە بەسەر نەوە نوێکانى کوردستاندا خراوەتەگەڕ و لەهەر خانەیەکى کۆمەڵایەتییدا هەوڵیداوە ئەم ناکۆکییە بکاتە ناکۆکى نەوە نوێ.

گەڕاندنەوەى هەر مانایەک بۆ سیاسەت، بەتایبەتى سیاسەتێک بخوازێت لەگەڵ نەوە نوێکانى کوردستاندا بدوێت، دەبێت ماڵئاوایی لەم مانا کۆنە بکات، کە هیچ ڕەهەندێکى نەتەوەیی و ئینسانى تێدانییە. ئەوەى کوردستان پێویستێتى سیستمێکى پەروەردەیی نوێیە، کە بتوانێت لە زمانى نەوە نوێکانى کۆمەڵگەى ئێمە تێبگات و بە مێتۆدى زانستى نوێ گوشیانبکات، سیستمێکى سیاسییە کە ئامادەیی واڵاکردنى سنوورەکانى خۆى تێدابێت بۆ کۆمەڵێک پەیمان و ڕێککەوتنى کۆمەڵایەتى تازە. سیستمیکى کۆمەڵایەتى و ئابوورییە کە نەوەى نوێ لە هەناوى هەموو دەزگا و دامەزراوە پلان و وێناکردنانیدا بەشدار و ئامادەبێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە سیستمێکى ڕێکخستنى سیاسى و کۆمەڵایەتى و پەروەردەیی کراوە هەیە کە تێیدا هەرگروهـ و لایەن و تاکێک بتوانێت دەربارەى خۆى و کێشە و خەوەنەکانى بدوێ و فەزایەکى سیاسى کراوەیان لەبەردەمدا بێت کێشەکانیان لە قسە و ئاخاوتنەوە بکەن بە بەرنامە و پراکتیکى چارسەرکردنیان. ئەمرۆکە کوردستان پێویستى بە زمانێک هەیە کە بە چەمکەکانى پەیمانى کۆمەڵایەتى و قازانج و بەرپرسیارێتى گشتى بدوێت. زمانێک کە چوارچێوەیکى نەتەوەیی دروستکات و تێیدا نەوە نوێکان هەستبکەن کە کارى ئەوانە جیهانى دواى دەهەیەکى بەڕێوەبەرن و بەردەوامییەک بدەن بە مێژوویەک، کە ئەوان لە ئێستاوە یەکێک لە گەمەکەر و بکەرە سەرکییەکانى ناوین.

گەر ئەم خاڵە وردتر بکەینەوە، دەکرێت بڵێین، کۆڵەکەى سەرەکى ڕێکخستنى سیستمێکى کۆمەڵاییەتى و سیاسى کراوە لە کوردستانى سبەینێدا دواندنى ئەم نەوەیەیە و تێگەیشتنە لە کێشە و خواست و خەوەنەکانى. ئەرکى گوتارى سیاسى نوێ ئەوەیە کە ببێتە زمانى قسەکردنى دەسەڵاتێکى شەرعى لەگەڵ هاووڵاتییەکانیدا؛ ئێمە لێردا زۆر بە توندى پێ لەسەر چەمکى هاووڵاتى دادەگرین و دەیکەینە ئەلتەرناتیڤی ئینتیماى حیزبى و ناوچەیی و خێڵەکى. کە دەشڵێین هاووڵاتى، مەبەستمان هاووڵاتیى ئازادى خاوەن ئیرادە و خەوەن تواناى هەڵبژاردنى سەربەخۆیە. غیابى چەمکى هاووڵاتى لە گوتارى سیاسى کوردیدا غیابێکى ترسناکە و لەپشتییەوە پرۆسەیەکى گەورەى بێبەریکردن و دابڕاندنى نەوەى نوێ لە بەشداربوون لە بڕیاردانى کۆمەڵایەتى و سیاسیدا ئامادەیە. بەردەوامبوون لە پەیڕەوکردنى ئەم سیاسەتەدا دەرئەنجامى کارەساتەوى لێدەکەوێتەوە و ململانى چاوەرواننەکراو دەسەڵاتى سیاسى دروستدەکات. گەر ئەمرۆکە بە کۆچکردنى ژمارەیەکى زۆرى نەوەى نوێ ئەم قەیرانانە بەتاڵبکرێنەوە، سبەینێ ئەم دەرگایە بەکراوەیی نامێنێت و کۆى ئەو کێشانە دەگەڕێنەوە بۆ ناو وڵات.

بێگومان هاووڵاتى و هاووڵاتیبوون چەمکەگەلێکى گرنگى فەلسەفەیەکى سیاسىین، کە کۆڵەکەکانى لەسەر عەدالەتى کۆمەڵایەتى ڕاوستاوە. بەبێ عەدالەتى کۆمەڵایەتى، ناکرێت قسە لە چەمکى هاووڵاتى و لە خەونى بەهاووڵاتیبوون بکرێت. عەداڵەتى کۆمەڵایەتیش پێویستى بە سەرلەنوێ پێداچوونەوەى سەرمایەى ڕەمزى و شوێنگەى کۆمەڵایەتى و بناغەى هێزە دەسەڵاتدارەکانى ناوى هەیە. لە کوردستانى ئێمەدا ناعەدالەتیەکى کۆمەڵایەتى و حیزبى و ناوچەیی و خێڵەکییانەى هێجگار گەورە هەیە، بنەبڕنەکردنى ئەم ناعەدالەتییانە لەڕێی دەستکاریکردنێکى ڕاستەقینەى یاسا و ئەخلاقیاتى سیاسى و سیستەمى پەروەردە و میکانیزمەکانى سەرلەنوێ دابەشکردنەوەى شێوازە جیاجیاکانى دەسەڵاتەوە دەستپێدەکات. لەم ئاستەشدا کوردستان پێویستى بە سیستمێکى ڕێکخستنى کۆمەڵایەتى و سیاسى فەرهەنگى هەیە بە زمانێک بدوێت کە تەواو نوێ بێت؛ زمانێک کە بەناو لێپرسینەوەیەکى ئەخلاقى و سیاسى و نەتەوەیى بەرفرواندا تێپەرێ و ڕووى لە ئایندەیەک بێت کە هەمووان بە ئایندەى خۆیانى بزانن. هەر لەم گۆشەنیگایەشەوە بە دەرئەنجامێکى زۆر سانا دەگەین: سیاسەت بۆئەوەى بتوانێت بەزمانى لاوان و گەنجانى وڵاتى ئێمە بدۆێت، دەبێت خۆى گەنج ببێتەوە.

سیستمى سیاسى دەبێت ئەو هەستە بە بەرپرسیارێتى لاى لاوان دروستکات کە پاراستنى ئەم ئەزموونە پاراستنى کۆمەڵێک سوود و دەسکەوت و قازانجى کۆمەڵایەتى و تازەکردنەوە بەرفروانکردن و بەختەوەرکردنى جیهانى ئەوانە. نەوەى نوێ دەبێت ئەو هەستەى لادروستببێت کە بەرگریکردن لەخۆى ماناى بەرگریکردنە لەم ئەزموونە، نەک بەپێچەوانەوە لەنێوان بەرگریکردن لە خۆى و بەرگریکردن لەم ئەزموونە ناکۆکییەکی گەورە ببێنت و تاقە چارەسەریشى سەرهەلگرتن بێت. مرۆڤ ڕۆحى هاووڵاتیبوونى تێدا دروستنابێت گەر هاتوو چوارچێوەیکى سیاسى و کۆمەڵایەتى لەئارادانەبێت، پێشوەخت کۆمەڵێک ماف و دەسکەوت و هەڵومەرجى عەدالەتخواز و مژدەى واقیعییانەى بۆ دروستنەکرابێت. چونکە دروستبوونى هەست بە بەرپرسیارێتى بەرامبەر ئەو دونیایەی تێیدا دەژین بە نەسیحەت و وەعز و بەڵین و مژدەى ئایدیۆلۆژییانە نایەتەدى، بەڵکو بە ئامادەگى چوارچێوەیەکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئەخلاقى دێتەکایەوە کە مرۆڤەکان لە ناوەیاندا بتوانن بە پشتئەستووربوون بە کۆمەڵێک ماف و پێدراوى پێشین، ژیانى خۆیان ڕێکخەن مانایەک بەبوون و بەختەوەرى خۆیان ببەخشن. هاووڵاتیبوون چەند ئەرک و قورساییەکى مەعنەوییە کە مرۆڤ ووشیارانە دەیخاتە سەرشانى خۆى، بەهەمان ئەندازەش دەرئەنجامى بوونى کۆمەڵێک مافى مەدەنى سەرەتایی و پێشوەخت پێدراوە لە فۆرمى چوارچێوەیەکى تایبەتدا بۆ ژیانى تاکەکەسى و کۆمەلایەتى. تەنها لە هەڵومەرجێکى تایبەتى لەم بابەتدایە گەنجان دەتوانن گەشەکردن و پێشکەوتنى خۆیان ڕاستەوخۆ ببەستنەوە بە پاراستنى ئەو چوارچێوە سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئەخلاقییەوە کە لەناویدا دەژین.

خاڵێک کە دەبێت لاى هەر حیزبێکى سیاسى لە کوردستاندا ئاشکرابێت، بەتایبەتى دوو حیزبە گەورەکە، ئەو ڕاستییەیە کە لە پشتی چوونی ژمارەیەکی بەڕێژە گەورەی خەڵک بۆناو ڕیزەکانی ئەم دوو حیزبە، لەپاڵ  پاڵنەرە ئایدیۆلۆژی و عەقایدییەکاندا، جۆرێک لە ناچارى و جەبرى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و ئەمنى ئامادەیە. مۆنۆپۆڵکردنى ئابورى و دەسەڵات و هەڵومەرجى گەشەکردنى کۆمەڵایەتى و میهەنى و هتد… وایکردوە ژمارەیەکى گەورەى خەڵک لەناو دەزگاکانى حیزبدا دەسبەکاربن، ئەمەش بۆ حیزبێکى سیاسى کە خەمى ئایندە و نەوەکانى دواتر و خەمى ڕاستەقینەى خۆشى بخوات، نەک جێ دڵخۆشى نییە، بەڵکو دەبێت سەرچاوەى ترس و دڵەڕاوکێ و خولیاى گۆڕانى گەورە گەورە بێت. هەر لەم سیاقەشدا با جارێکى دیکەش پێ لەسەر ئەو خاڵە داگرین، کە هیچ حیزبێکى سیاسى کوردى چیدى ناتوانێت تەنها لەسەر ڕابردووى خۆى و گەورەیى گۆرستانى شەهیدەکانى بژى. زۆربەى ئەوانەى لە سەرەتاى هەشتاکاندا لەدایکبوون نە بەعس و نە ڕابردووى حیزبە سیاسییەکانى کوردستان ناناسن. لەڕاستیدا ناسینى ئەم دووانەش بۆ ئەم نەوە نوێیە بەس نییە بۆ ئەوەى بیانکاتە بوونەوەریکى بەرپرسیار و وایانلێبکات هەست بە هاووڵاتیبوونى خۆیان بکەن. ئەم نەوەیە خەیاڵێکى سیاسى و حەیاڵێکى کۆمەڵایەتى و تا ڕادەیەک مەعریفەى جیاوازى هەیە. ئەو ڕووداوانەى کە لە دەساڵى ڕابردوودا، خەیاڵى سیاسى و ئەخلاقى و کۆمەڵایەتى ئەم نەوەیە داڕشت، بریتیین لە ڕووداوە کوشندەکانى شەڕى ناوخۆ و ئەو سیاسەتی پاکتاوکردنى سیاسییەی بەجێیهێشتووە، لەپاڵ ئەمانەشدا ئەو ناعەدالەتییە گەورەیە کە پرۆسەى بە حیزبیکردنى کۆمەڵگاى لە کوردستاندا بەرهەمیهێناوە، نەمانى زۆر حەرامى سیاسى و ئەخلاقى کۆمەڵایەتى دیکەش وێنەکە تەڵختر و ترسناکتر دەکات. ئەوەى ئێمە دەمانەوێت لێردا جەغتى لێبکەین ئەوە ڕاستییەیە، کە ئەم نەوە تازەیە هاتۆتە سەر ئەم پاشخانە تایبەتە، نەک ڕابردووى سیاسى بەعس و حیزبە سیاسییەکان کوردستان.

لێرەوە فرۆشتنى ڕابردوو بەم نەوەیە تاقە شتێکە کە کارناکات و، پڕکردنى میدیاکانى حیزب لە حیکایەتى سەروەرى خودى حیزب و سەرکردە و ئەندامەکانى، جگە لە گەورەکردنى مەسافەى دابڕانى نێوان ئەم نەوە نوێیە و دەسەڵاتداران و نەوەى کۆن لە کوردستاندا هیچ دەرئەنجامێکى دیکەى نابێت. ڕابردووى حیزبەکان تەنها لە کاتێکدا مانا پەیدادەکات کە ئێستا و ئایندەى ئەو نەوەیە بە کۆمەڵێک مژدەى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى بارگاویکات. تەنها لەبەردەم کۆمەڵێک مژدەى واقیعیدا بە ئایندەیەکى جوان، ڕابردوو مانایەک پەیدا دەکات. حیزبێکیش گرەوه سیاسى  و کۆمەڵایەتییەکان دەباتەوە، کە دامەزراندنى شەرعییەتى خۆى لەسەر مۆڵکایەتى ڕابردوویەکى خەباتگیڕەوە بگوازێتەوە بۆ خەبات لەپێناوی بنادنانى ئایندەیەکى ئاسوودەى فردەنگ و ڕەنگ. جگە لەم خاڵە هەر حیزبێک بخوازێت ئایندە بباتەوە، دەبێت ببێتە دەرهێنەرێکى نەتەوەیى و ڕابردوو لەوە دەرکات کە ڕابردوویەکى حیزبى بێت. بەبێ ئەم گۆڕانە لە سیاسەتى یادەوەرى و بەبێ بەدیموکراتیزەکردنى یادەوەرى نەتەوەییمان و ڕیفۆرمى کۆى سیستمى ڕێکخستنى کۆمەڵگەکەمان، زەحمەتە سەرەتاکانى سیاسەتێکى ڕاستەقینە و عەقڵانى لە کوردستاندا دامەزرێنین، کە نەوە نوێکانیش  خۆیان بە درێژکراوەى بزانن و بەشێوەیەک لەشێوەکان وەک موڵکى خۆیان بیبین. سیاسەت لە وڵاتى ئێمە ئەبێت ئیدى پرسیارێکى ڕۆشنگەرانە بکات و لەدواى ئەو هەموو کارەساتەوە بپرسێت: چۆن بتوانین بەختەوەری و سەربەخۆیی و عەدالەت بۆ هەمووان دەستبەرکەین؟ تەنها لە وەمەڵادانەوەىکى ڕاستەقینەى ئەم پرسیارەدایە نەوە نوێکان دەتوانن خۆیان بە بەشێک لەو دنیایە بزانن کە ئەمرۆ ناوى کوردستانە، نەک بە لێشاو وڵات بەجێبهڵین و لە جوگرافیاکانى تردا بەدواى بەختەوەرى و شوناس و هاووڵاتیبووندا بگەڕێن.

لێپرسراوانی ژمارە


ژمارە ١٤-١٥

لە بڵاوکراوەکانی نیوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی

لێپرسراوانی ئەم ژمارەیە: ئاراس فەتاح- بەختیار عەلی- مەریوان وریا قانیع

لێپرسراوی ئاوێنە بچکۆلەکان: هیوا قادر


بابەتەکانی ئەم ژمارەیە:

– هەڵوێستە

– ئاراس فەتاح: ئەنتەرنێت و گۆڕانی کۆمەڵگا

– بەختیار عەلی: کۆچ بەرەو ناشوێن (بەشی دووەم)

– مەریوان وریا قانیع: عەلمانییەت و ئایین

– دارا مەحمود: هێرمێنۆتیک و پرۆسەی خوێندنەوە و نووسین

– دانا ڕەئوف: هەندێ لە ساتەوەختەکانی واقع

– گفتوگۆیەک لەگەڵ د. یوسف سەلامە؛ سازدانی: سەلاح ئەحمەد

– گفتوگۆیەک لەگەڵ د. محەمەد ئارکۆن؛ سازدانی: هاشم ساڵح. وەرگێڕانی: نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد

– دیدارێک لەگەڵ د.فالح عەبدولجەبار؛ سازدانی: ئارام سەعید

– بەختیار عەلئ: خوێندنەوەیەک لە دەمامکە فەلسەفییەکانی ئیسلامی سیاسیدا

ڕووناک فەرەج: تاک لە کۆمەڵگەی کوردیدا

ئاوێنە بچکۆلەکان


هەڵوێستە

گومانی تیا نییە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی عێراق ڕەنگدانەوەیەکی قووڵی لە ژیانی سیاسی و کولتووریماندا دەبێت، ڕوخانی سەدام حوسەین ئەو خەونەبوو کە ساڵەهای ساڵە دەمانبینی. خەونێک، منداڵی و گەورەییمانی داگیرکرد، لەگەڵیدا گەورەبووین، لەگەڵ خۆماندا تا مەنفاکان هەڵمانگرت، بووە بەشێکی نەگۆڕ لە هەر وێناکردنێکمان بۆ ئایندە، ئاواتەکانمان لەزۆر سەرەوە پابەستی ئەو ئاواتە بوو، پڕۆژەکانمان پابەستی ئەو پڕۆژەیە بوو. ڕوخانی سەدام خەونێک بوو تێکەڵ بە ئەفسانە، لە سروشتی خەونە ئاساییەکان دەرچوو، ئەو هەتا سنووری ئەفسانە کۆییەکانیش تێپەڕی و بوو بەو خورافەتەی دەبایە تا ڕۆژی وەدیهاتنی هەموو ژیان بوەستێت، دەبایە واقیع و فاکتەکانی سەر زەمین بێدەنگ بن تا ئەم ئەفسانەیە دێتە دی. ڕوخانی سەدام کە ساڵانێکی درێژ سروشتی موعجیزەی وەرگرتبوو، سروشتی موعجیزەشی بەخشیبووە هەموو ئاواتە بچوکەکانمان، ئەو کۆی دونیای بەخۆیەوە گرێدابوو، بەجؤرێک بەر لە مردنی نەدەکرا بیر لە ژیان بکرێتەوە و دنیایەک وێناکرێت لە دەرەوەی ئامادەگی خوێنینی دنیاکەی ئەودا.

ئەم دیکتاتۆرە دوای ڕۆستنی کۆمەڵێک خەون و واقیعێکی تێکشکاوی بۆ جێهێشتین ، دەرگای زیندانەکانی کرانەوە و کۆمەڵێک مرۆڤی لێهاتنەدەر، کە پێویستیان بە ماوەیەکی درێژ و هەوڵێکی گەورە هەیە بۆ ڕاهاتنەوە بە ژیان. خودی واقیعی عێراقیش ڕێک وەکو دۆخی ئەو زیندانیانە وەهایە کە بە ماندوێتی لە تاریکستانەکانی ئەو دیکتاتۆرەوە هاتنەدەرێ، جیهانێکە پر لە خەون، بەڵام ماندوو و تێکشکاو. عێراقی ئێستا دونیایەکە برکرو بە چەندان هێز کە لە زۆر سەرەوە بەرهەمی عەقڵانییەت و کولتوورو خەیاڵی سیاسی قۆناغی بەعسن، بە چەندەها سەر و لە چەندەها ڕێگاوە دەچنەوە سەر ئەزموونی ناشیرینی بەعس، دەیانەوێت ژیان وەک ئەو کۆنترۆڵبکەن، دنیا وەک ئەو دروست بکەنەوە، ئینسان بەهەمان ئەندازە بچووک ڕاگرن وەک ئەو. ئەم هێزانە خەون بە داخستنی دەرگای سینەماکانەوە دەبینن، لە خەیاڵی پەچەپۆشکردنی کۆمەڵگادان، دەیانەوێت زانکۆکان  بکەنە خانەقا و مزگەوت. یان هێزگەلێکی دی کە عێراق لە شوناسێکی عەرەبیدا بەنددەکەن و جگە لە جێگایەکی پەراوێزی بۆ شوناسەکانی دی هیجی تر بە ڕەوا نابینن. هێزگەلێک لە پەنجەرەکانەوە دەمانبەنەوە ناو هەمان ماڵی سەدام حوسەین.

بەڵام دونیای دوای سەدام پڕە لە ئەگەری دیکەش کە پێویستییان بە هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونێکی گەورە هەیە بۆ بەرجەستەبوونیان، یەکێک لەو ئەگەرانە گۆرینی عێراقە لە قەوارەیەکی جوگرافی بەزۆر دروستکراوەوە بۆ نیستیمانێکی هاوبەش، نیشتیمانێک تێیدا عێراق نەبێتە مایەی زەوتکردنی مافی تاک و گروپ و نەتەوەکانی ناوی، بەڵکو ببێتە بوونێکی کراوە بە ڕووی هەمەڕەنگی و جیاوازی و ئازادیدا. عێراقییەتێک کە لە بری ئەوەی بە سوپا و زیندان و دەزگا ئەمنییەکان بپارێزرێت، بە دەستوورێکی دیموکرات، بە دابەشکردنی دەسەڵات، ڕێزگرتنی تەواوی مافەکانی مرۆڤ بپارێزرێت.

دیارە ڕۆڵی کوردستان و ئێمەی کورد لە داڕشتنی ڕوخساری داهاتووی عێراقدا دەکرێت جەوهەری بێت. بە حوکمی دوازدەساڵ دووری لە دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بەعسەوە، تێڕوانینی خەڵکی کوردستان بۆ ژیانێکی خاڵی لە سەدام حوسەین لە بەشەکانی دیکەی عێراق گەورەترە. ئەمە جگە لەوەی کوردستان لەهەر شوێنیکی دیکەی عێراق پتر بەر زەبری بەعس کەوتووە، قوربانیانیش لە هەرکەس زیاتر لە جەلاد تێدەگەن. لە دوای هەرەسی دیکتاتۆرییەت ئەوانەی پتر ژێردەستبوون، ئەوانەی زیاتر قوربانی بوون، دەبێت زیاتر لەوانی دی هەڵگری پڕۆژە ئەلتەرناتیڤەکان بن. تەنیا تەنیا ئاسۆ لەبەردەم قوربانیدا ئەوەیە کە لە تەواوی هاوکێشەی جەلاد و قوربانی بچێتەدەرێ، دونیایەک دروست بکات نە تیایدا ببێتە جەلاد نە ببێتەوە بە قوربانی. بۆ ئەوەی قوربانییەکان ئازادبکەین، دەبێت جەلادەکانیس ئازادبکەین، دەبێت هەموو ئەوانەی کینە و توندوتیژی و ژێرپێخستنی ئەوانی دی فێربوون، ئەزمونی خۆیان بکەنە ئەزمونێکی دی، لەسەرەتاوە فێرببنەوە، دوبارە بسووتێن و زیندووببنەوە، مێژوویەک بژین لە دەرەوەی مێژووی جەلاد و قوربانیدا، مێژوویەک بە ئینسان ئینسانیەت و بە ژیان بەهایەک ببەخشێت کە نەکرێت لەژێر هیچ ناونیشانێکدا پەلامار بدرێت و سووکایەتی پێبکرێت.

ئەزموونی بەعس ئەزموونی شێواندنی جەستە و ڕۆحی هەموو مرۆڤەکانی ناو عێراقە، بە جەلاد و قوربانییەوە، ئەوەی ئەمڕۆ کە پڕۆسەیەکی گەورە و گرنگی هەموو بنیادنانەوەیەکی عێراقە، دروستکردنەوە و بیناکردنەوەی ڕۆحییانەی ئەوانەشە کە بەعس بە ناڕاستەوخۆ کردونی بە هاوبەش و هاویاری خۆی. ئەگەر ئازادی لە فەرهەنگی ئێمەدا پتر وشەیەکی ناو بەلاغەت بووبێت، وشەیەک کە لە مانایەکی کۆنکرێت و هەستێکی ڕاستەقینە و ئەزموونیکی فەردیدا بەرجەستەنەبووبیت، ئەوا ئێمەی کورد بەوەدا قوربانی گەورەین، دەکرێت پتر لە هەر گروپێکی دیکەی ناو عێراق بەرجەستەکەری ماناکانی ئازادی و ئەلتەرناتیڤەکانی بەعس بین، لێرەوە نوشوستی ئێمە لە بەرقەرارکردنی شێوازێکی دیکەدا بۆ ژیان و لێبوردن و پێکەوەژیان ئاسەوارێکی کوشوندەی لەسەر کۆی پرۆسەی بە دیموکراتییکردن لە عێراقدا دەبێت.

ئەوەی لە ئێستادا دەکرێت تەواو بۆ داهاتوو سوودی لێببینین تێڕامانە لە هۆکاری نوشوستییەکانی دیموکراسییەت لە کوردستاندا، تا ئەم نووشوستییە لە ئاستی عێراق دوبارە نەبێتەوە. گومانی تێدا نییە کوردستان مەڵبەندی یەکەم هەوڵی دیموکراسی جدییە لە عێراقدا، بۆیە ڕامان لە کێشە و گرفتەکانی ئەم ئەزموونە تاکە ڕێگای بونیادنانەوەی داهاتووە. ئەوانەی نایانەوێت لە کێشە گەورەکانی ناو ئەزموونی کوردستان تێبگەن دوای کۆجی دەسەڵاتی بەعس لە ١٩٩١دا، ئەوانەن کە بەرابەر پاشەڕۆژی دیموکراسییەت لەو ناوچەیەدا کەمتەرخەمن. ئێمە هەموو دەزانین دیموکراسییەت لە کوردستاندا بە تەنیا سەرناکەوێت، دیموکراسییەت زنجیرەیەک ئەڵقەی پێکەوەگرێدراوە. زنجیرەیەک سیستمی وابەستەیە بەیەکەوە و پەیوەندییەکی چەند جەمسەرە ئاستە جیاجیاکانی بەیەکەوە گرێدەدات، لێرەوە ئەزموونێکی خراپی دیموکراسییەت دەشێت دەرئەنجامی ترسناکی لەسەر کۆی پرۆسەی بە دیموکراسیبوونی عێراق هەبێت. دیموکراسییەتیکی کارتۆنی لە کوردستاندا، دەبێتە هەوێنی دیموکراسییەتیکی کارتۆنی لە عێراقدا، لێرەوە ئاوڕدانەوەیەکی گەورە لە دۆخی دیموکراسییەت لە کوردستاندا، مەرجی سەرەکییە بۆ بیرکردنەوە لە داهاتووی عێراق.

ئەمڕۆ داڕشتنی بەرنامەی ڕیفۆرمێکی ڕادیکاڵی دیموکراسییانە لە کوردستاندا لە هەرکات پێویستترە، ڕیفۆرمێک لە سیستمی پەروەردەی سەرەتاییەوە بیگرێتەوە تا سیستمی یاسادانان و ڕاپەڕاندن و دادگاکان. ڕیفۆرمێک بوێرانە دەستبداتە ڕوخانی ستراکتورە کۆنەکان، لە ڕیگایەوە هەیمەنەی حیزڤ لەسەر دەزگاکانی دەوڵەت و ڕاگەیاندن و ئابوری هەڵگرێت. زامنی جەنگ بێت لەگەڵ فەسادی ئیداری و ئابووریدا، ڕیگا بۆ هەلبژاردنێکی سەرتاسەری بکاتەوە، کولتوورێکی سیاسی نوێ سەروەرکات کە لەسەر شەفافیەت و ڕیزگرتنی جیاوازی کاربکات. ئەمێستا ئەو ساتەیە کە کۆمەلگای مەدەنی ئێمە لە سەرخاشاکی فاشییەت لە دایکبوونێکی ڕاستەقینە لەدای ببێت. بەلام دەبێت بزانین کە ئێمە لە کوردستاندا تاکە گرفتمان کێشەی سڕینەوەی ئاسەواری بەعسیزم نییە، بەڵکو بۆئەوەی بیسەلمێنین لە سڕینەوەی ئاسەواری بەعسیزمدا ڕاستگۆین، دەبێت لە سڕینەوەی ئاسەوارەکانی شەڕی ناوخۆوە دەستپێبکەین. کە تائەمڕۆ سێبەری خۆی بەسەر کۆی زەینی سیاسی ئێمەدا کێشاوە. بە مانایەکی دیکە سڕینەوەی ئاسەوارەکانی بەعسیزم دەبێت هاوشانبێت بە سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ئەو کولتوورە سیاسییەی دیکەش کە ساڵەهایە لە کوردستاندا چەمک و دید و ماناکانی لەنێوان ناکۆکی سیاسی بەرتەسک و شەڕی ناوخۆدا دەچێنێت. لەڕاستیدا بەشی هەرە زۆری ئەو داواکارییە دیموکراسییانەی لە عێراقدا داوادەکرێت، بۆ کوردستانیش پێویستە، نیساندانی کوردستان وەک دەڤەرێکیدیموکراس کە کێشەکانی لە کێشەکانی دیکەی عێراق ناچێت، نیشاندانی گرفتی دیموکراسییەت وەک گرفتی عێراقی عەرەبی کە ئێمەی کورد ناگرێتەوە، لۆژیکی ئەوەی گوایە دیموکراسییەت لە کوردستان بەرکەماڵە سەرەڕای ئەوەی کە ناوچەیەکی دواکەوتووە و گەر ئەم دیموکراسییەتە گرفتێکیشی هەبێت ئەوا لەم دواکەوتنەوە سەرچاوەی گرتووە. بەهەڵەماندا دەبات. ڕووبەڕوونەبوونەوەی ڕاستەقینەی کێشەکان و درێژەدان بەسیاسەتی خۆفریودان زەبری کوشندە لە داهاتووی خۆمان و نەوەکانی ئایندە دەدات.

لە ڕوویەکی دیکەوە، کۆشش بۆ دیموکراسییەت لە کۆشش بۆ تازەگەری جیاناکرێتەوە، دیموکراسەکان هەمیشە تازەگەرن. لە هەناوی دونیای کۆنەوە، لە قووڵایی سەدە تاریکەکانەوە، لەو ڕۆژگارانەوە کە چ تیشکێکی ڕاستەقینەیان تیا نادرەوشێتەوە، یەکسانی و برایەتی نایەتەدەرێ، لێرەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان دوژمنانی تازەکردنەوە دوژمنانی گۆڕان دوژمنی ڕاستەوخۆی دیموکراسییەتیشن. دیموکراسییەت نە ڕابوردووە و نە ئێستا، بەلکو داهاتووە، بۆیە هەر هێزێک بۆنی داهاتووی لێ نەیەت، بۆنی دیموکراسییەتیشی لێنایەت.

دیموکراسییەت لە گۆڕینی شێوەکانی بیرکردنەوەوە دەستپێدەکات، دووبارەکردنەوەی دوێنیئیرادەیەکی ئەوتۆی ناوێت، بەڵام هێزێکی مەزنمان پیویستە بۆئەوەی دوێنێ دووبارەنەکەینەوە. ئازادیی هەمیشە سەختترە لە کۆیلەیەتی، مرۆڤی ئازد ئەو کەسەیە کە دەتوانێت ئەو نامۆبوونە بشکێنێت کە لەنێوان خۆی و جەوهەری ئینسانیانەیدا دروستبووە، کەسێکە دووبارە بیردەکاتەوە، بۆیە دەتوانێتداوا لە کۆمەڵگا بکات دووبارە بیربکاتەوە، کەسانی ئازاد بەر لە کۆمەڵگای ئازاد لەداکدەبن، کەسانێک کە خەیاڵیان لە بەردەم دیدو خەیاڵی دەستەجەمعییدا ئیفلیجنابێت، وەک چۆن خەونی ئەوەشیان نییە دیدو خەیاڵی خۆیان بەکەنە ئەلتەرناتیفی کۆی دیدو خەیاڵی کۆمەڵگا، بەڵکو ئەوان لە ناوکۆیی هەوڵێکی گشتیدا چالاکدەبن. دیموکراسییەت بەرلەوەی پێویستی بە هێزی سیاسی بێت، پێویستی بەوانە هەیە کە دووبارە بیردەکەنەوە. دیموکراسییەت لەو خاڵەوە دەستپێدەکات کە بیرکردنەوەی قووڵ تیا دەستپێدەکات، بیرکردنەوەیەک کە بە ئاڕاستەی ئازادژردنی خۆی کاردەکات، عەقڵێک کە ڕووەو شکانی کۆتەکانی خۆی دەبزوێت. بۆشکاندنی هەر ئەڵقەیەک لە ئەڵقەکانی ستەمگەری لە مەچەکماندا، پێویستیمان بە شکاندنی دۆگمایەک لە دۆگما کۆنەکان هەیە لە عەقڵماندا، ستەمگەری و دۆگمای فیکری دوو هاوڕێی هەمیشەیین.

لە سایەی تەسکبیری سیاسی و هەژاری فیکرییەوە، دیموکراسییەتێکی هەژارو پڕ لە فێڵ دادەمەزرێت. دیموکراسییەتێک بێ نوخبەی ڕؤشنبیر، بێ ڕؤشنبیرییەکی بزێو، بێ فیکرێکی ئامادە لەسەر دیاردەکان، بێ هێزێکی ڕەخنەگەر کە لە فیکردا جیهان بەشێوەیەکی نوێ بنیادبنێتەوە. لە بری ئەوەی ببێتە هێزێکی دامەزرێنەر بۆ شارستانییەت، دەبێتە فەزای پارچەپارچەبوونێکی کۆمەڵایەتی قووڵ، لە بری ئەوەی ببێتە ئەو شوێنەی تیایدا جیاوازییەکان یەکتر دەوڵەمەندبکەن، دەبێتە فەزای لەیەکترازان و دوورکەوتنەوەی جیاوازییەکان، لە بری ئەوەی ببێتە فەزای کاری هاوبەش بۆ دوو هێزی جیاواز، دەبێتە شوێنی گەڕانەوە و گەورەبوونی دیکتاتۆرییەت. دیموکراسییەتی هاوڕێ بە نوخبەی ئیفلیج، هاوڕێ بە کەمتەرخەمی دەرهەق بە فیکر دەبێتە ئەو قۆناغی ئاژاوەیەی کە شەرعییەت دەبەخشێتەوە بە گەڕانەوەی دیکتاتۆرەکان. لەنێوان نوخبەی فیکریی ئیفلیج و شێوە جیاوازەکانی دیکتاتۆریەتدا پەیمانێکی ئەبەدی هەیە.

لەم دیدەوە ڕۆڵی ڕؤشنبیران و فیکر لە دامەزراندنی دیموکراسییەتدا بەخشینی جەوهەرو مانایە بەو پرۆسەیە، زۆرن ئەو ڕەهەندانەی کە سیاسەت لە دیموکراسییەتدا ناتوانێت سەقامگیریان بکات، زۆرن ئەو نرخ و بەها ڕۆحی و مەعنەوییانەی سیاسەی ناتوانێت لە سیستمی ژیانی تاکەکەسیدا بیانچەسپێنێت. سیاسەت لە باشترین دۆخدا “گەرچی لە ولاتی ئێمەدا لە دۆخیکی هێجگار خراپدایە”، ناتوانێت سیستمی دیموکراسی بگەێنێتە تەواوی توانا ناوەکییەکانی، بۆیە دیوکراسییەت بەبێ ڕۆشنبیرییەکی ئازاد جگە لە شێوەیەکی مۆدێرن بۆ خێڵەکێتییەکی کۆن شتێکی دی نابێت.

ئەوەی ئێمە لەم قۆناغەدا خەونی پێوەدەبینین، هەر هەمان ئەو خەونەیە کە لەسەرەتاوە ئیشمان لەسەرکردووە. داوای نوێکردنەوە ڕؤشنبیری کوردی، دەرهێنانی ئەم ڕؤشنبیرییە لە تاریکستانەکانی خۆی، بۆ مانا، بۆ نرخ. ببێتە هێزێک خوێندنەوەکانی زانستێکی کۆمەڵایەتی و تەرزێکی ئیستاتیکی قووڵی لەسەر بونیادبنرێت، پاشکۆی هیچ دروشمێک نەبێت کە لە قووڵایی ئیشی تیوریی خۆیەوە هەڵنەقوڵابێت، پاشکۆی هیچ هێززێک نەبێت کە تەنیا بە جەهل و کەلەپوورەکەی ئیشبکات. خەونی ئێمە بەردەوام خەونی تازەکردنەوە بووە، تازەکردنەوەی فیکریشمان بە سەرەتای تازەکردنەوەی شتەکانی دیکە زانیوە.

ئەوەی ئێستا دەتوانین جەغتی لەسەربکەین هەر ئەوەیە کە لەسەرەتاوە جەغتمان لەسەرکردووە، ڕۆشنبیران ڕۆڵیان ئەوەیە، ئەوەی نەبینراوە بیهێننەوە ناو ئاسۆکانی بینین، ئەو ڕەهەندانەی فەرامۆشکراون بخەنەوە ناو سنوووری تێفکرین… چونکە دیموکراسییەت زیندووکردنەوەی گوتارە چەپێنراوەکانە، سەردەرهێنانەوەی ئەو بابەتە تابۆ و قەدەغانەیە کە ساڵانێکی دوورودرێژ لە یادکراون. دوای ڕوخانی سەدام پتر پەیوەندی نێوان دیکتاتۆرییەتی فیکری و دیکتاتۆرییەتی سیاسی دەبینین، پتر پەیوەندی نێوان حەرامە فیکری و حەرامە سیاسییەکان دەبینین، لێرەوە ڕوخانی سەدام هۆکارێکی گرنگە پتر لەسەر فراوانکردنی ڕەهاندە فیکرییەکانی ڕؤشنبیریی خۆمان پێدابگرین و دروستی ئەو میتۆدە ببینین کە لەسەرەتاوە کارمان پێکردووە.

ئێمە داهاتوو وەک دونیایەکی پڕئەگەر و ئومێد تەماشادەکەین کە تیایدا دەتوانین ئازادانەتر بۆ خەونەکانی خۆمان ئیشبکەین، دەشمانەوێت ئەم ساتی هیوایە بە هەموو هێز و ئەگەر و تواناکانی خۆیەوە بژین، دیارە ئاگادارین هەمیشە گرفتەکان لە ئێمە گەورەترن، ئاگادارین بۆ گۆڤارێکی کەمدەرامەت و سەختگیر لە میتۆدی ئیشکردنی خۆیدا، هەموو ئەم شتانە ڕەوتی کارکردنمان بە شێوەی ترسناک خاودەکاتەوە، دیارە بەردەوام هەوڵمانداوە ئەوەی لە ڕەهەند ناتوانین ئەنجامیبدەین، بە چالاکی دی لە دەرەوە پڕیبکەینەوە، بەڵام خودی ئەم گۆڤارە و نرخە ڕەمزییەکەی وادەکات لەگەڵ زیندووبوونەوەی ئومێدەکانەوە پتر کاری بۆبکەین. هیوادارین ڕەهەند بتوانێت بە ئەندازەی گەورەیی خەونەکانی کاربکات، نەوەک بە ئەندازەی بچوکی بەرتەسکی تواناو ئەگەرەکانی بەردەمی. بە ئەندازەی قووڵیی خۆی کاربکات، نەوەک ئەندازەی ئەو ڕووبەرە چکۆلانە و سەختەی ژیان کە بە ئەستەم بواری هەناسەدانی جێدەهێڵێت. ئەم ژمارەیەی ڕەهەند بەڵێنی ئێمەیە بۆ تازەکردنەوەی ئەو پەیمانە گەورەیە لەگەڵ ئومێد و ژیان و خوێنەردا بەستوومانە.


ژمارە ١٦-١٧ /٢٠٠٤

بابەتەکانی ئەم ژمارەیە:

– هەڵوێستە

– شاهۆ سەعید: کۆمەڵگای گەنج/کۆمەڵگای پیر

دەربارەی سۆسیۆلۆجیای تەمەن و دەرکەوتەکانی لە کۆمەڵگای کوردیدا

– بەختیار عەلی: شەهید

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بەکارهێنانە سیاسییەکانی مەرگ

– ئاراس فەتاح: شوناس و ململانێ لە کۆمەڵگای دوای جەنگ

– مەریوان وریا قانیع: نەتەوە و ناسیۆنالیزم

– بەکر ئەحمەد: هەولێری

گوتارێک بۆ داشۆرین و گاڵتەپێکردن، یان ئاوێنەیەک بۆ لەخۆڕوانین

– مەجید عەزیز: ئەمریکا: تێڕامانێک لەسەر ووزە و ژیان لە کۆمەڵگەی ئەمریکی

– عەتا نەهایی: خۆکوژی ژنان و ڕازی هەڵبژاردنی ئاگر

– بەختیار عەلی: لە سەلەفییەتی چەپەوە بۆ سەلەفییەتی ڕاست

– ئۆڤە ڤیکسترۆم؛ بەشوێن ثێکانی دۆستیۆفسکیدا، وەرگێڕانی لە سویدییەوە: ئاراس وەلی

– ئێران و ئەگەری ڕیفۆرمکردنی کۆمەڵگای ئایینی. دیالۆگێک لەگەڵ یۆرگن هابرماس

سازدانی: کریستیانە هۆفمان. وەرگێرانی لە عەرەبیەوە: بروا عەلادین

– ئاوێنە بچکۆلەکان


هەڵوێستە

ئێستا لەیەکێک لە ساتەوەختە هەرە گرنگەکانى مێژووى خۆماندا دەژین. لەدواى ڕاگەیاندن و ئیمزاکردنى ((یاساى کاتى))یەوە بۆ بەڕێوەبردنى عێراق، قۆناغێکى تازە لە ژیانى سیاسى ئەم وڵاتەدا دەستپێدەکات کە بە وەرچەرخانێکى گەورە لە مێژووى عێراقدا دەزانرێت و دەبێتە سەرەتاى دەستپێکردن و تاقیکردنەوەیەکى ترى پێکەوەهەڵکردن و گونجان و پێکەوەژیانى کۆى ئەتنى و مەزهەب و تەوژمە سیاسییە جیاوازەکان. ئەمڕۆ بناغەیەکى تازە بۆ ئەو گونجان و هەڵکردن و پێکەوەژیانە داڕێژراوە، کە بەراورد بە ڕابردووى عێراق بە دەستکەوتێکى سیاسى دادەنرێت. هیچ دەستکەوتێک لە مێژووى هاوچەرخى بزوتنەوەى سیاسى کوردستانیشدا هێندەى ئەم یاسایەى بۆ کوردستان دەستەبەر نەکردووە و لەمڕوەوە بە یەکێک لە خاڵە پۆزەتیڤەکانى ناو مێژووى ئەم بزوتنەوەیە دادەنرێت. ڕاستە وتووێژەکانى ناو ئەنجومەنى حوکم دوور لە ئاگادارى خەڵکى و لە ناو ژوورە داخراوەکاندا بەڕێوەدەبران، ڕاستە کەمترین زانیارییان لە بارەى وتووێژەکانەوە بە خەڵکى ڕادەگەیاند، ڕاستە نوێنەرانى کورد کەمترین لێدوانیان لەسەر مەسەلەکان بە خەڵکى کوردستان دەدا و دواجاریش ڕاستە کەسیش تا دەرچوونى یاساکە نەیزانى نوێنەرانى کورد چ پرۆژەیەکیان پێشکەشکردووە و بەندەکانى چین، بەڵام پاش دەرچوونى یاساکە کەمێک دڵنیابووین کە نوێنەرانى کورد لە داڕشتنى یاساکەدا و دەرهەق بە هەندێک بەندى گرنگ وریابوون. یاسا کاتییەکە بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکى ڕەسمى و ڕاشکاو دان بە نەتەوە جیاوازەکانى عێراقدا دەنێت و بۆ یەکەمجار لە مێژووى سیاسى ئەم دەوڵەتەدا عێراق وەک دەوڵەتێکى عەرەبى پێناسناکات، بەڵکو بەتەنها گەلى عەرەبى عێراق بە بەشێک لە نەتەوەى عەرەب دادەنێ. زمانى عەرەبى و کوردى دوو زمانى ڕەسمى دەوڵەت دەبن و کۆمارى عێراقیش فیدراڵى دەبێت. هەموو ئەم خاڵانەش باس لە دروستبوونى عێراقێکى دى دەکەن کە ڕاستەوخۆ پێچەوانەى ئەو مێژووە خوێناوییەیە کە عێراق لە بیستەکانى سەدەى ڕابردووەوە و تا لەناوچوونى ڕژێمى بەعس، تۆماریکردووە. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر ئەم یاسایە کاتییە بۆئەوەى لە مناوەرە و تەڵە و فێڵى ئەو سیاسییانە ڕزگارى بێت کە نەک لەسەر بناغەى بڕوابوون بە دیموکراتى، بەڵکو بۆ گەڕان بەدواى دەرفەتێکى باشتر و گونجاوتردا بۆئەوەى خواستە دیکتاتۆرییەکانیان ئاشکرابکەن، ئیمزاى بەیانەکەیان کردووە، هەر لەسەرەتاوە کۆمەڵێک مەرجى گرانى بۆ دەستکاریکردنى بەندەکانى یاساکە داناوە کە هیچ نەبێت لە ئاستى دەستووریدا لە گەرمەى ئەم جۆرە سیاسەت و سیاسییانە دەیپارێزێت. ڕێک ئەم بەندانەش بوونەتە مایەى ناڕازیبوونى ئەو هێزانە و بوونە هۆى دواخستنى ئیمزاکردنى بەیانەکە. ئەوەتا تائەمڕۆش بەردەوام خۆپیشاندان دژى ئەنجامدەدرێ. لە هەموو ئەو بەندانەش گرنگتر ئەو بەندەیە کە دەڵێت گەر سێ پارێزگا دەنگیان بە مادەکانى دەستوورى هەمیشەیى نەدا، ئەوا دەستوور دەبێت ڕەتبکرێتەوە و سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە. ئەم بەندە زامنێکى گرنگى پاراستنى بەندەکانى ئەم یاسایە و دیموکراسییەتە لە عێراقدا، ئەگەر بەرجەستەببێت، فاکتەرێکى گرنگە بۆ پاراستنى کەمینەکان لە ستەم و دیکتاتۆریەتى زۆربە.

دیارە لە هەموو ڕێکەوتنێکدا کە لایەنەکانى بەخواست و داواى جیاوازەوە دەچنە سەر مێزى گفتوگۆ، هەمیشە دەبێت ئەو لایەنانە ئامادەبن بۆ وازهێنان لەهەندێک خاڵ و لەدەستدانى هەندێک لە داواکارییەکانیان. لە دنیاى دانوستاندا وتووێژێک نییە لەسەداسەدى خواستەکانى لایەنەکان بهێنێتە دى. بەتایبەتى لە دۆخێکدا کە شتێک لە هاوسەنگى تەرازووى هێز لەنێوان لایەنەکاندا هەبێت و هێزێک نەبێت شتەکان بەزۆر و بەویستى خۆى بسەپێنێت. لێرەوە ئامادەگى بۆ دۆڕانى هەندێک شت و بردنەوەى هەندێک شتى تر لە ڕێسا سەرەکییەکانى دانووسان و لەڕاستیشدا سیستمى دیموکراسییە. بەڵام ئەو بەندوباوەى کە دەڵێت عەرەبى شیعە یاخود سوننە شتێکیان دۆڕاندوە، دەستبەردارى شتێک لە مافى خۆیان بوون، دوورە لە ڕاستییەوە، هێند هەیە کۆمەڵێک لایەنى دینى و ناسیۆنالیستى بەردەوام داننان بە مافى ئەوانى دیدا بە لەدەستدان و دۆڕانى سیاسى دەزانن. ئەوەش کارێکە دوورونزیک پەیوەندى بە دیموکراسییەوە نییە و لەئایدۆلۆژیایەکەوە سەرچاوەى گرتووە کە دەیەوێت هەموو شتەکانى هەبێت و ڕێز بۆ داخوازیى هێزەکانى تر دانەنێت. ئەم قسەکردنە زۆرە لەسەر دۆڕان و دەستبەرداربوون هەڕەشەیەکى گەلەک ترسناکە لەبەردەم ئەم یاسا کاتییەدا.

ئێستا پرسیارى سەرەکى ئەوەیە ئایا هێزە عێراقییەکان فێربوون لە گەمەى دیموکراسیدا داننان بە مافى بەرابەردا وەک تەنازول و دۆڕان تەماشانەکەن؟ ئایا فێربوون لە کۆمەڵگایەکدا کە چەندان دەنگ و ڕەنگى ترى تێدایە ئامادەبن شتى دى ببیستن و هەر چاوەڕێى ئەوە نەبن گوێیان لەسەداى دەنگى خۆیان بێت؟ ئایا ڕێزى ئەو ڕۆژە دەگرن کە هەر هەموویان ئیمزاى خۆیان خستە سەر بەیانەکە؟ لە هەمووى گرنگتر ئایا ئامادەن بەندەکانى جێبەجێبکەن و لەسەر کاغەزەوە دایبەزێنن بۆ ناو واقیع؟ بەکورتى ئایا هێزە سیاسییە عێراقییەکان ئامادەن فێرى دیموکراتى بن، یان دەتوانن دیموکراتى بن؟

ئەو دەنگى ناڕەزاییانەى لە هێز و مەرجەعە دینییە شیعییەکانەوە بەرزبووەوە و ئەو جوڵەیەى دژى جێگیربوونى یاساکە ئەنجامدەدرێ، مایەى خۆشبینى نییە… موقتەدا سەدر یاساکەى بە ((وەعدى بلفۆر)) دانا و سیستانیش بۆ دژایەتیکردنى چەند لیژنەیەکى پێکهێناوە و لە ماوەى داهاتوودا کار و کردەوەکانیان دەبینین. دۆستەکانى دوێنێى کورد و هاوسەنگەرانى سەردەمى دژایەتیکردنى بەعس کە داکۆکیکردنیان لە مافە ڕەواکانى گەلى کورد نەدەشاردەوە، ئەمڕۆ زۆربەى ناڕازیبوونەکانیان پەیوەندى بەو بەندانەوە هەیە کە باس لە مافەکانى کورد دەکەن (هەمان چیرۆکە ناشیرینەکەى جاران!)…

وێنەى کورد بەهۆى ڕاگەیاندنى عەرەبى و کەناڵە فەزاییەکان و زۆرینەى ڕۆشنبیرانى ناسیۆنالیست و ئیسلامیستى عەرەبەوە، لەجاران زیاتر لە وێنەى دوژمن و خائیندا لەناو فانتازیاى خەڵکى عەرەبدا دەچێنرێ. تەقینەوەکانى هەولێر، ڕووداوەکانى قامیشلى و شەهیدکردنى چەندین هاوڵاتى کورد بێ هیچ لێپرسینەوەیەک، ئەوە دەردەخەن کەچ ڕق و کینەیەکى شاراوە چ ترسێکى گەورە بەرامبەر بەکورد و ئەو داواکارییانە هەیە کە کوردەکان چاوەڕێن لە عێراقى  داهاتوودا بۆیان مسۆگەربکرێت.

پەرچەکردارى کۆى ئەم هەلومەرجە سیاسییە دژوارەش جارێکى دى تۆنى نەتەوایەتى لەناو  کوردستاندا بردۆتەسەرێ و ڕۆحى یەکگرتن و یەکێتى لەناو خەڵکیدا بەشێوەیەک بەهێزکردووە، کە گەلێک لەو کێشە و گرفت و پرسیارە ناوخۆییانەى فەرامۆشکردووە کە بەر لە ڕووخانى سەدام، بۆ کوردستان بایەخى سەرەکییان هەبوو. مەسەلەى پرۆسەى بەدیموکراتیکردنى کوردستان و دەستکورتکردنەوەى حیزبەکان لە ژیان و بوونى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و یەکخستنەوەى ئیدارەکان و ڕێکخستنى هەڵبژاردنێکى نوێ و ئەکتیڤکردنى پەرلەمان، هەموو ئەمانە لەناو فەزاى بەرزبوونەوەى هەستى هەڕەشەدا پاشەکشێیانکردووە. واتە لەم هەلومەرجەدا کە کۆى پێکهاتەى سیاسى عێراق و شێوەى ڕێکخستنى پەیوەندى هێز و گروپ و ئەتنییەکانى ناوى، لەژێرپرسیاردایە و لەبناغەوە گۆڕانى بەسەردا دەهێنرێت، هەلومەرجى کوردستان بەدەستلێنەدراوى دەمێنێتەوە و وەک خۆى چۆنە دەهێڵرێتەوە. یاساکە دان بە هەلومەرجى هەنوکەى ناوچە ڕزگارکراوەکانى کوردستانى دواى ڕاپەڕیندا دەنێت و بەهەمان جوگرافیاى ئێستاوە، دەیهێڵێتەوە. ئەم خاڵەش خۆى یەکێکە لە خاڵە لاوازەکانى ئەم یاسا کاتییە. چونکە ئەگەرچى یاساکە بەشێوەیەکى پۆزەتیڤ هێڵە گشتییەکانى بۆ ڕێکخستنى پەیوەندى نەتەوە و ئەتنییە جیاوازەکانى عێراق داناوە، بەڵام بەتەواوى بێدەنگە لە ڕێکخستنى پەیوەندى ناوخۆى ئەتنى و هەرێمەکان. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەرێمى کوردستان بەهەمان ئەم سنوورە جوگرافى و دابەشبوونە ئیدارییەى ئێستاوە دەمێنێتەوە؟ ئایا دوو هێزە سەرەکیییەکە هەمان ئەو دەسەڵاتانەى جارانیان دەبێت و ئەم پاشەگەردانییە یاسایى و ئەم گیانى حیزبایەتییە توندەى کە دەستى حیزبى خستۆتە ناو زۆربەى بوارەکانى ژیانەوە، بەردەوام دەبێت؟ ئایا دووهێزە سەرەکییەکە، وەک جاران کوردستان وەک برا دابەشدەکەن و بەبێ هیچ دیسپلینیکى یاسایى و سیاسى، خۆیان هەموو کارە دەبن و ڕۆڵى حیزبى سەرکردە دەگێڕن؟ ئایا لێپرسراوەکان وەک جاران لەسەرو یاسا و لێپرسینەوە و چاودێرییەوە دەبن و هەروا مەلەفى داراییان لە دەرەوەى لێپرسینەوە و چاودێرى یاساییەوە دەبێت؟ ئایا سنوورێکى یاسایى دادەنرێت بۆ دەسەڵاتى سەرکردەى حیزبەکان یان وازیلێدەهێنرێت  لەو فۆرمەى ئێستایدا کە لەدەرەوەى هیچ چاودێرییەکى یاسایى و سیاسى و تەنانەت ئەخلاقیشدان؟ ئایا سەروەرى یاسا هەمان ئەو سەروەرى یاسایەى جاران دەبێت… ڕۆژنامەنووسان و نووسەران و دادگا دەکات و لێپرسراوانیش ئازاد؟ ئایا ڕۆژنامەى سەربەخۆ چاودێرى دەسەڵاتى سیاسى دەکات و فشارى دەخاتەسەر، یان وەک جاران ڕۆژنامە و ڕۆژنامەنووسان لەژێر چاودێرى دەسەڵاتى سیاسی و فشاردا دەبن؟ ئایا ئەو دەسەڵاتە سیاسییە گوێ لەو ڕەخنە و بۆچوونانە دەگرێت کە هەڵە و کەموکوڕییەکان نیشانئەدات یاخود وەک ئێستا هەمان ستراتیژییەتى بێنرخکردنى هەر دەنگێکى ڕەخنەیى دەگرێتەبەر؟

ئەم پرسیارانە و گەلێکى دیش ئەمڕۆ گرنگییەکى سەرەکییان بۆ داهاتووى کوردستان هەیە. دروستبوونەوەى عێراق گەر هاوکات نەبێت لەگەڵ دروستبوونەوەیەکى تازەى کوردستانیشدا، وادەکات کۆى ئەو یاساى بەڕێوەبردنەى عێراق مانایەکى نابێت. ئەمڕۆ لەپاش ١٢ ساڵ دەسەڵاتى کوردى ناوچەیى بەسەر کوردستاندا، پرسیارەکە تەنها مانەوەى دەسەڵاتى کوردى و هێشتنەوەى ئیدارەکەى نییە، بەڵکو لەهەمانکاتدا دیموکراتیبوون و کرانەوەى ئەم ئیدارەیەیە. ئەو مەترسییەى ئەمڕۆ ڕووبەڕووى کوردستان دەبێتەوە تەنها پاشگەزبوونەوە نییە لە بەڵێن و بەندەکانى ئەو یاسا کاتییەى کە هێزە عێراقییەکان ئیمزایانکردووە، بەڵکو بەردەوامى نەبوونى نەریتى دیموکراتى لەکوردستاندا و پاراستنى دوو میرنیشینە سیاسییەکە و باڵادەستى سیستەمى ((حیزبۆکرات))ییە کە دەسەڵاتى کادرە سیاسییەکانى خستۆتە سەروى هەموو لێپرسینەوە و یاسایەک، مەترسى سەرەکى ئەوەیە حیزبەکان بیانەوێت بەهەمان عەقڵییەت و هەمان فۆرمى دەسەڵات و هەمان داخرانى جارانەوە لەناو عێراقى فیدراڵدا بمێننەوە.

لە سەرەتاى ڕزگارکردنى عێراقدا و لە چاوپێکەوتنێکدا کە ((ڕۆژنامەى هاوڵاتى)) لەگەڵ جەنەڕاڵێکى ئەمریکى کە بەرپرسى باکورى عێراق بوو، ئەنجامیدابوو، لە وەڵامى پرسیارێکدا و لە ڕستەیەکى ڕاچڵەکێنەردا گوتبووى ((حەزدەکەم ئەوە ڕابگەیەنم کە ئێمە بۆ ڕوخانى ڕژێمى بەعس هاتووین، نەک بۆ ڕوخانى حکومەتى هەرێم)). جەنەڕاڵە ئەمریکییەکە کە لەو هەموو شکاتەى خەڵکى کوردستان لە دەسەڵاتى سیاسى کوردى حەپەسابوو، دەیویست بەم ڕستانە خۆى لەدەست ئەو خەڵکە ڕزگاربکات کە لەسەریەک شکات و سکاڵایان بۆ دەبردن. بەڵام گومانى تیا نییە حوکمەتى فیدراڵ لە ناوەندا وەک جەنەڕاڵە ئەمریکییەکە خۆى بە بێلایەن نازانێت و هەوڵى ئەوەش نادات لەو کێشە و مەسەلانە ڕزگارى بێت، ئەمە ئەگەر هانیشینەدات و نەیکاتە بەهانەیەک بۆ دەستخستنە ناو کاروبارى کوردستانەوە. ئەم سیستمە حیزبۆکراتییە داخراوە لە کوردستان کۆپییەکى ناشیرینى ژیانى سیاسى و عەقڵییەتى سیاسى و ئیدارى بەعسییەکانە. ئەمڕۆ حیزبەکان دەبێ لەوە تێبگەن زەمانەتێک بۆ مانەوەى هەرێمى کوردستان لەناو عێراقێکى فیدراڵدا نابێت ئەگەر ئەم هەرێمە پەیوەندییەکانى ناوخۆى بەشێوەیەکى دیموکراتییانە ڕێکنەخات و کۆمەڵگاى مەدەنى ئازاد نەکات و واز لە پاوانکردنى ئابوورى و بەڕێوبەرایەتییەکان و دەزگاکانى ڕاگەیاندن بۆخۆى نەهێنێت. داهاتووى کوردستان چەند بەستراوە بەدیموکراتیبوونى هێزەکانى عێراقەوە، هێندەش بەستراوە بە دیموکراتیبوونى هێزە سیاسییەکانى کوردستانەوە. ئەوەندە بەس نییە داوا لە چەلەبى و سیستانى و عەلاوى و حەکیم و ئەوانى دیکە ببنە سیاسى دیموکرات، بەڵکو دەبێت داوا لە بارزانى و تالەبانیش بکەین کە هەرێمى کوردستان وەک یەکەیەکى جوگرافى و سیاسى یەکگرتوو بناسن و مامەڵەى لەگەڵدا بکەن، بەڵکو دەبێت سەرکردایەتى پارتى و یەکێتى بخرێنە ژێر فشارى یەکخستنەوەى ئەو دوو ئیدارەیەوە کە بوونیان بەو شێوەیەى ئێستاى هیچ مانایەک بۆ پێکەوەبوونى سیاسى خەڵکى کوردستان وەک کیانێکى یەکگرتوو، ناهێڵێتەوە. بەمانەیەکى دى کوردستان دەبێت ببێت بە ئەزموون و نموونە و هێزێکى گەورە بۆ پرۆسەى بەدیموکراتیبوون لە عێراقدا. ئەوسا و ئێستاش پرسیارى سەرەکى لە کوردستاندا مەسەلەى بوونى دیموکراتى و نەبوونى دەبێت، مەسەلەى کۆتاییهێنان بەم دۆخە کە 12 ساڵە لە هەرێمى کوردستاندا فەرمانڕەوایە. مەسەلەى کۆتاییهێنان دەبێت بەدەسەڵاتى لێپرسراوانێک کە هێزێک نییە لەم دنیایەدا چاودێرییانبکات و لەسەر هەڵەى بچوک و گەورە پرسیاریان لێبکات، مەسەلەى کۆتاییهێنان بە سیستەمێکى ئیدارى و حکومى دەبێت کە چەند فەسادى ئیدرى لێدەرکەوێت و چەند پێشێلکارى ئاشکرا بێت، ئامادە نییە کارمەندێکى بچوکیشى لەبەر ئینتیماى حیزبى لەسەر کار لابدات، سیستەمێک کە دەستگەیشتن بە هەواڵ تیایدا ئازادە و ڕۆژنامەنووسان هەمیشە ناچارنین بۆ سەلماندنى وەفادارییان بۆ کورد و کوردستان بەرائەت بەم بەرپرسیار و ئەو بەرپرسیار بدەن، سیستەمێک دەوێرێت هەڵبژاردن بکات و باوەڕى بەدەستگۆڕکێى دەسەڵات هەیە و هێزەکانى ئامادەن بۆ بردنەوە و دۆڕان. پرۆسەى بەدیموکراسیبوون چەند بۆ عێراق هەنگاوێکى ستراتیژییە و ئەوە دەستبەردەکات کە خەڵکى بەغدا یان بەسرە دەستنیشانى ئەوە نەکەن چى لە کوردستاندا ڕووبدات و خەڵک خەڵک لەم بەشەى ئەو وڵاتەدا چۆن بژین، بەهەمان ئەندازە بە نیسبەت کوردستانیشەوە پرۆسەیەکى ستراتیژییە و دەبێت دەستەبەرى ئەوە بکات یەکێتى بتوانێت لە دهۆک و سەلاحەدین حوکمبکات و پارتیش لە سلێمانى و قەڵاچوالان، کاتێک خەڵکى کوردستان لە هەڵبژاردندا بڕیاریان بۆ بدات.

لەپاش ئیمزاکردنى ((یاساى کاتى)) بۆ بەڕێوەبردنى عێراق، ژیانێکى سیاسى تازەش لە عێراقدا دەستپێدەکات کە ناتوانێ بێ تازەبوونەوەى ژیانى سیاسى لە کوردستاندا، هیچ مانایەکى پۆزەتیڤى بۆ هاوڵاتیانى کورد هەبێت. عێراقێکى فیدڕاڵى و هەرێمێکى دیموکرات، تاکە زەمانەتى دروستبوونى ژیانێکى سیاسى و کۆمەڵایەتى و فەرهەنگى تازەیە کە ئەگەرى بەختەوەرى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى بۆ خەڵک تێدایە. ململانێ بۆ بوونى دیموکراتى لە کوردستاندا لەدواى دەرکردنى ((یاساى کاتى))یەوە بۆ بەڕێوبردنى عێراق، بەجومگەیەکى هەرە ترسناکى مێژووى خۆیدا تێدەپەڕێت، چونکە ئەمجارە فەشەلى دیموکراتیبوونى کوردستان لەگەڵ خۆیدا فەشەلى بەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکانى کوردیش لە عێراق و ڕەنگە لەهەر چوارپارچەکەشدا بهێنێ. ئەمجارە سەرنەکەوتن لە جەنگى دیموکراتى لە کوردستاندا، بەماناى ژێرکەوتنە لە بەدەستهێنانى مافە نەتەوەییەکانى کوردستانیشدا. ئەم خاڵەش لەهەموو کاتێک زیاتر مەسەلەى بوونى دیموکراتیبوون و نەبوونى دەکاتە مەسەلەیەکى چارەنوسساز کە قابیلى سازشکردن و پاشەکشێکردن نییە. بۆیە پرسیارى سەرەکى ئەم ساتەوەختە ئەوە نییە کام حیزب و هێز و ڕۆشنبیر لەوانى دى ناسیۆنالترە و لەوانى دى زیاتر،لەئاستى قسەکردن و ڕاگەیاندنى ڕۆژانەدا، باس لە مافەکانى کورد و کوردستان دەکات، بەڵکو پرسیارى سەرەکى ئەوەیە کام هێز لەڕێگاى هەرچى بەدیموکراتبوونى زیاترى خۆیەوە پانتایى دیموکراسییەت لە کوردستاندا فراواندەکات و بەم کارەشى هێزێکى گەورەتر بە توانا و ئیرادەى خەڵکى کوردستان دەبەخشێت و مۆدێلێکى حوکمکردنیش بە عێراق و ناوچەکە و دنیا پیشانئەدات، کە شایانى لاساییکردنەوەبێت.

ڕەهەند


وەرزیی دووەمی گۆڤاری ڕەهەند ساڵی ٢٠١٠

ژمارە ١ /٢٠١٠

گۆڤارێکی مانگانەی تیۆری ڕەهەند

خاوەن ئیمتیاز: نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی

سەرنووسەر: ئاراس فەتاح

دەستەی نووسەران: بەختیار عەلی، مەریوان وریا

بەڕێوەبەی هونەری: کامەران شوانی


ناوەڕۆک

– مەریوان وریا قانیع: لەدایکبوونی دونیای نوێ

– ئاراس فەتاح: سیاسەت چییە؟

– بەختیار عەلی: گەڕانەوە بەرەو گەردونگەرایی 

– مەنسور تەیفووری: ھاوڵاتی دژی ھاوڵاتی 

– بڕوا عەلادین: سەدساڵ ئەنترۆپۆلۆژیا، سەدساڵ تەنیایی

– ئیسماعیل حەمەئەمین: ساردی پرنسیپەکان و زەمەنی بەربەرییەت


ڕەھەند لە وەرزێکی نوێدا

» بە ھیوا و ئومێدێکی گەورەی بەردەوامییەوە، دەستدەدەینە خولێکی نوێی گۆڤاری رەھەند. ئەمجارە گۆڤارەکەمان بە شێوەیەکی نوێ دەکەوێتە بەر دەستی خوێنەران. ئێستا خەونمان ئەوەیە ھەموو مانگێک گۆڤارێکی بەقەوارە بچووک و بە ناوەڕۆک پڕ بڵاوبکەینەوە، بەڵام ئەم خەونە چەندە سادە و ئاسایی دەردەکەوێت، ھێندەش سەخت و دووردەستە. ئەمڕۆ دەرکردنی گۆڤارێکی مانگانە لە کوردستاندا وەک شتێکی ئاسایی دەبینرێت،. دەیان گۆڤار ھەن کە مانگانە دەردەچن و ھیچ کێشەیەکیان نییە، بەڵام ئەم دۆخە سادە و ئاسانە بەداخەوە ھێشتا لای ئێمە دووردەستە و ھێشتا بەگومانین لەوەی کە دەتوانین پڕۆژەکەمان ببەین بەڕێوە و بەردەوامی پێبدەین. لێرەدا و لەم پێشەکییەدا باسی ھەموو ترس و ئومێدەکانی خۆمان دەکەین، بە ئومێدی ئەوەی ئەمە دەروازەیەک بێت، بۆئەوەی خوێنەر بزانێت کە رەھەند لە چ ھەلومەرجێکدا دەستپێدەکاتەوە و گەر نەشیتوانی بەردەوامبێت، بۆ نەیتوانی. کێشەکانی گۆڤارێکی وەک رەھەند وەک خەونەکانی پڕ و ھەمەڕەنگ و ئاڵۆزن. لەسەروو ھەموویانەوە کێشەی کات ڕادەوەستێت. ئەوەی ئێمە ھەموو بتوانین لەپاڵ دەرکردنی ئەم گۆڤارەدا ئیشی تر بکەین، سەرقاڵی دابینکردنی ژیانی خۆمان بین و بشێت و بکرێت لە ھەمانکاتدا گۆڤارێکی مانگانە دەربکەین کە تێیدا بڕێکی قورسایی نوسین و ئامادەکردنی بابەتەکانی ھەر بکەوێتە سەرشانی خۆمان، کارێکی ئاسان نییە. رەھەند گۆڤارێک نییە خۆی بووبێت بە دەزگا یاخود دەزگایەکی گەورەی لە پشت بێت، سەرچاوەیەکی مادی ھەبێت، دەوڵەمەندێک دەستی گرتبێت، ھێزێک لە ھێزەکانی ئەم دونیایە کۆمەکیکردبێت. لێرەوە ئیشکردن بۆ گۆڤارێکی وەھا ئاسان نییە. بۆ گۆڤارێکی وەک رەھەند دەیان پرسیار دێنەپێشێ کە لە ڕاستیدا نایەنە بەردەم ھیچ گۆڤارێکی تر. زۆر لە دۆستان و ھاوڕێیانی ئێمە لەم ساڵانەدا ئەو پرسیارەیان لێکردوین کە بۆ ئێمە ناتوانین وەک ڕۆژنامە ئازادەکان، خۆمان تەمویلبکەین. گومان لەوەدا نییە کە ڕۆژنامەگەریی ئازادی کوردی لەم ساڵانەی دواییدا بازاڕێکی گونجاوی بۆخۆی دروستکرد کە لە ڕێگایەوە دەتوانێت خۆی بەرھەمبھێنێتەوە و خۆی بێ کۆمەکی ھیچ کەس خۆی تەمویلبکات. بەڵام دوو ڕاستی گەورە ھەیە کە وادەکەن شوبھاندنی دۆخی رەھەند بە ڕۆژنامەگەری ئازاد کەمێک نەشیاو و ناڕەوابێت. یەکەم: ڕۆژنامەگەری ئازادی کوردی لەسەر پیشەسازی ھەواڵ و دروستکردنی بازاڕی دەنگوباس دەژی، لە کاتێکدا رەھەند گۆڤارێکی تیۆرییە و کاری بەرھەمھێنانی فیکرە. دووەم: لەگەڵ ڕێزی گەورەماندا بۆ ڕۆژنامەگەری ئازاد و شانازی گەورەمان بەوەوە کە قەڵەممان چەندە ھێزی ھەبووبێت و دەرفەتی پێدرابێت، پەیوەندییەکانمان چەندە لە توانایاندا بووبێت، بەشداربووە لە بەھێزکردنی ڕەوتی مادی و مەعنەوی ئەم ڕۆژنامەگەرییەدا، بەڵام دەبێت بڵێین کە لە دونیای ئەم ڕۆژنامەگەرییەدا ڕووبەرێکی ناجیدی ھەیە کە تەنیا بە ئاڕاستەی بازاڕ ئیشدەکات، بەجۆرێک ھەندێک کەناڵ و پێگە لەم ڕۆژنامەگەرییەدا چەسپیوە کە بە ڕاستی دوورن لە تێگەیشتن و چاوەڕوانی ئێمە سەبارەت بە ڕۆژنامەگەری ئازاد. کێشەیەکی گەورەی تر کە ڕووبەرووی گۆڤارێکی وەک رەھەند دەبێتەوە، ئەوەیە کە قەڵەمە جیدییەکانی کوردی تا بێت کەمتر و کەمتر دەبنەوە؛ حیزب و دەزگاکانی، ئەکادیمیا و وەزیفەکانی، حکومەت و پۆستەکانی، زۆر ڕۆشنبیر و قەڵەمی جیدی ئێمەیان سەرقاڵکردوە. بێگومان ئێمە کێشەیەک و حوکمێکی پێشوەختمان دژ بە ھیچ ھاوڕێ ودۆستێکی نوسەر نییە کە لە ھەر جێگایەکدا کاردەکات و بۆ ھەر دەزگایەک چالاک بێت، ئەم تێبینییەمان بەو مانایە نییە کە دەرگاکانی رەھەند واڵانین لە ڕووی ھەموو وتارێکی جیدی و ھەموو نوسینێکی جواندا؛ بە پێچەوانەوە، ئەم وتەیەمان حەسرەتێکە بۆ ئەوەی کە بارودۆخی ڕۆشنبیری و سیاسی ئێمە بەجۆرێک نالەبارە نوسەرانی بە شتگەلێکەوە کوشتووە کە نەدەبایە کاتی کار و بیرکردنەوەیان لێبگرێت، گۆڕینی نوسەری باش بۆ فەرمانبەر و کارمەند، کوشتنی داھێنان و لە ناوبردنی کولتووری ھەموو نەتەوەیەکە. گەورەترین تاوان بە ھەقی کولتووری ئەخلاقی ئێمە کرابێت، گۆڕینی نوسەرانی بۆ فەرمانبەر لە دەزگا حیزبی و حکومییەکاندا، ئەمەش ژیانی فیکری و ئەخلاقی لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردیدا وێرانکرد.

لێرەوە جارێکی دی ئێمە ئەو ھاوارەدەکەین، کە کورد خاوەنی نوخبەیەکی بچوکە لە قەڵەمی جیدی و شاعیرانی جواننوس و چیرۆکنوسانی بەبەھرە و توێژەرەوەی زانستی، ئەم نوخبەیە لەوە بپارێزن لەسەر مێزی وەزیفە بمرن، یان لە کاری مامۆستایەتیدا بڕزێن، یاخود بەوە قەدریان بگیرێت کە بکرێنە بەڕێوەبەر و پەرلەمانتار و فەرمانبەر. شوێنی ڕاستەقینەی نوسەر ناو کتێبخانە و بەردەم تێکستەکانی خۆیەتی، لەو جێگایەی دامەبڕن بۆئەوەی بتوانێت شتێک بە ئەمڕۆ و داھاتوو ببەخشێت. کەمبوونەوەی ڕۆژ دوای ڕۆژی قەڵەمی جیدی، نوقمبوونی ڕۆژ دوای ڕۆژی ھەندێک قەڵەمی ئێمە لە نوسینی کۆمێنتاری سادە و لە دەرکەوتنی پچڕپچڕی ناو دەمەقاڵێی ئینتەرنێتدا، ڕووبەری جیدییەتی لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا بچوککردۆتەوە. بۆیە ترسێکی گەورەی ئێمە دابەشبوونی تواناکان و دوورکەوتنەوەی ھەندێک قەڵەمە لە جیدییەت، کە بە ھیواین لەگەڵ بەردەوامی گۆڤارەکە ئەو ترسەمان بڕەوێتەوە. کێشەیەکی تر کە ھەڕەشە لە ژیانی فیکری و ڕۆشنبیریی ئێمە و گۆڤاری رەھەندیش دەکات، کەمبوونەوەی خوێنەری جیدیە. کەڵەکەبوونی ساڵ دوای ساڵی نوسینی خراپ و وەرگێڕانی زمان و فیکر وێرانکەر و عەقڵییەتی ڕۆژنامەگەری سادەکار و موھاتەراتی سیاسی، وایانکردوە خوێنەرێکی سادەبین و بێپاشخان دروستببێت کە دەرەقەتی تێکستی فیکری و فەلسەفی نەیەت و ئەو زەمینەیەی نەبێت کە بتوانێت لە گۆڤارێکی فیکری تێبگات و ببێت بە خوێنەری گۆڤارێکی تیوری. زمانی زانست و فیکر لای ئەم خوێنەرە وەختە وەک زمانی بوونەوەرانی سەر ئەستێرەیەکی دووری لێدێت. بە ھۆی ئەم دەریای تاریکی و ئیبتیزال و شێوانەشەوە خەریکە مەودا و فاسیلەی نێوان خوێنەر و نوسینی جیدی وەھا گەورە دەبێت، کە پردێک نەیانبەستێتەوە و کەشتییەک بە یەکیان نەگەێنێت. رەھەند گۆڤارێکە بۆ ئەوەی بژی پێویستی بە خوێنەری جیدی ھەیە، خوێنەرێک بەڕاستی بیربکاتەوە و پرسیاربکات و بیەوێت لەم ساتەوەختەی دونیای فیکردا بژی و لە کێشە فیکرییە قووڵ و ڕاستەقینەکان نزیک بێت. واتە خوێنەری رەھەند دەبێت توانای خۆماندووکردنی ھەبێت، تەنیا نوقمی رەھەندە ڕۆژانەکانی سیاسەت و بیرکردنەوە نەبێت، بەڵکو ھەمیشە دەستێکی لەسەر کێشە گشتی و مرۆڤانە و ھەمیشەییەکان بێت. رەھەند گۆڤارێک نییە لەسەر شتێک بنوسێت کە بەیانی کۆنبێت و توڕبدرێت، رەھەند بەو ڕۆحییەتەوە ئیشیکردوە و ئیشدەکات کە تێکستەکانی لە پاشەڕۆژی دووریشدا ھاوڕێ و کۆمەککاری خوێنەر بن و خوێنەر لە ھەر ساتێکدا دەستیدایە زانیارییەکی تێدا بخوێنێتەوە کە سوودمەند و تێنەپەڕە. بۆیە رەھەند بۆ خوێنەرێک دەنوسێت کە دەزانێت لە داھاتووشدا پێویستی بەگەڕانەوە بۆ رەھەند دەبێت. گرەوی ئێمە لەسەر ئەم نوخبەیەی خوێنەری کوردە، کە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بڵاوبوونەوەی بێسنوور و کوشندەی سادەگەرایی لە کۆمەڵگادا و لە ڕێگای تەلەفزیۆن و ئینتەرنێت و ڕۆژنامەگەرییەوە دەیەوێت بیانکوژێت. 

   کێشەیەکی تر کە وادەکات ھەمیشە پڕۆژەی رەھەند لە مەترسیدا بێت، کێشەی تەکنیکییە. رەھەند گۆڤارێکە لە ئێستادا توانای ئەوەی نییە کە خۆی نوسینگەی خۆی ھەبێت، تایپێست و سەرپەرشت و ھەڵەچن و ژمێریار و مۆنتاژکار و بەڕێوەبەری سایتی ھەبێت، بۆیە بۆ پەیوەندیکردن بە رەھەندەوە جگە لە ئیمەیلێک ھیچی دیمان نییە،  ئەو نوسینانەی بۆمان دێن دەبێت خۆیان تایپ کرابێتن، لە سنوورێکی کەمدا دەتوانین بە کاری ھەڵەچنی ھەستین، چونکە کەسانی تایبەتیمان نییە ئەو کارەمان بۆبکات. توانای تەکنیکی گۆڤارەکەمان کەمە و ئەوەی ھەیە بەشێکی زۆری خۆمان دەیکەین و بەشەکەی دیکەی بە ڕەنج و دڵسۆزی و کاری خۆبەخش و نیمچەخۆبەخشی ھاوڕێیانمان دێتەبەر. تەنیا چەکمان لە ئێستادا بەرابەر ئەم گرفتانە، خۆگرتن و لە خۆبوردنە، بە ئومێدی ئەوەی کە پشتگیری خوێنەران و خەڵکانی فیکر دۆست دەرفەتی ئەوەمان بۆ بڕەخسێنێت، چونکە ھیچ گۆڤارێک ناتوانێت تا ھەتاھەتایە بە کاری خۆبەخش بژی. ئێمە ئومێدی گەورەمان ھەیە کە لەداھاتوودا ئەم کێشانە ببڕین و بەجێیانبھێڵین. بەڵام بۆ لەم ھەلومەرجە مادی و ڕۆشنبیری و تەکنیکییە سەختەدا دەستدەدەینەوە پڕۆژەیەک کە لای ھەندێک بە بەشێک لە رابوردوو سەیردەکرێت؟ ھۆکارەکان لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتدەکەینەوە. 

   *لەبەرئەوەی ئیشی نوسەر ھەمیشە تەحەداکردن بووە. پێمانوایە تەحەدا ھەمیشە بەشێکی گەورەی پێکھێن و دروستکەر بووە بۆ ڕۆشنبیریی کوردی. ئایا ئەوانەی لەسەرەتای سەدەی بیست و ناوەندەکانیدا چاپخانەیان ھێنایە کوردستان و ڕۆژنامەیان دەرکرد تەحەدایەکی گەورەیان نەدەکرد؟ ئێمە خۆمان بە درێژکراوەی ئەو کەسانە و ئەو ڕۆحانە دەزانین کە نەوەک لە ڕێگای تەسلیمبوون بەوەی کە ھەیە، بەڵکو لە ڕێگای بانگھێشتکردنی ئەوەی کە نییە، مانایەک بە کاری خۆیان دەدەن.

   *ئەو بۆشاییەی رەھەند لەلای خوێنەرانی بەجێھێشت، ھیچ گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی دی بەتەواوی پری نەکردەوە. ئەوە پالنەرێکی گەورەیە کە تا لە تواناداین و دەرەقەتدێین بنوسین و دەستبەرداری ئەم خەونە نەبین.

   *لەو چەند ساڵەدا کە رەھەند دەرنەچووە ئێمە وەکو ئاوارەبووین. لەھەر ڕۆژنامە و گۆڤارێکدا شتمان بڵاوکرابێتەوە، کۆمەڵێک تۆمەت و درۆودەلەسەمان دواخراوە، کە بەرھەمی ئەو فانتازیا نەخۆش و درۆکارەیە کە کۆمەڵگای ئێمەی تەنیوە و نەخوێندەوارەکان لە ڕێگایەوە دڵی خۆیان و ویژدانی خەوتوویانی پێ ئاسوودەدەکەن. بۆیە گەڕانەوە بۆ رەھەند لای ئێمە لە ڕووی دەروونییەوە وەک گەڕانەوە وایە بۆ ماڵ و نیشتیمان، وەک دەربازبوون وایە لە ڕەحمەتی شوێنەکانی نامۆبوون و لاپەڕەکانی غوربەت.

   *لە ھەموو ئەوانەش گرنگتر، ڕاگەیاندنی کوردی بە میدیای نوسراو و بینراو و ئینتەرنێتەوە، لە زۆرێک لە جومگە سەرەکییەکانیدا تووشی ئیبتیزالێکی کوشندەبووە. بەچەشنێک گەر وابڕوات نوسینی جیدی لە داھاتوودا جێگای نابێتەوە. ئەمڕۆ نەزانی لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و ئینتەرنێتەوە دەڕژێتە ناو دەرون و بیرکردنەوە و عەقڵی مرۆڤی کورد. بەجۆرێک وەھا دیارە، وەک ئەوەی مرۆڤی کورد توانای بیرکردنەوەی جیدی و مەنھەجی نەمابێت، کوردستان جارێکی دی بووبێت بە جێگایەکی دابڕاو لە دونیا کە تاکە زانستێک لەم جیھانەی وەرگرتووە، جگە لە داھێنانی گەندەڵی، دروستکردنی ڤیدیۆکلیپی سەقەت و دەرکردنی سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار بێت کە زۆربەیان بێئامانج دووبارە و یەک ڕوخسار دەنوێنن. قڕەقڕی سیاسی و دەنگەدەنگی بێزەنتییانە بووە بە شتێکی سادە و نۆرماڵ، ئەخلاقی ئابڕوبردن بووە بە قارەمانێتی، نەفرەت و نەفرەتی پێچەوانە بۆتە پیشەی ڕۆژانە. لە فەزایەکی وادا کە بارکراوە بە بوغزی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئێمە دەمانەوێت ئەوەی پێماندەکرێت بۆ پاراستنی حورمەتی فیکر بیکەین و سڵ لە نوشوستی نەکەینەوە. 

   *ڕاستە لە کوردستان ژمارەیەک گۆڤاری ئەدەبی و بڵاوکراوەی تایبەت بە نوسین و وەرگێڕان دەردەچن، کە ئێمە ڕێزی گەورەمان بۆ ھەوڵ و ئامادەگیان ھەیە، بەڵام دەبێت بڵێین گۆڤارێک کە ھەر تەنیا دەقی ئەدەبی بڵاونەکاتەوە، ھەر کاری وەرگێڕان پیشەی نەبێت، گۆڤارێک پردێکی ڕاستەوخۆ بێت لە نێوان ڕۆشنبیری کوردی و خۆرئاوادا، بێئەوەی بە کەناڵی ڕۆشنبیری عەرەبی و فارسی و تورکیدا بڕوات، گۆڤارێک بێت ڕۆشنبیریی کوردی لە ژێر رەحمەتی کەناڵە عەرەبی و فارسی و تورکییەکە دەربھێنێت و ڕاستەوخۆ توانای مرۆڤی کورد لە مامەڵەکردن لەگەڵ فیکری خۆرئاوادا بەرجەستەبکات، جۆرە گۆڤارێکی وەھا لە دونیای ئێمەدا نائامادەیە. رەھەند لە بنەڕەتەوە ھەوڵێک بووە بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە نوسەری کورد دەتوانێت بە کەرەستە مەنھەجییەکانی فیکری جیھانی ئیشبکات، سیستمە زاراوەییەکەی بەکاربھێنێت، ساتە ڕۆشنەکانی بخوێنێتەوە و تەواوی دەرەنجامەکانیشی بخاتە خزمەتی خۆبینین و خۆخوێندنەوەوە. رەھەند درێژە بەو ڕەوتە تایبەتییەی دەدات کە لە سەرەتاوە نوێنەری بووە و بە پێویستیشی دەزانێت درێژەی ھەبێت و نەوەستێت و ژیانی خۆی بسەلمێنێت و پشت لە ڕاگەیاندنی مردنی خۆی بکات. ئێمە نرخێکی گەورە لەسەر وەرگێڕان دادەنێین، بەڵام بڕوامان وایە ھیچ ڕۆشنبیرییەک تەنیا بەوەرگێڕان ناتوانێت خۆی دروستبکات. ڕۆشنبیریی تەنیا بە وەرگێڕانی بەرھەمی ئەوانی دی ناتوانێت بژی، بەڵکو دەبێت بەرھەمی ئیشکردنی خۆی بێت، چ لەسەر ئەوانی دی و چ لەسەر خۆی. رەھەند ھەوڵێکی بەردەوامە بۆ بەیادھێنانەوە و بیرخستنەوەی ئەو ڕاستییە. 

   *ئێمە بانگەشەی ئەوە ناکەین کە موعجیزەیەکمان پێسازدەکرێت، بەڵام ھەوڵدەدەین لە رەھەنددا ماڵێکی بچوک بۆ بیرکردنەوەی ھێمن و جیدی دروستبکەینەوە، تاوەکو ڕێگا لە مردن و لە ناوچوونی ئەو نوخبە لە خوێنەری جیدی بگرێت، کە تادێت بچوکدەبێتەوە. ئێمە بەبەشێک لە ئیشی خۆمانی دەزانین کە دژ بەو ھەرەسە بوەستین و بەرگریبکەین، وەھمی سادەیی و ئاسانی نوسین بشکێنین و نوسین بخەینەوە سەر ڕێگا سەخت و جیدی و قورسەکەی کە بە خوێندنەوەی بەردەوام و ئاگاداری بێوچانەوە لە دونیا گرێدراوە. بە کاری ڕۆشنبیریی و ئەخلاقی خۆمانی دەزانین کە خوێنەری کورد ئاگاداربکەینەوە و پێیبڵێین کە ھەندێک خوێندنەوە مرۆڤ نەخوێندەوار دەکات، بەڵام کە وادەڵێین دەمانەوێت ئەلتەرناتیڤی ئەو کولتوورەش پێشکەشبکەین و کەرەسەیەکی فیکری بخەینە بەردەستی خوێنەر کە لە تێگەیشتنی فەلسەفی و زانستیدا کۆمەکیبکات. ئێمە دەرگا لەسەر وەرزێکی نوێی رەھەند دەکەینەوە و تاکە پشت و ھیوامان خوێنەرانی کورد و کۆمەکی خەڵکانی فیکردۆستە. ئێمە دڵنیایین بەبێ پشتگیری ئێوە، ناتوانین بەردەوامبین. تا ئەو جێگایەی لە تواناماندایە ھەوڵدەدەین، دڵنیاشین خوێنەرانی جیدی ڕۆلی خۆیان لەو بەردەوامییەدا دەگێڕن. 

   ئێمە گۆڤارێک نین کۆمەک لە حکومەت و دەسەڵات وەربگرین، نە لەبەرئەوەی بە مافی خۆمانی نازانین ئەو پشتگیرییەمان لێبکرێت، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی دوایی سەلماندی کە دەسەڵاتی کوردی ھەموو کۆمەکێک و مافێکی سروشتی بەجۆرێکی سیاسی بەکاردەھێنێت و ھێشتا لە خوماری ئەو پەروەردەیەدا نوقمە کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و دەوڵەت بە موڵکی حیزب و سەرۆک و ماڵی ڕابەر دەزانێت. لێرەوە تاکە دەرگامان پشتگیری مادی و مەعنەوی ئێوەیە. ھەر لێرەدا بەپێویستی دەزانین سوپاسی تایبەتمان ئاراستەی چەند فیکردۆستێک بکەین کە بەبێ کۆمەک و پشتگیری ئەوان، دەستپێکردنەوە بە وەرزی نوێی گۆڤارەکەمان، کارێکی ئاسان نەبوو. بە ئومێدی ئەوەی رەھەند لە وەرزی نوێدا وەک ھەمیشە دەروازەیەکی جیدی بێت بۆ بیرکردنەوە و زانیاری نوێ، سەرچاوەیەک بێت ئێمەش و ئێوەش بە زانیاری و فیکر دەوڵەمەندبکات. ئەم ژمارە یەکەمەی رەھەند، ژمارەیەکی ئەزموونییە، ھیوادارین لە ژمارەکانی داھاتوودا ھەمەڕەنگتر و گونجاوتر بکەوینە بەردەستی خوێنەران. بۆئەو مەبەستەش چاوەڕوانی تێبینی و یارمەتی دڵسۆز و خەمخۆرێکین. تکاشمان لە ھەموو قەڵەمێکی زانستی ھەیە کە لە بوارە فیکری ئەدەبی و ھونەرییەکاندا دەنوسن، کۆمەکمانبکەن و لە دەوڵەمەندکردنی گۆڤارەکەماندا بەشداربن. «  

گۆڤاری رەھەند 


ژمارە ٢ /٢٠١٠

ڕەھەند گۆڤارێکی مانگانەی تیۆری کەلتوورییە

ناوەڕۆک

– رێبین هەردی: ناسیۆنالیزم و وەرگێڕان

عادل باخەوان: ڕۆشنبیری سیاسی و سیاسەتی ڕۆشنبیر

بەختیارعەلی: بەڵگەو دڵنیایی

ئاراس فەتاح: سیاسەت و لەدایکبوون

بەیان سەلمان: هونەری وێنەکێشانی ئیتالی


لەبری پێشەکی

دوای دەرچوونی ژمارەی یەکەمی گۆڤارەکەمان، وا بە دووەم ژمارە دەگەڕێینەوە بەردەمی خوێنەران. پاش دەرچوونی ژمارەی یەکەم کۆمەڵێک تێبینی و ڕەخنەمان لە خوێنەرانەوە بەدەستگەیشت کە مایەی خۆشحاڵیمان بوو. بۆ هەموو ستایشەکان سوپاس و بۆ ڕەخنەکانیش سوپاسی زۆر زیاترمان هەیە. بەگشتی بڕێکی زۆری ڕەخنە و تێبینییەکان ئاڕاستەی قەوارەی گەورەی گۆڤارەکە کرابوو. سەرەتا حەزدەکەین هەندێک ڕاستی بیر خوێنەر بخەینەوە: یەکەم: ئەم هەوڵەی ئێمە ئەزموونییە و لە ئێستادا هەموو مەسەلە ئیداری و تەکنیکییەکانمان لە ژێر تاقیکردنەوەدایە و لە هەوڵی دروستکردنی سیستەمێکین بۆ کاری داهاتوومان. دووەم: ئێمە دڵنیابووین کە ئەم شێوەیەی ئێستای رەهەند، بەراورد بە قەوارەی جارانی گۆڤارەکەمان، پرسیار لای خوێنەرە سەرەکیەکانی ڕەهەند دروست دەکات، بەڵام دلنیاشبووین خوێنەران لەو ڕاستییە تێدەگەن کە گۆڕینی ڕەهەند بۆ بڵاوکراوەیەکی مانگانە ، پێویستی بە فۆڕم و مۆنتاژێکی نوێ هەیە. ئێمە جاران دەمانتوانی ساڵانە ژمارەیەک یان دوو ژمارە دەربکەین، بەڵام لە ئێستادا پلانمان ئەوەیە دوازدە ژمارە دەربکەین، کە بێگومان کاری نەکردەیە ژمارە نوێکان بەهەمان قەوارەی جاران دەرچن. هۆکانیش زنجیرەیەک جەبری گەورەن کە لە کەمی کات و نەبوونی  توانای مادی و مرۆیی دەستپێدەکات و بە نەبوونی بابەتی زانستی تێدەپەڕێت، تا دەگاتە ئەو ڕاستییەی هەموو لاپەڕەیەکی زیاد، یان ڕەنگ کردنی زیاتری لاپەڕەکان، تێچوونێکی گەورە تر دەبات و نرخەکەشی بەجۆرێک بەرزدەکاتەوە کە لە توانای خوێنەردا نەبێت. بەداخەوە هەندێک خوێنەر تا ئێستا ئەو جیاوازییە نابینن کە گۆڤارەکەی ئێمە لەو چەشنە بڵاوکراوانە نییە کە پارە و بودجە و کارمەندی تایبەتی هەبێت و گوێ نەداتە تێچوون و نرخی فرۆشتن و خەمی گەڕانەوەی پارەی فرۆشتنی گۆڤارەکەی نەبێت. لەم دۆخەی ئێستادا بۆ دەرکردنی رەهەند بە شێوەی مانگانە، ناتوانین لە سنورێکی دیاریکراوی لاپەڕە دەرچین و فرۆشتنیشی بە نرخێکی هەرزانتر، یان نەمانی کۆمەکی دارایی فیکردۆستان بۆ تێچوونی چاپ و بڵاوکردنەوە، واتە مەحکومکردنی رەهەند بە دەرنەچوون.

دەشێت ئەم فۆڕمە نوێیەی گۆڤارەکەمان بە شێوازی “ڕۆڤار” ناوببەین، واتە نە فۆڕمی گۆڤارەو نە شێوەی ڕۆژنامەشە. فۆرم و ستیلێکە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە بڵاوکراوە فیکرییە گرنگەکان لە خۆرئاوا ساڵانێکە دەیگرنە بەر. ڕاستە ئەم جۆرە فۆرمە لە ستایلی گۆڤارە فیکرییەکانی دونیای عەرەب و ئێراندا باو نییە، بۆیە بە چێژی باوی ئێمەش نامۆیە، بەڵام ئێمە وەک هەوڵێک و تاقیکردنەوەیەک بۆ ناساندنی ئەو فۆرمە و بەهۆی گونجاویشی وەک کۆنسێپت لەگەڵ خواستی ئێستای گۆڤارەکەمان، ویستمان ژمارە سەرەتاییەکانمان بەو جۆرە بێت. بەتایبەت سەردەمانێک رەهەندمان دەردەکرد ڕەخنەی سەرەکی ئەوە بوو کە پر تێکست و بێ هەناسە و بێوێنە و ڕەقنوێنە. سەرەڕای ئەوە لەم پلانە نوێیەماندا، واتە لە کردنی رەهەند بە فۆڕمی ڕۆڤار، مەبەستمانە گرنگی تایبەت بە هەندێک بەش بدەین  کە لە رەهەندی کۆندا بواری ڕەخساندنیمان نەبوو، ئەویش بڵاو کردنەوەی وێنەی ڕەنگاوڕەنگ و گرنگیدان بە جیهانی هونەر و بەتایبەتی هونەری تەشکیلی. خواستی گەورەمان ئەوەیە کە کۆی گۆڤارەکەمان بکەین بە گۆڤارێکی ڕەنگاوڕەنگ، چونکی بێگومانین کە کاریگەری گەورە بەسەر چێژی بینین و خوێندنەوەی بابەتەکان بەجێدەهێڵێت. پاشان دەمانەوێت لە داهاتوودا، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ڕیکلامەوە بڕێک تێچوونی گۆڤارەکەمان بۆ دابینبکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی قەوارەفۆرمی ئەم چەشنە گۆڤارانەدا شیاوە. لە کێشەی تەکنیک و فۆرم بترازێت، گرفتی بابەتەکان و فۆرمی نوسینمان هەیە. لێرەدا دەخوازین هەموو دۆستانی نووسەرمان ئاگادار بکەینەوە کە لەکاتی نووسیندا زۆر گرنگە بایەخ بە ئاماژەکردن بەسەرچاوە بدەن. ئێمە هەندێک جار نووسینی باشمان پێدەگات، بەڵام لەبەر ئەوەی نوسەرەکەی هیچ ئاماژەیەکی بەسەرچاوەکان نەداوە، ناتوانین بڵاوی بکەینەوە. ڕاستە ئێمە دەمانەوێت خەیاڵ و عەقڵی نووسەری کورد ئازاد بێت و پراکتیکی ئەو ئازادییە بکات. بەڵام ئازادی لە بواری فیکردا بە ئاگاداری مەرجەعە فیکرییە پێشینەکانەوە مەرجدارەو، بەڕێزگرتن لەو پێوەرانەی بۆ نووسینی زانستی دانراوە، بەندە؛ دیارە رەهەندیش وەکو گۆڤارێکی فیکری، پابەندی ئەو پێوەرانەیە. ئێمە لەم ژمارانەی قۆناغی سەرەتادا تەواوی ئەو بابەتانەی کە بەشایستەی بڵاوبوونەوەیان دەزانین، وەک خۆیان بڵاو دەکەینەوە، واتە دەستکاری گەورەی ڕێنوس و دابەشکردنی تێکست و شێوەی ڕستەبەندی و ڕێکخستنی سەرچاوە ناکەین، ئەوە بەجێدەهێڵین بۆ نووسەران خۆیان. بۆیە هەر بابەتێک کە لە رەهەنددا بڵاوبێتەوە بە شێوەی تایبەتی چ لە ناوەڕۆک و چ لە فۆرمدا تەعبیر لە کاراکتەر و شێوازی نووسینی نووسەرەکەی دەکات. چونکی لە قۆناغی ئێستادا، بە حوکمی نەبوونی توانای مرۆیی و کات، لە تواناماندا نییە هەموو ئەو مەرجانەی کە بۆ دروستکردنی ستاندارتێکی ڕێنووس کە لە گۆڤارێکی فیکری پێویستە، ڕەچاوبکەین.

لەم هەلومەرجە سەختەی رەهەندی تیا دەردەکەین، بێگومانین کە گۆڤارەکەمان بێبەری نابێت لە هەڵەی چاپ و ڕێنووس و هونەری. بۆیە داوای بەخشین لە خوێنەرانمان دەکەین، بۆ ئەو هەڵانەی لە کاتی بەرهەمهێنانی ژمارەی یەکەمدا دروستبووبوون.

ئومێدەوارین ڕەخنە و تێبینی و کۆمەکەکانتان بۆ گۆڤارەکەمان بەردەوام بێت، چونکی خواستێکی سەرەکی رەهەند بریتییە لە دروستکردنی ڕەوتێکی نەپساو کە بڕوای نووسەران وخوێنەران بۆخۆی وەدەستبهێنێت، تاوەکو لەسەر ئەو بناغەیەش زەمینەیەکی گونجاو بنیاتبنێن بۆ بەردەوامی و درێژەدان بەم ئەزموونە نوێیەمان. دواجار دووبارە سوپاسی ئەو فیکردۆستانە دەکەین کە کۆمەکی داراییان پێشکەشکردین بۆ دەرهێنانی ئەم ژمارەیە.

                                                                               رەهەند


ژمارە ٣ /٢٠١٠

ڕەھەند گۆڤارێکی مانگانەی تیۆری کەلتوورییە

دەستەگەری، دین، توندوتیژی

نوسەرانی ئەم ژمارەیە: مەریوان وریا قانیع، ئاراس فەتاح، ئاسۆ جەبار، بەیان سەلمان، سیروان ڕەحیم، خەسرەو حەمەکەریم


پێشەکی

>> لەگەڵ ژمارەی یەک و دوی گۆڤاری رەهەندا ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەران و دۆستانی رەهەند پەیوەندییان پێوەکردین و تێبینی سەرەنجەکانی خۆیان پێڕاگەیاندین. ئێمە لە کاتێکدا سوپاسی هەموو ئەو هاوڕێیانە ئەکەین کە بەدڵسۆزییەوە لە خەمی بەردەوامی و پێشکەوتنی رەهەندان، ئەو ڕاستییە دوبارە ئەکەینەوە کە رەهەند وەک هەمیشە خوازیاری پەیوەندییەکی نزیکە بە خوێنەر و دۆستەکانیەوە و هەر لە پێناوی وتوێژ و دانەبڕانیش لەواندا هەوڵمانداوە درێژە بەم پڕۆژەیە بدەین. ئێمە هەر لەسەرەتای سەرەتاکانی نووسینمانەوە هەوڵمانداوە نزیک بین لە خوێنەرەکانمانەوە و هەڵگری ئەو پرسیارو خولیا و ئارەزوانەش بین کە نەوە تازەکانی کوردستان لە دنیای دەوروبەری ئەکەن. شانازی گەورەی ئێمە ئەوەیە هەمیشە لە خوێنەرانی کوردستان و کێشەکانیەوە نزیک بووین، خیانەتمان لە ویست و ئارەزوەکانی نەکردووە و هەوڵمانداوە بەشێوەیەک لە شێوەکان خواست و ئارەزووەکانی ئەوان لە چوارچێوەیەکی تیۆری و فیکریدا دابڕێژین. ڕادەی سەرکەوتن و سەرنەکەوتنمان لەم ئارەزووەدا هەڵئەگرین بۆ مێژوو ئەو ویژدانە زیندوانەی کە ڕۆژێک رۆژمێری ئەم رۆژانە دەنووسنەوە.

ئێمە گەر شانازیەکمان هەبێت ئەوە نیە کە بەرهەمی ناوازە و دەگمەن و بێوێنەمان نوسیوە، ئەوە نیە کە هەرگیز هەڵەمان نەکردوە و هەمیشە هەقیقەتمان وتوە، بەڵکو ئەوەیە پێی بە پێی نەوە تازەکانی کوردستان هاتوین و هەرگیز لە خەم و کێشەکانیەوە دوور نەبووین. هەوڵی سەرەکی ئێمە ئەوە نەبووە ڕابەر یان پێشەنگی جیهانی ئەو نەوە تازانە بین کە پرسیاری و داواکاری جیاوازیان لە جیهانی خۆیان هەیە، بەڵکو ئەوە بووە هەوڵمانداوە زمانێکی تیۆری و قوڵایەکی فکری بەو پرسیار و خواستانە بدەین. پرسیارەکانی ئەو نەوە تازانە گەورەتر بکەین و ڕووبەڕووی هەموو ئەو شوێنانەشی بکەینەوە کە لە سەرەنجی یەکەمدا بە بێلایەن و ناکاریگەر لەو پرسیار و کێشانە زانراون. شانازی ئێمە ئەوەیە هەڵگری بڕوا و قەناعەتی تایبەتی و ئایدۆلۆژی نەبوین کە بمانەوێت هەموو خەڵکی کوردستانی بۆ ڕابکێشین، بەڵکو هەوڵمانداوە پێ بە پێ لەگەڵ خوێنەران و هاوڵاتیانی وڵاتدا ڕووبەری پرسیار و ڕەخنەکانیان گەورە بکەین و ئاڕاستەی هەموو شوێن و جێگە و پنتێکی بکەین کە پێشتر کەس ڕوبەڕوی نەکردونەتەوە. ئەگەر هەندێک ڕوویان لە سیاسەت و گەمەکەرە سیاسیەکان کردبێت، ئێمە ڕوومان لە کۆمەڵگا و پنتە جیاوازەکانی کردووە بۆ ئەوەی بیری هەموان بخەینەوە کێشەکە قوڵتر، گەورەتر و فراوانترە لەوەی لە بوارێکدا بێت. ئەگەر هەندێک سیاسەت و گەمەکەرە سیاسیەکانی فەرامۆش کردبێت، ئێمە سەرەنجمان بۆ سیاسەت و گەمەکانی ڕاکێشاوە تا هەموو بە جدی وەریبگرن. ئێمە کاری خۆمان بەوە نەزانی خەڵک ناچار بکەین ڕوبەڕوی لایەک ببنەوە. بەڵکو ئەوە بوو پێیان بڵێین زیاد لە لایەنێک هەیە کە پێویستی بە ڕوبەڕوبونەوە هەیە.

شانازی ئێمە ئەوە نییە نەخشەڕێی ئازادیمان بۆ خەڵک کێشا بێت، بەڵکو ئەوەیە هەوڵمانداوە یادی هەموان بهێنینەوە ڕوبەرەکانی ململانێی و تێکۆشان کە لە زیاد لە جێگە و پنت و سەرچاوەیەکەوە هەڵئەقوڵین.

هەوڵی سەرەکی ئێمە لەسەرەتای دەسپێکردنی ئەم پرۆژەیەوە ئەوە نەبوو خەڵکی و خوێنەرانی نووسینەکانمان ناچار بە دیدێکی تایبەت بکەین، بەڵکو ئەوە بوو زیاد لە ڕوانگەیەکی پێببەخشین، بۆئەوەی بتوانێت ئاسۆی ڕوانینی گەورەتر و خەزێنەی ڕۆشنبیری بەجۆرێک دەوڵەمەندتر بێت کە وای لێبکات وردتر،هەمەلایەنتر کێشەو گرفتەکانی خۆی ببینێت. هەوڵی ئێمە بۆ ناساندنی زیاد لە بیریار و قوتابخانەیەکی فکری بۆ ئەوە نەبووە و نییە کە بڵێین ڕاستی لای ئەم بیریار و قوتابخانە فکریانەیەو لەدوای ئەوانیشەوە هیچی دی نییە، بەڵکو بۆ ئەوە بووە خوێنەرانی کوردستان هەموو ئەو کەرەسە و شێوازی بیرکردنەوانەیان لەبەردەمدا بێت کە یارمەتیان ئەدات بۆ ئەوەی باشتر جیهانی خۆیان شیکاربکەن، تێیبگەن و هەوڵ بۆ باشترکردن و گۆڕانکاری بدەن. تا باشتر تێبگەین و بناسین، باشتر و ڕاستر ئەتوانین کار و هەوڵ بۆ جیهانێکی جیاوازتر و دادپەروەرانەتر بکەین. ئەمە دروشم و ئامانجی سەرەکی ئێمە بووە. هەر لەم پێناوەشدا هەوڵێکی زۆرمانداوە نووسین لەو موهاتەراتە سیاسییە ڕوکەشییانە دەرباز بکەین کە لەنێوان ئیدانە کردن و تەئیدکردندا دێت و ئەچێت، هەوڵێکی زۆرمانداوە نووسین لە زمانی تەخوینکردن و بە دوژمن تەماشاکردن ڕزگار بکەین و ئاڕاستەیەکی فکری و عەقڵانی بە پرس و خواست و کێشەکانی خەڵکی کوردستان بدەین. هەوڵێکی زۆرمانداوە لە ناو فەزایەکی پڕ لە ڕق و کینەی سیاسی، پڕ لە بوغزو دروشمی سیاسی قەبەی بێ ناوەڕۆک، پڕ لە جەمسەرگیری نائەقڵانی یان من یان ئەوان، زمانێکی دی بدۆزینەوە کە ڕۆحی ڕەخنەگرانەی بەرامبەر بە دنیاو دەوروبەر پاراستبێت، بێئەوەی سەربکێشێ بۆ ڕق و کینەو دوژمنایەتی، خەونی گۆڕانی هەڵگرتبێت. بەبێئەوەی بەدوای وێرانکردن و بەگژداکردنەوەی هێزە جیاوازەکانی کوردستاندا بگەڕێت، ئومێدی بە ڕۆژێکی تازە هەڵگرتبێت.بەبێئەوەی ڕوو لە وێرانکردنی ئێستا و ڕابردوو بکات. دروشمی ئێمە ئەوە بوو کە تێپەڕاندنی ئێستا و ڕابردوو بۆ ڕۆژو سپێدەیەکی ڕووناکتر بە ئەفەرۆزەکردن و لەعنەت کردن و وێرانکردنیدا ناڕوات، بەڵکو بە تێفکرین و ناسینی زیاتر و تێگەشتنی وردتر لە هەموو ئاستەکانی ئێستا و ڕابردودا تێئەپەڕێت. هەوڵی ئێمە ئەوەبووە و ئەوەیە بڵێن هیچ بەیانیەکی باشتر نییە، گەر پێشتر نەمانتوانی بێت ئێستا و ئاستەنگەکانی ڕابردوو و گرێکانی لەهەموو ئاستەکاندا بناسین و بخوێنینەوە. دەعوەتی ئێمە ئەوساو ئێستاش بۆ فکری زیاتر، وردبوونەوەی زیاتر و لێکۆڵینەوەی زیاتر بووە. چونکە ئەمە تاکە ڕێگە و زانستێکە کە ڕێگە لە دووبارەبونەوەو بەرهەمهێنانەوەی ڕابردوو و ئێستا لەژێر ناونیشانی تازە و سیناریۆی تازەدا ئەگرێت.

لێرەوە بڕوامان بە پرۆژەیەکی ڕەخنەیی گەورە هەیە کە ڕوبەڕوی هەموو ئاستەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و هونەری بکرێتەوە. بڕوامان بە تاکڕەهەندی بینین و تەسکبینی ئایدۆلۆژی نییە کە لە گوتاری ساویلکانەی ڕۆشنبیری تەسکی شانەحیزبیەکانەوە بۆ زۆرێک لە قەڵەمە بەناو ڕۆشنبیرییەکانی کوردستان بە میرات ماوەتەوە. گوتارێک کە لەنێوان دروشمی با بژی و با بڕوخێدا دێت و ئەچێت و هیچ شتێکی زیادەش ناخاتە سەر خەرمانی فکری و ڕۆشنبیری و سیاسی ئێمە. بڕوامان بەدیدارێکی ڕەخنەیی هەیە کە  دەوڵەمەندە بە ئاسۆیەکی فراوانی قوتابخانە فیکرییەکان و ڕوی لە جیهانێکی لێبوردەتر، دادپەروەرانەتر و ئینسانی ترە. ڕەهەند هەوڵێکە بۆ گەورەکردنی ڕووبەری پرسیار و تێڕوانینی نەوە تازەکانی کوردستان و دروستکردنی پەیوەندییەکی فکرییە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدا کە خەون بە دوونیایەکی باشترو هونەرێکی بەرزترو فکرێکی دەوڵەمەندترو ئەدەبێکی ڕەسەنترەوە ئەبینن.<<


چالاکی و چاپکراوەکانی دیکەی نێوەندی ڕەهەند

نووسەرانی نێوەندنی ڕەهەند پاش بڵاوکردنەوەی ژمارە یەکی گۆڤارەکە تا ژمارەکانی کۆتایی گۆڤارەکە بە هاوبەشی لەگەڵ نیوەند یان دەزگای دیکە چەندان  کۆڕ و سییمیناریان پێشکەش کردووە.

 لە ساڵی ١٩٩٨ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی گەورەیان دەربارەی ئەنفال لە زانکۆی ئەمستردام بەڕێوە بردووە و وەک خۆیان ئاماژەی پی دەکەن ئەوە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بووە لەسەر ئەنفال لە جیھاندا.

نێوەندی ڕەهەند، چەندین کتێبی چاپ کردووە وەك:

-ئێوارەی پەروانە، بەختیار عەلی، ڕۆمان، ١٩٩٨

کیشوەرێک لە خەون، ن: هیوا قادر، شیعر، ١٩٩٨

ئێوارەت باش ئاسیا، ن: ئیسماعیل حەمە ئەمین، ١٩٩٨

بەیازی گوڵفرۆشێك، ن: ئارام کاکەی فەلاح، کۆماڵەچیرۆک، ١٩٩٨

بۆهیمی ئەستێرەکان، ن: بەختیار عەلی، شیعر، ٢٠٠٠


*بەشی سێیەمی پانۆراماکە لە لایەن هەریەک لە هاوڕێیانمان (ڕۆزا شێخانی، ژیار ئەسوەد، کەلسوم گەزنەیی، نیاز مەحموود)ەوە تایپ کراوەتەوە.

لەم بەستەرانەی خوارەوە دەقی تەوەرەکە و بەشی یەکەم و دووەمی پانۆراماکە بخوێنەرەوە: