سەپۆرت و سورفاس
دواهەمین بزووتنەوەی هونەری لە مێژووی مۆدێرنی فەڕەنسادا

دواهەمین بزووتنەوەی هونەری ساڵی 1969 لە فەرەنسا بە ناوی Supports/Surfaces بە واتای “هەڵگر و ڕووبەر”، هەڵگر بە مانای ئەو چوارچێوەیە دێت کە قوماشەکەی لەسەر چەسپ دەکرێت، ڕووبەریش قوماشی سەر چوارچێوەکەیە. بە زمانی ئەکادیمی بەم ڕووبەرەی کە نەخشی لەسەر دەکرێت دەڵێن؛. Espace picturale واتە شوێنی نەخشکردن، ئەو ڕووبەرەیە، ئەو ئێسپاسەیە شکڵ و باس تیایدا وەک لەسەر شانۆیەک دەچنە ڕەهەندێکی ترەوە، شکڵەکان بەرگێکی تر دەپۆشن، بە هەقیقەتێکی ترەوە خۆیان نمایش دەکەن. ئەگەر نەخشەکە بە خۆڕسکانەش کرابێت ئەوا بە ئاگاییەوە هەڵبژێراوە لە لایەن هونەرمەندەوە.

هەڵگر و تەخت

 لە سەدەی ناوەڕاستەوە هەتا ئەمڕۆ ئەم تەکنیکە بەکار هێنراوە بۆ هەڵواسینی تابلۆ لە کەنیسە و لە ماڵاندا، لەبەر ئەوەی ڕەسم وەک پەیکەر خاوەنی سێ ڕەهەند نییە، خاوەنی بارستایی نییە و ناتوانێت بە سەربەستی بوونی هەبێت وەک پەیکەرێک، بۆیە پێویستی بە هەڵگر(Supports )ێک هەیە و هەروەها بە ڕووبەر( Surfaces)ێکیش هەیە بۆ وێنەکێشان. لە کوردستان چەند دەستەواژەیەکی لاتینی بەکار دەهێنن، بەڵام من لێرەدا وشەی هەڵگر بۆ Supports و ڕووبەر بۆ Surfaces و تەخت بۆ Backgraound بەکار دەهێنم.

تابلۆ بریتییە لە شکڵ و ڕەنگ و تەخت، هەموو ئەمانە خۆیان لەسەر ڕووبەرێک دەبیننەوە. وێنەکێشانی شکڵ و تەختێک لەسەر ڕووبەرێک بە ئۆتۆماتیکی سوژە دەگرێتە خۆی، بۆ نموونە مرۆڤێک لە ژوورێکدا، سێوێک لە دارستانێکدا، سێوەکە شکڵە و دارستانەکە دەبێتە تەخت، پەیوەندییەکی دیالەکتیکی هەیە لەنێوان سێوەکە و دارستانەکەدا پەیوەستە بە هزری هونەرمەندەوە چۆن ئەو پەیوەندییە بەرجەستە دەکات، دەگونجێنێت، چیمان بۆ ڕاوەکردن دەکات. چۆنیەتی وێنەکێشانی ئەو سێوە لەو دارستانەدا هزر و بۆچوونی هونەرمەندمان بۆ ناوزەد دەکات، هەقیقەتێکی ترمان بۆ واڵا دەکات لەژێر ئەو شکڵەی کە بە ڕووکەش خۆی دەنوێنێت. دوو شکڵیش بە تەنیشت یەکەوە لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکدا سوژە پێک دەهێنن لەسەر تەختێک.

لە سەدەی بیستەوە لە ئەوروپا هەموو پێکهاتەکانی هونەری شێوەکاری درایە بەرپرسیار؛ بە بزووتنەوە سەرەکییەکانی وەک کوبیست، شکڵ درایە بەرپرسیار، بە سوریالیست سوژە، بە هونەری ئەپستراکسیۆن خۆ دەربازکردن لە فیگۆر بۆ گوزارشتکردن لە باسێک… تاد، تەنها پێکهاتەیەک کە نەدرابووە بەر پرسیار، هەڵگر و ڕووبەر بوون، بۆیە ئەم بزووتنەوەیە بە دواهەمین بزووتنەوەی هونەری دەناسرێت لەبەر ئەوەی دواهەمین پێکهاتەی هونەری وەک بەربەست دایە بەر پرسیار، دوای ئەم بزووتنەوەیە هیج کەرەستەیەک و باسێکی تر نەماوە نەدرێنە بەر پرسیار لە هونەریی شێوەکاریدا، خۆ ئەگەر تاوەتاو ناوێک دەنێن لە سەردەمێکی هونەری، ئەوا تەنها دووبارەبوونەوەی ئەو چەمکانەن کە لە ڕابردوودا بەرجەستەکراون و کەرەستەیەکی نوێ یان چەمکێكی نوێ  نادەنە بەر پرسیار، تەنها بۆ ناسینەوەی هونەری سەردەمێکە. ئەم هۆکارەشە کە زۆر لە خەڵکی بێئومێد دەکەن، وەک ئەوەی گەشتبینە بنبەست و لە کۆتاییی شارستانیەتەکەماندا خۆمان بەرامبەر بە دیوارێک بببینینەوە، خۆمان لە بەردەم پانتایەکدا ببینینەوە، پانتاییش هەردەم جێگای ترسە بۆ شارستانیەتێک کە بە پایداری لە داهێنان و خۆ نوێکردنەوەدایە. بەڵام دەبێت ئەم بزووتنەوەیە وەک شکاندنی دواهەمین بەربەست وەربگرین بە مەبەستی بەخشینی ئازادییەکی تەواو بە هونەرمەند، لە هەمان کاتدا تیشک خستنە سەر ئەو کەرەستەیە کە تا ئەو ساتە نەدرابووە بەر پرسیار، هونەرمەند بەبێ ئاگایی و بە خۆکاری  بەرجەستەی دەکرد.

یەکەمین پیشانگای گروپی “سەپۆرت و سورفاس” لە ساڵی 1969 لە مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە پاریس بوو. گروپی “سەپۆرت و سورفاس” کەرەستەکانی وێنەکێشانی ڕابردوویان دەدایە بەر پرسیار، واتە “هەڵگر و ڕووبەر”. ئەتوانین بڵێین کە بزووتنەوەی “سەپۆرت و سورفاس” دواهەمین بزووتنەوەی هونەری ڕەچەشکێنی فەرەنسی بوو، دواهەمین  بزووتنەوە بوو لە مێژووی مۆدێرنیتێی فەرەنسا و هونەردا بۆ قوفڵدانی هەموو ڕەوتە هونەرییە مێژووییەکان.

مانیفێستی سەپۆرت و سورفاس

ئۆبژەی وێنەکێشان (تابلۆ)، وێنەکە خۆیەتی، پەیوەندی تەنها بەخۆیەوە هەیە، بانگی هیچ شتێکی تر ناکەن لە دەرەوەی خۆیان (بۆ نموونە، کارەکتەری هونەرمەند، مێژووی هونەر، بیۆگرافی هونەرمەند) نابێتە پەنجەرەیەک بۆ دەربازبوون، لەبەر ئەوەی ڕووبەر(سورفاس) بە لێکدابڕانی فۆرم و ڕەنگەکان دەکرێن، ڕێگرە لە بەردەم دەرهاویشتنی مەنتال یان بەلادابردنی خەیاڵی بینەر، وێنەکێشان ئاکتێکە لە خودا و لە گۆڕەپانەکەی خۆیدا دەبێت تەنگژی بنێیتەوە. بریتی نییە لە گەڕانەوەیەک بۆ سەرچاوە، نە پوختەییەکی بنەما، تەنها ڕووتکردنەوەی کەرەستەی وێنەکانە کە ئاکتی ڕەسمکردن پێک دەهێنێت. لێرەوەیە بێلایەنی کاری بەرجەستەکراو، بێبەشی لە گێڕانەوە و قوڵایی پڕواتا.

وەک دەیخوێننەوە و سەرنج ئەدەن مانیفێستەکە تەواو پێچەوانەی ئەو چەند پەرەگرافە بوون کە لەسەرەوە نووسیم بۆ باسکردن لە شکڵ و تەخت. ئەبێت ئەوە بوترێت کە لەم مانیفێستەدا سێبەری فیکرەی هونەری کۆنسێپتول هەست پێ دەکرێت لە بێلایەنی وێنەکێشاندا بۆ ئەفراندنی تابلۆیەک، بەڵام ئەوەی بزووتنەوەکە  پێداگری لێ دەکات گۆڕانکارییە لە هەڵگر و ڕووبەر؛ گروپی سەپۆرت و سورفاس، خۆیان بەوە پێناسە دەکەن، کە ڕەوتێکن دەوری ماتریاڵ بە گرنگ و دەخەنە ئاستی ئاکتی ئافراندن و کاری بەرجەستەکراودا؛ دەبێت هەڵگر و ڕووبەر بەشداری بکەن لە کاری بەرجەستەکراو، بە بێلایەن نەمێننەوە. بەڵام ئاکتی وێنەکێشان تەنها وەک سەرفکردنی وزەیەک دەبینن لە هونەرمەندا نەک ئاکتێکی مانادار بۆ گوزارشتکردن لە باسێک. وەک ڕامبۆ دەڵێت: “ئەکسیۆن ژیان نییە، جۆرێک لە بە فیڕۆدانی هێزێک، تووڕەبوونێک”. بە مانای ئاکتێك بە مەبەستی دەربڕینی سوژەیەکی بەواتا، گرنگ نییە، گرنگ بە فیڕۆدانی ئەو وزەیەی کە تیاماندا کۆبووەتەوە.

  ئەگەر پێش بزووتنەوەی سەپۆرت و سورفاس، هەندێک هونەرمەند وەک ڕۆشنبێرگ (1925-2008 Rauschenberg) لە ئەمەریکا گرنگیان ئەدا بە دەوری هەڵگر و ڕووبەر، وەک چۆن لە تابلۆکانی “پۆل سێزان”دا چەمکی کوبیست چەکەرەی کردبوو پیش بزووتنەوەی کوبیست، ئەوا بە بزووتنەوەی سەپۆرت و سورفاس بە ڕاشکاوانە و بە تیۆری هونەرمەندان گرنگیان ئەدا بە دەوری ئەو دوو کەرەستە ترادیسۆناڵانە و گۆڕانکارییان تێدا دەکرد.

blank
کاری هونەرمەندی ئەمریکاییی ڕؤسنبێرگ

یەکێک لە بە ناوبانگترین هونەرمەندانی سەپۆرت و سورفاس، (کۆلۆد ڤیالا-Claude vialat)یە، ڤیالا بەڕێوەبەری خوێندنگای هونەرە جوانەکانە لە شاری نیم( Nimes)ی خوارووی فەرەنسا. ڤیالا سەردەمێک وێنەکانی لەسەر خێمەی ئەسکەری نەخش دەکردن، ئێستاکە لەسەر قوماشی کەڵچەری جیاواز و شکڵی جیاواز. هەردەم هەمان شکڵ دووبارە دەکاتەوە و لەگەڵ سەردەمیشدا تابلۆکانی لەناو دەچن، ڤیالا دژی گەورەکارە، دژی شاهەسەرە ( masterpiece ).

ڤیالا لە پێشانگایەکدا کە دیوارەکانی هەمووی پڕکردبوویەوە بە تابلۆ هەمە جۆرەکانی لە ڕووی قەبارە و ڕەنگەوە، خۆیشی لەولاوە بە تەنیا قوت ڕاوەستابوو بە جلوبەرگێکی سادەوە، دیمەنێكی شاز و سەرنجڕاکێش بوو بۆ من کاتێک بینیم وەک هونەرمەندانی تر خۆی خەریک نەکردبوو بە کارێکەوە یان دەوری خۆی بدات بە چەند کەسیک بۆ گرنگی دان بە خۆی، بۆیە وەک شکڵێک لە تابلۆکانی دەهاتە پێشچاوم. پاش چاوخشاندن بە تابلۆکانیدا چوومە بەردەمی و ڕاشکاوانە پێم وت:

– بێزار نەبوویت لە دووبارەکردنەوەی هەمان شکڵ؟

لە وەڵامدا وتی: سەیری کارەکانم بکە، ئەگەر وا هەست دەکەیت زۆرم لە خۆم کردووە بۆ وێنەکێشانیان، ئەگەر لەزەتیان تێدا نابینیت، ئەتوانیت ئەو پرسیارەم لێ بکەیت. ئێوە ئەتوانن بەردەوام بن لە کاری خۆتان، بەڵام من زۆر لە خۆم ناکەم.

ڕاستە، کاتێک خۆت دەبینیتەوە لە بەردەم تابلۆیەکی ڤیالا، وەشاندنی فڵچە و تێکەڵکردنی سپی لەگەڵ هەمو ڕەنگەکان، ڕووناکی و شەوقی ڕەنگەکانی، هەست بە سەرفکردنی خۆڕسکانەی وزەیەکی بێ ئەندازە لە هەوەس و ئارەزوویەکی دەوڵەمەند دەکەین، ڕووناکی و شەوقی ڕەنگەکان بە خەبەرمان دەکەنەوە بەبێ ئەوەی سوژەیەک پێشنیار بکات لەسەر ڕووبەری تابلۆکەی. بێگومان ئەستەمە ئێمە بتوانین خۆمان لە سوژە دەرباز بکەین، لەبەر ئەوەی ئەو شکڵەی ڤیالا وەک خۆی دەڵێت بە ڕێککەوت لە شکڵی هەڵوژەیەکەوە وەریگرتووە لەبەر ئەوەی حەزی لە هەڵوژەیە، بەڵام شکڵ و تەخت گونجێنراون، کەوتوونەتە پەیوەندییەکەوە، ناتوانین تەنها وەک تەنگژیەک بیانبینین لەناو تابلۆکە خۆیدا و نەیبەستینەوە بە جیهانی دەرەوە، ئەمەش بە ئۆتۆماتیکی دەىێتە سوژە، بێ شک سوژەیەکی دیاریکراو نییە لە دەرەوەی تابلۆکەوە خزێنرابێتە ناو تابلۆکە، سوژەکە لەناو تابلۆکەدا دروست دەبێت، لەنێوان ڕەنگ و شکڵ و چۆنایەتی قوماشەکە.

blank
تابلۆی هونەرمەند کلۆد ڤیالا
blank
کاری هونەرمەند Daniel Dezeuze
blank
کلۆد ڤیالا لە بەردەم تابلۆکانیدا
blank

چەند وتەیەکی ڤیالا لە دیبەیتێکدا:

 “شکڵەکە بۆ من هیج گرنگییەکی نییە، سیستەمێکی ئیشکردنە، شکڵەکەم ناگۆڕم، خۆ ئەگەر بیگۆڕم، دەگەڕێمەوە بۆ خاسیەتی هەمان شکڵ، گرنگی بۆ من پڕکردنەوەی ڕووبەرێکە بە ڕیتمێک، دۆزینەوەی ڕیتمێکە، هەستیش دەکەم کاتێک ڕووبەرێکی فراوانم لە بەردەمدایە، ئەوەی هاوگرتوویی دەبەخشێت بە کارەکەم، ڕیتمە هەتا شتێكی تر. کاتێک ڕەنگەکان دەخەمە سەر قوماشەکەم لەبەر ئەوەی چۆنایەتی قوماشەکان جیاوازن نازانم چۆن قوماشەکە دەیگرێتە خۆی، بە چ شێوەیەک کاردانەوەی دەبێت لەسەری، چی بەسەر دێت! هەرچۆنێک بێت دەرئەنجامەکەی قبوڵ دەکەم. ئەگەر قبوڵی نەکەم لەو پرەنسیپەوەیە کە من کەسێکی کامڵ نیم بتوانم قبوڵی بکەم، لەبەر ئەوەی باسێکی ترم بۆ پێشنیار دەکات، بەڵام وردە وردە لەگەڵ کارکردندا خۆی دەگونجێنێت. لەسەر کەرەستەیەک کار دەکەم، شکڵێکە چەند دەرفەتێکم پێ دەبەخشێت، فۆرمێكی فیگوراتیڤ نییە، گوزارشت لە هیچ ناکات، فۆرمەکە بیانوویەکە، ئەتوانم بڵێم واژۆیەکە، ئەوەی گرنگە بەلامەوە وەرچەرخاندنیەتی، هەموو ڕۆژێک ئەو کارە دەبینم کە چاوەڕوانم نەدەکرد، لەو دیو دیواری ئەگەری بوونەوەیە، هەر ڕۆژە و تابلۆیەک دەکەم و پاش گوزارشتکردن و وردبوونەوە، شتێکی نوێ تێدەگەم، بەو جۆرە بەردەوام دەبم، هیچ شتێک لەوەوبەر بڕیار نەدراوە، نازانم بۆ کوێ دەڕۆم، مێتافۆری کارەکەم ڕۆژانەیە.

من لەناو قوڵایەکی بەربەستدا کار دەکەم، بەربەست مەبەست لە وێنەکێشانە، هەموو جارێک هەوڵ ئەدەم ئەو بەربەستە زیاتر پاڵ پێوەنێم و چارەسەری نوێ بدۆزمەوە. خەڵکی زۆر جار قوماشی جیاوازم بۆ دەهێنن لە جیهانی جیاوازەوە، هەر کە قوماشەکە دێتە بەردەمم ئیتر دەست دەکەم بە کارکردن بەگوێرەی ئەوەی دێت بە بیرمدا. ئێمە چرچێک قبوڵ ناکەین لەسەر هەڵگر و ڕووبەێکی ترادیسیۆنێل، بەڵام لەسەر قوماشێک بەبێ هەڵگر، چرچێکی ناشیرین یان کەوالێتیی قوماشیک کە ڕانەکێشرابێت لەسەر چوارچیوەیەک دەبێتە شکڵێکی ئەرێنی. بە هۆی ئەوەی کە قوماشی جایواز و کەوالێتی و ڕەنگی جیاواز دەنووسێنم بەیەکەوە، وەک ڕووبەرێک یارمەتیم ئەدات وێنەکان زیاتر بن، ماتریالی زیاتر بن، بە گشتی هەموو ئەم پارچە جیاوازانە دەبنە جیهانێکی ئەرێنی پێکەوە.

 ئێمە جارێکی تر بەردەوامیمان دا بە ئەمریکاییەکان. ئەو هونەرمەندانەی بۆ من گرنگن، مۆریس لویس( 19121962 Morris Louis )، ڕۆشنبێرگ( 1925-2008 Rauschenberg)، بێگۆمان جاکسن پۆلۆک (1912-1956 Jackson Pollock ). ئەگەر گەنجە ئەمریکاییەکان ئەمڕۆ وەک ئێمە کار دەکەن، جارێکی تر دەست دەکەنەوە بە هەڵوەشاندنەوەی تابلۆ، بە کارێکی ئەرێنی دەزانم، بەڵام ئەوان وەک دەق، ئەوەی وتراوە جێبەجێی دەکەن، ئێمە هەرگیز وەک مەرجی پێشوەخت نەمانبینیوە، وەک دەرئەنجامێک ڕەچاومان لێکردووە، هەمیشە هەوڵیشمان داوە دەرئەنجامەکەمان بگوێزینەوە، بەڵام بە شێوەی پێشنیارکردن نەک سەپاندنی، ئێمە هەردەم دەرئەنجامەکەمان گواستۆتەوە).

وەک سەرنج ئەدەین لە وتەکانی ڤیالاد باسی سوژەیەک ناکات لە دەرەوەی تابلۆکە. کاتێک دەڵێت؛ شکڵەکە وەک ئەوەی خۆی دەنوێنێت لەسەر قوماشەکە قبوڵی دەکەم و شەڕی لەگەڵ ناکەم. ئەمە سوژەیەکە لەناو تابلۆکەدا و لەدەرەوەی تابلۆکەوە نەهێنراوەتە ناو تابلۆکە، بەڵام دەتوانین بیبەستینەوە بە جیهانی دەرەوە.

***

ئەو سەردەمەی لە قوڵایی ئەشکەوتەکاندا مرۆڤی سەرەتایی بە ڕاستەوخۆ گوزارشتیان لە هەست و ئارەزووی خۆیان دەکرد (دیواری ئەشکەوتەکان وەک هەڵگرێک)، پێوستیان بە دروستکردنی هەڵگر و ڕووبەرێکی دیاریکراو نەبووە، ڕاستەوخۆ لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان گوزارشتیان لە هەستی خۆیان کردووە، بێشک چۆنایەتی دیواری ئەشکەوتەکان کاریگەری هەبووە لەسەر نەخشەکانیان، بەڵام ئەوان مۆدێلێکیان نەبووە بە لاڕێیان ببات، هونەرمەند ڕاستەوخۆ بەبێ بەربەستی کۆمەڵایەتی وێنەی کێشاوە، واتە خودی باڵا لەژێر پاڵەپەستۆی یاسا کۆمەڵایەتییەکاندا نەبووە، یاسا کۆمەڵایەتییەکان کە ئەمڕۆ لە شارستانیەتەکەماندا خۆیان دەبیننەوە لە چەند شکڵێکی جیاوازی هونەریدا، زۆربەیان هاندراون لە لایەن بەرەیەکەوە لەهەر سەردەمێکدا بە جیاواز لەوی تر، لە ڕابردوودا بەسەر هونەرمەنداندا سەپێنرابوو بە ڕەسمکردنی سوژەکانی بایبڵو لە سەردەمی مۆدێرندا بە ڕیالیسمی سۆسیالیستی و لە پۆست مۆدێرندا بە مۆدێلی هونەری بازرگانی،  لەنێو ئەم ڕەوتە هونەریانەدا، هونەمەند پێویستی بە هەوڵدانێکی بێ شومارە بۆ خۆدۆزینەوە لەناو هەموو ئەو مۆدێلانەدا، بە تایبەتی جۆری گوزارشت، بۆیە ئامانجی هەموو بزووتنەوە هونەرییەکان هەوڵدان بووە بۆ دۆزینەوەی زمانە هونەرییە ڕەسەنەکە بە تێکشکاندنی هەموو ئەو بەربەستانەی کە شارستانیەت سەپاندبوونی بەسەر هونەر و هونەرمەندا، هەڵگر و ڕووبەریش بەشێکن لەو چەمکە سەپێنراوانە. ئەم زمانەش (زمانی گوزارشت) بریتی نییە لە قانونێک لە لایەن کەسانێکەوە سەپێنرابن یان ئەفرێندرابن بۆ پەیڕەویکردنی لە کاتی وێنەکێشاندا، بەپێچەوانەوە گەڕانەوەیە بۆ زمانی ڕەسەنی گوزارشت بە ئاگاییەوە. وەک هەموو زانستێکی تری مرۆڤایەتی، بۆیە ڕاڤەکردن لەسەر هەموو پێکهاتەکانی هونەر، شکڵ و باس و هەڵگر و ڕووبەر و گوزارشت، پێویستییەکی حەتمی بوون بۆ بەردەوام بوون و بەئاگاهاتنەوەی هونەرمەند لە کاری نەخشکردندا لە شارستانیەتدا.

 مەبەست لە چەمکی گوزارشت، وەرچەرخانی هزرە بە وێنە بۆ کەسی بەرامبەر، چۆن ئەو وێنەیەی بەرجەستەی دەکەم دەتوانێت ببێتە ڕەنگدانەوەی هزرم، لەبەر ئەوەی ئێمەی مرۆڤی ساپیان ئەگەر لە کەڵچەرێکەوە بۆ کەڵچەرێکی تر، لە تاکێکەوە بۆ تاکێکی تر جیاوازین، ئەوا لە دەروونماندا، لە نەستماندا سەمبۆل و شکڵەکان هەمان مانایان هەیە، وەک چۆن لە خەودا، لەبەر ئەوەی وێنەکێشان غەریزەیەکە لای مرۆڤ، بەڵام ئەگەر هونەرمەند یان بینەران نەتوانن وێنەیەک بخوێننەوە لەبەر ئەوەیە مرۆڤی مۆدێرن لە شارستانیەتدا ئەو غریزەیەی بزر کردووە، وەک زۆر لە توانای تر، وەک بۆنکردن و هەستکردن، یاخود ئازاد نییە لە بیرکردنەوەدا؛ ڕەچاوی مۆدێلێكی بیرکردنەوە دەکات.

پەڕەیەک و چەند قەڵەمێکی ڕەنگاوڕەنگ بخەرە بەردەم منداڵێک، بەبێ تەنگژی دەتوانێت گوزارشت لە هەستی خۆی بکات بە ئازادی، هەر بۆیەش ئەو منداڵانەی کە دژواریان بەرامبەر دەکرێت، یان لاقە دەکرێن، بۆ دۆزینەوەی ڕاستی ڕووداوەکە،  قەڵەم و پەڕەیان دەخەنە بەردەست، منداڵەکە ئەوەی بە زمان ناتوانێت بیدرکێنێت بە وێنە گوزارشتی لێ دەکات. ئەگەر زارۆکێک ئەو توانایەی هەیە لەبەر ئەوەی خۆی بەرامبەر بەربەستی کۆمەڵایەتی نابینێتەوە، بەڵام هونەرمەندێکی سەردەمەکەمان ئەو توانایەی لەدەست داوە لە جەنجاڵی بازاڕی هونەریدا کە زۆربەیان خۆیان لە زمانی ڕەسەنی گوزارشتدا نابیننەوە، بۆیە ئەمڕۆ هونەرمەندێک ناتوانێت گوزارشت لە هەستی خۆی بکات ئەگەر شارەزایی لە بزووتنەوە هونەرییەکاندا نەبێت، کە جۆرێک لە ئازادی پێ دەبەخشن، لەبەر ئەوەی ئێمە مرۆڤی شارستانین، توانای سەرتایی خۆمان بزر کردووە.  بۆیە کاری زۆر لە مامۆستاکانی هونەرە جوانەکان لە ئەورپا فێرکردنی خوێندکاران نییە بە جۆرێک لە وێنەکێشان، بەڵکوو بریتیە لە، لەبیربردنەوەی هەموو ئەو جۆرە گوزارشتانەی کە بوونەتە مۆدێل بۆ خوێندکار، واتە گەیاندنیانە بە خاڵی سەرەتای گوزارشت، بۆیە نابێت هونەرمەند خۆی لە پشت قەڵای ئەو بیرۆکەیەوە بشارێتەوە وەک چۆن دەڵێن؛ من بیر دەکەمەوە کەواتە هەم. بە هەمان شێوە بڵێت؛ مادام دەزانم نەخشی سێوێک یان بزنێک بکەم کەواتە من هونەرمەندم. هونەرمەند بە مانای وەدەستخستنی توانای گوارشت دێت، بیرکردنەوەش بە مانای پاساودان و ڕاڤەکردن دێت. ڕاستە پێش هەموو شتێک توانای هونەرمەند بەهرەیە وەک دەنگخۆشی و توانا و بەهرەی تر، بەڵام بەهرە بەتەنها بەس نییە.

وشەیArts  لە لاتینیەوە هاتووە بە مانای هونەر دێت، بە یۆنانی دەبێتە تەکنێ، بە مانای تەکنیک، تەکنیک و دەستڕەنگینی، کەواتە هونەر پێش هەمو شتێک تەکنیکە، هونەرمەند ئەو کەسەیە پێش هەموو شتێک خاوەنی تەکنیکێکە. بۆ هونەری شێوەکاری پێویستمان بەوەیە بزانین چۆن فڵچەیەک دەوەشینین، چۆن شکڵێک دروست دەکەین، وەک چۆن بۆ مۆسیقا دەبێت بزانین ئالەتێک بژەنین، ئەمە سەرەتایە. بەبێ تەکنیک هونەر بوونی نییە، بەبێ کارکردنیش نازانین تەکنیک چییە، بەبێ کارکردن شارەزایی تەکنیک بوونی نییە،

هونەرمەندە بەناوبانگەکان هەردەم بەبێ وچان کاریان کردووە بۆ ماڵیکردنی تەکنیکێک کە لەگەڵ زەمەندا دەبێتە شوناسی هونەرمەند خۆی وەک تەکنیکێک. وشەی هونەر، بەمانای زانینی تەکنیک دێت، تەکنیک بۆ دەستڕەنگین و بۆ هونەرمەند پێویستە، هونەر و دەستڕەنگینی خاڵێکی هاوبەشیان هەیە ئەویش تەکنیکە، وەرگێڕانی ماتریاڵە بۆ ئەفراندنی کارێکی هونەری، وشەی؛ oeuvre بە لاتینی، مەبەست لە کاری هونەرییە، بە مانای بەرهەمی کرێکارێک دێت، واتە هونەر کارکردن و ماندووبوونە. هونەر بە مانای ئیلهامی  هونەرمەند دێت، ئیلهام لەناو دەرووندایە و بە تەنیا ناتوانێت ببێتە هونەر، هونەرمەند ئەو ئیلهامە وەردەچەرخێنێت بۆ ماتریاڵ و تەکنیک، شکڵێک دەکات بە بەری هزردا، ئیتر ئەوە بە بینین بێت یان بە بیستن یان بە هەستپێکردن (دەست لێدان). نابێت ئێمە تەکنیک بەوە تێبگەین کاتێک لەژێر تابلۆیەکەوە نووسراوە؛ تەکنیکی کۆلاژ، یان بۆیەی یەکریلیک، ئەمان کەرەستەن، تەکنیک بریتییە لە هونەری بەکارهێنانی ئەم کەرەستانە پێکەوە، گونجاندنیانە بۆ بە ماتریاڵکردنی ئەوەی لە هزردایە.

دەبێت هەردەم کاری دڵفڕێن و کاری هونەری جودا بکەینەوە، کاری هونەری دەرئەنجامی پاساودان و پرسیارکردن و لێکۆڵینەوەیە لەو شکڵەی لەو باسەی بەرجەستەی دەکەین، هەموو شکڵ و باسێک دەبێت بدرێنە بەر پرسیار لە لایەن هونەرمەندەوە؛ بۆچی ئەو شکڵە دەکێشم؟ لەسەر چ تەختێک؟ بۆچی ئەو باسە دەهروژێنم؟ چۆن گوزارشت لەو باسە دەکەم؟ کاری هونەرمەند بەرهەمی ئاگاییە، بە زمانی گوزارشتی هونەری.

مەرج نییە شکڵێک دڵفڕین بێت کەواتە کارێکی هونەرییە یان جوانە لە ڕووی گوزارشتەوە. گرنگیش نییە هونەرمەند چ سوژەێەکمان بۆ پێشنیار دەکات، گرنگ ئەوەیە چۆن گوزارشت لە باسێک دەکات، چونکێ ئەگەر ھونەر غەریزەیە و خاوەنی زمانێکە، ئەوا گوزارشتێکی پێشوەخت بوونی نییە جگە لە ئەفراندنیەوە نەبێت لە لایەن ھونەرمەندەوە، بێشک یاسایەک هەیە بۆ گوزارشت، لۆژیکێک هەیە بۆ گوزارشت کە ناتوانرێت بە زمانی زانستی باسی لێوە بکرێت.

کاتێک کارێک دەبینین دڵفڕێنە، واتە هەست بە ئاسودەیی دەکەیت بە تێڕوانینی، بەڵام مەرج نییە ئەوە کارێکی ئەقڵانی بێت، مەرج نییە هەقیقەتێکمان بۆ نمایش بکات، پێ دەچیت پەردەپۆشی بێت بۆ هەقیقەت، لەبەر ئەوەی هەقیقەت وەک ئەوەی کە هەیە و خۆی نمایش دەکات بە ڕووکەش ئاسودەمان ناکات، بەپێچەوانەوە هەقیقەت وەک ئەوەی شاراوەیە ئاسودەمان دەکات، بۆیە کارێکی هونەری مەرج نییە لەبەر ئەوەی دڵفڕینە کەواتە هەقیەتی شتەکانمان بۆ نمایش دەکات. ئەفلاتون لە سەردەمی خۆیدا دژی ئەو هونەرمەندانە ئەوەستایەوە کە بە ڕیالیزم شکڵەکانیان ئەکردەوە  لەبەر ئەوەی ئۆبژە شکڵێکی هەڵخەڵەتێنەری هەقیقەتی هەستپێکراوە. بۆ ئەفلاتون جوانی خاسیەتی هەقیقەتە.

ئەفلاتون دەڵێت: “هونەری کۆپیکردنەوە زۆر دوورە لە هەقیقەتەوە… بۆ نموونە هونەری شێوەکاری، پینەچیەکمان پیشان ئەدات، یان دارتاشیک، یان هەر کاربەدەستێکی دەستڕەنگینی تر،  بەبی ئەوەی هیچ زانیارییەکی هەبێت لەسەر کارەکانیان، بەڵام ئەمەش ڕێگری ناکات لەوەی کە هونەرمەندێکی چاک بێت و بیەوێت پیشانی نەزانان و منداڵانی بدات کاری پینەچی و دارتاشی چییە، بە جۆرێک کە لاساییکردنەوە بە هەقیقەت بزانن”.

هەرگیز مرۆڤی ئەشکەوتەکان شکڵی ڕیالیزمیان نەکردووە، هەرچەندە لێکدانەوەی هەندێک لە کۆڵەرەوە ئەوەیە گوایە وەک منداڵ نەیانتوانیوە شکڵیکی ڕیالیزم بکەن، بەڵام شکڵێکی ڕیالیزم بە چ مەبەستێک؟ بۆ گوزارشتکردن لە چی؟ لە کاتێکدا شکڵێکی ڕیالیست واڵای هیچ هەقیقەتێکی تر ناکات لەوەی بە ڕووکەش دەبینرێت، بۆ مرۆڤێکی کۆکەرەوە و ڕاوکەری ئەو سەردەمە کە هەموو ژیانی ڕۆژانەی بیرکردنەوە و وردبوونەوە بووە لە دەوروبەری، بە تایبەتی لە سەردەمێکدا ئەوان هێزی خودایان لە گوڵێک لە درەختێک لە ئاژەڵیکدا دەبینی.

blank
نەخشێکی ئەشکەوتی لاسکۆ
blank
وێنەی ئاژەڵێک لە ئەشکەوتی لاسکۆ

زۆر لە هونەرمەند و ئەنتەلەکتوێلەکان هەوڵیان داوە گوزارشتێکی ئۆبژەکتیڤی جوانی بکەن، بەڵام جوانی دەرئەنجامی هەستکردنە بە پەیوەندی، واتە پەیوەندیی دیالەکتیکی لە نێوان شکڵەکاندا لە هونەری شێوەکاریدا، واتە هارمۆنی گشتی ئەو کەرەستانەی کە پێکەوە گونجێنراون، بۆیە جوانی پەیوەستە بە پەیوەندییەوە. کاتێک سەیری ئەو نەخشەی ئەشکەوتی لاسکۆ دەکەین؛ ڕاوکەرێک پاڵکەوتووە و چوکی ڕەپ، ڕمێک بە تەنیشتیەوە و بەرامبەری ئاژەڵێک ورگی هەڵدڕاوە، هونەرمەند دەیەوێت باسێکی گرنگمان بۆ واڵا بکات لەژێر ئەو شکڵانەوە کە لە پەیوەندییەکی دیالەکتیکدان. (لە وتارێکی تردا باسی ئەم نەخشە دەکەین).

پێش ئەوەی نیوتن و ئاینشتاین بە یاسای ماتماتیک و فیزیا ڕوونی بکەنەوە بۆچی و چۆن سێوێک لە دارێکەوە دەکەوێتە خوارەوە، ئەو سێوە هەر بەو یاسایە دەکەوتە خوارەوە، کاری مرۆڤ ئەفراندنی ئەو یاسایە نییە بەڵکو دۆزینەوەی بوو، ئەم دۆزینەوانەش بە گەڕان و لێکدانەوە بەرجەستە کراون. دۆزینەوەی هەموو ئەم زانیارییانەش لە بواری زانستی و دەرونی و هونەری و … تاد، لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە دەستی پێ کرد و لە سەدەی بیستەمدا تەقییەوە. میشێل فوکۆ، پرسنی و ئارەزووی تاکی ئەوروپایی بۆ گەڕان بەدوای زانست و لێکۆڵینەوە لە هەمو بوارێکدا، دەگەرێنێتەوە بۆ کەڵچەری مەسیحی، کەڵچەری مەسیحی پاڵنەر و دینامیکی سەرەکییە بۆ گەڕان بەدوای زانیاریدا؛ کاتێك تاکەکانیان ساڵی چەند جارێک کۆنفیسیۆن ( confession) دەکەن لەبەردەم پیاوێکی دینیدا، (کۆنفێسیۆن بریتییە لە دانپیانان و وتنی ڕاستی لە بەردەم قەشەیەکی کەنیسەدا)، بریتییە لە؛ بۆچی و چۆن و بە چ مەبەستێک، بۆ گەیشتن بە هەقیقەتی ڕووداوەکان، پێویستمان بە پاساودان و تێڕامان و ڕاڤەکردنە.

بێگومان هونەر هەمان هەقیقەتی زانستی نییە، واتە هەمان لۆژیک پەیڕەوی ناکات، بەڵام هونەر وەک ماتماتیک خاوەنی لۆژیکێکە.  پاسکال جیاوازی دەکرد لەنێوان هەقیقەتی دڵ و هەقیقەتی ئەقڵانی. (هەقیقەتی ئەقڵانی ئەوەیە کە زاناکان ڕوونی دەکەنەوە بە زانست، ڕووی دەمی دەکاتە ئەنتەلێکت، هەقیقەتی دڵ گوزارشتی لەناو هونەر و دیندا دەدۆزنەوە، ئەم دوو جۆرە هەقیقەتە ناتوانرێت بەراورد بکرێن، ئەوە کاری فەیلەسوفە ئاشتیان بکاتەوە بەیەکەوە).بە یۆنانی بە هەقیقەت دەوترێت ئەلێتێیالا (Allétheala)، بە مانای لابردنی پەردە دەێت، پەردەی ڕووکەش، هەروەها بە مانای هەقیقەت دێت، بۆیە دەوری هونەر دۆزینەوەی هەقیقەتە.

خۆ ئەگەر ئەوروپاییەکان خۆیان جودا دەکەنەوە لە هونەری ئەفریقایی و ئەبۆریژێن و …تاد، ئەوا دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە هونەری سەدەی بیست بە ئاگاییەکی تەواو جیاوازەوە بەرجەستەکراوە، وەک هەموو زانستێکی تر لە ئەوروپا. ئەگەر نەخشی سەر دیواری ئەشکەوتەکان، هونەری ڕەسەن بوون، ڕاستەوخۆ گوزارشتی مرۆڤ بوون بەبێ بەربەست، پێویستیان بە دانە بەرپرسیاری شکڵ و تەخت نەبووە، ئەوا مرۆڤی شارستانی بەبێ ئەو زانیارییانە ناتوانێت گوزارشت لە هەستی خۆی بکات.

نەخشەکانی بیست هەزار ساڵ لەمەوبەری ناو ئەشکەوتەکان بە هەمان ئاگاییەوە نەکراون، واتە ئەگەر گوزارشتێکی ڕەوانی هونەری بێت، ئەوا ئاگاییان بە دەوری شکڵ و تەخت نەبووە، شکڵ و تەختیش بەرهەمی شارستانی نین لە بنەچەدا بەڵکوو لە شارستانیەتدا بە ئاگاییەوە لێکدانەوەیان بۆ کراوە، لەبەر ئەوەی مرۆڤی شارستانی لە هەقیقەیەتێکی تردا دەژی، ئەو هەقیقەتەش پێویستی بە ئاگاییە بە باری ژیانی خۆی وەک مرۆڤێکی شارستانی لەناو شارتانیەتدا. وەرچەرخانی مرۆڤی کۆکەرەوە و ڕاوکەر بۆ مرۆڤی کشتوکاڵی و شارستانی، تەواو دەوری هونەری وەرچەرخاند، هونەر وەک کارێکی سەربەست و هونەرمەند وەک هزرێکی سەربەست بوونی نەبوو، بۆیە پێویستمان بە ئەنتەلێکتە بۆ وەدەستخستنەوەی توانای گوزارشت لە شارستانیەتدا، دەوری هەموو بزووتنەوە هونەرییەکان لە کوبیستەوە هەتا بزووتنەوەی سەپۆرت و سورفاس دۆزینەوەی توانای هونەری گوزارشتە.

سەرنجێک بنوسن