دەربارەی نێوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەهەند
"هیوا قادر" لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ژنەفتن
پاش زیاد لە چارەکە سەدەیەک بەسەر دەرچوونی یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕەهەند و ڕاگەیاندنی (نێوەندی ڕەهەند بۆ بڵاوکردنەوەی کوردی)، ماڵپەڕی ژنەفتن دەیەوێت لە ڕێگەی تەوەرێکەوە دەربارەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرانی گۆڤاری ڕەهەند(کە ئێستا بە ڕەهەندییەکان دەناسرێن) و ناوەندی ڕەهەند، کار لەسەر ڕۆشنکردنەوەی ناسنامە و ماهییەتی ئەو ڕەوتە یان نێوەندە لە ناوەندی ڕؤشنبیریی کوردیدا بکات. بۆیە سەرەتا لەسەر کۆمەڵێ پرسی پێوەندیدار بە تەوەرەکەوە چاوپێکەتنی لەگەڵ چەند کەسێک لە فیگەرە سەرەکییەکانی گۆڤار و نێوەندەکە ساز داوە. ئەمەی دەیخوێننەوە چاوپێکەتینێکە لەگەڵ نووسەر “هیوا قادر” وەک بەڕێوەبەری گۆڤار لە گۆڤاری ڕەهەند.
ژنەفتن: سەرەتا ئەگەر ئێوەش هاوڕا بن لەگەڵم، پێم باشە وەک گێڕانەوەیەک، باسی ئەوەمان بۆ بکەی کە [وەک دیارە لە ژمارە ٢ی گۆڤاری ڕەهەندەوە ناوی ئێوە وەک بەڕێوەبەری گۆڤارەکە نووسراوە] سەرەتا چۆن و لە لایەن کێوە پەیوەندیت پێوە کرا، بە چ ئامانج و مەبەستێک (ڕەهەند) دەستی پێ کرد؟ ئێوە چۆن قبوڵتان کرد؟ ئەرکەکانی ئێوە وەک بەڕێوەبەر چۆن و چی بوو؟ ئایا تەنیا بەڕێوەبەری گۆڤارەکە بوون یان بەڕێوەبەری (نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی)یش بوون؟ دەکرێ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا ئاوڕێکی پێویست لەو مێژووە بدەیتەوە؟
هیوا قادر: پڕۆژەی دامەزراندنی نێوەندی ڕەهەند بۆ لێکۆڵینەوەی کوردی و دەرچوونی گۆڤاری ڕەهەند، لە سەرەتاوە لە یەکگرتنەوەی “گۆڤاری یەکگرتن و گۆڤاری ئازادی”یەوە دەستی پێ کرد، “گۆڤاری یەکگرتن” لە دانمارک دەردەچوو کاک هەڵکەوت عەبدوڵلا سەرپەرشتی دەکرد، “گۆڤاری ئازادی”یش لە ڕۆژەکانی سەرەتای ڕاپەڕینەوە لە لایەن بەختیار عەلی، مەریوان وریا قانع هەندێک هاوڕێی ترەوە لە سلێمانی سەرپەرشتی دەکرا و بڵاو دەکرایەوە. ستافی ئەم دوو گۆڤارە پێکهاتبوون لەو برادەرانەی کە پێشوەخت لە ئەورووپا بوون و ئەوانەی تریش کە زۆرینەیان لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕوویان کردە ئەورووپا.
ساڵی ١٩٩٦ هاوڕێیان “مەریوان وریا قانع” و “ڕێبوار سیوەیلی” هاتن بۆ ستۆکهۆلم، لەگەڵ من و ئارام کاکەی فەلاح و هەندرێن قسەیان کرد بۆ بەشداریکردنمان لە گۆڤاری ڕەهەنددا، من لەناو ئەو دوو هاوڕێیەی ترمدا بێ هیچ مەرجێک قبوڵی کارکردنم کرد لە گەڵیاندا. دوای دەرچوونی ژمارەی یەکی گۆڤارەکە لە دانمارک، دواتر گۆڤارەکە گواسترایەوە سوید و لە ژمارە دووەوە من بووم بە سکرتێری نووسین.
جۆری کارکردنی گۆڤارەکە بەو شێوازە باوە نەبوو کە ساڵانێکی زۆر بوو لە گۆڤارە کوردییەکاندا کاری لەسەر دەکرا. هەموو ژمارەیەکی گۆڤاری ڕەهەند دووان لە دەستەی نووسەران هەڵدەستان بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی بابەتەکان و هەر ئەوانیش هەڵوێستەکەیان وەک پێشەکی بۆ دەنووسی.
بە شێوەیەکی گشتی، کاری من زیاتر لایەنە پراکتیکییەکەی بوو، کە ئەویش نووسینەوەی چەند ژمارەیەکی گۆڤارەکە، سازکردنی گفتوگۆ، هەندێک وردە وەرگێڕان، ڕانانی کتێب و نووسینی هەواڵە ڕۆشنبیرییەکان بوو، هەروەها سەرپەرشتیی بەشێکی ئاوێنە بچووکەکان کە دوابەشی گۆڤارەکە بوو، لەگەڵ ئامادەکردنی ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەی کە هاوڕێیانی گۆڤارەکە دەهاتن و لە سویدی پێشکەشیان دەکرد. دیارە لەگەڵ هەرە قورسترین کاری گۆڤارەکە ئەویش چاپکردن و بردنە چاپخانە و بڵاوکردنەوە و دواتر ناردنی بوو بۆ خوێنەران.
دیارترین و گەورەترین چالاکیی نێوەندی ڕەهەند لە ساڵی ١٩٩٨دا بوو لەسەر ئەنفال لە زانکۆی ئەمستەردام
لە ژمارە دووەوە تاکو ژمارە دە لە سوید گۆڤارەکە چاپ کرا، دواتر گوێزرایەوە بۆ کوردستان و شەش ژمارەی تری لێ دەرکرا، دوای ماوەیەک لە وەستانی گۆڤارەکە سێ ژمارەی تری بە ناوی وەرزی نوێی ڕەهەند لە سلێمانی چاپکران.
جگە کە دەرکردنی گۆڤارەکە لە ماوەی ئەو ساڵانەدا کۆمەڵێک چالاکی و کۆڕ و کۆبوونەوە لەلایەن دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکەوە لە وڵاتانی ئەوروپا کرا، دیارە ئەوانەی سوید من ئامادەم دەکردن، ئەوانەی تریش کە لە کوردستان دەکران زیاتر کاک ڕێبین هەردی سەرپەرشتی دەکردن. دیارترین و گەورەترین چالاکیی نێوەندی ڕەهەندیش بۆ لێکۆڵینەوە لە ساڵی ١٩٩٨دا بوو لەسەر ئەنفال لە زانکۆی ئەمستەردام ـ بەشی زانستە سیاسییەکان ـ پێم وایە کە ئەوە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بوو لەو ئاستەدا لەسەر ئەنفال بکرێت.
ژنەفتن: وەک لە ڕەهەندیشدا ئاماژەی پێدراوە، کە لە لایەنی مادییەوە پشت بە فرۆشی گۆڤارەکە دەبەستن. ئەو سەردەمەش ڕەهەند بە دەگمەن دەگەیشتە کوردستان، ئایا ئەوکاتە لە فرۆشی گۆڤارەکە لە دەرەوە دەگەیشتە ئاستێک کە ژمارەی نوێی پێ چاپ بکەن. بە گشتی لایەنی دارایی گۆڤارەکە چۆن هەڵدەسووڕا؟
هیوا قادر: بە ڕێژەی یەکەم سەرچاوەی دارایی گۆڤارەکە خوێنەرەکانی بوون. لە سەرەتاوە یەکەم کۆمەک بۆ دەرکردنی گۆڤارەکە لە لایەن کاک “ئاراس فەتاح”ەوە پەیدا کرا، ئەویش وەرگرتنی دە هەزار مارک بوو لە لایەن ڕۆژنامەی “فرانکفۆرتەر روندشاو” کە ڕۆژنامەیەکی لیبرالی چەپ بوو. ساڵانی دواتریش کاک مەریوان وریا قانع لە دوو شوێنی جیاوازەوە کۆمەکی پەیدا کرد ئەوانیش لە لایەن شاعیرێکی هۆڵەندییەوە کە بە پیشە پزیشک بوو ناوی “تۆن تیخلە” بوو، هەروەها وەرگرتنی لە ١٠% ئەو کۆمەکەی ڕۆژنامەنووسانی هۆڵەندا بەخشییان بە هەفتەنامەی هاوڵاتی. لەگەڵ کۆمەکێکی فەرمانگەی “کلتۆر ڕۆد” لە سوید کە من و کاک ئاراس وەلی داوامان کرد بۆ چاپی گۆڤارەکە و بڵاوکراوەکانی ڕەهەند.
فرۆشی گۆڤارەکە وەک هەر گۆڤارێکی تری کوردی بەشی ئەوەی نەدەکرد بە پارەی خۆی چاپی ژمارەکانی دواتری پێ بکرێت، بۆیە ئەو کۆمەکانە نەبوونایە گۆڤارەکە نەیدەتوانی بەردەوام بێت. دیارە لێرە و لەوێ پێشنیازی کۆمەک و یارمەتیدان دەخرایە بەردەممان، بەڵام هیچ کۆمەکێکی تر وەرنەگیراوە جگە لەوانەی سەرەوە کە باسم کردن.
.
ژنەفتن: یەکێک لەو ڕەخنانەی کە ئێستا رووبەڕووی ڕەهەند دەکرێتەوە، ئەوەیە؛ کە بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بە ناوی (دیزاینەر) و (تایپێست) و بەڕێوەبەری هونەری نەدراوە. کێ دیزاینی دەکرد؟ ژمارەکانی سەرەتاش هەر لە لایەن نووسەرەکانەوە بە تایپکراوی دەگەیشتە دەستتان؟ ئێوە وەک بەڕێوەبەر چۆن پاساوی ئەمە دەدەنەوە؟
هیوا قادر: یەکەم ژمارەی گۆڤارەکە لە ساڵی ١٩٩٦ لە دانمارک چاپ کرا، کاک “هەڵکەوت عەبدوڵلا” مونتاژ و دیزاینی گۆڤارەکەی کرد، لە دووهەم ژمارەوە تا دواهەمین ژمارە لە لایەن کاک “ئاراس فەتاح”ەوە مۆنتاژ و دیزاینی گۆڤارەکە دەکرا. جگە لە بابەتەکانی دەستەی نووسەران زۆرینەی ئەو بابەتانەی دەنێردران لەسەر کاغەز بوون و دواتر دابەش دەکرا بەسەر برادەرانی گۆڤارەکەدا و دەنووسرایەوە، من خۆم دوو ژمارەی گۆڤارەکەم تایپ کرد و جارجارەش بابەتەکانی ژمارەکانی ترم تایپ و هەڵەبڕ کردووە.
ژنەفتن: دەکرێ (گەر بە کورتیش بێت) ئاماژەیەک بە جۆر و شێوازی پەیوەندی کردنتان بە یەکەوە باس بکەن، بە تایبەت ژمارەکانی سەرەتای ڕەهەند کە هەر کەسێک لە دەستەی نووسەران لە وڵاتێک بوون؟ چۆن لەسەر تەوەرێک و کاروبارەکان ڕێک دەکەوتن؟
هیوا قادر: لە ڕاستیدا ئەو سەروەختە کەرەستەکانی پەیوەندی کردن و ناردنی بابەت بۆ یەکتری جگە لە تەلەفوون و فاکس و پۆست شتی تر نەبوو، چەند جارێک هاوڕێیانی گۆڤارەکە هەموویان لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا کۆبوونەوە، بەڵام من بە هۆی کێشەی پاسپۆرتەوە نەمتوانی لە گەڵیاندا بەشدار بم. بۆیە زۆرینەی کارەکان و ئاگادارکردنەوەکانمان لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بوو.
ژنەفتن: سەرەکیترین و ناخۆشترین ئەو تەنگ و چەڵەمانەی تووشتان دەبوون، کامانە بوون؟
هیوا قادر: دیارە هەموو گۆڤارێک کێشە و ئاستەنگی خۆی هەیە، بەڵام بۆ ئەو سەروەختەی ڕەهەند ئاستەنگەکان زۆرتر بوون. من پێم وایە تا گۆڤارێکی جیدی دەرنەکەیت نازانێت کە نووسەری جیدیشت چەندە کەمە، بە تایبەتی ئەگەر ئەو گۆڤارە تایبەت بێت بە لێکۆڵینەوە و ڕاڤەکردن. چونکە پێش ڕەهەند هەموو گۆڤارە کوردییەکان بە گشتی تەرخان کرابوون بۆ بابەتی ئەدەبی و هەندێک جاریش ڕەخنەیی، ئەگەر بابەتێکی سیاسی هەبووایە ئەوا زیاتر مەیلێکی ئایدۆلۆژی یان حیزبی بەسەرەوە بوو.
ئەو سەردەمە زۆر گلەیی ئەوە دەکرا کە بۆچی زۆرینەی بابەتەکانی ناو گۆڤارەکە دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە خۆیان دەینووسن، لە ڕاستیدا ئەو کارە بە پلان نەبوو، بەڵکە بابەتی جیدی و باش نەدەگەیشتە گۆڤارەکە، بۆیە نووسەرەکانی ڕەهەند خۆیان ناچاربوون زۆرینەی ژمارەکان لە بابەتێک زیاتر بڵاو بکەنەوە، بە تایبەتی لەو تەوەرانەی هەڵدەبژێران و لە گۆڤارەکەدا لەسەریان دەنووسران.
من بۆ خۆم ڕەنگە بتوانم هەرە کێشە قورسەکان کە لە کاتی چاپکردنی گۆڤارەکەدا لێرەدا باس بکەم، بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئێمە باس لە زیاد لە چارەکە سەدەیەک لەوەوبەر دەکەین، کە پێشکەوتنە تەکنیکییەکان وەک ئێستا ئاسان و بەردەست نەبوون. ئەو سەروەختە هەموو برادەرانی گۆڤارەکە بە کۆمپیوتەری جۆری ماکنتۆش دەمانووسی، تازە چەند فۆنتێکی کوردی لە لایەن چەند کوردێکی ئایتیزانەوە بە سەروبۆرەوە دروست کرابوو، ئەو کارەش زۆر پڕ کێشە بوو، هەموو جارێک گەر تێکستێکت بە پرنتەر ڕابکێشایە یاخود بتکردایە بە پێ دێ ئێف، کۆمەڵێک لەو پیتە نوێیانەی نەدەخوێندەوە و جێگاکانیان دەبوونە سمبول و پەڕەگرافەکان لە جێگای خۆیاندا دەجوڵان. ئەمەش هەرە گەورەترین سەریەشەیەک بوو کە جاری وا هەبوو ڕاکێشانی گۆڤارەکە لە دوای مۆنتاژکردن و ئامادەکردنی بۆ چاپ، پێویستت بە هەزار لاپەڕە هەبوو بۆ ئەوەی دوو سەد لاپەڕی گۆڤارەکە بە چاکی و بێ هەڵە ڕابکێشیت.
دوای ئەمەش پڕۆسە قورس و کاتبەرەکە دەستی پێ دەکرد ئەویش بردنی گۆڤارەکە بوو بۆ چاپخانە. چاپخانەی میدیا لە گەڕەکی سکوگۆز لە ستۆکهۆڵم، نزیکەی سەعات و نیوێک لە منەوە دوور بوو، خاوەنەکەی کاک یوسف خەڵکی باکوور بوو. بۆ ئەوەی نرخی چاپەکە زۆر لەسەر ڕەهەند نەکەوێت و ئەو پارەی کە بە کۆمەک دەستمان دەکەوت بەش بکات، دوو تا سێ ڕۆژ خۆشم لە چاپخانەکە کارم دەکرد بۆ ئەوەی نرخی چاپکردنەکە کەمتر بکەوێت. دوای چاپکردنی بە عەرەبانەی منداڵ و هەندێک جاریش بە عەرەبانەی بچکۆلە بە قیتار بە سێ چوار جار گۆڤارەکەم دەبردەوە بۆ ماڵەوە. دواتر دەستم دەکرد بە ناردنی گۆڤارەکە بۆ ئەو خوێنەرانەی لە وڵاتانی ئەورووپاوە داوایان دەکرد، هەروەها بەشی دەستەی نووسەرانیشم دەنارد کە ئەوانیش لەو وڵاتانەی تیایدا دەژیان دەیانگەیاند بە دەستی خوێنەرەکان. جارجارەش بە دەستی ئەو کوردانەی دەگەڕانەوە بۆ کوردستان هەر یەکە و لای خۆمانەوە چەند دانەیەکمان دەناردەوە. ئەو سەروەختە گۆڤاری ڕەهەند بەناوبانگترین و جیدیترین گۆڤاری کوردی بوو، ساڵانی سەرەتا کە گۆڤارەکە بەو ژمارە کەمە دەگەیشتەوە کوردستان، لە هەندێک کتێبفرۆشی و دوکانی بچکۆلە لە باشوور و هەمیش لە ڕۆژهەڵات، وەک بەکرێدانی فیلمی ڤیدیۆ بۆ شەوێک یان دوو شەو بە پارە گۆڤارەکە بە قەرز وەردەگیرا و خوێنەرەکان دەیانبرد و لە چەند ڕۆژێکدا دەیانخوێند و دەیانگەڕاندەوە. ئەم پەرۆشییەی خوێنەران وای کرد بیر لەوە بکەینەوە لەگەڵ دەرچوونی گۆڤارەکە لە ئەوروپا جارێکی تر بە ناوی چاپی کوردستانەوە لە سلێمانی چاپ بکرێتەوە و بتوانرێت بگاتە دەستی زۆرینەی خوێنەران.
دەبێت وەک مێژوو ئەوەش باس بکەم کە هەردوو هاوڕێم عەبدوڵلا قادر دانساز و ئاراس وەلی، ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە کۆمەککردن و یارمەتیدانی من لە ستۆکهۆڵم لە بەڕێوبردن و بەئەنجام گەیاندنی کارە پراکتییکییەکانی گۆڤارەکەدا.
ژنەفتن: چەندین کتێبتان وەک جاپکراوەی نیوەندی ڕەهەند چاپ و بڵاوکردەوە، ئەو کتێبانەتان چۆن چاپ دەکرد؟ کێ پارەی چاپەکەی دەدا؟ کێ بڕیاری لەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبانەی کە نووسەرەکانیان لە درەوەی دەستەی نووسەران ڕەهەند بوون، دەدا؟
هیوا قادر: ژمارەی کتێبە چاپکراوەکانمان زۆر نەبوون چونکە باری داراییمان بەشی ئەوەی نەدەکرد و زیاتریش چاپکردنی گۆڤارەکەمان پێ گرنگتر بوو. ئەوەندەی لە بیرم بێت ئەو کتێبانەی کە چاپکران ئەمانە بوون:
١/ مەنفاکان لێرەوە دەست پێ دەکەن ـ شیعر/ جەمال غەمبار
٢/ ڕۆحی جەنگەڵی و پەرستگای هیچ ـ شیعر/ فاروق ڕەفیق
٣/ ئێوارەت باش ئاسیا ـ شیعر/ ئیسماعیل حەمە ئەمین
٤/ مەرگی تاقانەی دووهەم ـ ڕۆمان/ بەختیار عەلی
٥/ هەنار ـ شیعر/ هیوا قادر و هەندرێن.و. بۆ سویدی: عەبدوڵڵا قادر دانساز
٦/ کیشوەرێک لە خەون ـ شیعر/ هیوا قادر
٧/ ئێوارەی پەروانە ـ ڕۆمان/ بەختیار عەلی
٨/ بەیازی گوڵفرۆشێک ـ چیرۆک/ ئارام کاکەی فەلاح
لە سەرەتادا دوژمنەکانی لە دۆستەکانی زیاتر بوون. بەڵام دواتر ڕەهەند بووە پڕۆژەیەکی کولتووری و فیکریی سەردەمی خۆی
ژنەفتن: ئێوە وەک کەسێکی دیاری نێو ڕەهەند، ئێستا کە ئاوڕ لە ڕەهەند دەدەنەوە، چۆن ناو لە ڕەهەند دەنێن، چ پێناسێک بۆ ڕەهەند گونجاوە (مەبەستم ئەوەیە ڕەهەند، تەنیا گۆڤارێک بوو، یان نیوەندێکی ڕۆشنبیری، یان ڕەوت و بزووتنەوەیەکی ڕۆشنگەری)؟
هیوا قادر: ڕەهەند پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیریی جیدی بوو. بێ ئەندازە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەناو خوێنەراندا دروست کرد، کاریگەرییەکەش دواتر لەناو بیرکردنەوە و زمان و شێوازی نووسیندا بە ئاشکرا ڕەنگی دایەوە. دیارە هۆکار زۆرن بۆ ئەو کاریگەرییە قوڵەی کە ڕەهەند لە ڕێگای بەرهەمی نووسەرەکانییەوە توانی دروستی بکات، ڕەنگە من فریای باسکردنی هەندێکیان بکەوم.
دوای ڕاپەڕین هەموومان خەونمان بەوەوە دەبینی کە چووینەتە بەردەم قۆناغێکی نوێ لە ژیان و بیرکردنەوە، بەڵام دواتر هەر لە سەرەتاوە لەوە تێگەیشتین ئێمە لە قۆناغێکداین پێشتر هیچ کارێکی بۆ نەکراوە، تاکو ئاراستەی خۆی وەربگرێت هیچ نەبێت بەشێک لەو خەونانەی هەمان بوو بێتە دی. بەڵام بە داخەوە لەپڕ کەوتینە بەردەم قۆناغێکی بێ مژدەی پڕ لە ناکۆکی و خاڵیی لە پرسیار. هەر لەو ڕۆژگارانەوە ڕەهەند توانی ببێت بە دروستکەر و وروژێنەری کۆمەڵێک پرسیار کە پێشتر لە ئاستێکی ڕۆشنبیریی جیدیدا کاریان لەسەر نەکرابوو. ئەمەش وای کرد ڕەهەند زۆر زوو دەربکەوێت و نووسەرەکانی بکەونە بەردەم هێرشێکی کوێرانە، بۆیە لە سەرەتادا دوژمنەکانی لە دۆستەکانی زیاتر بوون. بەڵام دواتر ڕەهەند بووە پڕۆژەیەکی کولتووری و فیکریی سەردەمی خۆی.
دروستکردنی پرسیار خاڵی هاوبەشی نووسەرەکانی ڕەهەند بوو، لەبەرامبەر دەستەڵاتێکی پریمتیڤ و پەرتەوازەدا، لەبەرامبەر ئەو مانا کولتوورییانەی کە خەیاڵی دەستەجەمعی لەسەر بنیات نرابوو. یەکەم هێدمەش کە بەر هەموومان کەوت دابەزینی حیزبە کوردییەکان بوو لە شاخەوە و داگیرکردنی جومگە سیاسییەکان بوو بە هەمان عەقڵییەتی نەگۆڕی شاخەوە. بە داخەوە هۆشیارییەکی بەهێزی ئەوتۆش لەئارادا نەبوو، نەهێڵێت هەموو دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین هەروا بە ئاسانی ڕادەستی حیزبەکان بکرێت.
من لە لای خۆمەوە هەستکردن بەو تاڵی شکستە و ترس لە دووبارەبوونەوەی شەڕەکانی شاخ لە شاردا وای لێ کردم چەند مانگێک دوای ڕاپەڕین، کوردستان بەجێ بهێڵم. ئەو ترس و هێدمەگرتنە یەکەم ڕاچڵەکینێک بوو لە لایەن نووسەرانی ڕەهەندەوە کە هەستی پێ کرا.
بە ڕاستی نووسەرانی ڕەهەند ئەو دەستەبژێرە بوون لە نووسەرە جیدییەکانی ئەو سەردەمە. ڕەنگە ئەم قسەیە بۆ هەندێک کەس لەم سەروەختەدا بە جۆرێک موبالەغە وەربگیرێت، ئەگەر توانای ئاوڕدانەوە و ناسینی کۆمەڵگەی کوردیی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینی نەبێت. یان هیچ نەبێت هۆشیاری یارمەتی نەدا بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو قۆناغانە و تێگەیشتن لێی.
ئەو سەروەختە لە ئاستی بەرهەمی داهێنەرانەی ئەدەبیشدا ئێمە ئێجگار هەژار بووین، ئەوەی کە هەشبوو زۆرینەی لەژێر سێبەری مانای کوردبوون و ئایدۆلۆژیای ئەو سەروەختەدا نووسرابوو، دیدی گشتیی پڕۆژەی گۆڤاری ڕەهەند و نووسەرەکانی دەستێکی گەورەی هەبوو لە دروستکردنی قۆناغێکی نوێ، لە بیرکردنەوەی جیاواز و خولقاندنی بەرهەمگەلێکی ئەدەبی کە بووە دروستبوونی دووڕیانێک و هاتنەکایەی قۆناغێکی تەواو جیاوازتر لەوەی پێش خۆی.
تاکو ئێستا قۆناغێک دروست نەبووە ناوی قۆناغی دوای ڕەهەند بێت.
ژنەفتن: بە بڕوای ئێوە لێکەوت و کاریگەرییەکانی کام گوتارە (ڕۆشنبیری، سیاسی، کۆمەڵایەتی)ی زۆرتر بوو؟ بۆ؟
هیوا قادر: کاریگەرییەکانی ئەم پڕۆژە فیکرییە فرە ڕەهەند بوو، دوای چەند ساڵێک گۆڕانکاری لە زمان و شێوازی نووسیندا دروست کرد، هێنانەکایەی دیدی نوێ بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و کێشەکانی دوور لە دیدی حیزبی و ئایدۆلۆژییەوە، کە پێشتر بە دەگمەن لێکۆڵینەوەیەک دەبینرا ویستێکی ئایدۆلۆژی لە پشتەوە نەبێت. پڕۆژەی ڕەهەند توانی قۆناغێکی نوێ بهێنێتە ئاراوە لە ئاستی بیرکردنەوە و بە عەقڵانیکردنی خوێندنەوە لەبەرامبەر کێشە سیاسی و کولتوورییەکاندا. ئێستاشی لەسەر بێت دوای کۆتاییهێنان بەو پڕۆژەیەش، نووسەرەکانی ڕەهەند هەرە نووسەرە داهێنەر و پڕ بەخشش و چالاکەکانن کە هەریەکەیان لە کایە و ئاستی خۆیدا بەردەوام دەنووسێت و بەرهەم دەهێنێت. پێشم وایە تاکو ئێستا قۆناغێک دروست نەبووە ناوی قۆناغی دوای ڕەهەند بێت.
پێم وایە بەشێکی کاریگەرییەکانی ڕەهەند دەگەڕێتەوە بۆ چاوەڕوانی ئەو هەموو گەنجە پڕ لە خەونەی کە لە دوای ڕاپەڕینەوە چاوەڕوانی گۆڕانکاریی گەورەی دەکرد، بەڵام بە داخەوە کەوت بەسەر وێرانەیەکدا و ڕۆژ بە ڕۆژ خەون و ئومێدەکانی کوژانەوە، بۆیە لەلای ئەو توێژە گەنجە ڕەهەند بووە ئەو پڕۆژە جیدییەی کە لێیەوە توانی جومگەکانی کۆمەڵگەی خۆی باشتر بناسێت، جورئەتی پرسیارکردن و هەڵوێست نواندنی لەبەرامبەر بێ موبالاتی و کەمتەرخەمیی حیزبی کوردیدا هەبێت، عەقڵانەتر سەیری کۆی پڕۆژەکە بکات و ئەو مانایانە بخاتە ژێر پرسیارەوە کە کۆی کۆمەڵگەی کوردی لەسەر بنیات نراوە.
ئەو تەوەرە تایبەتییانەی لە ڕەهەنددا دەکرانەوە هۆکارێکی گەورەبوون بۆ ئەو بە گشتیکردنی ئەو هۆشیارییە. بۆ نموونە تەوەرەکانی وەک “شەڕی ناوخۆ، کۆچ و ڕووکردنە ئەوروپا، ئەنفال، خۆراوا و فیکری خۆراوا، کورد و هەزارەی سێهەم، نەتەوە و کۆمەڵگە، مەسەلەی ئافرەت، ناسیۆنالیزمی کوردی و چەندان تەوەرەی تر.”